سته‌م کردن له‌ ئه‌لف و بێکه‌ی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار تاوانه

هیوا ناسیح
  2020-09-04     650
وه‌ک ده‌زانین کتێبی (ئه‌لف و بێ ی نوێ)ی کوردی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار یه‌کێکه‌ له‌و کتێبه‌ ده‌گمه‌نانه‌ی زۆرترین جار چاپکراوه‌ و ده‌یان نه‌وه‌ی میلله‌تی کوردی له‌ باشور و بگره‌ پارچه‌کانی تریشدا فێری زمانی شیرینی کوردی کردوه‌، بۆ نزیکه‌ی شه‌شت ساڵ به‌ فه‌رمی کتێبی فێرکردنی پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی مناڵانی کورد بووه له‌ باشوری کوردستاندا‌. بۆیه‌ هه‌موومان قه‌رزاری ئه‌م مامۆستا بلیمه‌ت و په‌روه‌رده‌کاره‌ین، که‌ به‌ هۆی شه‌ونخونی و ماندووبوونی ئه‌مه‌و‌ه‌ بوو، که‌ به‌ سه‌دان هه‌زار کوردی فێری نوسین و خوێندنه‌وه‌ی کوردی بوون. من وه‌ک خوێندکارێک، که‌ له‌رێگه‌ی ئه‌لف و بێ که‌ی ئه‌م مامۆستا مه‌زنه‌وه‌ له‌ پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تاییدا فێری کوردی بووم، بۆیه‌ خۆم‌ قه‌رزارباری ئه‌م مامۆستا نه‌مره‌م و هه‌میشه‌ به‌ چاوێکی رێز و به‌ بایه‌‌خ و گرنگییه‌وه‌ له‌ به‌رهه‌م و کاره‌کانی ده‌ڕوانم.
ئه‌م کتێبه‌ ناوازه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ که‌ ناوبراو له‌ ساڵی ١٩٤٨ تا ١٩٤٩ ته‌واوی کردوه‌ و دوای هه‌وڵ و ماندوو بوون و کۆششێکی زۆر له‌ ساڵی ١٩٥١دا  له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئه‌وکاتی مه‌عارف (په‌روه‌رده‌)ی عێراقه‌وه‌ به‌ فه‌رمی کرا به‌ کتێبی پرۆگرامی خوێندنی پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی خوێندنگا‌کانی باشوری کوردستان، که‌ رێگه‌ی خوێندنی کوردی تێدا درا بوو، له‌و کاته‌وه‌ به‌رده‌وام بوو تا نزیکه‌ی ده‌ ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر به‌داخه‌وه‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ کتێبه‌ به‌ نرخه‌که‌ زینده‌ به‌چاڵکرا و لیژنه‌‌یه‌کی په‌روه‌رده‌ کتێبێکی نوێێ پڕ له‌ که‌موکوڕییان له‌بری دانا و کردیانه‌ کتێبی پرۆگرامی خوێندن له‌ هه‌رێمی کوردستاندا!
به‌ڵام دیاره‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌م سته‌مه‌ش‌ کتێبه‌که‌‌ی ناوبراو بایه‌خ و گرنگییه‌ مێژووییه‌که‌‌ی هه‌ر ماوه‌ته‌وه‌ و له‌ لایه‌ن زۆر په‌روه‌رده‌کار و ئه‌دیب و نوسه‌ره‌وه‌ به‌‌ کتێبێکی په‌روه‌رده‌یی و فێرکاریی به‌نرخ داده‌‌نرێت، بگره‌ لای هه‌ندێک که‌سی وه‌ک حسێن به‌فرینی شاعیر و ئه‌دیب وه‌ک کتێبێکی (پیرۆز)یش لێی ده‌ڕوانرێت. بۆیه‌ تا کورد مابێت ئه‌م کتێبه‌ وه‌ک سامانێکی نه‌ته‌وه‌یی به‌های په‌روه‌رده‌یی و مێژوویی خۆی له‌ ده‌ست نادات. له‌به‌رئه‌وه‌‌ ڕۆڵی ناوبراو وه‌ک شۆڕشگێڕێکی کورد، که‌‌ له‌ رێگای هۆشیارکردنه‌وه‌ و په‌روه‌رده‌کردنی ده‌یان نه‌وه‌ی کورد به‌ زمانی زگماکیان، ده‌بینرێت و تۆمار ده‌کرێت.
گه‌وره‌یی ئه‌‌م کاره‌ی ناوبراو له‌وه‌دایه‌، م باڵدار نه‌هات ده‌سکاریی دوو کتێبه‌که‌ی پێش خۆی بکات، که‌ بۆ فێربوونی زمانی کوردی پۆلی یه‌که‌می سه‌ره‌تایی دانرا بوون و ده‌خوێنران، مه‌به‌ست له‌مه  هه‌ردوو کتێبه‌کانی (ئه‌لفبای کوردی) ئه‌حمه‌د عه‌زیز ئاغا، که‌ له‌ ١٩٢٦دا چاپ و بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ و له بیسته‌کاندا وتراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ( ئه‌لف و بێ ی کوردی)ی مامۆستا حامد فه‌ره‌ج ساڵی ١٩٣٦ چاپکراوه‌ و له‌ سیه‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا‌ وتراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵکو خۆی له‌ بناغه‌وه کتێبی‌ ئه‌لف و بێ یه‌کی نوێی کوردی دانا و له‌ ساڵی ١٩٥١یشه‌وه‌ کرایه‌ کتێبی فه‌رمی پرۆگرامی خوێندن له خوێندنگا حکومییه‌کاندا. ئه‌وه‌ بوو ناوبراو ساڵی ١٩٥٥ یش کتێبی په‌روه‌رده‌یی ئه‌لفو بێ بۆ گه‌‌وره‌ (پێگه‌یشتوان)یش دانا بۆ نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری له‌ نێو گه‌وره‌ساڵاندا.
من له‌م پشووی هاوینه‌ی ئه‌مساڵدا خه‌ریکی ئه‌وه ‌بووم که‌ (لێوه)‌ی نۆساڵانه‌ی کچم فێری نوسین و خوێندنه‌وه‌ی زمانی کوردی به‌ پیتی پیتی ئارامی/عه‌ره‌بی بکه‌م، چونکه‌ ناوبراو له سویسرا له‌ دایکبووه‌ سه‌ره‌ڕای قسه‌کردنێکی باش به‌م زمانه‌ هێشتا نازانێت کوردی بخوێنێت و بنوسێت. پاش سۆراخکردن بیستم کتێبی ئه‌لف و بێ ی کوردی م. باڵدار له‌و سه‌نته‌ر و کۆرسی خوێندگا کوردییانه‌ی ئه‌وروپا و هه‌نده‌ران وه‌ک کتێبی فێرکاریی زمانی کوردی بۆ مناڵانی کورد به‌کار ده‌هێنرێت. باش بوو له‌ رێی هاورێیه‌کمه‌وه‌ کتێبه‌که‌م ده‌ستکه‌وت. دیاره‌ ئه‌م چاپه‌ ساڵی ٢٠١٣ له‌لایه‌‌ن ئینستیوتی خوێندنی کوردی له‌ به‌رلین چاپکراوه‌ به‌ ناوی (ئه‌‌لفبێی کوردی بۆ پۆلی یه‌‌که‌می بنه‌ڕه‌تی) ئه‌وه‌‌ی جێگه‌ی سه‌رنج بوو، که‌ له‌ ته‌‌نیشت ناوی م. باڵداره‌وه‌ ناوی کاک فریاد فازڵ عومه‌ریش له‌سه‌ر به‌رگی کتێبه‌که‌ وه‌ک دانه‌ر یان نوسه‌ر نوسرا بوو! من ئه‌مه‌م پێ ئاسایی نه‌بوو. بۆیه‌ که‌وتمه‌ دووی.
بۆ به‌راوردکردن له‌ نێوان ئه‌لف و بێ یه‌‌که‌ی م. باڵدار که‌ له‌ کوردستان بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م چاپه‌ی ئه‌ڵمانیادا، له‌ رێگه‌ی کاک هه‌ورامان وریا قانعه‌وه‌ چاپی هه‌مان ساڵی کتێبه‌که‌م به‌ پی دی ئێف بۆ نێردرا به‌ ناوی (ئه‌لفبێی نوێ، پۆلی یه‌که‌می بنه‌ڕه‌تی) که له لایه‌ن چاپخانه‌ی په‌روه‌رده‌/ هه‌ولێر چاپکراوه‌. پاش به‌راوردێکی ورد بۆم ده‌رکه‌وت، که‌ له‌ ناوه‌ڕۆکدا هه‌مان کتێبه‌، به‌ هه‌ندێک جیاوازیییه‌وه‌ له‌ نه‌خشه‌سازی، نوسینه‌‌وه‌ی پیته‌کان به‌ درشتی، هه‌روه‌ها له پێشه‌کیدا نزیکه‌ی ٣٧ لاپه‌ڕه ته‌نها وێنه‌ی جۆراوجۆر و ره‌نگاوره‌نگ چاپکراوه‌، که‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ پیته‌کانه‌وه‌ نییه‌ و بگره‌ وه‌ک ئه‌‌لبومێک وایه‌، و له‌ هه‌ندێک تێکستی وانه‌کانیشدا که‌مێك کورتکردنه‌وه‌ و گۆڕانکاریی رێنوسیش کراوه‌، ئه‌گینا هه‌مان ٣٦ پیته‌که‌ وه‌ک خۆی به‌ که‌مێک پاش و پێش خستنه‌وه‌ دانراوه‌ته‌وه‌.
دیاره‌ دووباره‌ چاپکردنه‌وه‌ و هه‌ڵه‌بڕی یان هه‌ر ده‌سکاری و جوانکارییه‌ک له‌ نه‌خشه‌سازیی کتێبێک کارێکی باشه و جێگای گرنگیدان و رێزه‌ به‌ به‌به‌رهه‌م و خودی نوسه‌ره‌که‌شی. به‌ڵام بردنی ره‌نجی که‌ سێک و خۆ کردن به‌ برابه‌ش له‌ به‌رهه‌مێکی ناوازه‌ و مێژوویی به‌ نرخ جێگای لۆمه‌ و ره‌خنه‌یه‌ و سته‌مێکه‌ له‌ ره‌نج و ماندووبوونی خاوه‌ن به‌رهه‌مه‌که‌، به‌ تایبه‌ت که‌ خۆی له‌ ژیاندا نه‌مابێت.
وه‌ک ئاشکرایه‌ مامۆستا ئیبراهیم باڵدار، که‌ ساڵی ١٩٦١ بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له‌ په‌روه‌رده‌ و ده‌رونزانیدا له زانکۆی سان فرانسیسکۆی ئه‌مریکا وه‌رگرتوه‌، واته‌ نه‌ک مامۆستا بگره وه‌ک زانا و په‌روه‌رده‌کارێکی گه‌وره‌ی مناڵ و خوێندکاران وابووه‌، له‌ لێدوانێکیدا له‌سه‌ر پێداچوونه‌وه‌ به‌م کتێبه‌ی خۆیدا ده‌بێژێت ((ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی من ئه‌م کتێبه‌م کرده‌ خه‌ڵات بۆ نه‌ته‌وه‌که‌م له‌ ناو واقیعی کاره‌که‌دا بووم.... ئه‌وه‌ی ئه‌توانێ وشه‌‌ یان ڕسته‌یه‌کی بۆ زیاد بکات ئه‌وه‌ش باڵدارێکه‌ بۆ خۆی)). واته‌ به‌رێزی لای ئاسایی بووه‌ ده‌سکاری و زیاد و که‌می بۆ بکرێت، به‌ڵام کێ ده‌ڵێت ڕازی بووه‌ شاکاره‌که‌ی له‌گه‌ڵدا به‌ش بکرێت؟
من لێره‌دا له‌ نرخی فه‌رهه‌‌نگه‌کانی م. فریاد فازڵ که‌م ناکه‌مه‌وه‌ له بواری زمانی ئه‌ڵمانیدا، که‌ خۆشم سودم لێ بینوه‌، سه‌ر‌ه‌ڕای سه‌رنج له‌ سه‌ر به‌رزی نرخه‌کانی، هه‌روه‌ها ناشچمه‌ سه‌ر رابردووی ناوبراو، وه‌ک کاتی خۆی مامۆستا جه‌مال نه‌به‌زی نه‌مر به‌ ته‌له‌فون بۆی گێڕامه‌وه‌، که‌ ناوبراو چ حزبێک له‌ هه‌شتاکاندا ناردویه‌تی بۆ ئه‌وروپا پله‌‌ی حزبی چی بووه‌ و چۆن گه‌یشتۆته‌ ئه‌وێ و خوێندویه‌تی و .... تاد. به‌ڵکو ته‌نها سه‌رنج و ره‌خنه‌ی خۆم له‌ سه‌ر ئه‌م سته‌مه‌ له‌ ره‌نج و ڕه‌وانی م. باڵدار و خۆ به ‌برابه‌شکردنی له‌م کتێبه‌دا چڕ ده‌که‌مه‌وه‌ و  ئه‌مه‌ش مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیمه‌.
به‌داخه‌وه‌ مامۆستا به‌ چه‌ند دێرێکیش هیچ پێشه‌کییه‌کی بۆ ئه‌م چاپه‌ی به‌رلین ٢٠١٣ی کتێبه‌که‌ نه‌نوسیوه‌، تا بزانین  ئایا ئه‌و ده‌سکارییانه‌ چین کردونی، یان کێ ئه‌و مافه‌ی داوه‌تێ له‌ بنه‌ماڵه‌ی م. باڵداری نه‌مر که ئه‌و ده‌سکارییانه‌ بکات، وه‌ چۆن رێگای به‌ خۆی دا له‌سه‌ر به‌رگی ده‌ره‌وه‌ی کتێبه‌که‌ ناوی خۆی له‌ پاڵ ناوی م. باڵدار وه‌ک دانه‌ری سه‌ره‌کی کتێبه‌که بنوسێت‌؟؟ ئه‌مانه‌ زۆر جێگای پرسیار و هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ر کردنن، ئاخر گه‌ر بردنی ره‌نجی ماسولکه‌ و بازووی که‌سێک به‌ مادده‌ بقه‌بڵێنرێت و بتوانرێت قه‌ره‌بوو بکرێته‌وه‌، ئه‌وا ر‌ه‌نجی بیر و مێشکی مرۆڤه‌کان زۆر ناخۆشتره‌ و هه‌رگیز ناتوانرێت به‌ مادده‌ به‌خه‌ملێنرێت و قه‌ره‌‌بووی بکرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ رێک وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌، دوای کۆچی دوایی به‌رێزیان که‌سێکی زمانزان بێت و هه‌‌ندێک وشه‌ زیاد و که‌م  بکات و بڕێک جوانکاریی بۆ یه‌ک له‌ فه‌رهه‌نگه‌ ئه‌ڵمانی – کوردییه‌کانی مامۆستا فریاد بکات، ئینجا بێت بێ هیچ پێشه‌‌کی و روونکردنه‌وه‌یه‌‌ک ناوی خۆی بخاته‌ پاڵ ناوی ناوبراو له‌ سه‌ر به‌رگی فه‌رهه‌نگه‌که و چاپ و بڵاوی بکاته‌وه‌‌! ئایا ئه‌مه‌ لای کاک فریاد په‌سه‌نده‌؟؟
گه‌ر بڕیار بوو مامۆستا فریاد فازڵ ئه‌م کتێبه‌ بۆ مناڵانی چاوگه‌شی کورد له هه‌نده‌ران چاپ و بڵاوبکاته‌وه، تا فێری نوسین و خوێندنی کوردی ببن، ده‌بوو، پیته‌کانی که‌ له‌ پیته‌ کوردییه‌کان نزیکه‌‌ به‌ لاتینیش له‌ هه‌ر لاپه‌ڕه‌‌یه‌کدا بۆ زیاد بکردایه‌، ئینجا ئه‌‌و هه‌موو وێنه‌ زۆره‌ی که‌ له پێشه‌کیدا زیاتر له‌ ٣٠ لاپه‌ڕه‌ی پێ داگیرکردوه‌، به‌ڕای من ناپێویسته‌ و هیچ سودی بۆ ناوه‌ڕۆکی کتێبه‌که‌ و پرۆسه‌ی فێرکردنه‌که‌ نییه‌. له‌ هه‌مووی گرنگتر و که مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئه‌‌م وتاره‌یه‌، ده‌بوو به‌‌ڕێزیان پێشه‌کییه‌کی کورت یان درێژی نوسیبا، به‌ جوانی ڕوونی کردبایه‌وه‌، که‌‌ چۆن مۆڵه‌تی ده‌سکاریی ئه‌م کتێبه و خۆ به‌ برابه‌شکردنی وه‌رگرتوه‌، بۆ نمونه‌ له‌ نه‌وه یان که‌‌سێکی مامۆستا ئیبراهیم باڵدار، خۆ گه‌ر مۆڵه‌ت پێدانه‌که‌ له‌ لایه‌ن خانه‌واده‌ی مامۆستا باڵداره‌وه به‌ نوسین بووه‌، ئه‌وا کۆپییه‌که‌ی بڵاوبکردایه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا، ئینجاش به‌ڕوونی ده‌سکاریییه‌کانی خۆی و زیاد و که‌مکردن و ...هتد یادداشت بکردایه‌، که‌ چین و چۆنی لێکردوه‌ و ئه‌و سه‌رنجانه‌ی به‌رێزی له‌سه‌ر نوسخه‌ ئۆرگیناڵه‌که‌ی کتێبه‌‌که‌، که‌ له‌ باشوردا چاپکراوه‌، چین.  ئاخر خۆ  مامۆستا فریاد له پشتی په‌ڕه‌ی یه‌‌که‌می کتێبه‌که‌دا به‌ ڕوونی نوسیویه‌تی: مافی چاپکردنه‌‌وه‌ و وه‌رگێڕانی ئه‌م کتێبه‌ یان به‌ شێکی بۆ نوسه‌ره‌کانی پارێزراوه‌، ..... بێ پرس به‌ نووسه‌ری دووه‌می کتێبه‌که‌ نابێ هیچ ده‌سکارییه‌کی کتێبه‌که‌ بکرێ...هتد. واته‌ ناوبراو هه‌م خۆی به‌ نوسه‌ری دووه‌می کتێبه‌که‌ ناساندوه‌ و هه‌میش ئاگاداری ئه‌‌وه‌ی داوه‌، که‌ بێ مۆڵه‌تی خۆی هیچ که‌س و ده‌زگایه‌ک بۆی نییه‌ ده‌سکاری ئه‌م به‌رهه‌مه‌ بکات!! له‌م تێبینی و ئاگادارییه‌دا هیچ قسه‌یه‌ک له‌ میراتگر یان خانه‌واده‌ی مامۆستا باڵدار نه‌کراوه‌ وه‌ک خاوه‌نی ڕه‌سه‌نی شاکاره‌که‌، که‌ پرسیان پێ بکرێت و مۆڵه‌تیان لێ وه‌ربگیرێت! واته‌ به‌ جۆرێکی تر خۆی کردوه‌ به‌ خاوه‌ن هه‌ق نوێنه‌ر له‌ بری ئه‌‌وانیش!
بۆیه‌ من لێره‌دا، تا ئه‌و کاته‌ی خانه‌واده‌ی مامۆستا باڵدار یان مامۆستا فریاد خۆی به‌ نوسین روونکردنه‌وه‌ له‌ باره‌ی ئه‌م کاره‌ ناڕه‌وایه‌وه‌ ده‌ده‌ن و ئاشکرای ده‌که‌‌ن، خۆ به‌ برابه‌‌ش کردنه‌‌که‌ به‌ کارێکی قێزه‌ون و ده‌سکارییه‌کی نائه‌مینی ئه‌ده‌بیی شاکاره‌که‌ی م. باڵداری ده‌بینم ،وه‌ لام وایه‌ سته‌مێکه‌ ده‌رهه‌ق به‌ ڕۆحی ناوبراو و ره‌نج و ماندووبوونی.

تێبینی: دیاره‌ من وه‌ک و خۆم هیچ کێشه‌یه‌کی که‌سییم له‌‌گه‌ڵ مامۆستا فریاد فازڵ عومه‌ر نییه‌ و ساڵی ٢٠١٤ هاتۆته‌ ماڵم و یه‌ک ده‌ناسین، ته‌نانه‌ت هاوکاریشم کردوه‌ له‌‌ فرۆشتنی فه‌رهه‌نگ و کتێبه‌کانی و بڵاوکردنه‌وه‌یاندا، بێ ئه‌وه‌ی هیچ قازانجێکی ماددی بۆ خۆم تێدا بوو بێت. بۆ به‌ڵگه‌ش وێنه‌یه‌کی هه‌ردوکمان لێره‌دا بڵاوده‌که‌‌مه‌وه‌ که‌ ساڵی ٢٠١٤ و سه‌ردانێکیدا بۆ سویسرا چرکاوه‌.

سه‌رچاوه‌کان:
ئه‌لفبێی نوێ، پۆلی یه‌که‌می بنه‌ڕه‌تی، چاپخانه‌ی په‌روه‌رده‌ هه‌ولێر، ٢٠١٣
ئه‌‌لفبێی کوردی بۆ پۆلی یه‌‌که‌می بنه‌ڕه‌تی، به‌رلین، ئینستوتوی خوێندنی کوردی به‌رلین، ٢٠١٣
ڕۆڤار، ژماره‌ ٤٣، ئیبراهیم ئه‌مین باڵدار مامۆستای نه‌وه‌کان، ٢٠٠٦














وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×