"عەلی" پەرلەمان و "مەسرور"ی حکومەت!

بەهزاد موحسین
  2020-07-02     692
دەبێ ئەوانەی لە سەرەتاکانی دروستبونی "گۆڕان"ەوە ئومێدێکمان بە توانای گۆڕانکاریەکانی گۆڕان بو، دان بەوەدا بنێین، کە ئومێدەکەمان بڵقە ئاوێکی هێند تەنک بو، بەوپەڕی شەرمەوە لە گۆمەکەی نێو پێدەشتی پارتی تەقیی، هەوای بڵقی گۆڕانیش نەشئەیەکی ستراتیژی تری بە پارتی دا و خاترجەم بۆوە، لەوەی دەتوانێ سەرکێشترین ئەسپیش ڕام بکا و هەر خۆی خاوەنماڵە، بێ ئەوەی ختوکەیەکی سوپاس بداتە ئەسپەشێکە و ئافەرینێکیش بۆ دەستبار و بنباڵگرتنی ئاغا گەورە و بچوکەکانی دیوەخان وەربگرێ.
ئێوە ئەی ئەوانەی هێشتا مەخمور و سەرمەستن بە مەرجی چاکسازیەکەی گۆڕان لەسەر حکومەتی پارتی! پێتان وایە "مەسرور بارزانی" بەو هەمو جەبەروت و توندوتیژیە پۆلیسی و دەسەڵاتە موخابەراتی و سەربازی و سامان و پشتگیریە هەرێمیەی خۆی، لە ترسی لێپێچینەوە و پاکێجە چاکسازیەکانی "عەلی حەمە ساڵح"ی بێکەس و پشتوپەنا، قەیسەری لێ بوبێتە کونەمشک و لە پشت مێز و لاپتۆپەکەی هەڵدەلەرزێ و چاوەڕێیە، چاکسازیەکانی کاک "عەلی" بەسەر خۆیدا فەرز بکا و ژێرفەرمایشت بێ. چەند ناخۆش و لێک دور و گەمژانەیە، هەوادارانی سەرگردەکە هێشتا ئومێدیان بە مەلەفە چاکسازیەکانی بنباڵی کاک "عەلی" و وەڵام و پەرچەکردارە دژە گەندەڵیەکانی کاک "مەسرور" بێ!  دەبێ بۆ تێگەیشتنێکی یەکجارەکی چەند جار ئەوە بڵێینەوە! ئەوانەی کە هەر نەک شەرم، بەڵکو شانازیش بە ساڵەکانی ٦٦ و ٧٤ و مانگ و ڕۆژەکانی ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر دەکەن،  دڵنیا بن! نەک پیاوی چاکسازی و نەتەوە و نیشتیمانی کوردی نین، تەنانەت پیاوی پاراستنی مریشکێکی کوردیش نین.
دەشێ برادەرانی سەرگردەکە بۆ پاساوی مانەوەی خۆیان، بەهانەی ئەوە بێننەوە، بەوەی دوای نەمانی "نەوشێروان" و "مام"ی جێشەرم و سڵەمینەوە و حیساباتی هاوڕێیەتی کۆنینە، بڵێن گەر نەچوباینایەتە ژێر باڵی جوتە ئامۆزا بارزانیەکە، ئەوا چوتە ئامۆزا تاڵەبانیەکە سەریان دەخواردین و کۆتاییمان پێ دەهات. ئەگەر ئەمە بەهێزترین پاساوتان بێ، ئەوا ئێوەش هەمان هەڵەی سیاسیی "نێچیرڤان"تان دوبارە کردەوە، کە لە بڕیاری داخستنی پەرلەمان گوتی، لە نێوان خراپ و خراپتر، خراپمان هەڵبژارد. کە ئەوکات ئێوە لە ڕاگەیاندنەکانتان دونیاتان بەسەر حکومەت و سەرۆکی حکومەتدا وەرگێڕا و ئەمڕۆش ئێوە بۆ مانەوەتان لە نێوان خراپ و خراپتردا، خراپترینتان هەڵبژارد و مێشیش میوانتان نیە!
ئێوە لە نێوان خراپ و و خراپتردا هیچیانتان هەڵنەبژارد، بەڵکو بەسەر ئەو دو بەدبڕیارەشدا بازتان دا  و چون، خراپترینتان هەڵبژارد، چونکە لەوە نەگەیشتن، کە بەشداری حکومەت و هەر هاوپەیمانیەک لەگەڵ ئەو دو "جاران حیزب و ئێستا خوارتر لە خێڵیش، واتە بنەماڵە"یەدا دەستتان تێکەڵ کرد، ئێوە چانسی کاراکتەری خاوەن بژاردەی خراپ و و خراپترش نەبون و نابن، بەڵکو خۆتان مەحکوم کرد، بە خراپترین بژاردەی ئەو مێژوە سیاسیەی هێز و کەرەستەکەی شەقامی تا سەر ئێسک ستەملێکراو و خاوەن ئیرادەیە!
برادەرانی سەرگردەکە! هەر بەڕاست ئێوە " لە کەناری دانوبەوە تا..."ی "نەوشێروان"تان خوێندۆتەوە!؟ لە تەواوی ئەم کتێبە سێ بەرگیە زۆرترین ڕەخنەی شل و توند و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لە تاڵەبانی گرتوە، تەنها لە یەک شوێن ستایشەکی ڕاستەوخۆی تاڵەبانی دەکا. کاتێک وەفدێکی حکومەتی بەعس بۆ دانوستان دێتە لای مام و  لەوکاتەدا  شۆڕش "یەکێتی"  لە بێهێزترین باری سەربازی و سیاسیی "گەر هەڵە نەبم ڕێک دوای کارەساتی هەکاریە" خۆی دەبێ  و مام بە هیچ دەسکەوت و پێدانێکی بەغدا ڕازی نابێ. کە لە دانوستانەکە دەگەڕێتەوە و هاوڕێیانی لێی دەپرسن، چی بو و چۆن بەو وەزعە خراپەمانەوە لەسەر هیچ پێکنەهاتی، تاڵەبانی دەڵێ، نابێ هیچ کات لە لاوازیدا لەگەڵ نەیاردا ڕێک بکەوی.. ئێوە کە بە ٢٤ کورسیەوە چوونە حکومەت و پەرلەمانیان لەسەر داخستن، پێتان وابو و پێتانوایە دەتوانن کۆمپانیاکانی کار و ستێر و ڕوداو و ٢٤ و سەدان دامەزرواەی بازرگانیی گەندەڵی حیزبیی بە پارەی میللەتتان پێ دادەخرێ و پارەکەی بۆ هاوڵاتیە قوڕبەسەرەکانتان بۆ دەگەڕێنرێتەوە!
ئێوە تا بە ڕاستگۆیی "گەر ڕاستگۆ بوبن" لەبەرەی پڕ لە زەحمەتی و پەراوێزخراوانی شەقام بون، هێزی شەقام و پەرلەمان و سۆشیالمێدیا و...هتدتان هەبو، لە مەیدانەکە دەریشکرابان و بنپێش خرابان، هیچ هێزێک نەبو، بتوانێ نەتانخوێنێتەوە. ئێوە باشتر دەزانن، کە ژمارەی ئومێدەکانی خەڵکی چەوساوەی ژێر دەستی هەردو حیزبەکە، لەو ژمارەیە زۆر زیاتر بو، کە لە سندوقەکانەوە دوای گەورەترین تەزویر دەگەیشتنەوە دەستتان.. 
دیارە کە حیزبی کوردی هێشتا فکر و ستراتیژی دامەزرێنەر و سەرکردەی یەکەمی تێنەپاڕاندوە، لە پارتی و شیوعیەوە بیگرە، تا دەگاتە گۆڕان و نەوەی نوێ، بۆیە کە تۆ یان لەسەر نەهج و فکری دامەزرێنەر "بە مانا کاریزمیەکە" دەڕۆی ، یان لادەدەی و هیچ و هیچت دەست ناکەوێ و هەمو گۆڕانکاری و نوێبونەوەیەکیش دەدۆڕێنی و تەسلیمی دەسەڵاتە گەورەکە دەبی. کۆنترین نمونە حیزبی شیوعی و نوێترین نمومەش گۆڕانی سەرگردەکە. کەچی ئێوە هێشتا وەک پێویست سەرکردەکەی خۆشتان وەک کاریزماکەی خۆتان نەخوێندۆتەوە، هەرچەند ئەو پیاوەش پاش هەمو لەخۆبوردوی و بەرنامە و نیەتە چاکسازیەکانی دوای گۆڕان، هەر مرۆڤێکە و لە ڕەخنەی جددی و ستراتیژی بەدەر نیە.
ئێوە لە دو شت زۆر سەرچیغ چون!  واتانزانی ئێوە شەقامی ناڕازیتان دروست کردوە و یەکەم و دوایین هەر خۆتان خاوەنی ئەم شەقامەن  و هەرکات بتانەوێ دەیجوڵێنن  و دەیکەنە کارتی فشار، کە ڕێک پێچەوانەکەی ڕاست بو. ئێوە هێشتا "ڕەگ" و "ڕیفۆرم"ی ناو یەکێتی بون، شەقام و ناڕەزایەتیەکانی هەبون. شەقام ئێوەی وەک فریادڕەسی خۆی ناسی و دەنگی پێدان، نەک وەک ئەوەی ئێوە بەهەرلادا بڕۆن و ئەوانیش بە دواتان بێن. قەت ئەوە لە بیر مەکەن، کە ئێوە  و هەر ئۆپۆزسیۆنێکی تریش فەرع بون و هەر فەرع دەبن و شەقامیش هەر ئەسڵ و هەر ئەسڵ! ئاگاتان لێیە، ئێوە چەند شەرمەزارانە هاتن و دەڕۆن و شەقامیش لە جێی خۆیەتی و ئەو ئاڵایەی هەڵگرتۆتەوە و دەیشەکێنێتەوە، کە ئێوە خستتانە ژێر پێیەکانی خۆتان و دەسەڵاتی خاین و کوردکوژ و برسیکەری هاوڵاتیانی خۆی!
ئێوە کە سیاسی و ئینسانی دڵسۆز و هاوشەقام نەبون، لە نێوان هاوسۆزیی هاوڵاتیە برسی و چەوساوە و دەنگدەر و پاڵپشە سەرسەختە پەراوێزخراوەکانی خۆتان، بەرامبەر بە کێکی فێڵ و ژەهراوی دەسەڵات، پشتیوانی دەسەڵاتتان هەڵبرارد. دەتانزانی ئێوە چ وەک تاک و چ وەک بزوتنەوە بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە  بیست و نۆ ساڵ عەیار بیست و چوارە لە خیانەت و دژە هاووڵاتیەی خۆی، دەبێ بەردەوام بن و کۆڵ نەدەن. دیارە ئێوە پیاوی شۆڕش نەبوون، گەرنا دەتانتوانی هیچ ئۆفەرێکی شەرمەزاری قەبوڵ نەکەی و شکۆیەکی وەک "سپارتاکۆس" و سەربازەکانی بۆ مێژوی خۆتان و بزوتنەوەکەتان تۆمار بکەن.
ئێوە دەتانتوانی بە شکۆوە بڕۆن و ئاوێک بڕێژن، کە بە ژیلەمۆی ڕاستگۆیی و دادپەروەری جۆش درابێ، نەک بە بەوپەڕی شەرمەزاری و بێدەنگبونتانەوە لەو هەمو ناعەدالەتیەوە دابنیشن و لە نێو لینگتانەوە سەیری برسیەتی و فرمێسکی عارەبانچیەکانی بڕبڕەی پشتی ڕۆژانی گاگۆڵەییتان بکەن!
ئێوە هەر هەمو سەرگردەکان! دەتانتوانی لە دەرگایەکی سەردەرە بەرز بچنە مێژوەوە، بەوەی  لە ژێر سێبەری کەرامەتی موچەیەکی شەرمنانەی مامۆستایەک دانیش،  کە فشاری خاوەنی خانوەکەی  بۆ کرێکەی لە بەردەم قوتابیەکانی دەشارێتەوە و هێشتا  دەتوانێ، ئەلف و بێیەکەی "باڵدار"یان پێ بەڵێتەوە، بەو حاڵەشەوە لەوپەڕی سەلیقەدایە، بۆ فێرکردنی قوتابیان و لەوپەڕی بێئومێدیش لە دەسەڵاتی کوردی و کوردی و کوردی.
کاک عەلی! لە دوای یەکەم دو مانگی کابینەکەی کاک مەسرور، بێ هیچ دەرەنجامێکی بەرچاو و ڕیشەییانەی چاکسازی، ئەوە چەندەمین جارە ئومێدی چاکسازی لەسەر قوت و سفرەی خاڵی خەڵک درێژ دەکەیەوە! دواجار بەڵێنەکانی ئێوە و ڕێک تۆ، ئەو دەنکە گوڵەبەڕۆژە گرمخایە بو، لە نێو زاری وەک تەڵەی تەقیوی هاوڵاتیانی سەر شەقام کەوتە نێوان ددان و زمان و تامی هەمو دەنکەکانی پێش خۆی بۆگەن کرد و بە مەش مێژوێک دەتفێنرێتەوە.
کاکە "عەلی"ی هاوڕێی گردبونەوەکانمان!  گەر ئەمجارە چویەوە لای مەسرور بارزانی،  فایلە گەندەڵیە گەورەکان لەگەڵ خۆت مەبە و هەر ئەو پرسیارە سادانەی لێ بکە. پێی بڵێ: خانەنشینێک دوسەد هەزار موچەکەیەتی و تۆ ڕێک دو مانگ جارێک موچەکەی پێ دەدەی و کرێی خانوەکەشی دوسەد هەزارە. تۆش حاسیبەکەت دەربێنە و لەگەڵ جەنابیان، بزان چۆن دوسەد هەزاری موچەکە بە سەر چوارسەد هەزاری کرێکە دابەش دەکەن!
پێی بڵێ، کەمئەندامێکی سەر عارەبانە  لە حوکمڕانیەکەی تۆدا دو مانگ جارێک سەد هەزار وەردەگرێ.  کرێی خانوەکەشی دوسەد هەزارە! کە بۆ جاری چەندەم خاوەن خانو بەپڕتاو دێتە حەوشە و کەمئەندامەکەش دەڵێ: قوربان! چی بکەم کە هیچم نیە، وەرە چۆنت پێ خۆشە شکۆم بشکێنە، بەس لای منداڵەکانم سوکایەتیم پێ مەکە و با وا بزانن، کە باوکێکیان هەیە و هێشتا لەوانەیە پیاو و سەیوانی ماڵ بێ! پێی بڵێ، با کاک مەسرور ڕستەیەک بۆ ئەم کەمئەندامە ئامادە بکا، تا لەسەرە مانگی داهاتو پاکانەی خۆی بۆ خاوەن خانوەکەی بکا.
کاک عەلی پێم وایە، کە لەگەڵ جەنابیان ناتوانن و نەتانتوانی کەموکۆی موچە و کرێی مامۆستا و کەمئەندامەکە و دەیانی تر بکەن، بە ئەسپایی حاسیبەکەت دەربێنە و بە توندی بە عەرزەکەی دادە و وردوخاشی بکە و پێش ئەوەی لە ژورەکە بچیتە دەرەوە، سەر ببە بن گوێی سەرۆک و پێ بڵێ، سەرۆک! دەبو زانیبامان حاسیبە تەنها دەتوانێ پارە بژمێرێ، ئێمە کە نەمانزانی، ئەم ئامێرە نەفرەتیە ناتوانێ ژمارەی شکانی کەڕامەت و شکۆ و فرمێسکەکانی مرۆڤ بژمێرێ!

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×