بەڵگەکان چی دەسەلمێنن؟

پشكۆ نەجمەدین
  2020-09-19     2586

نامەکان بڵاودەکەنەوە! نامەی نەوشیروان مستەفای سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەران، بۆ ئێمەی زیندانیی دەستوپێ شەتەکدراوی نێو کونجی زیندانەکانی کۆمەڵەو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. نامەیەک کە فەرمانی وەکو خاین ئیعدامکردنمان، لەسەر جیاوازیی بیرو ڕای سیاسی، پاشی ئەشکەنجەو ئازاردانێکی ڕوح و جەستەیی و سوکاێتیپێکردنمان!

نامەکانی ئێمەش، کە وەکو پەشیماننامەو پاشگەزبونەوە لە فیکرو ڕێبازی سیاسیمان، لە کەشوهەوایەکی "ئازادو دیموکراسیدا" نوسراون!

پێش ئەوەی بڵێم کە ئەم نامەو بەڵگانە چی دەسەلمێنن و چیمان پێ دەڵێن، دەبێ بۆ یادەوەریی کەسێک بگەڕێینەوە، کە ئەوسات، کەسی دوەمی باڵاو دەستەڵاتداری نێو چەقی بڕیاردانی کۆمەڵەو هیچ بڕیارێکیش بێ ئاگاداری و ڕەزامەندیی ئەو، نەوشیروان مستەفا نەیداوە و جێبەجێش نەکراو...

(له چارەسەری ئەو كێشه سیاسیەدا، کە له رۆژی 1/11/1985دا، گرتمانه بەرو ناچاربوین خۆشەویستی و برایەتی فەرامۆش بكەین و لە ئەنجامدا به رێگەیەکی ناسیاسی و ناهێمنانه هاوڕێكانی خەباتی خۆمان زیندانی بكەین و بوار بدەین سوكایەتیشیان پێ بکرێت.... رێگەمان دا به گرتنەبەری ترس و تۆقاندن و ئەشكەنجدان، تا زانیاری و دانپیانانیان لێوەر بگرین! بەو شێوەیە سوکایەتی بە "مەلا بەختیار" و ئەو هاوڕێیانە کرا...

هەرچەند لاپەڕەكانی ئەو سوكایەتی پێكردنه لای كاك ئیبراهیم جەلال مایەوه، بەڵام ئەگەر نەوشیروان مستەفا به زیرەكانه لێی نەسەندایەتەوە، دور نەبو ئێستا له بەڵگەكانی كتێبەكەیدا بڵاوی بکردنایەتەوە. داواشم له كاك نەوشیروان کردوە، ئەگەر نەیسوتاندون لەناویان بەرێت، تا چیتر پەڵەی چڵکنی ناوچەوانمان دەستاودەست نەکات! (فەرەیدون عەبدولقادر، هەڵۆ سورەکانی قەندیل، دەزگەی چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی یەکەم، سلێمانی،2017).

فەرەیدون، هاوکارو هاوبەشی ئەنجامدانی تاوانێکی سیاسی و جێبەجێکاری نەخشەیەکی تاوانئامێزی سکرتێری کۆمەڵە، ئاوا ددان بە پلانی ئازارو ئەشکەنجەدانی هاوڕێکانی خەباتی خۆی، سوکایەتیپێکردنیان، لەسەر کێشەیەکی سیاسیی نێو دەرونی کۆمەڵەدا دەنێت و باس لە جەللادبونی خۆی و سکرتێری کۆمەڵە، لە چارەسەری کێشەیەکی سیاسیی نێو یەکێتی و کۆمەڵە دەکات، پۆزش دەهێنێتەوەو داوای لێبوردن دەکات!

ئێمە لە تۆیش و لە نەوشیروان و هەمو هاوکارەکانتان بوراوین و پاش ساڵانێکی دورودرێژ، هیچ ڕک و کینەیەک لە ناخی ئێمەدا نەماوە، بەڵام ڕاستینەکانی مێژوی ڕوداوەکان، هەر ڕاستینەن و جەللاد هەر جەللادو قوربانیش هەر قوربانییە!

نامەکان و بەڵگەکان، هەم براییم جەلال "بە کۆمەڵێک درۆ و ساخەتەوە"، بڵاوی کردونەتەوەو هەم ئێستاش، ڕاگەیاندنەکانی حیزبی گۆڕان، بۆ چەواشەکردنی مێژو، هەڵڕژتنی ڕک و کینە، داپۆشینی ناکۆکییەکانی نێو خۆیان، بە جنێو و سوکایەتیپێکردنی قوربانییەکانی ژێر پۆستاڵی جەللادەکان، بڵاوی دەکەنەوە!

من دەمەوێت بڵێم، کە هێشتا ئەشکەنجەدانی ڕوحی نا، بگرە جەستەیی و حوکمی ئیعدامی دادگای عەسکەری، بەگەڕ نەخرابون، من لە لێکۆڵینەوەدا، لە بەرانبەر براییم جەلالی لێکۆڵەری دەسگای تۆقاندن، دو "کاسێت"م پڕ کردوەتەوەو لە شوێنی دیکەش نوسیومە، کە ئەو دو کاسێتە، بە هەر بەهایەک بێت، ئامادەم بیانکڕمەوە! ئاخر من لەوێدا، بەوپەڕی جەسارەتەوە، داکۆکیم لە فیکر و بۆچون و سیاسەتی خۆم و ئاڵای شۆڕش کردوە! من لەوێدا، تەنیا یەک وشەشم نەدرکاندوە.

ئێستا ئیدی دیارە، پاش دەستوچاوبەستن و سوکایەتی و حوکمی ئیعدام و هەڕەشەو گوڕەشەکانی نەوشیروان مستەفا، کە لە زیندان هاتە کنم و گوتی: ئەم سەرسەختییەی تۆ، تەنیا بەرەو مەرگت دەبات! پێت وایە، ئێمە فێڵت لێ دەکەین و دەتترسێنین؟ نا، ئێمە دەیان کادرو سەرکردەی حیزبە نەیارەکانی خۆمانمان کوشتون و تۆیش ئیعدام دەکەین!

ئێمە "عەبدوڵڵا سور"مان کوشتوە، کە عەشرەت و حیزبەکەی، زۆر لە عەشرەت و حیزبی تۆ گەورەترن!

دو ڕۆژ پاش ئەوەی من ملم بۆ هەڕەشەکانی نەوشیروان دا، کە هێشتا من مەلا بەختیار و شێخعەلیی ڕەوانشادم نەدیتبو، تا ئەو نامانەمان پێ بنوسن، منیان بردە ماڵی فەرەیدون عەبدولقادر، کە چومە ژورەوە، نەوشیروان و بەشێکی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی لێ بون. نەوشیروان ڕوی تێ کردم و گوتی: هەمو کێشەکان تەواو بون، دەمەوێت شتێکت پێ بڵێم: (هەر ئازار و ئەشکەنجەیەک دراویت و هەر سوکایەتییەکت پێ کراوە، بە فەرمانی من کراون و من کردومن، بۆیێ تکا دەکەم هیچ کەسێکی تر خەتابار مەکەن!) (لە بەرگی دوەمی ئەزمون و یاددا، دەتوانیت وردینەی ئەو گفتوگۆیە بخوێنیتەوە.)

ئەو نامانە، کڵێشەیان، نوسینیان و ناردنیان بۆ ئێمە، تا بەخەتی خۆمان بیاننوسینەوەو واژۆیان بکەین، تەنیا هیی نەوشیروان مستەفان!

ئیدی لێکۆڵەران و مێژونوسان، وەک ئەوەی ئێستا سەرقاڵی توێژینەوەی ئەو ڕوداوانەن، کەرەستەیەکی باشیان، بۆ مشتوماڵکردنی ڕەگەزەکانی فاشیزم، لە ئەقڵ و ڕوحی سەرکردەو کاریزماکاندا هەیە!

سەرنج:

ئەم نوسینە پێوەندیی بە نێوەڕۆک و تێمای "لەبری یادەوەریی مەلابەختیار"ەوە نییە.

من، لەسەر ڕۆژگاری ئاڵای شۆڕش، پەلاماردانی یەکێتی، زیندان و ئەشکەنجەو پاکانەپێنوسین لە فەزای ئازار و ئیرهابدا، سی و پێنج ساڵە، جگە لە نوسینەوەی "ئەزمون و یاد"، بێدەنگیم هەڵبژاردبو، پێم وا بو، ئەوە ڕوداوێکی سیاسی بو و دەبێت بە مێژوی بسپێرین!

لەم ڕۆژانەداو لەسۆنگەی بڵاوکردنەوەی کتێبی مەلا بەختیاردا، گۆڕان و ڕاگەیاندنەکانی، هێرشێکی ناڕەواو سوکایەتیکردنی بە مێژوی ئێمە دەست پێ کردوە!

من کەسێکم ئەدیب و نوسەر، بیست و هەشت ساڵە، هیچ پێوەندییەکم بە حیزبی کوردییەوە نییە، بەڵام لەئاست سوکایەتیکردن بە مێژوی خەبات و تێکۆشانی خۆم، بێدەنگ نابم!
من ناچارم بە دەکۆمێنت قسەبکەم و هەرکسیش بەڵگەی پێچەوانەی هەیە، با بڵاوی بکاتەوە.

پشکۆ نەجمەدین
19ی سێپتەمبەری2020


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×