حوکومڕانیی شکستخواردوو لەنێوان گەڕانەوە بۆ دیکتاتۆریی‌و پاشگەردانییدا، کامیان چارەسەرە؟

د. رزگار ئاغا
  2020-08-07     291
سەرەتا:
ئەم ناونیشانە, پرسیارێکی قووڵە لە لای هاوڵاتیی لە رژێمە  تاڵانکاریی  و داپڵۆسێنەرەکاندا, بە تایبەتی لە دوای نائومێدبوون لە گۆڕانکاریی, جارێکی تر تاریکیی بەسەر هیواکان دا دادێتەوە. پرسیارێکە لە قوڵایی نائومێدبوونێکە لە سیاسەت و سیاسەتکاران و, تێڕامانێکە لە پەنا بییرکردنەوەیەکی بێسنووردا. پرسیارە بۆ گەڕانەوە و رازییبوونەوە بە سیستەمە دیکتاتۆرییەکەی پێشوو, کە لە رابردوودا, لە جەنگێک بۆ ئازادیی و مافەکانی دا دەستەویەخەبوون هەبووە. ئەم پرسیارە, لە مەترسیی خۆبەدەستەوەدان, یان دەستبەرداربوونێکی هەموو داخوازییە رەواکانە, لەبەرامبەر بەردەستبوونی مافە سەرەتاییە ژیارییەکانی دا؛ بەو قەناعەتەوە کە رابردوو ژیان تیایدا مسۆگەرتر بووە و, دونیاش سەقامگییرتر بووە ئەگەر بێدەنگبوون لە ئارادا بوایە. بەداخەوە, پرسیارەکە ئەوە نییە, ئایا دیموکراسیی باشترە یان دیکتاتۆریی, یان کامیان زیاتر رەوشتانەیە؟ پرسیارێکی بەمجۆرە ئەو کاتە گرنگە, کە دیموکراسیی شکست خواردوو بووبێت لە پاش دیکتاتۆریی. بۆیە, لە جێنەگرتنەوەی سیستەمێکی ستەمکار بە سیستەمێکی دیموکراسیی, گوێت لەم پرسیارەی دواییان نابێت و, هییچ کەسێک نییە پرسیارێکی وەها بە جیددیەوە بکات.

ئەگەرێکی زۆری پرسیارە سەرەکییەکە بە بییرکردنەوەیەکی هاکەزایی, ئەوەیە لە تێکشکانێکی هزریی و لۆجییکییەوە سەرچاوەی بگرێـت, کە بە چەند هەڵەیەکی گەورە و مەترسییدار تان و پۆ کێشرا بێت. هەڵەی یەکەم: بییرچوونەوەیەکی مێژووییە لە دەستبەرداربوونی ململانێکانە, لەتەک دیکتاتۆرییەکی پێشتردا. هەڵەی دووەمیشیان: بەستنەوەی سەقامگییریی وڵاتە, بە بەرقەرابوونی دیکتاتۆرییەوە, کە ئەمەیان مەترسییدارترە. ئەم جۆرە بییرکردنەوەیە, سڕیینەوەیەکی تەواوی ئەو مێژووە پڕ ناسەقامگییریی و پەشێوییانەیە, کە رۆژگارە رەشەکانی پێ نووسراونەتەوە. ئەم ئاراستەی بییرکردنەوەیە, بییرچوونەوەیەکی خێراترە, لە پێچوونی ساڕێژبوون و هێوربوونەوەی ئازارە قووڵەکان.
 
ئەزموونی وڵاتان, ئەوەیان سەلماندووە کە وڵاتە دیموکراسییە کاراکان, لە مەودای درێژدا, سەقامگییرتربوون لە  وڵاتە دیکتاتۆرییەکان. دیکتاتۆرەکان, تەنها ئەو کاتە سەقامگییر ئەبینرێن, کە تا ئەوپەڕی توانا داپڵۆسینەر بوو بن, نەک توانیبێتیان خۆشگوزەرانیی بۆ هاوڵاتییەکانیان بڕەخسێنن. بەڵام لە راستیی دا, بنەمای حوکمڕانیی دیکتاتۆریی ناسەقامگییرە, هەر بۆیە پەنا بۆ هێز ئەبات. هەمیشە وایە, کە ئەم جۆرە حوکمڕانییانە, هۆکارەکانی رووخاندنی بەدەستی خۆی دادەڕێژێت و, لە دواجاریش دا, لەبەردەم شەرعییەتی کۆمەڵایەتیی دا هەرەس دێنێت. ئەمەش هۆکارێکی ترە, بۆ باوەڕکردن بەو وتەیەی "دیکتاتۆریی بەهۆی بانگەشە چەواشەکارییەکانیەوە, زۆر کاولکارترە لە پاشاگەردانیی!"؛ ئەو دەوڵەتانەی پاشاگەردانیی تێدا بەربڵاوە و, دەستگاکانی دەوڵەت تێیدا هەرەس دێنێت, بەو مانایەی تەنانەت دەوڵەتێک نین کە "دیکتاتۆرێکی بەکار" یش بووبن. ئەگەر ئەم قسەیە مانایەک بگەیەنێـت! لە یەکەم پێگەیدا, دیکتاتۆریی بارودۆخێک بۆ خۆی ئەخولقێنێت, بۆ سازکردنی پاشاگەردانیی لە دوای خۆی. هەمیشە رەوشێکە روو لە خراپترە و, نوێکردنەوەیەکی خۆیەتی, بۆیە زۆر نێگەرانییە, ئاوات بە گەڕانەوەی رژێمێک بخوازرێت, کە لە راستیی دا, ئەو بووە کە ئێستاش بەپرسیارە لە هەر ناسەقامگییریی و پەشێویی و داڕوخانێکی دوای خۆی.
 
تەنها بەرپەرچێک, کە دیکتاتۆریی بەکاری دەهێنێت, ئەو درۆ و چەواشەکاییە ئایینی و نەتەوەیی و, ئایدۆلۆجیانەی کە بەردەوام لە مێژوودا, میللەتەکانیان بەدەمەوە گرتووە, لە وەڵامی ناڕەزایی گەل و, شڵەژاندنی کۆمەڵایەتی و, ململانێی چیینایەتیی دا.  بۆیە, سەرقاڵکردنییان بووە, بە درووشمە ساختە و رەتێنەرەکانەوە؛ دەمێک بەناوی پرسە نیشتمانییە پییرۆزەکان, هەڵبژاردن و گفتەکانی, رووبەڕووبوونەوەی نەیارە دەرەکییەکان, ناسکیی بارودۆخ, یەکگرتوویی میللەت و حیزبە سیاسییەکان. کاتێکیش, کە ئەمانە هەموو بێبڕشت ئەبن و, مایەپووچیی لای میللەت ئەبن, ئەوا روو لە زەبر و داپڵۆسیین دەکەنەوە. بەرژەوەندیخوازیی تاکە کەسیی و خێزانیی لەم رژێمانەدا رەگێکی قووڵ دائەکوتێت, وایان لێ ئەکات دەستبەرداری هزر و ئەقڵی میللەت و بەشدارییەکانی بن, کاتێک دژ یان پێچەوانە ئەکەوێـتەوە لەسەر دەسەڵاتەکانیان. ئەنجامیش, ئەوەندەی تر بێ تواناتر دەبن, لە چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگەدا؛ بە مانای ئەوەی سەرباری مانەوەی ئەم ململانێ کۆمەڵایەتیی و سیاسییانە بە داپڵۆسراوەیی, مایەی کرمێکردنی بنەماکانی حوکمڕانییە دیکتاتۆرییە تۆکمەکەی خۆیشیان دەبن, لە مەودوای درێژدا.
دواجار, لە باشتریین پێکهاتەییدا, رەنگە چەند نموونەیەکی رواڵەت سەرکەوتوو هەبن, بەڵام شتێک نییە ناوی دیکتاتۆری چاکەخواز بێـت. دامەزراوە حوکوومیی و سوپا و بونیادی ئابووریی, هەموویان پێکەوە کۆسیستەمێکن, بۆ پاراستنی دەستە و تاقمێکی دەسەڵاتدار, کە لە رێی خۆیانەوە ئیش لەسەر تۆکمەکردنی دەستەگەریی و گەندەڵیی ئەکەن. کاتێکیش, لە ژێر هەر بارودۆخێکدا هەرەس دێنێت, زۆرجار دۆخێکی شڵەژاو و تەم ومژاویی دێـتە ئاراوە, رەنگە کورتخایەن بێت, یان رەنگە درێژخایەن بێـت کە مایەی نیگەرانیی گەورە و, تێکشکانێکی قورسی لێ بکەوێـتەوە. لێرەوە, میللەت, زەرەرمەندی سەرەتا و بنەتایە. دەسەڵاتێک پەیدا ئەبێت, بە بێ میللەتە. هەرچۆن میللەتیش بێ دەسەڵات ئەبێت. زۆربەی گۆڕانکارییەکان بە ناوی میللەتەوە دەکرێت و, میللەتیش نابێتە خاوەنی هییچ بڕیار و ئەنجامێک. بۆیە میللەت, لە تۆڵەیەکی جەرگبڕانە ئەگەڕێت, ئەگەرچیی زیانی خۆیشی تێدا بێت. گەڕانەوە و, خواست بۆ ژێر سایەی سیستەمی دیکتاتۆریی. ئەمە, خواستێکی هاکەزایی نییە, بەڵکو قووڵترە بە هێندی مێژووی بێ متمانەیی بە رەوشی سیاسیی و ئەمانەتی سیاسیی و سیاسەتکارە چاوچنۆکەکان.

بۆ ساغکردنەوەی ئەم خواستە ناهاکەزاییە, ئەگەرچی ناچاریی و قیروسیاکردنێکی چارەنووسسازیی لە هەناودایە, شرۆڤەکردنێکی فراوانتر دەخوازێت, لە بارەی دەوڵەتداریی و, قۆناغ و شێوەپێکهاتووەکانی و, پەیوەندیی هاوڵاتیی و حوکوومەتەکان و, دەوڵەتی شکستخواردوو و پاشاگەردانیی و لێکەوتەکانی. دواتریش, سفربوونەوەی هەموو هێوا و ئاوات و رەنجە سیاسییەکان لە مێژووی دوور و نزییک دا.

ئەم نووسیینە لە چوار بەش دا - وەک بەشبەشکردنێکی بەرایی-, بە زنجییرە دادەبەزن, بریتیی ئەبن لە:
بەشی یەکەم: سەرهەڵدان و دانپێدانانی دەوڵەت
بەشی دووەم: فشۆڵبوونی دەوڵەت بەرەو شکستخواردن
بەشی سێیەم: دەستاودەستی دەسەڵات لە نێوان دیکتاتۆریی و پاشاگەردانیی و گەڕەلاوژێ
بەشی چوارەم: گۆڕانی رژێمە شکستخواردووەکان لە دەرەوە و ناوەوە

بەشی یەکەم: سەرهەڵدان و دانپێدانانی دەوڵەت
دەوڵەت, پێناسەی فرە رەهەندی بۆ کراوە بە درێژایی رۆژگار, هەر لە پەیدابوونییەوە وەکو بیرۆکە و زاراوەیەکی نوێ. چەمکی دەوڵەت, لە سەدەی شانزەهەم سەری هەڵدا و, مەیکیاڤیللیی یەکێکە لەسەر بییرمەندە پێشیینەکان, کە بەم مانایانەی ئێستاوە, لە کتێبی " مییر" دا باسی کردووە "هەر دەستەیەک, کە دەسەڵاتی هەبێـت بەسەر گەل دا, ئەوە دەوڵەتە, ئییتر یان کۆمارییە یان مییرنشیینە". بەڵام دەوڵەتی دامەزراوەییی, لە شۆرشی فەرەنساییەوە ( ١٧٨٩) هاتە ئاراوە(١). دواتریش, فەیلەسووف و بییرمەندی تریش, بە پێی لێکدانەوە و بییروباوەڕیان بۆ دەوڵەت و بنەما و رەهەندەکانی, زاراوەی جیاجیایان بۆ کردووە, هەر لە نیتشە و سپینیوزا و هوبز و لۆک و  هیگڵ و مارکس وهتد, دواتر بۆچوونەکانیان بە بەڵگە دەهێنیینەوە.

١. شەرعیەتی دەوڵەت:
لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا, دانپێدانانی یاسایی, خەسڵەتی بەرچاوە بۆ دەوڵەت, زیاتر لەمەیش, ئەو توانا کردەییانەیە کە رێکەوتننامەی مۆنتیڤیدیۆ(دیسەمبەری ١٩٣٣)(٢) دیارییکردوون, کە دەوڵەت ئەبێـت ئەم مەرجانەی تێدا هەبێت "أ- دانیشتووانی هەمیشەیی؛ ب- ناوچەیەکی دیارییکراوە؛ ت- حوکوومەت؛ و پ- توانای پەیداکردنی پێوەندیی لەتەک دەوڵەتانی تردا. لە دۆخی تردا, لایەنە نێودەوڵەتییە باڵاکان, دان ئەنێن بە هەندێ سەرکردەی گەلانێک دا کە قەوارەیەک (کیانێک) پێکدەهێنن, کە بەجۆرێک لە جۆرەکان, ئەو قەوارانە شەرعیەتیان نییە, بەڵام ئەو سەرکردانە متمانە ئەخەنە سەر هاوپەیمانیی دەرەکیی بۆ پاراستنی داخوازییەکانیان, لە رێی قسەکردن بە ناوی دەنگدەرەکانیانەوە. بەڵام, لە هەمان کاتیشدا, ئەکرێـت رای نێودەوڵەتیی مۆری ناشەرعیی بوون بنێ بە هەر دەوڵەتێکی دانپێدانراوی بەهێزیشەوە, بەهۆی ئەو هەڕەشانەوە کە لێوەی چاوەڕوان ئەکرێت لە ناوچەکە یان لە جیهاندا بینێـتەوە. زیاتر لەمەیش, رووبەڕووی بەگژاچوونی سەربازیی نێودەوڵەتیی ئەبێتەوە, یان بەجۆرێکی خراپ تەنگەتاو و چواردەوەرە ئەدرێـت, کە چۆکی پێدا بدرێت بۆ هەر مەرج و پابەندبوونێک, کە مەبەست بێت. ئەمەش ئەو حاڵەتەیە کە سەپا بەسەر رژێمی پێشووی عێراق و, رێکخراوی نێودەوڵەتیی قاعییدە لە ئەفعانستان و, داعش لە عێراق و سووریا و, حوپییەکان لە یەمەن, لەو ماوەیەی کە دەسەڵاتی ئیقلیمییان هەبوو.

بۆیە, پشتییوانیی نێودەوڵەتیی خەسڵەتێکی گرنگی پرۆسەی پێدانی شەرعییەتە. هەر بە وەرگرتنی ئەم شەرعییەتە,  تەنانەت یارمەتییدەرە لە پاراستنی حوکمڕانیی سەرکردە لاوازەکانیش دا و, ئەتوانن بەکاری بهێنن بۆ رووبەڕووبوونەوەی رکابەرەکانیان لە ناوەوەی وڵات و دەرەوەش دا. لەتەک ئەوەشدا, ئەشێت پشتییوانییەکە لە شێوەی کۆمەکی سەربازیی و, دارایی دا بێت و, یاریدەی ئەدات کە جۆرێک لە هاوسەنگیی دەستکردانەی دەسەڵاتی پێ ببەخشێت, هەتا ببێتـە پشتییوانیی و هێزێک بۆ رووبەروونەوەی خەڵکە ناڕازییەکانیان, یان بۆ هەر مەبەستێکی تری جیۆسیاسیی بەکاربهێنرێـت لە لایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە و, هەردووکیشیان بەشێکی گرنگیی شەرعییەتەکەن. لەمانە گرنگتر, تەنها شەرعییەتی بەرژەوەندییخوازیی و شەرعییەتی نێودەوڵەتیی, گرەنتی مانەوەیەکی درێژخایەنی رژێمەکان نیین, ئەگەر شەرعییەتی جۆری تریش مسۆگەر نەکەن کە بابەتیین و, بە رەوش و پێگەی ئەو قەوارانەوە دیاریی دەکرێن کە پشتیوانییان ئەکەن.

ئەمێنێتەوە, شەرعییەتی ناوخۆیی, کە مناڵدانی شەرعییەتی نێودەوڵەتییە. بێگومان, سەقامگییریی و رازییبوونی هاوڵاتیان بە حوکمڕانیی وڵاتەکەیان, گرەنتیەکی مسۆگەربوونی شەرعییەتی نێودەوڵەتییە. ئەم شەرعییەتە ناوخۆییەی کە هاوڵاتیی ئەیدات بە دەسەڵاتی حوکمڕانیی, بە گشتیی, لە مێژوودا چەندیین فۆرمی جیاجیای وەرگرتووە, هەندێک لەو فۆرمانە ئەگەر بەو وردەکارییانەیەوە نەمابێتـەوە, ئەوا بە ئەقڵییەتێکی هاوشێوە بەردەوامیی هەیە و, تێکەڵ بە فۆرمە گۆڕاوەکانی رۆژگارەکانی دوای خۆی بووە. ئەم فۆرمانە بە چەند بییردۆزەیەک داڕێژراون.

 یەکەمیان, بییرۆدزەی تیۆکراتیی, لێکدانەوەکانی ئەو دەوڵەتانە ئەگرێتەوە کە بە تەقلییدی یان سوڵتانیی ناوزەد ئەکرێن. دەوڵەتی سوڵتانیی لە خودی فەرمانڕەواکان دا (حوکمڕان) بەرجەستە ئەبێت(٣). فەرمانڕەوا, سەروەسێتبوویەکی میراتیی داب و نەریتی خەڵکەکەیەتی, کە مێژوویەکی بەردەوامیان هەیە لە تەک هەژموونی خێزانێک, یان تییرە و هۆزێک و, خەڵکەکەش دەماودەم پێی رازیین و لە ژێر سایەیدا ماونەتەوە. ئەمە لە تەریقەتە ئایینییەکانیشدا هەیە, زۆرێک لەو حوکمڕانییانە, ئەو پشتخانە تەریقەتییەیان هەیە, کە خەڵک لە باب و باپیرانەوە گرتوویانەتە بەر و, شوێن نەوەکانی خاوەن تەریقەت کەوتوون. 

 دووەمیان: بییردۆزەی بێ گرێبەستیی(٤). ئەم دەوڵەتانە بە لێکەوتەیەکی سرووشتیی لێکدراونەتەوە. واتە, خێزانی فەرمانڕەوا هەڵدەتۆقێن, لە ئەنجامی پەیدابوونی هێز و دەوڵەمەندیی و بنەماڵەییەوە. لێرەوە, کەسایەتییە کاریزماکان دەردەکەون و, نەوە لە دوای نەوە دەمێننەوە و, قبووڵکردنیان ئاسانە لە لایەن خەڵکەوە, بە هەموو خەوش و کەم وکووڕییەکانییەوە.

ئەم جۆرە بە بییرردۆزەی خێڵەکیی خەلدوونیی ناسراوە, کە لە لایەن هەندێک توێژەر و ئەکادیمییەوە بایەخی پێدراوە,  میکانییزمی ئەم حوکمڕانییانە روون دەکاتەوە. خێڵەکان لە ناوچەکانی خۆیاندا و دەسەڵاتی ناوچەیی و, پێگە و, ناوچەی سیاسیی خۆیان هەیە و, دانیشتوانی ناوچەکەشیان تەنها ملکەچیی و, گوێڕایەڵییان لەسەرە.

تاکی کۆمەڵگەی خێڵەکیی, خۆی لە تییرە و هۆز و خێڵکەیدا ئەبینێتەوە, چارەنووسی بەوانەوە بەندە. تەنانەت ئەگەر بە خوێن نەچێتەوە سەر بنەماڵەی سەرۆک هۆزەکەیشی, ئەوا هەموو خۆبەختییەکی (ولا‌و)ی بۆ سەرۆک هۆزەکەی پیشان ئەدات, لەبەرامبەر جێبوونەوەی لەو ناوچەیە لەژێرس ایەی ئەو خێڵە حوکومڕانەوە, پاراستنی ماڵ و موڵکی لە تاڵان و کوشتن و بڕیینی بێگانە و, لەتەکیشیدا دەستکەوتنی تاڵانیی و خێروبێری تییرەکەیە. 

 درید بن الصمه‌, شاعیرێکی خێڵەکیی عەرەب وتوویەتی :

ومَا أنَا إلا من غَزِێّه‌َ إنْ غوَتْ         غوَیْتُ وإنْ تَرشُدْ غزَّێه‌ُ أَرْشُدِ
من, لە خێڵی غەزییەم, ئەگەر خراپەیان کردبێت, ئەوا خراپ بووم, ئەگەر باشەشیان کردبێت, ئەوا باشەم کردووە.

بۆیە, حوکمڕانیی لە ژێر کاریگەریی و لێکەوتەکانیی, زنجییرەیەک لە هێرش و پەلاماری تییرە و خێلەکان بووە بۆ سەر یەکتریی. گۆڕانکاریی هێزیش, تەنها لە رێکەوتن و هاوپەیمانیی و ئاگربەستی نێوان دوو خێڵ زیاتر تێپەڕی نەکردووە. جێگرتنەوەی سەرگەورەی خێل هەر بۆ مناڵ و نەوەکانی بووە و, لەوێوە دیسانەوە دەستیان بە بەردەوامی داب و نەریتەکانی پەلامار و بەشکردن و قۆرخرکردنی تاڵانییەکان بووە. ئەم خواستە نەژادییە, لە ئەقڵی مرۆڤی خێڵەکیی دا ماوەتەوە و, دواتر بۆ دەوڵەتی نوێ گوێزاوەتەوە بە هەموو چەمکەکانییەوە. گوێزانەوە لە لادێ بۆ ناو شارەکان و, دەستبەرداربوونی کشتوکاڵ و ماڵداریی بۆ دامەزراندن لە حوکوومەتی نوێ دا؛ وەک پۆلیس و سەرباز و کارگوزار و هەتا ئەگاتە پیشە دامەزراوەییەکانی تر, بە هەمان ئەقلییەتی خێڵەوە, بە بێ زۆرلەخۆکردن و سڵەمیینەوەیەک پیادەی ئەکات. هەمان هەستی دەروونیی خێڵەکیی ئامادەیی هەیە, لە بیستن و بینیین و غەریزەکانیدا(٥). بەهەمان خواستەوە لە پەنا خێڵەکەی دا پشتییوانیی حیزبەکەی ئەکات, داخوازییە تاڵانیی و بەشە پەلاماردانی خۆی ئەوێت لەو حوکوومەتەی کە حیزبەکەی بەشدارە تیاییدا. پاساو و شاردنەوە و دەربازبوون لە سزا, هەمان ئەو دەستکەوتانەی تری خێڵە کە هەیبووە, لە بەرامبەر خۆبەختکردنی بۆ خێڵ و سەرۆک خێڵ. ئیتر, ئەم خەسڵەت خێڵەکییە لە سەرۆکەوە بۆ ئەندامانی خێل, لە سیستەمی خێڵەکییەوە بۆ سیستەمی حوکمڕانیی خێڵەکیی لە دەوڵەتی نوێ دا, بە شێوەیەکی فراوانتر و دەسەڵاتدارتر گوێزراوەتەوە. چونکە جەستەی دەوڵەتدارییەکە, ئەقڵ و خوێنی خێڵەکیی تیا ئەجمێت. ئەم ئامادەییە جەستەیی و خۆبەختییەی بۆ خێڵ, جڵەوگییریی هەموو کایەکانی تر ئەکات, لە هەموو جومگەکانی حوکمڕانیی دا. پێودانەکان لێرەوە سەرچاوە ئەگرن و, باز ئەدن بە سەر دەستوور و یاسا و دادوەریی دا. زۆربەی هاوپەیمانیی سیاسیی و, دۆستایەتیی و نەیاریی کۆمەڵایەتیی و, پرسە حوکمڕانییەکان لەم ئەقڵییەتەوە بڕیاریان لەسەر ئەدرێن.

 سێیەم: بییردۆزە گرێبەستییەکانە(٦), لەسەر ئەو بۆچوونەی کە ئەم دەوڵەتانە دیاردەی خۆویستانەی کۆمەڵگەکانن, بە پێی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی نێوان خۆیان پێکدەهێنرێن. ئەم بییردۆزەیە, لە سەردەستی چەند بییرمەندێکی سیاسیی دا, هەردوو سەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەمی خایاند. هۆبز " ١٥٨٨-١٦٧٩" وەک یەکەم کەس تییرۆزەی کردووە, لەسەر بنەمای پاڵنەرە فیتترییەکانی مرۆڤ. لە گەڕەلاوژە و بێسەروبەرییەوە, فەرمانڕەوایەکی بکوژ و ببڕ سەرهەڵئەدا, دەسەڵاتی لە هێزی سروشتییەوە وەردەگرێـت, بۆیە خەڵک کۆک بوون لەسەر ئەوەی, چییتر لەو گەرەلاوژەیەدا نەمێننەوە, کەسێک بکەنە گەورەیان بۆ بڕیاردان لەسەر وردەکارییەکانی ژیان و مامەڵەی رۆژانەیان. لەم فۆرمەدا, ملکەچیی تەواو هاتۆتە دیی و, سەرتایەک بووە بۆ پەیدابوونی رژێمە دیکتاتۆریەکان لە رۆژگارەگانی دواتر و, هەتا ئێستاش.

 پاشان, بییردۆزەی "لووک ١٦٣٢-١٧٠٤", سەرهەڵدەدات,ناتەباییەک لە تەک "هۆبز" دا دێنێتە کایەوە. مرۆڤ لە حاڵەتە فیترییەکانییەوە بۆ حاڵەتی کۆمەڵگەیی دەگوێزێتەوە, بە بەستنی گرێبەست لە نێوان هەڵبژاردنی دیموکراسییانەی دادپەروەرانەی بێ گزیی و فڕوفێڵ, کە بژاردەیەک لە خەڵکی سیاسەتکار دەهێنێتە سەر حوکم و شەرعییەتی یاسایی وەرئەگرن. بۆیە, لە کاتی رازییبوونی خەڵک و, مانەوە لە ژێر سایەی ئەم حوکمڕانییانەدا, شەرعییەتپێدانێکی ناوخۆیی هەیە. پێچەوانەی ئەمەش, نائامادەیی یەکێک لەوانەی سەرەوە بە گوێرەی رۆژگار و بارودۆخی هەبوونیانەوە, دەبێتە مایەی دابڕانی خەڵک و حوکمڕانەکان و, چییتر خەڵک, دان بەو حوکوومەت و سەرکردانەدا نانێـت و, لێرەوە ئیتر شەرعییەتی خەڵک بەو حوکمڕانییە نامێنێت.

دواتر رۆسۆ (١٧١٢- ١٧٧٨), جیاواز لە هۆبز و لووک, بە بییردۆزەی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی(٧), توانی پێگەی خۆی لە هزری سیاسیی دا جێبکاتەوە, وەک بنەماکانی یاسای سیاسیی لە ١٧٦٢دا. رۆسۆ, پێوەر (المعیار)ی دانا لە دەستوور و  یاسادانان دا. بەم پێیە, بەهاکانی دەستووری پییرۆزکرد, کە کەس نەتوانێت بە ئاسانی دەستی شێواندنی بۆ بەرێت, چونکە ئیرادەی گەل دایناوە و کۆک بووە لەسەری. بەپێی بییردۆزەکەی, تاکەکانی کۆمەڵگە متمانەی حوکمڕانیی ئەداتە دەست دەستەیەکی گشتیی بەناوی "ئیدارەی گشتیی بۆ گەل", بۆ مسۆگەرکرنی ماف و پیادەکردنی یەکسانیی و دادپەرەوەریی. بەم شێوەیە, دوو لایەنی گرێبەستەکە ئامادەییان هەیە, کە لایەنی یەکەم: کومەڵگەیەکی بێ لایەنن و بەپێی زاراوەی ئێستا بەپرسانی دەوڵەتن و, لایەنی دووەمیش: تاکەکانی کۆمەڵگەن. ئەم بییردۆزەیە, بە بنەمای سیستەمی دیموکراسیی دائەنرێت لە رۆژگاری نوێ دا.

لێرەوە, ماکس ڤێبەر,گۆڕانی دەسەڵاتی خێڵەکیی بۆ دەسەڵاتی میراتگریی و زیاتریش شانشیینی, بە میراتگریی ناوئەبات کە هەر بەناوێ خۆیشییەوە ئەم دیاردەیە ناونراوە. ڤیبەر, هۆکاری ئەم زاڵبوونە تاکڕەویە لە سیستەمی میراتگریی دا, ئەگێڕێتەوە بۆ خۆبەختکردنی کۆیلە و, سوپای کرێگرتە و, سوپای فەرمیی و, پاسەوانە کەسییەکانی سەرۆک. لێرەوە, سەرۆکی فەرمانڕەوا, دەسەڵاتە خۆسەپێنەکانی فراوان ئەکات و, لە دەرەوەی هەموو داب و نەریتێکی خێڵ دا, دەست ئەگرێت بەسەر فەرمانڕەواییدا.

ئەم دابە, لە دوای رووخانی دەوڵەتی عوسمانییەوە, هەندێ لە وڵاتە عەرەبییەکانی گرتەوە, بە تایبەت لە دەوڵەتانی کەنداو و, ئەردەن و, میسر و مەغریب. ئەمەش زیاتر لە دوای جەنگی یەکەم لە رێی ئاسانکاریی ئیمپریالیستییەوە روویدا, بە جۆرێک هەوڵی مانەوەی هەردوو دەسەڵاتی خێڵەکی و میراتگرییان دا, لەم وڵاتانەدا. بە پێی بییردۆزەکەی ڤیبەر, دەسەڵاتی خێڵەکی لەکۆهێزی خێڵەوە بەرەوهێزی تاکێکی خێڵ گۆڕا, کە هەموو ماف و بریارە ئابووریی و میرات و بڕیارە چارەنووسسازەکانی بۆ خۆی قۆستەوە.

لە دوای سەرهەڵدان و هەژموونی نەوتەوە, وڵاتە نەوتدارەکان لەتەک سیستەمی میراتگریی و ئەقڵییەتی خێڵەکییەوە, بوون بە وڵاتێکی موڵکانە (رەیعیی), کە بە بییردۆزەی دەوڵەتی موڵکانەی مەهداویی – توێژەری ئێرانیی لە ١٩٨٠دا-  تیرۆزە کراوە(٨). 
دەوڵەتی موڵکانە (رەیعیی)؛ بە مانای بەکرێدان و فرۆشتنی سەرچاوە و موڵکە سرووشتییە گشتییەکان لە لایەن دەوڵەتەوە و, بەستنی پەیماننامەیەکی کۆمەڵایەتییە لەتەک هاوڵاتیان, بۆ دامەزراندن لە وەزیفە گشتییەکان و پێدانی ماف و شایستە داراییەکانیان. مەهداوی ئەڵێت: دەوڵەتی موڵکانە, بە شێوەیەکی رێک و پێک, موڵکانەی خۆی لە دەرەوەی وڵات بەدەست ئەکەوێـت, ئیتر, لە لایەن تاک, یان کۆمپانیا, یان هەر دەوڵەتێکی ترەوە بێـت. نموونەی  گوزەرکردن بە کەناڵی سوێس ی مییسر ئەهێنێتەوە,کە موڵکانەی دەرەکی هەیە. هەروەها گوزەرکردنی (تێپەڕبوونی) بۆری نەوت بە هەر خاکێکدا کرێی خۆی هەیە. بردنی نەوت لە لایەن کۆمپانیا دەرەکییەکان و, گەڕانەوەی داهاتی  ئەو نەوتە فرۆشراوە بۆ وڵاتە نەوتدارەکە, بە موڵکانە دائەنێـت.

مانەوەی دەوڵەت لەسەر میراتگییریی و سیستەمی ئابووریی موڵکانە, وای کردووە, کە تێکەڵەیەکی سیستەم لە یەک وڵاتدا بدەن بەیەکا, بۆیە (لوشیانی) ئەم جۆرە دەوڵەتانە بە "دەوڵەتی بەشبەشێنە – دەوڵەتی حەسحەسە Allocation state" ناو ئەبات و, پێی وایە کە ئەم دەوڵەتانە چییتر, دەوڵەتی خێڵەکیی نیین بەڵام سیستەمی میراتگریین. ئەم دەوڵەتانە لە دەرەبەگایەتی خێلەکان ئەچنە دەرەوە و, بەشێوەی بەشبەشێنە لە یەک دەوڵەتەدا ئەمێننەوە. دەوڵەتانی موڵکانە, کە زیاتر دەوڵەتەکانی کەنداوی عەرەبیی ئەگرنەوە, کە داب و نەریتیی سیاسیی خێڵەکیی تیادا زاڵە و, بەها خێڵەکییەکان بەزەبر مامەڵەدەکەن و, رێگریی لە بەها مرۆییە مەدەنییە نێودەوڵەتییەکان ئەگرن و, هەمیشە هەوڵی لەکارخستنیشیان ئەدەن. زۆربوون و متمانداریی پەیوەندییە دەرەکییەکان, بەهۆی نەوتەوە بێـت, یان پاراستنی بەرژەوەندیی دەرەکیی بێت, رۆڵی هاوڵاتیی کەم کردۆتەوە و, جێ پێی لێژکردووە. ویست و داخوازیی و نارەزایەتییەکانیان بە کەم سەیرئەکرێن. لوشیانی, هییچ کێشەیەک لە هەبوونی دیموکراسیی (ئەگەر نیمچەییش بێت) نابیینێتەوە لە ناو ئەم دەوڵەتە بەشەبەشێنەدا, ئەگەرچیی دیموکراسیی خۆی لە هەبوونی دامودەستگای فەرمیی دا ئەبیینێـتەوە؛ بەڵام, لە زۆربەیان دا, تەنها نوێنەرایەتیەکی رووکەشانەیە بۆ هەناسەدانی میللەت و زاڵبوونی خۆیان, بەسەر ناڕەزایەتی و داخوازییەکانی خەڵک و, پەیوەندییەکی لاوازیان بە خەڵکەوە بۆ دەمێنێتەوە. لەم دەوڵەتانەدا, فەرامۆشکردن و پەراوێزگییریی ئەبنە سیفەتی زاڵ تیایاندا بەرامبەر خەڵک, هەرکاتێکیش, دیموکراسیی ببێـتە مەترسیی لەبەردەم هەژموونی فەرمانڕەوادا, ئەوا بە بێ هییچ سڵەمیینەوە هەڵی دەوەشێنێـتەوە, بەبێ ئەوەی رووبەرووی هییچ بەرەنگارییەکیش ببێتـەوە.

لە بەرامبەر ئەم خۆسەپێینییەدا, هەموو قسەیەکیان بریتییە لەوەی ئازادیان رەخساندووە, دەسەڵات رێ و شوێنی دیموکراسییانە پیادە ئەکات و بە هەڵبژاردن هاتووە. بەڵام, کام دیموکراسیی ئەگەر تەنها بۆ یەک رۆژی هەڵبژاردن دوکانەکەی بکاتەوە؟ دیموکراسییەتێک, نەتوانێت لێپرسیینەوە بکات, نەزانێـت داهات چییە و خەرجیی چییە, ماف کامەیە و پێشێلکاریی کامەیە؟

٢. پێکهاتە نموونەییەکانی دەوڵەت

باسکردنی دەوڵەتی نوێ, پێویستی بە لێدوانە لەسەر بونییادەکانی بەڕێوەبردنییەوە, کە پێکهاتەی سەرچاوە مرۆییەکان و, میکانییزمی هەڵسووڕاندیانە بە پێی بەرپرسیارێتییەکانیان. ئەگەردەوڵەت بە چوار پێکهاتەی سەرچاوەی مرۆیی بەڕێوەببرێـت؛ ئەوا بریتیین لە: دەسەڵاتی جێبەجێکردن, بیرۆکراسیی فەرمیی, دەسەڵاتی ئەمری واقیع ( دیفاکتۆ) و کۆمەڵگە. دیارە, دەسەڵاتی جێبەجێکردن, نوێنەری زەقی دەوڵەتە, کە لە ئەندامانی بژاردە سیاسییەکان پێک دێن و, لە دەرئەنجامی هەڵبژرادنە گشتییەکانەوە, پۆستەکانیان بەسەردا دابەش دەکرێن.

بیرۆکراسیی فەرمییش, ئەو تەکنۆکراتانەن کە پسپۆڕیی و شارەزاییان هەیە, بۆ تەرجوومەکردنی سیاسەت بۆ میکانیزمی پلان و کارپێکردن. دەستپاکیی و چالاکیی ئەم لایەنە, تەندروستیی دەوڵەت و پیادەکاریی حوکمڕانیی چاک ئەنوێنێت, لە مەودای درێژیی دامەزراوەکاندا. بیرۆکراسیی رۆڵێکی گرنگ ئەبینێت, لە پشتییوانییکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکارییدا: جا ئیتر لە رێی بونیادی شەرعیەتییانەوە بێت بەو سیاسەتانەی کە بە سوودی کۆمەڵگە ئەکەونەوە, یان لە رێی پیادەکردنی دەسەڵاتی چەکدار و لایەنە ئاسایشەکانەوە, بۆ رێگرتن لە دەسەڵاتە جێبەجێکارییەکان. لە دەوڵەتی ڕێکخراوی نموونەییدا, خەڵکی پیشەیی وپسپۆڕ کارئەکەن. بەڵام, لە دەوڵەتە پاشاگەردانەکاندا (دواتر دێینە سەر باسکردنی هەل و مەرج و لێکەوتەکانی), سیاسەتکار و خزم و خۆیش لە شوێنی بڕیار و جێبەجێکردندان, کە هییچ پاشخانێکی تۆکمەی بەڕێوەبردنیان نییە. 

لەو دەوڵەتانەش کە دەسەڵاتی جێبەجێکاریی و تەکنۆکراتەکانی پەراوێز ئەخرێن, رووی حوکومڕانییەکەی بەرەو سیستەمی پاشاگەرادانییە, ئگەر نەیشبووبێت. لە جیاتیان, دەسەڵاتی ئەمری واقیع (دیفاکتۆ) تیادا سەرهەڵدەدات و, ئیشەکان بە ویست و بەرژەوەندیی تایبەتیی ئەکرێنە واقیع. لێرەوە, لایەنە سەربازیی (چەکداریی) و, دەستگا هەواڵدەریی و, ئاسایشەکان, توانا و هێزیان دەخەنە گەڕ بۆ زەفەربردن بۆ قۆرخکردنی ئەم دەسەڵاتە دیفاکتۆیە و, گەمارۆی دەستگا فەرمییەکان ئەدەن و, ئەیانخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە. بێگومان, لێرەوە, دەسەڵاتی تەواو ئەگرن بەسەر سەرچاوەی سرووشتی و, داهاتی ناوخۆیی و, دەرەوەی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا.

ئەوەی کە گرێ کوێرەی ئەم پەشێویی و پارچەپارچەییەیە, بریتییە لە بۆشایی شەرعییەتی ئەو دەستگایانە, کە لێوەی شەرعیەتیی دەوڵەتەکە پووچ ئەکەنەوە. لەم دەوڵەتانە, بە رواڵەت لە پێکهاتە فەرمییەکەیدا, بیرۆکراسیی فەرمیی دان نانێـت بە رەهایی دەسەڵاتی دیفاکتۆدا, بەڵام لە راستییدا, نەبوونی کاریگەریی و کزیی هەژموونیان, پێچەوانەی ئەمە ئەگەیەنێت. بەم پێیە, دەسەڵاتی دیفاکتۆ, لە رووی سیاسیی و تەکنییکییەوە, بە پشتئەستووری هێزی چەکداریی سوپا و ئاسایش هەڵدەسوورێت. بە نەمانی هاوکار و کزبوونی پەیوەندیی سیستەماتییکیی, لە نێوان بیرۆکراسیی و دیفاکتۆدا, ترازانی پەیڕەوییکردنی فەرمان و, جێبەجێکردنەکان گەورەتر ئەبن و, دەوڵەت بەرەو پاشاگەردانیی ئەبات.
تێبیینیی: پەراوێز و سەرچاوەکان لە دوایین بەش دا دەبن.

*دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی و توێژیینەوەی زانستیی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستیی

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×