ھەرێم و قەیرانی دینداری

ئه‌بوبه‌كر عەلی
  2020-10-05     1228

زۆرێ لە کۆمەڵگە مسوڵمان نشینەکانی ناوچەکەو، لەوانەش ھەرێم، بە قەیرانی بونیادی و فرە ڕەھەندا تێدەپەڕن. بەسروشتی حاڵ، بەشێ لە رەنگدانەوەکانیشی لەسەر ئاستی تێگەیشتنی دینی و فۆرمی دینداری و فەزای ئاینیدا خۆی نمایش دەکات. ئەم دۆخە تێگەشتنێکی ڕوکەش و سادەو بارگاوی بە ڕق و سڕینەوەی بەرابەر و ناکۆك لەگەڵ خودی وەزیفە ڕوحی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەکانی دین بەرھەم دێنێ. ئەمەش تەنھا مەترسی بۆ سەر ڕوحی ئاین و پەیامە ئەخلاقیە گەردونیەکەی و ھەناسە عەدالەتخواز و ڕزگاری بەخشەکەی نیە، بەڵکو لە کۆمەڵگەیەکدا، کە سیاسەت بەھۆی لەدەستدانی بەھاکانیەوە، ڕۆژبەڕۆژ مایەپوچبوونی خۆی ڕادەگەیەنێ، دەبێتە مەترسیەکی «بالقوة» بۆ سەر ئایندەی سەقامگیری و ئاشتی کۆمەڵایەتی.
جێگەی داخێکی قوڵە، لەبری ئەوەی ئایین لەسەردەمی قوڵبوونەوەی ناکۆکیەکان و خۆپەرستی و گەورەبوونی بازنەکانی ڕق و یەکتر سڕینەوەو لەدەستدانی یەکیەتی ناوەکی ڕۆشنبیری نیشتیمانی، ببێتە پەنای ڕوحی و بانگەشەیەکی ئەخلاقی بۆ بیناکردنەوەی کۆمەڵ و ڕێگری لە زیاتر شڵەژان و ھەڵوەشانەوەی، لای خەڵکانێك بکرێتە بەشێ لەململانێ تەقلیدیە باوەکانی کۆمەڵگەو ئامرازێک بۆ دەربڕینی ڕق و حوکمدانی زاڵمانەو ناڕەوا بەسەر مسوڵمانی بەرامبەردا. ئەم تەرزە عەوامگەراییە لە تێگەیشتنی دینی ئاماژەیە بە سادەیییەکی مەنھەجی و زانستی قوڵ. زۆر ناشیاوانە ھەریەك دێت و ملی فڵان ئایەت و فەرمودە دەگرێت و بەدابراو لەگەڵ کۆی ئەو ئایەت و فەرمودانەی حوکمی ئەو مەسەلە دەکەن و ئەو ڕێسا گشتیانەی لێیان ھەڵدەھێنجرێت و تەحەکوم بەسەر جوزئیاتدا دەکەن و ئەو مەبەست و عیللە تانەی لە پشت دەق و حوکمەکانەوەن و ڕاڤەو جۆری کاراکردن و پیادەکردنیان دیاری دەکەن، حوکم بەسەر ئەم و ئەودا دەدەن و بێ ھیچ مۆڵەت پێدانێك خۆیان وەك پاسەوانی عەقیدە دەخەنەڕوو!!!!
لەھەر کات و شوێنێ بیرکردنەوە وشرۆڤەیەکی ئینسانیان بینی پەلاماری دەدەن و ڕەتی دەکەنەوەو سوکایەتی بەخاوەنەکەی دەکەن و دەکەونە موزایەدەی دین و ئیمان و لەڕوانگەیەکی کەلەپورانەو بەڕواڵەت دینی زۆر بەرتەسكەوە تێگەیشتنێکی بەتاڵکراوە لە ڕوح و میھرەبانی و سرەوت و ڕێز و سەنگینی بۆ عەقیدەو ئیسلام وشەریعەت دەخەنە ڕوو؟!! بازنەی عەقیدەو دینیش ھێندە تەسك دەکەنەوە، بەئاستەم جێگەی خۆیانی تێدا دەبێتەوە. ھەڵبەت ئەمە باس لە رەخنەگرتن لە گوتاری ھیچ سەرکردەو نوسەر و بیرمەندێکی ئیسلامی نیە، بەمەرجێ بنەما زانستیەکانی ڕەخنە گرتن و بەھا باڵاکانی ئیسلام و ئەخلاقی زانایانەی ڕەخنەگرتنی تیا پارێزراو بێت. ئەوەی ئێمە باسی دەکەین ڕەتکردنەوەی تێکەڵکردنی سوکایەتی و تەکفیر و بێڕێزی و عەوام گەراییە بە ناوی دین و ئیسلام. تێکەڵ کردنی ناشیاوانەی عەقیدەو ئیسلامە بە فیکری ئیسلامی. مامەڵەی حەرفیانەو عەقیدیانەی بێ گیانە لەگەڵ خستنە ڕووی باری سەرنج و شرۆڤەو ئیجتیھادێك، کە ھەڵەو راست «خطا وصواب» حكومی ده كات و پێوەری ھەڵسەنگاندنیەتی نەك کوفر و ئیمان یان ولاء و براء.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×