وه‌زیره‌ وه‌رزێره‌كانی حزب

عیماد عه‌لی
  2020-06-29     861
له‌م ماوه‌یه‌ وه‌زیرێك نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی سه‌ركرده‌كه‌ی به‌ڵكو به‌ نه‌رمونیانیش رای تایبه‌تی خۆی له‌سه‌ر بابه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی به‌ حۆرێك ئاشكراكردبوو كه‌ نه‌دژی حزبه‌كه‌ی بوو و نه‌ش له‌گه‌ڵیدا بوو، كه‌ خاوه‌نكاری ده‌سترۆیشتوو  پێی زانیبوو بانگرابوو،  به‌شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كردبوو كه‌ ره‌شه‌ه‌با به‌ ده‌واری شڕی نه‌كردبێت. وه‌زیری داماویش بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی ئه‌و باره‌ به‌ ئاشكرا و له‌ راگه‌یاندندا، ئه‌وه‌ی له‌ خودی بیروبۆچونی خۆیدا باوه‌ڕی پێنه‌بوو رایگه‌یاند و خۆی له‌و نه‌هامه‌تیه‌ رزگار كرد.
ئه‌مه‌ چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
* نایه‌كگرتووی رابۆچونی نێوخۆی حزب و جیاوازی ستراتیجی له‌مه‌ڕ پرسه‌كان و بونی كادری هه‌مه‌چه‌شنی بیرو فكری جیاواز له‌ نێو حزبه‌كاندا.
* وه‌زیری و پله‌وپۆست ته‌نها بۆ لایه‌نه‌ مادیه‌كه‌یه‌ و پشودرێژی و سه‌برگرتن قبوڵكردنی  زه‌لیلی و شكۆشكاندن له‌لایه‌ن فه‌رمانره‌وایانی حزبه‌كانی تریشه‌وه‌، ته‌نانه‌ت نه‌ك به‌ته‌نها بۆ ده‌سترۆیشتوانی حزبه‌كانی  خۆیانه‌وه‌، له‌ پیناو ماده‌یه‌ نه‌ك  خزمه‌ت وه‌ك ده‌ڵێن.
* ئه‌وه‌ی بیرو پره‌نسیپ  و فه‌لسه‌فه‌ هه‌یه‌ به‌ رێژه‌ی ره‌هایی له‌ لایه‌ن ئه‌و حزبانه‌وه‌ نه‌ماوه‌ و ته‌نها وه‌كو كۆمپانیایه‌ك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ل پرس و پێشهاته‌كان ده‌كه‌ن له‌و نێوه‌نده‌شدا كاروباری وه‌زیر و گزیر و وه‌رزێره‌كانیان.
* به‌ پێچه‌وانه‌ی ئدیعاكانیان ره‌فتار ده‌كه‌ن و به‌ناوی دیموكراسی ئه‌وپه‌ری دكتاتۆریانه‌ له‌گه‌ڵ ژێره‌ده‌سته‌كانیان ده‌جوڵێنه‌وه‌ و زمانی سه‌رده‌م لای ئه‌مانه‌ به‌ قوفڵی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و پاره‌په‌رستی كڵۆم دراوه‌.
* حزب جێگه‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌تی گرتۆته‌وه‌ و سه‌رجه‌م بریاره‌كان پێشوه‌خت له‌ حزبه‌وه‌ ده‌ره‌دچێت و ئه‌ركی په‌رله‌مانتار و وه‌زیری  وه‌رزێر ته‌نها جێبه‌جێ كردنه‌.
* كۆمپانیاچێتی جێگه‌ی هه‌موو حزبایه‌تیه‌كی راسته‌قینه‌ی گرتۆته‌وه‌ و له‌م باره‌وه‌ كوردستان و حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات داهێنانیان كردووه‌.
* ئه‌وه‌ی پاره‌ و هێزی لایه‌ سه‌رۆك و سكرتێر و فه‌رمانده‌ی حزبه‌ و فه‌رمانی عه‌سكه‌ری به‌ناوی بڕیاری سیاسیه‌وه‌ ده‌رده‌كات .
* كادران ده‌سته‌مۆن و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك راو رای جیاواز و ره‌خنه‌ و ره‌خنه‌ له‌خۆگرتن باسوخواسی نه‌ماوه‌ و ته‌نها باس له‌ قازناجه‌ مادیه‌كانی كۆمپانیاكه‌یه‌ و به‌س.
* ئه‌م ره‌فتار و بیروبۆچونه‌ ناحزبیانه‌ پله‌ به‌ پله‌ و به‌په‌ك ئاستی به‌رپرسیاریتی بۆ خواره‌وه‌ شۆر بۆته‌وه‌.  كادر هه‌بووه‌ هه‌زار و یه‌ك جوێنی به‌سه‌ركردایه‌تی و كه‌سی یه‌كه‌می حزبه‌كه‌ی داوه‌ گوایه‌ له‌ مه‌بده‌ئی ئه‌و حزبه‌ه‌ی لایداوه‌، دوای ده‌ست به‌سه‌رشاندا هێنانی و كڕینی سه‌یاره‌یه‌ك، وا باسی ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ تادوێنی دژی بووه‌ كردووه‌  كه‌ شان له‌ شانی جیفارا ئاسا ده‌دات و خه‌باتی راسته‌قینه‌ لای ئه‌وه‌، یان ره‌خنه‌ی له‌ بندیواری گرتووه‌ و  پله‌كه‌ی خۆی له‌خواره‌وه‌یه‌ و سێ بندیواری هه‌یه‌، واته‌ دوفاقیزم و ڕاڕایی و بێ فكری سه‌رجه‌م كادرانی ئه‌م حزبانه‌ی گرتۆته‌وه‌ و هه‌ر یه‌ك به‌ پله‌یه‌ك.
بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێین ئه‌م وه‌زعو شێوه‌ی حزبایه‌تیه‌ وایكردووه‌ كه‌ كادر ببێت به‌ كاوڕ و وه‌زیر ببێت به‌ وه‌رزێر و سه‌ركرده‌ ببێت به‌ سه‌ریگرته‌ و حزبیش نه‌مێنێت و كۆمپانیای بازرگانی جێگه‌ی بگرێته‌وه‌ وحسابات جێگه‌ی گفتوگۆ بگرێته‌وه‌ و ململانێی سودبینینی بڕی مادی جێگه‌ی  مللانێی راسته‌قینه‌ی سه‌رده‌مانه‌ بگرێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی نه‌زان و پاشه‌ڵ پیس و ناشاره‌زایه‌ به‌هۆكاری پێوه‌ری نوێ كه‌ خۆنزیكركردنه‌وه‌ و مه‌رایی و فرتوفێڵ و خستنه‌ ژێر پێی هه‌موو به‌هاكانه‌، له‌ نێو حزب و ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تیشدا له‌سه‌رووی هه‌مووانه‌وه‌یه‌.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×