خۆشاردنەوەو پرۆژە وەهمییەکانی فەرمانڕەوا تاڵانکەرەکان (کلیپتۆکراتەکان)

د. رزگار ئاغا
  2020-06-30     953
بەشی سێیەم

کەس و بەرپرسەحوکوومییە تاڵانکەرەکان, بە میکانیزمێکی ورد و تۆڕفراوان کارئەکەن لەسەر گوێزانەوە و, بازاڕکاریی بۆ پارە دزراوەکانی دەوڵەت. لە هەمان کاتیش دا, خۆیان بییرنەچووە, کە هەمیشە لە خەمی بەدەستهێنانی ناوبانگێکی پەسەند و شیاو و رووسپیی دا بوون, لە پێگە سیاسیی و نێودەوڵەتییەکان دا. 

ئەلف: دەرخستن و هەڵسووڕاندنی پارەدزراوەکان (١)
١.سپییکردنەوەی پارە دزراوەکانی دەوڵەت
کەڵەکەکردنی سەرمایە  و خۆشگوزەرانیی کلیپتۆکراتەکان, لە جیهانی بزنس و خزمەتگوزاریی دارایی دا دەرکەوت. دزیینی پارەکان لە تونێڵێکی رەشەوە بەقاچاخ بران و, لە ناوجەرگەی لەندەن و نیۆیۆرکەوە لە بانک و کۆمپانیا پەناگەکانەوە سەریان دەرهێنا. کۆمەڵێک لە مۆڵگەی دادەوریی و نووسینگەی خانووبەرە, وەک کرێگرتەی تاڵانکەرەکان, دامەزران بۆ هەڵسووڕاندنی پرۆسەی سپییکردنەوەی پارەی رەشی کلیپتۆکراتەکانی دونیا. تەنانەت کاتێک کلیپتۆکراتەکان یان کرێگرتەکانیان لەتەک کۆمپیانیا  جگە رۆژئاواییەکان ئەکرد - وەک دامەزراوە "چیین" یە حکومییەکان, پارەکان لە رێی تۆڕی ئەو کۆمپانیایانەوە قوڵپی ئەدا, کە ناوەندە خزمەتگوزرارییە داراییە رۆژهەڵاتییەکان بوون, دوای ئەوە, ئیتر پارەکە ئەچووە  ناو ئەژمارە نهێنییەکانیانی بەرپرس و سەرۆکەکانەوە. لەم دواییانەدا بوو, شرۆڤەکارەکان دەستیان کرد بە هەڵسەنگاندنی جوگرافیای جیهانی سپییکردنەوە پارەی دزراو.
٢.دەستگیرۆیی دارایی دەرەکیی:
کۆمپانیا پەناگەکان -شێڵ-, لە گرنگتریین داهێنانە دامەزراوەییە ئابوورییەکانی بازاڕی رەش و ناشەرعییەتی دارایی بوو, بۆ بەیاساییکردنی سپییکردنەوەی پارەی کلیپتۆکراتەکان کە بەدواداچوونی یاسایی بۆی قورس بێت. بەکارهێنانی سیستەماتیکی کۆمپانیای پەناگە, کارێکی  بوو بە باو بوو بەلای چەندیین کۆمپانیای فرە رەگەزەوە, کە بەدوای کەمکردنەوەی پابەندە باجییەکانەوە بوون لە چاو و دەستی هەر لایەنێکی پسپۆریی دادوەرییەوە, هەروەها بەگوێرەی تاکە دەوڵەمەند و کریپتۆکراتەکانەوە کە حەزیان بە کارکردنی نهێنیی بوو. بەم شێوەیە, بزنسی سپپیکردنەوەی پارەی دزراو و هەڵڕژانی لە بانک و بازاڕ و بزنسی رۆژئاوایی دا بوو بە بووژانەوەی ئابووریی لەو وڵاتانەدا کە ئەم تونێلە رەشەیان ئەپاراست, بەم پێیەش مەزەنەی کۆی سامانی پارەی سپییکراوە دیاریکراو نیە, گابرییل زوکمان(٢) بە ٨%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانیی دائەنێت کە لە دەرەوەدا دانراوە, ئەو ژمارەیە, سامانی نزیکەی ٣٠% ی لە دانیشتوانی ئەفەریقا و ٥٠% ی روسیاییە.
پەیپەرەکانی پەنەما لە ساڵی ٢٠١٦ دا(٣), ئەوەی گەیاند کە پەیکەری ئیداریی کۆمپانیا ژێربەژێرەکان بەیەکداچوونیان ئالۆزن, بە جۆرێک کات و تێچوونی زۆری ئەوێت بۆ راستیی هەڵماڵیینیان. هەروەها پێجۆرییەکانی ئەم پەیپەرانەش, کۆهەبوونەکانی کۆمپانیای پارێزەریی بانکی مۆساک فۆنیسکای خستووەتە روو, تیاییدا سنووری ئەو بازاڕکارییەی پیشان داوە کە ئەو ئەو کۆمپانیا ژێربەژێرانە پێی هەڵدەستن. ئەمە لەتەک ئەو توێژینەوە نوێیانەدا, پەیپەرەکان جەخت لەسەر بوونی پەنەما ئەکەن کە لە خاڵی مۆلەقدایە؛ سەرباری ئەو بۆچوونە باوەی کە کۆمپانیاکانی شێڵ لە سەرەوەی ئەو پەناگە بچووکانەی باجدەرەکانن, کە لە پێگە نامۆکاندا ناویان هاتووە. زۆرتریینی ئەو دادوەرییە کێشەدارانە, لە راستییدا لە دوو توێی رێکخراوی هاوکاریی و گەشپێدانی ئابووریی دان (OECD). لە لێکۆڵیینەوەیەکی پێشەنگدا, مایکڵ فیندڵی و دانیاڵ نیڵسن و جی سی شارمان, هەستان بە ناردنی زیاتر لە ٧٤٠٠ داواکاریی بۆ پێشکەشکاری خزمەتگوزاریی کۆمپانیا جیهانییەکان بە ناوی کڕیاری ساختەوە کە دۆسییەی جۆراوجۆری گەندەڵیان هەیە. لێکۆڵیینەوەکەیان, ئەوەی هەڵماڵی کە پێشکەشکارانی کۆمپانیاکانی شێڵ لە ئەمەریکا و بەریتانیا کەمترین پابەندییان هەیە بە هێڵەبنەماکانی تیمی راپەڕاندنی دارایی حکومیی نێودەوڵەتییەوە, هەر بە مەبەستی دۆزینەوەی راستیی خاوەندارێتیی کۆمپانیاکەوە هەتا  بۆ - ئەوەی پێی ئەوترێت- دڵنیابوون لە هەبوونیان لە دەرەوەی پەناگەی باجدەریی دەرەوەی رێکخراوی هاوکاریی و گەشەپێدانی ئابووریی(OECD). لەو داواکاریانەدا کە لە راپۆرتی دواتریشدا دووبارە بوونەتەوە, توێژینەوەکە پێشکەشکاری خزمەتگوزاریی کۆمپانیاکەی لە دیلاویر و نیڤادا و وایومیگ دیاریکرد, بەجۆرێک کە خزمەتگوزاریی دامەزراندنی کۆمپانیاکە بە سەرچاوەیەکی یەیکلاییکەرەوەی داهاتەکانی دەوڵەت پێک دەهێنێت, بەو پێیەی کە نهێنییترین کۆمپانیاکانی جیهانە. لەگەل ئەوەی کە سیستەمی رۆشنکاریی جیهانیی خۆی زیاتر کۆدەکاتەوە, ئەمەریکا لەوە ئەچێت بەدەربوونی ( استپنا‌و) زیاتر بۆ خۆی بپچڕێت. تۆڕی دادی باجدەریی ناحکومیی رۆشنکاریی لە پەنجەکێشی (مۆشر) نهێنیی دارایی ساڵی ٢٠١٥ دا,  پلەی ئەمەریکای لە خوار سویسرا و هۆنگ کۆنگەوە داناوە. بەگوێرەی زۆرێک لە دەوڵەتانی دوای یەکێتی سۆڤیەتی جاران, پرۆسەی گوێزانەوە بۆ دەرەوە و بونیادی دەوڵەت چوون بەیەکدا, بە جۆرێک دەسەڵاتەکان و خانەوادەی بەرپرسەکان, لە رێی دەستکەلە (قناه‌) لێدان بۆ ناو ئەژماری بەکرێیدراوی بیانیی, سامانەکانیان کۆکردەوە و بردیانە دەرەوە, بۆ کڕینی هەر شمەک و وەرگرتنی هاوکاریی بیانیی و کڕین و قازانج لە موڵک وماڵ و موڵکەکانی دەوڵەت. لە کازاخستان, موختاری ئەبلازۆف, کە وەزیرێکی پێشووی حکومیی و سەرۆک بانکی (BTA) بووە, زیاتر لە هەزار کۆمپانیای پەناگە -شێڵ- ی بەکارهێناوە بۆ شاردنەوەی ملیاران دۆلار لە  دەوڵەت, بەڵام, بە پاساوی گوایە ئەمە ئەو هەنگاوەیە, کە بزنسمانەکانی کازاخستان و نوخبەی سیاسیی بە شێوەیەکی رۆتیینی بەکاری ئەهێنن. لە تاجیکستان, قازانجەکانی کۆمپانیای ئەلەمینۆمی حکومیی و گەورەترین سەرچاوەی نیشتمانیی هەناردەکردن بۆ کۆمپانیاکانی پەناگە رۆیشتووە کە لە دوورگەی ڤێرجنی بەریتانیی ناوی تۆمارکراوە, پاشان خەرجیی کۆمەڵێکی جۆراوجۆر لە مەبەستی گشتیی و تایبەتیی پێ جێبەجێکراوە, لە نێوانیاندا کڕینی جیاجیا و مامەڵەی بازرگانیی ئەندامانی خێزانی سەرۆک خۆی. لە قیرغیزستان, بزنسکارەکانی سەر بە کوڕی سەرۆک کۆرمانبیک باکییف (٢٠٠٥-٢٠١٠), بانکی ئاسیای جیهانیییان بەڕێوە بردووە, وەک خاڵێک لە سیستەمی دارایی دەرەکیی, کە لەوێوە ملیارەها دۆلار قوڵپی داوە بۆ ئەژماری کۆمپانیای نادیار, هەندێکجاریش لە رێی پێوەندی گۆرینەوە لەتەک بانکەکانی وڵاتە گەورەکانەوە وەک ستاندەرد چارتەرد.
٣.حەوزی خانووبەرەی جیهانیی:
هەرئەوەندە پارەکە شۆرایەوە "سپیی کرایەوە" لە رێی تۆڕی کۆمپانیاکانەوە, ئیتر چاودێرە جڵەوگرەکان (controllers) بەکاری دەهێنن بۆ تۆکمەکردنی ئامانجە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی کلیپتۆکراتەکان. رەنگە گرنگترین دوامەنزڵیان بازاڕی خانووبەرە شکۆدارەکان بن, کە لەویادا هاوڵاتییە بیانییەکان ساڵانە ملیاران دۆڵار وەبەردەهێنن, ئیتر پارە نایاسایی و نابەجێکانیانی تیادا هەڵدەسورێنن کە بە ئوسوڵی یاسایی پارێزراوە بەپێی یاسای موڵکدارێتی رۆژئاوا. لە نێوان دە سەرووترین پێگەوە, کە خانووبەرەی کریستیی نێودەوڵەتیی (Christie‌s International Real Estate) دیارییکردووە, لە یەکەمیین راپۆرتی ساڵانەی دا لە مارتی ٢٠١٣ دا(٤), لە بارەی خانووە نایابەکانەوە لە هەموو جیهاندا, نۆ لەوانە لە رۆژئاوایە؛ کە تیایدایە لە لەندەن, نیۆیۆرک و پاریسن. لەم بازاڕانەدا, دەڵاڵەکانی خانووبەرە ئاسانکاریی مامەڵەکان ئەکەن و کەمتریین بەرپرسیارێتیش هەڵدەگرن لە چوونە ژێر رەسەنایەتی ناسنامەی کڕیارەکان یان یاسایی پارەکانیان. 
٤. سپییکردنەوەی ئابڕوو
گوێزانەوەی پارە ی دزراو و سەفقە بزنسەکان بۆ دەرەوەی سنووری وڵات, یەکەمین پێداویستییە بۆ دەسەڵاتدارە کلیپتۆکراتە نوێیەکان؛ بەڵام سپییکردنەوەی ئابڕووی کەسێتی لەسەرووی هەموو گرنگیەکانە بۆیان. لەو حاڵەتانەی لەسەرەوە باسکران, تاجیکستانیش ئەژماری دەرەکی خۆی بەکارهێناوە بۆ باربووکردنی (تمویل)ی لۆبی کۆنگرێس. بانکی ئاسیای جیهانیی, سێ لە ئەندامانی پێشووی  ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکایی دامەزراندووە لە ئەنجوومەنی بەرێوەبردنیدا وەک پێگەیەکی یاسادارێژ. مامەڵەی ئازەربیجانییەکان لەتەک ئەنجوومەنی ئەوروپادا. هەروەک جیراڵد کناوس ئەڵێت(٥): ئەم وڵاتە بچووکە دەوڵەمەندەی نەوت, زۆر چاک توانی کۆمەڵەی پەرلەمانیی ئەنجوومەنی ئەوروپا بەو ئاراستەیە بەرێـت کە دەنگ نەدەن لە ئاست زیندانییە سیاسییەکانی وڵاتەکەی دا, سەرباری هەبوونی بەڵگەی زۆر و سەپاو دژ بە حوکوومەتەکەی. دواتر, راپۆرتێک لەسەر دەستپێشخەریی سەقامگییریی ئەوروپایی دەرچوو, ئەوەی هەڵماڵی کە ئەندامانی سەرەکیی لە کۆمەڵەکە, دیاریی و دەهەنەی گرانبەها و بەرتییلیان وەرگرتووە بۆ مسۆگەرکردنی ئەم دەنگ نەدانە(٦).
سپییکردنەوەی ئابڕوو؛ گرتنەخۆی کەمکردنەوە یان شاردنەوەی بەڵگەکانی گەندەڵیی و حوکمە ستەمکارییەکانە لە نیشتمانی کلیپتۆکراتەکاندا و, هەروەها ناونانەوەی کلیپتۆکراتەکانە وەک هاوڵاتییەکی چاکی جیهانیی, کە مەبەست لێی شیریینکردنی ئابڕووی کلیپتۆکراتە رکابەرە سیاسییەکانە. سپییکردنەوەی ئابڕوو,  لە لایەن ئەو تۆڕە چنراوانە ئەکرێن کە بواری ئابوورییش ئەبەزێنن و هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتیی و تەکنییکیە سیاسییەکان داگییرئەکەن. هەروەها مسۆگەرییەک بۆ کلیپتۆکراتیش دابیین ئەکات, کە مافی نیشتەجێبوونی لە دەرەوەی وڵات هەبێـت و, کلیپتۆکرات بە چالاکی خێرخوازیی رازیی دەکات هەتا بیخاتە ناو تۆڕێکی هاوپەیمانی نیشتمانی بێسنووردا. 
٥. مسۆگەرکردنی بە هەمەهاوڵاتیبوون (Securing multiple citizenships)(٧)
بۆ راکێشانی کلیپتۆکرات و دەستەبژێرە دەسەڵاتدارەکانی وڵات, مسۆگەرکردنی مافی هەمە هاوڵاتییبوونە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان, کە ئەبێتـە پێبەخشیینی خۆپۆشێکی ئاسایشی کەسیی. بەوەشەوە, کە پارێزبەندییەکی یاسایی وڵاتێکیان پێ دەبەخشرێت. دیارە لەو وڵاتانە دا, فەرمان و هەژموونی یاسا زاڵ و متمانەدارترە وەک لەوەی لە وڵاتەکانی خۆیان هەیانە. هەروەها بژاردەی چوونەدەرەوەشیان ئەڕەخسێنێت, هەرکات بیانەوێـت سامانی سیاسیی ناوخۆییان بگوێزنەوە.
یەکێک لە شێوازە هەرە باوەکان لای کلیپتۆکراتەکان, ئەوەیە کە هەڵدەسێت بە دامەزراندنی کەسە نزیکەکانی خۆی لە هێڵی دیبلۆماسیی دا, بەمەش زیاتر مسۆگەریی ئەداتە ئەو خزمانە کە مافی سەفەری نێودەوڵەتییان هەیە و, لە پەناشیدا نیشتەجێبوونی بیانیی و پارێزیی دیبلۆماسیی دژ بە تاوان مسۆگەرە.هەموو وڵاتێکی ئاسیای ناوەڕاست, کەسە نزییکەکانی سەرۆکەکان, بەشێوەیەکی رۆتینی, پێگەی دیبلۆماسیی بەرزیان هەیە. بە نموونە, گوڵنارا کاریمۆفا, کچی سەرۆکی ئۆزبەکی پێشوو(ئیسلام کریمۆف ١٩٩٠-١٩٩٦), ئابڕووچوونێکی لێدەرکەوت, کە لەوکاتەدا, راوێژکاری نێردراوانی نەتەوە یەکگرتووەکانی وڵاتەکەی بوو لە نیۆیۆرک و, رۆژگارێکیش باڵیۆزی وڵاتەکەی بوو لە ئیسپانیا. ئۆزدا رەحماۆنیش, کە کچە گەورەی سەرۆکی تاجیکستان بوو, نوێنەری هەمیشەیی بوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف, پێگەی بەرزیشی لە وەزارەتی دەرەوە هەبوو.
ژیان لە دەرەوەی وڵات, بە شێوەیەکی رەها کراوەیە بۆ کڕین. بە درێژایی سەدەی پێشوو یان دوو سەدەی پێشوو, بازاڕێکی حیهانیی هاتە ئاراوە, لە بواری ڤیزەدان بۆ هاونیشتمانییبوون و وەبەرهێنی دووەم, کە مافی نیشتەجێبوونی بەخشیووە بە هاوڵاتییانی بیانیی لە وڵاتانی رێکخراوی هاوکاریی و گەشەپێدانی بواری ئابووریی و, وڵاتانی تریش, بە رێ و شوێنی تەواو یاساییەوە. هەموو وڵاتانی رێکخراوی هاوکاریی ئابووریی و گەشەپێدان, جۆرێک لە بەرنامەی نیشتەجێکردنی وەبەرهێن و ڤیزەدانیان هەیە, بەڵام نیوە زیاتریشیان بەرنامە و ڕێنوومایی نوێیان دەرکردووە, بۆ راکێشانی سەرمایەدارانی بیانیی لە ئەنجامی ئەو تەنگژە داراییە جیهانییەدا کە روویدا.
پیشەیەکی تریش سەری هەڵدا, لە کۆمپانیا یاساییە نێودەوڵەتییەکان و پسپۆرەکانی رەگەزنامەی دووەم بۆ رێکخستنی ئەم مامەڵانە, یەکێک لەم کۆمپانیایانە کە ناوی Henley and Partners هەستاوە, بە بڵاوکردنەوە و نوێکردنەوەی کتێبێکی گیرفان بۆ نیشتەجێبوون و مانەوە و هاوڵاتیبوون. کە وەسپی ئەکات بەوەی "کارێکی پێوانەیی نێودەوڵەتییە لەم بوارەدا و, رێنوێنێکی متمانەدارە بۆ کڕیارەکانمان لە کەرتی تایبەت و پیشەمەندەکانی بەڕێوەبردنی سامان و حکومەتەکان". کۆنگرەی نێشتەجێبوون و مانەوە و هاوڵاتیبوونی نێودەوڵەتیی لە نوڤێمبەری ٢٠١٧ دا, بوو بە مایەی سەردانی زیاتر لە پانزە هەزار دیدەنیی, کە شارەزاییان پەیداکردبوو لە وڵاتانی  دوورگەی بچووکی وەک قوبرس, دومینیکا, سانت لویس و, هەروەها وڵاتە گەورەکانی وەک ئوسترالیا و کەنەدا و ئیسپانیا. ئەم پیشەیە,  تەنها ئامانجیی راکێشانی کلیپتۆرکراتەکان نەبوو بە دیاریکراویی, بەڵگەکان وا ئاماژە ئەدەن کە ئەوانەی ئەو ڤیزەی نیشتەجێبوون و مانەوەیان کڕیبوو, زیاتر فەرمانبەرە دەوڵەمەندەکان بوون لەو وڵاتانەی کە ئاستی گەندەڵیی تیایاندا بەرزە.
داتای بەرنامەی وڵاتەکان پاڵپشتی ئەم قسانە ئەکەن, بۆ نموونە, ئەو ژمارانەی کە لە لایەن لێژنەی راوێژکاریی کۆچبەرانی بەریتانیاوە دەرچووە, ئەوە دەرئەخات کە لە نێوان ١٦٤٧ داواکاریی بۆ مانەوە لە چوارچێوەی بەرنامەی وەبەرهێنی پلە یەک لە ساڵی ٢٠٠٨-٢٠١٣, چارەکێکی روسیایی بوون (٤٣٣ داواکاریی), چارەکێکی تری چیین ی بوون (٤١٩ داواکاریی), لەگەڵ هەبوونی هاوڵاتیی میسریی و کازخستانیی. لەتەک هاتنی ٢٠١٥دا, بەپێی رێکخراوی رۆشنکاریی نێودەوڵەتیی لە بەریتانیا (TIUK), رێژەی وەرگرتنی ئەم "ڤیزە ئاڵتوونیی" یە, لە ٦٠% بۆ روسیایی و چیینییەکان بوون. بۆیە, ئەمە بە مەترسیی دانرا و رەخنەی توند بەرزبووەوە لە ئاستی ئەم خەمساردیی و بەسەرداتێپەڕبوونەدا, کە دەرهەق بەو سامان و پارانەی لەم ڕێگەیەوە هاتە ناو ئەم بەرنامەیەوە. ئەو توێژینەوەیەی کە رێکخراوی رۆشنکاریی نێودەوڵەتیی ئەنجامی دا, کەوتە سەر ئەو رایەی کە "ئەگەرێکی زۆر هەیە, سپییکردنەوەی بڕە پارەیەکی زۆر کرابێـت, لەو سەرمایە گەندەڵییەی کە لە چیین و رووسیا دزراوە و, بەرە و لەندەن هاتبێت لە رێی بەرنامەی ڤییزەدان, بە وەبەرهێنە یەکەمەکان لە بەریتانیادا.
حکومەتی قوبرسییش بە هەلی زانییوە, بەرنامەیەکی وەبەرهێنانی ئاڵتوونیی داهێنا, کە ئەو بەشداربووانەی گوزەرنامەی سەفەر(Passport ) دەردەهێنن - بەوەی کە قوبرس ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە- مافی کارکردن و مانەوەیان هەیە لە ناو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا. بەپێی ئەو راپۆرتە پێجۆرییانەی, کە رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیی ئامادەیکردووە, تەنها لە ساڵی ٢٠١٦ دا زیاتر لە چوارسەد گوزەرنامەی سەفەر دراوە بە پێی ئەو بەرنامەیە, کە لێوەی زیاتر لە چوار ملیار یۆرۆ وەبەرهێنراوە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣- ٢٠١٧دا. دیارتریینی داوارکاریەکانیش رووسیایی و ئۆکرانیی بوون. رۆژنامەی گاردیان ئەوەشی خستە روو, کە لیستێک لە ناوی ئەوانەی گوزەرنامەی سەفەریان پێدراوە دزەی کردووە, کە پەرلەمانتاری رووسیایی پێشوو و ملیاردێرانی پێشەسازیی رووسیایی  تێدایە, کە ناوبانگێگی باشیان لای سەرۆک پۆتین هەیە, دوو ئۆکرانیی تێدایە کە گەورە پشکداری بانکن و لەو دواییانەدا لە ئابڕووچوونێکدا تێوەگلابوون.
بە هەمان شێوە, لە ساڵی ٢٠١٤, ماڵتاش ( ئەندامە لە یەکێتیی ئەوروپا) بەرنامەیەکی خستە ئاراوە بۆ گوزەرنامەی سەفەر. مەرجەکانی سەر داواکاران, ئەوەیە کە بڕی ٦٥٠.٠٠٠ یۆرۆ بدەنە سندووقی نیشتمانی و, وەبەرهێناننی زیاتر لە ١٥٠.٠٠٠ یۆرۆش لە سەنەدە حکومییەکاندا بکەن. هەروەها لە ٢٠١٦دا, بەرپرسە ماڵتاییەکان رایانگەیاند, کە بەرنامەکە زیاتر لە حەوت سەد گوزەرنامەی سەفەریان بەخشیووتە هاوڵاتیی بیانیی و, بەم پێیە بڕی ٢٠٠ ملیۆن یۆریان دەستکەوتووە. ئەم هەل قۆستنەوانە بە پشتئەستووریی مافی ئەندامێتی یەکێـتیی ئەوروپا, بوو بە مایەی نیگەرانیی ئەوروپاییە یاساداڕێژەکان لە ساڵی ٢٠١٤ دا و, بۆ ئەم مەبەستەش لەتەک پەرلەمانی ئەوروپاییدا, مەترسییەکانی سەبارەت بە بەرنامەکانی قوبرس و ماڵتایان وروژاندووە, کە رەخنەیان لەم هەڵسوکەوتانە گرتووە, بەڵام هەتا ئێستا هییچ ڕێکارێک لە برۆکسلەوە لەم بارەیەوە نەگیراوەتە بەر.
٦. پەیوەندییە گشتییەکان و بەخشیینی ناوبانگی جیهانیی:
رەگەزێکی گرنگ هەیە لە بابەتی "سپییکردنەوەی ئابروو و پارە"ی کلیپتۆکراتەکان, ئەویش تیشکخستنەسەری نێودەوڵەتیی و کاریگەرییانە. لە ئەمەریکادا, پیادەکردنی فشاری فەرمیی کرێگرتە بیانییەکان, پیادەکردنێکە ملەکەچی یاسای ساڵی ١٩٣٨ی تۆمارکردنی بریکاری بیانییە (FARA).
لە بەجێهێنانی هەر کارێکی سیاسییدا, لە جیاتی حکومەتە بیانییەکان, پێویست وەهایە کە ئاژانسێک یان سیناتۆرێکی ئەمەریکایی بە فەرمیی خۆی تۆمار بکات لە بەشی زانیاریی (داتابەیس)ی حکومیی سەر بە وەزارەتی داد و, لە تەکیشیدا وردەکاریی چالاکیی سیاسیی جێبەجێکراوی خۆی. بە گوێرەی یەکێتیی ئەوروپاشەوە, تۆمارکردن لە کۆمەڵەی ( هێزی فشار) لۆبییەکان دا هێشتا خۆبەخشانەیە, بەڵام رێ و شوێنی نیشتمانیی لە وڵاتە ئەوروپاییەکان دا         - نۆزدە وڵاتیان-, بەپێی رێکخراوی چاودێریی ئەوروپایی, یاسای داڕێژراو کورتی هێناوە لە بەیاساییکردنی لۆبییکردن. بەڵام لەودیو ئەم چالاکییە فەرمییانەوە, دەستەبژێرە بەپرسەکان و کلیپتۆکراتەکان سوودمەند بوون, لە زۆرێک لە کەناڵە نافەرمییەکان بۆ دروستکردنی تۆڕی چڕوپڕ لە هاوپەیمانیی سیاسیی و تێبیینکاریی هاوسۆز و پێگە کارییگەرەکان.
راوێژکارە پلەباڵاکان و سەرچاوە مرۆییەکانی کۆمپانیاکانی بواری چاککردنی ناووشۆرەتی  رژێمەکانی دەرەوە, داوای پارەی زۆریان کردووە و کۆمەڵێک لە خزمەتگوزاریی فراوانیشیان خستۆتە بەردەست. بە نموونە(٨),(٩): بنکۆڵکارییەک بۆ چالاکییەکانی سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا تۆنی بلێر کراوە, کاتێک ئەو هەلەی دراوەتێ - ئەویش لە رێی کۆمپانیا راوێژکارییەکەی خۆیەوە - کە ببێتە راوێژکار بۆ سەرۆکی کازخستان نورسوڵتان نزار باییف لە ساڵی ٢٠١١, بۆ پرس و رای سیاسیی و ستراتیجیی, بە بڕی ٥.٣ ملیۆن پاوەن ساڵانە. هاوکاریی تۆنی بلێر و کۆمپانیا یاریدەدەرەکەی لە پێکهێنانی کازخستان دا, بە تایبەت پەڕاندنەوە و پاساوکاریی حوکوومەت لە ئاستی رەخنەی نێودەوڵەتیی, لەسەر ئەو سەرکوتکردنەی بەرامبەر ناڕەزاییەکانی کرێکارانی نەوت کرا, لە شارۆچکەی ژانۆزینی رۆژئاوا لە کانوونی یەکەمی ٢٠١١ دا بوو, کە کوژرانی ١٤ کرێکاری لێ کەوتەوە.
تەنانەت لە ئێستادا,  زانکۆکانیش بوونەتە پێگەی ئەگەری هەڵمەتێکی کاریگەر. سەرباری ئەوەی زۆربەی زانکۆ شکۆمەندەکان, لێژنەیان هەیە بۆ پشکنینی بەخشینی بیانیی پێشنیارکراو,  بەڵام هیچ پێوەر و رێنماییەکی نێودەوڵەتیی نییە بۆ ئەم پشکنیینە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا, سەختیی سەلماندنەکانیش ئەکەوێتە سەر شانی ئەوانەی, کە هەولی هەڵماڵیینی ئەوە ئەدەن, کە ئەم پارە پێشنیارکراوانە ( پێشکەشکراوانە) بریتیی بن لە دەرئەنجامی کاری نایاسایی و قێزەون. لە ساڵی ٢٠١١ دا, زنجیرەیەک لە ئابڕووچوون تەقیینەوە, لە سەر هەڵماڵیینی هەبوونی پەیوەستی ماددی نێوان کۆلیجی لەندەن  بۆ ئابووریی (LSE - London School of Economics) و رژێمی دیکتاتۆری پێشووی لیبیای موعەمەر قەزافیی. لە مارتی ٢٠٠٩ دا دەرکەوت(١٠)؛ سەیفی کوڕی قەزافیی, بری ١.٥ ملیۆن پاوەندی لە رێی دامەزراوە خێرخوازەکەیەوە, بەخشیوەتە ناوەندی حکومەتی جیهانیی لە هەمان کۆلیج (LSE). لە هەمووی زەقتریش, تەنها مانگێگ دوای ئەوەی کۆلیجەکە بڕوانامەی دکتۆرای پێ بەخشیووە. ئەم ئابڕووچوونەی "بەستەری لیبیا- Libya links",  بوو بە مایەی ئەوەی کە هاوەرد دەیڤس, بەڕێوەبەری (LSE) دەست لەکار بکێشێتەوە و, رووبەڕووی لێکۆڵینەوەی پرۆسەی پێجۆریی راستییەکان(due-diligence process) ببێتەوە. 
٧. کاری خێرخوازیی دوومەبەست؟
زۆرجار پشتییوانە پیشەوەرەکانی کلیپتۆکراتەکان, بە چالاکی خێرخوازیی کرێگرتەکانیاندا هەڵئەدەن و هەڵای گەورەی بۆ ئەنێنەوە. ئەم چالاکییانە هەر تەنها کەناڵێکی تر نییە بۆ سپییکردنەوەی پارە, بەڵکو رۆڵی هەلێکی تریش ئەسازێنن, بۆ گەشەپێدانی تۆڕی هاوپەیمانەکانیان لە حکومەتەکانی تر و, رێکخراوە قازانج نەویستەکان و, رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دا. تۆڕێک لە پەیوەندیی پێکدەهێنرێت کە پێی ئەڵێین "کۆمەڵگەی نامەدەنیی سنووربڕ". گوڵنار کەریمۆڤای  کچی سەرۆکی ئۆزبەکیی, پێش ئەوەی لە ٢٠١٣دا لە دەسەڵات لاببرێت, سەرۆکایەتی سندووقی دیدار (Fund Forum), کە رێکخراوێکی خێرخوازیی بوو, بەکاری ئەهێنا بۆ کۆمەککردنی پرۆژەی گیانەوەرە ماڵییەکان و بۆ برەودان بە ناو و ناوبانگی لە جیهاندا. دامەزراوەکە چووە ناو پشکدارییەوە لەگەڵ چەندین دامەزراوەی ناودارەوە, لەوانە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس, کاونسڵی رۆشنبیریی بەریتانیی, بریکارداری ژاپۆنی بۆ هاوکاریی نێودەوڵەتیی, دامەزراوەی خێرخوازیی شێرپەنجەی مەمک.  لە زۆربەی کارەکانی دا, رێکخستن و سازدانی رووداو و دیداری رۆشنبیریی خۆباییانەی بۆ دەستەبژێرە ئۆزبەکستانییەکان هەبووە, لەوانەش پێشانگای Style.uz جلوبەرگ و پێشانگای هونەری ساڵانە لە تەشقەند. 
لە ساڵی ٢٠٠٨ دا, رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و رۆشنبیریی        (یۆنسکۆ) رازی بوو, لەسەر دامەزراندنی خەڵات بۆ توێژیینەوەکانی زانستی ژیان کە لە سەر خەرجیی سەرۆکی غینییای ئیستوائیی تیۆدۆر وئۆبیانگ و هەڵگری ناوی ئەوی لەسەر بێت. بەڵام, نەتەوە یەکگرتووەکانیش و خەڵکی غینییاش ئەزانن, زۆربەی هاوڵاتییانی غینییای ئیستوائیی بێ بەشن لە پێداویستییە پزیشکییە سەرەتاییەکان و خێزانە دەسەڵاتدارەکەیشی لە ژێر لێکۆڵینەوەدان بە تۆمەتی ئەو تاوانانەی کە پێوەستن بە بە گەندەڵیی گەورە لە ئەمەریکا و سویسرا و فەرەنسا و ئیسپانیا؛ بەوەشەوە کە دادگای فەرەنسی ئیدانەی جێگری سەرۆک تیودۆرین ئۆبیانگی ( کوڕەکەی تیۆدۆرۆ) بە تۆمەتی ئیختیلاس و سپییکردنەوەی پارە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ دا.
ئازربیجان, نموونەیەکی حاشا هەڵنەگرە لە چۆنیەتی ئەوەی کە شارەزا کلیپتۆکراتەکان چۆن ئەتوانن تێکەڵییەک بکەن لە نێوان پارە و فڕوفێڵەکانی سیاسەتدا. لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧ دا, راپۆرتێکی لێکۆڵینەوە لە لایەن رێکخراوی هەواڵدەریی لە تاوان و گەندەڵیی (the Organized Crime and Corruption Reporting Project) رایگەیاند و رۆژنامەی گاردیانی (Guardian) لەندەنیش پشتڕاستی کردەوە, کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٤ دا, حکومەتی ئازەریی هەڵساوە بە ئاڵوگۆڕکردنی ٩.٢ ملیار دۆلار وەک پارەدان (payments) لە رێی نووسینگەی ئەستۆنیایی سەر بە بانکی دانمارکیی و چوار لە کۆمپانیاکانی شێڵ کە لە بەریتانیادا تۆمارکراون, کە خاوەنە سوودمەندەکانی لە نهێنی دا ماونەتەوە و نەناسراون. بەشێکی زۆر لەو پارانە رۆیشتوون بۆ هەڵمەتی کەسایەتی زلکردن و, گروپی فشار(لۆبیی) و, سیاسەتکاران و ئەوروپاییە بەشدارەکان لە وڵاتی قەزوێن, بەلایەنی کەمەوە تاکە بەشدارێکیش کە چاودێری هەڵبژاردنە نیشتمانییەکان ئەکات. ئەم ئەڵقەیە لە ئەنجامی ئەو ئابڕووچوونەی "دبلۆماسێتی کاڤیار" هات کە لە ٢٠١٣ دا روویدا و, لەسەر هەڵماڵینی پاردەدانی حکومەتی ئازەربیجانی بوو وەک پارەی دەستیی و, دیاریی و دەهەنە و, گەشت و چوونی شکۆدارانە بۆ ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپایی.(١١)
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
(1) Cooley, A., Heathershaw, J., & Sharman, J. The Rise of Kleptocracy: Laundering
       Cash, Whitewashing Reputations. Journal of Democracy, 29 (1), 2018. 
(2) G. Zucman, The Hidden Wealth of Nations, Translated by Teresa Lavender Fagan,
      The University of Chicago Press, 2015.
       http://digamo.free.fr/zucman152.
 (٢) پەڕەکانی پەنەما (Panama Papers), بریتیین لە ١١.% ملیۆن دۆکیومێنتی نهێێنی دزەپێکراو, کە وردەکاریی جاتای دارایی و زانیاریی پارێزەرانە, کە زیاتر لە ٤١٨,٢١٤ ئۆفیسن. هەندێک لە دۆکیومێنتەکان بۆ ساڵانی حەفتاکان ئەگەڕێنەوە, کە لە لایەن کۆمپانیای پاڕێزەریی پەنەما و,خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیاکانی مۆساک فۆنیسکاوە دامەزراوە و لە ٦ی مایس ی ساڵی ٢٠١٦ دزەیان پێکران. دۆکیزمێنەتکانی پەنەما, وردەکاریی دارایی کەسانی دەوڵەمەند و بەپرسە حوکوومییەکانی تێدایە کە بەشێوەیەکی تایبەتی نهێنیی پارێزراون لەە رابردوودا. ئەمە لەەتەک, ناو و وردەکاریی ئەو کۆمپانیا پەناگانەی کە بە مەبەستی نایاسایی و ناشەرعیی دامەزراون بۆ خۆدزیینەوە لە باج و بەقاچاخبردنی پارە و خۆدزیینەوە لە سزای نێودەوڵەتیی. , "جۆن دۆ" ناوێک, ئەو کەسە هەواڵدەرە (whistleblower) بوو کە ئەم دۆکیومێنتانەی دزە پێکرد, لە رێی رۆژنامەنووسێکی ئەمانی بە ناوی "باستیان ئۆبرماێر" و لە رۆژنامەی " سودۆیچە چایتۆنگ". "جۆن دو" هێشتا بە نەناسراویی ماوەتەوە و, تەنانەت لە لای ئەو رۆژنامەنووسانەشەوە کە کاریان لەم دۆکیومێنتانەدا کردووە و, بە رۆژنامەنووسەکانی وتووە: " ژیانم لە مەترسیی دایە".
بە وتەی ئەو: بە شێوەیەکی سادە,  ئەوەی لە ناوەرۆکی ئەم دۆکیومێنتانە تێگەیشتم, ئەو قەوارە زەبەلاحەی ستەم بوو کە کرابوو" , " من, لە هییچ ئاژانسێکی هەواڵگریی یان حوکوومەتێک دا کارم نەکردووە و, ئامادەم بۆ هەموو هاوکاریییەکی داواکارە گشتییەکان, ئەگەر پارێزبەندیی یاساییان  بۆ مسۆگەرکردم". تەواوی ئەم دۆکیومێنتانە لەلایەن "سەندیکای نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسانی پێجۆرکاریی - ICIJ  " بە ئاشکرا لەسەر ئینتەرنێـت بڵاوکرانەوە.
(4) Christie‌s International Real Estate, “Luxury Defined: An Insight into the Luxury
     Residential Property Market,” March 2013. https://www.christiesrealestate.com/resources/v_1_1_20_1/siteresources/my%20folder/external-files/cire_whitepaper_mar2013.pdf,%2017.
 (5) Gerald Knaus, “Europe and Azerbaijan: The End of Shame,” J. of Democracy,Vol.
      26, July 2015.
(6) C. Walker and M. Aten. The Rise of Kleptocracy: A Challenge For Democracy, J.
     of Democracy, Vol. 29, No. 1, Jan. 2018.
(7) Ref. (1)
(8) R. Mendick, “Tony Blair‌s £5m Deal to Advise Kazakh Dictator,” Telegraph,
      23 April 2016;
(9) C. Michel, “Details of Tony Blair‌s Dealings with Kazakhstan Leaked,”Diplomat,
     25 April 2016
(10) R. Sugden, M.Valania and J. Wilson, ‘Leadership and Cooperation in Academia‌, Edward Elgar pub.Limt. UK, 2013
(11)Ref. (1)
* دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژیینەوەی زانستی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×