لەڕوسیاوە بۆ ماڵی مامە شێخ، لە(جۆرج)ەوە بۆ (سیفاللە)

دلێر محەمەد نوری
  2020-07-11     1509

چیرۆکی ژیانی دەروێشێکە نە سەرەتای دیارە و نە کۆتایی...


(جۆرج نیکۆڵای) کە دواتر بووە بە (سیف اللە قادر) گاوری بە موسڵمان بوو، ئەمە نووسراوی سەر کێلی گۆڕێکی گردی سەیوانی شاری سلێمانی یە، کە لە ساڵی ١٩٧٤دا نێژراوە . پیاوێکی رووس بووە کە چیرۆکێکی هەبووە نە سەرتای هەبووە و نە خاڵی کۆتایشی بۆ دانراوە. ئەو خاوەن بیۆگرافیایەکە کە بە ساڵ و شوێنی لە دایک بوون و قۆناغی مناڵی و کەس و کار و...هتد دەست پێناکات. ئەو  چیرۆکێکە سەرەتای دەرکەوتنی ئەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای بیستەکانی سەددەی ڕابردوو کاتێک هەرزەکارێکی باریکەلەی ١٥ ساڵ یان بەرەوژوورتر، سوور و سپی و چاو شینی موو زەرد خۆی لە تەکییەی شێخ عبدالقادر کەسنەزانی دەبینێتەوە. بەر لەم تەمەنەی (جۆرج نیکۆڵای) کە لە دەرباری شێخانی کەسنەزان وە دەست پێدەکات، جگە لە ناو و پاشناوەکەی هیچ شتێک لە بارەی ئەو ١٥ ساڵ یان بەرەو ژوورترەی ڕووسیای، یان بۆ کەس باس نەکردووە یان باسکراوە و کپکراوە.
کەسێک بەو باکگراونە ڕووسییە و لە شارێکی بچووکی وەکو سلێمانی ژیابێت، لە پەنای پیرەمێردی شاعیری چاوتیژ و  ڕۆژنامەنووسی بە دیقەت، کە هەواڵی تەنانەت پرسەکانی سلێمانیشی بڵاو ئەکردەوە لە ڕۆژنامەی ژین دا، بەڵام پەی بەم هەواڵ و پرسە سەیرە نەبردبێت، ئەبێت چ تاریکاندنێک بە دەوری ئەم مەردومە هەبووبێت!؟ ئەبێت چ تەم و مژێک ئەم زانیارییەی شاردبێتەوە وەک شاردنەوەی تەرمەکەی لە نێو گۆڕێکی سەیواندا!؟
بە هەر حاڵ یەکەم دەست و یەکەم جێگەش کە ئەم ڕووسییە لەو کاتەدا لێی گیرسابێتەوە، دەست و تەکییەی شێخانی کەسنەزان بووە. ئیتر ناوی دەگۆڕن بە سیف اللە و وەک لە گێڕانەوەکانی ماڵی شێخ و وەچەکانی خۆیشی دەردەکەوێت. نەک هەر ئەمە و لە تەکیەی شێخ پێدەگات و فێری زمانەکان و زیکر و قورئانیش دەبێت. 
ئەم کەسە رووسیە ئەرتۆدوکسییە پاشخان ئایینییە، دواجار چۆن و بە چ هۆکارێک دەبێت بە دەروێشی شێخ عبدالقادری باپیری شێخ محەمەدی کوڕی شێخ عبدالکریمی کەسنەزانی، کە لەم ڕۆژانەی پێشوو کۆچی دوایی کرد!؟ مەگەر تەنها ماڵی مامە شێخ و تەکیەی کەسنەزانییەکان وەڵامێکی ئەم پرسیارەیان لە لا بێت. 
بە هەر حاڵێک بوو بێت دواجار وەکو هەر دەروێشێکی دیکەی تەکێی کەسنەزان قژە زەردەکەی تا سەر شان و تا کۆتاییەکانی تەمەنی بە درێژی ئەهێڵێتەوە و خزمەتی ئەکات و لە زنجیرەکانی زیکریشا قژی بەردەداتەوە و تەهلیلە و حەی اللە یان پێدەکات و تەنانەت تا ئەمڕۆش کاسێتی دەنگی ماوە، کە لە کاتی زیکر کردندا تۆمار کراوە. جۆرج یان سیف اللە نەک ناوی خۆی دەگۆڕن بگرە ناوێکی تازەش جێگە بە ناوی نیکۆڵای باوکی لێژ ئەکات و تەنانەت شوناسنامەی عێراقیشی بەو ناوەوە بۆ رێکئەخرێت و دەکرێت بە (سیف اللە قادر کریم) واتا هەڵئەگیرێتەوە و بە کوڕی ماڵباتی شێخانی قادری (تبنی) دەکرێت.
کاتێ تەمەنیشی هەڵدەکشێت ئیتر ئافرەتێکی کوردیشی لێ مارە دەکەن بە ناوی شەوکەت و ژیانی هاوسەرگیری پێکەوە دەنێن و پێنج منداڵ بە ناوەکانی (کریم و علی و نەزیرە و مونیرە و ئامینە) ئەخەنەوە و ئەمانەش هەر یەکەیان چەندین وەچە و وەچەزایان خستۆتەوە و ئێستا لە نێو ئەمانەشدا تەنها نزیرە لە ژیاندا ماوە و لە وڵاتی بەلجیکا دەژی. بە کورتی ئەو بنەماڵەیەی بەری جۆرج نیکۆڵای و شەوکەتی خێزانی تا ئەمڕۆ  بوون بە چەند سەدد کەسێک. 
هەڵبەتە بە پێی ئەو گێڕانەوانەی کە لە کەس و لایەنەکانی پەیوەند بە ئەم کەسایەتییەوە گەیشتوون، دەرئەکەوێت کە دەروێش سیف اللە بە هۆی کەسنەزانییەکانەوە لە بەغدا و لە کەرکوکیش ژیاوە بەڵام کە خێزانی پێکەوە ناوە و مناڵی خستۆتەوە و سەرەتا لە کەرکوک و دواتر لە شاری رانیە ماوەیەک دەژی و ئەنجا بە تەواوی تا مردنی لە سلێمانی جێگیر بووە. دواجاریش بە تەواوی لە بنەماڵەی کەسنەزانییەکان دادەبڕدرێت، هۆکاری ئەم دابڕانەش تەنها مەگەر کەسنەزانییەکان وەڵامی دروستی بزانن. دەروێش سیف اللە یان جۆرج نیکۆڵای باقی تەمەنی بە هەژاری و کولەمەرگی بە سەر دەبات و لە فرۆشتنی شیرینی و بابەتی مناڵان لە دوکانێکی بچکۆلەی قوڕ کە دەکەوتە بەرانبەر ئامادەیی سلێمانی کچان بژێوی خۆی دابین دەکرد، لە دوای ئەوەی  دەست لە ژن و مناڵەکانیشی بە تەواوی بەردەدات و بە تەنها لە خانوویەکی قوڕدا دەژی بە باخ و سەوزایی ئەیڕازێنێتەوە و وەچەکانی جار و بار سەردانی دەکەن هەتا کۆچی دوایی کردنی لە ساڵی ١٩٧٤ دا، بەر لە مردنیشی ژنی دووهەمیش دەهێنێت تا دوا ڕۆژی ژیانی پێکەوە دەبن و بەڵام هیچ منداڵێکی لە خێزانی دووەمی نابێت. نەزیرەی کچی کە لە ژیاندا ماوە و لە بەلجیکادا دەژی، لە دەمی باوکییەوە دەیگێڕێتەوە کە لە کۆشک و تەلاردا ژیاوە و حەشەم و خەدەم و مامۆستای تایبەتی هەبووە. هوشیار کەریم کە کوڕەزای جۆرج نیکۆڵای (دەروێش سیف اللە)یە و لە سوید دەژی گەلێک سەرگوزشتەی لە بارەی باپیرییەوە لە یادە و ئەو دەڵێت کە باپیرم گریانێکی بێ پسانەوەی هەبووە و هەمیشە لە یادی کەس وکاریدا بووە و زۆر بێزاری بە ژیانییەوە دیار بووە. (کەریم سیف اللە) ش کوڕی جۆرج نیکۆڵای کە ئەمساڵ کۆچی دوایی کرد گەلێ چیرۆک و سەرگوزشتەی  ڕوسی کۆنی بۆ مناڵەکانی گێڕاوەتەوە، کە ئەو واتا حاجی کەریم ئەیووت کە هەموو ئەم چیرۆکانەی لە باوکییەوە بیستووە.
تا ئێرە کورتەیەک بوو لە ژیاننامە نا تەواوەکەی جۆرج نیکۆڵای، بەڵام جۆرج یان سیف اللە چیرۆکێکە بۆ تەواوکردنی پێویستی بە ریپۆرتاژی دوور و درێژ هەیە و جێی ئاماژەشە کە ئەگەر مەرگی حاجی کەریم سیف اللەی کوڕە گەورەی جۆرج نیکۆڵای لە ئەمساڵدا نەبووایە (کە خەزووری بەندە ئەکات)، هەروەها پێشهاتەکانی کۆڕۆنا نەبووایە، لەوانە بوو ڕێپورتاژی ڕۆژنامەوانی لە سەر بکرایە لە لایەن چەند ڕۆژنامەنووسێکەوە کە ماوەیەکە خەریکی ئامادەکردنین. هەر بۆیە ئەم وتارەم بە پێویست زانی تا دەرگایەکی کراوە بێت بۆ ئەوان تاوەکو کونج و قوژبنەکانی ئەم کەیسە بپشکنن و وەڵامی ئەم سەرنج و پرسیارە گرنگانەی خوارەوە بدەنەوە:

١/ جۆرج نیکۆڵای بۆچی چیرۆکی ١٥ ساڵ یان بەرەوژوورتری تەمەنی خۆی لە ڕووسیا بە نهێنی هێشتەوە تا مردنی؟ ئایا ماڵباتی شێخانی قادری چ لایەنێکی شاراوەی ژیانی ئەم کەسایەتییە ئەزانن؟ ئەو بانگەشەیەی کەسنەزانییەکان دەیکەن، بەوەی جۆرج نیکۆلاییان لە ڕوسیاوە کەمەندکێش کردووە*، تا بێتە لایان و ببێت بە دەروێشی ئەوان، چۆن کەس و کاری سیف اللە یان ڕازی کردووە لە لایەک لێی نەکۆڵنەوە و لە لایەکیش ببێت بە قەڵغانێک لە نێوان خۆیان و باوکیشیان کە ڕێگە بە پرسیارکردن نەدات لەم مەسەلەیە بەوەی کارەکە کارێکی ئایینی و غەیبی ڕووتە و تەنانەت کۆڵینەوە لێی گوناهەشە. بەڵام ئەو چیرۆکە ڕەنگە بە ئاسانی تینوێتی پیاوانی ئایینی و تەریقەت و باوەڕپێکەرانیان  بشکێنێت، بەڵام هیچ کاتێک ئەمە ناکاتە وەڵامێکی لۆژیکی و ئەکادیمی بۆ ئەم مەسەلەیە.
٢/ ئەبێت هۆکاری ڕاستەقینەی هاتنی هەرزکارێکی تەمەن ١٥ ساڵ یان بەرەوژوورتر بۆ عێراق و کوردستان چی بێت؟ کەسێک کە تەمەنی هی ئەوە نیە لە ئەنجامی تاوانێک یان کێشەیەکی ئاڵۆزی خێزانی هەڵهاتبێت، ئەگەر گریمانەی ئەوەش بکەین، بۆچی بە سەر چەندین وڵات و نەتەوەدا کە ڕەنگە لە ڕووی زمان و کولتور و ئایینەوە نزیک بن لە خۆیەوە و دێت و لە نێو وڵات و ئایین و نەتەوەیەکی تەواو جیاواز ئەگیرسێتەوە کە ئەم تاکە وشەیەکیشیان تێناگات؟
٣/قۆناغی ژیانی لە ماڵی شێخ دا چۆن تێپەڕیوە، لە ڕووی زمان و پەروەردەی کۆمەڵایەتی و ئایینییەوە کێ و چۆن یارمەتی دراوە. گرنگی کەسێکی وا چی بووە بۆ ئەو شێخانە؟ هۆکاری دەستبەردابوونی سیف اللە لە تەکیە و دابڕانی تەواوەتی خۆی و وەچەکانی لەو ماڵباتە بۆ چی ئەگەڕێتەوە؟ ئایا ماڵی شێخانی قادری کە ئەشێت کەمێک بە سیستماتیکی بەڕێوە بچێت و ئاسەواری کەسەکان بە شێوەیەکی پارێزراو هەڵگیرابێت، ئایا هیچ وێنە و زانیاری و دۆکیومنتێکی ئەم کەسە لە لای شێخانی قادری کەسنەزانی هەڵگیراوە؟
٤/ ئەم کەسە هەڵگیراوەتەوە و بە کوڕی ماڵی شێخ کراوە و شوناسنامەی و پەڕاو و پێناسیشی هەر بەو پێیە بۆ دروستکراوە. ئایا وەک لە پێناس و کونیەکەیدا هاتووە کە ناوی (سیف اللە قادر) واتا ئەو قادرە  شێخ عبدالقادری باپیری شێخ محەمەد کەسنەزانی کۆچکردووە، ئەم زانیارییە چەندین جار لە لایەن خۆشیان و کەس و کارەکەشی پشتڕاست کراوەتەوە، ئایا لە ڕووی یاساییەوە ئەم کەسە نابێت بە میراتگری ماڵی کەسنەزانی؟
٥/ لە ١٠ی یەکی ساڵی ٢٠١٠ لە ژمارە ١٦٩٥ ی ڕۆژنامەی(مدی) لە ڕاپۆرتێکدا کە (دکتور رفعە عبدالرزاق) ئامادەی کردووە سەبارەت بە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی لە بارەی کوشتارگەکەی نیکۆڵای دووەمی قەیسەری ڕووسیا لە سەر دەستی بەلشەڤییەکاندا لە ساڵی ١٩١٨دا، لە درێژەی قسەکانیدا دکتور رفعە ئاماژە بە ڕۆژنامەی (بلاد) ی بەغدادی دەکات، کە لە ژمارەی ٢٠ کانونی یەکەمی ١٩٢٩ دا باس لە ڕووداوێکی سەیر کراوە کە دائیرەی جینایاتی بەغدا گەنجێکی ڕووسیان دەستگیر کردووە کە بانگەش ئەوەی کردووە کە کوڕی قەیسەری ڕووسیای گولەباران کراوە و ئەم بە برینداری رزگاری بووە، هەر لە درێژەی بابەتەکەی ڕۆژنامەی بلادی بەغدادی ئەو کاتدا هاتووە کە دکتوری خێزانی پادشایەتی لە بەغدا (سندرسن پاشا) زیاتر تیشکی خستۆتە سەر مەسەلەکە کە ئەو کوڕە هێنراوەتە کۆشکی پادشایەتی لە بەغداد و خوێن بەربوونێکی زۆری هەبووە و ئەم چارەسەری پێویستی بۆ کردووە و دواجار ڕای کۆشکی پادشایەتی وابووە کە لە ترسی شۆرشی ڕووسی ئەم لاوە ڕووسییەیان ئیزن داوە تا عێراق بەجێ بهێڵێت. جێی ئاماژەیە کە سندرسن پاشا لە یادەوەرییەکانیدا ئاماژەی بەو ڕووداوە کردووە. 
لێرەدا پرسیاری گرنگ و سەرەکی ئەوەیە، ڕووداوێکی وەها مێژوویی کە لە بەغدا ڕووی داوە و دۆکومێنت کراوە، کە ڕێک لە دەور وبەری هەمان کاتدا بووە کە ئەم لاوە رووسییەش کەوتۆتە نێو تەکیەی شێخانی کەسنەزانی، کێ ئەڵێت ئەم دوو کەسە هەر هەمان کەس نین؟ لەو هەواڵەی کە لە (مدی) هاتووە لە ژێر ناونیشانی (ابن قیصر روسیا فی بغداد) تۆ بڵێی کە ئەگەر لێکۆڵینەوەیەکی چڕ وپڕ و هەمە لایەنە لەم مەسەلەیە بکرێت کێ ئەڵێ ئێمەش نەگەینە ئەو ئەنجامەی کە لە ژێر ناونیشانێکی لەو جۆرەدا بڵێین (گۆڕی کوڕی قەیسەری روسیا لە سلێمانییە)؟
ئەمانە و دەیان پرسیاری دیکەش پێویستیان بە گەڕان و بە دوادا چوون هەیە. ئەمە دەرگایەکی لە سەر پشتە بۆ هەر کەسێک بیەوێت ئاوڕێک لەم کەیسە بداتەوە. بیۆگرافیای جۆرج نیکۆڵای یان دەروێش سیف اللە لە نیگاری یارییەکی پوزڵ دەچێت کە چەند پارچەیەکی وونە، هەتا ئەو پارچانەی نەدۆزرێنەوە نیگارەکەش دەرناکەوێت.
*(کەمەندکێش گوزارشتێکە کە سۆفییەکان و پیاوانی تەریقەت بەکاریدەهێنن، بەوەی کە دڵی مرۆڤەکان بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن).

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×