خودنەفرەتی: رەیسیزمی ناوەکی

سەردار عەزیز
  2020-07-28     215
مەریوان وریا قانیع چەمکی خودنەفرەتی بە دونیای کوردی ناساند. چەمکێک لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا زۆر پێویستمان پێیەتی بۆ خوێندنەوەی خود. یەکێک لە دەقە باڵاکانی بواری خودنەفرەتی کتێبی پێستی ڕەش و ماسکە سپیەکانی فرانز فانۆنە. لە ساڵی ١٩٥٢ فانۆن تەمەنی تەنها ٢٧ ساڵ بوو. بە زمانێکی ئێجگار شاعیریی و دڵتەنگ و جەستەیەکی پڕ لە ئەزمونەوە، بە میتۆدێکی تێکەڵی زانستی و سایکۆئەنالیسیس و شیعریی و ئەدەبی کتیێکی دەگمەن دەنوسێت بە ناوی پێستی ڕەش و ماسکە سپییەکان. فانون لە سەرەتادا پۆلێنکارییەک دەکات. ئەم پۆلێنکارییە بۆ ئێمە بە سودە. ئەم پۆلێنکارییەی لە سەر ئەوە بونیادناوە کە مرۆڤ هەیە و مرۆڤ یان پیاوی ڕەشیش. کەواتە ڕەشبون بەشێک نیە لە مرۆڤبون. لە پەرەپێدانی ئەم میتۆدەدا فانۆن مرۆڤی سپی و مرۆڤی ڕەش وەها وێنادەکات کە هەردوو لە دونیای تایبەتی خۆیاندا گیریانخواردوە.
ئەم دۆخە پلەبەندییەک دروست دەکات، مرۆڤێکی باڵا کە سپی پێستە، مرۆڤێکی خۆبەکەمزان و خۆدنەفرەت کە ڕەشپێستە. ئەم دۆخە لە ژیانی ڕۆژانەدا لە میانەی زمان و دەربڕین و تیلە و دایەلێکت و مامەڵە و ئاگاییەوە دەردەبڕێت و خۆی دوبارەدەکاتەوە و خۆی پتەودەکات. لە نێوان ئەم دوو جۆرە مرۆڤەدا دوو پانتایی هەیە، پانتایی سپی بواری بە بون دەدات و پانتایی ڕەشپێست بوار بە بون نادات. بەو مانایە، ڕەشپێست لە دۆخی نەبودایە. لە دۆخی خۆ سڕینیەوە، خۆ نەفرەتکردن.
لە نێوان ڕەشبون و کوردبوندا هاوبەشی زۆرە. ڕەش ئەو کەسەیە کە نیشتەجێی دونیایەکە کە پێویستە تیایدا لە ناوببرێت. ئەم مێژوی سەد ساڵی ڕابوردوی کوردە. لە سەرەتای سەدەی بیستدا کاتێک تورکەکان پێویستیان بە پشتیوانییە، ئەفسەرەکانیان دەگەنە ئەو باوەڕەی کە دەتوانن سود لە بازوی کورد ببینن بۆ شەڕکردن. لەم ڕوانگەیەوە دەیانهێنن و ڕێکیاندەخەن و دەیانکەنە بەشێک لە سوپاکەیان. بەڵام ئەوان کورد کاتێک بە کەسێکی بە سود دەزانن کە لە هەموو پاشخانێک و تایبەتمەندییەک و کەلتور و مێژویی دابرابێت. بە مانایەکی تر پرۆسەی سڕینەوەی کەلتوریی و سڕینەوەی جەستەیی ئەوەی کە بەرگری دەکات لەم پرۆسەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەیەک و کۆنتر لەوەش. ئەم بە میتۆدی جیاواز لە عێراق و سوریا و ئێراندا بەڕێوەدەچێت. ئەگەر نەفرەت لە ڕەش و پاشان نەفرەتی ڕەش لە خۆی دەرئەنجامی کۆلۆنیالیزم و رەیسیزمە ئەوا بە هەمانشێوە کوردبون و نەفرەت لە کوردبون دەرئەنجامی هەمان پرۆسەیە. ئێمە ڕۆژانە ڕوبەڕووی نوکتە و سوکایەتی و دژایەتی و گاڵتەپێکردن دەبینەوە لە لایەن کوردەوە بۆ کورد خۆی. لە ئەم پرۆسەیەدا چێژێک هەیە. چێژێکی باڵا. کاتێک کوردبون مایەی نەفرەتە لە لایەن ئەوانیترەوە، مایەی گاڵتە و سوکایەتییە، ئەوا پیادەکردنی ئەمە کەسی کورد بۆ ساتەوەختێک لە خودی خۆی دادەبڕێت و بە زمان و لەزەتی ماستەرەکەی دەدوێت. لە میانەی ئەم پرۆسەیەدا مرۆڤی کورد خودی خۆی کۆلۆنی دەکات. خۆ دەبێتە کوێخاکەی و ئیتر لە ئاستی دەرونیدا وەها هەست دەکات چیدی ئەو مرۆڤە کوردە نەفرەلێکراوەکە نیە، بەڵکو ئەو بەشێکە لە نەفرەتکەران. دیارە هەمیشە ئەستەمە خۆت وەک نەفرەتلێکراو ببینیت، هەمیشە دەسەڵاتبەخش و چێژبەخشە کاتێک خۆت بە نەفرەتلێکەر دەبینیت. بەشێکی زۆری رەیسزیم یان پرۆسەی جوداکاری نیوان مرۆڤەکان لە سەر هەر بنەمایەک بێت، لە بنەمای چێژوەرگرتن لە پیادەکردنی ئەو پرۆسەیەوە دێت. زمانی فاشیستەنوێکان و نازییەکان و کۆڵۆنیالیستەکان پڕە لە جنێو، لە سوکایەتی، لە پیادەکردنی دەسەڵات. خودنەفرەتەکانی کورد بە هەمانشێوە بە هەمان زمان و باری دەرونی دەدوێن. جیاوازی گەورەیان ئەوەیە کە کەسی کوێخا لە واقیعەوە دەوێت و کەسی خودنەفرەت لە وەهمەوە. کەسی خودنەفرەت زۆر بە هەموو جۆرە بەرگرییەک و داننان بە بوندا قەڵس دەبێت. ئەو دەیەوێت بێدەنگیەکی تەواو بەرامبەر ماستەرەکان بەرهەم بهێنێت. هەرکاتێک باسی کوێخاکەی بکەین دەڵێت باسی خۆت بکە. ئەو دەیەوێت بەردەوام کەسی خودنەفرەت لە قۆزاخەی خودنەفرەتیدا بمێنتەوە و چاوی بە دونیا هەڵنەیەت.
خودنەفرەتی ڕەخنەنیە، چونکە ڕەخنە پرۆسەیەکی ئێجگار مرۆیی باڵایە بە ئامانجی کرانەوە، جوانکردن و مرۆڤاندن. هەرچەندە لە ڕاستیدا من کێشەی زۆرم لە گەڵ چەمکی مرۆڤ و هیومانیزمدا هەیە. گەر لە ڕابوردودا پارادایمی دینی باڵابوو کە تیایدا خودا سەنتەر بوو، مرۆڤ خەلیفەی بوو، ئەوانیتر هەموو بۆ خزمەتی مرۆڤ دروستکرابو و مرۆڤیش کۆیلەی خودابوو، ئەوا لە پارادایمی هیومانیزمدا خودا مرد، مرۆڤ بوو بە سەنتەر، بەڵام مرۆڤ سەرجەم مرۆڤەکانی دونیا لە خۆی ناگرێت، بۆ ئەمە نمونەی بێشومار هەیە لە مێژوی نوێدا. ئەم مرۆڤ سەنتەرییە بوو لە ڕوانگەیەوە بوو کە مرۆڤ دەبێت سروشت کۆنترۆڵ بکات، دەرئەنجامی ئەمە ئەوەبوو کە ژینگە وێران بوو، سروشت و ئاژەڵەکان بەرەو نەمان دەڕۆن. بەڵام نوکتەیەکی دڵتەنگ لە هەناو هیومانیزمی کوردیدا هەیە، کە ئامانجی سەرەکی دژایەتی کوردە. کاتێک هیومانیزم جێگای کوردی تیادانەبێتەوە، ئەوا جێگای زۆری تری وەک کوردی تیادانەبێتەوە، کەواتە هیومانیزم لەم ڕوانگەیەوە هیچ نیە جگە لە پرۆسەیەکی بەرفراوانی ڕەگەزپەرستی. ئەمەشە کە لە سەدەی ڕابوردودا زۆر ئاسایی بوو کە مرۆڤ بکرێتە مایەی تاقیکردنەوە بۆ زانینی کاریگەری چەکی ئەتۆمی و هایدرۆجینی، تەنها لە بەرئەوەی ئەو مرۆڤانە سپی پێست نەبوون.
خودنەفرەتی کوردی چەندین ئاستی هەیە: کوێخاکانی کورد زۆرجار هەوڵی ئەوەیان داوە کە چۆن لە کوێخاکانی ئەوانیتر بچن. زۆرن ئەو سیاسی و کەسایەتییە کوردانە کە خۆزگەیان دەخواست و دەخوازن کە کوردنەبن، وەها بە خۆیان دەڵێن ئەگەر کورد نەبونایە ئەوا دەبونە کەسێکی باڵاتر. ئەمە ئەمڕۆ لە هەناو چینی سیاسی و ڕۆشنبیری کورددا زۆر باوە. توێژێکی تری خودنەفرەتان خەڵکانی خاوەن ئایدەلۆژیا گەورەکانن، ئیسلامییە نوێکان، چەپەکان، هەندێک لەوانەی کە ئەم پاشخانەیان هەیە و سەرگەردان بوووون. بەڵام ئێستا خودنەفرەتی خەریکە دەبێتە کەلتوری گشتی. دیارە ئەمە دیاردەیەکی کاتییە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە بۆچی گەلانی دەروبەری کورد، فارسەکان، عەرەبەکان، تورکەکان، کە هەمویان بە دەست دەسەڵاتدارانیانەوە دەناڵینن بەڵام بە هیچ شێوەیەک نەفرەت لە خۆیان ناکەن. سورییەکان، لوبنانیەکان، عەرەبە عێراقیەکان، یەمەنیەکان، سۆمالیەکان، میسرییەکان. زۆری تریش. گەندەڵی و شکستی کوردی دەگمەن نیە. دونیای سێ، بە داخەوە سیخناخە بە شکست و گەندەڵی. بەڵام بۆ ئەوەی بەرگری ئەمە بکەین دەبێت بروات بە خۆت بێت، ئەڵتەرناتڤیت هەبێت، نەک ببیتە کەسێک کە نەفرەت لە خۆت بکەیت و بە دوای ئەوەدا بگەڕێیت کە لە دەرەوە ڕزگارکەرێک بێت ڕزگارت بکات. بروابون بەوەی کە ڕزگارکەرێک هەیە، بەڵام ئەو ڕزگارەکە کوردنیە، کورد توانای نیە ڕزگارکەری خۆی بێت، دروستکردنی دۆخێکە کە تەنها شکست و بێدەسەڵاتی و خۆخواردنەوە و دڵتەنگی بەرهەم دێنێت، لە ئەنجامدا درءژەدان بە دۆخەکە و ملکەچبون.
زۆرن ئەوانەی کە ڕۆژانە هەوڵدەدەن بە مرۆڤی کورد بڵێین کە هەموی خەتای خۆتە. تۆ کاتێک ڕزگار دەبێت کە ببیتە کەسێکی تر، بونەوەرێکی تر، خۆت لە کوردبونت پاکبکەیتەوە، وەک چۆن خۆت لە پیساییت پاک دەکەیتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×