نۆستالژی سەردەمی بەعس‌و گوتاری گەڕانەوە بەرەو دەوڵەتی ناوەندی لەباشوری کوردستان

شاهین کەریمی
  2020-07-02     710

 لێکدانەوەیەکی دیجیتال و کۆمپیۆتەرییانە

نۆستالژی چەمکێکی یۆنانییە، لە دوو وشەی نۆستۆس (nostos )واتە گەڕانەوە و ئەلجۆس (algos )واتە ئازار پێکهاتووە، مرۆڤ پاڵ ئەنێت تامەزرۆی ڕابوردوو بێت. خەریکبوون لەگەڵ نۆستالژی، هاوڕێیە لەگەڵ هەست و ئەوینداری بەهێز و هەڵواسراوی بە شتێکەوە، بە ڕابوردووەوە. مامۆستای زانکۆ، د. «ئێریک هاپێر» سەبارەت بە نۆستالژی ئەڵێت: «تامێکی تاڵ و شیرینە، زۆربەی کات خۆشحاڵ و ئاسوودەیە و هاوڕێیە لەگەڵ بیرکردنەوەیەکی خەمناک. کاتێک بیری لێئەکەینەوە، وەک شتێکی لەکیسچوو دێتە بەرچاومان.«

ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان، بەشێک لە خەڵک، چ وەک هاوڵاتی ئاسایی و چ وەک چالاک و بژاردەی سیاسی، نۆستالژی سەردەمی بەعس و تامەزرۆی گەڕانەوەی داگیرکەرن. سەردەمێکی نەک زۆر دوور، نەک زۆر کۆن، تۆزێک. 1زیاتر لە تەمەنی نەوەیەک. کۆمەڵگایەک قوربانی ڕژێمیکی فاشیستی و دیکتاتۆری، گەلێکی خاوەن ئەزموونی تراژدیای ئەنفال و شیمیاباران و شەڕ و ئاوارەیی و جینۆساید، هەلهەلە بۆ گەڕانەوەی دوژمن ئەکات.
چی بۆ گەلی ئێمە و کۆمەڵگەی ئێمە ڕووی داوە کە باوەش بۆ ئەزموونی کارەساتباری ڕابوردوو ئەکاتەوە؟ سیاسەتمەدارانی ئێمە بە چ ئاراستەیەکدا ڕۆشتوون کە خەڵک ڕوو هەڵئەکەن لە دەسەڵاتی خۆماڵی ؟ ئایا هەموو هەڵە و بەرپرسایەتییەکان ڕوو لە ڕۆشنبیر و دەسەڵاتدار و کۆمەڵگەی ئێمەیە؟
ئەم وتارە هەوڵ ئەدات لە ڕوانگەی چەمکی بازاڕ و تەکنۆلۆجیاوە، هەڵسەنگاندنێکی جیاواز بۆ کێشەکانی ئەمڕۆ لە باشوور بکات.

لە میکانیزم و ژیربێژی بازاڕ-سەرمایەداریدا، سەرمایەداری سەرکەوتوو، کەسێکە کە بتوانێت خوێندەوەیەکی باشی بۆ بازاڕ هەبێت. واتە بزانێت بازاڕ چی پێویستە و چی ئەفرۆشرێت و چۆن سەرنجی کڕیار ڕاکێشێت. بەرهەمهێنەر و بازرگانی سەرکەوتوو کەسێکە، لە کاتی خۆیدا، لە شوێنی خۆیدا، کاڵای پێویست بگەیەنێتە بازاڕ (دەستی بەکارهێنەر). هەندێ جار داهێنەرەکان، لە جیاتی دۆزینەوەی پێویستی بازاڕ و کڕیار، پێویستی دروست ئەکەن. واتە داهێنانی خۆیان ئەکەن بە پێویستی بەکارهێنەر و لەم ڕێگەوە بازاڕی خۆیان باش و خۆیان دەوڵەمەندتر ئەکەن.

ئەم میکانیزمە لە جیهانی کۆمپیوتەر و پرۆگرامسازیشدا دروستە. بەشی بەبازاڕی کردنی کۆمپانیاکانی ئای تی ئەگەڕێن و سەر بە هەموو قوژبنێکدا ئەکەن تاکو بزانن لە کوێ چ سیستەمێک نیە و خەڵک چیان پێویستە تاکو ئەوەیان بۆ دروست بکەن. هەم ئاسانکاری بۆ کار و بازرگانی خەڵک بکەن و هەم بازرگانیەکەی خۆشیان بەردەوام بێت و دەوڵەمەندتریش بن.

ئەمە ڕێچکەیەکی سەلامەت و یاسایی و ڕەوایە. هەموو ئەو کەسانەی کە بڕوایان بە نانی حەڵاڵ و ویژدانی ئاسوودە هەیە، بەم ڕێگادا ئەڕۆن. بەڵام هەندێ لە خەڵکانی شارەزا لە تەکنۆلۆجیا بەڵام دوور لە ئەخالق و ویژدان، لە جیاتی ماندوو بوون و ململانێی شەفاف لە گۆڕەپانی پێشکەوتندا، پەنا ئەبەن بۆ کاری دزێو و ڕێگەی ناڕەوا. لە ڕێگەی هاک کردن، دزی ئەنتێرنێتی، دروست کردنی کرم و ڤایرۆس و لەم دواییانەشدا بە بارمتەگرتنی زانیاری2 ، پارە لە ڕێگەی ڕەش و نایاساییەوە پەیدا ئەکەن.

بەکورتی میکانیزمی کاری ئەمانە بەمشێوەیە. سەرتا ئەگەڕێن بزانن سیستەمێکی وەک ویندۆز، یان سایت و سۆفتوێری بازرگانی خەڵک، لە کوێدا کون و کێشەی هەیە. پاش ئەوەی خاڵی لاوازی سیستەمەکەیان دۆزییەوە، خراپەئامێرێک دروست ئەکەن بۆ تێکدانی سیستەمی ئای تی خەڵک و وەستاندنی بازرگانی کابرا و دروست کردنی بێمتمانەیی لای کڕیارەکانی و لە کۆتاییدا داڕماندنی برەند و بایەخی خاوەن پیشە. ئەمە پلانێکی تۆکەمەیە و خۆیان ئەزانن چ ئەکەن، بۆیە دژی خراپەئامێرەکانیش دروست ئەکەن. پاش ئەوەی سیستەمەکەیان تووشی وەستان و کێشە کرد، بانگەشە ئەکەن دەرمانی دەردەکەی تۆ لای منە و ئێمە دژەڤایرۆسمان (anti-virus) هەیە کە چارەسەری هەموو کیشەکانت ئەکات. دیارە هەم ڤایرۆسەکە و هەم دژەڤایرۆسەکە دەسکردی خۆیانە.
ئەمە ڕێگەیەکی نایاسایی، نائەخلاقی و چەپەڵە کە هەم لەلایەن کۆمەڵگاوە ڕەت ئەکرێتەوە و هەم لەلایەن حکومەت و پۆلیس و دادگاوە ڕوبەڕووی لێکۆڵینەوە و سزا ئەبێتەوە.
ئەم مۆدێلە لە دوو شوێنیتر لە کۆمەڵگادا بەدی ئەکرێت.


یەکەم مۆدێلی چەتەیی و مافیایی
مافیاکان سەرەتا لە گەڕەکێک شەڕ و نائاسایشی و دزی و لێدان و کوشتن دروست ئەکەن. هەندێ جار ئەمانە دەسکرد و نمایشە و هەندێ جار بەهۆی بەریەککەوتنی دەستەمافیاییەکانەوە، بێئاسایشی دروست ئەبێت. پاش جێگیربوونی ناسەقامگیری و بێمتمانەیی، پێوەندی ئەکەن بە خاوەن دووکانەکان و هەندێ جاریش خەڵکانی دانیشتوو لەو ناوچە و، ئەڵێن ئێمە ئەتانپارێزین و ناهێڵین کەس هێرش بکاتە سەرتان، بەڵام لەپێناودا ئەبێت مانگانە پارەیەک وەک سەرانە(باج) بدەن بە ئێمە و لەم ڕێگەوە تۆڕی مافیایی و چەتەیی خۆیان پەرەپێدەدەن و دەوەڵەمەندتر ئەبن. لە ڕاستیدا هەم سەرچاوەی نائاسایشییەکە (ڤایرۆس) و هەم دابین کردنی ئاسایش (ئەنتی ڤایرۆس) خۆیانن.


دووهەم مۆدێلی سیاسەت و دەوڵەتداری
لەم مۆدێلەدا، دەوڵەتانی ناسەلامەت و نادیموکرات لە هەر شوێنێک دەسەڵات و دەسڕۆشتووییان هەبێت (دەورو بەرو ئەو شوێنانەی پیاوی خۆیان لەوێ بێت و خەڵک بەگوێیان بکات) کێشە بۆ خەڵک و وڵاتانیتر ئەنێنەەوە و دەسەڵات و حکوومەتی ئەو وڵاتە تووشی کێشە و ناسەقامگیری ئەکەن. پاش شێواندنی باری ئاسایی ژیان و لاواز کردنی حکوومەت و یاسا لەو وڵاتە (دروست کردنی ڤایرۆسەکە)، هەنگاوی دوایی دروست کردنی بێمتمانەیی لای خەڵک و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە سەبارەت بە توانایی حکوومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. پاشان بەو دەسەڵاتە و خەڵکی ئەو وڵاتە ئەڵێن، ئێمە یارمەتیتان ئەدەین و فریاتان ئەکەوین و ناهێڵین ئیوە لەنێو بچن (بانگەشە بۆ ئەنتی ڤایرۆسەکەی خۆیان). دواتر لەڕێگەی پیاوان و مووچەخۆرانی خۆیانەوە، دۆخەکە ئارام ئە کەنەوە و خۆیان وەک فریشتە و پیاوچاکێک نیشان ئەدەن. بەڵام لە ڕاستیدا سەرچاوەی هەم نائارامی و کێشەکان ( ڤایرۆسەکە) و هەم ئارام کردنەوەی دۆخەکە (ئەنتی ڤایرۆس/پیاوان و مووچەۆرانیان)، خۆیانن.

ئەم گەمەیە، زیاتر لەلایەن وڵاتانی نادیموکرات و دیکتاتۆری وەک ئیران و تورکیە بەرانبەر بە وڵاتانی لاواز و پێشنەکەوتوی وەک عێراق و ئەفغانستان و کوردستان بەڕێوە ئەچێت.
ئەگەر سەیری ناوچەکە بکەین، زۆر بە ڕوونی ئەم داڕشتنە pattern) ) ئەبینین. بۆ دابین کردنی بەرژەوەندی و دەستڕۆشتوویی خۆیان، سەرەتا ئابووری ئەو وڵاتە لێکهەڵەوەشێنن، پاشان دەسەڵات و شەرعیەت تووشی تەنگەژە ئەکەن، لە کۆتاییشدا بە هەڕەشە و دەستێوەردان هەوڵی دەستەمۆکردن و ڕامکردنی ئەو گەلە ئەدەن. ئەم سینارۆیۆ قێزەون و ناڕەوایە، سەردەمانێکی زۆرە بەرانبەر بە کوردستان و دەسکەوتەکانی گەلی کورد پڕاکتیزە ئەکرێت.

لەڕێگەی گەندەڵ کردن و دەستەمۆ کردنی حوکمڕانان، وشکاندنی سەرچاوەی داهات و بڕینی مووچەی خەڵک، نائارام کردنی سنوورەکان و سەقامگیرکردنی کەشی ترس و بێمتمانەیی، سڕهەڵماڵین لە دۆسیەی گەندەڵی لە کاتی دیاریکراو(نیوەڕاست-نیوەچەواشە)، هەڵمەتی میدیایی و شێواندنی ڕاستییەکان، نانەوەی دووبەرەکایەتی و کوشتنی هەستی نەتەوایەتی و دەیان پلان و سیناریۆی خوێندنەوە بۆکراو، بنچینەکانی کۆمەڵگا لەرزۆک ئەکەن و خەڵک ئەبەن بەرەو ئەو خاڵەی کە بەخۆیان بڵێن ئەمەی ئێمە شوێنی کەوتووین و داوای ئەکەین (مافی ڕەوای خۆمان و خەبات بۆ سەربەخۆیی کوردستان) نابێتە مایەی بەختەوەری و ژیانێکی ئاسوودە، هیچ داهاتوویەکی نیە و نەمانتوانیوە ئەزموونێکی سەرکەوتوو پێشکەش بکەین. گرفتی سەرەکی لەوەدایە، ئەوەی ئەوان مەبەستیانە، لەلایەن ئیمەوە و لەدەمی خۆمانەوە ئەوترێت. واتە بە شەڕێکی درێژماوە و ماندووکەر، کارێک بە هاوڵاتی کورد ئەکەن، تاکو تاکی کورد بێزار بێت لە هەموو شتێکی کوردی و دەسەڵاتی خۆماڵی.

ئەمڕۆ ئەبینین، خەڵکی ئێمە لە باشوور نۆستاڵژی سەردەمی بەعسن، هەندێ بانگەشە ئەکەن ئێمە لاوازین و خۆمان پێناپارزێرێت، ئەبێت عێراق بەهێز بکەین تاکو عێراق بمانپارێزێت، هەندێ بێشەرمانە بانگەواز بۆ هەڵوەشانەوەی فیدڕاڵی و هەرێم ئەکەن و دەیان نموونەی تر لەم دەنگانە لەملاولا ئەبسیترێن. هەموو ئەم دەنگانە دەرەنجامی ئەو شەڕەیە کە لەگەڵ ئەزموونی کورد و کوردستان کراوە و ئەکرێت. هەموو نیشانەی ئەوەیە ئێمە وشیار و چەکدار نەبووین، ئێمە هەستی نەتەوایەتی و کوردستانیمان نەبووە. دەسەاڵتدارانی ئێمە خەریکی بەرژەوەندی کورت و تاکی خۆیان بوون، کۆمەڵگایان لەڕێگەی حیزبی ناسەلامەت و خێڵبازییەوە بەڕێوە بردووە، تاکوو گەلی ئێمە و هاوڵاتی ئێمە بەوشێوە نائۆمید و سەرلێشێواوو بن.


کۆتایی
ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان و باشوور لەئارادەیە، هەمان پاتێڕنی هاککەرەکان و گەمەی ڤایرۆس و دژە ڤایرۆسە، هەمان میکانیزمی مافیاکان و دابین کردنی ئاسایشی بازرگانی و گەڕەکە، هەمان سیاسەتی ناسەلامەتی بارمتەگری دەوڵەتانی نادیموکراتی دژومن بەرانبەر بە پرس و ئەزموونی کوردە. پەیڕەو کردنی سیاسەتی بە مەرگ بگرە تاکو بە تا ڕازی بێتە. کۆی ئەو تەنگەژە دەرەکی و ناوخۆییانەی ڕوبەڕووی هەرێم ئەبێتەوە، ئامانجی کۆتاییان لاواز کردن و شکەست پێهێنانی ئەزموون و دەسەڵاتی کوردییە. ئەگەرچی دەسەڵاتداری گەندەڵی ناکارامە کوردیش بەرپرسە لە دۆخی ئەمڕۆکوردستان، بەڵام لە کۆتاییدا سەرچاوە و هۆکاری ڕاستەقینەی زۆربەی کێشەکانمان، دوژمنانی کورد و سێ دەسەڵاتی دژی کوردی فارس، تورک و عەرەبن. نۆستالژی سەردەمی بەعس و گەڕانەوە بۆ ژێر دەستی حکومەتی ناوەندی، نەک لەبەر باشبوونی دۆخی کورد لەو سەردەمەیە، بەڵکو دەرەنجامی خوڵقاندنی دۆخێکی دوژمنکارانەیە لەلایەن دوژمنانی کوردەوە کە کۆمەڵگای ئێمە پاڵ ئەنێت بۆ تامەزرۆبوونی ئەو سەردەمە.

پێویستە کورد لەگەڵ یەک بدوێت، لەگەڵ یەک پێک بێت، پشتی یەک بگرێت. بەهێز کردنی هەستی نەتەوایەتی و سەروەری خوازی و سەربەخۆیی خوازی، بوردن لە بەرژەوەندی کورت ماوە بۆ دەسکەوتی مەزنتر، پاراستنی دەسکەوتەکان و پشتگیری هەموو کوردان بۆ کێشەکانی ئەمڕۆی کوردستان، ئەتوانێت هێز و وزەیەک دروست بکات کە ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت.
هەروەها، سەردەمی دەسەڵاتی ناکارامە و گەندەڵ لە باشوور گەیشتۆتە قۆناغی کۆتایی خۆیی. ڕێگەچارەی سەلامەت و شیاو، بە چاکسازی ڕاستەقینە لە دەسەڵاتی باشوور و لابردنی حوکمی حیزبیدا، تێدەپەرێت.


ڕوونکردنەوە:
1 - تەمەنی نەوەیەک 25 ساڵە
2 - بەبارمتە گرتنی زانیاری، تەکنیکێکی نوێی هاککەرەکانە کە دزە ئەکەنە ناو سیستەمی ئای تییەوە، پاشان هەموو
زانیارییەکان لە کۆدەوە ئەپێچن (encrypting  ) بەجۆرێک کە ناتوانیت بەکاریان بێنیت، پاشان ئەڵێن ئەوەندە پارەمان
بۆ بنێرە تاکو زانیارییەکانت بۆ بکەینەوە یان کلیلەکەییت بۆ بنێرین.

 

شاهین کەریمی، ماستەر لە کۆمپیوتەر


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×