چروککردنەکانی چاکسازی، كێ مەترسییە لە سەر قەوارەی هەرێم ؟

ئەنوەر حەمە عەلی
  2020-07-09     843
کات بە فیڕۆدان بە هۆنینەوەی مەترسییەکانی، تورکیا، ئێران و ئێراق بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوە وایە کە ڕاستییەکی نمونەی"یەک و یەک ئەکاتە دوو" بخەیتە ژێڕ پرسیارەوە! ئەم جۆرە لە وتاری سیاسی، بە پیلان بێ یان بە نەزانین، زەرەر لەو ترسە و گیانی بەرنگارییە ئەدات کە ئەبێت ڕایەڵەی یەکڕیزی و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان بێت لە بەرامبەر پیلانگێڕی بێ کۆتایی ئەم وڵاتانە لە دژی هەر نەفەسێکی ئازادی، خودفەرمانڕەوایی خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان.
مەترسی گەورە ئەوخەیاڵ پڵاوییەیە کە پێت وابێت لە ڕێگەی پێدانی پارچەیەک لە کێکی ئابووری هەرێمی کوردستان و هاریکاری هەواڵگریی و سیاسییەوە جێگەیەک بۆ قەوارەی هەرێم لە ستراتیژی ئەم وڵاتەنادا ئەکەیتەوە، بە بێ ئەوەی سیستمێکی فەرمانڕەوایی و ئابووری  پتەوت دامەزراندبێ  کە خەڵکی کوردستان بە دڵ و بە گیان بە دەورییەیەوە کۆ ببنەوە و پشتیوانی و بەرگری لێبکەن. بیست و نۆساڵتان لە بەردەمدا بوو ئەمە بکەن بەڵام ئێستا کەپرێکتان لە فەرمانڕەوایی دروست کردووە کە بە هەر بایەکی ئەم وڵاتانە، نرخی نەوت و کۆکەیەک لە کریملن یان لە کۆشکی سپی، ئەلەرێتەوە. لە ڕاستیدا مەترسی سەرەکی و گەورە لە سەر قەوارەی هەرێم ئەم کەپرەیە لە فەرمانڕەوایی.
ئەم کەپرە لە فەرمانڕەوایی، تەنها مووچەبازی، ناشەفافییەت، گەندەڵی دارایی و ئیداری دروستی نە کردووە. تەنها چاکسازی لەم بوارانەدا، ناتوانێ ئەم کەپرە بکات بە ماڵێکی پتەو بۆ هەمووان. ئەم کەپرە، مێژووی سیاسی، سیاسەتی تەوافوقبازی و پۆستبازی پارتە سیاسییەکان و بێتوانایی سیستم لە ئەفراندنی سیاسی، ئابووری کۆمەڵایەتیدا دروستییان کردووە کە سەر ئەنجام زۆربەی جومگەکانی دەوڵەتداری، بە بازاڕ و سیستمی تەندروستی و پەروەردەشەوە خنیوە بە خەڵکانێک کە لە سەربنەمای وەفا بۆ ئەم پارتی سیاسی، ئەوبنەماڵە و ئەو بەرپرس، نەک لە سەر توانا و دڵسۆزی سەلمێنراویان. ‌دارکرمی لە خۆی نەبێت ناڕزێت.
قەیرانی دارایی تەنها دەرئەنجامێكی خراپی ئەم سیستمیە لە ناو دەیان دەرهاویشتەی مەترسیدارتری وکو: توانای یاسا و سەربەخۆیی سیستمی دادپەروەری؛ کۆمەڵگایەکی بەکارهێنەر و کەم چالاک؛ کەمبوونەوە و داڕامانی بەرهەمی ناوخۆ؛ کارەسات لە سیستمی خوێندن و ئەفراندنی زانستیدا؛ ئابوورییەکی گرێدراو بە و وڵاتانی ڕەقیب بە هەرێمی کوردستان؛ میدیایەکی کارەساتبار و کەم خولیا؛ شێرپەنجەی کارەبا و مووچە؛ قەیرانی کوڵتور و بەها؛ لاوازبوونی شکۆی تاک؛ دەزگای جەنگی و پاراستنی لاواز پەرش وبڵاو لە خزمەتی پارتی سیاسیدا؛ بە هەدەردانی سامانی مرۆیی و ئابووری هەرێم؛ کردنی سیاسەت بە بزنزێکی قێزەون و نادادپەروەر و هتد!
مەترسی سەرەکی لە سەر قەوارەی هەرێم ئەو مشتەیە لە خەروارێکی دەرەنجامی مەترسیدار کە خەڵکی کوردستان و هاوڕێیانی کوردیان لە سیستمی فەرمانڕەوایی لە هەرێمی کوردستان نا ئومێد و خەمبار کردووە. شەڕ لە گەڵ ئەم دەرهاویشتە مەترسیدارانە تەنها بە چاکسازی دارایی و باشکردنی شەفافییەت ناکرێت. ئەم شەڕە بە داڕشتنەوەی سیستمی فەرمانڕەوایی لە هەرێـمی کوردستان ئەکرێت بە شێوەیەک کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە زۆرینەی گشتی پشتیوان و پارێزەری بێت و  دیسپلین،ئـامێر و توانای زانستی و مەعریفی ئەوەی هەبێت کە ئەم کەپرە لە فەرمانڕەوایی بکاتە ماڵێکی پتەو بۆ هەموان، واتە نیشتمان.
بە بڕوای من، ئەمە بە حکومەتی پارتە سیاسییەکان، نییەت پاکی ئەم و ئەو و ڕادەست کردنی دەسەڵات بە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان ناکرێت. کێشەکە لە تەواوی سترەکچەرێکی فەرمانڕەواییدایە کە بە درێژای بیست و نۆ ساڵ بەرهەم هاتووە،  لە ناو جیۆپۆلیتیکێکی ئاڵۆزدا. ئەگەر ئەم سیستمە بە جێگەو ڕێگەی یاسا و دەزگای دادپەروەری، بە ڕێکخستنی ئابوورییەکەی و دەزگا گشتی و تایبەتییەکانی، هتد، بە سەر هەرێمێکی وەک و باڤاریای ئەڵمانیا یان کاتالۆنیای ئیسپانیا بسەپێنیت، ئەوە چەندساڵێکی کەمیان پێویستە تا توشی ئەو قەیرانانەی هەرێمی کوردستان ببن.
مێژوو پێمان ئەڵێت کە ئەم جۆرانە لە مۆدیلی فەرمانڕەوایی، کە لەلایەن زۆرینەی خەڵکەوە خاوەندارێتی لێ نەکرێت، شانسی بەردوامبوون و گەشەکردنیان نییە. بڕوانە وڵاتانی ناسیۆنالیستی ئەرەبی و ئەفریقا! بڕوانە وڵاتانی سەر بە بلۆکی سۆڤییەتی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، هتد !. پرسیارەکە لەوەدایە، چی بکەین بۆ ئەوەی گؤڕانکارییەکی سپی وک و ئەوەی لە هەنگاریا یان پۆڵۆنیا ڕوبدات نەک وەک و ئەوەی لە ڕۆمانیا یان یوغۆسلاڤیادا، لە دوای داڕمانی یەکییەتی سۆڤییەت ڕویدا. بەرپرسیارێتی خەڵک و پارتە سیاسییەکان چییە بۆ ئەوەی ترانزیسیۆنێکی سپی بکرێت نەک ترانزیسێۆنێکی سور کە برینێکی تر بکاتە مێژووی سیاسیمانەوە؟
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×