کامێرامان مەسرور بارزانی
ئاری هەرسین
2020-09-07   1645
مێژوو بریتیە لە تۆمارو گێڕانەوەی ڕوداوەکانی ڕابوردو. ئەم تۆمار و گێڕانەوانە بە زۆر شێوازن. گۆران بە شیعر، جوگرافیا و، هەل و مەرجی کۆمەڵایەتی قەرەداخ و هەورامان تۆمار ئەکات. نالی و سالم بە شیعر وە سفی دەسەڵاتی قۆرخکاری عوسمانیەکان بەسەر ئیمارە تێکی لاواز و بێ دەسەڵاتی ئیمارەتی باباندا ئەکەن و، تەوفیق وە هبی، کەمال مەزهەر و مەسعود محەمەد بە تێکست.
ئەم تۆمارانە هەرچەندە ئەوەندە بە لێزانی و وەستاگەری کراون، بەڵام ئینکاری قووەتی کامێرا ناکەن. لەوانەیە کامێرا یەکێک بێت لەو ئامێرانەی کە تۆماری پڕاوپڕی سات و ڕوداوەکان ئەکات بە بێ تەزویر (ڕوتوشی جاران و فۆتۆشۆپی ئێستای لێ دەرکە).
بچمە سەر ئەسڵی مەوزوع… ساڵانە حیزبەکەی بەندە ساڵیادی شەڕە گەورەکەی خواکوڕک ئەکاتەوە. لەو کەناڵانەی ڕاگەیاندن کە ڕاستەوخۆ سەر بە ئێمەن و، ئەوانەشی کە سێبەری سیاسەتی ئێمەن، چاوپێکەوتن لەگەڵ هەندێک پێشمەرگەی قارە مان ئەکرێت و فلیمەکانی ئەو شەڕە پەخش ئەکرێن. بەڵام کەس لەخۆی ناپرسێت کە ئایا ئەو هەموو وێنەو فلیمانە کێ گرتوونی؟… ئەوانەی شارەزای ژیانی ڕۆژنامەنوسی جەنگن، باش ئەزانن کە مەترسی سەر ژیانی ڕۆژنامەنووس لە حاڵەتی جەنگدا ئەگەر لە سەربازەکان زیادتر نەبێت، کەمتر نیە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان، کامێرا مەنی شەڕ و داستانی خواکوڕکە. گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ و کوڕی سەرۆکی پارتی، لەبری ئەوەی لە کەرەج (ئێران) لە ناز و نیعمەتدا بحەسێتەوە، بە کامێرای ڤیدیۆوە دەچێت بەرەو شەڕ بە مەبەستی تۆمارکردنی شەڕی لەسەرخۆکردنەوەی میللەتێک بەرامبەر ئەژدیهای داگیرکەری دڵ پڕ لە قین. بە دڵنیاییەوە ئەکرێت ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتاریە وەک کارێکی ڕۆژنامەوانی سەیر بکرێت، هەرچەندە خاوەنی دیکۆمینتاریەکە لە ژیانیا بە شێوازی پڕۆفیشناڵ ڕۆژنامەنوسیش نەبوبێت. دڵنیام کاک مەسرور ئەم کارەی بۆ سوپاس ۆ پێزانین نەکردوە، لە تەمەنێکی کەمدا گەورە و مۆدێرن بیری کردۆتەوە.
مەسرور بارزانی بەم بەرهەمەی شەڕی خواکوڕک، تەنیا سەرۆک وەزیرانێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە تەجروبەی ڕۆژنامەوانی بۆ خۆی تۆمار کردبێت. وەک بەهەشتی مام جەلال و خوشکی ئازیزم هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەبێت مەمنونی ئەو خانمە بن بۆ تۆماری مێژوی خەباتی یەکێتی بە وێنەو بە ڤیدیۆ.
ئەم وتارە هەوڵێک بو بۆ ڕاستکردنەوەی خاڵێکی مێژوویی و یەکێکی سیاسی. حیزبی ئێمە ئەبێت سەرڕاست بێت لە گێڕانەوەی مێژوو. شتەکان وەک خۆی باس بکات و، ڕۆڵی ڕۆژنامەنوسێکی گەنجی شۆڕش (مەسرور بارزانی) نەسڕێتەوە. ئەوەی تر بڕوا ناکەم بە فەرمانی (ئەم ڕۆژنامەنوسەی جەنگ)، نە هیچ ڕۆژنامەنوسێک دەستگیر بکرێت و ئەزیەت بدرێت و، نە ئۆفیسی هیچ کەناڵێکی ڕاگەیاندن دابخرێت.