هەوڵەکان بۆ قەدەغەکردنی تاڵانکاریی (کلیپتۆکراسیی)

د. رزگار ئاغا
  2020-07-11     250
بەشی پێنجەم
کلیپتۆکراسیی و گەندەڵیی گەورە, لە ئێستادا لەژێر ووردبیینییەکدایە کە لەوە پێش کاری جیددی لەسەر نەکراوە لە ئاستی نێودەوڵەتییدا. لەتەک نوێبوونەوەی گرنگیی زانستیی بەم دەستدرێژییانە, بەشێوەیەکی رۆشنتر, وێنەی ئابوورییە ناوخۆییەکان کەوتوونەتە بەرچاو, کە کلیپتۆکراتەکان وەک بنچینەیەک پێکیان هێناوە. شرۆڤەکارەکان ئەوەیان پیشانداوە کە چۆن چۆنیی دامەزراوەکانی دەوڵەت رێگەیان بە هەڵبژێرراوە پەرلەمانی و حکومییەکانیان داوە کە خۆیان و ماڵ و منال و کەسوکاریان بە شێوەیکی بەرنامەدار و یاسایی, تاڵانیی گەورە گەورە ئەنجام بدەن. لەمە زیاتریش, لە پەنا دەسەڵاتەکەشیاندا, پارێزگاریی ئەم دەستەبژێرە سیاسییە بکەن بەوپەری تواناوە. 
   ئاماژەدارییەکانی زانیینی گەندەڵیی نێودەوڵەتیی سەر بە رۆشنکاریی نێودەوڵەتیی (CPI), ئاستەکانی گەندەڵیی لە دەوڵەتێکی دیارییکراودا پۆلێن ئەکات بەپێی گوفتاری شارەزایان و بزنسمانەکان, هەرچۆن بە سەرچاوەیەک دائەنرێـت لە زۆرێک لەو چەندوچوونە رۆنامەوانیی و سیاسەتانەی کە لە بارەی گەندەڵییەوە ئەکرێن. بەڵام ئاماژەکە تەنها کەرتی حکومیی بە هەند وەرئەگرێـت و پێداگیریی دەکات لەسەر " بەکارهێنانی پێگە گشتییەکان لە لایەن بەپرسەکانەوە بۆ بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان". ئەوەی رۆشنە, ئەوەیە ئەو شتانەی تر بەهەند وەرناگرێـت وەک, قوڵپدانی دارایی رێپێنەدراو, شۆردنەوەی پارە, هەروەها ئەوەی کە رۆشنکاریی نێودەولەتیی ناوی ناوە " گەندەڵکاران". لەم تێڕوانیینە تەسکەوە , کاتێک کەسەلەکە پەیوەست ئەبێـت بە رەفتاری بەرتییل دانەوە, ئەوا ئەو تەنها لایەنەی کە بەشداریی (ئەنجامدەری روودانی) گەندەڵییەکە ئەکات ئەو لایەنەیە کە بەرتییلەکە وەرئەگرێت.(١)
  کۆتایی جەنگی سارد, فشاری جیۆپۆلەتیکیی ئەمەریکای بەرزنەکردەوە بۆ باربووکردنی دەوڵەتە بەکرێگییراوەکان دژ بە یەکێتی سۆڤیەتی جاران, بەڵام لە تەکیدا بوو بە مایەی وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی. تەنانەت نەودەکان, رای کوژەر لە زۆرێک لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکاندا ئەوەبوو, کە گەندەڵیی بە بەشێکی گرنگ و پێویست دانرا لە پیادەکردنی کاروبارەکان دا. ئەمە وای کرد, بە نموونە, ئەڵمانیا ڕیی دا بە کۆمپانیا ئەڵمانییەکان لەو وڵاتانەدا, هەموو بەرتییلە دەرەکییەکانیان لە باجی کۆمپانیاکان سڕییەوە.
  هەر لە نەوەدەکاندا, ئەو بڕوایە هەبوو کە گەندەڵیی لە راستییدا بە شێوەیەکی ناپەسەند بڵاو ئەبێـتەوە و زەیانبەخشە بۆ گەشەسەندنی ناوخۆیی. لە ساڵی ١٩٩٥ دا, رێکخراوی رۆشنکاریی نێودەوڵەتیی کە "بەرلین" ی کرد بە بارەگای خۆی -لە خوارەوە باسی ئەم دامەزراوەیە دێت-, دەستپێکی ئاماژەکارەکانی گەندەڵیی دەرکرد, کە بریتیی بوو لە رووپێوانێک کە بوێرانە بوو, لە ناوهێنانی کەس و کۆمپانیای تێوەگلاو کە لە چاودێرە دەرەکییەکانەوە ناوەزەد کرابوون.
  ئەلیکساندەر کووڵی و هاوڕێکانیی(٢), کورتەیەکی ئەو زنجیرە رێکەوتتنامە و پەیمانە نێودەوڵەتییانەیان ناوهێناو, کە لەم بوارەدا سازکراون, هەر لە رێکەوتتنامەی وڵاتانی ئەمەریکایی بۆ دژە گەندەڵیی (١٩٩٦), رێکەوتتنامەی رێکخراویی هاوکاری ئابووریی و گەشەپێدان بۆ دژەگەندەڵیی (١٩٩٧), رێکەوتتنامەی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دژەگەندەڵیی (٢٠٠٣)- بنەمایەکی نوێیان تۆکمە کرد بۆ دژەگەندەڵیی. دوای جەنگی سارد, ئەمەریکا فەرمانی دژە گەندەڵیی دەرەکی تایبەت بەخۆی توندتر کرد (لە سالی ١٩٩٧ دەرچوو), هەروەها کۆششی دژە گەندەڵیی بوو بە توخمێکی سەرەکیی لە بەرنامەکانی هاوکاریی گەشەپێدان. لە دوایشدا, کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش رێکەوتن لەسەر پەسەندکردنی ئەوەی, کە چەکە داراییەکانی کلیپتۆکراتەکان لە دەرەوەی وڵاتدا, ئەگەر چەسپا لە دزیینەوە بوو, ئەکرێت بۆ وڵاتەکانی خۆیان بگەڕێنرێتەوە. تەنانەت لە فەرەنسادا, لەم دواییانەدا,  بۆدادگاییکردنی ئەفەریقاییە کلیپتۆکراتەکان, ئاماژەیان بە لێپرسیینەوەی زیاتر کرد بۆ هەموو ئەو رێوشوێنانەی کە لە رابردوودا ئەو پیادەکاریی و داهاتی گەندەڵیی گەورەی پاراستبوو. 

 رۆڵی رۆشنکاریی ( الشفافیه‌- Transparency) لە رووبەڕووبوونەوەکەدا  
   رێکخراوی رۆشنکاریی نێودەوڵەتیی (Transparency Internation - TI)(٣), لە ساڵی ١٩٩٥, ئاماژەدەری هەڵماڵیینی گەندەڵیی ساڵانەی کردووە بە پێوەرێک بۆ پێوانی ئاستی گەندەڵیی کە هەموو لایەن و ئاستێک بگرێتەوە, حوکوومەتە نیشتمانییەکان و, رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان  و کۆمپانیاکان و, بڕیارسازەکان و, رۆژنامەنووسان لە جیهان دا. هەتا ئێستاش, پۆلێنکردنەکانی رۆشنکاریی نێودەوڵەتیی سەرچاوەی باوەڕپێکراو و یەکلاییکەرەوەیە بۆ داتای هەموو کۆمپانیایەک کە پابەندبوونی دارایی خۆی بسەلمێنێت. لە سەرەتاوە, جیددیەتی رۆشنکاریی نێودەوڵەتیی, گەیاندییە ئەوەی کە کاری پێکەویی و هاوکاریی بکەن, , بەنموونە: لە تەک ئاستە سیاسییە باڵاکانی ئەمەریکا و, رێکخراوی هاریکاریی ئابووریی و گەشەپێدان (OECD) و رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتیی (IMO). دوای دە ساڵ کارکردن, یارمەتییدەر بوون لە  دارشتنی یەکەمیین رێکەوتنی جیهانیی پابەند بە قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی, ئەویش ڕێکەوتنی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ قەڵاچۆکردنی گەندەلیی (UNCAC), کە ١٤٠ وڵات واژۆیان کردووە. ئەم رێکەوتنە, تەنها ئاماژە نەبوو بۆ دانپێدانانی جیهانیی بە گەندەلیی دا, بەلکو لە کاتەوە, پلانداڕیژی حوکوومەتە نیشتمانیی و دامەزراوە جۆربەجۆرەکان بووە بۆ قەڵاچۆکردنی گەنی گەندەڵیی.
  هەرچ هەوڵێک بدرێـت بۆ رێگریی لە گەندەڵیی و رووبەڕووبوونەوەی کلیپتۆکراتەکان, لە ئەر ئاستی ناوخۆی وڵاتەکان و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی, ناکرێـت چەمکی رۆشنکاریی و پرۆسەکانیی لەبییر بکرێـت. چونکە, جیهان ناتوانێت بە شێوەیەکی کۆتایی, گەندەڵیی بنبڕ بکات, بەڵام قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی کەس و بەرپرسە تاڵانکەرەکان (تەکنۆکراتەکان), کارێکی پێداگییرانەیە و ئەشبێـت بکرێـت. زۆر گرنگە, ئەو راگوزەرەی کە تاڵانکەرەکان ئەیگرنە بەر دابخرێت, بە رێگرییکردن لە بەخاوەنبوونی ئەو سامانە دزراوەی کە ئەیگوێزنەوە و خەرجی ئەکەن. دوو رێگەی جیا لە یەک هەن(٤), بەڵام پێوەستن بە یەکەوە, بۆ ئەوەی بەم ئەرکە هەستن, هەردووکیشیان پابەندن بە زۆریی رۆشنکارییەوە.
   ڕێگەی یەکەم: گۆڕیینەوەی زانیارییە لەبارەی ئەو ئوسوڵانەیە کە هاوڵاتییەکی وڵاتێک هەیەتی لە دامەزراوەکانی وڵاتێکی تردا. ئەو پێوەری هەواڵدەرییە هاوبەشەی لە بارەی زانیاریی داراییەوە دانراوە لە ساڵی ٢٠١٤ دا, کە پەیمان دراوە بە زۆربەی وڵاتانی جیهان کە متمانەی بکەنە سەر, هەنگاوی یەکەمە لەم پرۆسەیەدا. ئەمەریکا لە پێوەری یاسای نواندنی باجدەری بیانیی (FATCA) لە ساڵی٢٠١٠ دا دەرکرد و, بە پێی ئەم یاسایە, ئەمەریکا ناچار نییە کە زانیاریی دارایی بیانییەکانی ناو ئەمەریکا بداتە هییچ وڵاتێک, بەڵام هەرچیی وڵاتانی ترە, ناچار ئەکات کە زانیاریی دارایی هەموو ئەمەریکاییەک لە وڵاتەکانیاندا, رادەستی ئەمەریکا بکەن. ئەم نابەرابەرییە و پێکنەهاتنەوەیە, هانی تەواوی سامانی گومانلێکرا و دزراو بدات بەرەو ئەمەریکا, بۆیە پێویستە, ئەم بۆشاییە گەورەیەی نێوان پێوەری ئەمەریکایی و پێوەری وڵاتانی تر دابخرێت بە زووتریین کات.
   رێگای دووەم:
 رێگەی دووە ئەوەیە, کە موڵکداریی پەیکەریی رۆشنکاریی کلیپتۆکراتەکان ئەوەندە رۆشن بن کە نەتوانن ئوسوڵەکانیان بشارنەوە. ئەمەش پێویست بەوە ئەکات, کە زانیارییەکان بۆ رای گشتیی بەشێوەیەکی گشتیی بەردەست بن, یان رێگە بدرێـت بە هەر بەرپرسیارێتییەکی دەوڵەت  و لێکۆڵەرەوە یاساییەکان کە دەستیان بگات بەو زانیاریانە بەبێ هییچ ڕێگرییەک. لە ئێستادا, زۆریینەی دەسەڵاتە دادوەرییەکان,ئەم زانیارییانە تۆمار ناکەن, کە خاوەنداری راستەقیینەن یان  سوودمەندن لە کۆمپانیا و سندووقە متمانەدارییەکان ( الصنادیق الاستئمانیه‌ – Trust Funds) و, دامەزراوە سنووردارەکان. تەنانەت وڵاتێکی وەک بەریتانیا پێجۆری زانیارییەکان و ساتاندنی دۆکیومێنتەکانیش ناکەن پێش تۆماری گشتیی ئەو زانیارییانە. ئەمەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی بەرپرسە گەندەڵەکانی وەک سەرۆکی پێشووی ئۆکرانیا ( ڤیکتۆر یانۆکۆفیتس  ٢٠١٠-٢٠١٤), توانیی ئوسولە کانی بشارێتەوە. ئەمەریکاش, هییچ رێکارێکی نەگرتۆتە بەر بۆ ئەوەی ئەم پەیکەرانە رۆشن بن, تەنانەت ئۆفیسی پێجۆریی فیدراڵیی ئەمەریکایی توانای دڵنیابوونی نییە لە خاوەندارە راستەقیینەکانی کۆمپانیاکانی ناو ئەمەریکا لە دیلاویر و نیڤادا و وایومینگ.
   لە ساڵی ٢٠١٦ دا, دەیڤد کامیرۆن لووتکەیەکی سازکرد لە لەندەن, بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی و, بە هەندێک پەیمانی جیددی  لە زیاترکردنی هاوکاریی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی دزیی کۆتا هێنراو بەڵام دوای ماوەیەکی کەم, کە کامیرۆن لە سەرۆک وەزیرانیی بەریتانیا لابرا بەهۆی راپرسی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێـتی ئەوروپا, ئەم دەستپێشخەرییەی لە لایەن جێگرەوەکەیەوە درێژەی پێ نەردا.  تەنانەت دەستەودایەرەکەی ترامپ لە ئەمەریکا هەستان بە پووچکردنەوەی ئەو یاداشتانەی کە داوای لە کۆمپانیای سەرچاوە سرووشتییەکان ئەکرد کە پارەدانەکانیان بۆ بەرپرسە بیانییەکان بخەنە روو.
  تۆکمەکردنی پێوەرەکانی رۆشنکاریی لە ماوەی دوای جەنگی سارد, بەرنامەی کلیپتۆکراتەکانی گۆڕیی لە بەڕێوەبردنی سامان و ئابڕووە نێودەوڵەتییەکانیاندا. ئیتر نەیان ئەتوانی ئەو تێپەڕکردنە راستەوخۆیەی پارە بۆ ئەژمارە بانکییە بیانییەکان جێبەجێ بکەن. کلیپتۆکراتەکان تۆری جیهانیی پێشکەوتوویان هێنایە ئاراوە بۆ سپییکردنەوەی سامانەکانیان و,  توانیان خۆیان بە دوور بگرن لە ووردبیینی نێودەوڵەتیی. جەرگەی ئەم تۆڕە نوێیانەش, ئەو ناوەندکارە -وسیگ- جیهانییە پیشمەندانە بوون, کە خزمەتگوزاریی تایبەتمەندیان خستەگەر بۆ کەسە نێودەوڵەتیە زۆر باڵاکان. بە کورتیی, دامەزراوە رۆژئاواییەکان, رۆڵێکی یەکلاییکەرەوەیان دا بۆ ئاسانکاریی لە گوێزانەوەی گەندەڵیی بۆ دەرەوەی ولاتەکانیان.

نیگەرانییەکان لەبەردەم دژە - گەندەڵیی دا
- ئەوروپا 
   بەشدارییکردنی دژە گەندەڵیی, ئەوەندە سانا نەبووە, هەتا بە داڕشتنی چەند یاسا و رێنماییەک و, بەگرتنەبەری رێکاریی دادوەریی و پۆلیسیی بنەبڕ بکرێت لە هەر وڵاتێک دا. دەزگاکانی قەلاچۆکردنی سپییکردنەوەی پارە, لایەنێکی دیار و کاریگەرن لە ئەمەریکا و ئەوروپادا, بەڵام هەردووکیان خەوشدارن و هەریەکەیان بەجۆرێکی زۆر جیاواز. یەکێتی ئەوروپا هەنگاوی باشی ناوە لە پێخستنی روونکاریی کۆمپانیاکاندا. رێنماییە سەرکەوتووەکانی دژ بە سپییکردنەوەی پارە لە لایەن یەکێتیی ئەوروپاوە, تۆماری مۆڵکداریی سەپاند کە هەبێت و بەسوودی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی بەشدارانی بازاڕی هاوبەش ئەشکێتەوە. دوا بەدوای رێنمایی پێنجەمی ساڵی ٢٠١٨, بۆ قەلاچۆکردنی سپییکردنەوەی پارە, داوا لە ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا کرا کە نەک تەنها تۆماری موڵکدارییەکان بخاتە بەردەست خەڵک, بەڵکو داوایکرد هەتا سالی ٢٠٢٠, تۆماری تایبەتی ئەژمارە بانکییەکانیش دروست بکەن.(٥) 
  بەڵام سەرباری هەبوونی بۆشایی زۆر لەم رێنماییانەدا, ناکرێت ئەم چاکسازییانە بە کەم سەیر بکرێن. ئەمانە وا ئەکەن چیتر شاردنەوە و پۆشینی راستیی موڵکداریی و سامان - ئیتر چ لە رێی کۆمپانیاکانی شێڵ و چ بە ئاساییانە لە ئەژمارە بانکییەکان دابنرێن – وەها سانا نەبن و زۆر سەختتر بن. بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە یاسا و رێنماییەکان تەنها ئەو کاتە زۆر مانا دار ئەبن کە ئەوروپا شکست بهێنێت لەوەی بە تەواوی بیانخاتە گەڕ. ئەمە مایەی سەرسوورمان نییە, چونکە ئەمەریکا هەموو ئەو شتانەی هەیە کە ئەوروپاییەکان نییانە: دەسەڵاتێکی ناوەندیی لە تۆری جێبەجێکاریی تاوانە داراییەکاندا. بەلام, لە ئەمەریکادا ئەستۆگیرییەکە تەنها بۆ ئەم دەزگایە نییە, بەڵکو  ئاژانسی هەواڵگیریی دارایی سەر بە وەزارەتی دارایی ئەمەریکاییش لە کاردایە, زیاتر لەمەیش کارکردنە لەگەڵ ئەو جەستە و ئاژانسانەی تریش بۆ دەرکردنی رێنمایی و بانگەواز و سزای پارەدا ئەگەر لاساریی بێتە ئاراوە.
  ئەلکساندەر کۆڵیی و هاورێکانی(٦), ئەم حاڵەتانەیان بە گرنگ وەرگرتووە, کە پێیان وایە تیشک ئەخەنە سەر ئەو پێودانە گوماناویانەی کە پرۆسەی پێجۆری راستییەکانی دامەزراوەکان ئەیگرنە بەر لەودیوی دەرگا داخراوەکانەوە. کاتێک کۆمپانیای هایدرۆی نەرویجی بزنسی لەگەڵ TML کرد, یەکێک لە کۆمپانیاکانی شێڵ قازانجی لە پیشەسازی ئەلەمینیۆمی تاجاکستانی وەرگرت, هەرچی ئەو رێ وشوێنانەی پرۆسەی پێجۆری راستییەکان گرتییە بەر بۆ ئەو پرسە لەلایەن هایدرۆ لەسەر  TML, بریتی بوو "هیچ شتێکی ئەوتۆ دەرنەکەوت کە زیانی گەیاندبێـت بە ئابڕووی خاوەنەکانی ئەم بزنسە". بەڵام  بڕێکی زۆری بەڵگەی گشتیی – زۆرێک لەوانە لە دادگادا کۆکرانەوە کە هایدرۆ لایەنێک بووە – لەبەردەست بووە بە بوونی گەندەڵیی لە پیشەسازی ئەلەمینیۆمی تاجاکستان و ژێرفەرمانبوونی دامەزراوە دەرەکییەکانی وەک  TMLبۆ حکومەت. لەم حاڵەتاندا, وا دەرئەکەوێـت کە رێکاری پرۆسەی پێجۆری راستییەکان, پابەندبوونی فەرمیی رێونووماییەکان پێشکەش بە کۆمپانیاکان ئەکات, بەڵام لەهەمان کاتدا, نکوولی گونجاویش بۆ کرێگرتەکانیش بەردەست ئەخات هەتا بتوانن و چۆن ئارەزوو بکەن, لە رێیەوە گرێبەست یان هەڵوەشاندنی سەفقەکان لەتەک کریپتۆکراتەکاندا ئەنجام بدرێت. لە میانی سۆراخی بۆنی بارووتی بەلڵەکانی گەندەڵییدا, پشکنەرەکان فەرامۆشی ئەو پرسیارانە ئەکەن, کە لە ئەگەرەکان زیاتر بکەن بە لای پەردەپۆشیی دا. هیچ شارەزایەکی ئیقلیمیی نییە, کە چەندوچوونی ئەوە بکات کە ئەگەرێکی لاوازی گەندەڵیی هەیە لە پیشەسازیی ئەلەمینۆکی تاجاکستانیدا.

 -ئەمەریکا
  حکومەتەکان پەنایان زۆر بردە بەر کاری چاودێری دارایی بۆ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و, بە تایبەتی بانکەکان. بەڵام لە نائامادەیی سەرپەشتیکردنێکی ورد و سزای متمانەداردا بەهۆی کەمترخەمییکردنیان لە بەجێهێنانی ئەرکەکانیاندا, کەم ئەقڵیییە کە وا چاوەڕوان بکەیت کە ئەو ناوەندکارە نالەبارانە هیچ هەلێکی قازانجدار لە کیس بدەن بە وەرگرتنی کرێگرتەیەکی گوماناوی. لە هەمان کاتدا, رێکخەرە فیدراڵی و حکومەتی ویلایەتە ئەمەریکاییەکان بەردەوام سزای توندیان بەسەر بانکەکاندا سەپاندووە, بەڵام گەیشتنە ئەو رادە گەورەیەی کە رێپێدانی خۆرایی بدەنە دامەزراوەی تر -هەر لە نووسینگەی پارێزەریی هەتا نووسینگەی خانووبەرەکان- کە  دەستبەرداری بەرپرسیارێتی پرۆسەی پەیجۆری راستییەکان. 
ئەوەی زۆر مایەی بەپەلەیە, ئەمەریکا هیچ بیرۆکەیەکی نییە لەبارەی کێ موڵکی هەیە و کێ جڵەودارە لەو کۆمپانیایانەدا کە بە گوێزانەوەی ئەم پارانە هەڵدەستن لە ناوخۆ و ناو سنووری تایبەتی خۆیدا. چونکە تۆمارێکی ناوەندیی نییە, کە سوود ببەخشێـت بە کۆمپانیاکانی. نوێترین لێکۆڵیینەوە ئەوەی بینییوەتەوە, کە لە هەموو پەنجا ویلایەتەکە و هەرێمی کۆڵۆمبیادا, زانیاریی زیاتر داوادەکرێت بۆ دەرهێنانی شوناسێکی کتێبخانە هەتا دامەزراندنی کۆمپانیایەکی شێڵ. ئەو ئاسانییەی کە هەیە بۆ دامەرزاندنی کۆمپانیایەکی شێڵ بە ناوێکی نادیارەوە, ئەوە ئەگەیەنێـت کە ئەمەریکا سووک و باریک وەک سویسرا و دوورگەی کایمان پۆلێن ئەکرێت, کە پەناگەیەکی بێخەمی بەناوبانگی داراییە. بەشە خزمەتگوزارییەکانی دامەزراندن لە ئەمەریکا, زۆر ئامادەسازبوون بۆ دامەزراندنی کۆمپانیاکانی شێڵ بە جۆرێکی وەها, کە دەستی هییچ لە لێکۆڵەر و توێژەرێکیان پێ نەگات, ئەوانەی کە بەدوای بنکۆڵکردنی سپپکەرەوەی پارە و بەپرسە گەندەڵ و باربۆکەرانی توندوتیژییەوەن.(٧) 
   ئەلکساندەر کۆڵیی و هاوڕێکانی,  نیگەرانییەکانیان لە بەرامبەر هەوڵە ناڕۆشنەکانی حەکوومەتی ئەمەریکا خستۆتەروو, ئاماژە ئەدەن بە لێکۆڵیینەوەیەکی بانکی نێودەوڵەتیی ساڵی ٢٠١١, کە ئەمەریکا کۆمپانیاکانی بەکاردەهێنێت بۆ سپپکردنەوەی پارەی وڵاتە گەندەڵەکان, زۆر زیاتر لە هەر وڵاتێکی تر. مایک فۆرسیت, راپۆتکاری لێکۆڵەرەوە بوو, سەرنجی ئەوەیان دا کە لە راستییدا, ئاسانتر ئەوەیە کە تۆماری کۆمپانیاکانی لە چیین دەست بکەوێـت هەتاکو ئەوانەی لە دیلاوێرا یە. ئەم زەبوونییە ئاسایشسازیەیە, لە سەرووی هەموو شتەکانی ترەوەیە کە ئەمەریکای گۆڕیوە - کە شانازیی بە هەبوونی مافی سەروەریی یاسا و سەلامەتی داراییەوە ئەکات – بۆ ویلایەتێکی دادوەریی گەورەی نهێنیی و, موگناتیسێک بۆ راکێشانی سپییکردنەوەی پارە.
کێشەکە زیاتر ئاڵۆزتر ئەبێت بە هۆی ئەو راستییەوە – بە پێچەوانەی ئەوروپاوە – کە زۆرێک لەو کەرتانەی کە لە هات و نەهاتی رووبەرووبوونەوەی مامەڵەی تاوانکارە داراییەکانەوە دێن, دەبەخشرێن لە لێپرسیینەوەی سیستەمی قەڵاچۆکردنی سپپیکردنەوەی دارایی ئەمەریکاییەوە. هیچ لە پارێزەر و ژمێریار و نووسینگەکانی خانووبەرە گەورەکان, بازرگانی هونەرە جوانەکان, بەرپرسیارێتی یاسایی هەڵناگرن لە هەواڵدەریی مامەڵە گوماناوییەکانەوە, بانکەکان رووبەرووی بەرپرسیارێـتی و سزا داراییەکان ئەکەنەوە.
  سیستەمی پێدانی ڤیزەی ئەمەریکا, ئەو خاڵە لاوازە فەرامۆشکراوەی سپپکردنەوەی پارەیە کە ئەکرێت لێوەی بگوێزرێتەوە بۆ دەستێکی دارایی بەدەسەڵات. بەڵام لە هەمان کاتدا, لە ئەوروپادا ئەوپەڕی رێکار و بەدواداچوونی قورس و توند پەیڕەو ئەکرێت و بەتایبەتی بەرامبەر ئەو ڤیزە ئاڵتوونییەی کە هەیە, ئەمەریکا دەبێت پارێزگاریی سنوورەکانی بکات, بۆ رووبەرووبوونەوەی فرت و فێڵ و گزیی  و خراپ مامەڵەی بەرژەوەندییخوازەکان لە دووتۆیی بەرنامەی وەبەرهێنەکاندا EB-5 . وردبینیی سووک و ئاسانی داخوزانی ڤیزە بە مانای ئەوەیە کە بەرنامەکە بانگهێشتێکی کراوەیە بۆ کلیپتۆکراتەکان و پارە پییسەکانیان, لە هەمان کاتدا, دەبێت کۆنگرێس وەزارەتی جەرەوە راسپێرێت کە ناوی هەموو ئەو تاکە کەسانە هەڵماڵێت کە پەسەندی هاتنە ژوورەوەی ئەمەریکایان بۆ نەکراوە بەهۆی گەندەڵیی و دەستدرێژییەکانی مافی مرۆڤ و, دەستبگرن بەسەر رێپێدانی ڤیزە بەو بەرپرسە بیانییانەی کە تاوانبارن بە پێدان یان خستنەبەردەمی بەرتیل بۆ کۆمپانیا ئەمەریکاییەکانی دەرەوەی ئەمەریکا.
  نوێترین بەیەکدادان لە نێوان کۆمسیۆنی ئەوروپا و وەزارەتی دارایی ئەمەریکاییدا, کە روویداوە,  لەسەر ئەو لیستە رەشەییە کە پێشنیار کراوە بۆ قەلاچۆکردنی سپییکردنەوەی پارە لە یەکێتیی ئەوروپادا, کە زیاتریش ناوچەکانی سەر بە ئەمەریکا ئەگرنەوە وەک ساموا و گوام و بۆرتۆریکۆ و دوورگەکانی ڤیرجنی ئەمەریکایی. جگە لەوەی, کە ئەمەریکا و بەریتانیاش دژی تێهەڵکێشی سەعوودیەی عەرەبیی بوون بۆ ناو ئەم لیستە رەشەوە, ئەوە بوو لە دواییدا لێی دەرکێشرا.
  لە ئەمەریکادا, کۆمەڵەی نیشتمانی دەڵاڵی خانووبەرە لەوەدا سەرکەوتوبوون لە فشاریاندا بۆ بەخشینیان لە داواکاریەکانی هەڵماڵین لە دژەشۆرینەوەی پارەدا (AML) کە لە یاسای باتریۆتی ساڵی ٢٠٠١ دا هەیە.  لە بەریتانیادا, دەڵالەکان ئەرکی ناسینەوەی ناسنامەی فرۆشیاریان لەسەرە, نەک کڕیار, بازاڕی خانووبەرەش زیاتر ملکەچە بۆ رێکخستنی خۆیی کۆمپانیاکە. لەتەک هەبوونی چەندوچوونی بەرزیی کرێی کڕین و فرۆشتندا, هەڵچوون و داچوونی بەرژەوەندییەکانیش زۆرن. لە هەموو بازارە جیهانییە دیارەکاندا, پرۆسەی کڕیینی شمەکە نایابەکان هەمیشە لە ڕێی کۆمپانیا, یان بانکەکانەوەیە, کە ئەمە زیاتر لۆچەکانی نهێنی زیاد ئەکات. 
  نادیاربوونی توێژینەوەی ئەکادیمیی لەبارەی دینامیکیاتی بازاڕی جیهانیی خانووبەرە نایابەکان مایەی سەرسووڕمانە, بەڵام پێدەچێت, زنجیرەیەک راپۆرتی لێکۆڵینەوەی ئاست بەرز لە لایەن رۆژنامەنووسان و رێکخراوە ناحکومییەکان لە ئەمەریکا و بەریتانیادا, بوو بن بە مایەی هێنانە ئارای هەندێ رێ و شوێن لە لایەن یاساداڕێژانەوە لە ئەمەریکادا. 

 -بەریتانیا
  رەنگە, کێشەکان لە بەربتانیادا سووکتر نەبن, بەوەی یاساداڕێژە بەریتانیاییەکان زۆر نییە دەستییان کردووە بە تێگەیشتنی قەبارەی کێشەکە. ئاژانسی قەلاچۆکردنی تاونی نیشتمانیی ئەو پارانەی مەزەنەکردووە کە لە رێی بەریتانیاوە سپیی ئەکرێتەوە و, ساڵانە خۆی ئەدات لە ٩٠ ملیار پاوەنی بەریتانیایی و, زۆریشی لە موڵکدارێتیدا خۆی دەگرێتەوە. لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢-٢٠١٦,  ئەو داواکارییە دوولایەنانەی کۆمەکی یاسایی  کە لە لایەن حکوومەتە بیانییەکانەوە پێشکەش بە لەندەن کراوە  بۆ یەک ئەوەندە و نیو زیاد بوو بوو( کە بۆ لێکۆڵینەوە لە  شۆردنەوەی پارە بەکارئەهێنرێت).
   یاسایەکی نوێ لە ٢٠١٧ دارێژرا کە بەپێی, دەسەڵاتی گەورەتری دا بە دەستە رێکخەرە یاساییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لەو سامانانانەی کە روون نیین و بەکارهێنراون لە پرۆسەی کڕینی خانووە نایابەکاندا. بەڵام لە هەندێک کاتدا, چالاکوانەکانن زیاتر نەک دەسەڵاتەکان کە پەردە لەسەر حاڵەتە بەگۆماناوییەکان لائەبەن. رێکخراوی " NGO Global Witness " ئەوەی پێ زانی کەمەکسیم باکییف, کۆری سەرۆکی لەدەسەڵات لابراوی قیرغیزستان, دوای ئەوەی لە ٢٠١٠ لە قیرغیزستانەوە هەلهاتووە بۆ بەریتانیا, کۆشکێکی لە ناوچەی سەریی " Surrey" لە باشووری لەندەن کڕیووە لە رێی کۆمپانیایەکی نادیارەوە.

 رۆڵی رۆژنامەکان لە پشتییوانی هەوڵەکان دا
   گەلێک رۆژنامە, لە ئەمەریکا و بەرتانیادا, بە شێوەیەکی چر و پڕانە, پشتییوانی هەوڵە دژە گەندەڵیی و هەڵماڵیینی سپپیکردنەوەی پارەی کلیپتۆکراتەکان ئەکەن. لە بەشەکانی تردا, بەپێی پێداویستی بابەتەکە, ئاماژە دراوە بەو راپۆرت و نووسیین و توێژیینەوانەی لەم بوارەدا بڵاوکراونەتەوە, لە لایەن رۆژنامە و گۆڤار و سایت و ناوەندەکانی توێژیینەوەوە. لێرەدا, بۆ پیشان دانی رۆڵی رۆژنامە و سایتەکان, ئاماژە بە چەند نموونەیەکی کەم دەکەین کە لەتوێژیینەوەکەی ئەلکساندەر پۆڵیی و هاوڕێکانی هاتوون.
   راپۆرتێکی نوێی رۆژنامەی فاینانشیەڵ تایمزی لەندەنیی, بازارێکی هەواڵگیریی تایبەتی ناڕۆشن ئەدۆزێتەوە, "چەندین کۆمپانیای خاوەن ئەزممەنی گەورە و لێزانی شێواز و تەکنیکی هەواڵگیریی, کە لە لایەن ئاژانسەکانی دەوڵەتەوە قۆرخکرابوون, کۆبوونەوە بۆ خزمەتی ستەمکارەکان چ لە نوخبەی دەسەڵاتدارەکان وچ هە یەکێکی تر کە پارەی دابێت". راپۆرتەکە تێبیینیی ئەوەی کردووە کە Arcanum Global, بەشێکە لەو کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی و کەرتی پێکهێنانی هەژموون, خزمەتگوزارییەکانی فرۆشت بە یاخییبووە تاک و تەراکانی نوخبەی دەسەڵاتی ئەبلیازۆڤی کازخستان, بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئیشی بۆ ناحەزەکانی ئەکرد لە ئەستانە. 
   لە ئەیلوولی ٢٠١٧ دا, راپۆرتێکی لێکۆڵینەوە لە لایەن رێکخراوی هەواڵدان لە تاوان و گەندەڵیی (the Organized Crime and Corruption Reporting Project) رایگەیاند و رۆژنامەی گاردیانی (Guardian) لەندەنیش پشت راستی کردەوە, کە لە نێ,ان ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٤ دا, حکومەتی ئازەریی هەڵساوە بە ئاڵوگۆڕکردنی ٩.٢ ملیار دۆلار وەک پارەدان (payments) لە رێی نووسینگەی ئەستۆنیایی سەر بە بانکی دانمارکی و چوار لە کئمپانیاکانی شێڵ کە لە بەریتانیادا تۆمارکراون, کە خاوەنە سوودمەندەکانی لە نهێنیدا ماونەتەوە و نەناسراون. بەشێکی زۆر لەو پا رانە رۆیشتووە بۆ هەڵمەتی کەسایەتی زلکردن,  گروپی فشار, ساسییەکان و ئەوروپاییە بەشدارەکان لە وڵاتی قەزوێن, بەلایەنی کەمەوە تاکە بەشدارێکیش کە چاودێری هەلبژاردنەکان ئەکات. ئەم ئەڵقەیە لە ئەنجامی ئەو ئابڕووچوونەی " دبلۆماسیەتیی کاڤیار" هات کە لە ٢٠١٣ دا روویدا و لەسەر هەڵماڵینی پاردەدانی حکومەتی ئازەربیجانی بوو وەک پارەی دەستیی, دیاریی و دەهەنە, گەشت و سەفەری شکۆدارانە بۆ ئەندامانی پەرلەمانی ئەوروپایی. 
دوای بڵاوکردنەوەیەکی چاپکراوی ناودار, رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز ووردەکاریی ملیاردێر و کۆمپانیا پەناگەکانی (شێڵ) هەڵماڵیی, کە یەکەی بازرگانییان هەیە لە  سەنتەری نایابی تایم وارنەر لە مانهاتن دا, تۆڕی وەزارەتی دارایی ئەمەریکایی بۆ جێبەجێکردنی تاوانە داراییەکان (FinCEN), بەرنامەیەکی ئەزموونگەریی بۆ فەرمانەکانی نیشانەکاریی جوگرافیی (GTOs) خستەکار, کە هەڵماڵیینی هەموو کڕیارێکی رەسەن و ناڕەسەن ئەکات, لە رێی جیاکردنەوەی هەموو پرۆسەکانی کڕین بە پارەی مشتانە (cash), لە سەروو سێ ملیۆن لە مانهاتن و یەک ملیۆن لە میامیی لە کاتی کڕینی پاکێجی دڵنیایی بۆ هەر موڵکێک. لە قۆناغەکانی یەکەمی بەرنامەکەدا, بۆی دەرکەوت کە ٣٠%ی موڵکدارە سوودمەندەکان یان نماییندەی کڕیارەکان, کە ناوەکانیان دیاریکرابوو, بریتی بوون لەو کەسانەی, کە لە راپۆرتی پێشتری ئەو دامەزراوە داراییانەدان کە بنەکەکانیان لە ئەمەریکایە, خەریکی چالاکیی بەگومان بوون. سەرباری ئەوەی کە وەزارەتی دارایی ئەمەریکایی بەرنامەی GTO فراوانتر کردووە, کە دە بازار بگرێتەوە, بەڵام هێشتا رێنوومایی تایبەت بە کارمەندانی کەرتی خانووبەرە, کە پێوەست بە بابەتەکانی سپییکردنەوەی پارەیە, وەک بەشێکی گەورەی راوێژکاریی ماوەتەوە هەتا بکرێـت بە یاسا, بە مانای ئەوەی هێشتا نەبوونەتە پابەندبوونکاریی (mandatory) لەسەر کەس .

هەوڵەکانی رێکخراوی ناحوکوومیی  و تاکە کەسیی
  کۆمپانیاکانی سەرچاوە مرۆییەکان فۆرمێکی زیرەکیان بۆ "بەڕێوەبردنی ئابڕوو" پێشکەش کرد, چاودێریکردن و پێکهێنانی سەرچاوەی کراوەی پەیوەندیدار, وەک دەروازە زانیارییەکانی ویکیپییدیا, یان دروستکردنی سایتەکانی سۆشیاڵ مییدیا بە ئامانجی دیارییکراو و, هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە بریتی داواخوازەکانیان (clients). سەرباری ئەوەی ئەم کارانە لە شوێنی خۆیاندا یاسایین, بەڵام ئەشێت بە ئاسانی هێڵە رەوشتییەکان ببەزێنن. هەرەسی دوایینی پەیوەندییە گشتییەکانی کۆمپانیای پبێڵ پۆتینگەری لەندەن, بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتە بوو کە لەسەر وردەکارییەکانی کۆمپانیاکە قسەی کردبوو, کە چۆن چۆنیی لە جیاتی هاوپەیمانە بزنسمانەکانی باشوور, کە ئەیان ناڵان بە دەست ئەو ئابڕووچوونەی جاکوب زومای سەرۆکی ئەفەریقای باشوورەوە. راپۆرتەکە هەڵمەتێکی ناتەبایی کۆمەڵایەتیی ورووژێنەری بەرپاکرد, بۆ لادانی سەرنج لەسەر زوما. هەروەها لە داواخوازەکانی تری کۆمپانیاکە, ژنەکەی بەشار ئەسدی سوریا بوو, هەروەها ژنی ئەلیکساندەر لۆکاشینای دیکتاتۆری بیلارووسیا بوو. لە هەندێ لە بارە دیاریکراوەکان دا, کۆمپانیاکان فشاریان لەسەر رۆژنامەنووسان و, چاپەمەنییە بڵاوکارەکان کردووە, بۆ رێگرتن لە بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە تەنگ هەڵدەچنێت بە چالاکییە ناڕاستەکانی داواخوازەکانیان, لە وڵاتەکانی خۆیاندا, یان بە هەر شێوازێکی تر کە زیان بە ناووشۆرەتیان بهێنێت.
  ناوەندەکانی زانیاریی و پەیمانگا سیاسییەکان, ئامانجی سەرنجڕاکێشیان داڕشتووە بۆ ئەو دەسەڵاتدارانەی کە خۆ دەرخستنیان بەلاوە گرنگە. لە یاسای ئەمەریکایی دا, داواکارییەکانی ئاشکراکردنی پەنهانییەکانی ناوەندەکانی توێژینەوە, کەمتر توندن لە داواکارییەکانی لۆبییکارە فەرمییەکان. رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز, باربووکردنی بیانیی بۆهەندێ لە ناوەندە هزرییەکانی هەڵماڵییوە, بەوەی کە چەندین دامەزراوەی خاوەن ناو و شۆرتی باش بە جوانیی دیارە, کە بە شێوەیەکی ڕیێکخراوانە شکستیان هێناوە, لە پیشاندانی سەرچاوەی باربووکردنی بیانیی بۆ پرۆژەکانیان و ئەو کاریگەرە ئەگەرەی, کە هەیانە لەسەر بیرکردنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا. ئەم پارانە رەنگە رێگریی ناوەندەکانی زانیاریی بکەن, تەنانەت لە چارەسەرکردنی ئەو چالاکییە گەندەڵیانەی, کە لە لایەن بەخشەرەکانیانەوە ئەنجام ئەدرێن. بەم شێوەیە, ئەم پارانە ئیش ئەکەن لەسەر ئاساییکردن و نەرمەجووڵەی چالاکیی کلیپتۆکراتەکان و, خاوکردنەوەی لێکۆڵیینەوە لە سامانە کەسییەکانیان لە دەری خشتەی کارەکانیاندا. لە پێداچوونەوەیەکی تووندئامێزی نوخبەی کەمیینەی دەسەڵات لە ئۆکرانیا و, چالاکیی گرووپە فشاردارەکان لە ئەمەریکا. تاراس کۆزیۆ ئەمەی کورتکردۆتەوە کە ئەڵێت "کڕین... خزمەتگوزاریی سیاسیی و, راوێژکارەکان و, گرووپە فشاردارەکان -لۆبیی- و, ناوەندەکانی هزر و, پارێزەرەکان, جگە لە بەشێکی کێشەکی  گەورەی فراوان هیچی تر نیە, کە خۆی ئەنوێنێت لە گەندەڵیی پێچەوانەدا, لە وڵاتە گەندەڵکارەکان و پێشەوا سیاسییە سەرکوتکەرەکانیان بۆ ناو رۆژئاوا.
  هاو برەیکیی (Hugh Breaky), لە پێداچوونەوەی بە  کتێبەکەی چاییز دا(٨), لە باسی بەشی دووەمی " دزەکانی دەوڵەت"(٩) دا, ئەڵێت: چاییز, سۆراخی ئاوێنەبەندێکی "پاشا"یی دەکات, هەر لە سەدەی هەشتەم بۆ شازدەهەمەوە, لەو کتێبانەی کە دانا و ئامۆژگارە خۆشنوودەکان, لە زانا موسڵمان و مەسیحییەکان, بۆ پاشاکانی سەردەمەکانیان نووسییووە. چاییز, ئامۆژگارییەکی زۆر- بارەبووەوەی کارییگەر دەبینێتەوە لە هەموویاندا: ئەویش, ئامۆژگارییکردنی پاشایە, کە لە دزین و, تاڵانکردنی موڵک و ماڵ و, داهاتی میللەتەکەیان دوور بکەونەوە, نەکا ئەم رەفتارانە, پاڵ بە میللەتەکەیانەوە بنێن لێیان هەڵبگەڕینەوە. هەروەک تێبیینی ئەکرێت, تەنانەت میکاڤیللی - کە  رەنگە وەک سیاسەتکارێکی خاوەن بیردۆز بناسرێت کە پێی وایە رەوشت پێویست نییە لە حوکمڕانییدا-, ئەم ئاگادارکردنەوەیەی راگەیاندووە لە کتێبی " مییر" دا.
  چاییز, جارێکی تر دێتەوە بۆ سەر مێژوو, لە بەشی دوانزەهەمدا, باس لە هەڵگەڕانەوەی هۆڵەندیەکان ئەکات دژ بە موڵکداریی رەها و نوێنەرە گەندەڵکارەکان, کە دواتر, لە رێی جۆن لۆک لە ئینگلتەرەوە و, پاشان باوەگەورە دامەزرێنەرەکانیانەوە لە ئەمەریکا, توانیان حکومەتێکی سنوورداری خۆبەخۆ بۆ خۆیان دابمەزرێنن. بەشی دواتر, بۆ دواوەوە ئەگەڕیتەوە, لەتەک دەرخستنی رووبەڕووبوونەوەکانی (مارتن لۆسەر), بە تاوانبارکردنی بە گەندەڵییەکانی کەنیسەی کاسۆلیکی. چاییز, پێداگیریی ئەکات لەسەر ئەوەی, کە مێژوو نامەی متمانەداری رێکوپێک ئەنێرێت, بە بێ گوێدانە هیچ شتێکی تر کە رووبەرووی خەڵک ئەبێتەوە, خەڵک هەمیشە لە ژێر حوکمرانیی توندوتیژ و گەندەڵ و دزدا, تووڕەتر ئەبێت, ئیتر کاتیی بێت یان گیانیی.
  هەوڵەکانی چاییز, تەنها لە راپۆرتکردن یان تۆمارکردنی دیاردەکان و نیگەرانییەکانیی دا کۆبنەبوونەتەوە, کتێبەکەی زۆر لەوە زیاتری پێشکەشکردووە, کە ببنە سەرچاوەی باش و تۆکمە بۆ هەر دەستگایەکی دەوڵەتیی یان ناوەندێکی توێژیینەوە بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست لە رووبەرووبوونەوەی کلیپتنۆکراسیی و کلیپتۆکراسەکان دا. هەر بۆیە, یەکێکی وەک ریچارد بیسترۆنگ, بە گرنگییەوە چاوپێکەوتنەکەی لەتەک چاییزدا تەرخانکردووە بۆ هەندێ هەوڵ و هەنگاوی گرنگ لەم پرۆسەیەدا(١٠). بیسترۆنگ لە چاوپێکەوتنەکەی دا لە تەک چاییز,بەوە دەستپێدەکات: لە کتێبەکەتدا, باس لە سیستەمی بانکیی نێودەوڵەتیی ئەکەیت کە وەک " ژووری بانکدارەکان (clearinghouse) وایە, بازرگانی بە کۆ ئەکات, بۆ گوێزانەوەی داهاتی نیشتمانیی بۆ ناو دەستی تۆڕی نوخبەکان." لەم دواییانەدا, لالێکردنەوەیەکی بەهێز گیراوەتەبەر بۆ ڕێزگرتنی رێنماییە بانکییەکان, وەک خۆگێلکردن لە سزاکان و, سپپیکردنەوەی پارە و, حۆدزیینەوەی لە باج. بە بۆچوونی ئێوە, چ خۆ سازدانێک هەیە بۆ هێرشکردن لە لایەن ئەم تاقمانەوە بۆ سەر ئەو رێوشوێنە توندانە؟ ئەگەر تۆڕی کلیپتۆکراتەکان پێویستیان بە تاڵانبردنی پارەی وڵاتەکەی خۆیان هەبێت بۆ دەرەوە, هەستت چییە بەرامبەر ئەو رێوشوێنانەی کە کۆمەڵگەی بانکیی و ئاژانسەکانی جێبەجێکردنی رێنمایی و یاساکان بیگرنە بەر بۆ روەستاندنی ئەم قوڵپی خوێنە؟ یان, ئەگەر باشتر بوترێت, ئەگەر" روبارەکە لە سەرچاوەکەیەوە بە قوڕ بگیرێت" و, بانکەکانیش بەشێکن لەو سەرچاوەیە, ئایا گەیاندنی ئەو ئاوە پەک ئەخەین؟
  چاییز لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا ئەڵێت: لەو بروایەدام, کە هەندێ چاکسازیی روویداوە. بەڵام, هێشتا پەرۆشی ئەوەم کە شتێک بکەم, کاتێ: کە تاوانکارەکە تیرۆریستە, یان لە باج رایکردووە, یان بازرگانی ماددە سرکەرەکانە, زیاتر لەمانیش, کاتێ تاوانکارەکە بەرپرسێکی گەندەڵی حکوومەتە. زمانی (language) ئەو یاسای سزادانەی, کە لە جەرگەی تەنگژەی ئۆکرانیاییدا درچوو, زۆر مەزن بوو. بەڵام وا دەرئەکەوێـت, رژێمەکە ئەوەندە مەنبووز بوو, کە کەس نەتوانێـت هیچ سزایەک بسەپێنێت بەسەر ئەندامەکانیدا. هەمان ئەو تاوانانەی کە بەرپرسەکان ئەیانکرد, بە فەرمیی, بە    "کەسێکی خراپ" ناوزەد نەکران, هەتا هەمان سزا بیانگرێتەوە. بە نموونە؛ سەیری (موبارەک) بکە لە پێش بەهاری عەرەبیی و دواتریشیی. ئەو زەوتکردنی موڵک و سامانەی کە دژی پارە دزراوەکانی نەیجیرییا کرا, دژی ئەو پارانە بوو کە ئەباچای سەرۆک دزیبوونی!
  لە چاوپێکەوتنێکی تری رۆژنامەوانیی دا, ستیفانی باندیک حەز ئەکات لە زمانی چاییز خۆیەوە, کاریگەریی کتێبی " دزەکانی دەوڵەت" ی دەستبکەوێـت(١١): چۆن وەسفی کاریگەریی کتیەکەت ئەکەیت لە بازنەکانی قەڵاچۆکردنی گەندەڵییدا لە هەموو جیهاندا؟ ئایا بە هیچ کاردانەوەیەک سەرت ئەسووڕمێت؟
  سارا:ناشێت, کاردانەوەی بازنەکانی قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی زۆر ئەرێنی بن. لە بارەوی ناوەڕۆک و شێوازی نووسینەوە, " دزەکانی دەوڵەت" بە کارێکی نائاسایی دائەنرێت – بە هیوام کاری خۆی بپێکێت- لە بارەی بابەتەوە, رەنگە سەرنانێکی (اچافه‌) تری تەڕوبر بێت بۆ مشتومڕی ئەوانەی هەندێ کات لەم بوارەدا کاریان کردووە.
  زۆر فراوانتر بڕوانین, ئەم کتێبە لە ساتێک زۆر بە ئێشدا دەرکەوت, چونکە تەنگژەکانی ئۆکرانیا و عێراق زۆر تیشکۆ و پێداگیریی تریان زیاد کرد بۆ پرسی گەندەڵیی, بەتایبەتیش لە ئاستێکی ئاسایشییدا.  بۆیە, من پەیوەندیی زیاترم لەتەک حکوومەت و کەرتی تایبەتدا بۆ بەدەست هات, زیاتر لە هەموو کاتێکی تری رابردوو و, لە لایەنی ترەوە کە هەر چاوەڕوان نەکراوبوون.
بەڵام لەتەک ئەمەشدا, هێشتا سەرسامم بەوەی توخمەکانی ئەو بەڵگە و پاساوانەیو کە وەها دەرئەکەون زۆر روون و ئاشکران بە گوێرەی منەوە, هەست ئەکەم هێشتا بایەکی پێچەوانەی تییژهەڵدەکەنە ناو حکوومەتەوە.
  پرسێکی تری روون هەیە, کە وەها دەرئەکەوێت, قورس بێت بۆهەرسکردنی لە لایەن زۆرێک لە پیادەکارە حکوومیی و ناسوودمەندەکان و, ئەویش ئەو هاوکارییە مرۆیی و گەشەپێدانانەیە, کە سەرچاوەی گرنگن بۆ داهاتی نوخبە گەندەڵەکان. لای نەیجیریاییەکان دەربڕینێک هەیە لەبارەی ئەو بەشدارە جێبەجێکارە پەیوەندیدارانەی کە چنگیان لە زۆری ئەم هاوکارییە گەشپێدانانە گییرکردووە, کە ناوی (government-organized non-government organizations- GONGOs) و بەکوردیی "ئەو رێکخراوە ناحکوومییانەی لە لایەن حکوومەتەوە رێکخراون".
  تێگەیشتنی زیاتر پێویستە بۆ ئەو لایەنە بەشدارە جێبەجێکارانە کە ئەبن, ئەگەرچی لە راستییدا چالاکی "گەشەپێدان", قوڵپدانی داهاتێکی گەورەیە بۆ تۆکمەکردنێکی کاریگەرانەی حکوممەتێکی گەندەڵ, جا ئەگەر ئیشەکەش وەها بێـت, ئەوا سوودەکەی زۆر زیاتر ئەبێـت لەو تێچوونانەی ئەکەوێتە سەر خەڵکی ئەو ولاتە خۆی. ئەمە ئەو وانانەن, کە بەئازارەوە فێربووین لە کۆمەلگەیەکی تازە گەشەسەندووی ئەفەریقایی لە نەوەدەکاندا, بەڵام بەداخەوەم کە لەو کاتەوە تا ئێستا هەروان و بەخۆیان نەزانییوە.
  ستیفانی: ناوەندی پرۆژە تایبەتە نێودەولەتییەکان (CIPE), ڕێگەچارەیەکی بۆ دژە- گەندەڵیی ئەگرێتە بەر, کە متمانەی لەسەر چارەسەرەکانی کەرتی تایبەتە. وەک شارەزایی تۆ کەس ەیری ئابووریی بازاڕ بکەیت, لەتەک پێشکەوتنی بزنس و تێوەچوونی لە بازاڕی جیهانییەوە, ئایا بە رای تۆ, چاوپۆشیی کەمتر و کەمتر ئەبێتەوە, لەتەک ناسەقامگییریی دوور مەودای گەندەڵیی نێووڵاتییدا
  سارا: تەنانەت لە ( تونس)ەکەی بن عەلییدا, کە وێنەیەکی چاکیی بە بازاڕی نێودەوڵەتیی داوە, هەتا ئەو پلەیەی کە پۆلێنێنکی شەرەفمەندانەی بەدەستهێناوە لە لایەن رێکخراوی روونکاریی نێودەوڵەتییەوە لە سالەکانی پێش بەهاری عەرەبییەوە. هیچ یەکێک بۆ نەبوو کە بەشدار بێـت لەو بزنسانەی کە رووی لە دەروەی تونس بوو, هەر لە گەشتوگوزاریی و, ئۆتۆمۆبییل و, بانک و, تەنانەت رۆژە نیشتمانییەکانی تونس, ئەگەر بە تۆڕەکەی بن عەلییەوە پەیوەست نەبووبێـت, یان بەلایەنی کەمەوە پشکێکی لێ داوە پێیان.
  ئەم تۆڕانە بە ئاسۆییانە, بە شێوەیەکی بەرچاو, پێکەوە تێهەڵچوون. ئەمانەش هەموو ئەو لایەنە چالاکانە ئەکرێتەوە, کە ئاساییانە لە رۆژئاوادا رێپێدراون – لە حکوومەت و کەرتی تایبەت        (چالاکییە ئابوورییە پاوانکەرەکان و, دامەزراوە داراییەکان و, بەڵێندەرانی کەرتە گشتییەکان, دامەزراوە ناحکوومیە پەیوەستەکان و, تا دوایی), هەروەها ئەوانەش کە لە رۆژئاوا بە تاوانبار و نایاساییان دائەنێین (بازرگانی ماددە سڕکەرەکان و, چەک و, مرۆڤ و, شمەکە قەدەغەکراوەکان  و, سپییکردنەوەی پارە و چەک. هتد) و تیرۆریستەکان.
  لە بەدبەختییدا,  ئەو هێڵە رۆشنەی ئەمانەوێت بیکێشین لە نێوان کەرتی گشتیی و تایبەتدا, لەم ژینگانەدا روون نیە. بەم پێیە, هەروەکو ئاژانسە بەخشەرەکان, وەبەرهێنە رۆژئاواییەکان و لایەنە توانادارەکان ( وەک بانکەکان) پێویستییان بە بیرکردنەوەیەک هەیە بە شێوەیەکی زۆر قورستر لەوانەی کە مامەڵەیان لەتەکدا ئەکەن, رەنگیشە, بیروبۆچوونیان فراوانتر بکەن لەبارەی بەشدارییکردن لە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتیدا, هەتا بەرپرسیارێتیی چاوەروانکراویان بکەوێـتە ئەستۆ لە تۆکمەکردنی حکومەتە کلیپتۆکراسیەکاندا, هەروەها تەنگژە ئاسایشییەکانیش کە زۆرجار رووئەدەن.
  لە هەوڵە زۆر بەبایەخەکان, کتێبی "بەرتییل"ی مۆنتیرۆیە(١٢), بەشدارییەکی گەوەری لە هەڵمەتەکانی دژە گەندەڵیی کردووە, بە بەردەستکردنی کۆمەڵە دۆکیومێنتێکی گرنگ لەسەر بەرتییلخۆریی و بڵاوبوونەوەی لە دامەزراوە حوکوومییەکان دا. مۆنتیرۆ, بەڵگەکانی زۆر بە ئاگاییەوە هەڵبژاردووە, تیشکی خستۆتە سەر, وەک پێویستە, ئەو کۆمپانیایانەی بە بەرتییلدان هەستاون, نەک لەسەر لایەنی بەرتییلخۆر و بەس, وە لە نێوانیاندا هەندێ لەو ناوانەی کە لە بواری بزنسدان, وەک شیفرون, هالیبیرتون, ئای بی ئێم, و جەندیینی تریش, ئەلێت: " بەرتییل, بە پێچەوانەی تاواناکەنانی تر, بە هێواشی ئەنجام ئەدرێت, بە مووچ مووچی نهێنی کە لە نێوان کۆمپانیا و حکومەتێ کدا قوڵپ ئەدات, بەدرێژایی  چەندیین ساڵان, بە مەبەستی ژێربەژێربوونی ئەو تاوانانە و دەرنەکەوتنی ئەنجامە کارەستبارەکانیی, بەڵام مۆنتیرۆ, سوورە لەسەر ئەوەی کەئەم تاوانانە لەدوای خۆیان, زیانی ئابووریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی جێ دەهێڵن کە بە لێکەوتەکانیان کارەستئامێزن (درێژەیەک بۆ ئەم هەوڵانەی مۆنتیرۆ لە بەشی دووەم دا باسکراوە).

سەرچاوەکان
1. O. Bullough, “Dirty Money: How Corruption Shapes the World”,Foreign Affiars,
     Jan./Feb.2020
2. Cooley, A., Heathershaw, J., & Sharman, J. The Rise of Kleptocracy: Laundering
     Cash, Whitewashing Reputations. Journal of Democracy, 29 (1), 2018. Pp 39-53.
3. Transparency International
     https://www.transparency.org/en/our-impact
   Encyclopaedia Britannica, 
     https://www.britannica.com/topic/Transparency-International
رێکخراوی رۆشنکاریی نێودەوڵەتیی (Transparency Internation - TI), رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی جیهانییە دژ بە گەندەڵیی. دییدی رێکخراوەکە, هێنانەئارای جێهانێکە حوکوومەت و سیاسەت و بزنس و کۆمەڵگەی مەدەنیی و ژیانی ئاسایی هاوڵاتیان بەبێ گەندەڵیی بەڕێوەبچێت. بۆ ئەم مەبەستەش, کاری کۆکردنەوەی خەڵکە لە هاوپەیمانێتییەکی جیهانیی دا, بۆ نەهێشتنی کاریگەرییە وێرانکارییەکانی گەندەڵیی لەسەر هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە لە سەانسەری جیهان دا. هەروەها, رێکخراوێکی نا سیاسیی و ناحوکوومیی و قازانج نەویستە, لەساڵی ١٩٩٣ لە بەرلیین دامەزراوە. زیاتر لە ١٠٠ لقی نیشتمانیی هەیە لە وڵاتەکان دا بۆ قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی لەو وڵاتانەدا. رێکخراوی رۆشنکاریی, هەر لێکۆڵیینەوە لە گەندەڵیی ناکات, بەڵکو هەوڵی پشتیوانیی درووستکردنە بۆ دژە گەندەڵیی لە نێو بەرپرسە حوکوومیی و بزنسمان و کۆمەڵگەی مەدەنیی و میدیادا. رێکخراوەکە, زۆر بە وردیی و زانستیانەوە توێژیینەوە و پێجۆریی ولێکۆڵیینەوە لە هەڵماڵیی و قەبارە و سەرچاوە و جوگرافیای گەندەڵیی ئەکات, چ لەسەر ئاستی حوکوومەتەکان, کۆمپانیاکان, بەرپرسەکان, تاکەکەسەکان, رێکخراو و دامەزراوەکان ئەگرێـتەوە. ئامڕازەکانی قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی پێشخستووە و لە ساڵی ١٩٩٥ وە, ئاماژەدەری گەندەڵیی ساڵانەی داهێناوە, راپۆرتی ساڵانەی گەندەڵی جیهانی بڵاوئەکاتەوە, ئاماژەدەری بەرتییلدەرەکانیش بڵاوئەکاتەوە. رێکخراوەکە باربۆکردن وەرئەگرێـت بە مشتیی ( نقد) یان نەختیینەیی لە لایەن هەر بەخشەرێکەوە, بەو مەرجەی کارنەکاتە سەر متمانەو راستگۆیی و سەربەخۆیی و بێلایەنییان و رووبەرووی مەترسیی و بێئابڕووییان نەکاتەوە. باربۆکردنەکان, جۆراوجۆرن, لە لایەنە بەخشەرەکانیەوە, ئییتر ئاژانسە حوکوومییەکان و دامەزراوەکان, کەرتی تایبەت و تاکەکانەوەیە. رەنگە باربۆکردنەکان بەبێ مەرج بن, یان پێ,ەستبێت بە بەرنامەیەکی دیارییکراو یان پرۆژەیەکەوە.
4.Ref.1
5. B. Judah and N. Sibley, “The West Is Open for Dirty Business”, Hudston Institute,
     Foreign Policy, Oct. 7, 2019.
6.Ref.2
7. Ref.4
8. H. Breakey, , Review of “Thieves of State: Why Corruption Threatens Global
    Security”,  Journal of Genocide Studies and Prevention, Oct.2016.
  دکتۆر برێکیی, توێژەریی پێشەنگە لە زانکۆی گریفس, لە ئوسترالیا, زیاتر پسپۆڕە لە بواری  فەلسەفەی رەوشت. توێژیپینەوەکانی چڕ دەبێتەوە لەسەر بوارەکانی ئاشتینانەوە و, حکوومەتی دامەزراوەیی و, گۆڕانی کەشوهەوا و, رەوشتی پیشەیی و, یاسای نێودەوڵەتیی. لە ٢٠١٣ وە, سەرۆکی کۆمەڵەی ئوسترالییە بۆ رەوشتە پیشەیی و جێبەجێکارییەکان (The Australian Association for Professional and Applied Ethics).
9. 
  سارا چاییز, هاوڕێی پێشەنگی بەرنامەی (کارنگیی)ی دیموکراسیی و سەروەریی یاسایە (Carnegie Endowment for International Peace). لە زانکۆی کارنگیی. چاییز, پێشنییاری ئاشتیی و لەرووداوەستانەوەی گەندەڵیی کرد, شەن و کەوێکی زانستیی و بەڵگەدارانەی بۆ بونیادی حکومەتە کلیپتۆکراسییەکان ( تاڵانچییەکان) کرد, لە سەرانسەری دونیادا. بەرنامەیەکی گشتگییریی راگەیاند, چەندەها ۆرکشۆپی نێودەوڵەتیی سازکرد, بۆ کارکردن لە دژی گەندەڵیی و کلیبتۆکراتەکان, لە ئەمەریکا و وڵاتانی تری پەیوەندیی داردا.
10. R. Bistrong, “Corruption, Compliance & Criminal Regimes: An Interview with
    Sarah Chayes”, A Front-Line Perspective on FCPA, Anti-Bribery and Compliance
     Jan 26, 2015.
11. S. Bandyk, Corruption Q&A with Sarah Chayes, Anti-Corruption & Governance
    Center, July. 20. 2015.
12. Ref.1

* دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی و توێژیینەوەی زانستیی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستیی

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×