چارەنووسی "جنێو" - (بەبۆنەی کاردانەوە سیاسی‌و کەلتورییەکانی ئەم چەند ڕۆژەی کوردستانەوە)

وەلید عومەر
  2020-09-18     711
جنێو، کردارە. کردارێکی زمانی. کردارێکە خۆی لەبنەڕەتدا شاردنەوەی کردارێکی ترە(کە لەدوا ئەگەردا کوشتنە)، بەڵام ئەمڕۆ و بگرە دەمێکیشە وەک کردارێکی کرچ و ڕاستەوخۆ سەیردەکرێت کە جۆرێکی ڕاستەوخۆیە لە توندوتیژی. زۆرجاریش کردارێکی هێند شاراوە نیە و مرۆڤەکان لەپشت پەردەی ڕەمزییەوە بەرامبەر یەکتری بەکاریدەهێنن، بەڵام مادام کەلتور خۆی پانتایی واخۆدەرخستن و نمایشە ناچارییەکانە، ئەوا دەبێت جنێوەکان دزەنەکاتە ناو پانتاییە ڕەمزی و کەلتورییەکە. هەموومان دەزانین جنێودان هەیە، بەڵام وا خۆمان دەردەخەین شیاوی بەکارهێنان نیە. زۆرێکمان تێزەکەی فرۆیدمان بیستووە کە دەڵێت: ئەوەی یەکەم بەردی بناغەی شارستانیەتی دانا، هەر ئەو کەسە بوو کە یەکەم جنێوی دا. لە سادەترین لێکدانەوەدا، ئەم قسەیە واتە: قسە دەکرێتە بەدیلی کوشتن. لەجیاتیی ئەوەی بەشێوەیەکی فیزیکی بتسڕمەوە و چەشنی مرۆڤەکانی پێش شارستانیەت سەرت هەڵکەنم، ئەوا کوشتنەکەت دەخەمە نێو ڕستەیەکەوە. ڕستەکە خۆی کردارێکی بڵندبووەوەی کوشتنە. جۆرێک لە گۆڕینی ئاراستەی وزە دەروونییەکەیە، و دواجار کوشتنێکی سیمبوڵییە. گەر جنێو نەبووایە، نەدەکرا شارستانیەت بەم فۆرمەی ئێستا بنیاتبنرێت و مرۆڤەکان زیادیاننەدەکرد و زمانیش ڕەنگە بەم جۆرەی ئێستا گەشەی نەکردایە(لە ئاستی پێچاوپێچی تردا، زۆر دیاردە و کایەی تری مرۆیی هەمان پێگەی جنێویان هەیە و بۆ سازکردنی شارستانیەت جێی بایەخن). دیارە خاڵە ئاڵۆزەکە لێرەدایە کە جنێو هەروا بەشێوەیەکی میکانیکی جێگرەوەی کرداری سڕینەوە نیە، بەڵکو بەهۆی دووبارەبوونەوەی بەردەوامیەوە لەنێو شارستانیەت و کەلتورەکاندا گۆڕاوە بۆ تارمایی کوشتن، یان درووستتر بیڵێین: میتافۆری کوشتن. هەر میتافۆرێک جێگرەوەی وشەیەکی ترە، کردارێکی ترە، کوشتنێکی تر. هەر جنێوێک، کوشتنێکی لەدەستچووە، بەڵام لەدەستچوونەکە بەر لەوەی لەدەستبچێت، لەدەستچووە. شتێکە چەشنی ئۆبێکتی بچوکی a لە دەروونشیکاریی لاکاندا. ڕەنگە لەبەر ئەمەش بێت جنێوەکان هەرگیز پڕاوپڕ ناتوانن قەرەبووی کوشتنەکان بکەنەوە و بونیادی دووبارەبوونەوە و هەزاربارەبوونەوەیان لە هەناوی خۆیاندا هەڵگرتووە. جنێو هێنانی پاڵنەری مەرگە بۆ ناو کەلتور، کەلتور چیدی کوشتنە بایۆلۆژی و جەستەییەکان دەگۆڕێت بۆ نەفی و کوشتنی ڕەمزی.
 ئاشکرایە لەڕووی ڕیشەناسییشەوە جنێودان(swearing) لە هەمان کاتدا بە واتای "سوێندخواردن" دێت و ڕەهەندێکی پیرۆزی هەیە. ئەمەش بەر لە هەر شت، سەرتاپای ڕووبەری زمان دەگرێتەوە کە هەر وشەیەک دەشێت هەڵگری پێچەوانەکەی خۆی بێت چونکە شاهەستە چەپێنراوەکانی مرۆڤ بریتییە لە کینەڤین(کینە + ئەڤین) لە یەک کاتدا. وزە دەروونییەکەی مرۆڤ و کۆی شارستانیەتیش لە هەر ساتێکدا دەتوانن بەئاسانی وەرگەڕێنە سەر کینە یاخود ئەڤین. وزەی دەروونی دەبێت لەو دوو هەستەدا بخرێتەگەڕ، ئیدی ئەوە ئیشی کەلتورەکانە چۆنی دابەشدەکەن. داهێنانی ئەو هەمووە سانسۆر و عورفە مرۆییە وایکردووە تەنیا لە هەندێک شوێنی زەقدا جیاکارییەکە دەرکەون، گەرنا سنورێکی ئەوتۆ لەنێوانیاندا نیە. ئەوەی نەتوانین بیکەینە بەشێک لە خۆمان و لە قودسیەتەکەیدا بتوێینەوە، ئەوا نەفیی‌دەکەین و لەڕێگەی جنێوێکەوە دەریدەکەینە دەرەوە. گەرچی جنێو دیاردەیەکی گەردوونییە، بەڵام دابەشکردنی ئابوریی دەروونیی کەلتوری کوردی، دابەشکردنێکی ناتەندرووستە. تۆڕە بەناو کۆمەڵایەتییەکان، کە ئێستا نوێنەری پانتایی کۆمەڵایەتیین، شایەتی ئەوەن. سیاسەتیش لە فۆرمە حیزبییە خێڵەکییەکەیدا، ئەم جنێوسازییە بەرهەمدێنێتەوە و گوژمی کوشتنەکان بەسەر زماندا دابەشدەکاتەوە- ئیدی لە کوشتنی سیاسییەوە تا کوشتنی کەلتوری و هتد. جنێو دیاردەیەکی جەوهەری نیە کە هەمیشە بۆ یەک مەبەست بێت و یەک ناوەڕۆکی دەرەمێژوویی نەگۆڕی هەبێت، بەڵکو بڕەکەی کەم‌وزیاد دەبێت و ئەرکەکانیشی لە گۆڕاندان. ئەوەی ناگۆڕێت بنک و بونیادە مێژووییەکەیەتی کە دەبێت کەلتورێک توانای خۆتێپەڕاندنی هەبێت و جنێو بخاتەوە شوێنە پەراوێزییەکەی خۆی. ئێستا کە دەوترێت خەڵک نائومێد و ماندووە، جنێو شتێک لە ڕەوایەتیی هەیە، بەڵام ئەوەی ناگۆڕێت ئەو زیادەجنێوەیە کە سبەی و دووسبەی هەر بەردەوامدەبێت و بەسەر دۆخی تردا خاڵیدەکرێتەوە. ئەوەی پەیوەندیی بە کایەی ڕۆشنبیرییەوە هەیە ئەوەیە کە دەتوانین بڵێین: لە هەر کۆمەڵگایەکدا هەژاریی تیۆری هەبوو ئەوا هەژاریی زمانیش بوونی دەبێت- لەوێشەوە هەژاریی جنێودان. زمانی زبر شتێک نیە بەتەواوی بکرێتەدەرەوەی شارستانیەت، بەڵام دەکرێت گوژم و تراوماکانی دابەشکرێت و لاوازبکرێت و لە بەشەخسیکردن داماڵرێت. جنێو خۆی شتێک نیە بە کەم وەرگیرێت، چونکە جار هەیە گوزارشت لە بنبەستێکی مێژوویی دەستەجەمعی دەکات، تەعبیر لە پەنگخواردنەوەیەکی کەلتوری و زەینی دەکات کە لە سەرچاوەوە حەلنەکراوە. ئەم زەبروزەنگە زمانییە و ئەم فیچقەکردنەی جنێو، شتێک نیە لە ساتێکی دیاریکراودا کورتکرێتەوە و ببەسترێت بە یەک هۆکار و یەک قۆناغەوە. شارستانیەت چەندین قۆناغ و فۆرمی کۆمەڵایەتی و سیاسیی بەڕێکردووە، بەڵام بەکارهێنانی زمان و مامەڵەی شارستانی بە زمانەوە شتێکە نەگۆڕ دەردەکەوێت. ئەمڕۆ لەناو ئەو قۆناغەی شارستانیەتداین کە پتر لە بەربەریەتەوە نزیکە و سەرمایە و ئەبستراکتبوونەوەی پەیوەندییە مرۆییەکانی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، بەڵام هێشتاش پەیوەندیی زمان و شارستانیەت شتێکی کۆنکرێتی و بەرجەستەیە و زمان ئەو میراتە دێرینەی شارستانیەتە کە دەکەوێتە پێش و پاشی سەرمایەشەوە. شتێکی ساویلکانەیە گەر پێمانوابێت لەگەڵ کەمبوونەوەی گرفتە ئابورییەکانی مرۆڤدا، زبریی ناو زمان کەمدەبێتەوە و چەندین ئەزموونی بچوک و گەورەش دەریدەخەن کە مرۆڤ هیچ فۆرمێکی جێگر لە ژیان شکنابات کە زمان بەتەواوی هێوربێتەوە و لە سڕینەوە پاککرێتەوە. زمان و دیاردە تیژەکانی ناوی، بارێکی ناچاریین بەسەر مرۆڤەوە و بە تۆزێک ئاگاداربوون لە هزری سەدەی بیستیش تێدەگەین زمان لەوە ئاڵۆزترە کورتکرێتەوە بۆ ئامرازی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕ. زمان، تۆڕێکی وجودییە کە بەسەر ئابورییە دەروونییە فەردی و دەستەجەمعییەکانماندا هەڵخراوە.  
لە مشتومڕە حیزبی و سیاسییەکانی نیو سەدەی ڕابردووی کورددا شێوازی پەلامار و جنێوەکان زۆر بەرایی و ڕاستەوخۆ و بێ‌میدیۆمن. ئەوەی لەو نێوانەدا ونە، حزووری قورسی شارستانیەتە(ئەویش بەتایبەت بەو مانا ئاڵۆزەی کە تۆتالیتاریزمێکی ڕێکخراویشی نەبووە لە چەشنی ئەوانەی خۆرئاوا کە ئەزموونکردن و هاوکات بنبەستی ڕەهای شارستانیەتیش بوون). تیۆر خۆی بەشێکی شارستانیەتە. تیۆر وەک پێگەی ئۆنتۆلۆژی شتێکی پیرۆز نیە، بەڵکو لانیکەم پاڵاوتنی بەدەویەتە. دواخستن و پارچەکردن و شاردنەوەیەتی. زمان بۆ ئەوەی شارستانی بکرێتەوە، سەرەتا بەشێوەیەکی ئامرازی کاری پێ دەکرێت. لەڕاستیدا لەپاش ڕاپەڕینەوە، و بەتایبەت لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا وردەوردە کاری گرنگ بە زمانی  کوردی کراوە، هەم لەڕووی پەروەردەوفێرکردنەوە و هەمیش لەڕووی چاپی کتێب و میدیا و کایەکانی ترەوە. بەڵام ئەوەی حەلنەبووە، پێگەی "جنێو"ـە لەنێوان مرۆڤی کورد و کایەکانی ژیانیدا. لەنێوان خۆی و ئەویتردا، لەنێوان خۆی و مێژووەکەیدا. سیاسەت کە زوو دەبێتە جێی لاساییکردنەوەی خەڵک، لە فۆرمە حیزبییە کوردییەکەیدا، مامەڵەیەکی بە زمانەوە کردووە کە کەلتورەکە خۆیشی هەروا مامەڵەی پێوە کردووە. ئەویش بارگاویکردنی زمان بە ڕەهەندی شەرەفپەرستی و تۆمەتتاشی و بەهاکانی پیاوێتی. لەم ڕووەوە حیزب و ئۆپۆزسیۆن کێبڕکێیانکردووە لەوەی کامیان باشتر دەتوانن دیکتە و دەمەلاسکێی کەلتورەکە بکەنەوە. کەلتوری کوردی، نیگایەکی بەسەر خۆیەوە درووستکردووە کە فشاری گەورە لەسەر مرۆڤەکانی ناوی دادەنێت و لە هەر وێستگەیەکی لاوازیدا هێجگار شەرمەزار ببن و تووشی کاردانەوەی شێتانە بن. هەر کەلتورێک نیگای هێند فشارهێنی لەسەر مرۆڤەکانی دانا، ئەوا مرۆڤەکانیشی دایم لە پەرچەکرداری شێتانە و تونددا دەبن، چونکە ژیانکردن لەناو کەلتوردا خۆی قەرزێکە. تا دەستکاریی ئەم نیگایە نەکرێت، ئەوا پەرچەکردارەکان هەمیشە توند و شێتانەن و کارەکتەرەکان لە تەریقبوونەوەیەکی گەورەدان. لە بەرکەوتنە حیزبییەکاندا، ئەم پەرچەکردارە بۆ ئەویتری نەیار نیە، بەڵکو تەریقبوونەوەیەکی قووڵە لەبەردەم نیگای کەلتورەکە و مێژووەکەدا. بۆیە چارەنووسی جنێو، بەدەر لە هەموو کێشەکانی تر، بەستراوەتەوە بەم نیگا کەلتورییەوە. فشاری ئەم نیگایە ستەمێکە مرۆڤەکان دەرهەق بە خۆیان دەیکەن. زمان دەکەنە قوربانی، بەڵام بەر لەوە ئەوە ئێمەین بووینەتە قوربانیی زمان. «ئێرنیستۆ لاکلاو وتبووی ستالینیزم دیاردەیەکی زمانەوانی بوو، بەڵام لەڕاستییدا ئەوە زمانە کە دیاردەیەکی ستالینییە[1]». زمان خۆی توند و کوشندەیە، چونکە هەر وشەیەک جیا لە نیگار و ڕێنوسەکەی، بارگاوییە بە دیوێکی دەروونی. هەر وشەیەک، بارستەیەکە لە جێکەوتی سایکۆلۆژی.
ئەوەی جێی خۆشبەختییە ئەوەیە کە لۆژیکێک لەسەرووی تاکەتاکەی مرۆڤەکانەوە کاردەکات و مێژوو لە چنگی شەخسییانەی وان دەردێنێت و تۆماریدەکات. ئەم لۆژیکە سەروو-فەردییە، دیسان کەس نیە جگە لە نیگای مرۆڤەکان خۆیان بەسەر خۆیانەوە. بۆیە بەشێک لە مێژوو بەدەستی خۆمانەوەیە و بەشێکیشی هەمیشە لە دەرەوەی ویستی ئێمەوە دەگوزەرێت و دەبێتە بەشێک لە مێژووی گشتی: لەو بەشەی کە بەدەستی ئێمەوەیە، دەتوانین پێکەوە زمان لە دیوە بەربەرییەکەی سوکترکەینەوە. لێرەشەوە، "چێژی کوشتن" دەدۆڕێنین، بەڵام زەمینەی کۆمەڵگایەکی مەدەنی دەڕەخسێت و بەشێک لە دیاردەی جنێو لە فۆرمی داهێنەرانەی تردا دەگەڕێتەوە.  
  
 
 
 
 
 
 
 
 
________________________________________
[1] . وەرگیراو لە دەقێکی سلاڤۆی ژیژەکەوە
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×