دەنگۆی حزبێکی دیکەی ئیسلامی‌و چەند خاڵێک بۆ بەرچاوڕونی

کامیل مەحمود
  2019-01-18     665
چەند ڕۆژێکە دەنگۆی دامەزراندنی حزبێکی دیکەی ئیسلامی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و ھەندێ ناوەندی میدیایی بەخۆیەوە خەریک کردووە، بەداخەوە زۆرێک لەوانە بەبێ سەرچاوە و دۆکۆمێنت ھەواڵ دادەڕێژن و بڵاویدەکەنەوە، پێمخۆشە لەم بارەیەوە بۆچوونی خۆم بخەمە ڕوو:

یەکەم: گۆڕەپانی سیاسی کوردستان کراوەیە بۆ ھەر ئاڵوگۆڕێک و مافی ھەموو کەس و گروپێکی ھاو ئایدیا و ھاو ئامانجە چۆنیان بوێت کاری خۆیان بکەن، وەک چۆن ئەوانی دیکە ماف بەخۆیان دەدەن خاوەنی حزب و چوارچێوەی ڕێکخراوی خۆیان بن.

دووەم: ھەرکەس و گروپ و کۆمەڵێک لەحزبێک جیابوونەوە مەرج نییە تاکە بژاردە لەبەردەمیاندا دامەزراندنی حزب بێت و حزبایەتی تاکە ئامڕازی کارکردن و خزمەتکردن بێت، میدیای کوردی تاکە تەفسیریان بۆ وازھێنان و جیابوونەوەی کەسانێک لەحزبەکانیان بریتییە لە دروستکردنی حزبی نوێ و حزبێکی دیکە کە ئەمە تەفسیرو لێکدانەوەی بازاڕ پەیداکردنی میدیا و کاراکتەرەکانی نا سۆشیال میدیایە.

سێیەم: لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا من بۆ خۆم لەناو لیژنەکانی ھاریکاری ئیسلامی و لیژنەی حزب و ڕێکخراوەکان بۆ ھاریکاری ئیسلامی و دەستەی باڵای کاری ھاوبەشدا ھەموو ھەوڵەکانم بۆ گەڵاڵەکردنی پرۆژەی کاری ھاوبەشی ئیسلامی و یەکخستنی نێوماڵی ئیسلامی بووە، لەو ڕووەشەوە خاوەنی بیرۆکەی پرۆژەی بەرەی کاری ھاوبەشی ئیسلامی بووین و برایانی تری ھاوکاریشم لەو لیژنانەدا شایەتی ھەوڵ و دڵسۆزیمانن، بەڵام بەداخەوە پرۆژەکان بەئاکام نەگەیشتن، لای خۆمەوە ئێستاش قەناعەتم بەیەکخستنی نێوماڵی ئیسلامی ھەیە و کۆکردنەوەی ئیسلامییەکان لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی ھاوبەش و یەکگرتوودا کۆتایی بەچەقبەستوویی و پەرتەوازەیی حاڵەتی ئیسلامی دەھێنێت و کەم و کورتییەکانی ھەموو لایەکیشمان بۆ چارەسەر دەکات.

چوارەم: بۆ دامەزراندنی حزبی نوێ کە ئێستا باسدەکرێت بەتایبەتی دوای کشانەوەی ئێمە لەبزووتنەوەی ئیسلامی یەکێکە لە ئەگەر و بژاردەکان، بەڵام من پێموایە دووبارەکردنەوەی ھەمان مۆدێل و ئەزموونی حزبەکانی دیکە جگە لەپەرتەوازەترکردنی ناوماڵی ئیسلامی سوودی نابێت، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە کە چاو لەئاستی ئەو ھەموو کادیر و ئەندامانەی حزبە ئیسلامییەکانی دیکە دابخرێت کە بەردەوام لەم ساڵانەدا لەحزبەکان بوونەتەوە، ناکرێت ماڵەوە بکرێتە قەدەری ئەوان و حزبایەتی و بازاڕگەرمی حزبەکانیش ببێتە قەدەری ئەوانی دیکە کە ئەمە حاڵەتە ئیسلامییەکە بەرەو پاشەکشەی زیاتر دەبات، بۆیە تاکە چارەسەر بۆ حزبە ئیسلامییەکان و ڕێگری لەحزبی نوێ خۆڕێکخستنەوەی ئیسلامییەکانە لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی ئیسلامیدا.

پێنجەم: دیارەدەی بێزاری و بێ ئومێدی کادرو ئەندامانی ھەر حزبێکی ئیسلامی و پاشان وازھێنان و دەست لەکارکێشانەوەیان تەنھا کێشەی ئەو حزبە نییە و گرفتە بۆ ھەموو حزبە ئیسلامییەکان و کاریگەری لەسەر سایکۆلۆژیای خەڵکی مسوڵمان و ئیسلامی ھەیە بەرامبەر بەھەموویان.

شەشەم: ھەندێک حزبیان لێ بووەتە کائینێکی موقەدەس و قودسیەتی دینەکەیان پێداوە، ھەندێکی دیکە بەرژەوەندی و کاسپییەکەیان لەحزبەکەدایە، ھەندێکی دیکە حزب بەئامڕازی خزمەتکردنی ئایین و ژیانی خەڵک دەزانێت، بۆیە وازھێنانی کەسانێکی وەک ئێمە لەحزب لای ئەوانەی یەکەم و دووەم قورسە و دەم و زمانیان لە وتەی ناشەرعی و ناشایستە ناپارێزن، بەڵام لای ئەوانەی سێیەم زۆر ئاساییە و حزب ئامڕازە ناک ئامانج و برایەتی ئیسلامی لەپێش برایەتی حزبییەوەیە و ھەمیشەی وتەی خێر لەدەمیان دێتە دەرەوە.

حەوتەم: مرۆڤی مسوڵمان ئەگەر بیەوێت خزمەت بکات چەندین کێڵگەی جیاوازی کارکردن لەبەردەمیدایە و حزبایەتی تاکە کێڵگەی کارکردن نییە، گرنگ ئەوەیە دواجار یەک جۆر بەرھەم لەھەموو کێڵگەکان دروێنە بکەین.

ھەشتەم: حاڵەتی ئیسلامی کوردستان و بەتایبەتی کاری ئەحزابی سیاسی ئیسلامی پێویستی بە خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی بەردەوام ھەیە، ئیسلامییەکان بەگوێڕایەڵی کوێرانە ناچنە پێشەوە و ئاییندەیان ڕووناک نابێت، بۆیە پێویستە دڵسۆزانی ڕابوونی ئیسلامی پرۆسەی ڕەخنەگرانەی خۆیان لەئەدای ئەحزاب و ڕێکخراوەکان و بانگخوازان ئەکتیف بکەنەوە و گوێ بەکەسانی دەمپیس و ماستاوچی دەوروبەری نوخبە سیاسییە ئیسلامییەکە نەدەن، ڕەخنە و بەخۆداچوونەوە دەمانکاتە خاوەنی پرۆژە و ستراتیژێکی بەھێز بۆ ئەوەی پێگەی کاریگەری خۆمان لەم وڵاتەدا بۆ بگەڕێتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×