ئاوا داوای لامەرکەزیی دەکەن بۆ سلێمانیی؟!
نالی پێنجوێنی
2020-07-17   958
چاوەڕێکردنی هاوڵاتییەکی تەمەن ۷۳ ساڵ، بۆ چەندکاتژمێك، لەنۆرەی وەرگرتنی بڕە مووچەیەکی کەمی خانەنشینی، دواتر گیانلەدەستدانی. ئەو ڕووداوە، مایەی شەرمێکی گەورەو نیشانەی شکستێکی ڕوونە بۆ دەسەڵاتێك بیستونۆ ساڵ فەرمانڕەوا بێت.
ئاماژەیەکی تەواو ئاشکرایشە، بۆ بڕو ڕادەی ئەو نەهامەتی و ئازارەی ئەم دەسەڵاتە بۆ هاووڵاتییەکانی خولقاندووە.
ئەو پارەیەی خانەنشینێك لەکوردستان وەریدەگرێت، لەگەڵ شێوازی وەرگرتن و ئەو هەموو وەستان و چاوەڕێکردن و ئازارەی لەپێناوی ئەو بەناومووچەیەدا، ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بەراورد بەئیمتیازات و ئەو مووچەسوڵتانییەی بەرپرس و پلەباڵاکان، زیاتر لەسواڵکردن دەچێت تا مووچە.
بڕی ۱٥٠ بۆ ۳٠٠ هەزار دینار، بدەی بەدەستی منداڵە مەسئولێكی نازدارەوە، هەر واز لەوڕکگرتن ناهێنێ و بەشی چوونەدەرەوەیەکی ناکات. ئیتر چۆن مانگێ بژێوی خێزانێك بەو پارەیە بەڕێوەدەچێت!؟ لەو ناعەدالەتییە گەورەیە بگەڕێ! بچۆ بۆ ئەو هەموو سووکایەتی و ئازارەی لەپێناوی ئەو بڕە پارە کەمەدا دووچاری مووچەخۆرو خانەنشینی نەخۆش و بەساڵاچوو و کەمئەندام دەبێت.
کەسێکی بەساڵاچوو و کەمئەدام و نەخۆش، بۆ وەرگرتنی پارەیەکی ئاوا کەم، لەگەرمیان و شارباژێڕو دووکانەوە، بێتە سلێمانیی و چوار پێنج سەعات لەنۆرەدا بووەستێ؟! چۆن دڵ بەو دەسەڵاتە خۆشکات؟ تاکەی بەرگەی ئەو ئازارو سووکایەتییە دەگرێ؟ ئیدارەدان و فەرمانڕەوایی فاشلی ئێوە، بووە بەئازار بۆ خەڵك و ژیانیتان کرۆتە دۆزەخ؟ کەی ڕەوایە ؟ لەم سەردەمی کۆرۆنادا، خانەنشینێکی نەخۆش و بەساڵاچوو، لەگەرمیان و شارباژێڕو دووکانەوە بێت بۆ سلێمانیی و بۆ چەندکاتژمێرێك لەنۆرەدا بوەستێ؟! بەکام عەقڵ و مەنتیق، چەند هەزار کەسێ، لەدەوری پەنجەرەیەکی بچوک کۆدەکرێنەوە؟!! خۆ فەرمانگەکانی ئێوە، وانەبێ کێشەی کەمی کارمەرندی هەبێت! هەر فەرمانگەیەکی کورستان بگری، بەهۆی زۆری کارمەندەوە توشی ئینتەلابووەو ڕێگات نییە بڕۆی! ژمارەی کارمەندی فەرمانگەکانی ئێوە هەموو سنوورو پێوەرێکی تێپەڕاندووە! بەڵام، ئەوە ڕوونە، ئیدارەدان و فەرمانڕەواییتان شکستخواردوو زۆر دواکەوتووە.
باشە ئێوە شەرم ناکەن بەساڵاچوویەك لەگەرمیان و شارباژێرو کوێ و کوێوە... بۆ وەرگرتنی مووچەیەکی کەمی خانەنشینی بێت بۆ سلێمانی؟ ئەمەیە ئیدارەدانەکەتان؟ ئاواو بەو بەڕێوەبردنە جوانەتانەوە! داوای لامەرکەزیی بۆ سلێمانیی دەکەن؟ کام ڕۆتینتان لەبەردەم کاری هاووڵاتیدا لابردووە؟ تا خەڵك دڵ بەشێوازی ئیدارەدانی ئێوە خۆشکات؟! بۆگەنی گەندەڵی و نەوت دزین و قۆرغکاری زۆنەکەی ئێوە چی لەهی هەولێرو زۆنی پارتیی کەمترە؟!!
ئەگەر ئێوە نموونەیەکی جوانتر، فەرمانڕەواییەکی شەفافتر، ئیدارەدانێکی سەردەمیانەتر، خزمەتگوزارییەکی باشترتان پێشکەش بەخەڵکی سلێمانیی بکردایە. نیوەی ئەو پارەیەی بەگەندەڵی و ناڕەوا بۆ خۆتان و حیزبەکەتان دەڕوا، بۆ خەڵك و لەپێناوی هەژارانی زۆنە حیزبییەکەدا سەرفتان بکردایە، ئەوسا خەڵك بڕوای پێدەکردن، کە ئێوە داوای لامەرکەزیی دەکەن خەمی شارو ژیانی خەڵکی دەڤەرەکەتانە نەك خۆتان. ئێوە لەهەولێر زیاتر شەیدای مەرکەزییەت و قۆرغکارین.
بەساڵاچوویەکی نەخۆش و داماو، لەکەلارو شارباژێڕو دووکانەوە دێننە سلێمانیی و مووچەکانیان بۆ نانێرن بۆ شارۆچکەو دەڤەرەکەی خۆیان! ئێوە چۆن ڕووتان دێت باسی لامەرکەزییەت بکەن!؟ یان ئێوە شینی هەریسەکەتانەو بۆ حسەین ناگرین. کێ دەستی گرتوون ، بەناو مووچەی خانەنشینان! لەناوچەو دەڤەرەکانی خۆیان دابەشبکەن و تووشی ئەو هەموو چەرمەسەرێیان نەکەن؟!
هەر وڵاتێ، ئەو هەموو مووچەخۆرەی ئێوەی هەبوایە مووچەی خانەنشین و بەساڵاچوانی دەبردە دەرگای ماڵەکانیان. دەبێ پارێزگارەکەی گۆڕان، وەڵامی بۆ گیان لەدەستدانی ئەو هاووڵاتییە ۷۳ ساڵە چی بێ کەلەسەرەی مووچەدا گیانی لەدەستداوە؟!! ئایا چی بەدەنگدەرانی دەڵێ؟ ئایا خەڵك دەنگیان بەو دا، تاژیانیان ئاوابگۆڕێ و ئازیزانیان لەسەرەی مووچەی سێ مانگ جارێکا گیانیان لەدەستبدەن.