هەڵسەنگاندنێک بۆ کابینەی نۆیەمی حکومەت لەماوەی ساڵی ڕابردودا ؟!

ئەبوبەكر هەڵەدنی
  2020-07-10     715
مانگ سەر لەئێوارە دیار بوو
بەدروستی پار ئەم کاتانە کابینەی نۆیەمی حکومەت لەبەردەم پەرلەماندا متمانەی پێدراو هەر ئەوی ڕۆژێ دوای تەواو بوونی کارنامەکەی  رووبەروو بەبەڕێز سەرۆکی حکومەتم ووت( چاودێریت دەکەین بۆ جێبەجێ کردنی کارنامەکەت،بەڕێزیان ووتی هاوکاریمان بکەن،دووبارە ووتم چاودێری حکومەت وگوشاری یاسایی ومەدەنی بەپێی ڕێکارەکانی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان  بۆ جێبەجێ کردنی کارنامەی حکومەت گەورەترین هاوکاریە).

دوای ئەم ساڵە ئەو(52)خاڵەی کارنامەی حکومەت بوو کە سەرۆکی حکومەت لەسەر( ئاستی چاکسازیی، ئاستی خزمەتگوزاری،ئاستی پەیوەندیەکانی حکومەتی هەرێم وناوەند،ئازادی ودیموکراسی وپێکەوەژیان ،پەیوەندیەکانی هەرێم لەئاستی هەرێمی ونێودەوڵەتی،ئاستی ئابووری ودارایی،لەئاستی کارگێری)جگە (لەدەرکردنی یاسای چاکسازی کە هێشتا گرەنتی جێبەجێ کردنی وەک خۆی نیە)زۆربەی هەرە زۆری جێبەجێ نەکراون ولە چوار چێوەی بەڵێندا ماونەتەوە.
هەر چەندە  بە ساڵێک هە ڵسەنگاندن بۆ کابینەیەک ناکرێ،بەڵام کورد واتەنی مانگ سەر لەئێوارە دیارە وسێ ساڵی تریش (تەرح)بێت ودڵنیام هەر ئەم پاساوانەی ئێستا دەهێنینەوە،هۆکاریش ئەوەیە(فەلسەفەی حوکمڕانی وعەقڵیەتی حوکمڕانی گۆڕانی بەسەردا نەهاتوە،،دەستی حزب دوور نەخراوەتەوەلەحکومەت،داهاتی ووڵات ئەوەندەی لەخزمەتی حزب وگروپ وکەسەکاندایە ئەوەندە لەخزمەتی گشتیدا نیە).

دوای ساڵێک لەتەمەنی حکومەت:
١/تائێستا سەرۆکی حکومەت سەردانێکی پارێزگاکانی سلێمانی وهەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان وڕاپەرین وئەوەندەی ئاگادار بم پارێزگای دهۆکی نەکردوە.

٢/سنورەکانی دو ئیدارەیی تۆخ تربوونەتەوە،وەک لەپرسی (زینی وەرتێ، پێشمەرگە کوژراوەکەی ناوئاسایش، مستەفا سەلیمی، ئامانج بابانی، ڕێگریی لەبەڕێز مەحمود سەنگاوی.....هت )بینیمان.

٣/قەیرانی موچەو دواکەوتنی موچە بەردەوامە،نەک پاشەکەوت نەگەڕایەوە بۆ فەرمانبەران،بگرە (لێبڕین)یشی هاتەسەر.

٤/دەروازە سنوریەکان هەربەدەست حزبەوەیە ولە ١٩٩٢ خراپترە.

٥/دانوستان لەگەڵ بەغداد ئەنجامی لێنەکەوتۆتەوە ووەک سەرۆکی حکومەت لەووتەکەی ووتی سوود لەنیازپاکی عادل عبدالمهدیش وەرنەگیرا بۆ چارەسەری کێشەکان وساڵێکە لەبازنەیەکی بۆشدا  لە جەدەلی دانوستاندادەخولێینەوە.

٦/ڕۆتین نەک هەرکەمی نەکردوە، بگرە کێشەی سەرەکی وبەردەوامی هاوڵاتیانە لەکاروباری ڕۆژانەیان.

٧/دەرمان بەدەست کۆمپانیا وبەرپرسە حزبیەکانەوەیە وکوالیتی تەندروستی ونەخۆشخانە گشتیەکان لەوپەڕی خراپیداتە.

٨/شەفافیەت نەک بەرجەستە نەبوە هێشتا سەرچاوەی داهاتەکانی حکومەت ناڕوونە ودەیان پرسیاری پەرلەمانتاران وخەڵک لەم بارەوە بەشاراوەیی ماوەتەوە.

٩/زۆری باج وڕێکنەخستنەوەی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بوەتە بارگرانیەکی دی بۆهاوڵاتیان.

١٠/لەپرسی چاودێری پەرلەمان سەدان پرسیاری پەرلەمانتاران وەڵام نادرێتەوە و سەرەڕای چەندین یاداشت سەرۆک وجێگرو وەزیرەکان لەم هەموو قەیرانەدا نەهاتوونەتە بەردەم پەرلەمان بۆلێپرسینەوە،کەلەساڵی یەکەمی کابینەی هەشت چەندین وەزیر بەئەنجومەنی هەرێمی نەوت وگازەوە بانگهێشت کرابوون.

١١/سندوقی خانەنشینی نەک هەرکارا نەکراوە بگرە پێکیش نەهێنراوە.

١٢/کێشەی کارەباو ڕێگاوبان وخزمەتگوزاریەگشتیەکان وژینگەودانەمەزراندنی  دەرچوانی زانکۆ وپەیمانگاکان ونەدۆزینەوەی هەلی کار هەروەک خۆیانن .

١٣/ بەئەلکترۆنی کردنی حکومەت هەنگاوی بۆنەنراوە،مەگەر بەهۆی کۆرۆناوە سوود لەتەکنەلۆژیای ئەلکترۆنی بۆ کۆبونەوەکان وەرگیرابێت.

١٤/گەنجان بەگشتی ودەرچوانی  حەوت ساڵی ڕابرودووی زانکۆ وپەیمانگاکان  بەردەوام بەهۆی گەندەڵی وبندیوارەکانی حزبەوە نەهامەتیەکانیان بەردەوامە.

١٥/ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم  نەک هەر ڕەوشیان ئاسایی نەکراوەتەوە ،بگرە لەخراپترین دۆخدان وڕۆژانە هاوڵاتی کورد شەهید وبریندار دەکرێن وگێچەڵ وسوکایەتیان پێدەکرێت ومافیان زەوت دەکرێت ودەغڵ ودان وخەلەو خەرمانیان دەسوتێنرێت.

١٦/نەک هەر سەرچاوەکانی داهات فرە ڕەهەند نەکراوە هەرسێ کەرتی کشتوکاڵ وگەشتوگوزار وپیشەسازی زۆر بێنازن.
١٧/لە بواری کشتوکاڵدا دۆخی جوتیارانی هەرێم   و ساغ کردنەوەی بەروبومەکانیان دەرخەری سیما ودۆخی دژواری ئەم کەرت وتوێژەن.

١٨/لەبواری دەستخستنی زانیاری هێشتا بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەرێمی  کوردستان ناوچەیەکی نائارامە بۆ ڕۆژنامەنوسان وبەردەوام ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە.

١٩/لەسەرئاستی ئاسایشی هەرێم ئێستا زەمین وئاسمانی هەرێم ئاوەڵایە لەبەردەم بۆردومانی دەوڵەتانی تورکیا وئێران وزیاتر هاتونەتەوە ناوخاکی هەرێم وبەتەنها تورکیا زیاتر لە (38)بنکەو سەربازگەی هەیە وبەردەوام دێتە ناوخاکی هەرێم و هاوڵاتیان شەهید وبریندار دەبن لەئەنجامی بۆردومانەکانەوە.

٢٠/لەبواری تەرشیقی ئیداری کابینەی حکومەت نەک هەر بچوک نەکراوەتەوە بەڵکو چەندین یاریدەر دانراون بۆسەرۆکی حکومەت کە بۆ ڕازیکردنی ئەوانەن سەنگەری حزبیان گواستۆتەوە وئەمەش جەستەی حکومەتی قەبە کردووە.

٢١/لەبواری لامەرکەزیەتی ئیداری نەک هەر دەسەڵاتەکان شۆڕنەبونەتەوە بگرە ناوەندێتی کارگێڕی ودارایی وبڕیار زیادیکردوە.

ئەرکی حکومەتە پێداچونەوە بەکاری ساڵی ڕابردووی بکات گەر دەیەوێ سوود لەهەڵەکانی پێشوو وکات  لەداهاتوو وەربگرێت ،،تائەو پەندە کوردیە بەرجەستە نەبێت ساڵ بەساڵ خۆزگەم بەپار.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×