مەرگی بێئـایینێك!

عومەری خەتات
  2020-06-27     173
"ئەگەر هەبین مەرگ نییە، وە ئەگەر مەرگ هەبێت ئێمە نین".....ئەپیکور" Epicurus "

زۆرجار بە ئێستاشەوە لە لایەن کەسانێك خۆیان ووتەنی لە "دڵسۆزییان" بۆ من ئاگاداریی ئەوەم دەدەنێ کە تۆی بێ ئایین و خودا سبەی دەمریت و لەو دنیا لەبەردەم "رب العالمین" چیت پێیە بۆ ووتن؟ یان وەرەوە سەر ڕێی ڕاست، تۆ کوڕی کێت پێدەڵێن؟ یان وەك باوکم دەیووت "پێمناخۆشە لەو دنیا لە ئاگری جەهەنەم بتبینم"!
سەرەتای ژیانم وەك هەر کەسێكی تری ناو کۆمەڵگەی کوردی و وەك چاولێکەریی و باو وەك موسوڵمانێك ناوکیان بڕیم و بانگی موحەممەدیان دابەگوێما و دواتریش بۆ چەسپاندنی زیاتری موسوڵمانێتیم خەتەنەیان کردم. لە تەمەنی نۆ ساڵیمەوە دەستم کردە نوێژو تاعەتی خودا و تەنانەت قورعانم خەتم و تەجوید کرد و هەندێ جاریش لە مزگەوتی باباعەلی خوار گەڕەکی گاوران وانەی فیقهیم بە هەندی خوێندکاری هاوتەمەنی خۆم دەوتەوە. ئەم ئیمانەم تا قۆناغی شەشی ئامادەیی درێژەی کێشا و وەك کەسێکی باوەڕدارو لە خواترس مامەوە. لەم قۆناغە بە دواوە ووردە ووردە دەستم کردە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی مارکسی کە لە ڕێگەی برا گەورەکەمەوە بۆم دەهاتە ماڵەوە، هەروا بە شێنەیی ئیمانم بە غەیبیات و ئایین و خودا تەنكتر بوو. ئەم پرۆسەی گۆڕانکارییەی کە ئێستا لێرەدا بە دوو دێڕ گوزارشتی لێ دەکەم، هەروا ئاسان نەچووە پێش بەڵکو بەرئەنجامی گومانێکی گەورە و شەڕێکی دەروونی قورس و سەدان پرسیار و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بوو. لەو کاتەوە من بەو باوەڕە گەیشتم کە خودا و ئایینەکان دەسکردی خودی مرۆڤ خۆیانن، مێژووی هەیە و ئەم مێژووەش بە ئەندازەی بوونی مرۆڤ کۆنە. ئێستا ئیتر ویژدانم ئاسودەیە و هەڵسوکەوتم لەگەڵ مرۆڤەکاندا تەنها لەسەر بناغەی مرۆڤ بوونە نەك دابەش کردنیان بەسەر ئایین و ئایینزا جۆراوجۆرەکاندا. ئێستا من باوەڕم بە  بیرکردنەوەی عەقڵانی و بەڵگە و میتۆدی زانستی و فەلسەفی هەیە تا بیرکردنەوە و دنیابینی ئایینی! ئێستا من کەسێکم خۆم بە بێئایین دەزانم!
بە دڵنیاییەوە پەیوەند بەم پرسە بێ کێشە نەبووم، بە تایبەتی کە من لە کۆمەڵگەیەکدا ژیان دەکەم ئایین خۆی خزاندۆتە تەواوی بونیادی ماف و یاسا کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتەوە، تەنانەت بێئایینی هێندە مەترسیدارە دەتوانێت تا ئاستی لەناوچوونی فیزیکیش بتبات. بە پێی توانا هەوڵمداوە سەرەڕای ئەوەی کە بێئایینم بەڵام بتوانم لەناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمدا هاوسەنگییەکی وا دروستبکەم، لە لایەك پەسەندیی کۆمەڵایەتی خۆم بپارێزم و لە لایەکی تریشەوە بتوانم وەك کەسێکی بێبڕوا بە ئایین هەڵوێستی کۆمەڵایەتی و ســیاسی خۆم بەرمەپێش.
ئەمەی خوارەوە وەڵامێكە بەو پرسیارانەی کە بەردەوام بەرامبەر بە مەرگ دەکرێنەوە. ئەو مۆتەکەیەی کە بەسەر سەری هەموو ئاییندار و بێئایینێکەوە دەسوڕێتەوە، ئەو نادیارەی کە تێڕامان لەبەرامبەریدا ناتوانێت بگاتە جێگایەك دڵی هەموو پرسیارلێکراوێك ئارام بکاتەوە. هەروەها نووسینیش بەتەریبی سەخت و پڕ تەنگژە دەبێت، لێرەوە سامناکی سەرهەڵدەدات. هەرپرسیارێك وەڵاممان بۆی نەبێت، بە سروشتی ملیۆنــە ساڵەی تەمەنی مرۆڤ وەك یەکەمین برووسکەی هەورە کە ئیدی وا دەزانین غەزەبی خواکانن و چاومان لێ سووردەکەنەوە. کەچی لای منێکی بێئایین وەڵامێکە بە مەسەلەی نەمریی و پرسیاری "ئەو دنیا"!

چیرۆکە هەزەلییەکە:
پیاوێك هەبوو خەڵكی یەکێك لە گوندەکانی ناوچەی سورداش بوو، ئەم پیاوە هەر لەسەرەتای لاوێتییەوە شیوعی بوو، جا لەو جۆرە شیوعیانە بوو کە دژایەتی کردنی ئایینی زۆر لا گرنگتر و تۆختر بوو تا خەباتی چینایەتی. پاش ئەوەی گوندەکەی خۆیان بەجێدەهێڵن، دێنە سلێمانی و هەر لەو گەڕەکەی تیا نیشتەجێن دوکانێکی بچكۆلە دەکاتەوە، دەگێڕنەوە دەڵێن تا بڵێی پیاوێکی قسە خۆش و خۆش مەشرەف و خۆشەویست بووە، خزم و ئاشناکانی هەر لە سەرەتاوە بەئاگا دەبن لە بیری سیاسی و دژە ئایینیەکەییەوە. تەنانەت ئەگەر یەکێك بیویستایە مناڵەکەی بنێرێت بۆ شتێك، دەیوت ئابڕۆ لە دوکانی گاورەکە تەبەقێك هێلکــە یان سەتڵێك ماست بهێنە. کاتێك 
تەمەنی ئەم پیاوە بەرەو پیری هەڵدەکشێت و هەفتا تێدەپەڕێنێت، تووشی نەخۆشیەكی خراپ دەبێت و دواجار دکتۆر دەڵێت چارەسەری نەماوە، لەوانەیە مانگێك یان ئەوپەڕی دووی تر بژی. خزم و دۆستەکانی کۆدەبنەوە و لە نێو خۆیاندا ڕێکدەکەون بچنە لای و وایلێبکەن شایەتمان بهێـنێت، بەڵکو خودا لێی خۆش بێت و بەبێ دینی نەمرێت. بەڵام کەسیان ناوێرن ئەمەی لەڕووبدەن، ناچار ئەم ئەرکە دەسپێرنە کەسێك کە هەم ڕیش سپی خزمان دەبێت و هەمیش هاوتەمەن و هاوڕێی کابرا. جەماعەت وەك سەردانی ئاسایی هەموو جارێك سەردانی دەکەن و وا پیشان دەدەن کە هاتنەکەیان تەنها هەر بۆ لێپرسینەوە و بە خەمەوەبوونە. لە درێژەی دانیشتەکاندا کابرای ڕیش سپی بە هاوکاری ئەوانی تر دەکەونە هێنان و بردنی قسەو قسەجوینەوە، ئینجا کابرا تێدەگات کە ئەمان بۆچی هاتوون! ڕوویان تێدەکات و دەڵێت: "جەماعەت بە بێ پێچ و پەنا ئەوەی بۆی هاتوون بەڕوون و ڕەوان پێمبڵێن، من دەزانم ئێوە بۆ ماڵئاوایی سەرەمەرگ هاتوون و دەتانەوێت لای خوداکەتان واستەم بۆ بکەن بەڵکو بمبەخشێت و لەو دنیا لە بەهەشت شوێنێکی باشم بداتێ! کاکە گیان بە کورتی و بۆ کۆتایی، من سوورم لەسەر بێباوەڕیی خۆم، ئەو خوایەی ئێوە ئەگەر هەشبێت من ئەوەندە خوێڕی نیم لەگەنجیەوە ئیعترافم پێ نەکردووە ئێستا لەم ئەخیرو دوا هەناسەیەدا لەترسی مردن تەنازولی بۆ بکەم، بڕۆن چاری دەردی خۆتان بکەن کەس خەمی منی نەبێت.

مەرگ و پرسیارە بێ وەڵامەکان!
مەرگ ساتێکی سامناکە، سامناکی مەرگ کاتێك دەردەکەوێت کە "ئەوی تر" بوونی هەیە، واتە مەرگ پسێنەری ئەو پەیوەندییە ڕۆحی وییژدانییەیە کە مرۆڤەکان بەیەکەوە گرێ دەدات، ئەمەیە هۆکاری سام پەیدا کردنەکەشی.
مێژووی مەرگ مێژووی مرۆڤ خۆیەتی. ئەوەی لە چاوتروکانێکدا ئازیزێکت لەدەست دەدەیت، دەیبەنە سەرقەبران و دەیخەنە قەبرێکەوە، مەلایەك دێت و وەك ئەوەی خۆی پێنج جار مردبێت، وەڵامی ئەو پرسیارانەی دەداتێ کە لەو دنیا لێیدەکرێت. لێرەوە دەکەویتە پرسیاری ئەوەی کە ئێمە لە کوێوە هاتووین و بەرەو کوێ دەڕۆین و چۆن بەرامبەر بە فەنابوونی جەستە دەوەستینەوە! ئایا شتێك هەیە ناوی ڕۆح بێت و پاش فەوتانی جەستە، لە شوێنێکی نادیار کە ناوی "ئەو دنیا"یە، تووشی حساب و کیتابی چاکەو خراپییەکانی سەر زەمین ببێت؟!
ڕەنگە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا بۆ تێڕوانینی ئەفسانەکان و ئایینەکان لەسەر مەرگ و بابەتی ڕۆح و قیامەت و نەمریی و هەروەها مێژوو و ڕەگی ئەم مەسەلەیە پێویست بێت بۆ بابەتێکی وا.
مرۆڤی هەر لەسەرەتاوە وەك هەر ئاژەڵێکی تر بۆ مانەوە و پاراستنی جۆری خۆی لە بەرامبەر فەوتان و سامی لە بەینچوونی جەستەیدا، بەشێوەیەکی غەریزی وەچەی خستوەتەوە! ئەم دیدەی مرۆڤ لە کۆنەوە تەواو گونجاو بوو لەگەڵ مەیلە تەواو سروشتیەکەی سروشتدا ئەویش بە خستنەوەی جەستەیەکی تازە لە جێی جەستەیەکی فەوتاو زیندەگانی بوونەوەرێك بەردەوام دەبێت. ئەمە نەك تەنیا سروشتی زیندەوەرێکە، بەڵکو هەر پێکهاتەیەکی ئۆرگانیکیش دەخوازێت مۆلیکیوڵەکانی زیاد بکات ئەگەر ژینگە و پێکهاتە مادییەکانی لەبار بن، ئەوەش ژیانە.
لە شارستانیەتی میسری کۆن و میزۆپۆتامیا بە تایبەتی سۆمەرییەکان تێڕوانین بۆ مەرگ گۆڕانێکی گەورەی بەسەردا هات. لەم دوو شارستانییەدا تێڕوانین بۆ مەرگ قۆناغە سروشتییەکەی مرۆڤی کۆنی بەجێهێشت کە لەسەر فەوتانی جەستە بنیات نرابوو بۆ دروست کردنی جۆرێك لە وەهم و دەرگادان لە میتافیزکیا. 
لای میسرییە کۆنەکان مەرگ سروتی تایبەتی خۆی هەبوو. ئەوان بڕوایان وابوو کە مەرگ کۆتایی ئەبەدیی ژیان نییە بەڵکو پچڕانێکی کاتییە و زیندووبوونەوە و "نەمریی" ڕۆحی لە دوایە. سروتەکانی وەك داتاشینی پەیکەری خوداوەندەکانیان و مۆمیاکردنیان پاش مردنیان و ڕازاندنەوەی قەبرەکانیان و دروست کردنی ژووری نانخواردن و دانانی خواردەمەنی تێیدا بەو بڕوایەی کە ئەو ڕۆحانەی کە جەستەیان بەجێهێشتووە دەتوانن بگەڕێنەوە ناوی، هەموو ئەمانە بەرئەنجامی ئەو تێڕوانینە میتافیزکییە بوو کە ژیانی دوای مەرگی وەك ڕەفتارێکی کولتووری کۆمەڵایەتی لە میسری کۆندا چەسپاند.
جیهانی مردووەکان لە ئەفسانەکانی میزوپۆتامیا بە تایبەتی سۆمەرییەکان، جیهانێکە لە ژێر زەویدایە، ڕۆحی مردووەکان بە بێ هیچ جیاوازیەك دادەبڕێت بۆ ئەوێ. بە واتایەك مەرگ هیچ نییە بێجگە لە قۆناغێك لە نێوان ژیانی سەرەوە و جیهانی خوارەوەدا. لەم ئەفسانەیەدا ڕۆحەکان لە چارەنووسدا یەکسانن، نە حساب و نە کتاب، نە پاداشت و نە سزا هیچ نین. دووانەی بەهەشت و دۆزەخ نییە. نەمریی "الخلود" لەم ئەفسانەیەدا بە واتای مانەوەیەکی قورس و درێژخایەن، بەردەوامیەكە بەبێ هیچ خۆشی و چێژێك. داســتانی گێلگامشی ســۆمەری بۆ نەمریی بەرجەستەترین نموونەیە لەســەر مەسەلەی نەمریی و مانەوە لە ژیـــاندا.  
مەرگ و دونیاکەی دی بەپێی ئایینی جووەکان هەمان ئەو دیدەیە کە لای سۆمەرییەکان و بابلییەکان هەبووە و لە تەوراتدا بە ڕوونی ڕەنگی داوەتەوە، بە تایبەتی لە تێستامێنتی کۆندا "العهد القدیم". جیهانی مردووەکان لە تەوراتی کۆندا ئەو جیهانەی ژێرەوەیە کە ڕۆحی مردووەکان بە بێ جیاوازی بۆی دەچێت. لەم شوێنەدا نە حساب و نە کتاب نە پاداشت و نە سزا هیچ نین. پاداشتی چاکە بەپێی تەوراتی کۆن لە دنیای سەرزەویە نەك دنیای دوایی.
لە تێستامێنتی نوێی تەوراتدا واتە "العهد الجدید" دیدی پاداشت و سزا گۆڕانی گەورە و تەمومژاویی بەسەردا هاتووە، ئەویش بەرئەنجامی کاریگەریی بیروباوەڕەکانی زەردشتییەکان ڕوودەدات، بەتایبەت بیروڕاکانیان سەبارەت بە مەرگ و ڕۆژی دوایی.
کاتێك نەبوخەد نەسری بابلی مەمەلەکەتی یەهوذای بۆ جاری دووەم لەساڵی ٥٨٦ ی پێش زایین داگیرکرد، لەگەڵ خۆیدا چل هەزار جوولەکەی لەگەڵ خۆی بردەوە بۆ بابل. بەڵام دواتر لەگەڵ کەوتنی مەملەکەتی بابل لەسەر دەستی کۆرشی گەورە و ڕزگاربوونیان، لەوێ ئەم جوولەکانە ئاشنابوون بە ئایینی زەردەشتی کە زۆر بە ڕۆشنی و بە درێژی باسی ژیانی دوایی کردووە. "ئەو دنیا" لای زەردەشتیەکان کاتێکە کە مردووەکان لە ڕۆژی حیسابدا زیندوو دەکرێنەوە و بە پێی تەرازوویەك کارە باش و خراپەکانیان دیاری دەکرێت، ئەو کەسەی کە چاکەی زۆرتر بێت لە خراپە ئەوە دەخرێتە خۆشیی ئەبەدییەوە، هەروەها بە پێچەوانەشەوە؛ ئەو کەسەی خراپەی زۆرتر بێت لە چاکە ئەوە شوێنەکەی دۆزەخی ئەبەدییە.
دەتوانین بڵێین کە باوەڕەکانی ئایینی زەردەشتی بۆ مەسەلەی مەرگ و دوای مەرگ، بە شۆڕشێکی گەورەی فیکریی دادەنرێت لە بیروباوەڕە ئاینییەکانی دوای خۆی بە تایبەتی کاریگەرییەکانی  لەسەر هەر سێ ئایینە گەورەکەی "یەهودی و مەسیحی و ئیسلامی" بە ڕۆشنی دیارە. بۆ یەکەم جار بیریی مرۆڤایەتی لە باوەڕی زەردەشتیەکانەوە بنەماکانی پاداشت و سزا لەو دونیا دیاریدەکات.
ئیسلامیش وەك ئایینەکانی پێش خۆی کاریگەریی گەورەی ئایینی زەردەشتی پێوە دیارە بە تایبەتی بۆ مەسەلەی مەرگ و ژیانی دوای مەرگ. بۆ نموونە سزاکانی ناو گۆڕ و قۆناغی گواستنەوە بۆ ڕۆژی کۆتایی، دیدگای سزا بۆ بێباوەڕەکان و پاداشتیش بۆ موسوڵمانی لە خواترس و ملکەچ بۆ خودای تاك و تەنیا، هەموو ئەم باوەڕانە لە زەردەشتییەکانەوە وەرگیراون.
کەسی مردوو لە ئایینی ئیسلامدا بە سێ قۆناغدا تێدەپەڕێت
قۆناغی یەکەم؛ کاتی ناشتنیەتی، لەم کاتەدا دوو مەلائیکەت دێنە سەر سەری و بە زمانێکی عەرەبی ڕەوان پرسیاری لێدەکەن کە خوات کێیە؟ ئاینت چییە؟ پێغەمبەرت کێیە و کتێبەکەت "مەبەستی قورئانە" چییە؟ ئەگەر کەسی مردوو توانی وەڵامی دروست بەم پرسیارانە بداتەوە ئەوا قەبرەکەی هەر لەیەکەم شەوەوە ئەبێتە باخچەیەك لە باخچەکانی بەهەشت، ئەگەر نەیتوانی ئەوا لە لایەن ئەو دوو مەلائیکەتەوە عەزابێکی زۆر قورس دەدرێت.
قۆناغی دووهەم؛ مەرگ لە ئیسلامدا ئەو کاتەیە کە لە لایەن مەلائیکەتێکی ترەوە بەناوی ئیسرافیل دووجار فوو دەکرێت بە "صور"دا. فووی یەکەم، فووی مەرگە واتە ژیان لەسەر ئەرز و ئەستێرەکانی تر کۆتایی دێت! فووی دووهەم، فووی ژیانەوەیە واتە هەموو ئەو گیانلەبەرانەی کە مردوون زیندوو دەکرێنەوە بۆ ڕۆژی حیساب.
قۆناغی سێهەم؛ ئەوانەی کە بەهەشت دەبەنەوە دەچنە ناوی و بە نەمریی دەمێننەوە، بە پێچەوانەشەوە ئەوانەی بێباوەڕن ڕاپێچی ئاگری دۆزەخ دەکرێن و تا ماوون ئەبێت سزای سوتانی ئەبەدی بدرێن.

ڕاستییەکەی لای من چۆنە؟
مردن هەمیشە ئەو هەستەمان دەداتێ کە چیتر ناتوانین بەردەوام بین لە ژیان، ئەم نەتوانینە لەبەردەوام بوون لە خۆیدا مانای ژیان وندەکات، ئیتر لە پێناوی گێڕانەوەی مانایەکدا بۆ ژیان، پەنا دەبەینە بەر ژیانێکی تر کە لە دوای مردن دەستپێدەکات. دیدگایەك کە تەواوی ئایینەکان هەیانە لەسەر مەرگ لەم خاڵەوە دەستپێدەکات. ئایینەکان دەبوایە هیوای ژیانی نەمریی دوای مەرگیان بدایەتە مرۆڤایەتی بۆ ئەوەی لەلایەك بتوانن مرۆڤ ڕامبکەن بۆ ئەو مەبەست و یاسایانەی هەیانە، لەلایەكیش مرۆڤ تووشی بێهیوایی تەواو نەبێت، ئەگەر نا لەوانەیە مرۆڤ هیچ شتێك نەکات. کێشەکە لەوەدایە سەرەڕای ئەوەی کە مەرگ لە سروشتی خۆیدا یەکسانخوازە واتە هیچ جیاوازیەك ناکات لە نێوان دەوڵەمەند و هەژار، گەورە و بچووك، زیرەك و هێڕ...تاد، بەڵام ئایینەکان تەنانەت بۆ مەرگیش ئەم جیاوازییە دەکەن، دەبینین لە ئیسلامدا چۆن پلەو پایە دەدرێتە کەسی مردوو، شەهید پلەوپایەی جیاوازە لە کەسێکی خائین یان بێدینێك، یەکێکیان ستایش دەکرێت و ئەوی تریان لەعنەت، یەکێکیان دەخرێتە بەهەشت و ئەوی تریان دۆزەخ.
ڕەنگە مەرگ سوعبەتێکی قورس بێت، ئەمەندە ڕەزا گرانە کە هیچ کەس حەز بە ناوەکەشی ناکات. ئایینەکان بەکاری دەهێنن بۆ گرێدانی خەڵکی بە ئیمان، فەلسەفەش وەك بابەتێکی چڕو ئاڵۆز لێی دەڕوانێت کە بە پێی وەخت و شوێن گۆڕانی بەسەردا دێت. 
هەستکردن بە مەرگ ئەوەندەی بەرهەمی ڕۆشنبیرییە ئەوەندە بەرهەمی سروشت نییە. کۆی واتای مەرگ لە سەر هەڵەتاو (وەهم) بونیادنراوە و زیاتر لە مەیدانی بیرکردنەوەدا مانایەکی هەیە، تەنانەت خودی ئەو بیروبۆچوونە جۆراوجۆرانەی لەسەر مەرگ هەن، هەڵقوڵاوی دۆخێکی کۆمەڵایەتی تایبەتن و پەیوەندیدارن بەدیدو بۆچوونی کۆمەڵگاکان خۆیانەوە. بۆیە لێکدانەوەکانی مەرگ لە کۆمەڵگەیەکەوە جیاوازە تا کۆمەڵگەیەکی تر، لە ئایینێکەوە جیاوازە تا ئایینێکی تر. تا ئێستا هیچ کەسێكیش پاش مردنی نەگەڕاوەتەوە و تەجروبەی مەرگی خۆی باس نەکردوە، تا ئێمەش کۆڕایەك لەسەری دروست بکەین هەر بۆیە فەنتازیا و چیرۆك و تیۆری جۆراوجۆر لە دەوری ئەم باسە زۆرن.
ئیتر ئایا من وەك کەسێکی بێ ئایین ترسێکم هەیە لە مردن وە لە دوای مردن؟ بەشی یەکەمی پرسیارەکە وەڵامەکەی ئاسان نییە، چونکە وەك هەر بوونەوەرێك ئارەزووی ژیان دەکەم، بەمەرجێك ئەو ژیانە بێت کە خۆم دەیخوازم. لەم سۆنگەیەوە نەك ترس، بەڵام پێناخۆشبوونێکی بێ سنوورم بۆ مردن هەیە و تا ڕادەیەکیش لەگەڵی دەجەنگم ئەگەر بێتە بەردەم خۆم یان هەر ئازیزێکی تر، یان هەر مرۆڤێك، چونکە ژیان بەشتێکی جوان و پڕچێژ دەبینم. بەشی دووهەمی پرسیارەکە زۆر سادە و ساکار وەڵام دەدرێتەوە، نەخێر لە دوای مردن ناترسم چونکە خودی مردن کۆتاییە بە هەموو ژیان، وەك ئەپیکۆر دەڵێت ئەوکات من نیـــم.
ئەوە ڕۆشنە کە مەرگ شتێکە ناتوانین خۆمانی لێ لابدەین، نە سیحرە و نە فێڵکی سروشت، نە قەدەرێکی نا عادلە و نە خراپیشە. کۆتاییەکە لە بونێکی ئەبەدیدا. هۆشمەندی ئێمە پەیوەندی و ڕەنگدانەوەی ماتریاڵێکە کە ناوی مێشكە وەك بوونێکی ماددی، لە گەڵیدا لە دایك دەبێت و بە مردنی مێشکیش هەموو جۆرە هەستێك دەمرێت. ئەوەی پێی دەوترێت ژیانی دوایی یان ڕۆژی لێپرسینەوە و "ئەو دنیا" و ئایینەکان لەسەری ژیان دەکەن بۆ من نە مایەی ترسە و نە باوەڕیشم پێیەتی.
لەم ڕوانگەیەوە ژیان جوانترە لەلای من لە نەژیان، نەك ئارەزووی ژیان بکەم لە ترسی ڕۆژی دوایی. لای من ژیان وەك شوێن لەسەر ئەم زەوییەیە کە ئێستا و لەم کاتەدا تێیدام، وەك بەهای ژیان خۆی پەیوەندی بە چۆنایەتیەوەیەتی نەك چەندایەتی، واتە چەند دەتوانم بەوجۆرە بژیم کە خۆم مەبەستمە (بۆ نمونە؛ لای من گرنگە کاریگەری و سوودم هەبێت لەسەر جوانترکردنی ئەو ژیان و ژینگەیە و درێژەی پێبدەم). تا ئەو کاتەی کە دەتوانین بژین، خۆشبەختی و ژیانی ئاسوودە دەکرێت هەر لەسەر ئەم هەسارەیە بەدی بهێنرێت. بەهەشت و دۆزەخی ئایین و ئەفســانەکان هەر لێرەیە، لەسەر ئەم زەویەی خۆمان. ترسی مەرگ و وادەی نەمریی، تاکە ڕێگەیەکە دەمانگەیەنێتە بێپەرواییەك و خەمساردییەك لە ژیان کە ئایینەکان درووستیانکردوە.
ئەکرێت ئاسمانە دوورەکانیش بە ئەستێرە چکۆلەکان بسپێرین. 


سوود لەم سەرچاوانە وەرگیــراوە:
1. مغامرة العقل الأولى.......... فراس الســواح
2. قصـة الحضارة...................ویل دیورانت
3. ملحمة گلگامش................. طه باقر
4. مصر والحیاة المصریة....... ادولف أرمان
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×