لەژیانی ههموو میلەتێکدا ههندێک ڕووداوی ناخۆش ههن کە دەبنە بەشێک لەیادهوەری گشتی ئەو میلەتەو ساڵانێکی درێژ لەگەڵیدا دەمێننەوە، لەمێژووی ئێمەدا بۆ نموونە، ڕووداوی شەشی ئەیلولی ١٩٣٠، لەسێدارەدانی سەرۆک کۆماری مەهاباد، ههرەسی ساڵی ١٩٧٥، کیمیابارانکردنی ههڵەبجەو پەلامارەکانی ئەنفال لەساڵی ١٩٨٨دا، کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١، گرتنو فڕاندنی عەبدوڵا ئۆچ ئالان، تێرۆرکردنی قاسملۆو هاوڕێکانی، بەردبارانکردنی کوشتنی دوعا، کوشتنی سێ خانمە تێکۆشەرەکەی کوردستانی باکور لەپاریس. ههریەکێک لەم ڕووداوانە ڕەههندێکی نیشتیمانیو نەتەوەییو ئینسانی گرنگیان ههیە، ههریەکەیان بەشێوازی جیاوازو لەدەروازەی جیاوازەوە بەمێژووی ئێمەوە گرێدراون، ههم بەشێکن لەو مێژووەو ههم دروستکەری ئەو مێژووەن. پێموایە مردنی شێرکۆ بێکەسیش ڕووداوێکی لەو بابەتەیە، شتێکە ساڵانێکی درێژ لەگەڵماندا دەمێنێتەوە. ئەم پیاوە بەههقیقەت موڵکی ههموو پارچەکانی کوردستانو موڵکی شیعرە، پیاوێکە وەک درەختێکی بەرز لەناو مێژووی ئێمەدا وەستاوە، ئەوانەی بەناو ئەم مێژووەدا تێدەپەڕن، دەبێت ساتێک لەسێبەری ئەو درەختەدا ڕاوەستنو لەڕەگو قەدو گەڵاو گوڵەکانی ڕامێنن. ئەم پیاوە درەختە ساڵانێکی درێژە دەستی لەناو دروستکردنی ھۆشیاریی میلەتی ئێمەدایە، ھۆشیاری بەرامبەر بەخۆیو بەدوژمنو بەدۆستو بەشیعرو بەزمانو بەنووسین. شێرکۆ بێکەس یەکێکە لەکەسایەتییە بنەڕەتییەکانی سەدەی بیستەمی مێژووی ئێمە، نووسەرێکە لەههمووان باشتر ماناکانی بوونی ئێمەی وەک میلەتێکی بریندار لەو سەدەیەدا بەرجەستەکردوە.
کوردبوون وەک گوناهی یەکەم
ئەگەر بکرێت ئەزموونی نووسینی شێرکۆ بێکەس لەڕستەیەکەدا کورتبکەمەوە دەکرێت بڵێم ئەوەی ئەم شاعیرە لەناو ساڵە تاریکەکانی سەدەی بیستەمدا ئەنجامیداوە گواستنەوەی ئەزموونی کوردبوونە بۆ ناو شیعر، کردنی ئەو ئەزموونەیە بەشیعر. بەڵام کوردبوون بەچ مانایەک؟ بێگومان کوردبوون بەمانا ناسیۆنالیستییە بەرتەسکەکەی نا، بەڵکو کوردبوون وەک دۆخی دەرکردنی کۆمەڵێک خەڵک بۆ دەرەوەی مێژوو دەرەوەی زەمەن، وەک گوناهێکی گەورە بەرامبەر بەمرۆڤ، لەڕاستیدا لەئەزموونی شێرکۆ بێکەسدا دەرکردنی کورد لەمێژوو وەک دەرکردنی ئینسان وایە لەبەههشت، دروستکردنی ئێشو ئازارو وێڵگەردییەکی بێوێنەیە. شێرکۆ ئەم دەرکردنە وەک ”گوناهێکی یەکەم“، نزیک لەو گوناههی لەمەسیحیەتدا ناوی ”گوناهی بۆماوە“ی لێدەنێن، دەبینێت. گوناهێک کە دەبێتە ھۆی دروستبوونی قوربانییەک کە خۆی بەرپرس نییە لەدۆخی بەقوربانیبوونی. بەڵام قوربانییەک تەسلیمی قوربانیبوونی خۆی نابێت، خەونێکی بەردەوام بۆ ساتی بەر دەرکردنو توڕدانەوە دەرەوەی مێژووەوە دەبینێت، نەک ههر خەونبینین بەڵام ئیشکردن بۆ ئەم گەڕانەوەیە. بەم مانایە شێرکۆ بێکەس مانایهکی دینی قووڵ بەکوردبوون ئەبەخشێت، وەک دۆخی تەربی بەدۆخی دەرکردن لەبەههشتو کارکردن بۆ گەڕانەوە بۆ بەههشت وێنایدەکات. ئەوەی گرنگە لەئەزموونی ئەم پیاوەدا ببینین ئەوەیە کوردبوون ڕۆحێکی بریندارە بەڵام تەسلیمی برینەکانی نابێت، کوردبوون مرۆڤبوونێکی ڕێزلێنەگیراوە بەڵام تەسلیمی ئەم ڕێزلێنانە نابێت. ئەمەیە وادەکات کوردبوون لەشیعری شیرکۆدا چەند چیرۆکی مرۆڤێکی تێکشکاوو بەناههق دەرکراوە، ئەوەندەش چیرۆکی مرۆڤێکی یاخیو ناڕازیو بەرگریکەربێت، چەند بوونەوەرێکی شەڵاڵی خوێنو ماندوو بێبڕست بێت، بەڵام هێشتا خاوەنی ئیرادەو وزەی ڕۆیشتنو گەڕانی سەرسەختانەبێت: کوردبوون بەههموو خەمو پەژارەو خەونو ئومێدو جوانیو ناشیرینیو تێکشکانو ههستانەوەکانییەوە. کورد وەک سیزێفێک کە سەدەی بیستەم دروستیدەکات، بەڵام سیزیفێک ئومێدی ئەوە لەدەستنادات لەغەفڵەتێک لەغەفڵەتهکانی مێژووداو لەسەدەیەک لەسەدە ئاڵۆزەکاندا لەسیزێفیەت ڕزگاریببێت، گەر تەنانەت لەڕێگای ناردنی نامەشەوەبێت بۆ خودا، نامەیەک کە نەبگاتە دەستی خوداو نەبەو زمانەش نووسرابێت کە لەئاسمان قسەیپێدەکرێت. ئەمە وایکردوە شیعری شێرکۆ بێکەس لەههرشتێک بێئومێد بووبێت لەکوردبوون بێئومێد نەبووبێت، کوردبوون ههم وەک شوناسی سەرەکی شیعری شێرکۆو ههم وەک هێمایەکی توڕە بۆ سەردەمێکی ناههموار لەمێژووی مرۆڤایەتی بمێنێتەوە، سەردەمێک پڕ لەتاوانو ژەھرکوژکردنو لەناوبردن.
ههرکەسێک سەرنجێکی خێرا لەکارە شیعرییە زۆرەکانی ئەم پیاوە بدات سەری سوڕدەمێنێت لەناوی ئەو ههموو مرۆڤو شاخو گوندو شارو لادێو شەقامو کۆڵانو قەڵاو بەرزاییو شەهیدو گۆرانیبێژو شاعیرو پێشمەرگەو عاشقو ئافرەتو کرێکارو قوتابیو مۆسیقارو خائینە کوردانە کە لەجوگرافیای فراوانی ئەم شیعرەدا ئامادەن. مرۆڤ لەبەردەم کارە ئەدەبییەکانی ئەم پیاوەدا وا ههستدەکات گەر ئەم شاعیرە بیتوانیایەو بۆی بکرایە ههموو کوردی، مرۆڤ بەمرۆڤو دەغڵ بەدەغڵی، دەخستە ناو شیعرەکانییەوەو دەیگەڕاندنەوە بۆ ئەو سەرەتای سەرەتایانەی کە لێیدەرکراون، بۆ ئەو زەمەنەی شوێنێکی پەراوێزیشی پێ ڕەوا نەبینیون. کە دەڵێم ههموو کورد، باس لەشوناسێکی ئەتنی ناکەم، بەڵکو مەبەستم سەرتاپای ئەو دونیاو دۆخە تراژیدییەیە کە شوناسی کوردبوونی وەک یەکێک لەقوربانییە گەورەکانی سەدەی بیستەم دروستکردوە، باس لەدۆخی منداڵێک دەکەم لەقەڵایەکی سەخت دهرکرابێتو ههموو دەرگاکانی ئەو قەڵایەشی بەڕوودا داخرابێت. بەڵام منداڵێک کۆڵنەدات لەگەڕانەوە بۆ ناو ئەو قەڵایە، بەههموو ئازارو گرفتو نەهامەتییەکانی ئەم ههوڵی گەڕانەوە زەحمەتو ههندێکجار مەحاڵەوە.
شیعر وەک ویژدانی مێژوو
بەم مانایە شێرکۆ بێکەس شاعیرێکە ناتوانین دایببڕین لەمێژووی پڕ کەوتنو ههستانەوەی سەدەی بیستەمی میلەتی ئێمە، ناتوانین وەک ویژدانی ئەو مێژووەو وەک بەرجەستەکەرێکی ڕاستگۆی ئومێدو نائومێدیو کارەساتو سەرکەوتنەکانی ئەو مێژووە نەیبینین. شیعری شێرکۆ تەنها نیشتیمانی مرۆڤە بریندارو یاخییەکان نییە، بەڵکو ژینگەی ههموو ئەو باڵندەو درەختو شاخو بەردو کۆڵانانەشە کە بەشێکن لەو مێژووەو بەسەدان شێوە لەشیعری شێرکۆدا تێکەڵن بەئومێدو نائومێدیو ئیرادەو بێئیرادەیی ئەو مێژووە. لەئەدەبیاتی هاوچەرخی ئێمەدا کەم نووسەر ههیە وەک شێرکۆ بێکەس باوەشی بەم گشتە گەورەیەدا کردبێتو لەگەڵخۆیدا ئەو ههموو ساڵە درێژانەی سەدەی بیستەمی، بەههموو دووکەڵو ئاگرو دڵشکانو مژدەکانییەوە، بەدونیادا گەڕاندبێ. من لەدونیادا هیچ شاعیرێکی تر ناناسم بەڕادەی شێرکۆ بێکەس باوەشی بەمێژووی نیشتیمانەکەیدا کردبێتو ئەو مێژووەش بەههموو برینو پێکەنینو کارەساتو سەرکەوتنو ناشیرینیو جوانییەکانییەوە ڕێگای بۆ ناو شیعر دۆزیبێتەوە. ئەزموونی شێرکۆ بێکەس ئەزموونی گرێدانێکی ئەبەدییو ئەخلاقیو شیعرییانەی پیاوێکی داهێنەرو ناسکی کوردە بەمێژووی سەختو ئاڵۆزو خوێناوی میلەتێکەوە کە لەههموو ساتێکی ئەو مێژووەدا چەندان دڵۆپ خوێنو چەندان دڵۆپ ئومێدی چاندووە. دەڵێم ناتوانم بیر لەشاعیرێکی تر بکەمەوە لەم پەیوەندییە فاوستییەدا بێت بەنیشتیمانەوە، مەگەر مەحمود دەروێشی فەلەستینی. ڕەنگە تەنها مەحمود دەرویش بەڕادەی شێرکۆ بێکەس بەمێژووی میلەتەکەی خۆیەوە گرێدرابێتو فرمسێکو خوێنو ئومێدی ئەو مێژووەی کردبێت بەشیعر. ئەم دوو شاعیرە پەیمانێکی میتافیزیکی لەنێوان شیعرو مێژوودا دروستدەکەن، لەشیعرەوە دەچنە ناو مێژووو لەمێژووشەوە دەچنە ناو شیعر.
ترسێکی زۆرم ههیە مردنی شێرکۆ بێکەس مانای ههتیوکەوتنی ئەو مێژووەبێت، نەمانی دەنگێک بێت وەک ئەم پیاوە لەسەر برینو کارەساتەکانو تریفەکان ئامادەبێتو لەشیعردا بیانکات بەبرینو کارەساتی نیشتیمانیو ئینسانیو بەئومێدو خەونی هاوبەش. نیشتیمانی ئێمە بەمردنی ئەم پیاوە شاعیرێکی لەدەستدا کە بێنیشتیمان شیعری بۆ نەدەگوترا. لەمێژووی شیعریی دونیاشدا کەم شیعری باشو سەرکەوتوو ههیە بەڕادەی شیعری شێرکۆ بێکەس ههم شیعر بێتو ههم نیشتیمانیش بێت.
کوردبوونو بۆشایی
کوردبوون لەشێرکۆ بێکەس بسێننەوە بۆشاییەکی گەورەو قووڵ، نەک تەنها دەکەوێتە ناو سەرجەمی ئەزموونی نووسینەکانییەوە، بەڵکو ناو بوونی خۆشییەوە وەک مرۆڤێک، وەک کەسێک کە سەفەرێکی کورتو خێرا بەناو دونیادا دەکاتو دواتر لەقوژبنێکی ئەم ئەستێرەیەدا دەمرێت. شێرکۆ بێکەس بۆ ههر شوێنێک ڕۆیشتبێت، بۆ ههر کەسێک قسەی کردبێت، لەههر شارو کۆڵانێکی دونیادا ژیابێت، ههر کوردبووە، کوردبوونی خۆی بەکۆڵییەوە بووەو بردوێتی بۆ ههموو شوێنەکانی دونیا. بەڵام ئەم کوردبوونە، ئەم ئامێزانبوونە بەمێژووی میلەتێکی بریندار، چەند خاڵێکی پڕ دڵناییە لەئەزموونی ئەم پیاوەدا، واتە شێرکۆ چەند گومانی لەوە نەبووە کە شاعیرەو شاعیرێکی کوردە، بەڵام هاوکات ئەم کوردبوونە هاوشانبووە بەدڵەڕاوکێو قەلەقێکی ئەدەبیو شیعریی گەورە، بەچۆنیەتی تەعبیرکردن لەم کوردبوونو شاعیربوونە، لەم گونجاندنەی کوردبوونو شیاعیربوونو کوردبوونو شیعریەت. کەم شاعیری کورد ههن بەڕادەی شێرکۆ بێکەس شاعیرێکی ئەزموونگەر، ”تەجریبی“ بن، خاوەنی ئەزموونێکی درێژی نووسینی جیاوازو دەربڕینی جیاوازو بابەتی جیاوازو زمانی جیاوازو ئیقاعی جیاوازو دەرکەوتنی جیاواز بووبن. بەههموو مانایەک شێرکۆ بێکەس شاعیرێکی ئەزموونگەرە، ڕۆحێکی گۆڕانخوازو بێئۆقرە لەسەرجەمی کارەکانی ئەم پیاوەدا ئامادەیە. لەو شوێنانەدا کە چاوەڕێی ئەوە دەکەیت بوەستێت، یان نوچێک بدات، یان جگەرەیەکی پشوودان داگیرسێنێت، لەوێدا سەرلەنوێ دەستیپێکردۆتەوەو سەرەتایەکی نوێی کێشاوە. ئەوەی لەسەرجەمی کارەکانی ئەم پیاوە ڕابمێنێت بۆی دەردەکەوێت ئەم پیاوە لەهیچ گۆشەیەکی شیعرییو لەناو هیچ ڕووبەرێکی نووسیندا پشووی نەداوە. شێرکۆ لەجۆری ئەو شاعیرانەیە کە ههمیشە دەڕواتو ههمیشە بەڕێوەبووە، گرنگ نییە بۆ کوێ دەڕوات، گرنگ نییە بەکوێ دەگات، گرنگ ئەوەیە نەوەستێتو سەرسامییەکانی بەڕێوەبوونو ڕێکردن ئەزموونبکات. شێرکۆ وەک مرۆڤ دەمرێت بەڵام ئەزموونی بەڕێوەبوونو ڕێکردنە شیعرییەکەی بەردەوامدەبێت. دونیای شیعری ئەم پیاوە پڕیەتی لەشیعری ههمەجۆر، شیعری کورتو درێژ، سادەو ئاڵۆز، شانۆی شیعریو نامەی شیعری، ڕۆمانە شیعرو شیعری مەلحەمی، پۆستەرە شیعرو شیعر وەک ئاوێنەی بچووک، شیعری مەنفاو شیعری ناو کەشکۆڵی پێشمەرگە، ھتد... بەبۆچوونی من ئەم ڕۆحە شیعرییە پڕ دڵەڕاوکێو پڕ جوڵەو پڕ نەحەسانەوەیە، بەشێکە لەنیوسەدە ههوڵدانی ئەم شاعیرە بۆ تەرجەمەکردنی کوردبوونی خۆی بۆ وێنەو زمانو ئیقاعی ناجێگیرو جیاوازو پڕجوڵە. ئەزموونی ئەم شاعیرە ڕوانینە لەخۆیو لەکوردبوون لەدەیان گۆشەنیگای جیاوازەوە، ڕازینەبوونە بەدانیشتن بەدیار یەک وێنەو یەک چیرۆکو یەک شێوازی تەعبیرکردن لەخۆیو لەکوردبوون، وەک دوو دەرکەوتی سەرەکی ئینسانبوون.
ئازادیو خۆشەویستیو شەهیدبوون
پێموایە ئەو یاسا نەنووسراوەی سەرجەمی کارەکانی ئەم شاعیرە گەورەیە ئاراستەدەکات کۆکردنەوەی ئەو سێ تەوەرە سەرەکییەیە بەیەکەوە، کۆکردنەوەی ئازادیو خۆشەویستیو شەهیدبوونەوە بەیەکەوە. شیعری شێرکۆ بێکەس شیعری گەڕانێکی بەردەوامە بەدوای ئازادیدا. ئەو دونیایەی شێرکۆ بێکەسی تێیدا ژیا، ئەو نیشتیمانەی قەدەر کردی بەنیشتیمانی ئەم شاعیرەو ئەو مرۆڤانەی لەگەڵیاندا ژیا، دونیاو نیشتیمانو مرۆڤی ئازاد نەبوون. ههموویان بەر لەعنەتی سەندنەوەی ئازادی کەوتبوون. ئەمە وادەکات گەڕان بەدوای ئازادیدا، ههوڵدان بۆ بەرجەستەکردنی ئازادی، هێنانی ئازادی بۆ ناو ژیانو پەیوەندییەکانو شیعر، بەشێکی گەورەی ئەزموونی شیعری شێرکۆ بێکەسە. شێرکۆ کە ئازادی لەناو دونیاو پەیوەندییەکاندا نادۆزێتەوە، ههوڵئەدات لەناو شیعرەکانی خۆیدا ئازادبێت، ههوڵئەدات خولیای خۆی بۆ ئازادی وەک هێزێکی گەورە، فڕێبداتە ناو زمانو ناو شێوازو ناو بابەتە شیعرییە جیاوازەکانییەوە. لەم ڕووەوە شیعری شێرکۆ شیعرێکە لەهیچ وێستگەیەکدا ناوەستێت، لەناو هیچ سیحرێک لەسیحرەکانی زماندا جێگیر نابێت، هیچ ئەزموونێکی نووسینیش نەبێتە دواههمین ئەزموونی ئەم شاعیرە. گەڕان بەدوای ئازادیداو دروستکردنی ئەم ئازادییە وادەکات ئەم شاعیرە لەدۆخی دڵەڕاوکێو گەڕانێکی بێکۆتاییدابێت. ئەگەر دونیای دەرەوە بیەوێت ئەم پیاوە بەدەیەها سنووری ئەستورو بازنەی داخراو گەمارۆبدات، ئەوا شیعر دەیکات بەبوونەوەرێکی کۆچەریی، بەگەڕیدەیەکی ههمیشەییو بێماڵ، بەکەسێک ههم ئازادی خۆی لەناو شیعرەکانیدا بژیو ههم شیعرەکانیشی وەک ناڕەزاییەکی گەورە بەڕووی دونیایەکی نائازاددا بەرزبکاتەوە.
بەڵام ئەزموونی شیعری شێرکۆ بێکەس ئەزموونی گۆڕینی ئازادیی نییە بۆ دۆخێکی نەفسی ناوەکی، ئەزموونی ئیشراقو داگیرسانێکی ناوەکی نییە وەک لای سوفییەکان دەیبینین، ئەم ئازادییە ئازادییەکی نەفسی نییە داپچڕاو لەدونیا، گەڕانەوەو نووقمبوون نییە لەناو خود خۆیدا، یان بازادانێکبێت بەرەو موتڵەقو باوهشکردنبێت بەئاسمانێک لەئاسمانەکاندا. لەههمانکاتدا ئازادییەکیش نییە تەنها لەڕێگای ئەزموونکردنی شیعرەوە، لەڕێگای دەسکاریکردنو تازەکردنەوەی بەردەوامی زمانو وێنەو تێکستەکانەوە بەدەستیبهێنێت. ئازادی لەشیعری شیرکۆدا نەئازادییەکی سوفییانەو نەئازادییەکی تێکستیانەیە، ئازادییەک نییە مرۆڤ لەناوەوەی خۆیدا یان لەناو زماندا بۆیبگەڕێت، بەڵکو ئازادییەکی سەرزەمینییانەیەو دونیاییە مێژووییو جوگرافیو ماتریالییە، مرۆڤ لەناو موتڵەقو خود خۆیدا بۆیناگەڕێت، بەڵکو لەنو دونیادا بەدوایدا دەگەڕێت. ئازادی شێوازێکە لەبیرکردنەوە تیایدا مرۆڤ دوورتر لەخودی خۆیو دەڕواتو دوورتر لەخودی خۆی دەبینێت. ئازادی لەئەزموونی ئەم شاعیرەدا بەشێکە لەکردەی دوورتر بینینو دوورتر ڕۆیشتن لەڕێگای یاخیبوونی سەرزەمینیانەی مرۆڤەوە لەناو مێژوو کۆمەڵگاو لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا. کۆتاییهێنانە بەههموو ئەو بەربەستانەی کە ناهێڵن بڕۆینو ببینین، ئەم کۆتاییەش لەشیعری شیرکۆدا پرۆژەیەکی دەستەجەمعی دونیاییە. ئەگەر هێزێکی گەورە مرۆڤی لەبەههشت دەرکردبێت، ئەواکات هیچ شاعیرێک بەهێزی خۆیو بەهێزی زمان بەتەنها ناتوانێت بۆ ئەو بەههشتە بگەڕێتەوە. ئەم تێگەیشتنە بۆ ئازادی کۆڵەکەی سەرەکی ئەزموون شیعرییو ههڵوێستی حەیاتی شێرکۆ بێکەسە. ئەم تێگەیشتنەیە وادەکات شێرکۆ ههم خۆی خەباتکەرێکی سیاسی بێت، ههم لەناو شۆڕشو یاخیبوونی کۆمەڵگاکەیدا بژیو بەشداربێت، ههم شیعرەکانیشی بەشێکبن لەکردەی فراوانکردنی ڕووبەرەکانی یاخیبوون لەژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکاندا، ههم خۆشی وەک شاعیر بەردەوام لەدۆخی بەجێهێشتنی سنوورەکانی زماندابێت کە سنووری دروستکردنی بەربەستن لەبەردەم ئازادیدا. شێرکۆ لەشیعردا دەیتوانی بچێتە ئەودیوی سنوورە ناوەکییەکانی زمانو سنوورە ناوەکییەکانی شیعرەوە، بەڵام ئەم دەرچوونە ناوەکییەی پێ کافی نەبوو بۆ ئەوەی بتوانێت لەناو دونیادا ئازادبێت. ئاخر ئەو دونیایەی شێرکۆ بێکەسی تێدا ژیا، دونیایەک بوو پڕ لەمرۆڤو باڵندەو سروشتی کوژراو، سیخناخ بەبای ژەھراوی، پڕ لەفڕۆکەی جەنگیو بۆمبای ههمەجۆر، لێوانلێو لەعاشقی کوژراوو نائومێد، مرۆڤی ڕووتکراوە لەمرۆڤبوونو میلەتی فڕێدراو بۆ دەرەوەی مێژوو. ئەم شتانە وادەکەن ئەو ئازادییەی ئەزموونی شیعری شێرکۆ بێکەس بەدوایدا دەگەڕێت، ئازادی ڕۆحیی ئەم یان ئەو داهێنەر نەبێت، ههروەها ئازادی ئەم ئینسان یان ئەویتریان نەبێت، بەڵکو ئازادی ئەو دونیا بریندارو ئەو مێژووە بێمێژووەو ئەو میلەتە دەرکراوانەبێت. ئازادییەکی کۆیی بێت، هی ههمووان بۆ ههمووان بێت، ئازادی ئینسان بێت لەناو دونیاو لەگەڵ دونیادا، لەناو ئەو ژینگەو نیشتیمانانەدا کە مرۆڤو موقەدەسو سروشتی سووتاو دروستدەکات. بەڵام شێرکۆ بێکەس لەناو ژیانداو لەگەڵ ئەوانیتردا، لەههر پرۆژەو کارێکی پێکەوەییدا بەشداربووبێت، شیعری ئامرازی سەرەکیو ماتریالی ههرە گرنگی ئەو بووە بۆ ههڵکەندنی بەردەوامی ئەو ئازادییە لەناو مێژووو لەسەر بەردی ئەو دونیایە. شێرکۆ کە ئازادی لەشیعردا وەک ڕۆیشتن بۆ ئەودیوی زمانو ئەودیوی داڕشتنەکان دەبینێت، لەدونیادا وەک کردەی ڕۆیشتن بۆ ئەودیوی ڕیزبەستنی پەیوەندییەکانو ئیشکردنی قەدەرەکانو نەفرەتی لەعنەتە مێژووییەکان دەیبینێت.
خۆشەویستی
دەمەوێت لێرەوە بپەڕمەوە بۆ بابەتی خۆشەویستی لەشیعری شێرکۆ بێکەسدا. ههموو خوێنەرێکی سادەی کارەکانی شێرکۆ بێکەس ئەوە دەبینێت کە خۆشەویستی چ ڕووبەرێکی گەورەی لەئەزموونی ئەم شاعیرەدا داگیرکردوە. بەبۆچوونی من ئەزموونی خۆشەویستی لەشیعری شێرکۆدا پەیوەندیەکی پتەوو ڕاستەوخۆی بەئەزموونی ئازادییەوە ههیە بەو مانایەی لەسەرەوە باسمکرد. ئازادی وەک پرۆژەیەکی گەورەی سەرزەمینیو هاوبەش لەنێوان مرۆڤەکاندا. خۆشەویستی لێرەدا تەواوکەری ئازادییە، یان ڕەنگە مەرجی گەیشتن بەو ئازادییە بێت. لەخۆشەویستیدا مرۆڤ ئەتوانێت بازبدات، باز بەسەر حەزو تەماحە تایبەتەکانی خۆیدا، دەتوانێت تێپەڕێنێت، قازانجو دەسکەوتە تایبەتەکانی خۆی تێەڕێنێت، بەمانایەکی تر خۆشەویستی وەک پێکەوەبوونێکی ناسکو باوەشکردنێکی پڕ شەوقو پڕ ئولفەتی ئازاد بەیەکتریدا. وەکچۆن ئازادی شتێک نییە بەئینسان درابێت، بەڵکو دەبێت ئینسان دروستیبکات، ئاواش خۆشەویستی شتێکە دروستدەکرێت. خۆشەویستی لەئەزموونی شێرکۆدا وەک کوردبوون وایە، ههرگیز لێی نائومێد نابێت، ههمیشە ئامادەیە، ههمیشە دروستدەکرێتو کەی مردیش دەشێت زیندووبکرێتەوە. وەکچۆن کوردبوون هێمایە بی دۆخێک مرۆڤ تیایدا بەدوای ئازادیدا دەگەڕێتو ڕێزی ئازادی دەگرێت، ئاواش مەرجی سەرەکی لەعەشقی ڕاستەقینەدا ڕێزگرتنی ئازادیی کەسەکانە لەیەکتری، خۆشەویستی مرۆڤ بۆ مرۆڤ خۆشەویستییەکی ئازادە.
لەبەشێکی زۆری شیعری شێرکۆدا خۆشەویستی هێزێکە دژ بەکۆیلەیەتیو دژ بەشکاندنی ئیرادەو دژ بەداماڵینی مرۆڤەکانو نیشتیمانەکانو مەسەلەکانە لەشوناسی خۆیان، بەرگرییە لەو شتانەی ئەو کەسانە دەکەن بەکەسو ئەو نیشتیمانانە بەنیشتیمانو ئەو مەسەلانەش بەمەسەلە. خۆشەویستی مانای ڕێزگرتنی تایبەتمەندیەتییەکانی یەکتری، لەتایبەتمەندێتی مەعشوقەوە بۆ تایبەتمەندێتی نیشتیمان. لەشیعری شێرکۆدا خۆشویستنی کوردستان، خۆشویستنی شەهیدان، خۆشویستنی مناڵانو گەنجان، خۆشویستنی خانمان مانای پاراستنی ههموو ئەو شتانە بەو شێوەیەی خۆیان دەیانەوێت ههبنو ببن. مانای ئەوەی کوردستان بتوانێت کوردستانبوونی خۆی بژی، شەهیدان بتوانن شەهیدبوونی خۆیان بژین، منداڵان بتوانن منداڵبوونی خۆیان بژین، گەنجانو ئافرەتان بتوانن گەنجبوونو ئافرەتبوونی خۆیان بژین. ههموو ئەمانەش جارێکی تر تەنها کردەی تاکەکەسی نین، بەڵکو دەستەجەمعیو پێکەوەیین. لەم ئاستەدا تەماهییەکی گەورە لەشیعری شێرکۆدا لەنێوان خۆشەویستیو ئازادیدا ههیە وەک دوو دەرکەوتی سەرەکی ژیان. بەڵام ژیان تەنها وەک ژیان نا، بەڵکو ژیانێکی ئازادانە. ئەم گرێدانە سەختەی خۆشەویستییە بەئازادییەوە وادەکات بابەتی شەهیدو شەهادەت ببێت بەیەکێک لەبابەتە سەرەکییەکانی تری ناو شیعری شێرکۆ بێکەس.
شەهید
شەهید لەشیعری شێرکۆدا بوونەوەرێکی مەرگدۆست نییە، مرۆڤێک نییە بەدوای مردنی خۆیدا وێڵبێت، کەسێک نییە نەیەوێت بژی، یان لەژیان ههڵبێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە بوونەوەرێکە ههم عاشقەو ههم ئازاد، شەهید لای شێرکۆ بێکەس تێکەڵێکی گەورەیە لەخۆشەویستیو ئازادی، لەسەودایەکی بەرپرسیارو لەگەڕانێکی بێماندوبوون بەدوای ئازادیدا.
لەژمارە ٣٩٠ی رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوکراوەتەوە