"کات کاتی ئازادییە"!

ڕێبوار ڕەشید
  2020-09-13     629
کات کاتی ئازادییە، قسەی کورد نییە، بەڵکو قسەی مرۆڤی تێکۆشەرە.
لەوەتەی مرۆڤ لە سیستەمی چەوساندنەوەدا هۆشیار بووەتەوە و دژی وێستاوەتەوە، گاهـ لە دڵی خۆیدا و گاهـ بە سرپە و چرپە ئەوەی گوتووە. بەڵام مێژوو پڕە لەو چرکەساتانەی کە پڕ بە دەم هاواری کردووە کە "کات کاتی ئازادییە"!
ئەمڕۆ بە دەیان هەزار زیندانی سیاسیی کورد لە زیندانەکانی ئێران و تورکیا و سووریا هەن. تەنیا تاوانێک کردوویانە ئەوەیە کە دژ بە شێوەکانی چەوساندنەوەی مرۆڤ و چەوساندنەوەی نەتەوەیی و رەگەزیی ڕاوەستاون و پڕ بە دەم هاوار دەکەن "کات کاتی ئازادییە". لە هەندێک حاڵەتدا، لە سەر حیسابی گیانی شیرینی خۆیان، بە سپەری لەشی ڕووتییان، زۆر زیاتر لەو مرۆڤانە کە لە دەرەوەی زیندانن، تێکۆشیانیان کردووە و دەیکەن.
یەکێک لەوانە تێکۆشەر ئۆجەلانە. ئۆجەلان ئەو مرۆڤە شۆڕشگێڕە ئازادیخوازییە کە ئەوە 21 ساڵە لە زیندانی تاکەکەسییدا درێژە بە تێکۆشان دەدا و بە داخی گرانەوە تەمەنی 72 ساڵەی خۆی لە زینداندا بە ڕێ دەکات.
ئۆجەلان لە هەڕەتی لاوییدا بڕیاری دا خەبات دژ بە سیستەمی داگیرکەریی لە کوردستان بەرپا بدات. ئازایەتیی ئۆجەلان لەوێدا دەبینرێت کە لە ناو خۆڵەمێشی نەتەوەیەکی سووتاودا سەری دەرهێنا. باوەڕی ئەو بە ئازادیی و سەربەخۆیی لەوێدایە کە لە ناو نەتەوەیەکی مروودی نێژراودا چەکەرەی کرد. نەبەردیی ئەو لەوێدا دەبینرێت کە بە گژ دووهەم دەوڵەتی خاوەن سپای ناتۆ و بە بەڵگەوە گەورەرتین سیستەمی فاشیستیی جیهان و داگیرکەرییدا چووەوە کاتێک بۆ دەسەڵاتی داگیرکەر ژمارەیەکی حیسابنەکراو و نەبینراو بوو.
ئۆجەلان ڕووخساری ناو ئەو تارماییە بوو کە بە ڕاستیی لەرزی ترسی خستە قووڵایی دڵی سیستەمی داگیرکەریی فاشیستیی تورکیا و عەرشی سەقامگیریانی هەژاند. لە سەرەتادا میت و بازنە سیاسیەکان و ژەنراڵەکان کە پێشتر لە نێوان 1921 و 1978 دا 27 بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستانیان لە خوێندا خنکاندبوو، قاقای گاڵتەجاڕیان لێ دەدا و کوردیان بە گەوج دا دەنا.
کەمتر لە 2 ساڵ دوای ئەوە، لە ساڵی 1980، دەسەڵاتی داگیرکەریی ناچاربوون زیندانی دیاربەکر بۆ چالاکوانانی سیاسیی کورد دروست بکات. ئەو زیندانەی کە لە دونیادا بە یەکێک لە هەرە زیندانە خراپە بەدناوەکانی دونیا دەژمێردرێت و کە لە ڕاستییدا بە چاککراویش بۆ 600 بەندە بەڵام زیاتر لە 6000 زیندانیان تێ ئاخنیوە.
هەر ساڵێکی برد کە مانگرتنی زیندانی سیاسیی لە زیندانی دیاربەکر لە نەورۆزی 1981 دا هەژمۆنی دەسەڵاتی داگیرکەریی – فاشیستیی هەژاند. بێگومان کەمال پیر و مەزڵووم دۆغان و دەیانی دیکە بوون کە لە زیندانی دیاربەکر، چنگی خوێناوی داگیرکەریی تورکیا، هاواریان کرد "کات کاتی ئازادییە"، بەڵام  ئۆجەلان تۆووی ئەو بەرخۆدانە مێژووییە بوو. هەمان ئەو تۆووەیە کە ئێستا توانیوویەتی لە ئیمراڵی شین بێتەوە، کە لک و پۆپی داری ئازادیی خۆی زەمین و دیوار و میچ و سەربانی ئیمراڵیی هەڵتەکاندووە و کە بە بەردەوامی هەمان ڕووخساری ناو ئەو تارماییەیە کە دڵی دەسەڵاتدارانی داگیرکەریی دەترسێنێت. ئەو ڕووخسارەی زیاتر لە چل ساڵە بووە بە ئیزرائیلی دەسەڵاتدارانی سیستەمی داگیرکاریی.
لە یەکەم ئەو کۆبوونەوانە  کە چەند لاوێکی ڕەشوڕووتی نەداری بێ پارێزە لە کوچەوکۆڵانەکانی باکووردا دەیانبەست بەرەو ڕاپەڕینی مەزنی نەورۆزی 1981ی زیندانی دیاربەکر  و بەرەو دووبارە خۆڕێکخستنەوەکان، دامەزراندنی هێزی گەریلای کوردستان و تەقاندنی یەکەمین گولـلە لە 15ی تەباخی 1984 و لەوێوە بۆ شەڕە گەورە نایەکسانەکان و کۆکردنەوەی هەزاران لە کچ و کوڕی ئازادیخواز، بەڕێکخستنی سەدان هەزار و بگرە ملوێنها لە کوردی دووبارە شینەوە بوو، لە خۆترازاندن بۆ ناو مەمەڕەکانی دەسەڵاتی داگیرکەر و لێدانی گورزی یاسایی لە داگیرکەر، لە تێکشکاندنی پروپاگەندەی نێونەتەوەیی گەورە، بە هەزاران تێکۆشەر دەبینین. یەکێک لەوان، ئەڵقەیەکی بەهێز لەو زنجیرە، ئاوازێکی خۆشخوانی ئەو کەلە، جریوەیەکی سازی ئەو پۆلە، تێکۆشەر ئۆجەلانە.
کەسایەتیی ئۆجەلان لە ڕێگای وردبینییەوە بۆ ئایییندە، لە بیروباوەڕیی بۆ گۆڕاندان، لە باوەڕییدا بە خۆ و بە گەلی خۆی، لە تێگەیشتنیدا بۆ هێزی لە بننەهاتووی خەڵک، لە باوەڕی قووڵیدا بۆ دووبارەسازکردنەوەی مرۆڤی تێکشکاوی فریودراوی ترسێنراو و تەسلیمبوو بە کەسایەتیی بەخۆباوەڕ و بە توانا و ئازادیخواز، لە وزەی گەرمی بۆ کۆڵنەدان و لە توانایدا بۆ خونساکردنەوەی تراویلکەکان و بۆ خستنەبەردەستی وێنایەکی ڕاستەقینەدا دەبینرێت.
ئۆجەلان مرۆڤی بندەست فێر دەکات نەفرەت لە شکاندن و تێکشکاندن بکات، کە ئێخەی خۆی بگرێت و لە خۆی بپرسێتەوە و ڕەخنە لە خۆی بگرێت، کە چۆک لە بەردەم دەسەڵاتی سەرکوتکاردا دا نەدا، کە چەوساوەکان شان بدەنە ژێر باڵی یەکتر، کە نەترسن و بە گژ ئەو دەسەڵاتە ئاسن و ئاگرەدا بچنەوە کە لە پشت سەدان پەرژین و قەڵای بە ئاسمانچوودا خۆی مەڵاس داوە.
ئۆجەلان لە تیئۆریی ئازادیخوازییدا بلیمەتێکی بە هونەرە. کەسایەتیەکە دەزانێت کە ڕابەرایەتیی نە پاشناوێکە مرۆڤ هەروا هاسان بە خۆیەوە بیلچکێنێت و نە مەدالیایەکە بە ئاسانیی لە شانی خۆی بدات و بە سنگیەوە هەڵی بوواسێت. ڕابەرایەتیی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ کەسایەتیەک دەخوازێت کە بتوانێت خۆی ڕووەو مرۆڤبوون ڕووت بکاتەوە و بەرگی لە مرۆڤکەوتوویی لە خۆی دابماڵێت. خۆڕووتکردنەوە لە سامانی شەخسیی، لە بەرژەوەندییەکانی تاکەکەسیی، لە خۆپەرستیی، لە خزموخزمگەریی، لە پێوەندییە دەسەڵاتگەریەکانی پیاوسالاریی و باوکسالاریی، لە خێڵەکایەتیی و عەشایەریی، لە خۆبائییبوون و لووتبەرزیی و فیز، لە چڵێسیی و چاپلووسیی و نەرمەلیکەیی و کڕێشیی، لە دزیی و تاڵانیی و دەمپیشیی و داوێپیسیی، لە کولتوری ڕک و کینە و دوژمنگەرایی.
بەم ڕەچەتەیە ئۆجەلان توانیوویەتیی ڕابەرایەتی خەباتێکی ئازادیخوازی لە کوردستان بکات کە تاکە خەباتێکی ئازادیخوازییە لە جیهاندا کە بە ملیارد کیلۆمەتری لە ڕێپێوانی ئاشتیخوازیی و ئازادیخوازییدا لە تەواوی کوچەوکۆڵانەکانی دونیادا تەی کردووە، کە لە بەرهەمهێنانی ئەدەبیاتی سیاسیی و فەرهەنگیی ڕۆشنگەرییدا لە دونیای ئازادیخوازییدا بێ هاوتایە، یەکەمین خەباتی ئازادیخوازییە  کە بانگەوازی تێکشکاندنی سیستەمی پیاوسالاریی  دەکات و باوەڕی بە هاوتەریبکردنی خەباتی ئازادیخوازیی ژنان و خەباتی ئازادیخوازیی نەتەوەییە، تەنیا خەباتێکی ئێستای جیهانە کە پارادیگمی ئازادیی بۆ تەواوی پێکهاتە ئایینیی و مەزهەبیی و ڕەگەزییەکان هەیە و هانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و یەکیەتیی مرۆڤایەتیی دەدات، پایونێریی وتاری یەکیەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانییە لە سەر ئاستی سەرانسەریی کوردستان، و ئەو خەباتە ئازادیخوازییە یەکە توانیوویەتی بەرامبەر ماشینی گەورەوگرانی پروپاگەندەی داگیرکەران و دۆستە بەتواناکانی و هەموو هێزی کۆنەپەرستی ناوخۆیی لە خراپترین لە بکوژان و دزان و تاڵانچیەکانی دونیا، ڕابووەستێت.
ئەمە تەنیا ڕەچەتەیەکە مرۆڤی کورد لە ژێردەستەیی و چەوساندنەوە ڕزگار دەکات.
کاتێک گەریلایەک لەوپەڕی لە خۆبردووییدا، گیان لە سەردەست و دەم بە پێکەنین، خاوەن ئیرادە و باوەڕبەخۆ و بە گەلی خۆ و ڕوو لە ئاسۆ و ڕێ لە سەرکەوتن، دەبینیت، چۆن دەتوانیت ئۆجەلان لە پشت ئەم کەسایەتییەوە نەبینیت؟
کاتێک ڕێپێوانی بێوچانی بێکۆتایی ناو گەرما و سەرمای دەیان هەزار لە دڵسۆزانی نەتەوەکەت لە تەواوی دونیادا دەبینیت، چۆن دەتوانیت ئۆجەلان لە پشت ئەم کەسایەتییانەوە نەبینیت؟
کاتێک کەسایەتییەکانی قەندیل لەوپەڕی ماندوونەناسیی و شەونەخونیی و تۆلەرانسیی سیاسیی و قووڵیی لە بیر و هزردا دەبینیت، چۆن دەتوانیت ئۆجەلان لە سیما و ئەقڵ و کرداریاندا نەبینیت؟
کاتێک بە دەیان هەزار زیندانی سیاسیی لە گرتووخانە تاریک و توونەکاندا دەبینیت کە مل بە داگیرکاریی نادەن، چۆن ئۆجەلان لە بە پێوە وێستانیاندا نابینیت؟
کاتێک پارلەمێنتاری هەڵبژێردراوی نەتەوەکەت لە ژێر میچی دەسەڵاتدا دەست بە چاوی نوێنەرانی داگیرکەراندا دەکات، چۆن هزر و ئازایەتیی ئۆجەلان لە پشت ئەم کەسایەتییانەوە نابینیت؟
کاتێک هەموو دونیای ئازادیخواز هەستابووە سەرپێ و لە نیوەشەودا لە ماخولیای فڕیندا بوو بۆ کۆبانی، بۆ بەشداربوون هاوسەنگەریی لەگەڵ پاڵەوانانی ئازادیخوازیی کورددا، چۆن ئۆجەلان لە پشت ئەم داستانەوە نابینیت؟
کاتێک پروپاگەندەکان لە قاقای پێکەنینیان دەدا کە ئۆجەلان سبەینێ تەسلیم دەبێت، کە قەندیل دێتە خوار، کە گەریلاکان نەماون، چۆن دەتوانیت ئۆجەلان لە پشت تێکشکاندنی ئەم میتگەراییەوە نەبینیت؟
کاتێک گەریلا بوون بە فریشتەی ئاسمانی شەنگال بۆ منداڵانی زەردوسووری تۆ کە لە چنگی داعش لە تەپوتۆزی ڕێگا و گەرمای خۆرەتاودا گیانیان دەسپارد، چۆن دەتوانیت ئۆجەلان لە پشت ئەم داستانی ئابڕوومەندییەوە نەبینیت؟
کاتێک بە سەری بڵند و قۆڵی هەڵماڵدراوی کار و لەخۆبردوویی فڵان و فیسارەکانی ڕۆژئاواوە دەنازیت و شانازییان پێوە دەکەیت، چۆن کار و خەبات و هزر و ڕێنمایی و فەرمانی ئۆجەلان نابینیەوە؟
کاتێک دەبینیت سیستەمی داگیرکەریی لە باشوور بە ئەڵتەرناتیڤی دژشۆڕشگێڕی لە  ڕێگای کەسانی سووک و پووچەڵ و دز و تاڵانچیی و ساختەباز و بێڕەووشت و بێئەدەب بە ناوی سەرۆک و بنسەرۆکی قەپۆز و قەوچەوە خەریکی زیندەبەچاڵکردنی گەلی مەزنی باشوورە، خەریکی زیندەبەچاڵکردنی هەموو پیرۆزیەکی باشوورە، چۆن کەسایەتی شۆڕشگێڕی ئەڵتەرناتیڤی ئۆجەلان بە بیرتدا نایەت؟
کاتێک دەبینیت سیستەمی داگیرکەریی لە باشوور بە ئەڵتەرناتیڤی دژئازادیخوازیی دێت و باشووری شکۆدارت دەکات بە ژنکوژ، بە منداڵکوژ، بە کەمئەندامکوژ، بە ئابڕوومەندکوژ، دکتۆر لە فریادڕەسییەوە دەکەن بە قەساب و قاچخچی، دایکوباوک لە خودای میهرەبانییەوە دەکەن بە جەلاد و بە ئیبراهیمەکان ئیسماعیلەکان سەر دەبڕن، کە خەڵک فێر دەکەن لە سەر گەلی خۆیان ببن بە جاسووس، بە خائین، بە بندیوار، بە کاسەلێس بە سواڵکەر و بەو شێوەیە لە مرۆڤایەتیان دەخەن، ئایا چۆن هزر و ڕامانی ئۆجەلان فەرامۆش دەکەیت و بەرامبەر بەم کارەساتە ڕای ناگریت و نایکەیت بە سپەری خۆت، ئەو بیروباوەرەی کە وا لە زانستگاکانی ئوروپادا دەبێت بە جێگای باسی جیددیی و ڕێز و پێزانین؟
 قسەی تێدا نییە کە ئۆجەلان سەنگی مەحەکی کەسایەتیی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازە. ئەو کەسایەتییەیە کە دڵخوازانە و ئاگاهانە بڕیاری داوە خۆبەخشانە ئازادیخواز بێت. خۆبەخشانە بە خوناوی لەشی خۆی، بە ڕەنجی شانی خۆی، بە خوێنی خۆی و بە گیانی شیرینی خۆی ئازادیخواز بێت. ئۆجەلان دەزانێت کە تەنیا و تەنیا مرۆڤی دەستپاک و خاوەن ڕەووشتی بەرز و لە خۆبردوو و خۆبەخش مەرجی دروستکردنی فەزایەکی شۆڕشگێڕیی ئازادیخوازانەیە.
کاتێک کە پڕ بە دەنگت هاوار دەکەیت "کات کاتی ئازادییە"! و داوا دەکەیت ئۆجەلان لە زێدی خۆیدا هەوای ژیان هەڵبمژێت، لە ڕاستییدا داوای ئازادیی بۆ دەیان هەزار زیندانی سیاسیی دەکەیت، داوای ئازادیی بۆ گەلێکی بندەست دەکەیت، داوای کار و نان و ئاشتیی بۆ نەتەوەکەت دەکەیت، داوای ئازادیی و سەربەخۆیی بۆ کچان و ژنانی گەلەکەت دەکەیت، داوای ئاشتیی بۆ دۆزێک دەکەیت کە نابێت پشتگوێ بخرێت، بەڵام پێش هەر شتێک داوای ئازادیی بۆ خودی خۆت دەکەیت، بۆ خۆت کە بندەستیت، کە بەشخوراو و بەشمەینەت و گاڵتەپێکراو و بێئەرزش کراویت. داوای ئازادیی بۆ خۆت دەکەیت چون باوەڕداریت کە بە نرخ و بە ئەرزشیت.
بە دڵنییاییەوە ئۆجەلان زانیوویە کە ڕێگای ئازادیخوازیی دژوارە، کە سازکردنی کەسایەتیی بە خاوەباوەڕ، کارکەر و خۆفیداکار و خۆشەویست و بەدەربەست، زۆر زەحمەتە، بەڵام ئۆجەلان لە یەکەم هەنگاویەوە باوەڕی هەبووە کە تۆ مرۆڤێکی چەوساوەیت و حەتمەن زوو یان درەنگ دێیت و بەرگی چەوساوەیی لە خۆت دادەماڵییت و پڕ بە دەنگ هاوار دەکەیت "کات کاتی ئازادییە"!
بە ڕاستیی "کات کاتی ئازادییە"!
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×