ئاشکرایە پارالێل بەوەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، حاجی قاسم سلێمانی، سیاسەتی دەرەوەی ئێران بەتایبەتی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاڕاستە دەکات. حاجی سلێمانی لەزۆربەی گرێکوێرەو ئاڵۆزیەکانی ناوچەکەدا، مەیدانی بەپێی ئامانجەکانی ئێران ڕۆڵی چارەسەرکاری هەیە.
گەورەترین گرەوی سیاسی لەپێکهێنانی هەردو سەرۆکایەتی حکومەتو کۆماری لەعێراقدا لەئەمریکا بردەوە. پیاوێکە شەبەح ئاسا بۆ ئەمریکاو ساحیرە بۆ ئێران.
ئەم ساحیرە سیاسیە لەمەداری سەردانەکەی زەریفی (وەزیری دەرەوەی ئێران) بۆ عێراقو هەرێمی کوردستان دەستی نەکردووە بەکڵاوە قوڵو نهێنیەکەیدا، کەروێشکی چارەسەری بۆ ئەو داخوازیانەی ئێران دەرنەهێناوە کە زەریفی لەپێناویدا هاتووە!
پێناچێت ئەرکەکەی زەریفی ئەوەندە سەخت بێت کە بەحاجی قاسم نەکرابێت! بەڵکە تەواوکاری ئەو ئیتفاقانەیە کە سلێمانی دایڕشتووەو زەریفی مۆری فەرمی ئێرانیان لێدەدات.
لەکاتێکدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێداچونەوەی بەمیحوەرە دژ بەئێرانەکەی ناوچەکەدا کرد، سیاسەتی نوێی ئەمریکایان بەرانبەر بەئێران داڕشت، زەریفی لەکۆتای ڕۆژی سەردانە ئەمریکیەکەدا، دەبێتە میوانی هاوپەیمانەکانی ئێران لەعێراقدا، بەر لە دیدە ئێرانیەکەی خۆیان، ئامانجە ئەمریکیەکەیان بۆ ڕوندەکاتەوەو مەترسیەکانی بەشداری کوردو شیعە لەسیاسەتە نوێیهکەی ئەمریکایان بۆ روندەکاتەوە. باقی ئەرکەکەش دەسپێرێتەوە بەسێبەرەکەی وەزارەتەکەی کە پیاوە ساحیرەکە جێبەجێی دەکات.