لە جەژندا، پەیمان و کینە و مۆراڵ !

ئەنوەر حەمە عەلی
  2020-08-01     635
ئایا هەمو شتێک ڕێگە پێدراوە لە پەیوە ندی و مامەڵەی کۆمەڵایەتی،سیاسی، بازرگانی، بازار و پارەپەیداکردندا؟ بێگومان نا. کێ بڕیارە چوارچێوە و سنوریان بۆ دیاری بکات؟ ئەمە ئیشی یاساو دادوەرییە. بەڵام یاسا و دادوەریش سنوری خۆیان هەیە.  هیچ یاسایەک ناتوانێت بۆ نمونە، خودپەرستی، رق، کینە و درۆکردن بخاتە چوارچێوەی مادەکانییەوە. ئەمەیان ئیشی مۆراڵە.
 مۆراڵ ئەم ڕۆڵە گرنگەی لە پڕکردنەوەی سنورەکانی یاسا و دادوەریدا هەیە، لە چوارچێوەی ئەوەی کە فەیلەسوفی سویسری/فەرەنسی جان جاک روسۆ پێی ئەڵێت " پەیمانی یان پاکتی کۆمەڵایەتی". لە فەلسەفەی سیساسی و کۆمەڵایەتی و بیردۆزی یاسیدا، پەیمانی کۆمەڵایەتی بریتییە لە ڕێکەوتنی ئەندامەکانی گروپێک لە سەر بۆ نمونە شیوەی فەرمان ڕەوایی کە ماف و ئەرکەکانی فەرمان ڕەوا و ئەندامەکانی گروپەکە دیاری ئەکات. دەستور جۆرێکە لە پەیمانی کۆمەڵایەتی.
  کۆمەڵگایەک کە پەیمانی کۆمەڵایەتی نەبێت یان هەڵی بوەەشێنێتەوە، لە ڕووی فەلسەفەی سیاسییەوە بە کۆمەڵگا دانانرێت و ئەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش کۆمەڵگا. کۆمەڵگایەک ئەگەر پەیمانە کۆمەڵایەتییەکەی لە بەرژەوەندی زۆرینەی ئەندامانیدا نەبێت، ئەوە یاسای جەنگەڵ زاڵ ئەبێت تێیدا کە ڕێگە ئەکاتەوە بۆ زوڵـم و باڵادەستی ئەوانەی کە بەهێزتر و توندوتیژترن و کۆمەڵگا لە توانای داهێنان و گەشەکردن ئەخات. سەدە تاریکەکانی مێژووی ئەوروپا نمونەیەکی باشی کۆمەڵگای لەم شێوەیەن.    
لە ڕاستیدا، ئەگەر لە ڕووی دادوەرییەوە دەزگاکانی کۆمەڵگا بە سیاسەت و بازاڕیشەوە، لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێكی کۆمەڵایەتی پتەو ڕێک نەخرێن و سنور و چوارچێوەیان بۆ دیاری نەکرێت، ئەوە پانتایی بۆ مۆراڵیزم زیاد ئەبێت لە کۆمەڵگادا و مۆراڵیزم جێگەی مادەکانی یاسا و دادپەروەری، واتە پەیمانی کۆمەڵایەتی، ئەگرێتەوە. بۆ نمونە، ئەگەر یاساو ڕێکاری گشتی بۆکار یان کوالیتی و نرخی شتومەک، لە بەرژەوەندی گشتیدا نە بێت یان بێ ھێز بێت، ئەوە خەڵک هەوڵ ئەدەن شتومەک لە ناسیاو یان لە "خوا ترسێک" بکڕن، داوا لە دەسەڵات دارێک بکەن تا کۆنتەراتێک، موچەیەک، یان ئیشێکیان باتێ و هتد. لێرەوە ئیتر بازاڕ بۆ کاسبکارانی مۆراڵ، خزمگەرایی، فێڵ، سوێندخواردن، دووڕوویی و گەندەڵی گەرم ئەبێت، ھەرلەبازرگانیەوە بیگرە ھەتا ئەگات بە دەزگاکانی کوڵتورو پەروەردە، سیاسەت و تەنانەت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
  مۆرالیزمی گشتگیر، دەرگا بۆ لاوازکردنی بەها باڵاکانی ئەندامەکانی کۆمەڵگا ئەکاتەوە هەر لە شکۆمەندییەوە بیگرە تا ئازادی و یەکسانی ودادپەروەری. مۆراڵیزم و نییەت پاکی، ناتوانێ کۆمەڵگایەکی سەدەی بیست ویەک ڕێکبخات، ناتوانێت ئازادی ویەکسانی لە نێوان ئەندامەکانی کۆمەڵگادا بەرپابکات، ناتوانێت کۆمەڵگایەکی پلوراڵ و خاوەن داهاتوو بەرهەم بهێنێ. هەرێمی کوردستان پێویستی هەم بە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی پتەوە لە بەرژەوەندی زۆرینەی ئەندامەکانی، هەم بەو بەشەی مۆراڵ و بەهای تاک. هەیە کە تەواو کەری ئەم پەیمانە کۆمەڵایەتیە ئەبن.  

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×