دادگای تاوانی نێودەوڵەتی: دۆسیەی داعش‌و ئێزیدییەکان

د. رێباز رسوڵ
  2020-08-06     1731
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەزگایەکی دادوەری تاوانکاری هەمیشەیی نێودەوڵەتییە کە لە ساڵی (٢٠٠٢) دا دامەزرا. دادگای ناوبراو یەکێک بوو لە گرنگترین ئەو بابەتە یاساییە نێودەوڵەتییە ئاڵۆزانەی، کە نزیکەی سەدەیەکی خایاند تا لەکۆتایدا، لە "کۆنفرانسی رۆما" و لە (١٧/٧/١٩٩٨) دا، بەکۆدەنگی کۆمەڵگای نیودەوڵەتی چارەسەرکرا، لە ڕێگەی دەرکردنی "پەیماننامەی ڕۆما"، کە دواترلە (١/٧/٢٠٠٢) وەک پەیرەوی ناوخۆی دادگا چووە بواری جێبەجێکردنەوە، پشتی پەسەندکردنی لەلایەن (٦٠) دەوڵەتەوە.  
دادگا، بە پێچەوانەی دادگا تاوانکارییەکانی پێش خۆی: دادگای نورێمبێرگ، دادگای تۆکیۆ، دادگای نێودەوڵەتی تاوانکاری بۆ یوگسلاڤیای پێشوو، دادگای نێودەوڵەتی تاوانکاری بۆ ڕوەندا، میکانیزمێکی دادوەری تاوانکاری کاتی هاوپەیمانیەتییەکی سەربازی یان نەتەوەیەکگرتووەکان نییە بۆ دادگایکردنی تۆمەتبارانی دۆسیەیەکی دیاریکراو لە شوێنێکی جوگرافی دیاریکراودا، بەڵکو دامەزراوەیەکی دادوەری تاوانکاری هەمیشەیی سەربەخۆیە لە نەتەوەیەکگرتووەکان و خاوەن کەسایەتییەکی یاسایی نێودەوڵەتیشە کە بارەگا هەمیشەییەکەی لە شاری (لاها) ی هۆڵندایە.
سیستەمی کارکردنی دادگا لەسەر بنەمای "تەواوکاری" بەندە، بەجۆرێک کە میکانیزمی سەرەکی لە دادگایکردنی دۆسیە تاوانکارییەکان، دادگا ناوخۆییەکانن، بەڵام کاتێک کە ئەو دادگایانە "نایانەوێت" یان "ناتوانن" تۆمەتباران داگایی بکەن لە پرۆسێسێکی دادوەری ڕەسەن "دروست" دا، داداگای تاوانی نێودەوڵەتی وەک میکانیزمێکی دادوەری تاوانکاری ئەڵتەرنەتیڤ شوێنی دادگا ناوخۆییەکان دەگرێتەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە دامەزراندنی وەها دادگایەکدا گەرەکیەتی کە "پارێزبەندی تاوانکاری" ئەنجامدەرانی تاوانە گەورەکان، کە زۆربەی کات کەسایەتییە سیاسی وسەربازییەکانی دەوڵەتن یان کەسانی خاوەن دەستەڵاتن لە ناوگروپ  و رێکخراوە چەکدارییەکاندا، کۆتایی پێبهێنێت وهیچ رێگایەک بۆ دەربازبوون لە و تاوانانە نەهێڵێت.
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، وەک هەردادگایەکی تری ئاسایی، چەند تایبەتمەندییەکی هەیە، لەوانە: تایبەتمەندی بابەتی و تایبەتمەندی کاتی و تایبەتمەندی کەسی و تایبەتمەندی شوێنی. تایبەتمەندیی بابەتی بریتییە لە چوارچێوەی ئەو تاوانانەی کە دادگا توانای بینین و بڕیاردانی هەیە تیایاندا. تاوانەکان بە تاوانی نێودەوڵەتی دەناسرێن وهەر یەک لە (تاوانی جینۆساید، تاوان لە دژی مرۆڤایەتی، تاوانەکانی جەنگ، تاوانی داگیرکاری) لە خۆدەگرن. مەبەست لە تایبەتمەندی کاتی ئەوەیە کە دادگا تەنیا دەتوانێت ئەو تاوانانە ببینێت کە لە دوای (١/٧/٢٠٠٢)ەوە رویانداوە، دوای ئەوەی کە پەیڕەوی ناوخۆی دادگا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەرچی تایبەتمەندی کەسیشە، دەستەڵاتی دادگایکردنی هاوڵاتیانی وڵاتانی ئەندام دەدات بە دادگا، کاتێک کە تاوانێک یان چەند تاوانێکی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدەن، کە دادگا لەپێناوی دادگایکردنی ئەنجامدەرانیدا دامەزراوە. بە گوێرەی تایبەتمەندی شوێنیش، دادگا تەنیا دەستەڵاتی دادگایکردنی ئەو تاوانانەی هەیە کە لە سنوری جوگرافی وڵاتانی ئەندامدا رودەدەن.
دادگا کۆمەڵێک میکانیزمی هەیە بۆ گێڕانەوەی دۆسیەکان بۆ بەردەمی، کە ئەویش میکانیزمی دەوڵەت و میاکانیزمی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و میکانیزمی داواکاری گشتییە. دەوڵەت دەتوانێت دۆسیەیەک بگەڕێنێتەوە بۆ بەردەم دادگا کاتێک تاوانێک یان چەند تاوانێکی نێودەوڵەتی رویاندابێت. مەرج نییە تاوانەکە لە سنوری جوگرافی ئەو دەوڵەتەدا رویدابێت، یان لەلایەن هاوڵاتیانی ئەو دەوڵەتەوە ئەنجام درابێت، بەڵکو دەکرێت تاوانەکە لە خاکی هەر وڵاتێکی ئەندامدا رویدابێت یان لەلایەن هاولاتی هەروڵاتێکی ئەندام ئەنجامدرابێت. پەیڕەوی ناوخۆی دادگا بەهەمان شێوە دەستەڵات دەدات بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە دۆسیەیەک بگەڕێنێتەوە بۆ بەردەمی دادگا، کە تاوانێک یان چەند تاوانێکی نێودەوڵەتی تیادا ئەنجامدرابێت. ئەوەی کە سەرنج ڕاکێشە ئەوەیە، کە ئەنجومەنی ئاسایش دەتوانێت دۆسیەی ئەو تاوانانە بگەڕێنێتەوە، کە لە سنوری ئەو دەوڵەتانەدا روودەدەن کە ئەندامیش نین یان لەلایەن هاوڵاتیانی ئەو دەوڵەتانەوە ئەنجامدەدرێن کە ئەندامیش نین. بەواتایەکی تر، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەتوانێت، کە تایبەتمەندی کەسی و شوێنی دادگا بەرفراوان بکات بە جۆرێک کە دەستەڵاتی دادگا بگەیەنێتە هاوڵاتیان وجوگرافیای ولاتانی نائەندامیش.   هەرچی داواکاری گشتی دادگاشە دەتوانێت، دوای وەرگرتنی زانیاری باوەرپێکراو و گرنگ سەبارەت بە ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێکی نێودەوڵەتی لەسەر خاکی دەوڵەتێکی ئەندام یان لەلایەن هاوڵاتییەکی دەولەتێکی ئەندام، دۆسیەیەک بگەڕێنێتەوە بۆ بەردەم دادگا.
بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەی دادگایکردنی فەرمی، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی قۆناغێکی سەرەتایی هەیە کە تیایدا مەرجە گشتیەکانی بینین و بڕیاردان لە دۆسیەیەکدا تاوتوێ دەکات. ئەو مەرجانەش بریتین لە وەی کە نابێت دۆسیەکە لە ژێرلێکۆڵینەوە یان دادگایکرندا بێت یان لێکۆڵینەوە یان دادگایکردن لە دۆسیەکەدا ئەنجام درابێت؛ نابێت کەسەکە دادگایکرابێت، پەیوەندیداربەهەمان ئەو تۆمەتەی کە لەو دادگایەوە ڕوبەڕوی کراوەتەوە؛ لەکۆتایدا دەبێت دۆسیەکە قورساییەکی تاوانکاری تەواوی هەبێت بەجۆرێک کە تاوانەکە لە چواچێوەیەکی بەرفراواندا و بەشێوەیەکی سیستەماتیک ئەنجامدرابێت و سروشتێکی جدی وکاریگەریی گەورەی هەبێت لەسەر قوربانیەکان.
ئەو پێشێلکارییانەی، کە داعش لەبەرامبەر یەزیدییەکاندا ئەنجامیدان لە ساڵی (٢٠١٤) دا، لەو تاوانانە کە پەیڕەوی ناوخۆی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە پێشەکیەکەیدا، پێناسەیان دەکات بە گەورەترین تاوانەکان، کە جێگەی نیگەرانی مرۆڤن و زۆر بە قوڵی ویژدانی مرۆڤایەتی دەهەژێنن. بەواتایەکی تر، پێشێلکارییەکانی داعش لە شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، تاوانێک یان چەند تاوانێکی نێودەوڵەتی پێکدەهێنن، کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە پیناو دادگایکردنی ئەنجامدەرانیدا دروستبووە.
 بە گوێرەی وتارێک، کە گۆڤاری "دابق" ی داعش لە ژمارە (٤) ساڵی (٢٠١٤) بڵاوی کردەوە، بە ناوی "ژیانەوەی کۆیلایەتی بەر لە رۆژی دوایی": رێکخراوەکە، بەر لە هێرشکردنە سەر شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، کۆمەڵێک لە ئەندامەکانی خۆی ڕاسپاردبوو بۆ لێکۆڵینەوە لە بیروباوەڕ و پێگەی ئاینی یەزیدییەکان؛ ئاخۆ ئەو خەڵکە لەسەرەتادا مسوڵمان بوون و دواتر هەڵگەڕاونەتەوە، یان هەر لە بنچینەدا بیروباوەڕێکی جیایان هەبووە لە ئیسلام. رێکخراوەکە لە کۆتایدا، پیگەی یەزیدییەکانی وەک "مشریک" دیاریکردووە و جیای کردونەتەوە لە مەسیحی و جولەکەکان، بە جۆرێک کە دەرفەتی پێدانی "جزیە" نەیانگرێتەوە و لەنێوان مسوڵمان بوون و مردندا یەکێک هەڵبژێرن.
بەگوێرەی ڕاپۆڕتەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە: یۆنامی، رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ساڵانی (٢٠١٤-٢٠١٥) دا، داعش، لەبەرواری (٣/٨/٢٠١٤) شەنگال و ناوچەکانی دەوروبەری داگیرکرد بەبێ هیچ بەرگرییەک لە لایەن ئەو هێزانەی کە ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچانەیان لە ئەستۆدابوو. رێکخراوەکە لە هێرشەکەیدا، بە شێوەیەکی فراوان و سیستەماتیک، ئەندامانی کۆمەڵگەی یەزیدی بە ئامانج گرت، بە شێوەیەک کە دەیان هەزار یەزیدی ڕایانکرد بۆچیای شەنگال و پارێزگای دهۆک و هەزارانیش لە ناوچەکانی خۆیاندا گیریان خوارد.
لە دەرئەنجامدا، داعش هەزارەها پیاوی یەزیدی کوشت وهەزارەها ژن و منداڵیشی دەستگیرکرد. دواتر، ژن ومنداڵە دەستگیرکراوەکانی ناچارکرد بە گۆرینی باوەڕی ئاینییان بۆ ئیسلام. رێکخراوەکە، ئەو ژن و مناداڵانەی کە مسوڵمان دەبوون، ناچاردەکرد کە شوو بە چەکدارەکانی بکەن و ئەوانەشی کە ڕەتیان دەکردەوە دەکران بە کەنیزەک. زیاتر لەوە، چەکدارانی داعش دەیان خانو و گوند و پەرستگا و سیمبوڵی ئاینی خەڵکەکەشیان وێرانکرد.
لە تێگەیشتنێکی یاسای نێودەوڵەتیدا، تاوانەکانی داعش بەرامبەر بە یەزیدییەکان بریتی بوون لە: کوشتنی ئەندامانی گروپەکە؛ زیانگەیاندنی جەستەیی و عەقڵی بە ئەندامانی گروپەکە؛ سەپاندنی مەرجی ژیانکردن بە جۆرێک کە ببێتەهۆی لەنابردنی بەشێک یان هەموو گروپەکە؛ گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێ و شوێن کە ببێتە هۆی قەدەغەکردنی مندال بوون لە ناو گروپەکەدا؛ گواستنەوەی بەزۆری منداڵان لە گروپەکەوە بۆ گروپێکی تر.
ئەگەرچی ناساندنی تاوانێک بە جینۆساید کارێکی ئاسان نییە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد و دورودرێژهەیە بۆ دیاریکردنی ئەو پێشێلکارییانەی کە بە جینۆساید دادەنرێن و نیەتی کۆمەڵکوژی ئەنجامدەرانی، بەڵام بەسەرنجدان لە ئامادەکاری داعش بۆ هێرشکردنە سەر شەنگال و دانپیادانانی ئەندامەکانی لە دیاریکردنی پێگەی یەزیدییەکان بە "مشریک" و چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەکان دەردەکەوێت کە ئەندامانی رێکخراوەکە نیەتێکی ئاشکرا و ڕونیان هەبووە لەئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و هۆشیاری تەواویشیان هەبووە سەبارەت بە دەرئەنجامی کۆمەڵکوژییەکەیان کە بریتی بووە لە لەناوبردنی یەزیدییەکان وەکو گروپیکی ئاینی، بۆیە دەتوانین بڵێین کە پیشێلکارییەکانی داعش لەبەرامبەر یەزیدییەکان تاوانی جینۆساید پێکدەهێنن.
بەرپرسیاریەتی سەرەکی لە دادگایکردنی تۆمەتبارانی داعش لە دۆسیەی یەزیدییەکاندا، لە قۆناغی یەکەمدا دەکەوێتە سەرعێڕاق، چونکە تاوانەکان لە خاکی عێڕاقدا رویانداون و بەشێکی زۆری تۆمەتبارەکانیش خەڵکی عێڕاقن. بۆ لەئەستۆگرتنی ئەو بەرپرسیاریەتییە، دادگا عێڕاقییەکان لە هەوڵداندان و بەڕاستیش دەیانەوێت کە تۆمەتبارەکان دادگای بکەن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە عێڕاق توانای دادگایکردنی ئەو تۆمەتبارانەی نییە لە پرۆسێسێکی دادوری دروستدا. ئەمەش لە بەرئەوەی کە عێڕاق یاسایەکی گونجاوی نییە پەیوەندیداربە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و ئەویاسایەی کە دادگا عێڕاقییەکان جێبەجێی دەکەن لە دۆسیەی داعشدا، بریتیە لە یاسای دژە تیرۆری ساڵی (٢٠٠٥). عێڕاق ستافی دادوەری و کەسی راهێنراو و پسپۆڕی کەمە لە بواری تاوانە نێودەوڵەتییەکان و ئەو ستافەی کە هەشیەتی، سەربەخۆ و بێلایەن نییە و بەزۆری لە شیعەکانن. هەروەها، دادگا عێڕاقییەکان دادگایی بێلایەنانە و مافەکانی رێوشوێنەکانی دادگایکردن فەراهەم ناکەن بەتەواوی. بەواتایەکی تر، دادگایکردنی ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوانی نێودوڵەتی ئەرکێکی قورسە و پێویستی بە سیستەمێکی دادوری ئاڵۆز هەیە، بە جۆرێک کە بتوانێت دادوەری بۆ قوربانییەکان و دادگایی دادوەرانەش بۆ تۆمەتبارەکان دەستەبەربکات. بە سەرنجدان لە دۆسیەی "سەددام حسێن" و ئەو داعشانەی کە تائێستا دادگایکراون، پەیوەندیدار بە تاوانەکانیان لە عێڕاق، ئەو ڕاستییە ڕونتر دەبێتەوە کە دادگا عێڕاقییەکان توانای دادگایکردنی تاوانە نێودەوڵەتییەکانیان نییە لە پرۆسێسێکی دادوەری دروستدا.
لەوانەیە هیچ کیشەیەک نەبێت لە تایبەتمەندی کاتی داگای تاوانی نێودەوڵەتی، بەوپێیەی کەتاوانەکانی داعش دژبە یەزیدییەکان، دوای چونە بواری جێبەجێکردنی پەیڕەوی ناوخۆی دادگا ڕویانداوە. بەهەمان شێوە پیشێلکارییەکانی داعش، تاوانی جینۆساید پێکدەهێنن کە یەکێکە لەو تاوانانەی کە دەچنە چوارچێوەی تایبەتمەندی بابەتی دادگا. هێشتا، تایبەتمەندی کەسی و شوێنی دادگا لە دۆسیەکەدا دانامەزرێن، لەبەرئەوەی کە نە عێڕاق ئەندامی داگایە و نەدەشیەوێت تایبەتمەندی دادگا قبوڵ بکات بە شێوەیەکی کاتی، پەیوەندیداربەو بارودۆخە ناوخۆییە تاوانکارییەی کە لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە لە وڵات هەیە. بە واتایەکی تر، بەهۆی ئەندامنەبوونی هەمیشەیی و نەبوونی خواستی ئەندامییەتی کاتی عێڕاق لە دادگا، میکانیزمەکانی دەوڵەت  وداواکاری گشتی لە گێرانەوەی دۆسیەی یەزیدییەکان بۆ بەردەمی دادگا ناچالاکن. ئەگەرچی هێشتا میکانیزمی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام بە سەرنجدان لە بارودۆخە ئاڵۆزە تاوانکارییەکەی عێڕاق لە ساڵی (٢٠١٤)ەوە بۆ ئێستا و پێکهاتە و سروشتی ئەنجومەنەکە، ئەویش پێناچێت هیچ نیەتێکی جدی هەبێت لە هەنگاونان بە ئاراستەی گێڕاونەوەی دۆسیەکە بۆ بەردەمی دادگا.
 بابەتی دادگایکردنی دۆسیەی یەزیدییەکان لەبەردەم دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بابەتێکی یاسایی نییە بەتەنیا، بەڵکو بابەتێکی سیاسیشە تاڕادەیەک، چونکە دادگا بەتەنیا داعشەکان دادگای ناکات بۆ ئەنجامدانی تاوانەکانیان، بەڵکو هەموو ئەو فەرماندارە سیاسی و سەربازییانەش لە سوپای عێڕاق و حەشدی شەعبی و هێزی پێشمەرگە و تەنانەت لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش دادگایدەکات کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ لە بەرامبەر داعشدا، تەنیا مەگەر دۆسیەکە لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بگەڕێتەوە بۆ بەردەم دادگا ومەرجێک بخاتە گێڕانەوەی دۆسیەکە بە بەدەرکردنی هاولاتیانی ناعێڕاقی (هاوڵاتیانی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی)، هەروەک لە دۆسیە دارفور (٢٠٠٥) و دۆسیەی لیبیا (٢٠١١) دا کردی.
پێویستە ئەوەش بگوتریت، کە ئەگەر لە کۆتایدا میکانیزمێکی گونجاو بڕیاردرا بۆ گێڕانەوەی دۆسیەکە بۆ بەردەم دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، دۆسیەکە هەموو شەرت و مەرجەکانی پەیڕەوی ناوخۆی دادگا جێبەجێ دەکات و قبوڵ دەکرێت لەلایەن دادگاوە کە ببینرێت و بڕیاری تیادا دەربکرێت، چونکە هێشتا دۆسیەکە لێکۆڵینەوە و دادگایکرنی تیادا ئەنجامنەدراوە. تەنانەت ئەگەر تیاشیدا ئەنجامدرابێت، بە پاساوی "نەتوانین"ی  دادگا عێڕاقییەکان لە ئەنجامدانی پرۆسەکە بە شێوەیەکی دروست، گێڕانەوەی دۆسیەکە پاساو دەدرێت بۆ بەردەم دادگای ناوبراو. هۆکارێکی ترئەوەیە کە تۆمەتبارەکان پێشتر ڕوبەڕوی ڵێکۆڵینەوە و دادگایکردن نەبوونەتەوە بە هەمان تۆمەت. هۆکاری کۆتایش ئەوەیە کە دۆسیەی داعش دژ بە یەزیدییەکان قورساییەکی تاوانکاری گەورەی هەیە، لەبەرئەوەی کە لە چوارچێوەیەکی فراواندا و بەشێوەیەکی سیستەماتیک ئەنجامدراون و کاریگەرییەکەشیان هەموو کۆمەڵگەی یەزیدی گرتۆتەوە.  


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×