مەسرور بارزانی لە پارلەمان

ئاری هەرسین
  2020-10-05     897
مەبەستی ئەم گوتارە هەلسەنگاندنی ئاستی ڕۆشنبیری سیاسی پارلەمانتارانی خولی پێنجەم نیە، بەڵکو لێکدانەوەیەکی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیەتی بۆ پارلەمانی کوردستان.
لەو ساتەوەی کە ئاشکرابوو مەسرور بارزانی کاندیدی پارتیە بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت، لێکدانەوەکان بەو ئاڕاستەیەوە دەچوون کە خەڵکی کوردستان لەژێر سایەی کابینەی نۆهەمدا شاهێدی حوکمڕانیەکی پۆلیسی و ئەمنی دەبن و، ڕاوبۆچونەکان لە چوارچێوە دەگیرێن و هەمو جۆرە دەنگێکی ئازاد کپ دەکرێن. ئەویش چونکە کاندیدەکەی پارتی پێشینەی ئەمنی هەیەو جگە لە ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش، بەرپرسی ئاژانسی پاراستنیش بوە. هەندێک کەسیش هەبوون کە قوباد تاڵەبانیان بە مێردمنداڵی سیاسی لەقەڵەم دەدا و بە کەم تەجروبەیان دەزانی. ساڵێک زیادتر بەسەر حوکمڕانی مەسرور بارزانی تێپەڕی و، نە ڕەشبگیر دەستیپێکرد، نە سەرانی ئۆپۆزسیۆن تیرۆر کران، نە دەرگای پارلەمان قفڵی لێ دراو نە کەرامەتی ئینسان لەم هەرێمەدا ئاستی حورمەت لێگرتنی لەچاو ساڵانی پێشوو کەمی کرد و، نە ئیدارەی حکومڕانیش هەرزەکارانەبوو. بە پێچەوانەی پێشبینیە نادروستەکان، سەرۆکی حکومەت موبادەرەی چوونە پارلەمانی کرد و لە ڕاستیدا بە هەموانی گوت: `` انکە حساب پاک است، از محاسبە چ باکست``. 
سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی ، زۆر بە ڕاشکاوانە و بە ڕاستگۆیانە سێ پەیامی گرنگیان گەیاندە پارلەمانی کوردستان. پەیامی یەکەم: ئاسەواری دوو ئیدارەیی ماوە و، ئەم کێشەیە لە پڕۆسێسدا چارەسەر دەکرێت، چونکە دوو ئیدارەیی بە ڕۆژێک دروست نەبوە هەتا بە ڕۆژێکیش چارەسەر بکرێت، بەڵکوو جزوری مێژوویی خۆی هەیە. پەیامی دووهەم: گەندەڵی هەیە و، ئەوە ش بەرهەمی ڕۆژێک و کابینەیەک نیە هەتا بە شەو ڕۆژێک چارەسەر بکرێت. چاکسازی و ڕیفۆرم ئیشی پڕۆسێسین. پەیامی سێهەم: کێشەی قەیرانی دارایی بە تەنیا پێنەدانی مووچەی فەرمانبەران نیە، بەڵکو لەوە گەورە ترە و چارەسەرکردنی بە شەو ڕۆژێک ناکرێت و، زۆر فاکتۆر دەوری تێدا دەبینن. گرنگترین خاڵ لە هەر سێ پەیامەکەدا لە ڕاسگۆیایەتی. مە سرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی خۆیان لە خەڵک نەکردە سیحرباز و بڵێن هیچ کێشەمان نیە و بەم زوانە هەموی چارەسەر دەکەین.
لە ڕوبەڕو بونەوە لەگەڵ ڕەخنە و پرسیارەکانی ئوپۆزسیۆن، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە میزاجی پۆلیسی و ئەمنی و وەک مێردمنداڵ  ڕەفتاریان نەکرد. بە پێچەوانەوە سوپاسی ڕەخنەکانیان کردن و سەرنجەکانیان بە هەند وەرگرتن. بەڵام تەسلیمی عەواتفیش نەبوون و، تەراجوعیان لە بەرنامەی حکومەتیش نەکرد. بەواتایەکیتر تەسلیمی هاژوهوژی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و چەپڵەڕێزانی سەرجادە نەبوون. چونکە حکومەت دەبێت ئیدارەی کۆمەڵگە بدات، نەک لەدوایەوە بڕوات. ئەو سیاسەتمەدارەی کە بۆ ڕازیکردنی دڵی خەڵکی ناڕازی، هەزار و یەک پەیمانی درۆ بە خەڵک دەدات، تەنیا بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاتی خاڵک ڕازی بکات و بەشان و باڵیدا هەڵبدەن، ئەوە کەسایەتیەکی لاوازو مەسڵەحچیە. مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە پێگەیەکی بەهێزەوە چونە پاڕلەمان، ڕاستگۆ و ڕاشکاو بوون، هەروە ها بە هێزەوە هاتنە دەرێ. بۆیە لەوانەیە ئەم سەردانە سەرەتایەک بێت بۆ هەماهەنگی پارلەمان و حکومەت لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی سەروەری خاکی پیرۆزی کوردستان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×