دادگای تایبەت بە لوبنان چیی کرد؟!

هاوڕێ باخەوان
  2020-08-23     665
لە پاش جەنگی جیهانیی دووەم، لایەنە براوەکانی جەنگ بە کۆنسێپتی مافی مرۆڤ، کەس لە سەروو یاساوە نییە و هێنانەکایەی دادی نێودەوڵەتی، مرۆڤایەتی بەڕێوە دەبەن. دادگا نێودەوڵەتییەکانیش بەشێکی گرنگە لە خزمەتی ئەو کۆنسێپتە بۆ بەڕێوەبردنی جیهان. دادگاکان سیاسین، پێش ئەوەی لە خزمەتی ئاشتیی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤدا بن. هەر لایەنێک لە دژی بەرژەوەندیی براوەکانی جەنگدا بێت کە ئێستا جیهان بەڕێوەدەبەن، دادگایەکی بۆ دادەمەزرێنن، دیارە دادگاکانیش بەزۆری بۆ بێدەستەڵاتەکانە. چەندین دەوڵەت تیرۆری دەوڵەتی بۆ دەیان ساڵە بەڕێوەدەبەن و هیچ دادگایەکیش بۆ ئەوان لە گۆڕێ نییە.. ئەمە لایەنە ستراتیژییەکەی ئەو دادگایانەیە. لایەنە تاکتیکییەکەشی، خۆشگوزەرانییە بۆ ئەو کارمەندانەی ئەو ئاژانسانە بەڕێوەدەبەن و لە خزمەت کۆنسێپتە سیاسییەکەیدان.
دادگای تایبەت بە لوبنان، لە چەند ساڵی سەرەتای دروستبوونیدا لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە، دەستەیەک لە دادگا نێودەوڵەتییەکانی تری شاری لاهایی لە زۆر بواردا بانگهێشتکرد بۆ پێدانی ئامۆژگاری و شارەزایی بەم دادگایە. بەو بۆنەیەوە من لەلایەن دادگای یۆگۆسلاڤیاوە چەند جارێک رۆیشتمە ئەم دادگایە.. کەم و زۆر شارەزاییم تێیدا پەیداکرد.. زۆرێک لە هاوکارانم بوونە کارمەندی ئەم دادگا نوێیە، منیش ئەو چانسەم هەبوو بەڵام نەمکرد.. زۆرجار لێیانم دەپرسی رەوشەکە چۆنە؟ دەیانگوت هەمان پیساییە! واتە هەمان پیساییی دادگای یۆگۆسلاڤیای نێودەوڵەتی و ئەوانی تر!
پاش چەندین ساڵ و بینینی چەندین کەیس لەلایەن ئەم دادگایەوە، ئەوکاتی کە من بۆ دادگای کۆسۆڤۆ کارم دەکرد و هەردووک دادگا چەند پلاتفۆڕمێکی وەک یەکیان بۆ کارە یاساییەکان بەکاردێنا و منیش لە دادگای کۆسۆڤۆ بەڕێوەبەری ئەو پلاتفۆڕمە بووم، دیسان یان من دەچوومە دادگای لوبنان یان ئەوان دەهاتنە لای ئێمە. وەک نەریتێک و بەپێکەنینەوە هەمان پرسیارم دەکردەوە، رەوشەکە چۆنە؟ وەڵام هەمان پیسایی بوو!
دادگای تایبەت بە لوبنان، دادگایەکی نێودەوڵەتیی نیمچە نەتەوە یەکگرتووەکانە. بە ناوکۆییی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەوڵەتی لوبنان و سەرمایەی دەوڵەتە دەوڵەمەندە عەرەبییەکان دامەزراوە. ئەم دادگایە وەک هەموو دادگاکانی تری شاری لاهای، دادگایەکی پێش هەموو شتێک دادگایەکی سیاسییە بۆ پەردەپۆشکردنی زۆر کاری تر کە لە جیهاندا روودەدەن. ئەگەرنا ئەوا کاری زۆر خراپتر و کاریگەرتر لە تیرۆرکردنی حەریری لە لوبنان و ناوچەکەدا روویانداوە و روودەدەن، کەچی نەک دادگا بەڵکو هەندێک جار میدیاکانیشیان دەیکەن بەژێر خۆڵەوە. بۆ نموونە هەر لە لوبناندا کۆمەڵکوژیی سەبرا و شاتێلا روویدا و  نە دادگا و نە هیچ!
سەرەتا کە دادگاکە بڕیاری لەسەردرا و دروست بوو، حکومەتی هۆڵندی گرنگترین و مەحکەمترین باڵەخانەی پێشکەشکرد کە پێشتر باڵەخانەی دەزگای هەواڵدەریی هۆڵندی بوو، زۆر لە هاوکارانم پێیان وابوو کە دادگایەکی بچووک دەبێت و ماوەیەکی زۆر کەم دەخایەنێت! من ئەوکات پێم وانەبوو، چونکە ئەو جۆرە دادگایانە بێجگە لە لایەنە سیاسییەکەی تاوەکو ئەگەر تێوەگلانی لایەنێکی براوەی جەنگی تێدابێت بە کاوەخۆ کاری لەسەربکەن و شوێنپێیەکانی بشارنەوە، کەسابەتێکی باشیشە بۆ زۆرێک لە بەشداربووانی! بەتایبەتی ئەو ستافانەی کە پڕۆفیشناڵ و دیپلۆماتن.. باسی دادوەرەکان ناکەم کە مانگانەیەکی واهییان هەیە کە تا بتوانن بە هەق و بە ناهەق کەیسەکان درێژ بکەنەوە و بەهۆیەوە ئەگەر کەیسێک بە چەند مانگێک تەواو ببێت، ئەوان لە خۆڕا دەیکەنە ساڵێک! لەمەدا کەیسەکانی دادگای یۆگۆسلاڤیای پێشوو باشترین نموونەن کە لە هەزارەی دوومەوە بۆ هەزارەی سێیەم بەردەوامییان هەبوو!
هەلی کار، لەناو ئەو دادگایانەدا و هەموو بەشەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان زۆر گرنگە، بەڕادەیەک ئەگەر بگەیتە پلەی پڕۆفێشناڵ یان دیپلۆمات، ئەوە وەک ئەوە وایە لۆتۆ-ت بۆ دەرچووبێت! ئەگەر ببیتە دادوەر، کە پلەکەی لە ژێر سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئەوە وەک ئەوە وایە بووبیتە ئەندامێکی شاهانەی وڵاتێکی پێشکەوتوو.
کەمترین مانگانەی کارمەندێکی ئاساییی ئەو دادگایانە یان هەر ئاژانسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پلەی ستافی گشتی، سێ هەزار دۆلاری مفتە بەبێ ئەوەی ئەو کارمەندە باج بداتە ئەو وڵاتەی کاری تێدادەکات. کارمەندی پڕۆفێشناڵ مانگانەکەی لە ٦ هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات! کارمەندی دیپلۆمات ١٠ هەزار دۆلار و دادوەرەکان ١٥ هەزار دۆلار! (ئەم مووچانە وەک دەستپێکە و بەپێی لێڤڵ و ستێپ بەرزتر دەبنەوە). هەڵبەت ئەم مانگانەیە تەنها دەستکەوت نییە! تەنها بۆ نموونە، لە پڕۆفیشناڵ و بەرەو سەرەوە، بۆیان هەیە لە دووساڵ جارێک لەسەر هەژماری ئەو ئاژانسەی کاری بۆ دەکات سەردانی وڵاتی خۆی بکات (دیارە هاوژین و منداڵەکانیشی هەر لەسەر هەمان هەژمارن). منداڵەکانی لەسەر هەژماری ئاژانسەکەی لە خوێندنگای نێودەوڵەتی دەخوێنن. دیپلۆماتەکان و بەرەوسەر ئوتۆمبیلی کۆر-دیپلۆمات بەکاردێنن و لە هەموو وڵات و شوێنێک کار ئاسانییان بۆ دەکرێت. کەسابەتە گرنگەکەی تر بۆ ئەو کارمەندانە، گەشتکردنی کارە! کە پێم وابێت نیوەی سەرمایەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەم گەشتانە دەڕوات. کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تکتی بزنز گەشت دەکات، رۆژانە بەپێی ئەو وڵاتەی گەشتی بۆ دەکات پارەی بۆ خەرج دەکرێت، کە هەرزانترین وڵات رۆژانە ١٣٨ دۆلارە (ئەم زانیارییەم کۆنە و دیارە ئێستا زۆرترە) ئەم رۆژانەیە بەپێی پلەی ئەو کارمەندە دەگۆڕدرێت و بەرز دەبێتەوە. هەڵبەت لەو ماوەی گەشتانەدا مانگانەکەی خۆشی هەر وەردەگرێت. هەموو ئەم زانیارییە داراییانە لەسەر ماڵپەڕەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە و هیچی شاردراوە نین.
تێڕامێنن، لە ماوەی ئەو ١٥ ساڵەی دادگای تایبەتی بە لوبنان، چەند کارمەندی دادگاکە گەشتی لوبنانیان کردووە و چی سەرمایە لەو گەشتانەدا خەرجکراوە! لەوانە بوو بە نیوەی ئەو سەرمایەیە، رێژەی هەژاری لە لوبناندا زۆر کەمبکرایەتەوە.
لەبەرئەوە پێتان سەیر نەبێت کە دادگاییەکەی "تاوانباران"ی حەریری ١٥ ساڵی پێچوو و سەرئەنجامیش لە بڕیاری دادگادا نەیتوانی بەتەواوەتی بە خەڵکی لوبنان و قوربانییان و مرۆڤایەتی بڵێت، ئەمە بەرهەمی ١٥ ساڵ کاری ئێمە بوو! تەنانەت خودی بنەماڵەی حەریریش بە بڕیاری دادگا زۆر خۆشحاڵ نەبوون! دیارە بڕیاری دادگاییەکە زۆر لەوە زۆرتری پێدەچوو، بەڵام بەهۆی تەقینەوەکەی ئەم دواییەی بەندەری لوبنانەوە بڕیارەکە پێشخرا، تاوەکو بەهۆیەوە تەونێکی تر بە چواردەوری حیزبوڵڵای لوبنانیدا بتەنن.
دادگای لوبنان تەنها ئەمەی کرد! لەو ماوەی ١٥ ساڵەدا، سەدان کارمەندی دادگاکە، ژیانێکی شاهانەیان لە لاهای بەڕێکرد، کۆمەڵێک گەشتی خۆشیان بۆ بەیروت و کرد و پیاسەی زۆریان لە کەناری رەوشەکرد و لە رێستۆڕانتە کەشخەکانی سەر دەریا خواردنی خۆشیان خوارد. منداڵەکانیان لە خوێندنگای نێودەوڵەتی خوێندیان.. پارەیەکی باشیان بۆ ژیانی پاشتریان پاشەکەوت کرد.. خانەنشینی نەتەوە یەکگرتووەکانیشیان مسۆگەرکرد. لە کۆتاییشدا بڕیارێکی سەرمنانەی دەرکرد.
ئەمە ئەوە بوو کە دادگای تایبەت بە لوبنان کردی.
لەو رۆژەوەی سەربرێنیتسا لە یۆگۆسلاڤیای پێشوو سەربڕدرا و هەزاران کەس جینۆسایدکرا، تا رۆژی ئەمڕۆ دادگا نێودەوڵەتییە تایبەتییەکەی یۆگۆسلاڤیا، نەیتوانی هیچ بۆ ئەو منداڵانە بکات کە کوشتارەکان بەبەرچاویانەوە روویدا، ئەو منداڵانە گەورەبوون و ئێستا خۆشیان باوانی منداڵن، گەنجەکانی ئەوکات، ئێستا پیرن و پیرەکانی ئەوساش بەهیوای ئەوەوە بوون دادگای یۆگۆسلاڤیا حەقیان بەسەنێت، لێ ئەوانیش بەو هیوایەوە مردن و سەریان نایەوە.. ئەگەر دادگای لوبنان ١٥ ساڵ خۆشگوزەرانیی بۆ کارمەندانی هێنابێت، ئەوا دادگاکانی تر زۆر لەوەی لوبنان زۆرتر!
دادگا، ئەگەر نەتوانێت قەرەبوویەکی ئەگەر کەمیش بێت بۆ قوربانییان نەکات! دەبێ چ سوودێک بە دادپەروەریی نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتی بگەیەنێت.
ساڵانێکە هەڵمەتێکی زۆر دەکرێت بۆ گۆڕینی رەوتی ئەم دادگاییانە بۆ بەرەوباشتربوونیان.. هەوڵەکان تاوەکو ئێستا بە ئامانجی خۆیان نەگەییشتوون، لە سەروبەری دوا بڕیاری دادگای تایبەت بە لوبنانیش، لە میدیا خۆرئاواییەکان رەخنەبارانی ئەو دادگاییەکرا بۆ درێژیی ماوەکەی و بەفیڕۆدانی سەرمایەیەکی زۆر. هیوادارم هەوڵەکان زۆرتر چرببنەوە و دادگا نێودەوڵەتییەکان بە ئاڕاستە سروشتییەکانی خۆیدا بەرێت و دادپەروەریی نێودەوڵەتیش بەرەوپێش ببات.
ئەمەیە راستینەی دادگا نێودەوڵەتییەکان! ئایا دەبێت ئێمە  بۆ کەیسەکانی خۆمان، ئەنفال، هەڵەبجە و شنگال، هیچ هیوایەکی ئەوتۆیان لەسەر هەڵبچنین؟!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×