فشۆڵبوونی دەوڵەت بەرەو شکستخواردن*

د. رزگار ئاغا
  2020-10-07     401
بەشی دووەم

١. سەرهەڵدانی دەوڵەتی شکستخواردوو و پێوەرەکانیی:
پۆلێنکردنی هەندێ دەوڵەت بە دەوڵەتی شکستخواردوو, لە لایەن توێژەران و سیاسەتکارانەوە لە سەرەتای هەشتاکانەوە سەری هەڵداوە, بەڵام پڕوپاگەندە سیاسییەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای نەوەدەکان. لە وتارێکی نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان, لە دوو توێی کۆمەکییەک بۆ سۆماڵ و رزگارکردنی ئەو وڵاتە, زاراوەی دەوڵەتی شکستخواردوو خرایە دونیای شرۆڤە و سیاسەتکاریی نێودەوڵەتییەوە. پاشان هەردوو توێژەر, جیڕاڵد هەیڵز و ستیڤن رانتەر,  لە ١٩٩٣دا ئەم زاراوەیەیان بەکارهێنا, لە توێژیینەوەیەکی هاوبەش دا و, لە گۆڤاری سیاسەتی دەرەوە (Forign Affiars) بڵاویانکردەوە(٩). بەڵام, مەترسیی دەوڵەتە شکستخواردووەکان, لەسەر ئاستی جیهان, لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا کەوتە بەر مشت و مڕ و بەهەندوەرگرتن. ئەمەریکا, لە هەموو وڵاتانی تری دونیا زیاتر لە ترس و خەمی ئەم دەوڵەتانەدا بوو, بە تایبەتی دوای ١١ی سێپتێمبەر. بەو لێکدانەوەیەی کە ئەوە وڵاتە شکستخواردووەکانن, کە سەرچاوەی تیرۆری نێودەوڵەتیی و, بازرگانیی مادە هۆشبەرەکان و, بازرگانیی و بەکارهێنەری چەکی نایاسایی و قەدەغەکراو و, سەرچاوەی قوڵپدانی پەناهەندە و کۆچەری نایاسایین. بەدەر لەمانە لە گشتییتریین دۆخیدا, دەوڵەتی شکستخواردوو, ئەو قەوارە (کیانە)یە کە حوکوومەتێکی ناوەندیی یان فیدراڵیی لاواز, یان ناچالاکی هەیە, هەتا ئەو ئاستەی کە دەسەڵاتی تەواویی ناشکێت بەسەر بەشێکی زۆری خاکەکەیدا و, ئاستی چاودێریی و لێپرسیینەوەی کورت و کەم دەسەڵاتە.

ئەم دۆخانە لە توێژیینەوە و ئەدەبیاتیی سیاسیی دا, چەندیین زاراوەی تریشی بەخۆیانەوە هێنایە ناو باس و خواسە نێودەوڵەتییەکانەوە وەک: دەوڵەتی هەرەسهاتوو, دەوڵەتی فشۆڵ و, دەوڵەتی نەمەییوو و, دەوڵەتی رووە و شکست, دەوڵەتی روولەمەترسیی و, دەوڵەتی لاواز و هی تریش, کە  دواجارهەمان چەمک ئەگەیەنن, ئەگەرچیی مەبەست لە قۆناغێکی شکستخواردنیش بن.

بێگومان, زاراوەکە لە خۆڕا و بە رێکەوت نەکەوتە ناوانەوە. بەڵکو, دوای لێکۆڵیینەوە و بەردەستبوونی هۆکار و ئاماژەدەری پێویست بوو, لە لای لایەنی نێودەوڵەتیی سیاسیی, بە فەرمیی و نافەرمییەوە. لەتەک ئەمانەشدا, راگەیاندنی فراوان و, کارییگەر و, رۆڵی دیبلۆماسیی و, سیاسیی و, پرۆسەی سەربازیی و, رۆشنبیریی و, دەروونیی, لە برەوپێدان و سەپاندنی ئەم زاراوەیەدا بەسەر هەر وڵاتێک دا, کە ئەو پێودانانە بیانگرێتەوە, هەموویان لەسەریان کۆک بوون و بەردەوامن.

راگەیاندن یان سەپاندنی نازناوی شکستخواردوو, بۆ هەر حوکمڕانییەک, بەپێی چەندیین پێوەر, لە ئاستی نێودەوڵەتیی دا دەستنیشانکراون. لە گۆڤاری کاروباری دەرەوەی ئەمەریکایی (Foreign Policy) و "دامەزراوەی سندووقی ئاشتیی", دوانزە ئاماژەدەر (مۆشر-index) دیارییکراون کە دەلالەتی شکستخواردنی دەوڵەتن.

ئەوانەیش بریتیین لە :
١. دەسەڵاتنەشکانی حوکوومەتی ناوەندیی, بە سەر زۆریینەی خاکە نیشتمانییەکەیدا.
٢. دەسەڵاتنەشکانی حوکوومەتی ناوەندی, بەسەر پاراستنی سنوورەکانی لە دزەی نایاسایی دەرەکیی, ئیتر هەر سنوورێک بێت, وشکانیی, یان ئاویی, یان ئاسمانیی.
٣.دەوڵەت شەرعییەتی تەواوی حوکمڕانیی نەبێت و, دەستاودەستی دەسەڵات تیایدا ئەستەم بێـت و, گەندەڵیی تیایدا بەربڵاو بێت, سەرباری نائامادەیی یان لاوازیی دەسەڵات و سیستەمی دادوەریی.
٤. دابەشکاریی کۆمەڵگەیی لەسەر بنەمای ئایینی و تایەفەگەریی و نەژادیی رەگ داکوتاو, کە مایەی مەترسیی یەکگرتوویی نیشتمانیی بن.
٥. کۆچی بەردەوامی دانیشتووان لە شوێنە جیاجیاکانی وڵاتەکەدا, بەهەر هۆکارێک بێت, وەک: توندوتیژیی ئایینی و نەژادیی و بێکاریی و هەژاریی و, مادە هۆشبەرەکان و, دزیی و کوشتن و بڕیین و, کۆچی مێشکەکان بۆ دەرەوەی وڵات لەبەر ئەو هۆکارانە.
٦.نابەرابەریی و نایەکسانی و هەرەسی ئابووریی لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتەدا, , دابەزیینی بەهای دراوی نیشتمانیی.
٧. تەسکبوونەوەی ئازادیی سیاسیی و, متمانەدۆڕان بە دەوڵەت و دامەزراوەکانیی, پاشەکشەی دەوڵەت لە ئەرکەکانیی, زۆربوونی ترازانی حیزبیی, ململانێی نوخبە حوکمڕانەکان.
٨. دەستدرێژیی بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ, لاوازیی دەسەڵاتی ئاساییش, دەرکەوتن و زاڵبوونی هێزی چەکداریی.

بۆیە, گۆڤاری کاروباری دەرەوەی ئەمەریکایی (Foreign Policy) و "دامەزراوەی سندووقی ئاشتیی",  لە ساڵی ٢٠٠٧ دا, ناوی ١٧٧ دەوڵەتی بە "دەوڵەتی شکستخواردوو" داناوە, کە لەنێوانیاندا ٢٠ دەوڵەتی عەرەبیی تیایە و, عێراق لە رییزبەندیی حەڤدەهەمدایە, سەرباری هەبوونی دەستووری هەمیشەیی و, هەڵبژاردنی پەرلەمانیی وڵات و خۆجێی, حوکوومەتی ناوەندیی و, حوکوومەتە خۆجێیەکان و, دامەزراوە حوکومییەکان و, دەستگای راگەیاندنی ئازاد .

بەڵام ئەم ئاماژەدەرانە و ئەو هەڵسەنگاندنانە بێ رەخنە نیین, چۆمسکی(١٠) بە نیگەرانییەکی زۆرەوە لە سەپاندنی ئەم زاراوەیە و, رییزکردنی دەوڵەتانێک لە ژێر ئەم ناوە مەترسییدارە دەڕوانێت. پێی وایە, پرۆسەیەکی بێ مەبەستانە نییە و, لەوە ئەترازێت کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئەو وڵاتانە بێت. بەڵکو, پاساوسازکردن و رێ خۆشکردنە, بۆ تێهەڵچوون لە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتانە و, دواجارکوشتنی ئیرادە و توانای ناوخۆییانە لە چارەسەرکردنی کێشە بەیەکداچووە ئاڵۆزکاوەکانیان, وەک: ململانێی رەگەزیی و خێڵەکیی و ئایینیی. دواتریش بە دەوڵەتی شکستخواردوو ناوزەدی کردوون.

چۆمسکی, لە زۆر شوێنی کتێبەکەی دا, بەراوردکارییەکی سیاسەتی حوکوومەتی ئەمەریکا و سیاسەتی دەوڵەتە شکستخواردووەکان ئەکات, کە ئەمەریکا بە نەیارانی خۆی دائەنێـت, وەک عێراقی پێشوو و, ئێران و, سربییا لە سەردەمی میلۆسۆبییچ, تەنانەت بزووتنەوەی حەماس لە فەڵەستیین, پێی وایە, کە ئەمەریکا بۆ خودی خۆیشی پیادەی هەمان سیاسەت ئەکات لە ناوخۆی ئەمەریکادا, کە ئەم وڵات و رێکخراوانەی پێ تاوانبار کردووە و ئەکات. زیاتر لەمەیش, ئەمەریکا بە مەترسیی یەکەم ئەزانێت لەسەر ئاشتی نێودەوڵەتیی و سەقامگییریی.

٢.چۆن حوکمڕانیی بەرەو شکست ئەچێت؟
کتێبی "بۆچیی میللەتان شکست دەهێنن - بنەماکانی دەسەڵات و گەشانەوە و هەژاریی-"(١١), لە لایەن دارن ئاسیمۆنگینۆ و جەیمس روبنسۆن, وتوێژ لەسەرئەو پرسانە ئەکات, کە چۆن چۆنیی گەشە و برەوی کۆمەڵگەکان دێنە ئاراوە, یان چۆن بەرەو شکست مل ئەنێن و پاشەکشەی پێشکەوتن ئەکەن. ئایا, بەربەست و ئاستەنگەکان چین لە بەردەم دەوڵەتە هەژارەکان دا, کە تاسەر بە هەژاریی ئەمێننەوە و بەرەو دەوڵەمەندیی و پێشکەوتن ناچن؟ ئایا دیاردەی هەژاریی دەوڵەتانی ئاسیا و ئەفەریقا و ئەمەریکای لاتیین, هەتا سەرە؟

هۆکاری شکستخواردنی دەوڵەت لەم سەردەمەدا, بۆ بەرفراونبوونی دامەزراوە ماڵجیاییەکانی دەستەبژێرەکانی دەسەڵاتە, بە دەستگرتن بەسەر سامانی سرووشتیی و داهاتی وڵات, کە رێگری سەرەکیین لە هاندان و هەلی گونجاو بۆ بازرگان و دەوڵەمەندە  رەسەن و بێ لایەنەکان, بۆ وەبەرهێنان و برەودانی ژێرخانی ئابووریی و, ئەفراندنی هەلی کار و, دابیینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی وڵات. ئەم دامەزراوە ماڵجیاییانەی دەسەڵاتدارەکان, تەنها ئەو دامەزراوانە هان ئەدەن, کە دروستکراوی خۆیانن. ئەمەش لە زۆربەی وڵاتانی ئەمەریکای لاتیین (ئەرجەنتیین و کۆڵۆمبیا) و ئەفریقاییەکان وەک (میسر و زیمبابۆی و وڵاتی تریش). ئەم جیاکردنەوە و قۆرخکردنە, بەسە بۆ ئەوەی چالاکی ئابووریی بونیادنەر بوەستێنێـت, چونکە سیاسەتکارەکان لەسەر ئەوە کۆکن, کە رێگریی بکەن لە هەر چالاکییەکی ئابووریی سەربەخۆ, کە ببێت بە مایەی هەڕەشە لەسەر خۆیان و دەستەبژێرە راسپێرراوەکانی خۆیان. لە هەندێ حاڵەتی رییزپەڕدا, وەک لە زیمبابۆی و سیرالیۆن, دامەزراوە ماڵجیاییەکان رێ بۆ شکستخواردنی دەوڵەت خۆش ئەکەن و, نەک بە تەنیا یاسا و سیستەم, بەڵکو هاندانە ئابووریی و سیاسییەکانیش هەرەس پێ دەهێنن. ئەمەش, وشککردنی ئابووریی و, جەنگی ناوخۆ و, کۆچ و هەڵهاتن و, برسێتیی و, بەڵای بەدەمەوەیە.

 لە وتوێژی ئەم دوو شرۆڤەکارە دا, هۆکاری دەوڵەتە شکستخواردووەکان, بە هۆی فاکتەری جیۆپۆلەتیکیی و رۆشنبیریییەوە نییە, بەڵکو بەهۆی میراتگریی دامەزراوە ماڵجیاییەکانە, کە دەسەڵات و سامان و داهات لە دەستی دەستەبژێری حوکمڕانیی دا کۆدەکاتەوە و, بەشێوەیەکی ئاشکرا و راستەوخۆیانە شکستی بەرەبەرەیی وەبەرهێنان و, خزمەتگوزاریی بنەڕەتیی گشتیی فەرامۆش ئەکات, کە دواجار, ڕێگە بۆ پەشێویی و شڵەژانی کۆمەڵایەتی و ململانێ و دەنگە ناڕازییە ناوخۆییەکان خۆش دەکات.

 توێژەران, لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا, زیاتر جەختییان لەسەر کاریگەریی خراپ هەڵسووڕان و حوکمڕانیی دامەزراوەکانی دەوڵەت و سیستەمی حوکمڕانییە لەم وڵاتانەدا, شان بەشانی بێ توانایی گەلەکانیان لە هەڵبژاردن و, چاودێریی و لێپرسیینەوەی دەستەبژێرە حوکمڕانەکانیان دا. ئەو بۆچوونە بەرپەرچ ئەدەنەوە, کە تەنها نەزانیین و هەژاریی مایەی ئەم سیستەمە خراپانە بێت. بەڵکو, زیاتر ئەنجامی ئاکامەکانی دەستەبژێرەکانی دەسەڵاتە لە سیاسەتکردن و حوکومڕانیی دا, کە سیاسەتی هەژارکردن دادەڕێژن, نەک لەبەرئەوەی نەزانن و رێگەچارەی باش شک نابەن, یان لە حوکومڕانیی نازانن, بەڵکو بە بەمەبەستانەیە.

مایکڵ جانستۆن, لە کتێبی "لێکەوتەکانی گەندەڵیی"(١٢) دا, رێک دژی ئەم پۆلێنکاریی و رییزبەندیی گەندەڵیی و شکستخواردنانەیە. لە بریتی ئەمە, چوار لێکەوتەی زەقی گەندەڵیی ئەکاتە ئاماژەدەر, کە مایەی مەترسیی گەورەن لە نانەوەی کێشە بۆ دامەزراوە دیموکراسیی و ئابوورییەکان لە هەر وڵاتێک دا. ئەگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە بەهۆکاری تایبەتیی هەر وڵاتێک لە جۆری حوکمڕانییەکەیەوە, مەترسیی لێکەوتەکانی گەندەڵیی هەموو ئان و ساتێک هەڕەشەی خۆی هەیە. بۆیە, پۆلێنکردنەکەی لە رەوشی سیستەمی حوکمڕانییەوە سەرچاوە ئەگرێت, وەک؛ زاڵبوونی بازاڕی هەژموونکاریی (وەک: ئەمەریکا, ژاپۆن, ئەڵمانیا) و, رێکەوتنی دەستەبژێرەکانی حوکومڕانیی (ئیتالیا, کۆریا, بۆتسوانا) و, هەژموونی خێزانەکان (رووسیا, فلیپیین, مەکسییک) و, هەژموونی بەرپرسە حوکوومییەکان (چیین, کینیا, ئەندەنوسیا).

جانستۆن, کۆک نییە لەتەک زۆربەی ئەو گورزە پاکێجە چاکسازییانەی, کە وەک چارەسەر ئەخرێنە ئاراوە, بۆ قەردەغەکردن و بەگژاچوونەوەی گەندەڵیی و تۆکمەکردنی دامەزراوە دیمکراسییەکان. پێی وایە, ئەو پاکێجە چاکسازییانەی ئەخرێنە بەر کار, زۆر بەسانایی دەربڕیین و هەست بە بەرپرسیارێتیە لە گیانی دیموکراسییەکی نموونەییەوە و, تەنها درووست و بەکارن لەو وڵاتانەدا کە دیموکراسیی لە شوێنی خۆیدا بە دەست حوکومڕانیی و کۆمەڵگەوەیە. بۆ وڵاتانێکی جیا لەم تەرزەی حوکومڕانیی, نەک مایەی جێبەجێکردن نیین بەڵکو مایەی گوێزانەوەشی نییە بۆیان. جانستۆن پێی وایە, لە بریتی ئەو پاکێجانە, پێویست وەهایە, لێکۆڵیینەوە لەسەر ئەو هێز و بەرژەوەندییانە بکرێت, کە مایەی پیادەکاریی سیاسەتی خراپ و حوکومڕانییەکی تاڵانکاریین لە وڵاتانەدا, کە کۆمەڵگەکنیان بەدەستیانەوە گییرەوە بوون. بۆیە, تا ئێستا هییچ پاکێج و هەڵمەتێکی چاکسازیی چ لە لایەن حوکوومەتەکان خۆیانەوە و چ لە لایەن هەر ئاژانسێک یان کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی نەچوونەتە سەر, چونکە چاکسازیی رۆحێکی راستەقیینەیە پێویستیی بە چوونە ناو کێشەکانی دامەزراوەکان و سیاسەتی گشتیین و, هەبوونی دەسەڵاتێکیشە بۆ دەستکارییکردن. بەڵام, زۆربەی جار بەربەست و ئاستەنگەکان لێرەن, کە دامەزراوەی تۆکمە و پارێزراو بوونیان نییە. لێرەوە, کردنەوەی قوفڵی کلۆمدراوی چاکسازیی, بە تەنها چاککردنی کارگێڕیی گشتیی نییە, بەڵکو دادپەروەرییە. ئەمەش, دیموکراسییەتێکی قووڵی ئەوێت, ئەمەش زۆر زیاترە لەوەی چاوتێبڕینێک بێـت, بە نموونە, لەسەرکەوتنی درووستانەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان, دەست لەکارکێشانەوەی حوکوومەتێکی لاواز یان بێ توانا, هەڵبژاردنێکی پێش وەختە بۆ گۆڕیینی دەم و چاوەکان بەڵام لە هەمان ئەو حزبانەی کە مسۆگەریی بردنەوە و زاڵبوونیان هەیە بۆ دەیان جاری تر, بەڵکو رۆچوونە  بۆ ناو دیبەیتی چارەنووسساز لە بارەی پرسە زیندەگییەکانی سیستەمی حوکومڕانیی, لە نێوان کەسان و گروپە هەژمووندارەکان, کە توانای بەرگرییکردنی سیاسییانە و, گەیشتن بە رووتەختکردنی سیاسیی کێشەکانی حوکمڕانیی هەبێت, لە سۆنگەی بەرژەوەندیی گشتییەوە. بێگومان, هەبوونی میکانییزمەکانی رادەستکردنی  دەسەڵات بە پێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن, سەقامگییریی بونیادەکانی حوکومڕانیی بۆ هەر جانتایەکی نوێی وەزاریی. تەنها لێرەوە, ئەکرێت هەندێک ستراتییجی چاکسازیی بهێنرێتە بەرهەم.

٣. شرۆڤەیەکی خێرا, بۆ رەوشی جوکوومەتەکانی عێڕاق و وڵاتانی عەرەبیی  لە شکستخواردنێکی بەردەوم دا (١٣)
بۆ شرۆڤەکردن و بییرخستنەوەی هۆکارەکانی فشۆڵیی و شکستی حوکوومەت, چەند رەهەندێکی حوکومڕانیی لە عێراق و هەندێ دیاردەی گشتیی کارییگەر لە وڵاتانی عەرەبیی پێویستن.

 تواناکان: بیرۆکراسیی و دەسەڵاتە ئاراییەکان
کاتێک بیرۆکراسیی فەرمیی, بێ توانا ئەبێت, یان خۆی مەبەستی نییە, ئەنجامی بەرچاو بهێنێتە دیی, هەر لە ئاسایشەوە بۆ خزمەتگوزارییەکان. لەبری ئەمانه‌, بە رێژەی جیا جیا, دەسەڵاتی دی فاکتۆ (ئەمری واقیع) دزە ئەکەنە ناو دەوڵەتەوە و, بیرۆکراسییەکان پەراوێزئەخەن, یان ژێردەستیان ئەکەن, یان لەتەکیاندا یەک ئەگرن و ئەو لایەنە جێبەجێکارییە رائەماڵن کە بە فەرمیی هەیە. لە هەمان کاتدا, برەو بە پەیکەری سەربازیی و ئابووریی هاوتەریب ئەدەن, بەمەبەستی هەژموونی تۆکمە بۆ مانەوەیان. 

لەم سیستەمە فشەڵەدا, ئەوانەی دەسەڵ‌اتداربوون لە چەکداران و سیاسەتکارە هەژمووندارەکان, بیرۆکراسیی فەرمییان کردە نیشانە و وەک نێچییرێکی ئاسان دییانەوە. ئییتر, بیرۆکراسییەکان لە دەوڵەت دا, فەرمامۆشکران, یان گۆڕڕان بە کەسانێک لە کەسوکار و خزم و خوێش و کەسە نزییکە حیزبییەکان, هەتا لە رێیانەوە قۆرخکاریی جێی میکانیزمەکانی تری حوکمڕانیی بگرێتەوە و, رێکارە رۆتیینەکانی تاڵانیی و, دەربازبوون لە یاسا و چاودێریی مسۆگەر بکەن. 

یەکێک لە هەنگاوە خۆسەپێنییەکانی لایەنە رکابەرەکانی دەسەڵات, جگە لە دابەشکاریی پۆستی وەزارەتەکان لە نێوخۆیاندا, جێکردنەوەی بەزۆرەملێی دەسەڵاتی خۆیانە لەو وەزارەتانەی کە تەنانەت پشکی لایەنی بەرامبەریانە, ئەویش لە رێی دانانی بریکاریی وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکانەوە. ئیتر لێرەوە دەوڵەت, بارمتەیەکی تەواوی هەموو هێزە رکابەرەکان بووە, ئەگەرچیی وەزیریش لە لایەنێکی سیاسیی یان خێڵێکی تر بێت. ئەم بریکار و بەڕێوەبەرانە, ناوچەی خۆڵەمێشی داگییرئەکەن و راستەوخۆ پەیوەستن بە دەسەڵاتی دیفاکتۆی حوکوومەتەوە لە دامەزراوەکانی دا, کە کارئاسانیی لە بەشبەشکردنی دەسەڵاتی حوکوومەت ئەکەن و, هییچ پانتاییەک بۆ بیرۆکراسیی ناهێڵنەوە, کە یاسا و رێنمایی و پڕۆژەکان بەپێی پلان جێبەجێ بکەن. ترازانی دەسەڵاتەکانی حوکوومەت, یان هەڵکشان و داکشانی دەسەڵات لە کابیینەیەکەوە بۆ کابیینەیەکی تر, بۆشایی گەورەی نێوان بیرۆکراسیی و دەسەڵاتی دیفاکتۆ دروست ئەکات و بەگەورەبوونی ئەم بۆشاییە, دەوڵەت بەرەو فشۆڵیی ئەبات.

 دۆخی سەربازیی
ئەگەر دۆخی عێراق وەربگریین, وەک نموونەیەکی زیندوو, لە کاتی هەبوونی دەسەڵاتی جیاجیا لەناو یەک حوکوومەت دا, دۆخێک هاتۆتە ئاراوە, لە لایەن دەسەڵاتی سەربازییە هەمە جۆرە جیا جیاکانەوە, بوو- ون بە مایەی لاوازکردن و بێ دەستەڵاتکردنی توانا سەربازییە نیشتمانییەکەی دەوڵەت. لایەنە سیاسیی و خێڵەکیی و تاقمی ئایینی و کەمیینەییەکان, هەر یەک بۆخۆی گروپی چەکداریی و جبەخانە و سەربازگەی هەیە. ئیتر بە ئەمری واقیع بوون بە چەندیین دەسەڵاتی سەربازیی لە یەک دەوڵەت دا. ئەمانە, لە زۆربەی حاڵەتەکان دا, بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکاریی فەرمیی دەوڵەت و بیرۆکراسییەکان ناگەڕێنەوە, بڕیار و جموجووڵەکانیان سەربەخۆن و, لە لایەن حیزبەکانیانەوە ئاراستە ئەکرێن. ئەمانەن پێگە و هەژموونی حیزب و گروپەکانی ناو حیزب ئەپارێزن. لە هەموو دۆخێکیش دا, ئەمانە ئەبن بە باری گران بەسەر دەوڵەتەوە, هەر لە مووچە و چەک و پێگە و لۆجستیک و هتد. لە عێراقی فیدراڵ دا, لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە, هەموو توانا سەربازییە فەرمییەکان هەڵوەشێنران, بەوانەیشەوە کە لە سەرەتادا بەردەست و ئامادەبوون. لەتەک هاتنە مەیدانی هێزی ئەمەریکایی و, هێزی چەکداریی هاوپەیمانان, ئیتر سوپای عێراقیی وهێزی ئاسایش نەیتوانی پێگە و جڵەوگییریی خۆی بگرێتەوە دەست, ئەگەرچیی هەوڵە فەرمییەکان هەتا ئێستا هەن. زیاتر, لە کاتە جیاوازەکان دا, لایەنە چەکدارە میلیشیاییەکان رێیان بۆ خۆشکرا لە چەندیین لاوە دەربکەون. ئیتر, دەسەڵاتی بیرۆکراسیی فەرمییان پەراوێزخست, لە مسۆگەرکردنی ئاسایشی تایبەتی خۆیان و, توند و تۆکمەکردنی پەیکەری دەسەڵاتەکانی خۆیان, هەرگییز لە هەوڵی یەکخستەوەشیان نەبوون لەتەک هێزە سەربازیی و ئاسایشەکانی دەوڵەت دا. زیاتر, ئەمە لە گرۆ چەکدارە شیعییەکان و, ئەوەی بە ناوی حەشدی شەعبییەوە کە بە فەرمیی کراوە و ٥٥٠٠٠ چەکداریی هەبووە  (١٢٠٠٠٠ لەسەر کاغەز), بە تەواوی دەرکەوت. رێکخراوی بەدر, لە رووبەرووبوونەوەی داعش دا, ژمارەیەکی کەمی چەکدارانی چوونە ناو وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە بەفەرمیی, بەڵام دڵیان لای رێکخراوەکەی خۆیان بوو. وەها ئەوترێـت کە رێکخراوی بەدر دەسەڵاتی زیاتری, لە ناو وەزارەتی ناوخۆدا هەیە. 

 ئابووریی 
لە سیما دیارەکانی ئابووریی عێراق, متمانەکردنی بوو لەسەر نەوت. لە دوای ٢٠٠٣ وە, حوکوومەتی ناوەند بە تەواوی بووە بە دەوڵەتێکی موڵکانە (رەیعیی). بەر لە کەوتنی بەعس و لە دوای هاتنی سوپای ئەمەریکا, بەغداد ناچار بوو هەندێ رێکاری خراپ بگرێـتە بەر, بۆ دابیینکردنی ژیار و خزمەتگوزاریی, لە پشتییوانییکردنی سووتەمەنیی و کارەبا و خۆراک بۆ هاوڵاتیان. بۆیە, دەستیکرد بە دامەزراندن لە کەرتی مەدەنی و سەربازیی. لە کۆتایی ٢٠١٥دا, گەیشتە ٣ ملیۆن کەس - سێیەکی ژمارەی هاوڵاتییە دامەزراوەکان- لە کەرتی گشتیی دا. بەڵام, ئەمە چارەسەرێکی ریشەیی نەبوو, بەڵکو دەسەڵاتی ئابووریی دەوڵەت بەرەو لاوازتر هات. لە راستیی دا, ئەم لاوازبوونە, درێژەی ئەو ئابڵووقە ئابوورییە بوو کە لە نەوەدەکان سەپێنرا بە سەر عێراقدا. ئەو دەمە, حوکوومەتی عێراقیی ناچار بوو رێگەچارەی تر بدۆزێتەوە, لە دەرەوەی بازرگانی فەرمیی و نێودەوڵەتییەوە. هەر لە سەرەتای نەوەدەکان هەتا کەوتنی رژێم, تۆڕی قاچاخچێتیی و ئاودییوکردن لە وشکانییەوە لە ڕێی ئەردەن و سووریا و تورکیاوە دروست بکات, کە بە بازرگانیی لۆرییەکان ناسرابوو. لە رێی دەریاشەوە, کەنداوی فارسیی گییرایە بەر. بەپێی لێژنەیەکی سەربەخۆی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەرنامەی نەوت بەرامبەر خۆراک دا, لە ١٩٩١ هەتا ١٩٩٦, عێراق , بایی ١١ ملیۆن دۆڵاری نەوت بە ئەردەن و سووریا و تورکیا فرۆشتووە. ئیتر, بازاڕی رەش برەوی سەند, ئاودیوکردن تەنها چارەسەر بوو, هەر لە بەنزین و خواردنەوە ئەلکهولییەکانەوە. هەمەجۆر لایەن و دەسەڵات و وڵات هاتنە ناو ئەم کاسپییە قاچاخەوە, وەک بەرپرسە حوکوومییەکان, تاک و تاقمە ژێربەژێرەکانی بەرپرسەکان, هاوبەشەکانیان لە دەرەوەی عێراق و سیاسەتکارەکان و سەرۆک خێڵ و هۆزەکان. بەم پێیە, بازرگانیی فەرمیی و یاسایی بوارێکی تەسکی بۆ مایەوە. بە پێی راپۆرتێک لە ساڵی ٢٠٠٠دا: فەرمان دراوە بە وەزارەتەکان, بۆ وەرگرتنی بەرتییل لە هەموو ئەو گرێبەستانەی تایبەتن بە خزمەتگوزارییە مرۆییەکان و پارچە قورسەکانی کەرتی نەوت, کە بە "کرێی خزمەتگوزاریی دوای فرۆشتن" ناونرا, و ١٠%ی نرخی گرێبەستەکە بووە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی, هییچ فرۆشتنێک نەکرێت هەتا ئەو کرێیە نەدرێت. دواجار رکابەرییەکی قورسیی لە نێوان دەسەڵاتدارە سیاسییە هەمەجۆرەکان خستەوە و, بە "پرۆسەی بەشکردنی کێکەکە" ناسرا و, هەموو لێیان خوارد. بەم چەشنە, بەمەبەستی دەستکەوتی زیاتر, بییریان لە زاڵبوون و قۆرخکردنی دەستگا فەرمییەکانی دەوڵەت کردەوە. بۆیە, تاقمە چەکدارەکان بوون بە بەشێکی گەورە لە دەسەڵاتی دەوڵەت و, سەرمایەیان لە ١٠٠ ملیار دۆلار تێپەڕی کرد.

 دەسەڵاتە یاساییە فەرمییەکان
شکستهێنانی لێپرسیینەوە و داد پەروەریی لە حوکوومەتی فشۆڵبوودا, لە نەبوونی یاسا و رێکاریی یاسایی و لێپێچیینەوەکان نییە. بەڵکو, بە خراپ بەکارهێنانی ئەو کەرەستە و میکانییزمانەیە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان. لە لایەکی ترەوە, دەرکردنی یاسا و حێبەجێکردنەکانیەتی لە روودا وەستانەوە و لێدانی هەر مەترسییەک کە زەفەر بە هەژموون و پێگەکانیان بەرێت. لە عێراق دا, هەر لە ٢٠٠٣وە, یاسای "ریشەهەڵکێشانی بەعس" دەرکرا, بەڵام ئەم یاسایە وەک پاساوێک دەرکرا و بوو بە کوتەکێک لە کوتیینەوەی نەیاران, یان لە ئاستی هەر رکابەرێکی سیاسیی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بەکارهات, بە تایبەت لە لایەن مالیکیی یەوە لە ٢٠١٠دا. پاشان یاسای "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" ی بەکار هێنا دژ بە سیاسەتکارە سوونییەکان و, ناچاری کردن بۆ هەڵهاتنیان بۆ دەرەوەی وڵات و ترانجاندنیان بۆ ناو گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش. پاشان یاسای "بەرەنگابوونەوەی گەندەڵیی" بەکارهێنا بۆ زاڵبوون بەسەر پەرلەمان و بڕیارەکانی و, لەسەرکارلابردنی چەند وەزیرێک بە تۆمەتی گەندەڵیی, کە رێگر بوون لە هەندێ تۆڕ و بەرژەوەندیی تایبەت, یان بەشداری پشکە گەورەکانی دزیی و تاڵانچێتیی بوون.

 رۆشنبییرەکان و پرۆژەی هزریی
دەسەڵاتە فشۆڵەکان, هەمیشە ترسێکی گەورەیان لە گەلەکانیانە, کە لە روویاندا بوەستنەوە و و لێپرسیینەوەیان لە تەکدا بکەن. بێگومان, فراوانتریین پانتایی کە گەل تیایدا چالاکە و زیندووە, کایەی رۆشنبیرییە. بۆیە, دەسەڵات, ئەوپەڕی توانای خۆی لێرەدا ئەخاتە گەڕ بۆ پڕوپووچکردنی بەها رۆشنبییریی و هزرییەکان. دابڕانێکی گەورە درووست ئەکات لە تەک ئەو درێژەی هزر و رۆشنبیریی جیهانییەی کە لە مێژوودا, هەمیشە مایە و سەرچاوەی گۆڕانکارییە گەورەکان بوون, هەتا چەمکەکانیان, چییتر نەبنە بەهایەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی, لە پڕچەککردنی کۆمەڵگە بۆ رووبەڕووبوونەوەیان. بۆیە, رۆژهەڵاتی ناویین, بەتایبەتیی, کەم و کورتی هێناوە لە بەرهەمهێنانی رۆشنبیرییەکی تایبەت و خۆکردانەدا, بەڵام درێژەدانێک بە گوێزانەوە و هەندێجاریش لێگۆڕیینی چەمکەکان لە پرسە نیشتمانییەکان, بووەتە دیاردەیەک کە هییچی لێ سەوز نەبووە. لە وڵاتانی عەرەبیی دا, رۆشنبیریی, کەمتریین بەشدارییکردنی رووبەڕووبوونەوەی هەبووە لە سەد ساڵی پێشوودا, لە رووی تێۆری و کردەییشەوە, زیاتر, دیاردەی خۆ گونجاندن لەتەک دەسەڵات دا, جێی خۆی کردۆتەوە لەناو تێزە هزریی و رۆشنبیرییەکان دا. بێگومان, هەندێک بەدەرن لەو واقیعەی کە هەتا ئەم ساتە وەختە دەستەوسانی گۆڕانکاریی ئەقڵانی کۆمەڵگە و هزری سیاسیی بوون.

بەگەڕانەوە بۆ مێژووی ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان, بەو گەرمەی ململانێکردنەی کە هەبووە لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەکانیان, تەرزێکی سیاسیی باڵی کێشابوو بەسەر وڵاتانی نیشتمانی عەرەبیی دا. هەر لە شانشیینەکانی سەعوودییە و  شانشیینەکانی تری کەنداو و ئەردەن و مەغریب, هەتا ئایدۆلۆجیای سۆسیالیسیتی و پشتیوانانی سۆڤییەتیی, وەک عێراق و سوریا و میسر و لیبیا و هەردوو یەمەن. گەرمەی بەرهەم و نووسیینی سیاسیی و ئایدۆلۆجیی و رۆشنبیریی هەبووە, هەر لە گۆڤاری سیاسیی و رۆشنبیریی, هەتا ئەگاتە کتێبە جۆراوجۆرەکانی نووسەر و روناکبییرەکانی وەک, محمد عابد الجابری ( سلسله‌ نقد العقل العربی‌)(١٤), برهان غلیون ( اعتیال العقل)(١٥) , نصر حامد ابو زید (نقد الخگاب الدینی)(١٦), عزیز عڤمه‌ (العلمانیّه‌ من منڤور مختلف)(١٧) و دەیانی تریش. ئەم بییرمەندانە, باس لە نەهامەتیی و تەنگژە و قەیرانەکانی ئەقڵی عەرەبیی ئەکەن, بەڵام, لە هەموویان دا, پێداگییرییان لەسەر تاکی عەرەبییە, کە بەرپرسیارە لەو سستیی و فەرامۆشکردن و پەراوێزخستنە ئەقڵانییەی, کە گۆڕەپانی دەسەڵاتی بۆ خەڵکانی تر چۆڵ کردووە. سەیری الجابری, زۆر بە راشکاوانە لەو زنجییرە رەخنەییەدا, پێی وایە خواستی خودی خەڵکە بووە, نەک بارودۆخێکی سەپاوی دەسەڵاتی سیاسیی بەسەر خەڵک دا, هەر بە گرتن و داپڵۆسین و هەژاریی و پاشکۆیی و سەرمایەداریی و ئەو شتانە. ئەم کۆمەڵە رۆشنبییرە, ئەوەندەی خۆیان سەرقاڵی تێزە هزریی و رۆشنبییرییەکانیان بوون لە رووبەڕووبوونەوە و شرۆڤەی هەژموون و داهاتووەکان لە بەرامبەر "مەترسییەکانی دەوڵەتی ئایینیی", کە پێیان وابوو روو لە وڵاتانی عەرەبیی ئەکەن, کە لەوکاتانەدا بوونێکی چڕیان نەبووە, ئەوەی هەبوو حوکمڕانیی نادادپەروەر و پۆلیسیی و خۆیناویی هەبوو, کە رووی ستەم و لێپێچینەوەیان لە هەموو خەڵک بووە بە هەر ئایدیا و بۆچوونێکی سیاسییەوە و زیندانەکان پڕکرابوون لە هەموو جۆر ئاراستیە ئایدۆلۆجیی هەر لە کۆمۆنیستی و نەتەوەییەوە هەتا ئیسلامییەوە. بەڵام هەر یەک لەم بییرمەندانە, کەمتریین ئیشیان لەسەر ئەو تاوان و نادادیی و ستەمانە هەبووە! ئەم چیینە بییرمەند و رۆشنبییرە, خۆیان لە "دەسەڵاتێکی مەعنەویی" دا بینییەوە, لووت بەرزانە, نامۆکارانە بە کۆمەڵگە و توانا و وزەکانی, بەڵام چۆکیان دادا لەبەردەم ئەو دۆخەدا, کە دەسەڵاتی سیاسیی و حوکومڕانیی وڵاتەکانیان مل بۆ تێز و شرۆڤەکانیان دانانێت و, نابن بە بەشێک لە هییچ پرۆسەیەکی ستراتییجیی حوکوومەتەکان, نابن بە بەشێک لە ساغکردنەوەی لۆجیکانەی کێشە و ململانێ عەرەبیی و دەرەکییەکان. بۆیە, هییچ لە تێزەکانیان نەگەیشتە ئەوەی گۆڕانکاریی و گوژمێک بەرەو کرانەوە و گەشەسەندن و چاکسازیی بدات, لە هییچ قۆناغێکیەوە هەتا بەهاری عەرەبیی و دوای ئەویش. 

بۆیە, ئەو رووناکبییرانە ,هەتا ئەمڕۆ, خەریکی وەهمێکی رۆشنبییریی گەورە بوون, لە گوێزانەوەیەکی بێ ئاگایانە و, خۆ سەرقاڵکردن و, دەرکەوتنێکی شێوێنراودا. فەزایەکی رۆشنبیرییان بە دڵی دەسەڵاتەکان درووستکردبوو, خۆیان دابوو لە قەرەی بابەتگەلێک, کە دوورخستنەوەی پەنجەکانی تۆمەت لە دەسەڵات و, توندکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە ئاراستە ئایینییەکان و, رەنگە هۆکاریش بوو بن بۆ ئاراستەکردنیان بەرەو توندڕەویی و مەترسییدارکردنی رەوتە ئایینییەکان.

ئەمانە بەردەوامبوون لە خۆ گێلکردن لەوەی بەرپرسیارن و پێویستە وتەی خۆیان هەبێت, لەو  رۆژگارە درێژانەدا کە دەسەڵاتە عەرەبییەکان هییچ نیازێکی گۆڕانکارییان نەبووە. بەڵکو, هەمیشە خۆیان نوێ و تۆکمە و بەرهەمهێناوەتەوە بە هەموو وردەکارییە ناوەکیی و دەرەکییانەوە. حوکوومەتیش, زیاتر دەستکراوە بووە بۆ بەگەڕخستن و دامەزراندنی رۆشنبییرەکان لە پلەی دوو دا, ئەگەر راستم وتبێت, چونکە ئەوان ئاشکراتر لە تۆڕی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات دا بیینراون. لەمانە, چیینێکی چەواشەکاریی بەردەوامی زۆر بڵێی بەرهەمهێناوە, لە داپۆشیینی هەموو ناکۆکییەکانی نێوان دەسەڵات و خەڵک. برەوپێدان و بانگەشە بۆ سپییکردنەوەی رووی دەسەڵات و, بە نیشتمانییکردنی هەموو پرس و هەنگاو و چالاکیی و ستەمکانی دەسەڵات و, بەپێی قسەکەی گەرامشیی "ئەفسەری پۆلیسی چیینی دەسەڵاتن".

دابڕانی رۆشنبییرەکان و خەڵک, بەرگەی ئەو لێگۆڕیین و زاڵبوونە هزرییەی نەگرت, کە بە درێژایی چل ساڵی رابردوو, بییرمەندە عەرەبەکان لە بەرزییەکەوە وێنە و دەنگێکی جیاوازتریان بۆ ئەگوێزایینەوە. ئەو هەموو بەرهەم نووسیینە, جیاواز لەوەی ئەوروپا بوو کە شۆڕشیان بەرپا کرد. هەر بۆیە لە بەهاری عەرەبیی دا, ئەم بەرهەمە ئەقڵانییە بزووتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک نەبوون, بەڵکو رەخنە و, دەنگهەڵبڕیینی بەرز و, رەوانی داخوازییەکانی خەڵک بوو لە دژی دەسەڵات و, ئەوە بوو رووبەرووبوونەوەی دەستە و یەخە رووی دا. داخوازییەکان ئاشکرا, راستەوخۆ, راکشاوانە, سووربوون و پێداگییریی بوو لەسەر روخاندنی ئەو سیستەمانە و, لێپرسیینەوەی توند لە هەرچیی لە و سیستەمانەدا بەشداریی نادادپەروەریی و ستەم بووە.

بەدەر لەم پەرپرسیارێتییە بونیادییەی رۆشنبییران و بییرمەندان بەرامبەر دەسەڵاتەکان, بێ ناوەرۆکیی ئییشەکانیان  خۆی شکستێک بوو, لە ئاستی بەرهەمهێنانی بەدیلێکی هزریی تۆکمەی سەردەمیانە, بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هزریی و رەخنەیی زۆرتریین توێژی کۆمەڵگە و,  پەروەردەکردنی تاکی کۆمەڵگە, بە دییدێکی سیاسییانە لە رێکخراوە سیاسییەکان دا. بگرە, کەمێک لەو بییرمەندانە, پێشەنگ و بەشدارێکی دیاری سیاسەتیش بوو بن. زۆربەیان, لە شوێنێک دانەنیشتوون ئاو بێـتە ژێریان.

گەرامشیی, شوێنی ئەم ئەرکە ئەستۆگیرەی لە کرۆکی گۆڕانکاریی سیستەم دا, داناوە. پێی وایە, رێکخراوی سیاسیی ناتوانێت لە پەرتەوازەیی و بێ سەروبەریی رزگاری ببێـت, بە بێ ئەم بەشدارییە, بەوپەڕیی بەرپرسیارێتییەوە, ئەڵێت: "هەر خەڵکێک نەتوانێـت خۆی بناسێت و جیاکاتەوە, هەر لە خۆیەوە سەربەخۆ نابێت, هەتا خۆی رێک نەخات (بەمانای فراوانەکەی ئەم وشەیە)؛ بۆیە هییچ کردەیەکی رێکخراوانەش, بەبێ بەشدارییکردنی رۆشنبییرەکان ئەستەمە, واتە: بە بێ ئەو کەسانەی رێکخراوانە کار ئەکەن و بێ سەرکردەکانیان و, بەبێ لایەنی بییردۆزەییش کاری سیاسیی ئەستەمە و ناکرێت, کە پێویستە ئییش بکرێت لە دووانەیەکی بییردۆزە – پیادەکردن دا"(١٨) 

بەشی سێیەم و چوارەم ماون.
پەراوێزەکان لە دوای بەشی چوارەم دائەنرێن.
----------------------------------------------
* بەشی دووەمە لە زنجییرە نووسیینی: حوکومڕانیی شکستخواردوو لەنێوان گەڕانەوە بۆ دیکتاتۆریی ‌و پاشگەردانیی دا، کامیان چارەسەرە؟, بەشی یەکەم: سەرهەڵدان و دانپێدانانی دەوڵەت, سەیری ئاوێنەی رۆژی ٧/٨/٢٠٢٠ بکە, لەسەر ئەم لینکە:
https://www.awene.com/article?no=12325&auther=170

* پرۆفیسۆری یارییدەدەر لە ئەندازیاریی ستراکچەر لە دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی و توێژیینەوەی زانستیی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×