تۆ بڵێی خێرەومەندێک زانیارییەکمان نەداتێ!

سامان عەلی حامید
  2020-09-18     963
ماوەیەکی کەم نییە مرخ لەو ڕووبەرە بەرینە لە زەوی و زاری ڕێگای ڕاپەڕین یاخود تاسڵوجە خۆش کراوە و نیاز وایە دارسنەوبەرەکانی گوێ ڕێگاکە وشک بکرێن و پاشان بسووتێنرین وەک ڕێگە خۆشکردنێک بۆ داگیرکردن و پاشان کردنی بەو پڕۆژە بازرگانییەی کە مەگەر هەر خوا و خاوەنی پڕۆژەکە بۆ خۆیان بزانن ئەکرێت بە چی! لەم سەروبەندەدا دوێنێ چاکی پیاوەتی لێ کرا بە لادا و ئاگر لە بەشێکی باشی بەردراو و سووتێنرا، واتە موژدە بێت پەیتا پەیتا پڕۆژەکە ئەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەڕاستییدا ئەوەی کە لە ڕووداوی سووتاندنی ئەو دارستانەدا سەیرە، داگیرکردنی ئەو پانتاییە فراوانە نییە لەو سەر ڕێگا دوورودرێژە لە کاتێکدا کە داگیرکردنی ڕۆژانەی زەوی و گرد و تەپۆلکە و دارستانەکانی ئەم شارە بە بەر چاومانەوە بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی و باو و نۆرماڵ، بەڵکو ئەوەی کە سەیرە لێدوانی یەک لە دوای یەکی کەسانی دەستڕۆیشتوو و لێپرسراو و بەرپرسی حیزبیی حزبی دەسەتڕۆیشتوو و دەسەڵاتداری سلێمانییە، کە بە قەدەر سەرسوڕمانی ئێمەی خەڵکی سادە و بگرە زیاتریش سەریان لەو کارە سوڕماوە و دا ماون!
هەمووان تیاماون و حەپەساو و ئەبڵەقن و، بە دەم ئەفسوس و کێشانی چەپۆکی داخ بە سەر ئەژنۆیاندا، لەو بارەیەوە ئەدوێن و ئەنووسن و، ئەو پرسیار و سەرسوڕمانەی کە ئێمە بۆ دەستکەوتنی وەڵام لەو بارەیەوە لە ئەوانی ئەکەین، ئەوان لە بری وەڵامدانەوەی ئەچن لە ئێمەی ئەکەنەوە و پێمان ئەڵێن؛ ئەوە کێیە وا لەم شارە ئەکات؟! ئەرێ ئەوە کێیە وا لەم شارە ئەکات خێرتان ئەگات پێمان بڵێن با ئێمەیش بزانین؟! تۆ بڵێی بوونەوەری ئاسمانیی نەبن!
لەمە سەیرتر لێدوانی بڕێک پەڕلەمانتارە، کە هەر جارێک ڕووداوێک لەم وڵاتەدا ڕووئەدات ئەمان دەسبەجێ دێنە سەر خەت و ئەڵێن؛ زانیاریی تەواو لای ئێمەیە و، ئەگەر ئەو کارە بە زووترین کات ڕانەگیرێت، سڕ و تڕی ئەنجامدەرانی هەڵئەماڵین! وەک ئەوەی بیانەوێ ئەم هەڕەشەیە لە میدیاکانەوە بگاتەوە بە گوێ و بە چاوی لایەنی پەیوەندیدار و ئەویش هەڕەشەکە بە ڕاست وەربگرێت و بەڵکو ئەمە خوایە لایەکی خێریان لێ بکاتەوە و پێیان بڵێ؛ بابە بەس ئێوە دەنگ مەکەن، چەندتان پارە ئەوێ ئەتاندەمێ!
هەردوو دەستەکەیش، واتە ئەو لێپرسراوە حیزبیانەی کە وا خۆیان نیشان ئەدەن کە ئەو ڕووداوە ئەبڵەقی کردون و نازانن چ باسە و هەر ئەڵێی لە سەر بانێکی بەرزەوە بەردراونەتە خوارەوە، لەگەڵ ئەو پەڕلەمانتارانەی کە پێمان ئەڵێن بوێریی درکاندنی هەموو ڕاز و نهێنییەکمان هەیە بەڵام ناوێرن قەرەی زۆر شت بکەون و زۆر شت بڵێن، ڕاست ناکەن و هەردوولا بەشداری گەمەیەکی ناشیرینن کە پێی ئەوترێ؛ خۆڵ کردنە چاوی خەڵک. مەگەر کێ لەم شارەدا ئەتوانێ بەبێ پرسی دەستڕۆیشتوانی ئەم شارە پەنجە بکات بە ئاودا؟! مەگەر کێ نازانێ دەستڕۆیشتوانی ئەم شارە کێن و چ کارەن؟!
ئێوە بیست و نۆ ساڵی ڕەبەقە سروشتی دڵڕفێنی سلێمانی تێکئەدەن و ناشیرین ئەکەن، هەرچی ئاوی شیرینی ئەم شارەیە گووتان تێ کرد و کردتانن بە زێراب، کوانێ قلیاسان؟ کوانێ ئاڵیشە؟ کوانێ کانی شەکراو؟ کوانێ، کوانێ ئەو هەموو ئاوە شیرین و سازگار و کەوسەرەی کە لەم شارەدا هەبوون؟! زەوی نەما بیکەن بە بانزینخانە و باڵەخانە و بازاڕ، شار یەکپارچە کۆنکرێت ئەچێتەوە. سەردەمی زوو، ئەو دەمەی کە ڕۆژ ئەگەیشتە ئێوارە، پێرەمێرد واتەنی؛ کاتێک کە ڕوومان ئەکردە گۆیژە عەرشی پەروەردگارمان لێ دیار بوو و، دامێنی گۆیژە وەک بەهەشتی ئاودار بوو! ئەی ئێستا چی؟! ئێستا چاومان بەرایی نایەت یان با بە ڕاشکاویی پێتان بڵێم بێزمان نایەت ڕووەو شاخی گۆیژە بڕوانین، بۆچی؟ چونکە چاوچنۆکیی و تەماح و تێرنەبوونی ئێوە لە پارە پەیداکردن ئەبینین! مەگەر بوارێک ماوە بۆ پارە پەیداکردن کە ئێوە لەم شارەدا نەک هەر سەرتان تێ نەکردبێت بەڵکو بۆ خۆیشتانتان پاوان و قۆرخ نەکردبێت؟! 
ئەو ڕەونەق و تەلیسم و ئەفسونەی کە جاران چیای گۆیژە هەیبوو، ئێوە لەناوتان برد. ئێستا کاتێک کە ڕووەو گۆیژە ئەڕوانین عەرشی پەروەردگار نابینین بەڵکو ئەو سندوقە کۆنکرێتییانە ئەبینین کە ناوتان ناوە شوققە و یەکەی نیشتەجێبوون و بێجگە لەوەی کە بە نرخی خەیاڵیی ئەیانفرۆشنەوە پێمان دیمەنی جوانی چیاکەیشتان پێ ناشیرین کردون. سەرەڕای هەموو ئەوانە و لەبری ئەوەی لە هەموو ئەو ناهەقییانەتان داوای لێبووردن بکەن کە دەرهەق بە ئەم شارە و سروشت و ژینگە و جوگرافیای ئەم شارەتان کردووە، دێن درۆمان لەگەڵ ئەکەن بێئاگایی خۆتان پیشان ئەدەن و وەکو ئێمە نزا لەو کەسانە دەکەن کە سلێمانییان بەو دەردە برد و بەو دەردەی ئەبەن؟!
خۆتان نەبان مەکەن وەک ئەوەی نە باتان بینیبێت نە باران، ئێوە بە بەرنامە ئەم شارە ناشیرین و وێران ئەکەن و بۆ ئەو مەبەستەیش ماستەرپلانتان هەیە، ماستەرپلانی پارە کۆکردنەوە. لە سایەی خاک و زەوی زۆر و زەوەندی ئەم شارە هەموو بوون بە خاوەنموڵک و ساحێب بازاڕ و باڵەخانە و شوققە و کۆمپانیا و بۆ خۆتان دانیشتون موڵکانە وەرئەگرن و ئاگاتان لەوە نییە مووچەخۆری ئەم وڵاتە کاتێک مووچەیەکیان ئەدرێتێ کە نەزانن و بیریان نەیەت مووچەی پێشتریان کەی وەرگرتووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×