لەنێوان عومەری سەید عەلی‌و مەلا بەختیاردا

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2020-09-26     1098
لەو كاتەوەكە مەلا بەختیار لە تەلەفزیۆنی ڕوداودا چاوپێكەوتنێكی ئەنجامداو  دوای ئەوەش كتێبی ( لەبری بیرەوریەكانی  ) بڵاوكردەوە هەڵڵایەكی زۆر گەورەو بەرفراوانی لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان لەسەر دروستبو. هێرشی زۆری كرایە سەرو تا ئێساش هەر بەردەوامە . بەوە تۆمەتبار دەكری كە  مێژوی شێواندوە . ناحەقی زۆری بەرامبەر بە نەوشیروان مستەفا كردوەو بە كۆنە قین باسی ڕابوردوی نەوشیروان مستەفای كردوە .هێرشەكان بە زۆری لە لایەن  هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە گۆڕانەوە دەكرێنە سەری . 
باسی ئەوە دەكرێت كە مەلا بەختیار بە فیتی پارتی لەم تەوقیتەدا لە تەلەفزیۆنی ڕوداو ئەو چاوپێكەوتنەی ئەنجامداوەو لە هەمان كاتیشدا كتێبەكەی بڵاو كردۆتوە بۆ ئەوەی دەنگۆی سەفەرەكەی سەرۆكی هەرێم  بۆ توركیا لەچاوی خەڵك بشارێتەوە  چونكە مەلا بەختیار لە مێژە بۆتە پارتی و بۆ پارتی كار دەكات . بەش بە حاڵی خۆم ڕەخنەی زۆرم لەسەر مەلا بەختیار هەیە . مەلا بەختیار هەوڵی زۆری دا كە ڕێكەوتنی دەباشانی نێوان یەكێتی و گۆڕان سەرنەگرێت . دواجار سەركەوتوش بوو لە هەوڵەكانی و  سەری نەگرت . ئەگەر سەری بگرتبایە ، بێشك گۆڕان و یەكێتی دەبونەوە بە یەك . 
دوا بەدوای ئەوە هەوڵی زۆری دا  مەكتەبی سیاسی یەكێتی  لەپارتی نزیك بكاتەوەو لە ئەنجامدا لەو كارەشیدا سەركەوتو بوو . دواجار  بونەپشتیوانی مەسعود بارزانی  بۆ نەنجامدانی ڕیفراندۆم و بەو هۆیەوە نێوەی خاكی كوردستان و دۆستەكانیشمان لە دەست دا چونكە بە قسەمان نەكردن ڕیفراندۆم بۆ ساڵێك دوا بخەین .  لە دوای ریفراندۆمەوە بەردەوام هەرێمی كوردستان ڕوبەڕوی مەترسی دەبێتەوەو ئەوەتا تەعریب لە كەركوك دەستی پێكردۆتەوە.  بەلای منەوە ئەنجامدانی ریفراندۆم  وەكو تاوان وایە . پشكی مەلا بەختیاریش لەو تاوانە هیچی كەمتر نییە لە پشكی مەسعود بارزانی . 
گومانی تێدا نییە دروستكردنی ئاڵای  شۆڕش و هەوڵەكانی  بۆ لاوازكردنی ڕێزەكانی یەكێتی  ، یەكێكی ترە  لەو رەخنانەی لەسەر مەلا بەختیارەو  لە ڕاستیشدا زیانی زۆر گەورەی بە یەكێتی گەیاندو  بوو بە هۆكاری سەرگەردان كردنی ژماریەكی زۆری كادیر و پێشمەرگەی یەكێتی و شەهیدكردنی ژمارەیەكیش . 
مەلا بەختیار یەكێكە لە پێشمەرگە سەرەتایەكانی شۆڕشی نوێ و ئەندامی كۆمەلە بوە . هەر زوو لە هەڕەدی لاویدا هەلی بۆ ڕەخساوەو خۆشی كەسێكی زیرەك و بزێو و وریابوەو بۆتە كارەكتەرێكی دیاری ناو شۆڕش .  هەمیشە ڕۆڵی بەرپرسی بینیوەو كە مەڵبەندەكان دروست بون ، یەكەم كەس بوو ، كرا بە بەرپرسی مەڵبەندی یەك . 
هەرچەندە مەلا بەختیار ئەستێرەی بەختی درەوشاوەبوو ، هەلی باشی بۆ ڕەخسابوو كە بە ئامانجەكانی خۆی  بگات ، بەڵام زۆر پەلەی كردو زوو كەوتە ململانێ‌  و ڕكەبەرایەتی  لەگەڵ  نەوشیروان مستەفا و تەنانەت مامجەلالیش . هەڵە تێگەیشتنی  مەلا بەختیار لەو كاتەدا ئەوەبوو زۆر خۆی بە گەورەتر و بە تواناتر دەزانی لەوەی  كە هەبوە . واتەزۆر شانازی بە خۆیەوە كردوە .  ئەگەر باشتر بیری بكردایەوەو ئەو پەلە پەلەی نەكردبایە ، دواجار  هەر خۆی دەبوو بە بەدیل و جیگرەوەی مام جەلال  و كاك نەوشیروان هەر ئەوان خۆیان  دەیانكردە جێگرەوەی خۆیان  . 
كاتێك كەڵە كەڵەی دروستكرنی ئاڵای شۆڕشی كەوتە سەرەوەو خەڵكی لە دەوری خۆی كۆكردەوە ، بەدەستی خۆی ماڵی خۆی وێران كردو ئەستێرەی بەختی خۆی كوژاندەوە. بە بۆچونی خۆم لەوكاتەوە كە گیراو خرایە بەندیخانەوە ژیانی سیاسی ئەو تەواو بوو ،  مەلا بەختیار خۆی زۆترین زیانی  بە خۆی گەیاندو حەق نییە گلەیی لە كەس بكات . 
 مەلا بەختیار كەوتە هەڵەیەكی زۆر گەورەوە . پێشم وایە ئێستا خۆشی لەو بڕیارەی خۆی پەشیمانە . كاتێك  مەلا بەختیار گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی وەكو هەموو ئەوانەی پێش ڕاپەڕین  كوردستانیان جێ هێشتبوو ، ناوی خرایە لیستی  دابڕاوەكان . بەڵام  حسابی ڕابوردوی مەلا بەختیاریان لەبەر چاوگرت و روڵی پێشویان پێ دایەوەو  جارێكی تریش بۆوە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی  .
 بەڵام جارێكی تریش مەلا بەختیار كەوتەوە هەڵەیەكی گەورەی ترەوەو خوێندنەوەیەكی زۆر خراپی كرد بۆ بارو  دۆخی ناو یەكێتی و مەركەزی قوەتی خۆی .  دوای نەخۆش كەوتنی مامجەلال بەرنامەی دانابوو ببێتە سكرتێری  یەكێتی . كاتێك لەوەدا سەركەوتو نەبوو ، دەنگوباسی پۆستی سەرۆك كۆمار دەستی پێكرد ، ئەویش كاری بۆ ئەوە دەكرد ئەوپۆستە وەرگرێت . دەبوو مەلا بەختیار خوێندنەوەیكی  وردتری بۆ بارودۆخی ناو یەكێتی و پێگەی خۆی بكردبایەو ئەوەی لەبەر چاو بگرتبایە  كە دوای دروستكردنی ئاڵای شۆڕش و سەرنەكەوتنی  تازە ئەم هەلانەی لەدەست داوەو مەحاڵە پۆستی ئاوا وەرگرێت ، نەك لەبەر ئەوەی كەسێكی بێ توانایە ، بەڵكو لەبەر ئەوەی  پشتیوانی نییەو ئەو هەلەی بۆ  ناڕەخسێنن كە پۆستی لەوشێوەیە وەرگرێت .  بەڵام ئەویش تموحی خۆی هەبوەو ئەم هەوڵەشی داو بەڵام ئەنجامی نەبوو . 
 بەڵام  ئەوەشمان لە یاد نەچێت  مەلا بەختیار نە یەكەم كەسە هەڵەی سیاسی ئاوا گەورە بكات و  نە دواكەسیش دەبێت .  ئەوانەی كەوتونە ململانێی سیاسیەوە لەگەڵ ڕكەبەرەكانی خۆیان ، هەندێكیان باشیان بۆ هاتۆتە پێشەوەو بە مەرامەكانی خۆیان گەیشتون . هەندێكی  تریان خراپ بەسەریاندا شكاوەتەوەو  توشی شكستی گەورەش بون . مەلا بەختیار یەكێكە لەوانەی  سەركەتو نەبوو لە هەوڵەكانی و  بە ئامانجەكانی خۆی نەگەیشت. 
بۆئەوەی بە باشی لە ڕاستییەكان بگەین و  دەربرینەكانمان لەسەر بنەمای ڕق و تۆڵە كردنەوەو كاردانەوە نەبێت و بە خۆڕایی قوڕ نەكەین  بەسەری كەسداو  كەمێكیش ویژدان بەكاربهێنین ، با كەمێك بگەڕێینەوە  بۆ ڕابوردوی  مێژوی خۆمان . ساڵی 1961شۆڕشی  كورد  دەست پێكرد. ساڵی 1964 دوو بەرەكی دروست بوو . ئەو دوو بەرەكییە بوو بەسەرەتانی ئەم میللەتە . بوو بە هۆكاری ئەوەی  میللەت بە مافەكانی خۆی نەگات و  بگەینە ئەم بارودۆخەی ئێستا .
 پرسیاری جەوهەری ئەوەیە ئایا ئەوە كارێكی خراپ نەبوو ؟ بۆچی ئەو لێكترازانەی ناو شۆڕش ئەنجام درا؟ ئەی نەدەكرا ڕێگری لێ بكرێت ؟  كەواتە ئەوە هەڵەی بەرپرسەكانی شۆڕشی ئەو كاتە بوو ؟ هەڵەی مەلا مستەفاو برایم ئەحمەد و  مامجەلال و  هاوڕێكانیان  بوو. كاتێك شۆرشی نوێ بە ڕابەرایەتی یەكێتی دروست بۆوە ، دوایی بزوتنەوە لە یەكێتی جیابۆوەو حیزبی سۆسیالیست دروست بوو .دوای ئەوەش حیزبی سۆسیالیس توشی لێكترازان بوو ، زەحمەت كێشان لەدایك بوو . باشە بۆچی ئەمانەش  ڕویاندا ؟لە پێناوی چیدابوو ؟نەدەكرا  ڕێگری بكرێت ؟ ئەی ئەوانەی ئەمەیان كردوە ، هەلەیان نەكردوە ؟
فیادەی موەقەتە كە دروست بوو ، دوای ماوەیەك حیزبی گەل لە دایك بوو . ئەی ئەمەیان بۆچی و لەپێناوی چێدا ڕویدا ؟ نەوشیروان مستەفا دوای سەدەیەك وەك هاوڕێی خەباتی  مامجەلال ، دواجار لێی جیابۆوەو بزوتنەوەی گۆڕانی دروست كرد . بۆچی ئەوە ڕویدا ؟ بۆچی كە مام جەلال بوو بە سەرۆك كۆمار ، نەوشیروان مستەفای نەكرد بە جێنشینی خۆی ؟ ئەگەر ئەوەی بكردایە، نە بزوتنەوەی گۆڕان دروست دەبوو، نەیەكێتیش وەكو ئێستا لاواز  دەبوو . باشە بۆچی مامجەلال  ئەوەی نەكرد پۆستی سكرتێری گشتی  لەگەڵ خۆی بۆخۆی  بردە گۆڕەوە ؟  باشە ئەوە هەڵە نەبوو ؟؟.
كاتێك  نەوشیروان مستەفا  بزوتنەوەی گۆڕانی دروست كرد ،داوای لە هاوڕێكانی كرد پشتیوانی  لێبكەن . ئەوانیش پشتیوانییەكی باشیان لێ‌ كرد . بزوتنەوەی گۆران   لە هەڵبژاردنی یەكەمدا  لە یەكێتی زیاتر دەنگی هێنا . بەڵام بۆچی كە هێزی پەیداكرد و قاچی گەیشتە بوار و دەوری قەڵەباڵغ بوو ، ئەو هاوڕێیانەی پشتیوانییان لێ كرد، پەڕاوێزی خستن و نەفرەتی لێكردن . باشە بۆچی و لەپێناوی چێدا  ئەمەی كرد ؟؟ . باشە بۆچی دووباروكردنەوەی هەمان هەڵەی سەركردەكان بەرامبەربە یەكتری  بەردەوامە و بۆتە كەلتور . هەرچی دەسەڵاتی پەیداكرد ، هاوڕێ نزیكەكانی خۆی  پەڕاوێز دەخات و  نەفرەتیان لێ دەكات ؟. 
مامجەلال  بە بارزانی دەڵێت :ئێوە حیزبەكەتان كردۆتە حیزبی بنەماڵەو ئێمە ئەوەمان قبوڵ نییە .خۆی جیا دەبێتەوەو حیزب دروست دەكات و دوایی ئەویش  حیزبەكە دەكاتە حیزبی بنەماڵەی خۆی . نەوشیروان مستەفا  دژی بە بنەماڵەكردنی حیزبە لە لایەن مام جەلالەوە . كاتێك خۆی حیزبی دروست كرد ، ئەویش حیزبەكەی خۆی كردە حیزبی بنەماڵەو هاوڕێكانی بێ بەری كرد .  ئەوەتا حەمەی حاجی مەحمودیش حیزبی سۆسیالیستی كردۆتە حیزبی بنەماڵەی خۆی .  لەئیستادا یەكێتیش  بە عەمەلی لەناو خۆیدا دابەش  بوە بەسەر چەندین بنەماڵەی ترو چەندین ئیمپرتۆر دروست بون و  هەر یەكەیان بە جیا بۆ خۆی هەڵپە دەكات .  گومانی تێدا نییە دوای مردنی مەسعود بارزانیش ،پارتی دابەش دەبێت  لانی كەم بۆ دوو ئیمپڕاتۆریەت ، ئەگەر زیاتریش نەبێت . 
دواجار دێمە سەرباسی بزوتنەوەی گۆڕان . دوای كاك نەوشیروان عومەری سەید عەلی بوو بە جێگرەوەی نەوشیروان مستەفا . ئەو  لە ڕێگای بنەماڵەوە  نەبوو بە وارسی نەوشیروان مستەفا ، بەڵام  لەبەرئەوەی سیاسەت مەدارێكی موخەزرەمە و پێشینەی باشی هەیە لە ململانێی حیزبیدا، توانی خۆی دەست بگرێت بەسەر بزوتنەوەكەو  هەموو بڕیارەكان  بۆ خۆی  قۆرخ بكات . ئەویش هەندێ لە هاوڕێكانی  خۆی پەڕاوێز خستن و ئەوانی تریشی لە ڕێگای پێدانی پۆستەوە  بێدەنگ كردن . عومەری  سەید عەلی شارەزاییەكی بێ وێنەی هەیە لەئیدارەدانی تەكەتولەوە . 
عومەری سەید عەلی وەكو كەسێكی تەكەتول چی ناسراوە . ئەوكاتەی كە لە بەندیخانە  هاتنە دەرەوەو چونە شاخ   كیتلەی سجنیان دروست كرد . عومەری سەید عەلی  لە ناو مەڵبەندی سلێمانی  جێ دەستی دیارە و مەڵەبندی سلێمانی ببو بە دوو بەرەی دژ بەیەك . پارەیەكی زۆر لەو ململانێیە بە خۆڕایی بەهەدەر درا . بەناحەق پۆست بەم دەدراو ئەوی تری  لێ‌ بی َبەش دەكرا .
ئێستا كە ڕێكخەری بزوتنەوەی گۆڕانە ،سەرنج بدەن  پۆستەكانی بەو كەسانە داوە  كە كاتی خۆی تەكەتولی خۆی بون .
ئەوەتا لەپێناوی بەردەوامی لەسەر تەكەتول ، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەڕلەمانی عێراق ، پەیوەندییەكی ئەوتۆیان نەماوە بە گۆڕانەوە . ئێستا ڤایرۆسی  تەكەتول  توشی فراكسیۆنی  پەڕلەمانی كوردستانیش بووە  . ڤایرۆسەكە زۆربە خێرایی بڵاو بۆتەوە . دوای ئەوەی عەلی حەمە ساڵح وەكو سەرۆكی فراكسیۆن دەستی لە كار كێشایەوە، عومەری سەید عەلی  ویستی شاخەوانی ڕەئوف بەگ بكاتە سەرۆكی فراكسیۆن . بەڵام دیاربوو دەنگیان بۆ نەدا.  دوایی دەنگیان بە دابان داو لە كۆی 12 دەنگ 7 دەنگی بەدەست هێنابوو . دیارە  عومەری سەید عەلی دابانی بەدل َ نەبوە.  بۆیە سیناریۆیەكی تریان  رێك خست و جارێكی تر دەنگدانیان دووبارە  كردەوە . 
ئەمجارەیان گولستان سەعید هاتە هاوكێشەكەوەو دابان و گولستان هەر یەكەیان 6 دەنگی هێناوە . ئێستا دەڵێن :  ئەگەر ژنێك و پیاوێك وەكو یەك دەنگ بهێنن ، ئەوە ژنەكە دەبێتە براوە .   وەكو دەڵێن  ئەوە تەنها لە ڕایەڵەو بازنەكاندا  جێبەجێ دەكرێت ، نەك لەئاستی ئۆرگانی باڵا. بەهەر حاڵ خاڵی  گرنگ ئەوەیە تەكەتول  كاری خۆی كردو ئاژاوەی  خستە ناو  فراكسیۆنەكەوە . 
سەیركەن وەكو چۆن بە بنەماڵەكردنی حیزب بۆتە كەلتور ، بە هەمان شێوەش تەكەتولیش  بۆتە كەلتور . وەرن با بەیەكەوە   لێكدانەوە بۆ ئەمە بكەین. ئەگەر شاخەوان یان دابان یان گولستان یان هەر كەسێكی تر ببیتەسەرۆكی فراكسیۆن  چ جیاوازییەكیان هەیە؟ هەمویان گۆڕان نین ؟  بە حساب گۆڕان بەشداری  حكومەتی كردوە بۆ ئەنجامدانی  چاكسازی .
 بەڵام لە ڕاستیدا گۆڕان بۆتەپاشكۆی  پارتی و ئەجیندای پارتی جێ‌ بەجی َدەكات . ئەوەتا لایەنی ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت  لێپرسینەوە لە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەیی و وەزیری دارایی بكەن . ئەوەش پێویستی بە 23 ئیمزا هەیە . بەڵام تا ئێستا 22 ئیمزا كۆكراوەتە . لە سەرەتادا تەنها شیرین وشایان عەسكەری ئیمزایان كردبوو بۆ لێپرسینەوە ، بەڵام لەم دوایەدا عەلی حەمە ساڵحیش ئیمزای كردو ئێستا ڕێژەكە تەواوبوە.   ئەگەر ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان  خۆیان بە نوێنەری  خەڵك دەزانن ، دەبی َبەرگری لە مافی هاولاِتیان بكەن . كەواتە  كاتی ئەوەیە هەموو ئەوانەی خۆیان بە قەرزداری دەنگی خەڵك دەزانن دەنگ بدەن بۆلێ پرسینەوە. 
 ئەوە نەك  نابێتە ڕەخنە لەسەریان   بەڵكو دەبێتە مایەی سەروەری و  ئەگەر دەنگ نەدەن  وەكو ئەوە وایە ئەندام پەڕلەمانی پارتی بن و بۆ پارتی كار بكەن .  ئەوەتا جوتیارەكان بەرهەمی پەتاتەكەیان  لەبەر دەم وەزارەتی كشتوكاڵ فڕی دەدەن چونكە پارەیان بۆ ناكات . 
بە هۆی دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی و توركی  پەتاتە  بە نرخێكی زۆر هەرزان بە قاچاخ هاوردەی كوردستان دەكەن . دەبێ ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان بێدەنگ نەبن وبەرگری لە مافی جوتیاركان بكەن  . ئەوەی لە مەرزەكان بە ئاشكرا  قاچاچییەتی  دەكەن بەرپرسانی   یەكێتی و پارتین .   وەزیری دارایی گۆڕانەو نابێ بێدەنگ بێت . ئەگەر قسەی ناڕوات ، بۆچی گۆڕان لە حكومەت ناكشێتەوە؟ 
ئەی ناڵێن بۆ ئەنجامدانی  چاكسازی بەشداری حكومەتمان كردوە ؟بەڵام  تا ئێستا موچەی خەڵك كەم دەكەنەوەو دوای دەخەن .  ئەمەیە چاكسازی ؟؟.   بەڵام ئەوەی  زۆر سەیر و مایەی گاڵتە جاڕییە ئەوەیە كە هەندی بەرپرسی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێن: 3 ئەندام پەڕلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان  ئیمزایان كردوە بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەیی  و وەزیری دارایی و خەریكین كێشەكەیان چارەسەر دەكەین. باشە كام كێشەیە ؟ یەعنی داواكردن بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسانی حكومەت كێشەیە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ؟  كەواتە بزوتنەوەی گۆڕان  بۆپشتیوانی گەندەڵی بەشداری حكومەتی كردوەو دژی مافی هاوڵاتیانە . دەبوو سەرانی بزوتنەوەی گۆڕان  داوا لە هەموو ئەندامانی  فراكسیۆنی گۆڕان بكەن دەنگ بدەن بۆ لێپرسینەوە ، نەك بە پێچەوانەوەی  سزای ئەوانە بدەن  كە دەنگیان داوە . 
پرسیار ئەوەیە بە ناو پۆستی ڕێكخەری گشتی هەیە . واتە ڕێخستنی كاروباری گشتی بزوتنەوەكە . بە ویژدانتان   ئەم جۆرە ئیش كردنە دەچێتەبابی  رێكخستنەوە ، یان تێكدانەوە . دروستكردنی   تەكەتول لەناو فراكسیۆنی گۆڕان بە دەستی ئەنقەست تێكدانە یان رێك خستنە ؟. سەرنجیش بدەن ئایا عەدالەت ڕەچاوكراوە  لە دابەشكردنی پۆستەكاندا ؟ 
دوای وەبیر هێنانەوەی  كەمێك لە ڕوداوەكانی  ڕابوردو كە بە واتای كولانەوەی برینەكان دێت با كەمێكیش بەراورد كاری بكەین . لە ئەنجامی دروستبونی بەرەی جەلالی و مەلایی .شەڕی كوردو كورد دروست بوو . بەرەی جەلالی  بونە پاڵپشتی دوژمن و خەڵكی كورد دەكوژرا . لە 31 ئابدا مەسعود بارزانی سوپای عێراقی هێنایە سەر هەولێر . بەڵام دوای ئەوەش ئەوانە هەر بە سەرۆكی مانەوە و میللەت هیچی لێنەكردن . بنەماڵەی بارزانی  پارتیان كردە حیزبی بنەماڵە . مامجەلال لەسەر ئەوە ناكۆك بوو لەگەڵ بارزانی . بەڵام كە یەكێتی نیشتمانی دامەزرا . دوایی مامجەلال كردی بە حیزبی بنەماڵە . خۆ ئەمە بوختان نییەو ئەوە ئێستایە نەك ڕابوردوو .
نەوشیروان مستەفا دژی بە بنەماڵەكردنی  یەكێتی بوو لە لایەن مام جەلالەوە . بۆیە یەكێتی جێهێشت و بزوتنەوەی گۆڕانی دروست كرد . بەڵام دواجار بزوتنەوەی گۆڕانیش نەبوو بە حیزبی بنەماڵە؟ خۆ ئەمەشیان  بوختان نییەو ئەوە ئێستایە نەك ڕابوردو . ئێستا عومەری سەید عەلی  بەناو ڕێكخەری گشتییە و ئەجیندای كوڕەكانی كاك نەوشیروان مستەفا جێ‌ بەجی َ دەكات . 
 پرسیار ئەوەیە ئایا ئەوەی مەلا بەختیار كردویەتی لە كاری ئەوانە خراپترە كە لەسەرەوە ناوم هێناون؟ ئەگەر  ئەوەی مەلا بەختیار كردویەتی  كارێكی خیانەتكارانەو  تێكدەرانەیە ، چ جیاوازییەكی هەیە لەگەڵاَ كاری ئەوانیتر ؟؟  بۆچی ئەم خائین و تێكدەربێت و  ئەوانیتر  پاڵەوان و نیشتمان پەروەر  ؟؟.ئەگەر ئەوانەی پێش ئەو كاری لەوجۆرەیان كردبێت و بە حەقی خۆیانی بزانن، ئەی بۆچی بۆ ئەم ڕەوا نەبێت وخیانەت بێت ؟
دەڵێن مەلا بەختیار بە نەهێنی ڕێكخستنی  لەناو كۆمەڵەو یەكێتی دروست كردوە و ئەوە خیانەتە وتاوانە . باشە ساڵی  1970 كۆمەڵە لەناوپارتیدا دروست نەبوو ؟ كەواتە ئەوانەش خائین بون كە كۆمەڵەیان دروست كرد  ؟. باشە عومەری سەید عەلی لەناو مەڵبەندی سلێمانی تەكتولی لە كێ دەكرد ؟ كێی لە كێ هەڵدەگێرایەوە و ئەمەی بۆچی دەكرد ؟؟  كاتێك لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا كاری دەكرد بۆ پەراوێز خستن و دەرپەڕاندنی قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود ، بۆچی لە پێناوی چێدا ئەمەی دەكرد؟؟ ئەوان تێكدەرو دوژمنی گۆڕان بون و خۆشی فریشتە ؟؟ 
باشە خۆ ئێستا نە عوسمانی حاجی مەحمود و نە قادری حاجی عەلی ماون ڕكەبەری بن ، ئەی كێشەی فڕاكسیۆنی بەغداو  پەڕلەمانی كوردستان لەسەر چی دروست بوە ؟ زوربەی هەرە زۆریان گەنجن و ئەی نەوشیروان مستەفا خۆی كاری نەدەكرد گەنجەكان بێنێتە پێشەوە و بۆ ئەوەی خاوەنی بڕیاربن و  كۆیلەی كەس نەبن؟ 
 ئەی بۆچی لێیان ناگەڕێن نوێنەرایەتی خەڵك بكەن و بەرگری لە مافەكانیان بكەن ؟ دەتانەوێت بیانكەنە كۆیلەی خۆتان .  باشە وەرن وردتر بەراود كاری  بكەن   لە نێوان كارەكانی مەلا بەختیار و  سەركردەكانی پێش خۆیی و ئەوانەشی ئێستا  حاكم و كوێخان ، بزانن كێ‌ زۆرترین هەڵەو تاوانی كردوە  بەرامبەر بە میللەت .  بۆچی دەبێ گۆشت خواردن هەر لە گورگ لۆمەبێت . 
بۆچی بەو شێوەیە خوێنی كراوەتە كاسەوە ؟
ئەوهێرشانەی  لە ئێستادا دەكرێنە سەر مەلا بەختیار و بە هەموو شێوەیەك تۆمتەباری دەكەن  ،بە زۆری لە لایەن بزوتنەوەی گۆڕانەوەیە  بە مەبەستی بەرگری كردن لە نەوشیروان مستەفا . بەڕاستی ئەوە خۆی لە خۆیدا  بچوك كردنەوی كاك نەوشیروانە ، نەك گەورە كردنی . بەڕێزینە بەشێكی زۆری مێژوی یەكێتی مێژوی كاك نەوشیروانە .
 نەو شیروان مستەفا  سەركردەیەكی  گەورەی ئەم میللەتە بوە . خاوەنی مێژوی خۆیەتی و كەس ناتوانێت  پەڕاوێزی بخات و لە مێژوی ئەم میلەتەی دەرهێنێـت.  ئەگەر  مەلا بەختیار غەدری زۆری لە نەوشیروان مستەفا كردوە ، دەبوو هاوڕێكانی خۆی لەناو یەكێتی نیشتمانیدا ، بهاتنایە  سەرخەت و بەرگرییان لە مێژوی نەوشیروان  بكردایە نەك كۆمەڵێك خەڵك لە گردی زەرگەتە  كە هەر بایی ئەوە كاك نەوشیروانیان ناسیوە جارێك وێنەیان لەگەڵ گرتوە ، یان لە نزیكیەوە دانیشتون .
 ئەگەر بەرگریكاری نەوشیروان مستەفا هەر جەماعەتی گردەكەبن ، مانای ئەوەیە كاك نەو شیروان  كەسێكی گوناهە. بە دیوێكی تریشدا مانای ئەوەیە  ، ئەوەی  مەلا بەختیار  بەرامبەری  وتویەتی  ڕاستە .  بەڵام  هیچ  كام لەم دوو بۆچونانە  بە تەواوی ڕاست نین .  نەوشیروان  مستەفا سەركردەیەكی دیاری ئەم گەلەیە . خەڵكێكی زۆر خۆشیان دەوێت . بەڵام  ئەو بۆچونەشیان بەرامبەری هەیە كە ئەویش هەڵەی هەبوە . دیارە بە هەمان شێوەش مەلا بەختیاریش  بەشی خۆی  حسابی بۆ دەكرێت و وەكو ئەوە نییە كە لە گردی زەرگەتە  چەندین لیژنەیان  بۆ دروست كردوە  ، بۆ هەڵدانەوەی نامەی ئەعمالی .
  ئەگەر هەڵەو كەم و كورتیشی هەبێت ، كەمێكیش كاری چاكەی هەر هەیەو ناكرێت خەبات و ماندو بونەكەشی بەكەم سەیر بكرێت . لە لایەكی تریشەوە ئەم بۆچونەش هەیە تا ئێستا  ئازادی ڕادەربڕین   لەناو یەكێتی لە حیزبەكانی تر باشترە و لەو روانگەیەوە  كەس لەناو یەكێتی  وەڵامی مەلا بەختیار ناداتەوە . گومانیشی تێدا نییە كەسانی زۆر هەن لەناو یەكێتێدا  كە تا ئێستاش نەوشیروان  مستەفایان خۆشتر دەوێت لە مەلا بەختیار  ئەوە ڕاستییەو نكولی لێناكرێت . 
بە بۆچونی من سەرانی بزوتنەوەی گۆڕان باشتر وایە كاروباری ناوخۆی خۆیان  ڕێك بخەن و  كەمو كورتیەكانی خۆیان  بە هۆی هەڵڵا دروستكردن لەسەر مەلا بەختیار  لەپێش  چاوی گۆڕانخوازان نەشارنەوە  لە تەلەفزیۆن ڕوداو لەبەرنامەی ڕەنج سەنگاوی لەگەڵ هوشیار عومەر عەلی ڕێكخەری ژووری دبلۆماسی  بزوتنەوەی گۆڕان باسی ئەوە كرا  ، كە بزوتنەوەی گۆڕان 4 لیژنەی دروستكردوە بۆ كۆكردەوەی زانیاری لەسەر مەلابەختیار .
 باسی ئەوەش كرا كە مەلابەختیار داوای دیبەیتی كردوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان بۆ قسەكردن لەسەر ئەوبابەتە . لە وەڵامدا هوشیار عومەر دەڵێت : عومەری سەید علی  وتویەتی  شایانی ئەوە نییە قسەی لەگەڵ بكرێت .  پێشنیارەكەی مەلا بەختیار  باشترین  ڕێگایە بۆ كۆتایی هێنان و گەیشتن بە وەڵامێك  ڕاستەوخۆ لەو بەرنامەیەوە .ئەوكات  پیویست بە پێك هێنانی لیژنە ناكات .
 نەوشیروان مستەفا كەسێێكی نزێكی عومەری سەید عەلی و  مەلا بەختیار بوە , هەرسێكیان هاوڕێی  شاخ  و خەبات بون . با كاك عومەر خۆی لە بری هەموان وەكو ڕێكخەری گشتی و جێنشینی  نەوشیروان مستەفا پرسیار لە مەلا بەختیار بكات و  داوای لێ بكات  هۆكاری دروست كردنی ئەو تۆمەت و بوختانە باس بكات بەرامبەر بە نەوشیروان مستەفا  . گومانی تێدا نابێت  عومەری سەید عەلیش  دەبێ  لە هەموو كەس باشتر بزانێت  وەڵامی مەلا بەختیار بداتەوە  و هەموو ڕاستییەكان بۆ جەماوەر  رون بكاتەوەو  بۆ خەڵكی بسەلمێنێت  كە مەلا بەختیار  بوختانچییە.
بەڵام ئەگەر ئەوە نەكات و بڵێ شایانی ئەوە نییە قسەی لەگەڵ بكەن، ئەی دروستكردنی 4 لیژنەو ئەو هەموو هەراو هۆریایە بۆچی ؟؟. ئەگەر عومەری سەید عەلی ئامادەی دیبەیت  نەبێت لەگەڵ مەلا بەختیار  دو بۆچونی لەسەر دروست دەبێت  یكەم : عومەری سەید عەلی توانای ڕوبەڕوبونەوەی  نییە لەگەل َمەلا بەختیار بە هۆكاری ئەوەی  ناتوانێت وەڵامی  مەلا بەختیار بداتەوە .
 دووەم: گومان لای خەڵك دروست دەكات  هەرچی مەلا بەختیار وتویەتی  دەچنە خانەی ڕاستییەوە .  با بزانین عومەری سەید عەلی خۆی  كۆتایی بەم چەلەحانێیە دەهێنێت ، یان بە لیژنەی دەسپێری  بۆئەوەی ئەم قسەوباسانە بەردەوام بن و درێژە بكێشن  .  ئەو كات خەڵك حەقی خۆیەتی بڵێت :
 ئەگەر قسەكردنی مەلا بەختیار لە تەلەفزیۆنی ڕوداو لەم تەوقیتەدا  بە فیتی پارتی و بۆ بەرژەوەندی پارتییە ، ئەی  دروستكردنی 4 لیژنە بۆ هەڵدانەوەی نامەی ئەعمالی مەلا بەختیار و دروستكردنی ئەم چەلەحانێیەو درێژە پێدانی ، بۆ ئەوە نییە  كێشمە كێشمەكانی  ناو بزوتنەوەی گۆڕان بە  گشتی و  كێشەی هردوو فراكسیۆنەكەو بۆَڵە بۆَلی هەموو ئەوانەی بە نیازی پۆست وەرگرتنن ، لە بیر گۆڕانخوازان بەرنەوە؟. 
نەوشیروان مستەفا خاوەنی مێژوی خۆیەتی . نە مەلا بەختیار و نە كەسی تر دەتوانێت  هیچی لی َكەم بكات، یان زیاد بكات . نەوشیروان مستەفا بە هەموو كەمو كورتیەكانیەوە  بەشێكە لە مێژوی ئەم میللەتە و بایی ئەوە جێ دەستی دیارە  پێویستی بە داكۆكی كەس نەبێـت . باسەرانی بزوتنەوەی گۆڕان  هەوڵ بدەن جێ‌ دەستی خۆیان دیاربێت ، لە بری ئەوەی  لەسەر ڕابوردوی نەوشیروان بژێن . خەڵك نەوشیروان مستەفاش و مەلا بەختیاریش دەناسن . هەموو كەسێكیش لایەنی ئەرێنی و نەرێنی خۆی هەیە . 
 هەموو سەركردەكانی دنیا چەند گەورەو  بەتواناو لێهاتوبوبن ، هەر مرۆڤن . مرۆڤیش كە كاری كرد چاكیش دەكات و خراپێیش . كاتێك من یان تۆ ڕەخنە لە  مەلا مستەفاو مامجەلال و نەوشیروان مستەفاو مەسعود بارزانی دەگرین  بە مانای ئەوە نییە لە سەركردایەتی دەشۆرێن . ئەوانە سەركردەبون و هەر وەك سەركردە  ناویان دەبرێت و خاوەنی مێژوی خۆیانن .دوای مردنیشیان وەكو چۆن خەڵك باسی خەبات وتێكۆشانیان دەكات ، ئاواش باسی هەڵەو كەم و كورتییەكانیان دەكات و كەسیان فریشتە نەبون . 
جیابونەوەی بەرەی جەلالی لە پارتی و دروستبونی ناكۆكی و بە شەهید كردنی ئەوهەموو خەڵكە قابیلی لە بیر چونەوە نییە .كارەساتی هەكاری لە بیر ناچێتەوە . 31 ئابی 1996 لە بیر ناچێتەوە . ئەنجامدانی ڕێفراندۆم و لێكەوتەكانی لەبیر ناچنەوە . جیابونەوەی نەوشیروان لەمامجەلال دوای سەدەیەك لە هاوڕێیەتی و خەباتكردن بە یەكەوە ، لەبیر ناچێتەوە .
 پشت گوێ خستنی ئەوانەی كەبونە پشتیوانی    نەوشیروان مستەفا   لە دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانداو دواجار پەڕاوێزخستنیان و دەرپەڕاندنیان  لەبیر ناچێتەوە .  خەڵك هەیە بەردوام بە دواداچۆنو لێكۆڵینەوە دەكات بۆ ئەو ڕوداوە مێژویانەو پرسیار دەكات  : ئەو كارە كێ كردی؟ هۆكاری كردنەكەی چی بو وبۆچی كرا ؟ بەرهەمی چیبو؟ كی سودمەندی یەكەم بوو؟  تاوانبارانی سەركی كێبون ؟ ئایا ئەوانە سزادران ، یان هەر خاوەن دەسەڵاتن و وەكو بەرزەكی بانان دەسوڕێنەوە ؟
وەكو چۆن  خەبات وتێكۆشانی عومەری سەید عەلی لە زیندانی كردن ، خەباتی نەهێنی ، خەباتی شاخ ، برینداربونی و  كەم  ئەندامبونی  جێگەی شانازییە بۆی و نابێ بە نادیدە بگیرێت ، هەر ئاواش  كاری  پەرت كردنی ڕیزەكانی  ناو حیزب و  تەكەتولەكانی دەر ئەنجامەكانی لە بیر ناچنەوە . 
 بە هەمان  شێوەش  چۆن لەئێستادا مەلا بەختیار ڕەخنە باران دەكرێت ، تۆمەتبار دەكرێت ، وەكو دێو و درنج  ناو دەبرێت  لەسەر ئەوەی ئاڵای شۆڕی دروست كردوەو هەوڵی تێكدانی ڕێزەكانی یەكێتی  داوە  ، دەبێ ئاواش باسی خەبات و ماندوبونی بكرێت  كە هەموو تەمەنی گەنجیەتی خۆی پێداوە ؟. بۆ ئاگاداریتان  15 ساڵ زیاترە  ڕو بەڕو مەلا بەختیارم نەدیوە . پەیوەندی تەلە فۆنیم لەگەڵیدا نییە و نەبوە . 
لەپێشەرگایەتیدا ناسیومە .  خەڵكی دوو شوێنی جیاواز دوور لە یەكترین . كێشەی كۆمەلاِیەتیمان لە بەیندا نەبوە . كەسمان لەكەس نەكوشتوە . ئەرزو ماڵی یەكترمان  داگیر نەكردوە . بەڵام هەمیشە ڕەخنەم لە هەڵسو كەوتی هەبوە ، ئێستاش  ڕەخنەی زۆرم لێی هەیە ، لە ئێستاشدا نە ئەو پێویستی بە منەو  نە من پێویستیم  بەوە .   هەموو ئەمانە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی گەل و  نیشتمان بوە نەك بەرژەوەندی خۆم . خوازیار بوم سەركردەیەكی خۆشەویستی ناو میللەتەكەم بوایەو هەمیشە بەچاكە ناویان ببردایە . 
بەڵام بە هەموو ئەمانەشەوە مەلا بەختیاریش وەكو هەموو خەباتگێرەكانی تر خاوەنی مێژوی خۆیەتی و  وەكو لە سەرەوش باسم كردوە ، مەلا بەختیار  خۆی زۆرترین زیانی بە خۆی گەیاندوە , نەیتوانی  باش خۆی بگونجێنێت و جێ قاچی خۆی قایم بكات و لەسەر خۆ هەنگاو بنێت و دوور بینتر بێت بەرامبەر بە ئایندە. مەلا بەختیار  زیاتر ئەوەندەی ڕۆشنبیری  ناو كتێب و  سەر كاغەز بوو، ئەوەندە  ئەزمونی كرداری نەبوو . 
 ئەگەر ئەو كات بیركردنەوەو ئەزمونی وەكو ئێستای  هەبوایە ، بەوشێوەیە هەڵس و كەوتی نەدەكرد . بەڵام ئەوە هەر ئەو نەبوەو ئەویش نابێت كە دەكەوێتە هەڵەی ئاواوە . 
من لەم نوسینەمدا نە بەرگریم لە كەس كردوە ، نەغەدرم لەكەس كردوە . ویژدانی خۆم كردۆتە دادوەر . ئەگەر كەسێكیش ڕەخنەی لەم نوسینە هەبێت ، ئەوە ئازادە هەرچی دەیڵێت و ئەمە بۆچونی خۆمە .  ئەگەر هەڵەشم كردبێت و قسەكانم بە ڕاست  نازانن ، داوای لێبوردنتان لی دەكەم و بە گەورەیی خۆتان بم بەخشن . داوای لێبوردن دەكەم كە ناوی سەركردەكانم وەكو خۆی نوسیوە بەبی َپێشگری وشەی  بەڕێز و كاك و جەناب  چونكە ناوەكان زۆر دووبارە بونەوەو ئەوەش  ڕوبەری نوسینەكەی  زۆرتر دەكرد . هەموو ئەو سەركردانەی ناوم هێناون كەسانی  بەڕیزن لام و بە حەقی خۆمی نازانم بەشێوازی نا شایستەو دوور لە ئەتەكێتی  نوسین و عورفی كۆمەڵایەتی  باسیان بكەم . 
تێبینی : ئەزانم ئەم نوسینە زۆر و دورو درێژە ، بەڵام نەدەكرا بیكەم بە دوو بەشەوە  . بەباشم زانی بە یەك بەش بڵاوی بكەمەوە بۆ ئەوەی ناوەرۆكەكەی  ڕونتر بێت لای خوێنەر 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×