گەورەکردنی شارو تاساندنی!
چیا عەباس
2020-08-21   855
رێزدار سەردار قادر لە هۆنراوەی " بۆ تاقانەکەی پایز " دەڵێت:
هەرچەنده زادەی پایزی
له وێرانەی ئەم شارەدا
عاشقێكی هەردەم زیزی
ساڵانێكه بەری هەتاویان لێ گرتووی
تۆش وەك (سواره) هەر دەڵێی
”دەڵێم برۆم له شارەكەت
زۆر درەنگه بۆ مانەوه ”
له شاره پڕ ئازارەكەت
ئەو ساتەی نانەواخانەکەی سەر سوچی کۆڵان دەبێتە فرنێکی گەورە بۆ جۆرەها نان و سەمونی ئاردی نەناسراو، کاتێک دوکانی عەتاری جارانی گەرەک دەبێتە سوپەرمارکت و لە بری بۆن و مەرامی بەرهەمەکانی دەشت و شاخەکانی کوردستان کاڵای بیانی لول و وشک و بەستراو پێچراو لە پارچەیەک نایلۆن لە سوچ و قوژبنەکانیدا کەڵەکە دەکرێن، کاتێک چێشتخانە و کەبابخانەکەی وەستا ... دێرینەکانی شار دەبنە رێستورانتی ساختە ئەستێرەی خۆراکی بێتامی گۆشتی بەسەرچوی جن و جانەوەری ئەودیو سنورەکان، کاتێک هێلکەی مریشکی نازداری هێلانەکانی گوند و پەنا حەوشەی ماڵ دەبێتە هێلکەی مریشکی فو و ئاوتێکرا و بە گەنە گەورەکراو، ، کاتێک دەشتی شارەزور دەبێتە چۆڵاییەکی پەژموردەی هەتیوی بەجێماو، بە تەماتە و سەوزەی ئەملا و ئەولا رۆحی بەپیتی هەنجن هەنجن دەکەن، ئەو کاتیش چلورە تام و فێنک بەخشەکەی شەهلا دەبێتە ئەزڤەنیەکی شەکر و ئاوی بێ تام و رەنگ و ناو.
کاتێک عەرەبانەی دو ئەسپ دەبێتە مۆنیکا و وەنەوەشە و ماشێنی گران بەهای خاوەن مواسەفاتی بەقەد باڵای ئەقڵیەتی ئەم سەردەمەی کریارەکانیان، بە فرکەفرک و دوکەڵی بەنزینی ساختە و دەرزەنێک کۆیلە لە پاش و پێشیان خەڵک و ژینگە و جادە و کۆڵانەکانی شار پیس و هەراسان دەکەن، کاتێک لەسەر باخ و سەوزاییەکانی شار تەلاری چەند نهۆمی گران بەهای بازرگانە گومان لێکراوە تازە پێگەیشتوەکان وەک قارچکی بەهاران هەڵدەتۆقن، کاتێک جادەکانی شار بۆ دەروبەی دەبنە رێگای مەرگ و قاچاخجیەتی و دزیکردن، کاتێک بەشێکی مزگەوت و مەلا و فەقێ دەبنە دەمراستی ستەم و ناهەقی و هەندێکیشیان بە فرو فێڵ و نزا و دوعای هەڵبەستراو و درۆ دەبنە جادوگەری نەخۆش و پەککەوت و لێقەومانان،
کاتێک خەڵکی شار بۆ چنگێک روناکی و قومێک ئاو لەبەردەمی دەروازەی والیدا ریزبن و عەرزوحاڵیان پێ پربکەنەوە، کاتێک خواپیاوان بە دوا مۆدێلی ماشێن منداڵەکانیان بۆ خوێندنگا گران بەهاکان دەنێرن و مەترێکیش لەولاوە منداڵی هەژار و بێ کەس و واستە بە جوتێک پێڵاوی لاستیک هەنگاو بە هەنگاو شەر لە گەڵ قور و لیتاوی جادەکاان دەکات تا بگا بە پۆلەکەی، کاتێک کەرامەت و شەرەف و ناموس دەکرێنە کاڵای بازرگانی لە ژورە روناککراوەکان بە گڵۆپی سور و پەمەیی چینی و تورکی بەتەنیشت ڤێڵا و لەسەر لارێ و سوچ و روکنە شاردراوەکاندا، کاتێک نەریت و مێژو و گەنجینەی كڵتوری و سیاسی و خەباتی شار دەهۆنرێنەوە و دەکرێنە ملوانکەا بۆ رازاندنەوەی روخسار و چاوەزاری قاپی و درەوازە و شاشە تایبەتەکانی ئەم بەرپرس و ئەو حاکم، کاتێک لاوە بزێوە دڵپاک و بێگەردەکەی مەڵکەندی و چوارباغ و مەجید بەگ دەکرێتە رۆبۆتی سیخوری و ستەم و کوشتن و وێرانکردن، کاتێک هەر دو بێوەژن باجی رەحمەی جلشۆر و باجی رەعنای نانکەر ناچار دەکرێن رۆژانە دەستەکانیان بۆ پارچەیەک نان بکەنەوە، کاتێک گردەکانی شار و مامە یارە و گۆیژە و ئەزمر و پیرەمەگون زەوت دەکرێن و روخسارە رەنگین و دلگیرەکانیان بە بلۆکی چیمەنتۆ و ئاسن دەکرێنە وێنەیەک تەنها بۆ بیرەوەریەکانی مێژو، کاتێک بەمۆری حزب و فەرمانی شۆرشگیرەکانی دوێنی رێبوارە سەرلێشێواو و رێ ونبوەکان دەبنە موتەسەریف و قازی و مدیری تاپۆ و خەزێنە و فەرماندەی حەسحەس و ... ، کاتێک گورگ دەبێتە پاسەوان و شوان دانی لە گۆشت جیر دەکات، کاتێک هەورێکی قەترانی بەر بە پیرمەسور دەگرێت، کاتێک نۆزدەی هار و عەبەی بازدەر و دۆکەی فەریق دەکرێنە شەوچەرەی گاڵتەکردنی سەرمەستە کاڵفام و خوار و خێچەکان، کاتێک پەیکەر و مێژوی عەولە سیس و مامۆستا یاسین و ئەنوەر و شاسوار و جەمال تاهیر و رۆڵەکانی تر لە مۆزەخانە و پەرتۆکەکانی مێژودا تۆزیان لێدەنیشێت، کاتێک وێنەکانی مەحوی و قانع و حەمدی و پیرەمێرد و گۆران و بێکەس و هەردی و ژانی گەلی ابراهیم ئەحمەد و دەنگی بەسۆز و وروژینەری دیلان و کابان و چالاک لە پیشانگاکانی پایتەختی بابان و شێخی نەمردا بە ساختەکاری و فروفێڵ بۆ پارە پەیداکردن نمایش دەکرێن.
کاتێک، وەک خوالێخۆشبو حەسەنی شیرین باسیکردوە، دو نەقیبە دێرینەکەی شار
( حەپسەخانی نەقیب و قەیسەری نەقیب) دەبنە دەیان نەقیبی نەجمە و مەدالیای فافۆن، و کاتێک و ..... کاتێک.
کاتێک شار بێ بەرنامە و بە رواڵەت هەرەمەکی گەورە دەکرێت و بەرێگەی زیگزاگ و ناسروشت گەشەی پێدەکەن و روخسارێکی ساختەی مۆدێرنی بۆ دادەتاشن، ئەهلەکەی بارمتە و نانبر دەکرێت و سزا دەدرێت، رەونەق و رەحیقەکەی هەڵلوش دەکرێن و جوانیەکانی ئەتک دەکرێن. لەو ساتەدا گەورەبونی شار بەو شێوەیە کەمکردنەوەیە لە بەهای شار و ئەهلەکەی و بۆتە کارەساتێک بەرمانی گرتوە. ناهەقم مەگرن زۆر کەم کەس نەناسمەوە و بە شارەکەم نامۆ بم، بەڵام ئەمە کۆتایی ئەم چیرۆکە نیە.
نوسینی: چیا عەباس
رۆتەردام: ٢٠ ئۆگۆست ٢٠٢٠