هاتو نەهاتەكەی هاتنی كازمی
مەلا بەختیار
2020-09-13   684
دەوڵەتمەداری عێراق مستەفا کازمی تەشریفی ھێنا بۆ کوردستان. بەرنامەی ھاتنەکەی خۆی داینابوو، جێبەجێش کرا.
گەورە و بچوکی کوردستان، جوانیان پێشوازی لێکرد، ھەم میوانداری کوردەواری و ھەم، بە گشتی ئەتەکییەتی سیاسی شیاویان نیشاندا، وێڕای ھەندێک کەموکوڕی کە نەدەبوو رووبدات.
زەقترین کەموکوڕی، خودی کازمی کردی، ھەروا، لە دەڤەری سلێمانیش، بەرپرسە حیزبیەکان، کردیان.
کازمی، دەبوایە بەرنامەیەکی گونجاوتری بۆ دیداری حیزبەکان دابنایە، خۆیشی سەری لە بارەگای سەرەکی حیزبەکان دابا. حیزب بە حیزب. نەک بە ھەرەوەز بیان بینێ!
حیزبەکانیش، بەتایبەتی یەکێتی، نەدەبوو دوور لە ئەتەکیەت، بەشێکی بەرچاوی مەکتەبی سیاسی و سەرووتر و خوارتریش، ریزیان بۆ دیداری ببەستایە. بەھەرحاڵ، با ئەمیش دەرسێکی ئەتەکیەت بێ!
وەکوتر رێسای پێشوازی لە میوانێکی ئاوھا، وا دەخوازێ، بەرنامەی میوانەکە رەچاو بکرێ. نەک ھەر پارێزگایەک، بەرنامە و داخوازی ھەبێ. من، نەم دی و نەم بیست، پارێزگاری ھەولێر و دھۆک، داخوازینامەیان پێشکەش بە کازمی کردبێ. بەڵام بیستم، پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە، لیستی داخوازیان داوەتە جەنابی میوان!
پێم وایە ئەبوایە، لە ھەڵەبجە، سکاڵا و داخوازی بەناوی خەڵکەوە درابا بە کازمی، باشتر بوو لەوەی پارێزگار پێشکەشی کردبا. خەڵک، دوور لە ئەتەکیەت و رێسا، بۆی ھەیە، سکاڵا و داخوازیان ھەبێ. نەخوازە بۆ ھەڵەبجەش. ھەروەک چۆن، جوتیاران لەرێی فڕۆکەخانە، بۆ پارەی نەدراویان، رێیان لە کاروانی میوان گرت. ئەویش، رێزی گرتن و گەڕایەوە لایان.
ئەگەر بشمانەوێ ئەنجامی ئەم سەفەرەی کازمی تاوتوێ بکەین، دەڵێین:
ئەو بەڕێزە، بە ئاستەم نەبێ، بەرنامەی سەفەرەکەی نەگۆڕی. لە وەڵامی میدیاکان و لە کۆبوونەوەکانیشدا، دوو وەڵامی ھەبووە:
یەکەم: لە چوارچێوەی دەستوردا، کێشەکان چارەسەر دەکەن، ئەم قسەیە، لە بەغدادیش دەتوانێ بیکات و لەسەریشی ناکەوێ.
دووەم: داخوازییەکان، ھەڵدەسەنگێنین و بۆئەوەی پارێزگای ھەڵەبجە پەسەند بکرێ، لیژنە دادەنێین!
لە تەواوی سەفەرەکەیدا، گفتێکی کۆنکرێتی نەدا. تەنانەت یەک ملیۆن دیناریشی نەدایە بریندارێکی چارەسەرنەکراوی کیمیاوی ھەڵەبجەش!
لەکۆتاییدا، دەڵێم: بەش بەحاڵی خۆم، لە عێراقدا، جگە لە ھاوسەنگی ھێز لە نێوان کوردستان و بەغداد، لەم قۆناغەدا باوەڕم بە ھیچ گفتوگۆیەک یان پەیمانێک، یاخود رێککەوتنی دوو قۆڵی و سێ قۆڵیش تا سەر نییە. رێکەوتنەکان، تەنانەت بۆ موچەش کاتین.
ھەموو بڕیار و رێککەوتنێک، لەگەڵ سەرۆک وەزیران، یان حیزبەکان، یان ھەر پۆستێکی باڵای تر، پەیوەستی دۆخی سیاسییە.
لە عێراقدا، پڕۆسەیەک بەناوی پڕۆسەی دیموکراسییەوە نییە. دەستەبەری دەستوریش نییە. ئەوە ماددەی (١٤٠) و ئەوەش بودجە و ئەمەش ھێزی پێشمەرگە.
ـ مادەی ١٤٠، دیزە بەدەرخۆنە کراوە.
ـ بودجە و موچە، جگە لەوەی لە ٥% قرتێنراوە، ئەوەی دەشیدەن لە قوڕگی شێر دێتە دەر!
ـ ھێزی پێشمەرگەش، داعش شکێن بوو، کەچی ئەمریکا مانگانە بڕێ بودجەی دەدانێ، عێراق، پۆستاڵێکی بۆ نەناردووە.
ھەقە حکومەتی ھەرێم و حیزبەکان، عێراق وەکو ھەیە بناسن! نەک، وەکو ئارەزوویان لێی ھەیە.
بەھیواشم دوای ھەڵبژاردن، کە رێژەی حیزبەکان دادەبەزێ ھاوکێشەکانی ھەرێم و بەغداد نەگەڕێنەوە خانەی ناردنی ھێزی سەربازی و بەرگری ھێزی پێشمەرگە!