دەست خۆش بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیری بۆ بڕیاری سانسۆرکردن!

کاوە عوسمان عومەر
  2020-10-01     846
بڕیاری وەزیری ڕۆشنبیری بۆ چاودێری کردنی بابەت و جۆرایەتی بڵاوکردنەوەکان زۆر لە جێی خۆیایەتی لەم کاتەدا، هەڵبەت هۆکار زۆرن کە دروستی ئەو بڕیارە ئەسەلمێنن ، وەک زۆر و بۆری وەرگێڕانە بێسەرو پەل و پاشاگەردانی لە چاودێری نرخ و کوالیتی پەڕەی نوسراو لە چاپخانە زۆرەکان. بەڵام ئەوەی لێرەدا زیاتر مەبەستە کە ڕوون بێتەوە لە بارەی دروستی بڕیاری بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیری پەیوەست نیە بەو هۆکارانەی کە باسکرا، بەڵکو پەیوەستە بە هۆکار گەلێک کە پێویستە چاوپۆشی لێنەکرێ. 
پیش هەموو شتێک بڕیارەکە دروستە لەبەرئەوەی تا ئێستا بەناو ڕۆشنبیر و قەڵەم بەدەستان لەم  وڵاتە بێ هەڵوێسترین و بێ تواناترین چینن دوای سلکی سەربازی لەبەرامبەر گەندەڵ کردنی کەڵتور و فەرهەنگی نیشتمان، ئەو کۆگەلە هاوارەی ئێستا ەنگی لێ بەرزبوەتەوە لە باشترین حاڵەتدا زیاتر نین لە کۆمەڵە هاوار و ژاوەژاوێکی ناو سۆشیال میدیاو کۆمەڵی بەیاننامەی سلاکبوو هییچ لێ سەوزنەبوو. باشە ئەو برادەر و هاوڕێیانەی کە باس باسی زمانیان سانسۆری ئەم بڕیارەیە لە کوێ بوون کە دەسەڵاتی هەردوو زۆن بە هەزاران قەلەم دەستیان کڕی و لە ماوەی چەند دەیە حوکم داری پرۆسەی مێشک شتنەوە گۆل کردن و گەمژاندن و گەندەڵ کردنی مێشکی لاوان و خەڵکی بەشمەینەتی ئەم وڵاتەیان کرد؟؟ بۆمان هەیە بپرسین ئەم بڕیارە چی لە تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی زیاترە تائەوەندە پێی قەرس و ناڕەحەت بن؟؟ قەڵەم بەدەستانێک کە حزوریان نەبێ لە تەک ناڕەزایی مووچە خۆر و فەرمانبەر و خوێنکاری زانکۆ و پزیشکان و کەس و کاری ڕۆژنامە نووسە شەهیدەکان شەرم ناکەن ئێستا باس لە پارێزگاری لە بنەمای ئازادی بڵاوکردنەوە بکەن؟ ئەو دەنگانەی کە تا درەنگانێ لە گۆشەو ستونی فەیسبووک و ماڵپەڕەکانا ئەنوسن تا چەند توانیان قەڵەم فڕۆش و بەناو ڕۆشنبیری ناو باوەشی دەسەڵات ڕسوا کەن؟ گەر هەندێکیشیان بندیوار و ماستاوچی دەسەڵات نەبن؟ کام لەو دەنگە ناڕازیانە بە دەنگی زوڵال دژی بنەماڵ کردنی دەسەڵات و دزینی قووتی منداڵی شەهید و شەقار شەقار کردنی جەستەی شاخ و بێستان و کەژ و کێو و گردی ئەم وڵاتە نەک تەنها دەنگی لێ بەرزبوەوە، بەڵکو هەڵوێستی جدی و کرداری وەرگرت ؟؟ کام لەو دەنگە ناڕازیانەی فەزای بۆشی سۆشیال میدیا کەیسی یاسایی دژ بە دەسەڵاتی گەندەڵ و خوێن ڕێژ و خیانەتکار بردە دەرەوە تا ئەو دز و چەتەو گەندەڵکارانە ڕاپێجی دادگاکانی ئەوروپا بکرێن ؟ لە کاتێکا زۆربەی بەناو ڕۆشنبیرە پاڵەوانەکانی ناو فەیسبووک و ماڵپەڕەکان دانیئشتووی شارە گەورەکانی ئەوروپان! سەیرە ئەم هەموو هەڵمەتە بۆ تەنها بەرامبەر اەزیرێکی بێ دەسەڵاتی سیاسی ئەکرێ لە کاتێکا ئەوەی هۆکاری سەرەکی ماڵوێرانی گەورەی ئەم وڵاتەیە سەرە زلەکانی ترە کە بەڕۆژی ڕوناک ڕۆژنامەنوس شەهید ئەکەن، ئەیفڕینن یان ئەیکڕن؟ وەک دەڵێن ئاسانترین شت لێدانە لە بازنەی لاواز، لێدانیش لە وەزیرێکی بێدەسەڵاتی سیاسی و تا ڕادەیەک موتیعی دەسەڵات چی لە بابەتی گەورەتر ئەگۆڕێ؟، خۆ وەزیری ڕۆشنبیری نەوتی تاڵاننەکردوە، ڕیفراندۆمی فاشیلی نەکردوە، خاکی جێنەهێڵاوە و بەهەزاران ژن و منداڵی بە ئەنفال و کۆمەڵ کوژی نەداوە!، چما هەموو بوغز و گازی گەڕاوەی ناو هۆشیاری ڕۆشنبیران تەنها ئاراستەی کەسێک بکرێ کە خۆیان چاک ئەزانن ئەو نەهێزی تایبەتی هەیە، نە زرێڤانی و نە گرد و مەسیفەکانیشی داگیرکردوە،چما شیرە تیژەکان ئاراستەی ئەوانە ناکرێ ؟!لێرەدا تەنها ئەوە هەیە کە پێویستە دەستخۆشی لەو وەزیرە بەڕێزە بکرێ چونکە بەو بڕیارە توانی لانی کەم  پەیداخی دوڕوویی و بێ توانایی و بۆشی وتاری ئەوانەی کە خۆیان بە ڕۆشنبیرو قەڵەم بەدەست پیشان ئەدەن ڕاماڵی. 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×