سيستەمی جيهانی لە نێوان تيۆری کۆتایی مێژوو و تێۆری پێکدادانی شارستانيەتەکان

رەنج نەوزاد
  2020-10-02     984
لەگەڵ نزيکبوونەوەی کۆتایی یەکێتی سۆڤيەت و ڕووخاندنی وسەرکەوتنی بەرەی ڕۆژئاوا بە ڕابەرایەتی ئەمريکا، دوو تێز، تێڕوانين، تيۆری، پێشبينی و گوتاری بە ناوبانگ وکێشەئامێز لە دايک بوون: تێزی (پێکدادانی شارستانيەتەکان)ی ساموێل هنتينگتۆن وتێزی (کۆتایی مێژوو)ی فرانسيس فۆکایاما، هەردوو نووسەر ئەمريکين، واتە هەردووکی تێڕوانين وتێگەيشتنی بەرەی سەرکەوتووە بۆ جيهان وڕووداوەکان، ئەوەش هۆکارێکە بۆ بە ناوبانگی ئەو دوو تێزە. سەرەتا تێزەکانی خۆیان لە وتارێکدا خستەڕوو، پاشان کران بە کتێب. ئەوەی هنتينگتۆن بە ناونيشانی (پێکدادانی شارستانيەکان وسەرلەنوێ بنياتنانەوەی سيستەمی جيهانی) ئەوەی فۆکۆیاما بە ناونيشانی (کۆتایی مێژوو ودواهەمين مرۆڤ).
سەرەڕای ئەوەی هەردوو تيۆرييەکە لە لایەن دوو بيرمەندی ئەمريکی ناسيوناليست و لە یەک سەردەم وژينگەدا نووسراوە و وەک کاردانەوە وتيۆريزەکردنە بۆ ڕووداوێک، بەڵام جياوازی بنچينەیی هەیە لە نێوان هەردوو تيۆرييەکە. فۆکۆیاما پێيوایە لە دوای ڕووخاندنی یەکێتی سۆڤيەت، ئيتر سيستەمی جيهانی دەبێتە یەک جەمسەر بە سەرۆکایەتی ئەمريکا و ململانێکان بەرەو کاڵبوونەوە دەچن. هنتينگتۆن بە پێچەوانەوە پێيوایە، لە دوای ڕووخاندنی یەکێتی سۆڤيەت، سيستەمی جيهانی بەرەو فرە جەمسەری دەڕوات وململانێکان فراوانتر وهەمەلایەنتر دەبن.
لێرەدا تەنيا بايەخ بە ئەو دوو تێزە دەدەين، نەک بۆچوونی نووسەرەکانيان لە ئێستادا لە بارەی تێزەکانيان.

کۆتایی مێژوو
بە کورتی ئەم تێزە پێيوایە، سيستەم وفکری ديموکراسی ليبراڵی خۆرئاوایی سەرکەوتنی بەدەستهێنا وئيتر سيستەمێکی بێ رکابەر و بێ ئەلتەرناتيڤە لە جيهاندا، هەموو رکابەر ونەيارەکانی ئەو سيستەمە، وەک فاشيزم وکۆمۆنيزم... بەرامبەر ديموکراتيەتی ليبراڵ شکستيان هێنا. ئەو دەوڵەتانەی کە خاوەنی ئەو سيستەم وکولتورەن، ئەوا بە بێ رکابەر دەمێننەوە کە ئەوانيش ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی ئەمريکایە ولەگەڵ هەندێ دەوڵەتی تر کە ديموکراسی ليبراڵیان قبولکردوە، هەر وەها ئەو دەوڵەت وکۆمەڵگانەی جارێ نەگەيشتوون بەو سيستەم وبەهایەیی کە لە ڕۆژئاوادا هەیە، ئەوا ئەوانيش ئيتر هەوڵدەدەن بۆ گەيشتن بە سيستەم وبەهاکانی ديموکراسی ليبراڵی. فۆکۆیاما پێيوایە کە ديموکراتيەتی ليبراڵ باشترينی مێژووە بۆ مرۆڤایەتی و هيچ بەديلێکی نييە. تەنها لەم سيستەمەدا مرۆڤ دەتوانێت بە ئازادی وبە ڕێز وبێ ململانێ بژێت. چونکە تەنيا لەم سيستەمەدا هەموو مرۆڤەکان، دەتوانن شکۆ وئيعتراف وڕێز بەدەستبهێنن. تيۆری کۆتایی مێژوو لای فۆکۆیاما، مانای کۆتایی هاتنی ڕووداوەکان نييە، بەڵکو کۆتایی هاتنی فکر وئايدۆلۆژیا ودەزگا وسيستەمی سياسيە، واتە لە ڕووی سيستەم وئايدۆلۆژیایی سياسيەوە، ديموراسی ليبراڵی، دوای سەرکەوتنی بەسەر سۆسياليزمدا، ئيتر کۆتایی بە مێژوو هێنا و سيستەمێکی سياسی تر درووست نابێت کە رکابەری ديموکراسی ليبراڵی بێت. 
فۆکۆياما لە کتێبەکەيدا زۆر پشت بە فەلسەفەی هيگڵ دەبەستێت بۆ سەلماندنی بۆچوونەکانی خۆی لە بارەی کۆتایی مێژوو، یاخود ڕاستتر بڵێين، پشت بە تێگەيشتن وخوێندنەوەی ئەلێکساندرۆ کۆجيڤ بۆ هيگل دەبەستێت. بە پێی ئەو تێگەيشتنە هێگل، یەکێ لەو خاسيەتانەی کە مرۆڤ لە ئاژەڵ وزيندەوەرەکانی تر جيا دەکاتەوە، بريتييە لەوەی مرۆڤ هەوڵدەدات دانپێدانانی (الاعتراف) ئەوانی تر بەدەست بهێنێت، واتە مرۆڤ دەيەوێت، مرۆڤەکانی تر ڕێزی لێبگرن وئيعترافی پێبکەن. هەر وەها لای هيگڵ، ئەم خواستەی مرۆڤ، خواستی بەدەستهێنانی ئيعترافی ئەوانی تر، یەکێکە لە پاڵنەر وهۆکارە سەرەکيەکانی ململانێ وجەنگ، بزوێنەرێکی سەرەکی مێژووە. چيرۆکی پەيوەندی کۆيلە وئاغا لای هيگڵ، هەر لە چوارچێوەی ئەو خواستەی مرۆڤە، کە بەدەستهێنانی دانپێدانانی ئەوانی ترە بۆ خۆی. فۆکۆیاما پێيوایە، لە سيستەمی ديموکراتيەتی ليبراڵ، هەموو مرۆڤەکان ڕێز وشکۆیان هەیە وئيعتراف بەدەست دەهێنن، بەوەی ئازادانە دەژين وبيردەکەنەوە ودەتوانن ڕۆڵيان هەبێت لە ژیانی خۆیان وژیانی گشتی وسياسەت... بەوەش مرۆڤ ئەو خواستەی بەدەست دەهێنێت وبەوەش ململانێ کۆتایی دێت، هەر بۆیە مرۆڤ دەگات بە کۆتایی مێژوو وئيتر لەوە باشتر بوونی نييە. 
 کەواتە بە پێی تێزی کۆتایی مێژوو، لە دوای سەرکەوتنی ئەمريکا بەسەر یەکێتی سۆڤيەتدا، ئيتر مرۆڤ گەيشتە لوتکەی پێشکەوتن، مرۆڤ ناتوانێت لەوە زیاتر بڕوات وسيستەمێکی باشتر ونوێتر درووست بکات. ئەمەش مانای ئەوەیە، سيستەمی سياسی وئابووری ئەمريکا وبەهاکانی ئەمريکا، باشترين وپێشکەوتووترينن. واتە ديموکراتيەتی ليبراڵ باشترين سيستەمی سياسی مێژووە وسەرمایەداريش باشترين سيستەمی ئابووری مێژووە، بە پێێ ئەو تێزە، ئەم هەقيقەتە کۆدەنگيەکی جيهانی لەسەرە، بۆیە ئەوانەی کە ديموکرات وليبراليش نين، هەر ديموکراسی وبەهاکانی رۆژئاوا بە باش دەزانن وبانگەشەی بۆ دەکەن. بە کورتی بە پشت بەستن بەم تێزە، دەتوانين بڵێين، کە سيستەمی جيهانی، کە ئەمريکا سەرکردایەتی دەکات، سيستەمێکە ململانێ وجەنگی تيادا کەمدەبێتەوە یا نامێنێت، چونکە ئەوەی مرۆڤ دەيەوێت، پێیگەيشتووە، لێرەدا تيۆر وپراکتيک بەیەکدەگەن، خەونەکان بوون بە ڕاستی.
ئەگەر لەمرۆدا، لەژێر رۆشنایی هاوکێشە وململانێی وپێدراوەکانی سيستەمی جيهانی ئەم گوتارە (کۆتایی مێژوو) هەڵسەنگێنين، ئەوا دەکرێت بگەين بەم دەرئەنجامانە:
١-تا ئێستاش، لەسەر ئاستی پراکتيک وواقع، نەک تيۆری، شوێنگرەوەیەکی ڕوون وديار وجێگير نييە بۆ سيستەمی ديموکراسی ليبراڵی خۆرئاوایی. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە تێزی کۆتایی مێژوودا بانگەشەی بۆ دەکرا کە خواست بۆ ئەو سيستەمە خۆرئاواییە ئەمريکيە زیاد دەکات لە جيهاندا، لە زۆر ناوچەی جيهاندا نەک خواست بۆ ئەو بەها وسيستەمە ڕۆژئاواییە نييە، بەڵکو دژایەتیشی دەکرێت، وەک لە کۆمەڵگە ئيسلاميەکان وچين ورووسيا... بەڵام هێشتا، ئەوە نابێتە مایەیی هەڵوەشاندنەوەی تەواوی تێزەکە، چونکە تا ئەمرۆش، نەيارەکانی خۆرئاوا، نەيانتوانيوە نموونەیەکی باشتر لە ڕۆژئاوا پێشکەش بکەن. جگە لەوەی لە ناو رۆژئاواشدا، سيستەمی ديموکراسی ليبراڵ تووشی کێشە هاتووە، وەک کێشە وپرسی نوێنەرایەتی وزۆرينە وکەمينە، ناڕەزایەتی بەشێک لە کۆمەڵگەکان لە سيستەمی ئابووری وسياسی وڵاتەکانيان، گەشەکردنی پۆپۆليزم..
٢-دەرکەوتنی چين وەک زلهێزێکی ئابووری گەورە ورکابەری ئەمريکا، کە هەڵگری بەها ئەمريکی ورۆژئاواييەکان نييە، چاوەڕوان دەکرێت لە ڕووی ئابوورييەوە ئەمريکا تێپەڕێنێت. سەرکەوتنی ئابووری، دەکرێت لە ئايندەدا، ئەگەر تەنها وەک ئەگەرێکی کەميش بێت، ببێتە مایەیی سەرکەوتنی سياسی وسيستەمی بەهاکانی چين بەسەر ئەمريکادا، بەوەش مێژوویەکی نوێ درووست دەبێت بە یەکجاری کۆتایی بە تێزی کۆتایی مێژوو دەهێنێت. پەتای کۆڕۆنا، یەکێ لە ئاماژەکانی ئەوە بوو، کە سيستەمێکی نا ديمواتی ونا ليبراڵی، باشتر ڕووبەڕووی پەتاکە بووەوە، بە براورد بە سيستەمە ديموکرات ليبراڵەکان. ئەوەش مانای سەرکەوتووی سيستەمی تەندرووستی وسياسی وئابووری چين دەدات، لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکە، بەسەر سيستەمی خۆرئاوادا.
٣-تێزی کۆتایی مێژوو جۆرێکە لە دۆگمایی، دۆگمایی بريتييە لەوەی پێت وابێت ئەو بيرۆکە یا ئەو سيستەمەی یا ئەو شتەی کە بەلاتەوە خوازراوە و باشە،بريتييە لە باشترين و تەواوی هەقيقەت،بريتييە لە کۆتایی مێژوو. 
٤-تێزی کۆتایی مێژوو وەک ناوەڕۆک، کۆنە وزۆر لە پێش (فۆکۆیاما)وە بوونی هەبووە، بەڵام بە ناونيشانی جياواز. کۆماری ئەفلاتون،شاری خودایی قەشە ئۆگستين،مارکس و پێشبينيەکانی بۆ گەيشتن بە کۆمەڵگەی بێ چين، شاری نمونەیی فارابی، ئاينە ئاسمانيەکان بە گشتی... هەموویان ئيدعای کۆتایی مێژوو دەکەن و بەرنامە و فکری خۆیان بە باشترين و گونجاوترين دادەنێن. مێژوو هەموویانی بە هەڵە خستوەتەوە. بەڵام جارێ تێزەکەی فۆکۆیاما بە تەواوی بە هەڵە نەخراوەتەوە، چونکە تا ئەمرۆش، سيستەمێکی تر لە واقعدا نييە، کە وەک سيستەمەکەی ڕۆژئاوا خواستی لەسەر بێت ومرۆڤ تيايدا بەو شێوەیە بژێت، کە لە رۆژئاوادا دەژين.

پێکدادانی شارستانيەکان
تێزی پێکدادانی شارستانيەتەکان، بە پێچەوانەی تێزی کۆتایی مێژوو، پێيوایە دوای ڕووخاندنی یەکێتی سۆڤيەت، مێژوو کۆتایی نایەت وەک ئەوەی لە تێزەکەی فۆکۆیامادا ڕاگێنراوە، بەڵکو مێژوویەکی نوێ وململانێيەکی نوێ درووست دەبێت. هنتينگتۆن پێيوایە لە دوای ڕووخاندنی سۆڤيەت، ئيتر ململانێکان بە شێوەیەکی سەرەکی وگشتی، لەپێناو ئايدۆلۆژيا وئابووری نين، بەڵکو لە پێناو شارستانيەت وکولتورە.ئيتر کولتور وشارستانيەتەکان بزوێنەری مێژوو وسيستەمی جيهانين. لای هنتينگتۆن، شارستانيەت وکولتور، تا ڕادەیەکی زۆر هاومانان، شارستانيەت لە چەندين کولتوری هاوشێوە ولە یەکتر نزيک پێکدێت، بۆ نموونە کولتوری فەرەنسی، ئەڵمانی وئەمريکی... بە یەکەوە دەبن بە شارستانيەتی ڕۆژئاوایی، واتە شارستانيەتی ڕۆژئاوا، پێکهاتووە لە کۆی کولتورەکانی وڵات وکۆمەڵگە ڕۆژئاواييەکان. کەواتە دەکرێت شارستانيەتێک لە چەندين وڵات وکۆمەڵگە، کە سەر بە کيشوەری جياوازيش بن، پێکهاتبێت. هاوکات دەکرێت وڵاتێک کولتور وشارستانيەتێک تايبەت بە خۆی هەبێت، وەک ژاپۆن، کە دەوڵەتێکە وشارستانيەتيشە، بە پێی هنتينگتۆن. 
بە پێی تێگەيشتنی هنتينگتۆن، لە ئێستادا، هەشت شارستانيەت هەیە لە جيهاندا: شارستانيەتی ڕۆژئاوایی، چينی، ژاپۆنی، ئيسلامی، هيندی، ئەرسۆدۆکسی، ئەفريقی، ئەمريکای لاتينی. هەر وەها ئاين وزمان دوو پێکهاتەی سەرەکن بۆ هەر شارستانيەت وکولتورێک. بۆ نموونە شارستانيەتی رۆژئاوایی، زمانە ئەوروپيەکان وهەردوو مەزهەبی کاسۆليکی وپرۆتستانتی دوو پێکهاتەی سەرەکی ئەو شارستانيەتەن. بەڵام بە گشتی، هنتينگتۆن بايەخ زیاتر بە ئاين دەدات وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی کولتور وشارستانيەت.
هنتينگتۆن پێيوایە کە دوای ڕووخاندنی یەکێتی سۆڤيەت وکۆتایی هاتنی ململانێی نێوان ليبراليزم وسۆسياليزم، ئيتر ململانێی ئايدۆلۆژی وسياسی وئابووری... کاڵ دەبێتەوە وململانێێ نێوان شارستانيەتەکان پەرە دەسەنێت ودەبێتە بزوێنەری سەرەکی سيستەمی جيهانی وململانێ نێودەوڵەتيەکان. ئيتر هاوپەيمانييە سەربازی وئابوورييەکان لەسەر بنەمای نزيکایەتی کولتوری وشارستانی دادەمەزرێت، بۆ نموونە، یەکێتی ئەوروپا بۆیە یەکێتيەکی سەرکەوتووە، چونکە ئەندامەکانی سەر بە یەک شارستانيەتن، کە ڕۆژئاواییە. واتە نزيکبوونەوە ودوورکەوتنەوەی دەوڵەتان وکۆمەڵگەکان لە یەکتر، ئيتر لەسەر بنەمای شارستاني وکولتوری دەبێت. ئەو دەوڵەتانەی لە ڕووی کولتوريەوە نزيکن لە یەکیتر وسەر بە یەک شارستانيەتن، ئەوا پەيوەندييەکی سەقامگير وپتەويان دەبێت، هەر وەها ئەو دەوڵەتانی لە ڕووی کولتورييەوە لە یەکترەوە دوورن وسەر بە شارستانيەتی جياوازن، ئەوا دەکرێت جەنگ وململانێ هەبێت لە نێوانيان، یاخود ئاشتيەکی سارد وسڕ. 
ململانێی داهاتوو، بە تايبەت ململانێی سەدەی ٢١ بريتی دەبێت لە ململانێی نێوان شارستانيەتی ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی ئەمريکا لەبەرامبەر شارستانيەتی چين یاخود ئيسلامی، یا هەردووکيان بە یەکەوە. لای هنتينگتۆن، هەردوو شارستانيەتی چينی وئيسلامی، لەگەڵ ئەوەی دوو شارستانيەتی جياوازن لە یەکتر، بەڵام هەردووکيان دژە ڕۆژئاوان، بەهاکانی شارستانيەتی ڕۆژئاوا رەد دەکەنەوە. هەر بۆیە سيستەمی جيهانی لە سەدەمی ٢١ دەکرێت بريتی بێت لە ململانێی نێوان شارستانيەتی ڕۆژئاوایی، بەرامبەر بە شارستانيەتی چينی وشارستانيەتی ئيسلامی. لای ئەو، هێزی شارستانيەتی چينی لە ئێستادا، لە هێزی ئابوورييەکەیەوە دێت، شارستانيەتی ئيسلامی هێزەکەی لە زیادبوونی دانيشتوانەکەیەوە دێت.
هنتينگتۆن لە کتێبەکەيدا ئاماژە بەوەش دەکات، کە هيچ تيۆريەکی سياسی وکۆمەڵایەتی نييە بۆ هەموو سەردەمێک گونجاو بێت، هەر بۆیە ئەو پێیوایە، تيورييەکەی خۆشی بۆ سەردەمی دوای جەنگی سارد وسەدەی ٢١ دانراوە ودەگونجێت. هەر وەها ئەو پێيوایە، مەرج نييە هەموو ململانێکانی جيهان وهەموو هاوپەيمانيەتيەکانی جيهان، بزوێنەرەکەی کولتور وشارستانيەت بێت، بەڵکو دەکرێت هەندێ نموونە هەبن، پێچەوانەی تيۆری پێکدادانی شارستانيەتەکان بێت، بەڵام ئەوانە دەگمەنن. بۆیە بە شێوەیەکی گشتی وسەرەکی، شارستانيەتەکان وکولتورەکان، دەبنە هۆکاری سەرەکی ململانێکانی جيهان وهاوپەيمانی نێوان کۆمەڵگە ودەوڵەتەکاندا.
ئەگەر بە پێی سيستەمی جيهانی ئەمرۆ ئەم تيورييە هەڵبسەنگێنين، ئەوا هاوشێوەی تيۆرری کۆتایی مێژوو چەندين کەموکوڕی تێدایە، لەوانەیە زەقتر وزیاتريش بن لەوانەی تيۆری کۆتایی مێژوو. بە چەند خاڵێک هەڵسەنگاندنی ئەم تيۆريە دەخەینەڕوو:
١-دابەشکردنی شارستانيەتەکان بۆ هەشت شارستانی، تا ڕادەیەکی زۆر نا ڕوونی تێدایە، ئەگەر پێکهاتەی سەرەکی شارستانيەتەکان زمان وئاين بن، ئەوا بوونی شارستانيەتی ئەفريقيا مایەیی پرسيارە، بەشێکی زۆری ئەفريقيا ئاينەکانيان ئيسلام ومەسيحەتە، لە ڕووی زمانەوەش، عەرەبی زمانە ئەوروپيەکان تيايدا زاڵە، ئيتر بۆچی خراونەتە دەرەوەی شارستانيەتی ئيسلامی وڕۆژئاوایی؟ وەڵامی نووسەر بۆ ئەم پرسە تا ڕادەیەک لاوازە وقەناعەتپێکەر نييە، خۆشی بە گومانە لەو دابەشکردنە، بەڵام هەر دايناوە. هەر وەها شارستانيەتی ئەمريکای لاتين، کە لە ڕووی ئاين وزمانەوە، دەبوو سەر بە شارستانيەتی رۆژئاوا بن، نەک شارستانيەتێکی تايبەت. دەبوو جگە لە زمان وئاين، پێکهاتەیەکی تری سەرەکی دابنێت بۆ جياکردنەوە ودابەشکردنی شارستانيەتەکان. ئەمە ڕەخنەیەکە کە زۆر کات ئاڕاستەی ئەم تيۆريە دەکرێت لە لایەن توێژەرانەوە.
٢-یەکێ لەو ڕەخنانەی کە ئاڕاستە ئەم تيۆريە دەکرێت زۆر کات، بريتييە لەوەی ئەم تيۆرييە بایەخێکی لاوەکی بە رۆڵی دەوڵەت دەدات، هەر چەن نووسەر لە چەندين شوێنی کتێبەکەيدا، ئاماژە بە گرنگی رۆڵی دەوڵەتان دەکات، بەڵام وەک ئەنجامگيری بۆ تيورييەکەی، دەوڵەت ڕۆڵێکی لاوەکی هەیە. بۆنموونە لە پەيوەندی وململانێی نێوان ئەمريکا وچين، ئەوا هۆکاری سەرەکی بريتي نييە لە جياوازی کولتوری نێوان ئەو دوو دەوڵەتە، بەڵکو هۆکاری سەرەکی بريتييە لە بەرژەوەندی دەوڵەتەکان، ئەمريکا ترسی هەیە چين ببێتە یەکەم زلهێزی جيهان وپێش ئەمريکا بکەوێت لە ڕووی ئابووری هەژموون وسياسيەوە، ئەگەر ئەو ترسەی نەبوایە، ململانێی ئەمريکا وچين لەم ئاستەی ئێستا نەدەبوو. هەر وەها نزيکبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی لە ئيسرائيل، بزوێنەرە سەرەکيەکەی بەرژەوەندی دەوڵەتانە، ئەگەر نا وڵاتانی عەرەبی دەبوو دژی پرۆسەی ئاشتی بن لەگەڵ ئيسرائيل بە پێی ئەو تيۆرييە. هاوکات هاوپەيمانی نێوان ئەمريکا وزۆرێک لە دەوڵەتانی عەرەبی وئيسلامی، کە هاوپەيمانی سەربازی وسياسی وئابووريە، تەواو پێچەوانەی ئەم تيۆرەیە. یاخود لە پرسی کێشەکانی دەريایی ناوەڕاست، وڵاتانی ئيسلامی وەک ئيمارات وسعوديە وميسر، هاوپەيمانی فەرەنسا ويۆنان وقوبرسن دژ بە تورکيا کە وڵاتێکی ئيسلاميە. یا پشتگيری ئێران بۆ ئەرمينيا دژ بە ئازەربيجان. زۆر نموونەی تر هەن، کە ئەوە دەسەلمێنن، پەيوەندی دەوڵەتان لەگەڵ یەکیتر، پشت بە بەژەوەندی دەوڵەتەکان دەبەستێت، نەک کولتور.
٣- سەرەڕای ئەو ڕەخنە گرنگانە، تيۆری پێکدادانی شارستانيەتەکان، دەکرێت یەکێک بێت لەو تيۆريانەی کە هەندێ کات مەبەست بپێکێت بۆ هەندێ ململانێی نێودەوڵەتی وئيقليمی. بۆ نموونە دژایەتی هەندێ لە گرووپە ئيسلاميەکان بۆ ڕۆژئاوا، یا هەندێ لە ململانێکانی ناوچەی بەلقان وقەوقاز، دەکرێت ئەم تيۆريە تا ڕادەیەک کۆمەک بکات بۆ تێگەيشتن. بەڵام ئەستەمە بکرێت بە تيۆريەکی سەرەکی بۆ تێگەيشتن لە سيستەمی جيهانی لەم سەردەمەدا.


دەرئەنجام:
بە گشتی هەردوو تيۆرييەکە، لە ڕووییەکەوە ئاڕاستەیان بەرەو ئايندەیە، پێشبينيکردنە، کاتێک فۆکۆیاما دەڵێت سيستەمی ديموکراسی ليبراڵی باشترينی مێژووە وهيچ بەديلێکی نييە، ئەوا بێ گومان مەبەستی ئەوەیە کە لە ئايندەدا، لایەنی کەم بۆ ئايندەیەکی مامناوەند، سيستەمی جيهانی بەو شێوەیە دەبێت کە لە تيوری کۆتایی مێژوودا باسکراوە. بۆ تيوريەکەی تريش بە هەمان شێوە، لە کۆتاییەکانی سەدەی ٢٠ پێشبينی ئەوە دەکات کە سيستەمی جيهانی لە سەدەی ٢١ چۆن دەبێت. بە پێی ميتۆدی زانستی بێ گومان بە پشت بەستن بە پێدراوەکانی ئێستا وتێگەيشتن لێيان، دەکرێت پێشبينی بکرێت، بەڵام ئەگەری ئەوەی کە ئەو پێشبينييە ڕاست دەربچێت، ئەگەرێکی نەک مسۆگەر نييە، بەڵکو ئەگەرێکی گەورەش نييە. بە تايبەت ئەگەر تيۆرييەکە لە چوارچێوەی زانستە مرۆييەکان بێت وپێشبينيەکەش زۆر فراوان وگەورە بێت، بۆ نموونە هەردوو تيۆرييەکە، کەم تا زۆر، پێشبينی دەکەن بۆ سيستەمی جيهانی. سەرەڕای ئەوەی هەردوو نووسەر، لە کتێبەکانياندا، ژمارەیەکی زۆر لە بەڵگە وفاکت وئارگۆمێنت بۆ بۆچوون وحوکمەکانيان دەهێننەوە، بەڵام ڕەخنەگرانيان، چەندين ڕەخنەی جدی و بنچينەییان ئاڕاستە کردوون. بە براوردکردنی هەردوو تێزەکە بە سيستەمی جيهانی لە ئێستادا، ئەوا دەردەکەوێت، هەردووکيان کورت دەهێنن.
هەردوو ئەو تيۆرييە دەچنە چوارچێوەی ئەوەی کە کارل پۆپەر پێی دەڵێت مێژووگەرایی، (التاريخانية- historicism)  بەتايبەت لە کتێبەکەيدا (کۆمەڵگەی کراوە ودووژمنانی) بايەخێکی تايبەت دەدات بەو چەمکە. ئەم چەمکە وەک ڕەخنەیەکی توندە دژ بەو تيۆری وگوتارانەی کە پێشبينی مێژوو دەکەن وئاڕاستەی مێژوو وجيهان دياری دەکەن، وەک کۆمەڵگەی بێ چين لای مارکس، یاخود کۆتایی مێژوو لای فۆکۆیاما.. بە پێی کارڵ پۆپەر دەتوانين بڵێين مێژوو کۆتایی نایەت و ناشزانين ئايندە چی هەڵگرتوە،مەعريفەی مرۆڤ لە گۆڕاندایە، مێژووش بە پێی ئەو مەعريفەیە دەگۆردرێت، ناشزانين مەعريفەی نەوەی داهاتوو چۆنە وچييە،کەواتە نازانين مێژوو بەرەو کوێ دەڕوات. هەر بۆیە نازانين سيستەمی جيهانی دوای دەيان ساڵی تر چۆن دەبێت وکێن زلهێزە تازەکان وچ زلهێزێک بەرەو بچوکبوونەوە دەچێت وهاوکێشە سياسيەکان چۆن دەبن...
سيستەمی جيهانی، لەبەر ئەوەی سيستەمێکی زۆر ئاڵۆز وفراوان وبەیەکدا چووە (لەوانەیە گونجاويش نەبێت ووشەی سيستەمی بۆ بەکاربێت)، هەندێ کات ئەوەندەی لە فەوزا دەچێت ئەوەندە لە سيستەمێک ناچێت کە مایەیی تێگەيشتن وخوێندنەوە بێت. هەر وەها لە ناو ئەو سيستەمە ئاڵۆزەدا، گۆڕانکارييەکان، ڕووداوەکان وجەنگەکان ودروستبوونی بەرەی نوێ... زۆر کات چاوەڕواننەکراون وزۆر بەپەلە ڕوودەدەن، هەر یەک لەوانەش، دەکرێت خوێندنەوەمان بۆ کۆی سيستەمی جيهانی بگۆرێت، دواجار کەسێک یا دەوڵەتێک یا یاسایەک یا گروپێک لە هاوپەيمانان نين، ئەوە دياری بکەن سيستەمی جيهانی لە ئايندەدا چۆن بێت وچۆن نەبێت. هەر بۆیە هەر تێزێک، تيۆريەک چەنێک فراوان وورد بێت، دەکرێت یەکێک بێت لە ئامرازەکانی تێگەيشتن لە بەشێک لە ڕووداوەکانی ناو سيستەمی جيهانی، یا کۆمەکمان بکات بۆ تێگەيشتن لە هەندێ هاوکێشەی سياسی لە هەندێ کات ولە هەندێ شوێن. هيچ تيۆريەک نييە، بتوانێت بە تەواوی خوێندنەوە بۆ سيستەمی جيهانی بکات وپێشبينی بۆ ئايندەی بکات.



بە پێی (کارڵ پۆپەر) دەتوانين بڵێين مێژوو کۆتایی نایەت و ناشزانين ئايندە چی هەڵگرتوە،مەعريفەی مرۆڤ لە گۆڕاندایە،مێژووش بە پێی ئەو مەعريفەیە دەگۆردرێت،ناشزانين مەعريفەی نەوەی داهاتوو چۆنە،کەواتە نازانين مێژوو بەرەو کوێ دەڕوات. ئيدعا کردن بۆ کۆتایی مێژوو،جۆرێکە لە دۆگمایی و بێ ئاگایی و توندڕەوی...
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×