میساقی میللی لە نێوان خەیاڵ و واقیعدا

ئەمیر والی
  2020-06-28     677

بەر لە ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانی و نەمانی خەلافەت عوسمانییەکان پڕۆژەیەکیان بەناوی میساقی میللی ئامادە کرد و ساڵی ۱۹۲۰ پەسەندکرا. بەپێی نەخشەکە بێت تورکیا خۆی بۆ داگیرکردنەوەی ویلایەتی موسڵ ئامادە دەکات کە سلێمانی و ناوچەکانی دیکەیشی لەسەرە، چونکە لە کۆندا سلێمانی و بەشێکی دیکە لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان سەر بە ویلایەتی موسڵ بون. میساقی میلی پێک دێت لە چەند بڕگەیەکی جیاواز کە لە بڕگەیەکیاندا دەڵێت: ویلایەتی موسڵ بەشێکە دانابڕێت له تورکیای دایک. واتە بێ قەید و شەرت تورکیا موسڵ بەهی خۆی دەزانێت.

تورکەکان خۆیان بە مەغدور ئەزانن و پێیان وایە کە لە پەیمانی لۆزاندا غەدریان لێکراوە، بۆیە ئەیانەوێت هەرچۆن بێت حەقی خۆیان وەربگرنەوە. لە ساڵی ۱۹۲۱ کاتێک کەمال ئەتاتورک وردە وردە جڵەوی دەسەڵاتی گرتە دەست و بەتەواوی خەلیفەی بێکاریگەر کرد و خستیە کەنارەوە، ( عەلی شەفیق)، ناسراو بە ئوزدمیر لەلایەن ئەتاتورکە کرا بە بەرپرسی مەلەفی موسڵ، ئەتاتورک دەسەڵاتی تەواوەتی پێدابوو کە بەهەر جۆرێک بێت ئەبێ ڕێگری بکات لە لکاندنی موسڵ بە عێراقی عەرەبیەوە.


لە پاش هەوڵ و ماندوو بونێکی زۆری ئوزدمیر کە توانی پەیوەندییەکانی نێوان شێخ محموود لەگەڵ ئینگلیز ببچڕێنێت بەو بەڵێنەی کە بەشێخی دابوو. بەڵێنەکەش ئەوەبوو کە هەرکات تورکیا موسڵی خستەوە سەر خاکی خۆی ئەوا شێخ محموود ئەکات بە سەرۆکی ویلایەتەکەو سەربەخۆییەکی پێ ئەدات بەڵام لە ژێر سەرپەرەشتی تورکیادا. بەڵام بەریتانیەکان بە ڕێککەوتنێک تورکیایان کشاندەوە دواوە ئەوەش بە پێدانی بەشێک لە داهاتی نەوتی موسڵ بە تورکەکان بۆ چەند ساڵێک.

پرسیارەکە لێرەدایە ئایا دوای ساڵی ۲۰۲۳ کە تێپەڕینی سەد ساڵ ئەکات بەسەر پەیمانی لۆزاندا تورکیا دەتوانێت موسڵ کۆنتڕۆڵ بکاتەوەو سنورەکانی فراوان بکاتەوە یان نا؟
بەربەستەکانی بەردەم تورکیا چین و گەورەترین بەربەست چیە؟

ئەشێت کە داگیرکردنەوەی موسڵ خەیاڵێک بێت کە هەرگیز بۆ تورکیا بەدی نەیەت بەچەند هۆکارێک.

۱- هێنانە پێشەوەی مستەفا کازمی لە عێراق و پاڵپشتیکردنی  کازمی لە بەهێزکردنەوەی عێراقدا لە لایەن ئەمریکاوە بۆ بەهێزکردنەوەی عێراق، بەربەستێکی بەهێزە بۆ تورکیا. وەک دیارە کە کازمی دەیەوێت سنورەکانی کوردستان بگەڕێنێتەوە سەر حکومەتی ناوەند و ڕاستەوخۆ لە ژێر سەرپەرەشتی عێراقدا بن. بە ئەگەرێکی زۆر ئەو کارە بە پاڵپشتی ئەمریکای ئێستا و بەریتانیای جاران جێ بەجێ ئەکرێت و بەربەستێکی بەهێز ئەبێت بۆ تورکیا.

۲- وەک مارکس ئەڵێت: مێژوو لە زۆر کاتدا بە شکڵێکی هەزەلی دوبارە ئەبێتەوە. ڕەنگە چۆن تورکەکان لە ڕابردوودا لە ڕێگەی ئوزدمیرەوە بەڵێنیان بە شێخ محموود دا کە ویلایەتی موسڵی تسلیم بکەن، دیسانیش بەڵێنێکی لەو جۆرەیان بە سەرکردەیەکی کوردستان دابێت کە ئەگەر بێت و هاوکارییان بکات لە تێکشکاندنی پەکەکەدا کوردستانی تورکیا و عێراق و موسڵیشی بخەنە ژێر دەستەوە، ئەمە ئەگەرێکەو ئەشێت کە ڕوویشی دابێت.

۳- پارتی کرێکارانی کوردستان، بونی پەکەکە لە قەندیل بەربەستێکی دیکەی بەردەم تورکیایە چونکە پەکەکە هێزێکی تەواو ئامادەباشە بۆ بەرپەچدانەوەی هەر هێزێک کە بیەوێت کوردستان داگیر بکات، ڕەنگە بەشێک لە بیرمەندانی کورد پێیان وابێت کە پێویستە پەکەکە چالاکیەکانی بباتە تورکیا، بەندە پێم وایە کە پەکەکەش خۆی دانابێت بۆ ئەوکاتەی کە تورکیا دەیەوێت بەهێز موسڵ داگیربکات، ئیدی ئەوکات بەڕێوەبردنی چالاکی ئاسانتر ئەبێت بۆ پەکەکە، بە ئەگەرێکی زۆریش سنوری کوردستانی باکور ئازاد ئەبێت لە حاڵەتی دەستدرێژییەکانی تورکیادا بۆ سەر عێراق.

٤- بوونی یەپەگە لە کوردستانی سوریا دەکرێت ببێتە بەربەستێکی دیکە لە بەردەم بەدیهێنانی خواستەکانی تورکیادا بۆ بەدەستهێنانی موسڵ، چونکە تورکیا ناتوانێت بەبێ هاوپەیمانێکی بەهێز شەڕی ئەو هەمووە بەرەیە بکات. ئەشێت بەهەمان شێوەی ڕابردوو ڕوسیا ببێتەوە بە پاڵپشتی تورکیا بەڵام ئەمریکاش لەو کاتەدا دەستەوستان نابێت.

بە ئەگەرێکی زۆر و هەبوونی دەیان ڕێگری تر تورکیا ناتوانێت ئامانجە لە مێژینەکەی بەدی بهێنێت، بەشێک لە نوسەرانی کورد زیادەڕەوی ئەکەن لە تۆقاندنی کوردەکان و فیلاندنی تورکیادا، میساقی میللی ئەوەندە ئاسان نیە گەر کوردەکان هاوبڕیار بن، ئێستاش ئاستی ڕۆشنبیری تاکی کوردیش زۆر زیاترە لە ڕابردوو، ئێستا حیزب و بنەماڵە ئەو ڕۆڵەی ڕابردوویان نیە و پەکەکەش توانیویەتی بکشێتە ناو هەموو بەشەکانی کوردستان و بۆ حاڵەتێکی گرنگ ڕەنگە ئامادەباشی تەواو کرابێت.
 ئەکرێت بڵێین کە بەجێ هێنانی نەخشەکەی تورکیا زیاتر  خەیاڵە تا واقیع، ڕاستە کارتێکر گرنگە بەدەست تورکیاوە. لەهەموو حاڵەتێکدا ئەبێ کورد زۆر وریا بێت کە نەکرێتەوە بە قوربانی ڕێککەوتنێکی دیکەی تورکیا و ئەمریکا، گەر کورد بە لێزانی مامەڵە بکات ڕەنگە تورکیا سنورەکانی بچووک تر ببنەوە نەک فراوانتر لەوەی ئێستا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×