پارتی بۆ وا ده‌كات

لەتیف فاتیح فەرەج
  2020-09-22     643
ناچاركردنی یه‌كگرتوو به‌كشانه‌وه‌ له‌حكومه‌تی خۆجێی دهۆك هه‌موو ئه‌و تاكڕه‌وی و قۆرخكاریه‌بیری مرۆڤ ده‌خاته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ دروشمه‌كانی كۆنگره‌ی سیانزه‌ی پارتیدا نایه‌نه‌وه‌، رۆژێ‌ كه‌ یه‌كگرتوو به‌جیا داده‌به‌زێت روبه‌ڕوی كوشت و بڕ ده‌بێته‌وه‌و پێی ده‌ڵێن بیجامه‌ له‌پێ‌، رۆژێكیش كه‌ له‌ حكومه‌ته‌وه‌ ده‌یه‌وێ‌ خزمه‌ت بكات ناچار به‌ كشانه‌وه‌ی ده‌كه‌ن، به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر لۆژیكیانه‌ له‌ سه‌ر ئه‌م ره‌فتاره‌ی پارتی بوه‌ستین، تێده‌گه‌ین پارتی به‌شه‌رتی لاره‌ خواری و ملدان هه‌موو كه‌سێك و لایه‌نێكی قه‌بوڵه‌و ئه‌مه‌ش نه‌بێت كایه‌كه‌ تێكده‌دات، بڕوانه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ رابردودا له‌ ناو لایه‌نه‌كانی تر به‌ زه‌قی دژایه‌تی پارتیان كردووه‌و دواتر ملیان داوه‌ پارتی بێڕه‌چاو كردنی گله‌و گازنده‌ی كادیره‌ ماندوه‌كانی خۆیشی ئامێزی بۆ ئاوه‌ڵاكردون و پاروی چه‌وری تێناون.

ئه‌وانه‌ش كه‌ مل ناده‌ن هه‌زار به‌زمیان پێده‌كات، له‌پێش ریفراندۆم یه‌كێتیه‌كانی كه‌ركوكی ناچاری ده‌نگدان و ملدان به‌ریفراندۆم كرد، دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ریش به‌ر له‌هه‌ر كه‌س ته‌خوینی كردن، خۆی داوای له‌ یه‌كگرتوو كرد ته‌ڤلی حكومه‌تی دهۆك بێت 25 پۆستیشی بۆ دانان، دوای نزیكه‌ی ساڵێ‌ ئه‌و 19 پۆسته‌ش وه‌رده‌گرێته‌وه‌ كه‌ خۆی پێی داون، ئه‌م لۆ ژیكه‌ی پارتی ئه‌گه‌ر له‌مه‌ودای نزیكیشدا سودێكی بۆ به‌ته‌مه‌نترین حزبی كوردستان هه‌بێت، ئه‌وه‌ له‌ مه‌ودای دوردا به‌زه‌ره‌ری خۆی كۆتای دێت، له‌وه‌ ده‌چێت هیچ ده‌نگێكی جیاواز، بیركه‌ره‌وه‌یه‌كی جیاواز له‌ناو ئه‌و حزبه‌دا نه‌مابێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م شتانه‌ روونه‌ده‌ن.

من باوه‌ڕموایه‌ یه‌كگرتوو ئه‌گه‌ر بزانێ‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌و ناهه‌قیه‌دا بكات ، ئه‌وه‌ قازانج له‌و بابه‌ته‌ ده‌كات و ده‌توانێ‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتودا به‌رهه‌می ئه‌و قازانجه‌ بچنێته‌وه‌، پارتیش به‌و سیاسه‌ته‌ زیاتر خۆی داده‌بڕێ‌ له‌هه‌مووان و رۆژ به‌ رۆژ به‌هۆی بوونی پاره‌و پۆسته‌وه‌ له‌بیرو باوه‌ڕو دروشمه‌كانی پێكه‌وه‌ ژیان و مافی مرۆڤ و لێبورده‌یی دور ده‌كه‌وێته‌وه‌.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×