چاكسازیی دروشمێكی بێ كردار

ئه‌حمه‌د محمود
  2020-07-17     476
هه‌ر له‌سه‌روبه‌ندی پێكهاتنی یه‌كه‌م كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ تاهه‌نوكه‌ یه‌كێك له‌و دروشمانه‌ی كه‌ هه‌ر نۆ كابینه‌كه‌ی حكومه‌ت هه‌میشه‌ وه‌پێش خۆی داوه‌و وه‌ك دروشم جه‌ختی له‌سه‌ر كردووه‌و به‌ڵێنی جێبه‌جێكردنی داوه‌ بریتیه‌ له‌چاكسازیی. 

بێگومان پارته‌ ئوپۆزسیۆنه‌كانیش هه‌رده‌م چاكسازییان به‌تاكه‌ ڕێگه‌و ده‌لاقه‌ی ده‌ربازبوون له‌و هه‌موو قه‌ریرانه‌ زانیوه‌، یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ ساڵی 2005 له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ لیستێكی جیا به‌شداری له‌و پرۆسه‌یه‌دا كردو دروشمی سه‌ره‌كی ئه‌م پارته‌ بریتی بوو له‌چاكسازیی و دابینكردنی خزمه‌تگوزارای و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی.

هه‌رچی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیشه‌ له‌ماوه‌ی ئۆپۆزسیۆن بوونیدا چاكسازیی له‌وه‌دا ده‌بینیه‌وه‌ كه‌ گۆڕانكاری له‌ته‌و‌اوی كه‌رته ‌ئیداری‌و خزمه‌تگوزاریه‌كاندا بكرێت و داموده‌زگا جۆراوجۆره‌كان به‌دامه‌زراوه‌یی بكرێن، هه‌ر به‌و ئومێده‌شه‌وه‌ به‌شداری له‌كابینه‌ی هه‌شت وپاشان كابینه‌ی نۆ كرد به‌لاَم چه‌ندین وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رێتی وه‌رگرت شتێكی ئه‌و تۆی به‌دی نه‌كرا.

كۆمه‌ڵی ئیسلامیش نوێترین كاریان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌میره‌كه‌یان له‌ رۆژی (11/7/2020) پرۆژه‌یه‌كی نوێی بۆ چاكسازیی ڕاگه‌یاند، به‌لاَم پارته‌كانی ده‌سه‌لاَت به‌تایبه‌ت پارتی دیموكرات نه‌ك ستایشی پرۆژه‌كه‌یان نه‌كرد به‌ڵكو ڕه‌خنه‌ی توندیان ئاراسته‌ كرد.

هه‌رچی میلله‌تیشه‌ سه‌رجه‌می داواكاریه‌كانی كۆكردووه‌ته‌وه‌ له‌ چاكسازیدا و داوای چاكسازیی ڕاسته‌قینه‌و بنه‌ره‌تی ده‌كه‌ن له‌ ته‌واوی كه‌رته‌كاندا. 

ئه‌مه‌ سه‌رڕای ئه‌وه‌ی كه‌ ته‌واوی پارته‌ سیاسیه‌كان له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكدا به‌ڵێنی چاكسازیی هه‌مه‌ ڕه‌نگیان به‌هاونیشتمان داوه‌ به‌چه‌شنێك ئه‌گه‌ر ده‌ربچن ئه‌وا له‌كه‌مترین مه‌ودادا گه‌نده‌ڵی بنه‌بڕده‌كه‌ن و ولاَت ده‌كه‌نه‌ شامی شه‌ریف. 

وه‌ك ده‌زانن ساڵێكی ته‌واو به‌سه‌ر ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم گوزه‌رده‌كات، سه‌رۆكی ئێستای ئه‌م حكومه‌ته‌ پرۆژه‌ی چاكسازیی ڕاگه‌یاندو به‌ڵینی چاكسازیی گه‌وره‌ی به‌هاونیشتمانیاندا، به‌لاَم تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ هه‌ست به‌ شتێكی ئه‌وتۆ ناكرێت كه‌ وه‌ك چاكسازیی ڕاسته‌قینه‌ ئه‌ژمار بكرێت، ئه‌وه‌یشی كه‌كراوه‌ یاخود بڕیاره‌ بكرێت دیسانه‌وه‌ قورساییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانی موچه‌ خۆران و میلله‌ت. 

ئه‌وه‌ی كه‌ له‌م بابه‌ته‌دا پرسیاری سه‌ره‌كیه‌و خوتخوته‌مان ده‌دات ئه‌وه‌یه‌ هه‌م حكومه‌ت و هه‌م پارته‌كانی ده‌سه‌لاَت و هه‌م ئۆپۆزسیۆن و هه‌میش هاونیشتمانیان پڕ به‌گه‌رویان هاوارده‌كه‌ن چاكسازی ، هه‌موان هه‌رده‌ڵًێن تاكه‌ ڕێگه‌و مه‌نفه‌ز چاكسازییه‌، وه‌لێ بۆچی به‌درێژایی 29 ساڵی ته‌مه‌نی حكومه‌تی هه‌رێم و قه‌واره‌ی سیاسی ئه‌و هه‌رێمه‌ ئه‌م چه‌مكه‌ هێنده‌ی وه‌ك دروشم  ماوه‌ته‌وه‌ نێو هێنده‌ نه‌چۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ، هێنده‌ی هه‌ر دروشم و نه‌زه‌ریاته‌ هێنده‌ كردار و پراكتیك نییه‌؟ ئایا هۆكاری سه‌ره‌كی له‌ بابه‌ته‌دا چییه‌ ؟ بۆچی چاكسازی له‌ ولاَتانی پێشكه‌توو له‌مه‌ودایه‌كی زه‌مه‌نی دا ئاماژه‌ و نیشانه‌كانی وه‌ده‌رده‌كه‌ون و هێدی هێدی ده‌كه‌وێته‌  سه‌ر به‌ر و پێده‌گات كه‌چی له‌ ولاَتی ئێمه‌ بۆته‌ دێوه‌زمه‌یه‌كی هێنده‌ گه‌وره‌ هیچ كه‌س و هیچ لایه‌نێك ناتوانێت خۆی له‌ قه‌ره‌ی بدات ؟ له‌ كاتێكدا كه‌ هه‌موان ده‌ڵێن چاكسازیی.

وه‌ك ده‌زانین ولاَتێكی وه‌كو ئه‌ڵمانیا له‌ دوای كۆتایی هاتنی جه‌نگی جیهانی دووه‌م وێرانه‌یه‌ك بوو هیچی دی به‌لاَم له‌ ماوه‌ی ده‌ساڵ توانیان جارێكی دی وولاَت بونیاد بنێنه‌وه‌و بوژانه‌وه‌یه‌كی سه‌رتاسه‌ریان له‌ته‌واوی كه‌رته‌كاندا كرد .

وولاتێكی وه‌كو مالیزیا له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌هاتیر محمد له‌ماوه‌یه‌كی كه‌م دا له‌ وولاَتێكی هه‌ژاری كشتوكاڵی یه‌وه‌  بوو به‌و ولاَته‌ی كه‌ ئێستا هه‌مومان سه‌رسامین به‌ پێشكه‌وتنه‌كانیان له‌ ڕووی پیشه‌سازی و ته‌كنه‌لۆژیاوه‌ ولاَتێكی وه‌ك سه‌نغافوره‌  
 وه‌لێ له‌ ولاَتی ئێمه‌ هه‌موان هاوارده‌كه‌ن چاكسازی كه‌چی هه‌نگاوێكی ئه‌رێنێ ئه‌وتۆ به‌ ئاڕا سته‌ی چاكسازی فیعلی و ڕاسته‌قینه‌ نابینرێت.

به‌بڕوای ئێمه‌ و ئه‌گه‌ر ڕاشكاوانه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین ئه‌وه‌ی له‌پشتی ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ خۆی حه‌شارداوه‌ و به‌ربه‌سته‌ له‌به‌رده‌م چاكسازی به‌ كردار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سێ فاكته‌ری سه‌ره‌كی: 

یه‌كه‌م: ده‌سه‌لاَتێكی قۆرخكار: 
حیزبه‌ ده‌سه‌لاَتداره‌كان هه‌ر له‌پێكێهانانی یه‌كه‌م كابینه‌ی حوكمڕانیه‌وه‌ تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ مه‌هام و ئامانجی سه‌ره‌كییان بریتی بووه‌ له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی گیرفانی خۆیان و حیزبه‌كانیان ، هێنده‌ی له‌ خه‌می خۆشگوزه‌رانی خۆیان و بنه‌ماڵه‌كانیان بوون نیوهێنده‌ له‌خه‌می به‌رجه‌سته‌كردنی حكومه‌تێكی خزمه‌تگوزار و حوكمڕانیه‌كی ره‌شید بۆ خزمه‌تی هاونیشتمانیان نه‌بوون، میلله‌ت به‌جوانترین شێوه‌ پێشوازیان لێكردن و هه‌زاران خه‌ون وخه‌یاڵیان له‌خۆشگوزه‌رانی و حوكمڕانیه‌كی دیموكراسیانه‌ له‌ خه‌یاڵدانیان له‌سه‌ر هه‌ڵچنیبوون، تا ئاستی پیرۆزی له‌ناو هاونیشتمانیان پیرۆز بوون، به‌لاَم له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌مان جگه‌ له‌دزی‌و گه‌نده‌ڵی‌و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی خۆیان وكۆمپانیا حزبیه‌كانیان هیچی تریان بۆ میلله‌ت پێنه‌بو، له‌هه‌رگۆشه‌یه‌كی ئه‌م كوردستانه‌وه‌ بروانیت جگه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی شتێكی ئه‌و تۆ ناچنیته‌وه‌.

ده‌توانین بڵێین ئه‌وه‌ی كه‌له‌ پشتی نه‌هاتنه‌دی چاكسازی كرداره‌كی و ڕاسته‌قینه‌یه‌ به‌ پله‌ی ئیمتیاز پارته‌كانی ده‌سه‌لاَتن  كه‌ هه‌تا ئێستا نۆ كابینه‌ی حكومه‌تیان پێكهێناوه‌ ئه‌م پارتانه‌ ئه‌گه‌ر ڕاستگۆبن له‌گه‌ڵ دروشمی چاكسازی ده‌بێت ئه‌م كارانه‌ ئه‌نجام بده‌ن: 

1.شفافكردنی داهاته‌ ناوخۆی وده‌ره‌كیه‌كان و مه‌له‌فی نه‌وت و خاڵه‌ گومرگیه‌كان ...هتد و ڕێگه‌ نه‌دان به‌ یاریكردن به‌سه‌روه‌ت و سامانی ولات و قوتی میلله‌ت .
2.نه‌هێشتنی خانه‌نشینی نایاسایی و بن دیواره‌كان و دووموچه‌ و چه‌ند موچه‌ ....هتد .
3.لێ پێچینه‌وه‌و به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پارانه‌ی كه‌چه‌ندین ساڵه‌ بردراوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم .
4.لێ یپێچینه‌وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و كارگه‌و پرۆژه‌ ئابوریانه‌ی كه‌ به‌رپرس یان ده‌ستی حیزبی له‌ پشته‌ . 
5.سه‌ربه‌خۆكردنی دادگان و ده‌سه‌لاَتی داداوه‌ری .
6.گێڕانه‌وه‌ی ڕۆڵی ڕاسته‌قینه‌ بۆ په‌رله‌مان و ده‌زگا شه‌رعیه‌كانی تری حكومه‌ت .

ئه‌گه‌ر پارته‌ سه‌ره‌كیه‌كانی پێكهێنه‌ری حكومه‌ت ئه‌م كارانه‌ ئه‌نجام بده‌ن ئه‌وه‌ بیگومان هێدی هێدی خۆری چاكسازی هه‌ڵدێت به‌لاَم وه‌ك ده‌بینین هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌لاَت هه‌رگیز جددی نه‌بوون و نین چونكه‌ ئه‌نجامدانی چاكسازی واته‌ قه‌لاچۆكردنی گه‌نده‌ڵی ، قه‌لاچۆكردنی گه‌نده‌ڵیش یه‌كسانه‌ به‌لێدان له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوری و سیاسیه‌كانی خۆیان ، كه‌ به‌مه‌ش سه‌نگ و بالاَنسی سیاسیان دێته‌خواره‌وه‌ و هه‌رگیز ئه‌وكورسیانه‌ی كه‌ پێشتر مسۆگه‌ریان كردووه‌ ناتوانن به‌ده‌ستی بهێننه‌وه‌ ، هه‌ربۆیه‌شه‌ سه‌رۆكی ئه‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌ت له‌ پرۆژه‌ چاكسازیه‌كه‌یدا  له‌جێگه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ست بۆ مه‌له‌فی نه‌وت و خاڵه‌ سنوریه‌ه‌كان و كۆمپانیا حیزبیه‌كان....هتد  به‌رێت جارێكی دی ده‌ستی بۆ موچه‌ی موچه‌ خۆران برد.

دووه‌م: ئۆپۆزسیۆنێكی بێ كردار 
بیگومان پارته‌كانی ئۆپۆزسیۆن به‌ گۆڕانیشه‌وه‌ كه‌ ئێستا له‌ ده‌سه‌لاَته‌  كه‌م و زۆر له‌خه‌می چاكسازی بوون و هه‌وڵیان داوه‌ كه‌ ولاَت له‌ گه‌نده‌ڵی قوتار بكه‌ن ، به‌لاَم ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێڕامانه‌ ئه‌مانیش به‌ درێژایی هه‌ر نۆ كابینه‌كه‌ تا ئه‌م ساته‌ وه‌خته‌ نه‌یانتوانیوه‌ ببنه‌ هێزێكی فشاری ئه‌وتۆ كه‌ حكومه‌ت ناچار به‌چاكسازی  ڕاسته‌قینه‌ بكه‌ن كه‌ به‌ڕای من ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌م خالاَنه‌:
1. هه‌وڵه‌كانیان زیاتر له‌ پێشكه‌شكردنی پرۆژه‌و ده‌ركردنی به‌یاننامه‌ و ئاشكراكردنی گه‌نده‌ڵیه‌كان  خۆی ده‌بینێته‌وه‌ ، واته‌ هێنده‌ی گوفتاره‌ كردار نییه‌ .
2.هه‌میشه‌ جۆرێك له‌ په‌رته‌وازه‌یی و ڕاجیاییان پێوه‌ دیاربووه‌و نه‌یانتوانیوه‌ ببنه‌ به‌ریه‌كی به‌هێزی نه‌یاری دوپارتی ده‌سه‌لاَت  له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌زانن زه‌روره‌تی زۆرێك له‌ فۆناغه‌كان بووه‌ .
3.هیچ كامیان نه‌به‌ئاشكراو نه‌به‌نهێنی و نه‌به‌تاك و نه‌وه‌كو به‌ره‌یه‌كی به‌هێز نه‌یانتوانیوه‌ ڕابه‌رایه‌تی ده‌نگه‌ ناڕازیه‌كانی شه‌قام بكه‌ن و خۆپیشاندانه‌كان ڕێكخراو بكه‌ن ، ته‌نانه‌ت زاتی ئه‌وه‌یان نه‌بووه‌ ئه‌ندامانی خۆیان هان بده‌ن بۆ به‌شداری كردن له‌ خۆپێشاندانه‌كان به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت، هه‌ربۆیه‌ هه‌میشه‌ خۆپیشاندانه‌كان نا رێكخراوبون و كاتی و بێ جه‌دوا بوون . 
4.ئه‌مانه‌ كه‌ له‌ ده‌سه‌لات بوون و له‌گه‌ڵ پارته‌كانی ده‌سه‌لاَت حكومه‌تیان پێكهێناوه‌ به‌ كرداره‌كی به‌شدارنه‌بوون به‌ڵكو به‌شدارایان پێكراوه‌ ، بۆیه‌ هه‌ر وه‌زاره‌تێك یان به‌رێوه‌به‌رێتیه‌كیان وه‌رگرتبێت كارتۆنی بووه‌و بریار له‌لای دووپارتی ده‌سه‌لات بووه‌ ، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دییه‌وه‌ هه‌ر بڕیارێكیان به‌ ئاراسته‌ی چاكسازی ده‌ركردبێت مرێنراوه‌ و له‌لایه‌ن دووپارتی ده‌سه‌لاَته‌وه‌ ده‌یان عه‌رقه‌له‌ی بۆ دروست كراوه‌ چونكه‌ لێدان بووه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌وان .
5. دووحیزبی ده‌سه‌لاَت به‌تایبه‌ت پارتی له‌ گۆڕه‌پانی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌هۆی كڕینی ده‌نگ و ته‌زویرو ...هتد ڕێگربووه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌م پارتانه‌  به‌ فیعلی بچنه‌ سه‌ركورسی ده‌سه‌لاَت و مماره‌سه‌ی ئه‌و بیرۆكه‌و پرۆژانه‌ بكه‌ن كه‌ هه‌یانه‌ بۆ چاكسازی ، بۆیه‌ ئه‌م پارتانه‌ به‌ فیعلی و راسته‌وخۆ  ده‌سه‌لاتیان به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌بوه‌و موماره‌سه‌ی ده‌سه‌لاَتیان نه‌كردووه‌ ، كه‌ من پێم وایه‌ دوور له‌ عاتیفه‌ له‌ناو حیزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆن خه‌ڵكانی ئه‌كادیمی بوێرو شاره‌زاو ده‌ستپاك و خه‌مخۆری وای تیایه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ركارێكیان پێ بسپێریت به‌ئاراسته‌یه‌كی ئیجابی و باش دا ئه‌ی به‌ن و ده‌بنه‌ هه‌وێنی به‌دیهاتنی چاكسازی ڕاسته‌قینه‌. 

سێیه‌م: میلله‌تێكی كه‌م هۆشیار
زۆر به‌داخه‌وه‌  له‌ وولاَتی ئێمه‌ به‌تایبه‌ت له‌ ئێستادا زۆرینه‌ی هاونیشتمانیان ناڕازین له‌م دۆخه‌ خراپه‌ی كه‌ هه‌رێمه‌كه‌مانی پیادا تێده‌په‌ڕێت و ده‌زانن كه‌ به‌رپه‌رسی یه‌كه‌می ئه‌م دۆخه‌ش دوو حیزبی ده‌سه‌لاَتن  كه‌ له‌ ئێستادا بونه‌ته‌ سیان ، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌م ساته‌وه‌خته‌دا پێی گه‌یشتوین ده‌رئه‌نجامی ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵیه‌یه‌ كه‌ حیزبه‌كانی ده‌سه‌لاَت له‌ ماوه‌ی 29 ساڵی ڕابردوو ئه‌نجامیان داوه‌  ، به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی شرۆڤه‌كارانی سیاسی و ئابوریش دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و ئاقارێكی خراپتر هه‌نگاو ده‌نێت ، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌ ناڕه‌زایه‌تی هاونیشتمانیان نه‌بۆته‌ هێزێكی فشاری كاریگه‌ری ئه‌وتۆ كه‌ ده‌سه‌لاَت ناچار به‌چاكسازی ڕاسته‌قینه‌ بكات كه‌ هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ:
1.ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ به‌شی هه‌ره‌زۆری له‌نوسینی سه‌رشاشه‌كان و دوعای گۆشه‌ی به‌رماڵه‌كان خۆی ده‌بینێته‌وه‌ واته‌ نه‌یتوانیوه‌ بێته‌ شه‌قام مه‌گه‌ر به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆركه‌م نه‌بێت .
2. ئه‌وه‌یشی كه‌ دێته‌ شه‌قام به‌به‌راورد به‌ ژماره‌ی ده‌نگه‌ ناڕازیه‌كان شتێكی ئه‌وتۆ نییه‌ ، به‌نمونه‌ موچه‌خۆرانی ڕاسته‌ قینه‌ ژماره‌یان شه‌ش سه‌د هه‌زار كه‌سه‌ كه‌چی هه‌زاركه‌سی نایه‌ته‌ شه‌قام .
3.زۆربه‌ی خۆپیشاندانه‌كان ناوچه‌ین و سه‌رتاسه‌ری نین و نه‌توانراوه‌ له‌پایته‌خته‌وه‌ سه‌رچاوه‌بگرن.
4.پارته‌وازه‌یی و نارێكخرابوون به‌ ئاشكرا به‌ خۆپیشاندنه‌كانه‌وه‌ ده‌بینرێت ، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گڕێته‌وه‌ نه‌پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ڕابه‌رایه‌تیه‌كی ڕاسته‌قینه‌یان ده‌كه‌ن نه‌ ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كه‌ خۆی له‌ ده‌یان ڕێكخراو ده‌بینێته‌وه‌ . 

هه‌موو ئه‌م خالاَنه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن كه‌ به‌شێكی به‌رچاوی هاونیشتمانیان تا ئه‌ندازیه‌كی زۆر نا هۆشیارن ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌ی كه ‌له‌م هه‌رێمه‌ ده‌گوزه‌رێت له‌هه‌ر ولاَتێكی دی بوایه‌ قبوڵ نه‌ده‌كراو گۆڕانكاری گه‌وره‌ ئه‌نجامده‌درا.
له‌كۆتایدا ده‌توانین بڵێین له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌لاَتێكی سته‌مكارو ئۆپۆزسیۆنێكی بێ كردارو میلله‌تێكی كه‌م هۆشیار چاكسازيی هه‌ر دروشمه‌ نه‌ك كردار.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×