١٠٠ مەتری- تر لەتراژیدیای شارسازی!

ئەنوەر حەمە عەلی
  2020-07-14     471
زلە شەقامی سەد مەتری بە بوجەیەکی گەورە لێ ئەدرێت لە کاتێکدا هەزاران گەنج، کە وزەی زیندووی کۆمەڵگان، کاتە هەرە بە نرخەکانیان، لە بێ ئێشیدا، ئەڕژێننە ناو سەرئێشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دوكەڵی نێرگەلە، خەو، چاوەڕوانی و هتد. ئەم جادەیە لێ ئەدرێت لە کاتێکدا شارەکانی ئێمە وردە وەردە کەڵکی پیاسە کردنیان تێدا نامێنێت. زیادبوونی ئۆتۆمۆبیل ژینگەی شارەکان زیاتر و زیاتر پیس ئەکات. شۆستەی پیادەڕەوی شەقامەکانی ئێمە ئەوەندەی هەوراز و نشێو تێدایە و ئەوەندە بەر تەسکن، کە ئەگەر زۆر ئاگات لە خۆت نەبێ، لە لێوارێک هەڵ ئەکەویت یان لە سەر کاشییەکی لوسی بریقەدار هەڵ ئەخلیسکێی، بەڵام خۆشبەختانە، لە هەمو قوژبنێکی بازار دەیان و سەدان کلینیکی دۆکتۆرەکانیان بۆ ئامادە کردوی. تابلۆی ناوی دوکتۆر، پارێزەر، دووکان هتد، لە هەموشوێنێک، بە قەبارە و ڕەنگی جیاواز هەڵتۆقیون و ستاتیکای بازاڕ و باڵەخانەکانی ناوشاریان تێکداوە
لە زانستی شارەوانیدا، تێرمێکی گرنگ هەیە بە ناوی "توانای پیاسە"ی شارەکان (بە ئینگلیزی ۆڵکەبیلیتی).  لای ئوربانیستەکان (ئەوانەی پسپۆڕی شارسازین)، ئەوە ئاشکرایە کە زیادکردنی توانای پیاسەکردن لە شارەکاندا، دەرئەنجامێکی ئەرێی هەیە لە سەر تەندروستی شارییەکان [١،٢]. لێکۆڵەرەوەکانی ئەم بوارە سەلماندویانە کە زیادکردنی "توانای پیاسە"ی شارەکان، ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە کەمکردنەوەی نایەکسانی لە نێوان چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان، جەندەر، تەمەنە جیاوازەکان و تەنانەت ئیتینکە جیاوازەکان [٣]. چەندین لێکۆڵینەوەی تازە، ئەوەیان سەلماندووە کە کەم بوونەوەی توانای پیاسەکردن لە شارەکاندا، دەرئەنجامێکی خراپی لە سەربەختەوەری، تەندروستی و ژیانی کۆمەڵایەتی هاووڵاتییەکانی هەیە [بڕوانە سەرچاوەی ١ تا ٧].
ئایا لە سلێمانیدا، پێشنۆرەیی بۆ زیاترکردنی توانای پیاسەکردن و بەپێ ڕۆیشتنی هاوڵاتییانە یان لێدانی زلە شەقامی سەد مەتری؟  ئایا نازانن وردە وردە شار بووە بە زیندان بۆ پیرەکانمان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانمان؟ ئایا نازانن کە بازاڕ مەترسییە لە سەر سەلامەتی مناڵەکانمان؟ ئایا نازانن کە ڕۆژ بەڕۆژ ژینگەی شارەکان بە هۆێ زیادبوونی ئۆتۆمۆبیلەوە خراپ و خراپتر ئەبێ؟ ئایا نازانن، لە بەر نەبوونی مەیدان و کورسی گشتی لە سەر شەقامەکانی ناو شار، خەڵک بە ناچاری لە سەر لێواری قادرمەی ئەم و ئەو باڵەخانە دائەنیشێ بۆ پشودان؟ ئایا نازانن ئەو بەشەی کۆمەڵگا کە لە ژێر مەترسی هەژاری تونددان توانای بوونی ئۆتۆمۆبێلیان نییە و ئەبێ پێشنۆرەیی پرۆژەکانی فەرمان ڕەوا بۆ دەسگیرۆیی و باشکردنی ژیانی ئەم بەشەی کۆمەڵگا بێ؟ 
شاریش بە لێدانی جادە نابێ بە شارێکی دونیای ئێستا. شارەکانی ئێمە، لەوپەڕی هەژاریدان لەڕوی سەنتەرە گشتییەکان بۆ گەنجان، بۆ پیران و بۆ ڕاهێنانی پرۆفەیشۆنەڵانەی بێکارەکانمان. شارە گەورەکانی ئێمە، بە قەدەر شارۆچکەکانی دوونیای پێشکەوتوو کتیبخانەی گشتی و سەنتەری جۆراو جۆری گشتی بۆ خزمەتی هاوشارییەکانی تێدا نییە. بۆ نمونە،  شارێکی وەک و ڤالێنسای ئیسپانیا کە لەڕوی دانیشتوانەوە بە سلێمانی بەراورد ئەکرێت، ٣٢ دانە کتێبخانەی گشتی تێدایە. ئەم کتێبخانانە هەر شوێنی کتێب خوێندنەوە نین، شوێنی فێربوونی زمان، نوسین وچەندین خولیا و کاری ترن.  زۆربەشیان باخچەو کافتریایان تێدایە بۆپشوو،  ئاڵو گۆڕ و تێکەڵ بوونی کۆمەڵایەتی. ئتوانین پێشبینی هەمان ئاستی جیاوازی بکەین بۆ هەموو ئەو دەزگایانەی کە شارێکی سەردەمی ئێستا پێویستییەتی بۆ ئەوەی شاربێت بە ڕاستی نەک گوندێکی گەورە.
شار بە لێدانی جادە نابێ بە شار، تەنها پیاسەیەک بە ناو بازاڕی سلێمانیدا بەسە، بە تایبەتی دوای تەواو بوونی بازاڕ، تا تێبگەیت کە بازار مەیدانی جەنگی کارتۆن و پلاستیک و پەڕۆ بووە لە ڕۆژەکەیدا. ئەمە خەتای کوڵتوری خەڵک نییە ، ئەمە ئیشی شارەوانی و پسپۆڕەکانییەتی کە خولی ڕاهێنان و ڕێ و شوێنی پێویست بونیات بنێن تا ئەم دیاردە ناشیرینانە لە بەرۆكی شار بکرێتەوە.
شار بەلێدانی جادە نابێ بە شار، شارەکانی ئێمە بێ بەشن لە تۆڕێکی پاسی گشتی و سەردەمیانە و خێرا کە وا لە خەڵک بکات، کەمتر ئۆتۆمۆبیل بەکار بهێنن بۆ ڕۆیشتن بۆ شوێنە جیاوازەکانی شار. وەبەرهێنان لە دروستکردنی تۆڕێکی گەیاندنی گشتی ناوشار لە جێگەی جادەی زەبەلاح، هەم ژینگەی شارەکەی باشتر ئەکرد و هەم هەلی کاری بۆ سەدان و ڕەنگە هەزاران بێکاری دروست دەکرد.
ترژیدیاکە لەوەدایە، کە وانە لە مێژووی وڵاتە شکست خواردووە ڕۆژهەڵاتییەکان وەرناگرین و بە هەمان ڕێگەی ئەواندا ئەڕۆین. دونیای تازە سەرقاڵی دروست کردنی شاری سەوز و زیرەکە [٩،٨]. بۆ سازادانی شار بۆ داهاتوویەکی نزیک، ئەبێت وەبەرهێنان و داهێنان بەم ئاراستەیا بکرێت نەک لەجادەی زەبەلاحدا کە ئێستا وڵاتەپێشکەوتووەکان گیرۆدەی بوون و ئەیانەوێ یان لە کۆڵی شارەکانیانی بکەنەوە و یان خێرایی و ژمارەی ئۆتۆمۆبێلەکانی تێدا کەم کەنەوە.
 وەبەرهێنان لە شاردا، ئەبێ بەئاراستەی شاری تازە و داهاتودابکرێت نەک بە ئاراستەی هاندانی زیاتری بەکار‌هێنانی ئۆتۆمۆبیلی کەسی کە ژینگە زیاتر پیس ئەکات، نا یەکسانی زیاتر دروست ئەکات و کێشەی سەلامەتی زۆر ترئەکات. وەبەرهێنانی گەوەرە ئەبوایە زۆر شەن و کەو بکرایە و لە سۆنگەی ئامادەکردنی شار بۆ دونیای داهاتوو بڕیاری لەسەر بدرایە نەک بە عاتیفە وحساباتی سیاسی. بابە بیرمان بێتەوە کە لە کاتێکدا کە سەدان شار وشارۆچکەی وڵاتی میسرییەکان کارەبا و سیستمی ئاوەڕۆ و خوێندنیان نەبوو، جەمال ئەبدول ناسر، ملیۆنان دۆلاری لە دامەزراندنی کارگەی ئۆتۆمۆمبیلی "نەسر" سەرف کرد. ئەمە لە کاتێکدا کە ڕۆژ ئاواییەکان زیاتر لە نیو سەدە لەوەوپێش ئۆتۆمۆبیلیان داهێنابوو، وە ئۆتۆمۆبێلی باشتر، هەرزانتر و سەلامەت تریان دروست ئەکرد. هەر ڕۆژئاواییەکانیش ئەم کارگەیەیان بۆ دروست کرد لە بەرامبەر پارەیەکی زۆردا. لەم پڕۆژەیەدا، میسرییەکان زەرەرێکی گەورەیان کرد و کۆمپانیای فیاتی ئیتالی قازانجی زۆری کرد، هەم لە دامەزراندنی کارگەکەدا و هەم لە ڕاگرتن و ئیشپێکردنی کارگەکەدا هەتا داخستنی یەکجارەکی لەم ساڵانەی دواییدا. كۆمپانیای ئۆتۆمۆبیلی پەیکانی ئێرانی و چەندین نموونەی تری وەبەرهێنانی گەورەی شکست خواردووی لەم بابەتە هەن کە خوێنی ئابوری و خەڵکی ئەم وڵاتانەی مژیوە و ڕەنج بە خەساری کردون.  




References:
[1] Stevenson et al. (2016) Land use, transport and population health. The Lancet 388(10062): 2925–2935.
[2] Reid Ewing & Susan Handy (2009) Measuring the Unmeasurable: Urban Design Qualities Related to Walkability, Journal of Urban Design, 14:1, 65-84.
[3] Sennett R (2018) Building and Dwelling. London: Penguin.
[4] M. Habibian et all (2018), Walkability index across trip purposes, Sustainable Cities and Society, 42, 216-225.
[5] Manaugh et al. (2011), Validating walkability indices: How do different households respond to the walkability of their neighborhood? Transportation Research Part D: Transport and Environment,16:4,  309-315.
[6] Chandrabose (2018), A9528 Urban Design and Hypertension A Systematic Review and Meta-analysis: Journal of Hypertension, 36, 313–314.
[7] Kohsaari et al. (2019), Urban design and Japanese older adults' depressive symptoms, Cities, 87,166-173.
[8] Andrés Camero et al. (2019), Smart City and information technology: A review, Cities,. 93, 84-94.
[9] Brilhante et al. (2018), Green City Concept and a Method to Measure Green City Performance over Time Applied to Fifty Cities Globally: Influence of GDP, Population Size and Energy Efficiency, Sustainability,10, 2031. 81(3).

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×