نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز لاهور شێخ جەنگی

د.گۆران عەبدوڵا
  2020-07-26     1784
جەنابت لە وەڵامی مامۆستایەکی ئاینی قەدرگران ئەمەی خوارەوەت فەرموە:
"ڕێگا نادەم هیچ كەسێك لەدەوروبەری خۆم و لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێگەكانیان بۆ مەرامی شەخسی بەكاربهێنن”.
پێمان باش بو لە بارەی ئەم قسەیەی جەنابتانەوە چەند راستی و تێبینیەکت بەخەینە پێش چاو کە تایبەتن بەو لێدوانەت لە پەیوەست بە سیستمی تەندروستیەوە.
پرسیاری ئێمەومانان بۆ جەنابت ئەوەیە: ئاخۆ هیچ بوارێکی تەندروستی ماوە کادیر و بەرپرسەکانی حیزبەکەی جەنابت بۆ بازرگانیکردن دەستیان بۆ نەبردبێ و پێگە حیزبی و ئیدارییەکانیان بۆ مەبەستی شەخسی بەکارنەهێنابێ؟ لە خوارەوە چەند نمونەیەکەت دەخەینە پێش چاو هیوادارین بە دڵ فراوانیەوە تێبینیان بکەی.
با لە بازرگانی دەرمانەوە دەستپێبکەین. ئایە هیچ دەرمانێک، کۆمپانیایەک، کۆگایەکی دەرمان ماوە بەرپرسەکانی حیزبەکەی جەنابت پشکیان تیا نەبێ؟ ئایا ئاگاداری ئەوەی کە بەرپرسەکانی حیزبەکەت پسپۆرییان لە بازرگانیکردن بە جۆرەها دەرمان وەرگرتوە کە بە رێگای شەرعی و ناشەرعی و قاچاخەوە دەرخواردی خەڵکی دەدەن؟ ئەگەر ئەمە بەکارهێنانی پێگەی حیزبی و ئیداری نەبێ بۆ مەبەستی شەخسی ئیتر چی ناوێکی تری لێ ئەنرێ؟
ئایا جەنابت ئاگاداری کە بە دەگمەن نەخۆشخانەیەکی تایبەت دەدۆزیتەوە کە بەرپرسێکی سیاسی و ئیداری حیزبەکەی جەنابت خاوەنداری نەکا یا پشکی تیا نەبێ؟ ئایا دەزانی کادیری ئیداری سەر بە حیزبەکەی جەنابت هەیە پێگەکەی خۆی بەکارهێناوە بۆ وەرگرتنی بینایەک لەناو جەرگەی شاری سلێمانی و کردویەتی بە نەخۆشخانەی تایبەت؟
ئایا نازانی بەرپرسی باڵا هەیە لە حیزبەکەی جەنابت کە عەرزی بەلاشی دراوەتێ و ملێۆنان دۆلاریشی لە حکومەت وەرگرتوە و نەخۆشخانەی تایبەتی پێدروستکردوە و خەڵکی پێ ئەروتێنێتەوە؟
ئایا نازانی کۆمپانیای سەر بە حیزبەکەی جەنابت مۆڵی پزیشکی دروستدەکا و پزیشکان و کارمەندان لای خۆی دەکاتە کۆیلە و کەرتی گشتی لە نەخۆش و تەندروستکار روتانوەتەوە؟
ئەگەر ئەمانە بەکارهێنانی پێگەی حیزبی بۆ مەبەستی شەخسی نەبێ ئەی چین؟
ئایا ناپرسی یەکێتی نیشتیمانیی لە ٢٠٠٧ەوە وەزارەتی تەندروستی لا بو ئایا وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی سەر بە حیزبەکەی جەنابت لە خۆ دەوڵەمەند کردن زیاتر چی سودێکیان بۆ تەندروستی گشتی هەبوە؟ ئایا ناپرسی بۆچی کادیرەکانی حیزبەکەت بە پیلان و بەرنامە ئیشیان بۆ لاوازکردنی کەرتی گشتی کردوە بۆ ئەوەی بزنسەکانی ئەوان قازانج بکا؟ ئایا نازانی کادیرەکانی حیزبەکی جەنابت کەرتی گشتیان ئیفلیج کردوە و دەرمانیان لە نەخۆشخانە گشتیەکان نەهێشتوە بۆ ئەوەی دانیشتوانی خانوە قوڕەکان ناچار کەن لە نەخۆشخانە و دەرمانخانە تایبەتەکانی ئەوان بەدوای چارەسەر بگەڕێن. ئەگەر ئەمە بەکارهێنانی پێگەی حیزبی بۆ مەرامی شەخسی نەبێ ئەی ناوی ئەنێی چی؟
ئایا نازانی کادیری باڵای ئیداری تەندروستی سەر بە حیزبەکەی جەنابت هەیە لە راقیترین شوێنی سلێمانی ڤیلای هەیە و باخی فراوانیان هەیە و پشکیان لە نەخۆشخانەی تایبەت هەیە؟ئەگەر ئەمە بەکارهێنانی پێگەی سیاسی و حیزبی نەبێ ئەی چۆن پێناسەیان دەکەی؟
جەنابی هاوسەرۆک، بەکارهێنانی پێگەی حیزبی و ئیداری بۆ مەبەستی شەخسی و تایبەت لە لایەن کادیرەکانی حیزبەکەت و لە سیستمی تەندروستی لەوە دەرچوە ڕێگەی لێ بگیرێ. ئەم بابەتە بوەتە شێرپەنجەیەک و بە هەمو جەستەی سیستمی تەندروستی بڵاوبوەتەوە و مەگەر بە کیمیاویی و زەڕە چارەسەر بکرێ.
ئەگەر جەنابتان جیدیین لە گەڕانەوەی حیزبەکەتان وەکو خۆتان ئەڵێن بۆ یەکێتی خانوە قوڕەکان، فەرمون لە تەندروستیەوە دەستپێبکەن. ئەگەر ڕاست ئەکەن، ئەو بەرپرسە تەندروستیانەی سەر بە حیزبەکەتان دەرکەن کە لە یەک کاتدا پۆستی حکومی و پشکیان لە نەخۆشخانە و کۆمپانیای تایبەت هەیە. فەرمون با ئەو بەرپرسانەتان کە ئەرز و پارەی لە ماڵی گشتی وەرگرتوە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی تایبەت، بیگەرێنێتەوە. با بەرپرسە حیزبیەکانتان پۆستە ئیداریەکانیان بەکاربهێنن بۆ بوژاندنەوەی کەرتی گشتی تەندروستی بۆ خزمەتی خانوە قوڕەکان نەک بۆ دروستکردنی ڤیلا و باخ و مەزرەعە بۆ خۆیان. با بەرپرسە حیزبیەکانت پێگەکەیان بەکاربهێنن بۆ پێدانی دەرمان بە نەخۆشەکانی شێرپەنجە نەک دروستکردنی مۆڵی پزیشکیی بۆ روتاندنەوەی خەڵک.
تا ئەمانە بە کردار نەکەن و دەرئەنجامەکانی نەبینرێن، نیشانەی پرسیاری جیددی دەکەوێتە سەر هەر بەڵێنێکی لەو جۆرەی لە لێدوانەکەتدا خستوتە ڕو.
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×