پەیماننامەی ئاشتیی لە نێوان هاوپەیمانان و هێزەکانی پێوەندیدار و تورکیا

ڕێبوار ڕەشید
  2020-08-08     1061
پەیماننامەی ئاشتیی لە نێوان هاوپەیمانان و هێزەکانی پێوەندیدار و تورکیا لە سێڤەر ئیمزا کراوە – لە 10ی مانگی 8 ساڵی 1920
تێبینیی: لێرەدا هەروەها پەیماننامەی ئاشتیی ڤێرساڵ 28/6/1919 ش جێ کراوەتەوە.
Treaty of Peace Between The Allied & Associated Powers and Turkey 
Signed at Sevres - August 10, 1920
Note: Includes Peace Treaty of Versailles 28 June, 1919

ڕۆژی 10ی ئەم مانگە، مانگی 8، سەد ساڵ بە سەر پەیماننامەی سێڤەر تێ دەپەڕێت. لەو کاتەدا کۆماری تورکیا هێشتا نزیکەی 3 ساڵ و 3 مانگی بۆ بانگەوازی دامەزراندنی خۆی ماوە. پەیماننامەی سێڤەر بە پاشکۆی پەیماننامەی ڤێرساڵ ـەوە زیاتر لە سەد لاپەڕەیە و هەر هەمووی سەبارەت بە دیاری کردنی ئەو سنوورەیە کە وا دانراوە ببێت بە سنووری تورکیا. بەڵام لە 29/10/1923 دا کاتێک ئەتاتورک بانگەوازی دامەزراندنی کۆماری تورکیا دەکات سنوورەکانی تورکیا زۆر گەورەترن. لەوێدا بەشێکی ئەو بەشەی کوردستان کە وا بڕیارە بتوانێت لەگەڵ ویلایەتی موسڵدا یەکبگرێتەوە، دەبێت بە تورکیا.
خوێندنەوەی پەیماننامەی سێڤەر لە گەلێک ڕووەوە گرینگە چون راستەوخۆ پێوەندیی بە دوا کۆلۆنی دەوڵەتی عوسمانیەوە هەیە کە کوردستانە و کە تا ئەوڕۆیش بەشێکی بندەستی تورکیایە و کە بە دڕندانەترین شێوە لە مێژووی کۆلۆنیالیزمدا دەچەوسێتەوە. هاوکات تورکیا هێرشی داگیرکاریی بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشووریش دەبات و شوێنی گرینگی لەو دوو بەشەدا داگیر کردووە. دیارە لە ڕۆژئاوا سەرئەنجامی شەڕ و لە باشووریش بە پێی ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان/ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بە تایبەتیی پاش گرەوی نادروست و نابەجێ لە سەر ڕیفەراندۆم دەبا ئێستا لە باشووری کوردستان سەد ساڵەی پەیمانی سێڤەر گەرمترین باسی سیاسیی بووایە. دیارە سیاسەتی نزیکەی 30 ساڵەی دەسەڵاتدارانی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێوەندیی هاوڕێیانە، نەک دوژمنانە، لەگەڵ تورکیا و ئێران، ڕێگایان پێ نادا ئەم دەرفەتە گەورە و گرانە بقۆزنەوە و سوودی لێوەربگرن. باسێکی وا گەورە لە سەر ئاستی باشوور دەیتوانی پایەی حکومەتی ئەدۆغان کە ئێستا هەموو دەراوسێیەکانی دژین، و کە ئابووریەکی خراپی هەیە و بەدناو بووە، بلەرزێنێت. مەخابن، مەترسیی دەسەڵاتداریەتیی باشوور هەر بە باشوورەوە ناوەستێت، بەڵکو چنگی زیانەخرۆیی لە بەشەکانی دیکەیش گیر کردووە.
لە سەد ساڵیادی پەیماننامەی سێڤەر دا بە باشم زانی ئەو بەشە بکەم بە کوردیی کە ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە کوردستانەوە هەیە. دیارە بەشەکانی دیکەیش ناڕاستەوخۆ هەر پێوەنییان بە کوردستانەوە هەیە، وەکوو باسی سنووری تورکیا کە ئەو کاتە هێشتا دانەمەزراوە و هەروەها سووریا کە مانداتی لە ئێراق زووتر بووە. شایانی باسە کە لەو پەیماننامەیەدا باسی ئێراقی تێدا نییە چونکە هێشتا دروست نەبووە.
هەروەها تێبینیی بکەن کە ڕەزا شا لە یەکەم ڕۆژی نەورۆزی 1933 دا ناوی فارسستان/ پێرسیا ـی بۆ "ئێران" گۆڕیی و لە پەیماننامە کۆنەکاندا بە پارس ناو دەبرێت کە من بە دروستی دەزانم وشەی "فارسستان" بەکار بهێنم و کە لەوەبەر بەکارم هێناوە.
ڕێبوار ڕەشید

.......
بەشی سێ. کوردستان. ماددەی 62
کۆمیسیۆنێک کە لە کۆنستانتەنیپۆل جێگیرە و لە سێ نوێنەر پێک دێت لە لایەن حکومەتەکانی بەریتانیا، فەڕەنسا و ئیتاڵیا دەستنیشان کراون دەبێت لە ماوەی 6 مانگدا پاش ئەوەی کە ئەم پەیماننامەیە دەستبەکار دەبێت، سیستەمێک بۆ ئۆتۆنۆمی ناوخۆیی بۆ ناوچە زۆربایەتییە کوردییەکان ئامادە بکەن کە کەوتوونە ڕۆژهەلاتی فورات، خوارووی بەشی باشووری سنووری ئەرمینیا کە لە خوارەوە لەم پەیماننامەیەدا دیار دەکرێت و بەشی باکووری سنووری تورکیا لەگەڵ سووریا و مێسۆپۆتامیا، بە پێی ئەو پێناسانەی کە لە ماددەکانی 27 بەشی دوو، ژمارە 2 و 3 دا هاتووە. ئەگەر ڕێککەوتن لە سەر پرسێک کێشەی تێ کەوت، ئەوا ئەو پرسە دەخرێتە بەر دەست نوێنەرانی کۆمیسیۆنی حوکمەتەکان. پرۆگرامەکە دەبێت هەنگاوەپارێزەی تەواو سەبارەت بە پاراستنی ئاسووریی-کلدانیەکان و هەروەها ڕەگەز و ئایینە کەمینەکانی دیکەی ئەم ناوچانە بگرێتە خۆی، و دەبێت بۆ ئەم مەبەستە کۆمیسیۆنێک کە لە نوێنەرانی بەریتانیایی، فەڕەنسایی، ئیتاڵیایی، فارسیی و کوردیی پێک بێت سەردانی ناوچەکە بکات و سەرنجی خۆیان بدەن و بڕیار لە سەر گۆڕانکاریی پێویست بدەن، ئەگەر هەبن، جێی خۆیەتی لە سەر سنووری تورکیا بکرێن، لەو سەر سنوورەدا کە بە پێی بڕیارنامەکانی ئەم پەیماننامەیە بە سنووری فارسستان دەگەن.
ماددەی 63
لێرە بە دواوە حکومەتی تورکیا دەیسەلمێنێت کە بڕیارەکانی کۆمیسیۆنەکان کە لە ماددەی 62 دا هاتوون لە ماوەی 3 مانگدا کە نوێنەران پەیام بە حکومەتەکانی خۆیان دەگەیەنن، پەسەند و جێبەجێ دەکات.
ماددەی 64
ئەگەر خەڵکی کورد لەو ناوچانەدا کە لە ماددەی 62 دا هاتوون لە ماوەی (1) یەک ساڵدا پاش ئەوەی کە ئەم پەیماننامەیە دەستبەکار دەبێت دەنگی خۆی بە ئەنجوومەنی یەکیەتیی نەتەوەکان بەو شێوەیە بگەیەنێت کە زۆرینەی خەڵک لەم ناوچانە خوازیاری سەربەخۆییبوون بن لە دەست تورکیا ، و ئەگەر ئەنجوومەن پێی وا بێت کە ئەم خەڵکە دەتوانن ئەو سەربەستیەیان هەبێت و پێشنیار بکات کە جێی خۆیەتی پێشکەشیان بکرێت، ئەوا تورکیا لێرە بە دواوە دەبێت ئەو ڕێنماییە پەسەند بکات و دەستبەرداری هەموو ماف و پلەوپایەیەک بێت کە لە سەر ئەم ناوچانە هەیەتی.
بڕیارگەلە وردەکارییەکانی ئەم دەستلێکبەردانە لە ڕێککەوتننامەیەکی جیاوازدا دیاری دەکرێن کە لە نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و تورکیادا دەبەسترێت.
ئەگەر و کاتێک داواکارییەکی وا بۆ یەکگرتنەوەی کوردەکان بۆ سازکردنی دەوڵەتێکی کوردیی پێش هات ئەوا هێزەکانی هاوپەیمانان ناڕەزایی دژ بەو خواستەی کوردەکان دەرنابڕن کە لەو بەشە لە کوردستان هەن کە تا ئێستا کراون بە بەشێک لە  ویلایەتی موسڵ.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×