مەلا بەختیار، لە زیندانی نزرۆکە

شاسوار هەرشەمیی
  2020-09-15     2755
کاتێک کە لە ساڵی ١٩٨١ز لە ناوەندی کۆمەڵە، لە نێوزەنگ کارم دەکرد، نزیکەی زوربەی سەرکردە ناسراوەکانی یەکیەتی لەوێ دەمانەوە، یان زوو زوو بۆ کۆبوونەوەکان دەهاتنە ئەو ناوە. هەموویانم بە شێوەی جۆراوجۆر ناسی. بێگومان هەموو کەسێک بە پێی ئاستی تێگەیشتن و لێکدانەوەی خۆی، تەنانەت بێ ئەوەش بەخۆی بزانێت، هەر بە هەستەوە کەسانی دەوروبەری هەڵدەسەنگێنێت. من لە ناو ئەو هەمووەدا، دۆستایەتی تایبەتم لەگەڵ کاک قادری حاجی عەلی و شەهید ئازاد هەورامی بەهێز بوو. بێگومان زۆر بە ئاسانیش دەمتوانی لەگەڵ کاک فوئاد مەعسوم و د. کەمال خۆشناو باسی هەموو بابەتێک بکەم. بە دەیان کادیری ڕیزی پێشەوەش دۆستی نزیکی ڕۆژانەم بوون، کە دواتر ژمارەیەکیان لەناو یەکیەتی و گۆڕان، هاتنە ڕیزی سەرکردایەتی. ئەوانەی کە هەر زوو تێیانگەیشتم پیاوی هاوڕێیەتی نین، دوو کەسی تایبەت بوون. یەکەمیان فەرەیدوون عەبدولقادر بوو، کە بە پێچەوانەی ژنە میهرەبانەکەی، کەسێکی بە فیز و خۆی زۆر لا زل بوو. ئەوەی دیشیان مەلا بەختیار بوو، کە ڕۆژانە چەندان جار چاومان لە چاوی یەک دەچەقی، چونکە سەربانی ژوور و ماڵەکەی وی، حەوشە و بەردەمی بارەگاکەی ئێمە بوو. من ئەو سەردەمە، کاتێکی زۆرم لە کتێبخانەی ناوەندی و ڕاگەیاندن بەسەر دەبرد، کە هەردوو جەزا و چالاک لەوێ خەریکی تایپ کردنی بڵاوکراوەکان بوون.
هەر زوو توانیم باری سێکتاریستانە و خۆ دابڕاندنی مەلا بەختیار بخوێنمەوە، کە تەنیا ژمارەیەک لە کەسانی ناڕازی و دڵشکاو هاتووچۆیان دەکرد. تەنانەت ڕووناک خانی شێخ جەنابی خێزانی یەکەمیشی، لەو ناوە و لە داخانا، هەر خەریکی جگەرە کێشان بوو. بە کورتی هەرگیز و لە هیچ بۆنە و بوارێکدا، ڕۆژێک لە ڕۆژان سڵاوێکیشم لێی نەکرد، چونکە نە هەڵسوکەوتی سەرنجمی ڕادەکێشا و نە دەشمتوانی دۆستایەتی لەگەڵ کەسی وا دروست بکەم. بە دڵنیایی کەسایەتیەکەی هەر ئەوەی لێ دەردەچوو کە بوو. ئەوە بوو بە دزی ڕێکخراوی ئاڵای شۆڕشی لە ناو ڕیزەکانی یەکیەتی دروست کرد. ژمارەیەکی زۆر کەسانی تێکۆشەر و چەپ فریوی سوێند خواردنەکانی بە گۆڕی ئارامیان خوارد و دوای کەوتن. هەندێکیشیان بە هۆی کێشەی شەخسیی چوونە پاڵی. هەر بۆ سەیریی، کەسێکی زۆر دیاری ناو ئاڵای شۆڕش، بە قاسیدێک، نەوشیروان مستەفای ئاگادا کردبووەوە، کە دەیەوێت خزمایەتی لەگەڵ بەهێز بکات و خوشکەکەی بخوازێت. نەوشیروانیش وەڵامی دابووەوە، ئەمە چ پەیوەندی بە منەوە نیە و با بچێت خوشکم ڕازی بکات. بێگومان ئەو چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد، نەوشیروان وەک سەرۆک عەشیرەتێک وەڵامی بداتەوە و بڵێت: برای خۆمە و با خوشکمی پێشکەش بێت وبچێت ئەمەندە مسقال زێڕی بۆ بکڕێت. ئیدی ئەم کادیرەش لە ڕقی وەڵامە هاوچەرخیانەکەی نەوشیروان، دوای مەلا بەختیار کەوت و بوو بە (ئاش، ئاڵای شۆڕش). دواتریش بەشێکی زۆر پارەی کۆکراوەی ئاشی ناوچەی شەقڵاوە و هەولێری برد و لە ڕێگای تورکیاوە تێیتەقاندە ئەوروپا.
کاتێک کە ئاڵای شۆڕش ئاشکرا بوو و مەلابەختیار و چەند کەسێکیان لێ گیرا، من لە ناوچەکانی ڕانیە، بیتوێن و دۆڵی بالیسان بووم. دەنگدانەوەی ئەم جیابوونەوەیە، لامان زۆر کز بوو. لای ئێمەش کادیرانی سەرکردایەتی، ویستیان ڕەفتاری خراپ لەگەڵ ئەوانە بگرنە بەر کە گومانی ئاش بوونیان لێ دەکرا. بە تایبەت کە هەندێکیان بڵاوکراوەی ئاشیان لا گیرا. من دژی ئەوە وەستام و لام وابوو خەڵک ئازادە لە بیروباوەڕ و نابێت ڕێگایان لێ بگیرێت. تەنانەت جارێک پێشنیاریشم کرد، تا ناوەرۆکی بڵاوکراوەکانی ئاش بۆ ئەندامانی کۆمەڵە بخرێنە ڕوو، تا گفتوگۆیان لەسەر بکرێت. بواری ئەمە نەدرا.
ڕۆژێک بیستم کە سەرکردەکانی لای ئێمە، چەکداریان ناردۆتە (هەروتە کەون) و فەیلی برای ئازاد جوندیانیان بە تۆمەتی ئاش بوونەوە گرتووە و لێیان داوە. ئیدی نەمتوانی چیدی بێدەنگ بم و هەوڵی زۆرم دا تا فەیلیم ئازاد کرد. هاوکات ئازاد جوندیانیش، بە هەمان گومان لە کار دوور خرابووەوە و لە هەروتەکەون دادەنیشت. ئەوە خۆی ماوە، من هەرگیز سەرم لێی نەبڕی و هەفتەی جارێک یان پتر دەچوومە ماڵی و دڵی خۆی و ناهیدەی خێزانیم دەدایەوە و باس و خواسی ئەدەبییمان پێکەوە دەکرد.
ڕووداوە سەرەکیەکانی ئاشکرا بوونی ڕێکخستنی ئاش لەناو ڕیزەکانی یەکیەتی و پەیوەندی کردنیان بە پارتی، بە شێوەیەکی سەرەکی لە دۆڵی جافایەتی و سەرگەڵو و بەرگەڵو ڕەنگی دابووەوە. مەلابەختیار و چەند هاوکارێکی لەوێ زیندانی کرابوون و هەڕەشەی ئەوەیان لێ کردبوون کە دەکوژرێن. ئەویش لە ترسی مەرگ، هەرچی لە بیر بوو لەسەر ئاڵای شۆڕش، هەر هەمووی درکاندبوو، بۆیە هەموو سەرەداوەکانی ڕێکخستنەکە لای سەرکردایەتی یەکیەتی ئاشکرا و دیار بوو.
ڕۆژێک دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە کە مەلا بەختیار لە زیندان ڕایکردووە و چۆتەوە ناو حکومەت. دواتر گوتیان گیراوەتەوە. هەندێکی دی گوتیان هەوڵی داوە ڕابکات. وەک گوتم شوێنی زیندانی کردنەکەی لە ئێمە دوور بوو. خۆیشی کەسایەتیەکی وا گەلێر نەبوو لای پێشمەرگە و ڕێکخستنەکانی ناوچەکە، بۆیە بایەخی وا بە چارەنوس و هەواڵەکان نەدەدراو و هەرگیز نەمانزانی ڕووداوەکە چۆن بووە.
زۆر بەسەر ئەم هەواڵانەدا تێنەپەڕی، هەردوو شەهیدان عەبدولڕەزاق و حەسەن کوێستانی، شوێنێکیان لە پشت ماڵی باوکم هەڵبژارد، تا بنکە و زیندانێکی پتەوی تێدا دروست بکرێت. دایک و باوکم و برایەکم و خوشکم، دوای چەندان جار گیران و دەست بەسەر خانوەکەمان دا گیران، لەلایەن بەعسەوە، لە شاری هەولێر دەرکران و منیش لە نزرۆکە، لە نزیک گوندی توتمەی نێوان خەتێ و بالیسان، ژوور و هەیوانێکم بۆیان دروست کرد. بە تەنیشتمانەوە ماڵی هەژار کانی مارانی بوو. ئەملا و ئەولاشمان ماڵی شەهیدان حەسەن کوێستانی و عەبدولڕەزاق بوون. ئەو شوێنەی بۆ زیندانی هەڵبژێردرا، ڕێک پشت ماڵی باوکم بوو. لە گەرمەی کڕینی چیمەنتۆ و گەچ و کەلوپەلی خانو، هەردوو سەرکردەکە پێیانگوتم کە مەلا بەختیار دەهێندرێتە ئێڕە و ناشبێت کەس بزانێت. بۆمن مایەی سەرسوڕمان بوو، چونکە بە نهێنی گواستنەوەی زیندانێک، لە دۆڵی جافایەتی ناوچەی شارباژێڕ بۆ نزیک بالیسانی سەر بە شەقڵاوە، کارێکی ئاڵۆز بوو.
کاتێک کە خانوەکە تەواو بوو، سەرنجم دا لە دوو بەش پێکهاتووە. دوو ژوور و هۆڵ و حەمام و ئاودەستێک لە لایەکەوە، ژوورێکی دیش بەرامبەریان، کە هەر لە ناو ژوورەکە خۆیدا، حەمام و ئاودەستی بۆ دروست کرابوو. هەموو خانووەکەش دیوارێکی بڵندی بۆ کرابوو. تا ڕادەیەکی زۆر لە ماڵە پێشمەرگە دەچوو. پێش گەیشتنی مەلا بەختیار، هێڵی کارەبا و چەند گلۆپێک و تەلەفزیۆنیان بۆ دابین کرد. سەرەتا ماڵە پێشمەرگەیەک هاتنە ناو خانووەکە، کە باوک و دایک و سێ کوڕی گەورەیان بوون. ئیدی زانیم کە پاسەوانی کردن لە مەلا بەختیار و خواردن بۆ دروست کردنی، خراوەتە ئەستۆی ئەم خێزانە پێشمەرگەیەوە و کەسی دی بۆی نەبوو بچێتە لایان. شەوێکی تاریک مەلا بەختیار گەیەندرایە ژوورەکەی. بەیانیەکەی چوومە ئەوێ، کابرا ڕەنگی پەڕیبوو. من ڕێگا پێدراو نەبووم تا بیدوێنم، بەڵام وا پێدەچوو بە درێژایی ڕێگا، هیچ زانیاریەکی پێنەدرابێت کە بۆچی و بۆ کوێی دەبەن.
بێگومان جگە لە هەردوو حەسەن کوێستانی و عەبدولڕەزاق، هیچ کەسێکی دی، جگە لە ماڵە پاسەوانەکە، مەلایان لەو ژوورە نەدەدیت. من چەند جارێک چوومە ئەوێ و مەلا لە ژوورەوە بوو. بێگومان وەک لە پاسەوانەکانی بیستم، کتێب و دەفتەر و کاغەز و ڕادیۆشیان بۆ لە ژوور دانابوو. ئێستاش تێنەگەیشتم چۆن و بۆچی ڕێگا لە چوونی من نەگیرا. بێگومان هەردوو شەهیدان عەبدولڕەزاق و کوێستانی، پەیوەندی زۆر نزیکیان لەگەڵم هەبوو و دەیانزانی من کێم و چۆن بیر دەکەمەوە و باوەڕی زۆریان پێ دەکردم. ڕەنگە هەر ئەم هۆیەش بووبێت کە دەمتوانی بچمە ئەو ماڵە تەمومژاوییە پڕ لە تەلیسمە. بێگومان هەر وەک هەڵوێستم بەرامبەر گیران و ئازاردانی فەیلی و دوورخرانەوەی ئازاد جوندیانی، هەمان هەڵوێستیشم هەبوو بۆ ئازار نەدان و بەردانی مەلا بەختیار. من بۆ خۆم دڵنیا بووم کە تەنیا لە دەرەوە و بە ئازادیی، مەلا بەختیار و کەسانی دی دەتوانن بیسەلمێنن ڕاست دەکەن یان نا. هاوکات پاشماوەی ئاش، کە پسولەی پاسدارانیان بۆ کرابوو تا بچنە ناو ئێران، لە نزیک بنکەکانی پارتی لە ئۆردوگای زێوە، چادر و خانویان بۆ دروست کرابوو. بە هەمان شێوەی پارتیش، چەک و فیشەک و خۆراکیان مانگانە لەلایەن سپای پاسدارانی ئێرانەوە بۆ دابین دەکرا. پارتیش هەفتەی چەند ڕۆژێک، لە ڕادیۆکەی خۆیان لە ڕاژان، بەرنامەی بۆ دانابوون، تا قسەی تێدا بکەن، یان لە ڕاستیدا بەشێک بن لە شەڕە قسە دژی یەکیەتی.
مەلابەختیار، کە لەو دابڕاندنەی ترسی زۆری لێ نیشتبوو، هاتووچۆی منی قۆستەوە تا هەر چۆنێک بێت، دەنگی بە دەرەوە، ئەگەریش کرا بە سەرکردایەتی یەکیەتی بگات. ئەو زیرەکانە سەرەتای پەیوەندیەکەی دانا و منیش دژ نەبووم. سەرەتا لە ڕێگای یەکێک لە کوڕە پاسەوانەکان، پارچە نوسینێکی بۆ ناردم، کە بە فارسیی بوو. تکای کرد تا بۆی بکەمە کوردیی. جارێکی دی داوای فەرهەنگی عەمیدی لێم کرد، کە لەو شوێنە، لای کەسمان دەست نەدەکەوت. دوای داوا کردنم، ڕێگایان بە من دا، تا هەر کتێبێکم لا باش بێت بۆ مەلا بەختیاری بنێرم. ئەو لە پەڕە کاغەزێکدا، کە پاسەوانەکەی بۆمی هێنا، ئاگاداری کردمەوە کە هەوڵ دەدات فێری فارسی بێت، ئەگەر یارمەتی بدەم. وا ڕێک کەوتین کە ناو بە ناو، لیستێک بەو وشانەم بۆ بنێرێت، کە دەیەوێت واتاکانیان بزانێت. سەرەتا کارەکان وا ڕۆیشتن و من وشەکانم بۆ دەکردە کوردی و دەمدایەوە پاسەوانەکەی.
ئیدی ڕۆژێک، لەگەڵ لیستی وشە فارسییەکاندا، لە کاغەزێکی جیا، گوتارێکی نوسیبوو، کە زۆر بە توندی پشتگیری لە هەڵوێستەکانی یەکیەتی دەکرد. دیار بوو کە ئەو ڕۆژانە لە ڕێگای گوێ گرتن لە بەرنامەکانی ڕادیۆی گەلی کوردستان، ئاگاداری بۆچوونی یەکیەتی لەسەر ڕووداوەکان بوو، بۆیە چەندان جاری دیش گوتاری بۆ ڕادیۆکە دەنوسی و تکای لێم دەکرد تا بۆیان بنێرم. گوتارەکان پتر ماستاو کردن بوون بۆ سیاسەتی یەکیەتی. من دوای دوودڵیەک، بڕیارم دا تا گوتارەکانی بنێرم. وا بزانم ئەو کات هێشتا ئەرسەلان بایز لێپرسراوی ڕاگەیاندن بوو. بۆ خۆم لە ڕاگەیاندن کارم کردوو، بۆیە دەمزانی هەموو گوتارەکان دەخرێنە تەنەکەی خۆڵەوە.
لەبیرمە لە ساڵی ١٩٨١، کە بەرنامەیەکی هەفتانەم لە ڕادیۆی (دەنگی شۆڕشی عێراق/ کە هێشتا ناوەکەی نەگۆڕابوو) هەبوو، بەناوی (دەنگی خوێندکاران)، جار بە جار کادیرانی زۆر ناسراوی یەکیەتی لەسەر بابەتی ڕۆژانە و پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی دی، گوتاریان دەنارد، بەڵام ئەرسەلان، بێ ئەوەی بیانخوێنێتەوە، دەیخستنە تەنەکەی خۆڵەوە. تا ڕۆژێکیان ناچار بووم و دەنگم هەڵبڕی و پێمگوت هەر هیچ نەبێت بیانخوێنەوە، ئینجا فڕییان بدە! لە وەڵامدا، گوتی بڕیارم بۆ هاتووە، لەسەر هەندێک مەسەلەی سیاسی و پەیوەندی بە هێزەکانی دیەوە، تەنیا گوتارەکانی مامجەلال، نەوشیروان، یوسف زۆزانی و فەرید ئەسەسەرد بێ سانسۆر دەخوێندرێنەوە و هەموو ئەوانەی دیش، باش بن یان خراپ، فڕێ دەدرێن، چونکە سیاسەت لەگەڵ هێز و دەوروبەر، بە بەردەوامی لە گۆڕان دایە و ئەوانەی ئاگاداری دوا بۆچوون و گۆڕانکاری نین، بە دێرێک، ماندوو بوونی چەندان ڕۆژ و چەندا کەس هەڵدەوەشێننەوە.
بێگومان مەلا بەختیاریش دەیزانی کە گوتارەکانی بڵاوناکرێنەوە. ئەو تەنیا مەبەستی ئەوە بوو تا بیسەلمێنێت، پەشیمانە و لەگەڵ سیاسەتی یەکیەتی دایە و ئامادەیە بەرگری لێ بکات، تا بەڵکو هەڕەشەی کوشتنی لەسەر لا بچێت، یان بەڵکو ئازادیش بکرێت. بارەکە هەر وا نەمایەوە. لە هاوینی ساڵی ١٩٨٨ز، مامجەلال لە دەرەوە بوو. سەرکردایەتی یەکیەتی بە نیازی تاوتوێ کردنی بارودۆخ، هەموویان هاتنە دۆڵی بالیسان. ئێمە لە دۆڵەکە، نزیکەی بە تەواوی ئابڵۆقە دراو بووین و مەترسی هەڕەشەی هەمەلایەنەمان لەسەر بوو، چونکە شەڕی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق وەستابوو. دوای کۆبوونەوەی کۆمیتەی سەرکردایەتی، لەسەر هەندێک بابەت داوایان لەمن کرد تا بچمە لای دکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملو لە ئێندزێی بناری قەندیل. لەو سەروبەندەدا، باری دەروونی مەلا بەختیار گۆڕا. مولازم عومەر، کە لەگەڵ مەلا، ژن خوشک بوون و بۆ کۆبوونەوە لەوێ بوو، چەند جارێک هاتە زیندان و لای دانیشت. پێدەچێت کە جۆرێک لە دڵنیایی پێدابێت کە ناکوژرێت. ئا لەم بارودۆخە ناسکەدا، سوپای عێراق پەلامارێکی گشتی بۆ دۆڵەکانی هیران، بالیسان، وەرتێ و بناری قەندیل دەست پێکرد. ئێمە هێزەکانمان دابەش کرد. بەشێک بە پارتیزانی مانەوە، بەشێکیشمان بۆ قەندیل کشاینەوە. دواتر زانیم کە مەلا بەختیار، بەناو ئەو هەموو مەترسیانەدا، بۆ بناری قەندیل و دواتر ژوورێکی قاسمە ڕەش گواستراوەتەوە. لەوێ، وەک خۆشم لە سەردانەکانمدا دەمدیت، پێشمەرگەکانی کوێستانی سەرپەرشتی و پاسەوانیان لێ دەکرد، تا بەرەڵڵا کرا. من هەرچەند زۆر چیرۆکی ئەو سەردەمەشم لە سەری، لە پێشمەرگەکان بیستووە، بەڵام چونکە خۆیان زۆریان لە ژیاندا ماون، هیوادارم ئەوان ئەو بەشەی تەواو بکەن.
ئەوەی لێی دڵنیام، مەلا دوای بەردانیشی، خاڵی لاوازی لای سەرکردایەتی یەکیەتی ئەمەندە زۆر لەسەر تۆمار بوون، بە دڵنیایی گوێڕایەڵی وان بووە و بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئاش و گەڕانەوەی بۆ ناو یەکیەتی، هەر دوای بەردانی دەستی بە کار کردووە.
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×