ڕێبازی بیرمەندانی کورد

کامەران قازی
  2020-09-30     809
هەوڵدان بۆ خوێندنەوەیەکی نوێ، بۆ ڕووداوە گرنگەکان، بە مەبەستی وشیارییەکی (نوێ)ی کوردەواریی!!.
ئەو بەرەبەیانە زووە چی ڕوویدا لە نێوان:
بیرمەندی گەورەی کورد مامۆستا ( ڕەفیق حیلمی)
حوکمداری کوردستان ( شێخ مەحموودی حفید)
پاشای دووەمی ئێران ( سمایل خانی شوکاک – سمکۆ) دا؟!.

پاش ئەوەی ئینگلیز، لە دەرکردنی ڕێوییەکی تورک بە ناوی ( ئۆزدەمیر- کە لە ناوچەی ڕەواندز، دەسەڵاتێکی زۆری پەیدا کرد بوو، عەشایەرێکی زۆر شوێنی کەوتبوون وچەند ئاغایەکی ناوچەکە پشتیوانیان لێ دەکرد و زوو زوو پڕوپاگەندەی بڵاو دەکردەوە، کە هێرش دەکاتە سەر شاری سلێمانی)، دەستەوسان دەبن و مێجەر نۆیل سلێمانی بە جێدێڵێ، بەپێی داخوازیی خەڵکی شار و ئەو مەزبەتانەی دەیان نارد بۆ گەڕاندنەوەی (شێخ مەحموودی حەفید)، ئینگلیزەکان بە مەراسمێکی پاشایانە و بە یاوەری مێجەر نویل و کۆمەڵێک لە ئەفسەرە نیشتمانپەروەرەکانی کورد، شێخ دێننەوە بۆ سلێمانی، ڕووداوەکان زۆر بە خێرایی تێ دەپەڕین، ئۆزدەمیری تورک لە ڕەواندزەوە، لە دانانی پیلان و خۆنزیک کردنەوە لە شێخ، بەهۆی پیاوەکانییەوە، بەردەوام بوو، یەکێک لەو کەسانەی سەرسپردەی تورک و بۆ بەدیهاتنی مەرامی خۆی لە هەوڵی جددیدا بوو، ( فتاح) ی ژن برای شێخ مەحموود دەبێت.

بەمجۆرە: شێخ مەحموود دەکەوێتە ناو داوی تاقمی ئۆزدەمیر، تایەری ئەمینەفەنی، فەتاحی ژن برای و لە سێ لاوە دەورە دەدرێت: " هەرچی بیر و تەگبیرێکی تر هەیە لە سەریا نەما و بوو بە ئالەتێکی بێ حس و شعور بە دەستیانەوە....".*

ڕووداوێکی تر کە دەبێتە هۆی ترس و بیمێکی زۆر لە ناو خەڵکدا و بە تایبەت منەوەرانی ئەو سەردەمەی شار، شەهید کردنی (جەمال عیرفان) ە، لە پاش شەهید کردنی ئەو، بە ماوەیەکی کورت، تورکەکان پڕوپاگەندەیەک بڵاودەکەنەوە کە: ( " مەلک عالمە دینییەکانی کۆکردۆتەوە و فەتوای پێ دەرکردون بۆ کوشتنی ئەوانەی کە لافی منەوەری لێ ئەدەن و لە کفرو رەف خۆیان ناپارێزن").**

کوشتنی جەمال عیرفان، پیلان و دەسیسەی تورکەکان دەبێ، بەڵام بەدەستی کوردی جل خوار. چوونکە شەهیدکردنەکە، وای دەردەخست، کە بۆ لە ناو بردنی ئەو ڕۆشنبیرانەیە کە بەرهەڵستی هەوڵدانی تورکەکانیان دەکرد و بە هاندانی لایەنگرانی ئۆزدەمیر ڕێکخرا بوو.

لێرەدا بیرمەندی گەورەی کورد، مامۆستا ڕەفیق حیلمی، پەنجە دەخاتە سەر زامەکان و هۆی سەرگەردان بوونی منەوەرە نیشتمانپەروەرەکان ڕووندەکاتەوە، کە پڕوپاگەندەی تورکەکان و شەهید کردنی ( جەمال عیرفان)، دەیان خاتە ناو گێژاوەوە و دەڵێت:
 "ئەوانەی کە بە تەمای دامەزراندنی حکومەتی کورد بوون کەوتبونە مشوری گیانی خۆیان و کونە مشکیان لێ بوو بوو بە عەمار. چونکە ئەوەیان بە بیردا نەهاتبوو کە پێش گەیشتنی وەزع بەم حاڵە کۆمەڵێکی بەهێزی سیاسی دابمەزرێنن و تەقەلای یەک گرتن و ڕێک خستنی ئەوانە بدەن کە ئامانجێکی میللی یان هەیە و لەوانەن لە رێ ی حکومەتێکی کوردیدا لە فیداکاری لانەدەن. خولاسە سەرگەردانی نیشتمان پەروەرەکان لە بێ تەنزیمیدا وەلە نەبونی پرۆگرامێکی سیاسی و میللی دا بوو. لە پێش هاتنەوەی شێخ محمود، یەکێک لەم بیرانەی کە من لای هەندێ لە هاورێکان دەرم خستبوو ئەمە بوو. بەڵام ئەوانەی من گومانی ئەم کارەم لێ ئەکردن تەنها عەکسی دەنگی خۆم لێ وەرگرتنەوە.***

ئەو بەرەبەیانە زووە، مەلیک دەنێرێت بە شوێن بیرمەندی گەورە مامۆستا ڕەفیق حیلمیدا و سەرەتا لێی توڕە دەبێت، وا نیشان دەدات کە لەو و لە مستەفاپاشای یامولکی توڕەیە، لە ژوورەکەدا: حوکمدار، سمکۆ و تایەری ئەمین ئەفەندی لەوێن، پاش قسەکانی، حکومدار، بە تایەر دەڵێت کە بچێتە لای میوانەکان، کە بریتی بوون لە وەفدێکی تورک و لە ژوورەکەی تەنیشت ئەمان دانیشتبوون، تایەر دەڕوات و حوکمدار داوا دەکات کە مامۆستا سوێندی ئەوەی بۆ بخوات، هەرچی لەم کۆبوونەوەیەدا دەژنەفێ، لە لای خۆیان بمێنێتەوە و نەچێتە دەرەوە، مامۆستا لە وەڵامی حکمداردا دەڵێت:" ئەگەر باوەڕت هەیە کە من راست و خاوەن شەرەفم پێ ی ناوێ سوێند بخۆم ئەگەر بە بێ شەرەفیشم بزانی نرخی سوێندم ئەبێ چی بێ؟".
حوکمدار کەمێک دەوستێت بەڵام ( سمکۆ) دێتە وەڵام و دەڵێ: " تکام وایە کە باوەڕ بە ڕەفیق بکەی". ئەوسا شێخ نیگەرانی خۆی بۆ بیرمەندی گەورە دەردەبڕێ سەبارەت بەو قەوڵ و پەیمانانەی کە ئینگلیز پێیان داوە و ئەوە چەند مانگ تێپەڕیوە و هیچیان دیار نییە و هەر داوای ئەوەی لێ دەکەن کە بچێت بە گژ تورکەکاندا و ( ئوزدەمیر) لە ڕەواندز بکاتە دەرەوە و تا ئەودیو سنوورەکانی عێراق، تورکەکان ڕاو بنێت و شێخیش نەی گەرەکە کە کارێکی وا بە بێ بەرانبەر و بێ جێ بەجێ کردنی گفتەکانیان لە بەر خاتری چاوی جوانی ئینگلیز ئەنجام بدات.

لە لایەکی ترەوە، تورکەکان لێکدا لێکدا پەیوەندی پێوە دەکەن و لە ڕێگای جل خوارەکانی کوردەوە، دەوریان داوە و لەناو عەشایرەکاندا ڕەنگیان دا کوتا بوو، دەرکردنیان ئاسان نەبوو، بۆیە دەرکردنی ئەم مشتە تورکە لە رەواندز بۆ ئینگلیزەکان کارێکی گران نەبوو، بەڵام دەیانەویست کارەکە بە کورد بکەن، تا ئەوەی کە حوکمدار دەڵێت:
" بەڕاستی من سەرم لێ تێک چووە و نازانم چۆن دەردی خۆم لە ئینگلیزەکان بگەێنم".

تورک دەیان ویست هەم شێخ بەناوی موسڵمانەتی و دروستکردنی خودموختاری کوردەوە و هەم سمکۆی شکاک کە دەسەڵاتی ئێران و تورکەکانیش زەندەقیان لێی چوو بوو، بە پاشای دووەمی ئێران ناوزەد کرا بوو، چون ناوچەیەکی زۆری کوردستان و بە شێکی زۆری ناوچەی تەورێزیشی لە ژێر فەرمانڕانیدا بووە و پاشایەتی کردووە، لە خۆیان نزیکیان بخەنەوە و لە ئینگلیز دووریان بخەنەوە.

پاش بیستنی نیگەرانییەکانی حکومدار، مامۆستا ڕەفیق حیلمی بۆی ڕوون دەبێتەوە کە تورکەکان بە هۆی جل خوارە کوردەکانی دەوری شێخ مەحموودەوە، نائومێد بوون لە ئینگلیزەکانیان لە دەروونیدا چاندووە، بۆیە وەک زانایاکی سیاسی و ڕاوێژکارێکی پسپۆڕ و یەکێک لە هەرە دڵسۆزترین بیرمەندەکانی کورد، لەو بەرەبەیانییە زووەی سلێمانیدا، بیروڕای خۆی سەبارەت بە مەسەلەکە پوخت دەکاتەوە و دەیەوێت حکومدار لە خاڵە گرنگ و چارەنووس سازەکان ئاگادار بکاتەوە و ئەم شیکارییە ورد و هەتا ئێستایش پڕ لە دەرس و پەندە بۆ شێخ دەخاتە ڕوو:

" بە بیری من وایە کە بناغەی گفتووگۆی جەنابتان لەگەڵ تورک و انگلیز چی ئەبێ ببێ، راستی ئەوەیە کە ئامانجی کورد لەگەڵ مەسلەحەتی تورک و سیاسەتی حکومەتی تورکا رێک ناکەوێت و یەک ناگرێتەوە، چونکە حکومەتی تورک حکومەتێکی عەسکەری یە، چوبێتە هەر وڵاتێک، لەشکرێکی زۆری تیاداناوە و لەو وڵاتەدا بە هێزی لەشکر زیاتر لە سیاسەت ئیشی بردووە بەڕێوە. حکومەتێکی وا بە دەگمەن هەڵئەکەوێت کە وڵاتێک بە دیمۆکراتییەت و سیاسەت ئیدارە بکا. لەبەر ئەمە نایەوێت لە وڵاتەکەدا پیاوی دەسدار هەڵ کەوێت بە تایبەتی پیاوی وا کە بیری گەورە و خەیاڵی حکومەتی سەربەخۆی لە کەڵلەدا بێ. چونکە پیاوێکی وا بە بەرهەڵستێکی گەورە ئەژمێررێت بۆ هێزی عەسکەری خۆی. لەبەر ئەوە بەهەموو جۆرێک بۆ فەوتاندنی ئەو تەرحە پیاوانە هەوڵ ئەدا، یا هیچ نەبێ بۆ بێ هێز کردنیان. هەرچی وەکو حکومەتی انگلیزە تا سیاسەت راوەستابێ بەهێز و چەک ناکەوێتەکار، تا لە هێمنیدا کۆڵ نەدا رێگەی شەڕ ناگرێت، تا بتوانرێت بە حکومەتی دیموقراطی (شعب) وڵاتێک ببرێت بەڕێوە، بە هێزی عەسکەری نزیک بەڕیوەبردنی ناکەوێتەوە لە گەلێک سەرەوە پێچەوانەی مەسلەحەتی بەریتانیایە کە هێز بەکار بهێنێت و گەنجینەی بەریتانیا بخاتە ژێر مەسرەفی ئەو هێزە کە ئەبێ وڵاتەکەی پێ داگیرکا، هێزی بەریتانیا تەنیا بۆ پاراستنی مەسلەحەتی ئابوری و بازرگانی ئیمپراتۆریەت ئەچێتە شەڕەوە، کە ئەم مەسلەحەتانەی هاتە دی، حوکمی ولاتی داگیرکراو بە دەس خەلقی خۆیەوە بێ باشترە بۆ ئەو و کەم مەسرەفتر و بێ گێچەڵ ترە. لەبەر ئەمە وا ئەزانم کە جەنابت ناتوانیت لەگەڵ تورک رێک بکەویت و ئەگەر ڕێ کەوتنێکی وا بە بیرا هاتبێ، شکی تیا نی یە کە بناغەکەی لەسەر ناراستی دانراوە".  

وردبوونەوە و ڕامانی قوڵ لە یادداشتەکانی بیرمەندی گەورە ئەرکێکی نەتەوەیی زۆر پێویستە، بۆ تێگەیشتن لەوەی کە لەپاش ئەو ڕووداوانەی حکومەتداریی شێخ مەحموودەوە، بەسەر کوردستاندا هاتن و جار لە دوای جار برینەکانی بە سوێتر و ئاکامەکانی پەرتەوازەیی و نائومیدییەکی گەورەی نەتەوەییان بە دوای خۆیاندا هێناوە و ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر بچووکتر و لاوازتر، فەرمانڕانەکانی باشوور دەست بە داوێنی بەغدا بوونەتەوە و کردەوەکانیان، گیانی یەک بوون و نیشتمانپەروەریان لە دڵی لاوانی کوردا، سڕ و تەنانەت قێزەون کردووە، خەباتی ژنان و کچانی باکوور و ڕۆژئاوای نیشتمان نەبووایە، بەدەیان ئۆزدەمیری تورک، لە شارەکانی باشووردا، دەبوونە حاکمی موتلەق.

سەرچاوەکان:

*،**،*** یادداشت، رفیق حلمی، بەشی سێهەم، دار الحرية للطباعة – بغداد 1992 م

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×