دانوستان

بەیار عومەر
  2020-07-28     104
وتەیەک هەیە دەڵێت (کورد ئەوەی لە شەڕدا بەدەستیدەهێنێت، لە دانوستاندا لەدەستی دەدات).

ئێرانیەکان بەپێچەوانەوە، بە درێژایی مێژوو، ئەوەی لە شەڕدا دۆڕاندویانە، لە دانوستاندا وەریانگرتۆتەوە. دانوستان یەکێکە لەو زانستانەی دەخوێندرێت؛ چەند مەدرەسەیەکی دانوستان هەیە. یەکێک لەوانە مەدرەسەی ئێرانە، کە پشودرێژی یەکێکە لە خەسڵەتەکانی. ئێرانیەکان بەناوبانگن بەوەی کە لە مێژودا لە زۆربەی دانوستانەکاندا براوە بوون؛ ئەوەی بە شەڕ لەدەستیانداوە، بە دانوستان وەریانگرتۆتەوە.

لە ساڵی ١٩٤١ لە سەروەختی جەنگی جیهانی دووهەمدا، ڕوسەکان باکور و ئینگلیزەکان ناوەڕاست و باشوری ئێرانیان داگیرکرد. ئینگلیزەکان لەگەڵ ئەمریکیەکاندا لە ئێرانەوە چەک و نەوت و پێدوایستیان بۆ ڕوسەکان دەنارد بۆ شەڕی ئەڵمانەکان. ئێرانیان ناونابوو پردی سەرکەوتن.

سەرۆکی ڕوسیا، جۆزێف ستالین (Joseph Stalin) و سەرۆکی ئەمریکا، فرانکلین ڕۆزڤڵت (Franklin D. Roosevelt) و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ویستۆن چەرچڵ (Winston Churchill)، ساڵی ١٩٤٣ لە تارانی پایتەختی ئێران کۆبونەوە و بڕیاریاندا کە دوای کۆتایهاتنی جەنگی جیهانی دووهەم، لە ماوەی ٦ مانگدا ئێران چۆڵبکەن. بەڵام دوای کۆتایهاتنی جەنگ ستالین پەشیمانبوەوە و ئامادەنەبوو باکوری ئێران چۆڵبکات. لە ساڵی ١٩٤٦ دا ڕووسەکان یارمەتی کورد و ئازەریەکانیاندا کە دوو دەوڵەت لە باکوری ئێراندا بۆ خۆیان دابمەزرێنن، کۆماری مهاباد و کۆماری ئازەربایجان، پایتەختەکانیان مهاباد و تەبرێز بوو.

سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئێران ئەحمەد قەوام (Ahmad Qavam)، چوو بۆ لای ستالین و توانی ڕووسەکان قایلبکات کە دەست لە پشتیوانی کورد و ئازەریەکان هەڵبگرن، بەرامبەر پێدانی هەندێک بیرەنەوتی باکوری ئێران لە سەر دەریای قەزوین. سەرەنجام دەوڵەتی ئێران توانی کۆماری مهاباد و ئازەربایجان لەناوبەرێت و خاکی دەستبکەوێتەوە. لای سەرکردەی زیرەک و نیشتیمانی، خاک گرنگترە لە هەموو فاکتەرەکانی تر، چونکە خاک فاکتەرێکی نەگۆڕە و دەمێنێتەوە، بەڵام پارە و نەوت دەشێت وشک بکەن و نەمێنن.

دوای تێپەڕبونی ساڵێک، واتە لە ١٩٤٧ دا،  پەرلەمانی تازە لە ئێراندا هەڵبژێردرا و دەنگیان لە دژی ئەوەدا کە نەوتی باکوری ئێران بدرێت بە ڕوسەکان و بەڵێننامە نەوتیەکانیان هەڵوەشاندەوە. واتە ئێرانیەکان لە قۆناغی یەکەمدا خاک و لە قوناغی دوهەمدا نەوتیان دەستکەوتەوە. کاتێک ڕوسەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی، ئەحمەد قەوام وتی لە دەسەڵاتی مندا نیە و پەرلەمان بڕیاریداوە. دوای ئەم ڕووداوە ئەحمەد قەوام بە (ڕێویە پیرەکە) ناویدەرکرد.

زۆرینەی سەرکردەکانی ئێمە بە پێچەوانەوە کاریان کردوە. ئەوەی کورد بە شەڕ بەدەستیدەهێناوە، ئەوان بە دانوستان لەدەستیانداوە. یەکەم لەبەر خۆشباوەڕی و نەشارەزایی لە دانوستاندا، دووهەم لەبەر کاڵبونەوەی هەستی نیشتیمانی و زاڵبونی بەرژەوەندی شەخسی و بنەماڵەیی و حزبی بەسەر بەرژەوەندی نیشتیمانیدا؛ زۆر جار پارە و نەوت دەخەنە پێش مەسەلەی خاکەوە، لە کاتێکدا پارە و نەوت کۆتایی دێت و خاک دەمێنێتەوە. سێهەمیش لەبەر ناکۆکی ناوخۆیی، ئامادەن سازش بۆ دوژمن بکەن بۆ یەکتر شکاندن.

یەکێک لە یاساکانی دانوستان ئەوەیە کە دانوستانکار نابێت هیچی بۆ خۆی بوێت، بۆ ئەوەی نەکەوێتە سازشکردن لە پێناوی بەدەستهێنانی پۆستدا. زۆر جار وەفدەکانی کورد دانوستان دەکەن بۆ چونە حکومەت لە هەولێر یان لە بەغدا، دوای چەند مانگێک هەندێک لە ئەندامانی وەفدەکە پۆستی حکومی وەردەگرن. ئەو جۆرە دانوستانانە تەندروست نین، چونکە وەفدێک داوای پۆست و بەرژەوەندی بۆ ئەندامەکانی وەفدەکە بکات، سازشی زیاتر دەکات لەوەی پێویستە بکرێت.

گرنگە ئێمەش پەند لە میللەتان وەربگرین و لانی کەم وابکەین ئەوەی لە شەڕدا بردومانەتەوە، لە دانوستاندا نەیدۆڕێنین. هەروەها مەسەلەی خاکمان لە نەوت و پارە و پۆست لاگرنگتر بێت، لە هەمووشی گرنگتر بەو مەرجە وەفدی دانوستان دیاریبکرێت کە بۆیان نەبێت هیچ پۆست و بەرژەوەندیەک بۆ خۆیان داوابکەن، بەڵکو هەوڵی بەدەسهێنانی ماف و بەرژەوەندی میللەت یان ئەو لایەنە بدەن کە نوێنەرایەتی دەکەن.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×