خەوتون و تەسلیم بون!

د.هەژار مه‌عروف
  2020-10-10     657
وا نزیکەی دومانگە تێکڕا ڕۆژانە لە هەرێمی کوردوستان پتر لە دە کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەمرێت، وەزارەتی تەندروستیی کوردوستان و هەمو دەسگاکانی هیچ پێشنیاز و پرۆژە یەکی کارای کۆنکرێتیی نیە بۆ بەرانگاربونەوەی ئەم دۆخە ترسناکە، ئەوان خەوتون و خۆیان دەشارنەوە و وەک چارەنوس و قیسمەت و نسیب تەسلیمی کۆرۆنا بون! بەداخەوە سەندیکای پزیشکان و کارمەندانی پزیشکیش هیچ دەنگیان لێوە نایەت! بەڕێوەبەری گشتی و وتەوێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی و هەولێر و دهۆک دەوری میدیاکار دەبینن بەوەی ناوبەناو لە میدیاکان دەردەکەون و هەر ئەوە دەلێنەوە کە هەمومان دەیزانین: کۆرۆنا مەترسیە و تکایە پەیڕەوی لە ڕێنماییە کانی خۆپارێزی بکەن . بیر و بڕوای بەشێکی زۆری  تاکی کورد لە سەر نەخۆشی و مردن و میکرۆب و .... وەک هی  زۆرینەی تاکی عەرەب و فارس و تورک و ئازەری و ئەفغانی و.... یە ، کە دەتوانین کورتی بکەینەوە لە بڕوابونی تەواو بە ئەجەل و ڕۆژتەواوبون و بێهودەیی دوکتۆر و دەرمان و چارەسەری زانستی ، ئەم جۆرە بیروڕایانە دەبنە هۆی گوێپێنەدانی خۆپارێزی.
بیروڕای هەڵەی تری نائاینیش هەن کە ڕێگرن لە خۆپاراستنی تاک وەک:
 ١ . بێزاری لە ژیان و بێمنەتبون لە مردن بەهۆی باری نالەباری بێموچەیی و نایەکسانی و نادادپەروەری لە کوردوستانا.
٢ . کەمیی هۆشیاریی تەندروستیی تاکی کورد کە دەبێتە هۆی بێخەمی و خەمساردی بەرامبەر تەندروستیی خود.
٣ .  زۆر گەنج هەن  هێشتا وا دەزانن کە ئەوان وەک گوێزی کوێر تۆکمە و بتەون و کۆرۆنا چاری ئەوان ناکات و پێویست ناکات خۆپارێزی بکەن.
٤ .  هەندێ کەس بە بیانوی ئەوەی نەدارن و دەبێت ڕۆژانە بچنە بازاڕ و کار بکەن بۆ ژیانە کولەمەرگیەکەیان، ئیتر گوێ بە ڕێنماییەکان نادەن کە هیچ ڕێگر نین لە کارکردنیان.
٥ . هۆی دەرونیی قوڵ کە پەیوەندیی بە کەسێتیی هەندێ تاکە وە هەیە ، بۆنمونە مامۆستایەک کە هەر بڕوای بە ئاینیش نیە بە پێکەنینەوە زۆر بە سادەیی و ئاسایی باسی بۆ کردم چۆن توشی کۆرۆنا بوە بەڵام تێستی کۆرۆنای نەکردوە و نەیش چوە بۆ لای دوکتۆر و خۆیشی کەرەنتینە نەکردوە و تەنانەت ماسکیشی هەڵنەگرتوە و درێژەی بە کاری خۆی داوە لە دوکانەکەیدا، ئەبێ چەند کەسی ئاوا هەبێت لە کۆمەڵەکەماندا؟
٦ . کەمینەیەکی زۆر زۆر بچوکیش هەن ڕقیان لە ژیانە بە گشتی و ڕقیان لە خۆیان و لە  دەوروبەرە، ئەمانە بەلایانەوە گرنگ نیە خۆیان و خەڵکی تر توشی کۆرۆنا ببن و بمرن.
کەواتە تاکپارێزی لای هەمو ئەوانەی سەرەوە هیچ واتا و بەهایەکی نیە و ئەوانە وەک لوغمی زیندو لە ناوماندان و هەڕەشەیەکی بەردەوامن لە سەر کۆمەڵ.
چارەسەر: پێشنیازدەکەم دەبێت لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا بەزوترین کات کارابکرێتەوە ، من ئەم دو پێشنیازەیان بۆ دەکەم:
١ . ڕوپۆشین بە دەمامک بکرێتە ئەرکی هەموکەسێک کە لە شوێنە گشتیەکان کاردەکەن وەک: دەسگا حکومیەکان  (قوتابخانە و زانکۆ و ..) و کۆمپانیاکان و دوکان و مارکێت و نانەواخانە و چایخانە و چێشتخانەکان و نۆڕینگەکان و نەخۆشخانەکان و...
٢ . ڕوپۆشین بە دەمامک بکرێتە ئەرکی هەموکەسێک کە دەچێتە بازاڕ و ئەو شوێنە گشتیانەی سەرەوە.
بۆ پیادەکردنی ئەو ڕێنماییانە دەبێت سزایەکی پارە یا تەنانەت ڕاگرتن لە  زیندان دابنرێ، ئەگەر یاسای وا نییە ئەم سزایەی پێ بدرێ، بەزوترین کات پەرلەمانی کوردوستان یاسایەک دەربکات بۆ ئەم مەبەستە و بابەتەکە بە گشتی.
ئێمە سەدان هەزار گەنجی خاوەن بڕوانامەی بێکار و نەدارمان هەیە، بۆ پیادەکردنی تەواوی ڕێنماییە گشتیەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا  با دەیان هەزار گەنج بە موچەیەکی گونجاو و بە گرێبەست دابمەزرێن و بە بازاڕ و شوێنە گشتیەکاندا بڵاوبکرێنەوە و بە هاوکاریی ڕاستەوخۆی پۆلیس و ئاسایش سەرپێچیکەران ناچاری پەیڕەوکردنی ڕێنماییەکان بکەن .
مەرج نیە هەمو کەسێ کۆرۆنا بگرێت، دەتوانین نەیگرین و نەمرین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×