گەندەڵکاران چاو لە ئەلبرتی بکەن

دلێر محەمەد نوری
  2020-09-10     356
وشەی گەندەڵی (الفساد) کە وەرگێڕاوی وشەی (corrumpere)ی لاتینییە، زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە چ کار و چالاکییەکی کاراکتەرەکانی حزب و دەسەڵات ئەچێتە ناو چوارچێوەی گەندەڵییەوە. بۆیە باوەڕ ناکەم پێویست بە هیچ جۆرە پێناسە و شیکردنەوەیەک بکات. هەر کەندەڵکارێک و لە جێگەی خۆیەوە هەر بە خەیاڵ بگەڕێتەوە بۆ ڕۆژێک پێش ڕاپەڕین و تا ٢٩ ساڵ بژمێرێت و بیر لەو کردەوانە بکاتەوە کە ئەنجامی داون، بۆی دەردەکەوێت قەبارەی ئەو گەندەڵیانە چین و چەندن کە کردوونی! ئەزانێت کە هات لەچیدا بوو! وە گەندەڵی گەیاندی بەچی!
ڕەنگە هیچ بەڵگەیەکیش هێندەی وێنەکانی دوێنی ڕاستگۆ نەبن لە گەڵماندا. وێنەکانی بەر ڕاپەڕینی بەرپرسەکان بەڵگەی پێویست و حاشا هەڵنەگری بەردەم تەرازووەکەی عەدالەتن کە خۆیان لە یەک پرسیاری گەورەی جەوهەری ئەبیننەوە کە ئەویش ئەوەیە:-
ئایا ئەمە وێنەکەی دوێنێتە، ئەی چۆن لە پاش ٢٩ ساڵ گەنجتر ئەنوێنیت و ڕوومەتەکانت وەکو گڵۆب ئەسووتێن و خاوەن کۆشک و تەلار و کارگە و یەخت و حسابی بانکی فوولیت لە ئەوروپا و حیمایە و حەشەم و خەدەم و خۆت و ماڵ و مناڵ و خزم و کەس و بگرە سکرتێر و سەردەستەی حیمایە و چێشتلێنەر و سەپان و گاوانەکەشت حەساندۆتەوە؟
 ئەتوانیت بۆ جارێکیش لە خۆت بپرسیت (من این لی هژا؟) بۆ وەڵامدانەوەش ئەگەر شەرعییەتی شۆڕشگێڕی و خەباتی شاخ و شار بە بیانووی بهێنیتەوە، ئەوا دەبوو تۆ ببی فەرمانبەرێکی ئەم وڵاتە و بە مووچەی مانگانە بژیت، گریمان بەرزترین مووچەشت هەبێت، تو ویژانت بەشی هەموو ئەم سەڵتەنەتە تۆ و دەوروبەرتی ئەکرد؟ کەوابێت تۆ گەندەڵیت، نوقتە سەری دێڕ.
تەنها وەڵامی ڕاستیش بۆ پرسیارەکە هەر ئەوەیە ئەمە بەرەکەتی ڕاپەڕین و تاڵانی و تەندەر و نەوت و غاز و دەرمان فرۆشی و قاچاخچێتی سنور و مووچەی وەهمی و هەزاران ڕێگەی دیکەی ناڕوون و نا یاسایی و نا ئەخلاقین. 
رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی ١٩٩٣ ەوە لە دژی گەندەڵی و بۆ بەرپا کردنی شەفافییەت کار دەکەن. هەموو ساڵێک ئەم رێکخراوە خشتەیەک بە نەخشەی جیهانەوە بڵاودەکەنەوە بۆ دیاری کردنی ئاستی گەندەڵی سەرجەم وڵاتانی جیهان.
وڵاتانی گەندەڵ بە ڕەنگی سوری تێر و وڵاتانی کەمترین گەندەڵیش بە شینی تێر دەستنیشان دەکەن. کاتێ سەرپێی لەو نەخشەیە بڕوانی دەبینیت، ئوستورالیا و ئەسکەندەنافیا و کەنەدا لە شینە تێرەکانن و بە گشتی ڕوسیا و وڵاتە عەرەبییەکان و ئاسیای ناوەڕاست و ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین لە سورەکانن و لە نێو ئەوانیشدا عێراق و هەرێم و سوریا و یەمەن وسودان و مەغریب و...هتد لە سورە جگرییە تێرەکانن. تاوانی ئەوەی کە هەرێمی کوردستانی بە سوری تێر دەستنیشان کردووە ئەکەوێتە ئەستۆی کێ؟ بۆ وەڵام بگەڕێنەوە پەراگرافەکانی سەرەوە.
گەر دانیمارکیش وەکو نموونەی وڵاتێک باس بکەین کە شایەنی ڕەنگی شینی تێری ئەو رێکخراوە بێت، تۆ بڵێی هیچ گەندەڵی و گەندەڵکاران لەو وڵاتە نەبوو بن؟ نەخێر هەرگیز، بزانن لە کوێ پارە و دەسەڵات کەوتە دەستی مرۆڤ لەوێ ئەگەری گەندەڵی ئەبێت. بەڵام گرنگ ئەوەیە کۆی سیستەمەکە گەندەڵ نەبێت، کۆی حزبەکان گەندەڵی نەکەن، کۆی بەرپرسەکان گەندەڵکار نەبن، ئەو کات بە وێنەی هەرێم کەس کەسی بۆ ناگیرێ و گەندەڵکاران یان بە گشتی لە بارەی گەندەڵییەوە ئەدوێن یان پینە و پەڕۆی یاسایی و ئیعلامی بۆ یەک ئەکەن. دەنا لە ئەسکەندەنافیاش گەندەڵی هەیە، بەڵام یان درکی پێ نەکراوە یان ئەوەتانێ بکەرەکانی لە نێو دادگاکاندا سزا دەدرێن.
جگە لەمانەش جێی خۆیەتی ئاماژە بە گەندەڵکارێکی سەیری مێژووی حوکمڕانی دانمارک بکەین کە گەندەڵکارییەکی گەورەی بەرپرسێکی باڵای گەندەڵە بەڵام چۆن ئەو گەندەڵکارە لە کۆتاییدا هەڵوێستێکی پێچەوانە ئەنوێنێ بڕێکی زۆر لە باری سەرشانی خۆی سووک ئەکات. 
لە ساڵی ١٩٠١ پیتەر ئەلبرتی (Peter Adler Alberti1851-1932) ئەکرێ بە وەزیری دادی دانیمارکی. لە ساڵانی سەرەتای وەرگرتنی پۆستەکەی گەلێ ڕێفۆرمی پڕ بەها ئەنجام دەدات بەڵام دواتر لە گەندەڵییەکی کەم وێنەوە دەگلێت، سەیری ئەم کارەکتەرە گەندەڵە لەوەدایە کە بە بێ ئەوەی کەس درک بە گەندەڵییەکانی بکات، لە ساڵی ١٩٠٨دا هەر خۆی هەست بە نارامی دەرونی و ویژدانی ئەکات و شکات لە خۆی ئەکات لە لای پۆلیس بەوەی دەستی هەبووە لە کاری گەندەڵی بە بڕی ١٦ ملیۆن کڕۆنی دانمارکی. دواتر بە  سزای هەشت ساڵ زیندانی سزا دەدرێ و تا ساڵی ١٩١٧ ئازاد دەکرێ و پاشماوەی ژیانێکی سادە و هەژارانە تا کۆچیی دوایی کردنی بەڕێ دەکات، تەنانەت بەر لە مردنی بە ڕووداوی هاتووچۆ، دواساڵەکانی تەمەنی لە گەڵ چوار کەسی دیکەدا لە شوقەیەک بە هاوبەشی دەژین.
ئەو دەمەی ئەلبیرتی لە پاش ئەو هەموو کارە ناجوامێرانەی ئەم هەڵوێستە جوامێرانەیەی نواند، دەردەکەوێت کە دانمارکییەکان لە بارودۆخێکی زۆر باش ژیاون، بەو پێیەی کە ئەگەر تەنها یەک بەرپرس توانیبێتی ١٦ ملیۆن کڕۆن گەندەڵی بکات، ئەبێت کۆی داهاتیان چەند بووبێت؟ ئەگەر بزانین دانمارک میللەتێکی بچوکن کە تا ئێستاش ژمارەی دانیشتوانیان ناگاتە ٦ ملیۆن کەس.
ئەی ئەپرسم خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە هەر کات هەژارتر و برسی تر و کەم دەرامەت تر نین؟ ئاخۆ لە کۆی کارەکتەرەکانی دەسەڵات و حزبەکان زۆربەی هەرە زۆریان گەندەڵییان ئەنجام نەداوە؟ ئاخۆ لە ٢٩ ساڵی ڕابردوو بڕی پارەی بە تاڵانبراو چەند بێت و چی لێکرابێت و لە کوێ هەڵگیرابێت؟ ئاخۆ بڵێی تاکە بەرپرسێکی کوردیش نەبێت کە ویژدانی بە وێنەی ویژدانی ئەلبیرتی دانمارکی ئازاری بدا لە گەڵ ئەو هەموو نەهامەتییەی کە ڕۆژانە بە چاوی خۆی ئەیبینی لە نزای و هاواری نەخۆش و کەم دەرامەت و برسی و بێ جێگە و بێ خزمەتی خەڵکی وڵاتەکەی؟ ئەمانە و دەیان پرسیاری دیکەش بەرپرسەکان کەفیلی وەڵامدانەوەین، باشتر نیە پارەکان بگەڕێننەوە بۆ شوێنی خۆیان و لە هۆڵی دادگا دادگایی بکرێن لە بری ئەوەی ڕۆژێک دابێت و لە نێو شەقامەکان دادگایی بکرێن!؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×