ترەمپ وتی داعشی تێکشکاند، بەڵام ژیانێکی نوێی پێبەخشیوەتەوە

برێت مەکگۆرک
  2019-01-18     1452

رۆژی 17ی کانوونی یەکەم، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی گرنگی لەگەڵ من و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوە کرد؛ لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەم ئەنجامدا. من زۆرجار سەردانی عێراقم دەکرد بۆ سەرپەرشتیکردنی شەڕی ئەمریکا دژی داعش. ئەو کاتە لەوێ بووم بۆ باسکردنی چەند پلانێک لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی دەستکەوتەکانمان لەو شەڕەدا دەپارێزرێن. رێگەیەکی دوورودرێژمان لە چوار ساڵ پێش ئێستا بڕیووە؛ چوار ساڵ پێش ئێستا کە دەوڵەتی ئیسلامی نزیکی دەروازەکانی بەغدا بوەوە. ئەمڕۆ عێراق زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا سەلامەتترە، ئەوەش بە گوێرەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان. 


دەستکەوتەکان بەزەحمەت بەدەستهاتن، ئەوەش لەڕێگەی خۆتەرخانکردنی هاوبەشە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە سەر زەوی- هێزە ئەمنییەکانی عێراق، پێشمەرگە، چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەموویان بە خوێن باجێکی بەنرخییان دا. 



بوونی سەربازییانەی ئەمریکا، هەرچەندە کەم بەڵام کاریگەر بووە، رۆڵێکی گەورەی لە بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتانەدا لە سووریا هەبووە. ئەم ئەرکە لە ساڵی 2015 دەستیپێکرد و یارمەتیدەریش بووە لەوەی رێگە بە توانای دەوڵەتی ئیسلامی نەدات بۆئەوەی پلانی ئەنجامدانی هێرش لە سووریاوە دانەڕێژێت و هێرشیش ئەنجام نەدات و لە هەمانکاتیشدا رێگر بێت لە بەهێزبوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق. ئێستا هەسەدە گروپێکی فرە رەنگە و نزیکەی 60 هەزار چەکداری هەیە، لەوانەش چەکداری عەرەب و کورد و کریستیان. ئەمریکیەکان یارمەتی ئەم هێزە دەدەن بۆئەوەی شار و شارۆچکەکانی سووریا لە دەستی داعش وەربگرنەوە و تاوەکو ئێستاش هەزاران قوربانی داوە. تاوەکو هەفتەی رابردووش، دوو ئەمریکی لە شەڕدا لە سووریا کوژرابوون (رۆژی چوارشەممەش چوار کەسی دیکە لە تەقینەوەیەکی خۆکووژیدا کوژراون کە دەوڵەتی ئیسلامی بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی لەئەستۆ گرت، کە هاوکات بوو لەگەڵ نەبوونی دڵنیایی لە واشنتن دەربارەی ئەرکەکە و ئەوەش یەکەمین هێرشی لەو جۆرە بوو دژی هێزەکانمان لە سووریا). لە کاتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پۆمپیۆ پێی راگەیاندین کە گۆڕانکارییەکی کتوپڕ لە پلانەکاندا کراوە: سەرۆک ترەمپ، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوشانە تورکیەکەی، پلانی دانا بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەسەر دەوڵەتی ئیسلامی رابگەیێنێت و هێزەکانمان راسپێرێت بۆ ئەوەی لە سووریا بکشێنەوە. 



یەکسەر گەڕامەوە بۆ واشنتن بۆ ئەوەی یارمەتیدەربم لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەم بڕیارە، بەتایبەتی لای هاوبەشە هاوپەیمانەکانمان، کە پێشتر لە سەر بنچینەی رێنمایی کۆشکی سپی دڵنیامان کردبوونەوە کە ویستی ئەوەمان نیە بەم زووانە لە سووریا بکشێینەوە. جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە تاوەکو "کارە خراپەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بن"، ئێمەش لە سووریا دەمێنینەوە. پێش ئەو بڕیارەش، جیم ماتیس، وەزیری بەرگری و خۆیشم لەگەڵ هاوبەشە هاوپەیمانەکانمان کۆبووبوینەوە و پابەندبوونی خۆمان تاوەکو ساڵی 2020 لەو بارەوە دووپاتکردبوەوە. 



هاوشانەکانم لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی شێوان. هاوبەشە شەڕکەرەکانمان لە هەسەدە، کە زۆرجار سەردانم دەکردن، تووشی شۆک بوون و ئومێدەواربوون کە ترەمپ بیرۆکەی خۆی بگۆڕێت. ئەوان سووربوونی خۆیان لە سەر شەڕی دژی داعشیش دووپاتکردەوە و لە کاتی ئەو بڕیارەشدا لە رۆژهەڵاتی سووریا لە پێشڕەویدا بوون. 


زوو گەیشتمە ئەو ئەنجامەی کە ناتوانم بەشێوەیەکی کاریگەر ئەم رێنماییە نوێیانە جێبەجێبکەم و لە رۆژی 22ی کانوونی یەکەمدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆم پێشکەشکرد.  بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەجێهێشتنی سووریا بە بێ هەڵسەنگاندن، راوێژکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکان یان کۆنگرێس، بە بێ هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان یان بەگرنگدانانی راستییەکان درا. دوو رۆژ دوای تەلەفۆنەکەی پۆمپیۆ، ترەمپ لە تویتێکدا نووسی "ئێمە لە سووریا داعشمان تێکشکاندووە". بەڵام ئەو قسەیە راست نەبوو و ئێمە ئەو کاتەش لە سەر بۆردوومانکردنی دەوڵەتی ئیسلامی بەردەوام بووین. چەند رۆژێک دوای ئەوە، ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد کە سعودیە "رەزامەندی نیشانداوە بۆ خەرجکردنی پارەی پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا"، بەڵام ئەوەش راست نەبوو و سعودییەکانیش خۆیان ئەوەیان پشتڕاستکردەوە. ترەمپ هەروەها پێشنیازی کرد کە دەکرێت هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ماوەی 30 رۆژدا سووریا بەجێبهێڵن، کە ئەوەش لەگەڵ لۆژیک یەکناگرێتەوە. 



لەوانەش خراپتر، ترەمپ ئەم بڕیارە پێشوەختەی دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دا. ترەمپ ئەو پێشنیازەی ئەردۆغانی وەرگرت کە تورکیا شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی لەناو سووریادا دەکات. ئەوەی راستی بێت، بە بێ پاڵپشتی پێویستیی سەربازیی ئەمریکا، تورکیا ناتوانێت بەدووری سەتان میل لە سنوورەکەی لە ناوچەیەکی دژواردا ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدات. دواتر، بەشی زۆری ئەو گروپە ئۆپۆزیسیۆنە سوورییانەی کە لە لایەن تورکیاوە پاڵپشتیان دەکرێت تووندڕەون و بەئاشکرا ویستی خۆیان بۆ شەڕکردن دژی کورد، نەوەک دەوڵەتی ئیسلامی دەربڕیووە. 


دواین پێشنیازی ترەمپ کە لە رێگای تویتەوە بوو، داوای ناوچەیەکی ئارامی 20 میلی دەکات- کە ئەردۆغان دەڵێت تورکیا ئەو ناوچەیە دروستدەکات. دووبارە وادیارە لەم پێشنیازەشدا هیچ پرۆسەیەک و راڤەیەک نەکراوە. ئەم ناوچەیە تەواوی ناوچە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی سووریا دەگرێتەوە. هیچ هێزێک ئامادە نیە کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیە لەئەستۆ بگرێت و کاتی ئەوەش لەبەردەستدا نیە کە هێزێک دروست بکرێت، چونکە سەربازانی ئەمریکا دەکشێنەوە. دواتر، دەکرێت چوونی هێزی ئۆپۆزسیۆنی نزیک لە تورکیا ببێتەهۆی ئاوارەبوونی هەزاران کورد و دەکرێت ئەو کارە ببێتە هەرەشەیەکیش لە سەر پێکهاتە کریستیانەکان کە لەو ناوچەیە بە پەرش و بڵاوی دەژین. 



هەر ئێستاش کاریگەرییە ستراتیژییەکانی بڕیارەکەی ترەمپ دەرکەوتوون: تاوەکو تورکیا سنووری خۆی لە ناو سووریا زیاتر بکات، هاوبەشە عەرەبیەکانمان لە ناوچەکەدا زووتر بەرەو دیمەشق دەڕۆن. شتێکی رێککەوت نیە کە دوای قسەکەی ترەمپ، هەریەکە لە بەحرەین و ئیمارات باڵیۆزخانەکانیان کردەوە. ئەم وڵاتانە و سعودیە و میسر و ئوردن باوەڕیانوایە کە مامەڵەکردن لەگەڵ دیمەشق یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری رووسیا و ئێران و تورکیا لە سووریا و گرنگییش بە تێڕوانینە دژ بەیەکەکان لە واشنتنەوە نادەن. هەسەدەش، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەکرێت زوو بەتەنیا بەجێبهێڵدرێت و بە هێزی نەیاریش دەورە دراوە، گفتوگۆکانی لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد خێراتر کردووە. تەنیا چەند رۆژێکیش دوای بڕیارەکەی ترەمپ، تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ بە ئاراستەی رووسیا هەنگاوی نا و بەرپرسانی باڵای رەوانەی مۆسکۆ کرد بۆ بڕیاردان لە سەر هەنگاوەکانی داهاتوو لە سووریادا. ئیسرائیلی نزیکترین هاوپەیمانیشمان لە ناوچەکەدا رووبەڕووی واقیعێکی نوێ بوەتەوە، چونکە زوو ئەمریکا لە سووریادا نامێنێت. تەنیا رووسیا و ئێرانیش بوون کە دەستخۆشیان لە بڕیارەکەی ترەمپ کرد. کاتێک ترەمپ رایگەیاند کە سووریا بەجێدەهێڵین، ئیدی هەر پێگە و رۆڵێک کە دەکرێت لەگەڵ ئەو دوو نەیارەمان لە سووریادا هەمانبووبێت، نەما.


ئەم ئاراستانە خراپتر دەبن، ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا ئاراستەکە نەگۆڕێت: چیدیکە هاوبەشەکانمان ئامادە نابن گوێمان بۆ بگرن و بڕیاری لەو جۆرەش دەدەن کە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئێمە دەبن. نەیارەکانمان یاری بە کات دەکەن، چونکە دەزانن ئەمریکا لە کشاندنەوە نزیکە. دەوڵەتی ئیسلامی و گروپە توندئاژۆکانی دیکە ئەو بۆشاییە پڕدەکەنەوە کە کشانەوەی ئێمە دروستیدەکات و جارێکی دیکەش تواناکانیان بەدەستدەهێننەوە بۆ هەڕەشەکردن لە دۆستەکانمان لە ئەوروپا- هەروەک چۆن بەدرێژایی ساڵی 2016 ئەو کارەیانکرد- و دواجاریش هەڕەشە لە وڵاتەکەمان دەکەن. 



شێوە نمونەییەکە بەو جۆرەیە کە ترەمپ هەموو کشانەوەیەک رابگرێت تاوەکو هەڵسەنگاندنێکی وردی دەربارەی مەترسییەکان، بارودۆخی دەوڵەتی ئیسلامی و گونجاویی ئەوەی کە تورکیا یان هەر لایەنێکی دیکە کە شوێنی ئێمە دەگرێتەوە، بەدەستدەگات. داواکردن لە پێنتاگۆن بۆ ئامادەکردنی پلانێکی تایبەت بە کشانەوە و جێبەجێکردنی ئەو پلانە بە بێ ئەو هەڵسەنگاندنانەی باسمکردن، کارێکی گێلانەیە. گۆڕینی بیروبۆچوون یان دانانی مەرج لە لایەن بەرپرسانی باڵاوە بەس نیە و دەبێت سەرۆکی ئەمریکا خۆی بەوە هەڵبسێت. 


بەرپرسانی ئەمریکا هەوڵدەدەن ئاماژە بەوە بکەن کە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا گرنگ نییە. لەم چەند هەفتەی دواییدا، ئەوان ئاماژەیان بەوەکردووە کە دەکرێت تەواوی ئامانجەکانمان لە سووریا بەدەستبهێندرێن، لەوانەش دەکردنی ئێران و گۆڕانکاری سیاسیی لە دیمەشقدا. ئەمە لە کاتێکدایە ترەمپ دەڵێت کە سووریا تەنیا "لم" و "مەرگ"ی تێدایە و ئاماژە بەوەشدەکات کە بەرپرسانی ئێران لەوێ "دەتوانن هەر کارێک بکەن کە دەیانەوێت". ئەم یەکنەگرتنەوەیە لە نێوان ئامانجە دەربڕاوەکان لە لایەن بەرپرسانی ئەمریکا و تێڕوانینە پێچەوانەکانی ترەمپ زیاتر شەرعیەتی ئەمریکا لاواز دەکات. 



سیاسەتێکی واقیعیانەتری تایبەت بە سووریا دەبێت ئەم راستییانە لەبەرچاو بگرێت. یەکەم، ئێمە سووریا بەجێدەهێڵین. دەکرێت ئەو کارە لە ماوەی شەش مانگ، چوار مانگ یان کەمتر ئەنجامبدەین، بەڵام ترەمپ بەردەوام ئەو خاڵەی روونکردوەتەوە کە دەیەوێت لە سووریا بچێتە دەرەوە. تاوەکو بۆ ماوەیەکی درێژتر رێگری لەم واقیعە بکرێت یان بەو جۆرە پێناسە بکرێت کە ئەو کارە جیاوازییە لە تاکتیکدا، مەترسی چوونە دەرەوەیەکی شەرمەزارکەرانە و هێرش دژی هێزە ئەمریکییەکان و دەستبەرداربوونی تەواو لە هەسەدە بە بێ هەبوونی پلانێک بۆ دوای کشانەوەکە، خراپتر دەبێت. 
پێویستە ئێستا سەرنجەکە لەسەر پاراستنی سەربازەکانمان و چوونە دەرەوە بەشێوەیەکی سەلامەت بێت؛ داواکردن لە سەربازەکانمان بۆ ئەوەی کارێکی زیاتر لەوە بکەن مەترسییەکە زیاتر دەکات، ئەوەش کاتێک دەکشێینەوە. 



دووەم، ئەسەد لە دەسەڵات دەمێنێتەوە. ئێستا ئەم واقیعە لە بیری هاوبەشە هەرێمایەتیەکانماندایە، لەوانەش سعودیە و ئیسرائیل کە هاوشێوەی هەر کەسێکی واشنتن لە بەرامبەر ئێراندا توندن، بەڵام لەوەش تێدەگەن کە بە بێ ئێمە هەر دەرفەتێک بۆ لابردنی ئەو دیکتاتۆرە کۆمەڵکووژە کە لە لایەن ئێران و رووسیاوە پاڵپشتی دەکرێت، خەونە. 


سێیەم، تەنیا هەسەدە سەقامگیریی ئەو ناوچانە دابیندەکات کە پێشتر لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامییدا بوون. هیچ هێزێک ناتوانێت شوێنی هەسەدە بگرێتەوە. کاتێکیش ئەمریکا ئەوێ بەجێدەهێڵێت، هەسەدە پێویستی بە یارمەتیدەرێک هەیە، چونکە ئەگەر وانەبێت ئەوا مەترسی هەڵوەشاندنەوەی هەیە و ئەوەش بۆشاییەک دروستدەکات کە دەکرێت ببێتەهۆی بەهێزبوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی. بۆ هێشتنەوەی سەقامگیریی، دەکرێت هەسەدە هیچ بژاردەیەکی نەبێت جگە لە رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق بۆ ئەوەی بچێتە ژێر چەتری دەوڵەتی سووریاوە. دەکرێت ئەم ئەنجامە نەخوازراوە پێویست بێت بۆ رێگەگرتن لە شکستێکی ستراتیژی و مرۆیی. 


چوارەم، لە بابەتی سووریادا تورکیا هاوبەشێکی جێگەی متمانە نییە. ئەو هێزە ئۆپۆزیسیۆنانەی کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات کەسانی تووندئاژۆیان تێدایە و کەمیشن و ناتوانن ببنە ئاستەنگێکی کاریگەر بۆ ئەسەد یان ئەڵتەرناتیڤێکی گونجاو بۆ هەسەدە. ئەو ناوچانەی سووریا کە بە رووکار لەژێر کۆنتڕۆڵی تورکیادان، وەک پارێزگای ئیدلب لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵات، ئەلقاعیدە تێیاندا بەهێزە. ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت یارمەتی تورکیا بدات بۆئەوەی سنوورەکانی بپارێزێت، بەڵام چوونی سوپای تورکیا و چەکداری ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیا بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هەروەک ئەوەی کە ئێستا باسدەکرێت، دەبێتەهۆی بێسەروبەری و رەخساندنی ژینگە بۆ تووندئاژۆکان بۆئەوەی بەهێز ببنەوە. 



هەربۆیە، دەبێت ئامانجەکانی ئەمریکا لە سووریا کورت بکرێنەوە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی مەترسیی بەهێزبوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی و رێگەگرتن لە هەبوونێکی بەهێزیی سەربازییانەی ئێران بەجۆرێک کە هەڕەشە نەبێت بۆ سەر ئیسرائیل. ئامانجی یەکەمیان لەو رێگەیەوە بەدەست دەهێندرێت کە دڵنیابین لەوەی هەسەدە دەستی لێنادرێت و فڕۆکەی ئەمریکیش بەردەوام دەچێتە ئاسمانی ئەو ناوچەیە، ئەوەش لەرێگەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ رووسیا. ئامانجی دووەمیش بەدەستدەهێندرێت لەرێگەی پاڵپشتیکردن لە ئیسرائیل لەوەی کە بەم دواییە بەرپرسانی ئەو وڵاتە دانیانپێدانا، ئەویش هێرشی ئاسمانی وردە بۆ سەر هەڕەشەکانی ئێران لە سووریادا. 



ئەم ئامانجە دیاریکراوانە جێی رەزامەندی ئەوانە نین کە ئومێدێکی گەورەتریان بۆ سووریا هەیە، بەڵام ئەو ئومێدانە مردن. لەگەڵ نزیکبوونەوەی چرکەساتی بەجێهێشتنی ئەمریکا، دەبێت ئەوەندە بپارێزین کە لەتواناماندایە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە گرنگەکانی ئەمریکا و دەکرێت ئەوەش زەحمەت بێت. 



دژبەیەکییەکە لەوەدایە، سەرۆکی ئەمریکا هەر لە سەرەتاوە رایگەیاند کە تێکشکاندنی دەوڵەتی ئیسلامی ئامانجەکەی بوو. لە ساڵی 2016دا، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنیدا کە "داعش تێکوپێک بشکێنێت". بەڵام بەداخەوە بژاردەکانی ئەمدواییەی سەرۆکی ئەمریکا ژیانێکی نوێی بە دەوڵەتی ئیسلامی و نەیارەکانی دیکەی ئەمریکا بەخشیوەتەوە. 



وەرگیڕانی: عەلی زەڵمی 

سەرچاوە: رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×