دیوانی چاودێری دارایی: بەشێک لە کۆمپانیاکان باجیان بە حکومەت نەداوە

بەرهەم ئەحمەد
  2020-08-02     758

لە راپۆرتێکی دیوانی چاودێری داراییدا کە لە سەر کارو چالاکیەکانی بەرێوەبەرایەتی کۆمپانیاکانی سلێمانییە و  وێنەیەکی لای خۆم  پارێزراوە، ئاشکرا کراوە کە بەشێکی زۆر لە کۆمپانیاکان باجیان بە حکومەت نەداوە زۆریش لە کۆمپانیاکان تا ئێستاش لەو بەرێوەبەرایەتیە تۆمار نەکراون.

بە فەرمانی وەزارەتی ھەرێم بۆ کاروباری دارایی و ئابوری ژمارە(٢٧١٤) لە ٧/٨/٢٠٠٧ بریارداروە بە دامەزراندنی فەرمانگەیەک بە ناوی (بەرێوەبەرایەتی باجی دەرامەتی کۆمپانیاکان) و جیاکردنەوەی لە بەرێوەبەرایەتی باجی دەرامەتی سلێمانی لە رووی کارگێری و داراییەوە وەک فەرمانگەیەکی سەربەخۆ کاربکات.

ئەم بەرێوەبەرایەتییە بۆ راپەراندنی کارە ژمێریارییەکانیان پەیرەوی سیستەمی ژمێریاری مەرکەزی دەکات و پەیوەستە بە خەزێنەی یەکی سلێمانیەوە  و لە میلاکی فەرمیدا (٩٢) فەرمانبەری ھەیە و (٧) کارمەندیش بە گرێبەست دامەزراون .

بری ١٠٠٨٨٨٠١٠٠ دینار (یەک ملیارو ھەشت ملیۆن و ھەشت سەدو ھەشتا ھەزارو سەد دینار) بریتیە لە خەرجی ئەم بەرێوەبەرایەتییە لە ساڵی ٢٠١٤.

بە پێی راپۆرتێکی چاودێری دارایی بری ٢٣٢٥٠١١٩٥٥٠ دینار(بیست و سێ ملیارو دووسەدو پەنجا ملیۆن و سەدو نۆزدە ھەزار و پێنج سەدو پەنجا دینار) داھاتی گشتی ئەم بەرێوەبەرایەتییە بووە لە ساڵی ٢٠١٤.

بە نوسراوی بەرێوەبەرایەتی گشتی باجەکان و  خانوبەرەی میری ژمارە(٣٨٥٧) لە ٢٦/١٠/٢٠١٤ باج بە دۆلار وەرگیراوە لەو بەڵێندەرانەی کە بە دۆلار گرێبەستیان ھەیە بۆ ھەردوو مانگی(١١ و ١٢/ ٢٠١٤)، بری ٩٥٨١٧٠ دۆلار(نۆسەدو پەنجاو ھەشت ھەزارو سەدو حەفتا دۆلار) داھات وەرگیراوە.

لە راپۆرتەکەی چاودێری داراییدا ئاماژەش بەوەکراوە کە بەرێوەبەرایەتی کۆمپانیاکان حسابێکی دۆلاری کردۆتەوە بۆ وەرگرتنی باج بە دۆلار بۆ ئەو کۆمپانیانەی کە گرێبەستەکانیان بە دۆلارە پاڵپشت بە نوسراوی بەرێوەبەرایەتی گشتی باجەکان و خانوبەرەی میری ژمارە(٣٨٥٧) لە ٢٦/١٠/٢٠١٤ و تێدا ئاماژە کراوە لە سەر فەرمانی وەزیری دارایی و ئابوری بە بێ ئەوەی ئاماژە کرابیچت بە ژمارەو بەرواری نوسراوی وەزارەتی دارایی و ئابوری کە بۆ ئەم مەبەستە ئاراستەیان کرابێت بۆیە دیوانی چاودێری دارایی داواکارە بە زوترین کات بەدواداچون بکرێت کە ئایا وەزیری دارایی و ئابوری ئاگاداری ئەو بریارەیەیان نە وە بە پێچەوانەوە بە سەرپێچی دارایی دادەنرێت و لێکۆڵینەوە بکرێت لەگەڵ فەرمانبەری بەرپرس لەو سەرپێچی و ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵدا بکرێت.

راپۆرتەکەی دیوانی چاودێری دارایی ئاشکراشی دەکات کە بە پێ ئەو زانیاریانەی کە پارێزراوە لە فەرمانگەی وردبینی پارێزگای سلێمانی و لە راپۆرتی ژمارە(٩٩) لە ١٤/٤/٢٠١٥ کە تایبەتە بە کارەکانی بەرێوەبەرایەتی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ھاتووە چەند کۆمپانیایەک بەشدارییان کردوە لە کاری تەندەرین و کەمکردنەوەی نھێنی پرۆژەکانی فرۆکەخانە دەستەکەمان بەدواداچونی کرد بۆ ئەم بابەتە لە ھەردوو بەرێوەبەرایەتی تۆماری کۆمپانیاکان دەرکەوت ئەم کۆمپانیایانەی ناویان تۆمار نەکراوە ئەمەش خۆدەربازکردنە لە پێدانی باج ھەروەک لەم خشتەیەدا رونکراوەتەوە:

 

ھەر بە پێی راپۆرتەکەی چاودێری دارایی ھەندێک لە کۆمپانیاکان باجێگی زۆر قەرزارن، بەڵام ئامادە نەبوون بۆ دانی ئەو بڕە باجەی کە لە ئەستۆیاندایە وەک لەم خشتەیەدا رونکراوەتەوە:

راپۆرتەکەی چاودێری دارایی ئاماژەی بەوەشکردوە کە کۆمپانیای(فیزۆن)ی تورکی کە ژمارەی دۆسیەکەی (٣٥٩)، بە پێی دۆسیەی کۆمپانیاکە کە ئاماژەی بۆ کراوە دەبوو رێژەی ٦% باج لە قازانجی کۆمپانیا وەربگیرایە بەڵام ئەم رێژەیە کەمکراوەتەوە بۆ ٢% بە بێ رەزامەندی بەرێوەبەرایەتی گشتی باجەکان وەک لە نوسراوی ژمارە(٢٩٧٤) لە ٢٧/٦/٢٠١٣ دا ھاتووە بە پێیەش بری ٢٠٠٩٠ دۆلار(بیست ھەزارەو نەوەد دۆلار لە جیاتی (٦٠٢٦٩) دۆلار(شەست ھەزارو دووسەدو شەست و نۆ دۆلار).

ھەر بەپێی راپۆرتەکەی چاودێری دارایی کۆمپانیای (دڵنیا) کە ژمارەی دۆسیەکەی (٢١٠٠)ە دوای وردبینی حساباتی کۆتایی کۆمپانیای دڵنیا بۆ دڵنیایی بۆ ھەردوو ساڵی(٢٠١٢،٢٠١٣)، گە پێشکەش بەم بەرێوەبەرایەتیە کراوە بە مەبەستی ئەژمارکردنی باج.

یەکێک لەو تێبینیانەی کە راپۆرتەکەی چاودێری دارایی تۆماری کردوە ئەویش ئەوەیە کە لە ئەنجامی بەراوردکردنی ژمێرەی قازانج لە دەرخستەی حساباتی کۆتایی کۆمپانیای دڵنیا بۆ دڵنیایی بۆ ھەردوو ساڵی دارایی (٢٠١٢،٢٠١٣)، دەرکەوتووە بری قازانجی بەدەست ھاتوو بۆ ساڵی ٢٠١٢ بریتییەلە ٣٠٧٩٨٠٠٠٠ دینار(سێ سەدو حەوت ملیۆن نۆ سەدو ھەشتا ھەزار دینار)، وەک لە دەرخستەی کۆتایی کۆمپانیا لە ٣١/١٢/٢٠١٢تۆمارکراوە بەڵام کاتێک قازانج بۆ ھەمان ساڵ کە ھێنراوە بۆ دەرخستەی حساباتی کۆتایی لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ مەبەستی بەراوردکردن بری ٨٠٧٩٨٠٠٠٠ دینار (ھەشت سەدو حەوت ملیۆن و نۆ سەدو ھەشتا ھەزار دینار) تۆمارکراوە واتە بە جیاوازی ٥٠٠٠٠٠٠٠٠ دینار(تەنھا پێنج سەد ملیۆن).

راپۆرتەکەی چاودێری دارایی ئەوەشی ئاشکرا کردوە کە بری ٧٥٠٠٠٠٠٠ دینار(تەنھای حەفتاو پێنج ملیۆن دینار)، باج کەمتر وەرگیراوە چونکە لە ساڵی ٢٠١٢ بری ٤٥٧٢١٧٥٠ دینار(چل و پێنج ملیۆن و حەوت سەدو بیست و یەک ھەزار دینار) باج وەرگیراوە بە پێ نوسراوی کۆمپانیای دڵنیا بۆ دڵنیا ژمارە (١٨٩) لە ٣٠/١٠/٢٠١٣ کە دەبوو بری ١٢٠٧٢١٧٥٠ دینار (سەدو بیست ملیۆن و حەوت سەدو بیست و یەک ھەزارو حەوت سەدو پەنجا دینار)، باج بۆ ئەم سالچە ئەژمار بکرایە.

راپۆرتەکەی چاودێری دارایی جەختیشدەکاتەوە کە حساباتی کۆتایی بۆ ھەردوو ساڵی دارایی ٢٠١٣-٢٠١٢ ئەو ھەڵەیەلە ئەژمارکردنی باج دا ھەبوووە لە لایەن لقی نوسینگەی ژمێریاری یاسایی(دڵشاد توتنچی) لە سلێمانی ئامادە کراوەو راستێنراوە کە دەبوو نوسینگەی ژمێریاری یاسایی وردتر بوایە لە پرۆسەی وردبینی حساباتی کۆمپانیای ناوبراو وە پابەندی ستاندەرە گشتیەکانی وردبینی بوایە.

راپۆرتەکەی چاودێری دارایی رەخنەی توند لە حساباتی کۆتایی زۆر لە پرۆژەکان دەگرێت کە لە لایەن ژمێریاری یاساییەوە ئامادە کراوەو لە ئەنجامی وردبینی سەرەتاکانی ھەندێک لەو کۆمپانیایانە دەرکەوت کە ساڵانە چەندین پرۆژەیان بۆ ئیحالە کراوە جێ بەجێیان کردووە، بۆ نمونە کۆمپانیای (کاری گۆڵد) بە ژمارەی دۆسیەی (١٧١٠)، کە تایبەتە بە بەڵێندەرایەتی بیناسازی چەندین پرۆژەی بۆ ئیحالە کراوە وەک لەم خشتەیەدا ئاماژەی پێدەکەین، بەڵام لە راپۆرتی ھەردوو ژمێریاری یاسایی(فریدون مجید یاوەر، شھلا حکمت البزاز)، کە کاری وردبینی یان بۆ چالاکی کۆمپانیای ناوبراو ئەنجامداوە ھاتووە کە کۆمپانیا لەو ساڵەی کە لە لایەن ئەوانەوە وردبینی کراوە ھیچ چالاکیان نەبووە وە لە حساباتی کۆتاییدا بۆ ساڵانی(٢٠١١،٢٠١٢،٢٠١٣)، ی کۆمپانیا (عجز) دەرکەوتووە ھەرچەندە زۆربەی ئەو پرۆژانەی ماوەی جێبەجێ کردنیان تەواو بووە.      

پشکی شێر لە راپۆرتەکەی چاودێری دارایی تەرخانکراوە بۆ کۆمپانیای (دانە غاز) ئیکسپلوریشنز بۆ دەرھێنانی غازی خاو(ئیماراتی)/ سنوردار بە ژمارە دۆسیەی (٢٥٦) یەکێک لەو تێبینیانەی کە چاودێری دارایی ھەیەتی لە سەر کارەکانی ئەم کۆمپانیایە ئەوەیە کە لە بەرواری ٥/١٢/٢٠٠٧ ەوە ئەم کۆمپانیایە مۆڵەتی وەرگرتوە، ئەوەی جێگەی سەرنجی چاودێری داراییە دەرخستەی ژمێرەی کۆتایی لەو بەروارەوە ساڵانە بە بەردەوامی ئەنجامی چالاکی بە زیان(عجز) دەرخستوە بەک شێوەیەی خوارەوە:

دیوانی چاودێری دارایی ھۆکاری ئەم عیجزەی گەراندۆتەوە بۆ ئەوەی پیشاندانی ژمێرەی داھات بە (سفر) بۆ ھەموو ساڵەکان کە ئەمەش شێوازێکی ترە بۆ دەربازبوون لەدانی باج، تا کۆتایی ھاتنی کاری دەستەکەمان لەم بەرێوەبەرایەتیە کۆمپانیای ناوبراو ھیچ برە باجێکی نەداوە.

راپۆرتەکەی چاودێری دارایی نەدانی باج لە لایەن کۆمپانیای دانە غازە دەگەرێنێتەوە بۆ کەم تەرخەمی ھەردوو وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و وەزارەتی دارایی و ئابوری تێدا ھاتووە"وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بە نوسراوی ژمارە (٧٦١١) لە ٣/١٠/٢٠١١ کە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابوری کراوە تێدا ئاماژەی کردووە بە پێ برگەی (١٢) لە پاشکۆی گرێبەستی واژو کراو لەگەڵ کۆمپانیای ناوبراو ببەخشرێت لە باج، بەڵام وەزارەتی دارایی و ئابوری بە نوسراوی ژمارە (٥٢٨) لە ٣٠/١٠/٢٠١١ وەڵامی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی داوەتەوە کە بەخشینی کۆمپانیای ناوبراو لە باج لە چوارچێوەی یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان ژمارە(٢٨)ی ساڵی ٢٠٠٧ دا بێت وەک لە برگەی دووەم لە ماددەی چل لە یاسایی ئاماژە بۆ کراودا ھاتووە(دەکرێ بە یاسا لە گرێبەستی نەوتدا لە باجدانی بەڵێندەر خۆشبن)، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە سەر تیشکی وەڵامدانەوەی وەزارەتی دارایی و ئابوری بە نوسراویان ژمارە (٩٧٣١) لە ١١/١٢/٢٠١١ وەزارەتی دارایی و ئابوری ئاگادار کردۆتەوە کە ئەم بابەتە ھەڵپەسێردراون تاکو یاسایی باجەکانی تایبەت بە کۆمپانیا نەوتیەکان دەردەچێت کە رەش نوسەکە لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە ئامادەکراوە)، تاکو کۆتایی کاری دەستەکەمان ھیچ یاسایەکی لەو شێوەیە دەرنەچووە و کۆمپانیای ناوبراویش تائێستا باجی نەداوە.

راپۆرتەکەی چاودێری دارایی ئابوری ئاماژەی بەوەشکردوە کە زۆربەی زۆری کۆمپانیاکان لە ژمێرەی کۆتایی ساڵانەیاندا دەرەنجامی چالاکیان بە بەردەوامی (عجزە)ە ئەویش بە ھۆی ئەوەی داھاتیان بە سفر پیشاندەدەن یان داھاتێکی زۆر کەم، ئەوەی جێگەی سەرەنجە حساباتی کۆتایی ئەو کۆمپانیایانە لە لایەن ژمێریاری یاساییەوە وردبینی کراوەو راستێنراون، لە ئەنجامە بەدواداچونماندا بۆ ھەندێک لە کۆمپانیاکان بۆمان دەرکەوت کە کاروچالاکیان ئەنجامداوە و داھاتیشیان ھەبووە لەو ساڵەدا بەڵام زانیاری دروستیان نەخستۆتە روو بە مەبەستی دەربازبون لە باجی راستەقینە کە ئەمانەی خوارەوە چەند نمونەیەکە:

یەکەم/ بە پێ نوسراوی نوسینگەکانی گەشت و گوزارو حەج و عەمرە لە ھەرێمی کوردستان/ لقی سلێمانی ژمارە (٣٥) لە ١/٤/٢٠١٥ کە تێدا ئاماژەی کردوە بە فەرمانی وەزارەتی ئەوقاف ژمارە (٢١٤) لە ٢٤/١٢/٢٠١٣ ئەم کۆمپانیایانەی لەم خشتەیەدا لە پرۆسەی عومرەدا بەشدار بوون، بەڵام ھیچ داھاتێک تۆمار نەکراوە لە حساباتی کۆتاییدا.

دووەم/ بەپێی نوسراوی بەرێوەبەرایەتی گشتی بانکی ناوەندی ھەرێم/ سلێمانی ژمارە (٨٩٣) لە ١٥/٤/٢٠١٤ ئەم کۆمپانیانە کە لە خشتەی خوارەوە ھاتوون ئاڵ و گۆری دۆلاریان لە ساڵی ٢٠١٣ ئەنجامداوە بەڵام لە دەرخستەی حساباتی کۆتایی ئەو کۆمپانیانەدا لە ژمێرەی داھات (سفر) پیشاندراوە یان داھاتێکی کەم تۆمار کراوە.

راپۆرتەکەی چاودێری دارایی ئەوەشی ئاشکرا کردوە کە  بەرێوەبەرایەتی باجی دەرامەتی کۆمپانیاکان بە چەندین نوسراوو لە بەرواری جیاوازدا و بە بەردەوامی نوسراویان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کردوە بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری لە سەر ئەو کۆمپانیایانەی کە ھەڵدەستن بە گواستنەوەی نەوت و سوتەمەنی ھەروەھا پاڵاوگەکان، بەڵام وەڵام نەدراونەتەوە کە بە بۆچونی دەستەکەمان ئەو لایەنانەش یارمەتی دەری کۆمپانیاکانن لە دەربازبوونیان لە باج وەک لەم چەند نمونەیەدا دەیخەینە روو:

یەکەم/ نوسراوی بەرێوەبەرایەتی باجی دەرامەت ژمارە (٥٤٩٦) لە ١٩/٦/٢٠١٤ کە ئاراستەی (پاڵاوگەی نەوتی بازیان) ی کردوە سەبارەت بە زانیاری لە سەر کۆمپانیای (جیھانگیر/ بازرگانی گشتی و گواستنەوە/ سنوردا).

دووەم/ نوسراوی ئەم بەرێوەبەرایەتییە ژمارە(٥٠٤٩) لە ٩/٧/٢٠١٢ کە ئاراستەی بەرێوەبەرایەتی گومرگی سلێمانی کراوە سەبارەت بەو کۆمپانیانەی کە ھەڵدەستن بە کاری ھەناردە کردنی نەوت.

سێەم/ نوسراوی ئەم بەرێوەبەرایەتییە ژمارە (٤٣١٢) لە ١٣/٦/٢٠١٢ کە ئاراستەی بەرێوەبەرایەتی گومرگی باشماخی کردوە سەبارەت بەو کۆمپانیانەی کە لە سنورەکەیاندا کاری گواستنەوەی نەوت ئەنجام دەدەن بۆ نمونە(کۆمپانیای سەگرمە).

ھەر بە پێی راپۆرتەکەی چاودێری دارایی ئاشکرا کراوە کە چەندین کۆمپانیا پرۆژەیان ئەنجامداوە، بەڵام تۆمار نین لە بەرێوەبەرایەتی تۆماری کۆمپانیاکان/ سلێمانی و دۆسییەیان نییە لە بەرێوەبەرایەتی باجی دەرامەتی کۆمپانیاکان، بە پێیەش بۆ ھیچ کام لەو پرۆژە ئەنجامدراوانە باجیان نەداوە، ئەم بەرێوەبەرایەتیە چەندین نوسراوی ئاراستەی بەرێوەبەرایەتی باجی دەرامەتی ھەولێر کردوە بە مەبەستی پێدانی زانیاری لە سەر ئەو کۆمپانیانەی کە ئایا تۆمارن لە لایان و ھبچ برە باجێکیان لێوەرنەگیراوە، ئەوەی جێگەی سەرەنجە بەرێوەبەرایەتی ناوبراو ھیچ وەڵامێکی ئەم نوسراوەی نەداوەتەوە.

بەشێکی تری راپۆرتەکەی دیوانی چاودێری دارایی تەرخانکراوە بۆ دۆسیەی کەسی فەرمانبەر(ع،س،ع)، بە ناونیشانی شارەزا کە ناوبراو چەندین سەرپێچی یاسایی ھەبووە کاتێک بەرێوەبەری فەرمانگەی تۆمارکردنی خانوبەرەی سلێمانی بووە، بە وردی ئاماژە دراوە بە ھەموو ئەو سەرپێچیانە لە راپۆرتی دیوانی ژمارە(١٣٠) لە ١٦/٢/٢٠١٢ بۆ ساڵی دارایی ٢٠١٠، داوای لێکۆڵینەوە کراوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ ئیجرائاتێک نەکراوە.

دیوانی چاودێری دارایی گومانی ھەبووە لە سەر بروانامەی دەرچونی ناوبراو کە لە لایەن(عمادە المعھد الفنی/ عمارە)، دەرچووە چونکە لە مەتنی ئەو بروانامە ئاماژەکراوە(نۆکد لکم السید ع، س، ع) المبین ێورتە اعلاە ھو احد خریجی معھدنا (المعھد الفنی السلیمانیە)، چونکە ناکرێت ناوبراو پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی تەواو کردبێت، بەڵام بروانامەی دەرچونی لە لایەن پەیمانگای (عمارە) پێ درابێت بە ئیمزاو مۆری پەیمانگای ناوبراو.

دیوانی چاودێری دارایی داواش دەکات لێکۆڵینەوە بکرێت لە ھەموو ئەو کۆمپانیایانەی کە تا ئێستا باجیان بە حکومەت نەداوەو بە ھۆی ئەوەی لە ژمێرەی کۆتاییاندا ئاماژەیان کردوە کە ھیچ کارو چالاکیان ئەنجام نەداوە بە مەبەستی دەربازبوون لە باج، ھەروەھا ئەو کۆمپانیانەش کە پرۆژەیان ئەنجامداوەو بەڵام تاوەکو ئێستا تۆمار نەکراون لە بەرێوەبەرایەتی تۆماری کۆمپانیاکان/ سلێمانی دۆسیەیان نییە لە بەراێوەبەرایەتی باجی دەرامەتی کۆمپانیاکان.



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×