ڕەحمەت لە کفن دز

دلێر محەمەد نوری
  2020-07-03     1699
کورد ئەڵێت:- ( سەدد ڕەحمەت لە کفن دز )، هۆکاری پشتی ئەم پەندە چیرۆکێکە کە لە زۆربەی گێڕانەوەکاندا وا هاتووە، کە کابرایەک ناوبانگ بە کفن دز دەردەکات، بە هۆی ئەوەی هەر کەسێک بمردایە و بنێژرایە، لاشەکەی دەردەهێنا و کفنەکەی ئەدزی، کاتێک مناڵەکەی گەورە دەبێت، ڕۆژێک لە دایکی ئەپرسێت،  بۆچی باوکم بە کفن دز ناوی دەرکردووە؟ دوای وەڵامی دایکی  سوێند ئەخوات کە کارێک بکات بۆ هەتا هەتایە ڕەحمەت بۆ باوکی بچێت. ئەوەیش بەوەی کاتێ    مردووەکان لە گۆڕەکانیان دەردەهێنێت و جگە لە دزینی کفنەکە لاقەشی دەکردن، بەمەش لەو کاتەوە ڕەحمەت بۆ باوکەی کفن دز دەچێت هەتا ئەمڕۆشی لە گەڵدا بێت.
سەددام کە دیکتاتۆرێکی بێ وێنەی سەردەمی خۆی بوو ڕەنگە لە نەفرەت زیاتر کێلی گۆڕەکەی هیچ ڕەحمەتێک هەڵنەگرێت. چونکە ڕەفتار و کردار و بڕیارەکانی کارێکیان کردووە کە لە دەوری سی ساڵی کۆتایی تەمەنی یەکێک بوو لە سەرکردە ناشرینە پڕ تاوانەکانی جیهان.
 ئەمە لە لایەک و لە لایەکی دیکەش هەر لە دوای  شەرە سەپاوەکەی کوەیت دا نوکتەیەک لە کەرکوک بڵاوبووەوە  کە کورتەکەی ئەمە بوو:-
گوایە حەفسەی دایکی سەددام ئەچێتە لای دکتۆرێکی میسری تا سکی بپشکنێت ئاخۆ بۆچی ئاوساوە، دکتۆرە  میسرییەکەش بە لەهجەکەی خۆی ئەڵێت ((شوف یا ستی، یگیلک غلام، باسم صدام، یدمر اڵامە العربیە من ورا‌و لگدام)) واتا ((تەماشاکە خانمەکەم، کوڕێکت دەبێت ناوی سەدامە، لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر ئۆمەتی عەرەبی کاول دەکات)).
سەددام بەو هەموو جەور و ستەمەیەوە کە بە چواردەورا بڵاوی کردەوە بەرانبەر بە شیعە و کورد و هەر بەرهەڵستکارێک لە ناوخۆ و بەرانبەر ئێران و کوەیت و چەندین کەس و لایەنی دیکە هەمیشە نەفرەتی لە هەموو لایەکەوە بۆ دەچوو بە درێژایی ٣٥ ساڵی حوکمڕانی و تا پێش ماوەیەکیش لەمەوپێش. نەفرەت لێکردنەکانیش بە گشتی لە لایەن قوربانییەکانی دەستی سیاسەتەکانی و بە تایبەتیش کوردەوە بوو. بەڵام سەیر لەوەدایە کوردی قوربانی دەستی سەددام بە پلەی نایاب، ئەمڕۆ و لە پاش ئەو هەموو ساڵانەی ستەمی سەددام ڕۆژانە لە دەیان پۆست و بڵاوکراوەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و هەندێک جاریش لە چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەکان بە زاری پڕ و گەرمەوە بیری سەددام بکەن و وێنەی بڵاو بکەنەوە و ڕەحمەتی بۆ بنێرن.
بە هۆی ئەو بارودۆخە خراپەی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت ڕۆژانە هەمووان لە سەر خەتین لە گەڵ دۆست و هاوڕێیان، هەندێک جار وا ڕێکدەکەوێت مناڵەکانی دەوروبەرمان، بە هۆی ئەوەی گوێ بۆ قسەکانمان هەڵدەخەن، لێت دەپرسن ئەوە بۆچی کوردستان وای لێ بەسەرهاتووە؟ ئەی ئێمە خۆمان خۆمان بەڕێوە نابەین؟ ئەی خۆ سەددام نەماوە؟ بۆ وەڵامدانەوە ئەبێت ئەرک بکێشیت تا وەڵامێکی کەمێک لۆژیکی بدەیتەوە و مناڵەکەشت وێنەی کوردستانی هێندەی تر لا تەڵخ نەبێت. خۆزگە بەرپرسانی کوردستان کۆمەکیان دەکردین تا وەڵامی ئەم جیلەی دوای ڕاپەڕینمان دەدایەوە کە هیچ لە بارەی سەددامەوە نازانن و نەدیوە و ئەوەی دیویانە ستەمی کوردی بووە لە خۆی. دێین و دەچین نە وەڵامێکمان هەیە بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتێک خۆی قوربانی دەستی ستەم بێت چۆن بتوانێ ستەم لە خەڵک و خوای خۆی بکات؟
یاخود هەر نەبێت لە جێگەی کۆمەک کردنی ئێمە لە وەڵامدانەوەی مناڵەکانماندا، کەمێک لە ٢٩ ساڵی ڕابردووی خۆیان بڕوانن، بزانن چییان کردووە تا ڕۆڵەکانیان ڕەحمەت بۆ سەددام بنێرن. خۆ ئێوە قوربانی دەستی سەددام بوون نەک ئەولادی سەددام تا بەو جۆرە رووی سەددام سپی بکەنەوە و ئێوە کارێکتان کردووە بە دەردی دکتۆرە میسرییەکەی دایکی حەفسە کوردستانتان لەم سەرەوە بۆ ئەو سەر کاول کردووە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×