بەکارهێنانی کارتی کوژەک

هێڤیدار ئەحمەد
  2020-08-14     790
ئێستا سزای ئابووری گرنگترین کارتی سیاسییە بەدەست دەوڵەتەکان بۆ سەر رکابەرەکانیان. بگرە لەنێوەندە سیاسییەکان پێیدەڵێن "کارتی کوژەک".
 
لەرێگەی بەکارهێنانی ئەم کارتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی دروستدەبێت. ئەوەی ئێستا عێراق بەپشتیوانی دەوڵەتانی دەوروبەرو ئەوانەی عێراقی نوێیان دروستکردووە بەرامبەر بەهەرێمی کوردستان دەیکەن دروست بەکارهێنانی "کارتی کوژەکە". 
 
بەکارهێنانی ئەم کارتە بو چەند مەرامێکە، ئەگەر نەڵێین بو لەنێوبردنی هەرێمی کوردستان و بندەستکردنی خەڵكی هەرێمی کوردستانە و گەڕانەوەیانە بۆ بەغدا، بو زەلیلکردنی ئەم میللەتەیە.

دوو لایەن سزادەدەن ئەم جۆرە سزادانە دوو جەمسەرەیە:
 
یەکەم: جەماعییە و دەیانەوێ خەڵکی هەرێمی کوردستان پێکەوە سزابدەن وەک ئەوەی ئێستا هەیە و لەبەر چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە بە تووندترین شێواز سزا دەدەن. لە مانگی چواری ئەمساڵ 2020 تائێستا عێراق یەک دیناری بۆ مووچەی مووچەخورانی هەرێمی کوردستان نەناردووە. 
 
کە دەبووایە بە گوێرەی بودجەی 2019ی عێراق و یاسای ئیدارەی دارایی عێراق لەو چور مانگە، حکومەتی فیدرالی ترلیۆنێک و 865 ملیار دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی ناردبووایە.
 
ئەم سزادانە و برسیکردنی خەڵکی کوردستان لەبەرچاوی ئەمریکا، بەریتانیا، ئێران، تورکیا و نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرێ و کەس ئامادە نییە بە بەغدا بڵێ، بۆ ئەم خەڵکە سزادەدەن!
 
مەعقولە 6 ملیۆن کەس نەبینرێ سزادەدەرێن، بەڵام ئەمریکا لە واشنتنەوە چەکدارێکی داعش دەبینێ و لێیدەدات؟

دووەم: سزادانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و زیاتر سزادانی پارتی دیموکراتی کوردستانە، کە لە 25ی ئەیلوولی 2017 سازشی بۆ هیچ لایەنێکی دەرەکی نەکرد و ئەوەی (ئاشکرایە) بە پشتیوانی لایەنە کوردستانییەکان پێشڕەوی پرۆسەی گشتپرسی کرد و 93%ی خەڵکی کوردستان دەنگی بۆ جیابوونەوە لە عێراق دا. 
 
ئەوانەی لە پشت رووداوەکانی 16ی ئوکتۆبەر بوون، بەهێزی ناوخۆ و دەرەکی هێشتا لە سزادانی خەڵکی هەرێمی کوردستان خۆش نەبوونەو دەیانەوێ لە رێگەی سزادانی خەڵکی کوردستان وابکەن، متمانەی خەڵک بە دەسەڵاتەکەی کە زیاتر بەدەست پارتییەوەیە نەمینێ و لە چەندین سەكۆوە کار بۆ ئەوە دەکەن.
 
لە 2014 دیپلۆماتکارێکی گەورەی ئەمریکی لە شاری هەولێر بەمنی گوت "گەورەترین کێشەی ئێمە لە عێراق جەنابی بارزانییە"، گوتم "بۆ؟" گوتی "بەڕاشکاوی هەندێجار بە ئێمە دەڵێ نا! و ئەوە کێشەیە بۆ ئێمە و خەڵکی کوردستانیش ئامادەیە گوێ لە ئامۆژگارییەکانی بگرێت!"، هەروەها گوتی "بۆ ئێوە (هەرێمی کوردستان) نییە نەوت بفرۆشن"، گوتم "ئەی کە عێراق بودجەی ئێمەی بڕیوە چ بکەین و پارە لەکوێ بینین؟"، گوتی "دەبێ بگەڕیَنەوە بۆ باوەشی عێراق...".
 
جوتیاری هەرێمی کوردستان سیاسەت ناکات، بەڵام جوتیارانی كوردستانیشیان سزادان. بەغدا لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی کشتوکاڵی ئەمساڵ، بڕیاری قەدەخەکردنی چوونی 27 جۆر بەرهەمی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانی راگەیاند کە نابێ بچێتە پارێزگاکانی عێراق. ئەمەش جۆرێکی دیکەی سزادانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە نەک تەنیا بڕینی مووچە و بودجە...هتد.
 
وەزارەتی دارایی عێراق لە رێگەی دەرکردنی بەیاننامەیەک لە 13/8/2020 بۆ ئەوەی متمانەی خەڵکی ئێمە بە حکومەتەکەی کەمتر بكات رایگەیاند "مووچەمان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام نەگەیشتووەتە دەستییان؟ هەروەها داخوازی زۆر لەلایەن مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە بو ئێمە هاتووە کە راستەوخۆ مووچەیان پێبدەین". 
 
ئەمە سەرباری ئەوەی خاڵی یەکەمی بەیاننامەکەیان راست نییە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زانیاری و ئامار وەڵامی دایەوە کە چەند پارە بۆ هەرێمی کوردستان هاتووە، ئەوەی دووەم، بەڵێ لەلایەن هەندێك لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا ئەو داخوازییە کراوە، ئەمەش گفتوگۆیەكی دیكەیە . 
 
ئەمریکا بە هەرێمی کوردستانی گوتووە، ناتوانم شتێکی ئەوتۆ بکەم، خوتان ئەم کێشەیە لەگەڵ عێراق چارەسەر بکەن! حکومەتی عێراق و ئەوانەی یاری لە پشت ئەم حکومەتە دەکەن یەک مەرامیان هەیە بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەویش ئەوەیە: ئەو کوردەی 100 ساڵ خەبات دەکات بو ئازادی و خوێن دەڕژێ لەگەڵ حکومەتە یەک لە دوا یەکەكانی عێراق، واز لە هەموو داواکاری خۆیان بێنن و تەنیا داوای مووچە بكەن لە بەغدا.
 
ئەندامێکی شاندی دانوستاندنكاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا بە منی گوت "بەغدا بە روون و ئاشکرا بە ئێمەی گوت، دان بە دەستوور و یاسا دانانیَین، وەرن رێکبکەوین!"، گوتیشی "ئامادەبووین هەموو نەوتی هەرێمی كوردستان رادەستی بەغدا بکەین، بەغدا هەر رازی نەبوو، ئەگەر مەرامیان شکاندن و سزادانی هەرێمی كوردستان نەبێت ئەمە چییە؟".
 
بەڕاستی ئەمە جگە لەوەی کارێکی نایاسایی و نامرۆڤانەیە بەرامبەر گەلی كوردستان، لەبەرئەوەی تەنیا لە رێگەیەکی دیموکراسییانەوە داوای مافی خۆیان کردووە، سزادەدرێن. 
 
بەحوکمی ئەوەی ئەندامی پەرلەمانی کوردستانم لە فراکسیۆنی پارتی، چەند رۆژێکی کەم ماوە حیزبەكەم یادی 74 ساڵی دامەزراندنی دەکاتەوە و بە یەکێک لە کۆنترین حیزبەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەژمار دەکرێ و لە دەسەڵاتدایە. خەڵک لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا یەک لەسەر ئاستی عێراق و ئەویدیکە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زۆرترین متمانەی بە پارتی هەبووە و لە عێراق 25 کورسی بەدەستهێنا و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش وەک گەورەترین حیزب هەڵبژێردراو 45 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە.
 
ئەوەی شاراوەو باسنەكراوە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، كە بەردەوام بەبێدەنگی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆ دەكات بۆ هێوركردنەوەو دروستكردنی رێككەوتن. ئەمجارەش گەیاندبوویە لێتگەیشتنێك لەگەڵ عێراق و نزیككردنەوەی تەواو لە رێككەوتن، بەڵام ئالۆزبوونەوەی رووداوەكان، وایكردووە جارێكی دیكە خەریكی هێوركردنەوە و دروستكردنەوەی لێكتێگەیشتن و ئینجاش رێككەوتن بێت. 
 
دەبێ چ بکرێت؟
پێویستە بو ئەم قۆناخە پارتی زۆر بە وردی و وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوەکان بکات و لەسەر ئاستی ناوخۆ پیَویستە هەرچی زووە کار بو یەکریزی نێوماڵی کوردی بکات. چاکسازی بووەتە داخوازی گشتی خەڵکی هەرێمی کوردستان و کادیری پارتی لە هەموویان زیاتر داوادەکەن، دەبێ ئیرادەیەکی بەهێز هەبێ بو رێگری لە گەندەڵی و خەڵکی بەتوانا و لێهاتوو دابنرێت کە هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن و ئەوانەی دەیانەوێ خزمەت بکەن، نەک ژیانی خۆیان مسۆگەر بکەن.
 
کورد تەنیا یەک کات دەتوانێ بەرامبەر بەغدا و هەموو هێزێکی دیکە بەهێز بوەستێ، کاتێك نێوماڵی خۆی رێکبخات و یەکڕیز بێت. کاتێك کەرکووکمان لەدەستدا، نەک تەنیا هەرێمی کوردستان زیانی بەركەوت، پارچەکانی دیکەی کوردستانیش تێكشکان. 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×