دارستان، لە نێوان ئەمازۆن و کوردستان

دلێر محەمەد نوری
  2020-09-22     884
هەر بۆ زانیاری دارستانەکانی ئەمازۆن فراوانترین دارستانی جیهانن و نزیکەی بە حەوت ملیۆن کیلۆمەتر دووجار مەزەندە دەکرێت، کە ئەویش دەکاتە نیوەی تەواوی دارستانەکانی جیهان بەو چەند دارە  بەدبەختەشەوە کە لە کوردستان دەژی  و لە ڕاپەڕینەوە لێی ئەبڕین و ئەسوتێنین.
دارستانەکانی ئەمازۆن لەو جۆرەی لای خۆمان نین کە تۆ بتوانی بە مارەسۆن بە نێو دارەکانیدا ڕابکەیت و بەر چڵە دارێکیشی نەکەویت، یاخود بۆ دانیشتنی ژێر سێبەرێکی، نیو سەعات بۆ ژێر دارێک بگەڕێی ڕووتەن نەبێت و چەند سەعاتێک لە گەڵ سوڕانی گۆشەی هەتاویشدا بتوانێ سێبەری بەردەوامت پێ ببەخشێت! ئەمە ئیمکانیاتی دارستانی کوردستانە و بەڵام لە دوای ڕاپەڕینەوە هەر لێی ئەسووتێنین و هەر لێی ئەبڕین و ...دەمێ لە بێ نەوتییدا ئەیسووتێنین بۆ خۆ گەرم کردنەوە، دەمێ لە بێ غازیدا بۆ چێشت لێنان، لە کاتی خۆشیشدا خەڵوسەوانی چاو چنۆک بە شەو گاڵۆنە نەوت ئەکەن بە ژێریاندا تا وشک ببنەوە وبیانکەن بە خەڵوس بۆ فرۆشتن، جا دووبارە بیانسووتێننەوە لە کەبابخانەکان و تکە برژاندنی سەر مەقەڵی سەیرانکەران. ئێستاش تازە تازە سیاسی و بازرگانی بێ ویژدان ئەیانسووتێنن تا زەوی دایکیان بکەنە مۆڵ  بۆ ناشتن و شاردنەوەی سەفتە پارەی زیاتر نەوەک نەمام. 
هی ئەمازۆنیش هێندە چڕن گەر هیندییە سورێکی بەرازیل  پاچێکی گەورە نەگرێت بە دەستەوە مەحاڵە بتوانێت یەک بستی تر بە نێویاندا هەنگاو بنێت. گەر ئەمانە دارستانیش بسووتێنن، سووتێنەر لێرە هەژارێکە بێ دەرەتان، هێندەی پینە پانتۆڵێک ئەسووتێنێ بۆ تۆوکردنی دانەوێڵەی بژێوی خێزانێک! گەر ئەو چەند ملیۆنە هیندیە سورەش کە وەک دارەکان خەڵکی ڕەسەنی ئەمازۆنن، هەر هەمووشیان سەروو پارچەیەک لەو دارستانەش بسووتێنن هێشتا لە سەر نەخشەی جیهان بە نووکی قەڵەمێکی تیژیش ئەستەمە بۆت دیاری بکرێت، بە نوقتەیەک قەبارەی سووتان،  ئەنجاش یەکێ بگیرێ لە سەر سووتاندنی دارستان، تا ماوە دەبێت زیندانی بکرێت یان باجێک وەها بدات تا ماوە بە خۆی و خێزانەکەشی نەدرێتەوە. لە کوردستانیش دارستان ئەسووتێنرێ و ئەبڕدرێ و تەختیش ئەکرێ نە کەس ورتەیەکی لێوە دێت بۆ کوشتنی بەهار و نە چاوێکیش فرمێسکێکی لێدەبارێت بۆ هەڵوەرینی گەڵای دار.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×