گۆران دەکشێتەوە یان دەشکێتەوە

مەزن عوسمان
  2020-10-26     1021
گۆران، وەک حزب یان بەرهەڵستکاری مۆدێرن، شوناسی لەبەرداشی بەرژەوەندی‌ داوە. قەناعەتە قەبیحەکانی بزوتنەوەکە بۆ چوونە ناو کابینە بۆشە یەک لەدوای یەکەکان لە خۆهەڵواسینی (کەسەل) دەکات، کە نازانێت بۆ سەراوبنە بەدارەوە.  ئەو جەهلەی کەدەسەڵاتی کوردی تێیکەوتووە لەوپەڕی ڕاستەوە تا کۆتا چەپ، دەرهاویشتەی ئەو پاشخانە نامەعریفەیە کە لەشاخەوە وەک ئایدۆلۆجییەکی پوچ دابەزیوەتە نێو بنەچەی کۆمەڵگاکەشیەوە.
گردەکە لەنێوانی هەبوون‌و نەبووندا بۆ ئەو قۆناغە تاقەتبڕەی کە تاک بەتاکی هەرێمی شەکەت  کردووە لە کەپەنگی پآش بارانان دەچێت. نەبوونی روئیایەکی ڕوون بۆ حوکمداری هاوکێشەی قەیران هەر بەلاسەنگی دەهێڵێتەوە. بێحاشایە، بەشداری ئەو حزبە ستان‌و دانی کورسی بوو بۆ کەمینەیەکی هەڵتۆقیوو، نەک هەڵقوڵیوو لەنێو دادو بێدادی ڕەشو ڕووت.
نە دەمبەست کردنی کەی ئێن ئێن‌ پێوەندی بە مینحەی حزبەوە هەبوو، نە پەلبەستکردنی فراکسیۆن بە قەیرانەوە. ڕێککەوتنی ئەمجارەی گۆڕان بە پاکێج ئیرادەی خۆی تەسلیم کردووە. دەرچوون لە کابینەی براگەورە کارتێکەو لە دەستی گردەکە دەرهێنراوە، تەنیا دەتوانن ئیعاز وەربگرن تاکەی بمێنن‌و چ لەحزەیەک دەربچن.
پارتی جگە لەوەی باڵانسی هێزی لە زۆنی سەوز بەقۆڵی گۆڕان گۆڕیوە، لەهەمان کاتدا دەیەوێت لەڕێگەی هەمان بزوتنەوەوە حسمی تەواوی دەنگە نەیارەکانی شەقام بکات، هەر ئەو دیدگایەشە لەناو خودی پارتی بەڕیککەوتن‌و ئاگاداری دەزگا ئەمنییەکلن ڕێگا بەچەند پارلمانتارێکی گردەکە دەدرێت پێ لەڕادەبەدەر ڕاکێشین، ئەگەرنا ڕاپۆرتی چاکسازیو گەندەڵی خالە سنورییەکان‌و کۆمەڵێک مەلەفی دیکە، تەنیا فو بەزورنادا کردنە.
نەمانی زمانحاڵ‌و پەکخستنی بانگهێشتی تیمی حکومەت لەسەر ئیمزایەک‌و وەزیرە واعیزەکانیان بۆ دەسەڵات‌و پرخەی پارلمان هیچ کەلێنێک بۆ گومان ناهێڵێتەوە. ئەم حزبانە تان‌وپۆی یەک ئەقڵیەتی دۆگمان، کەدەرباز بوون لێیان شۆرشێکی نەفەس درێژی گەرەکە، لە گەڕەکە قوڕینەکانەوە سەردەربکات، نەک لەوێکهەڵنەکردنی سەلکە سیاسییەکان.
کشانەوەی گۆڕان بەگلۆپی سەوزی پارتی لەپێش وادەی هەڵبژاردن ئەگەرێکی بەهێزە، کە دەیەوێت قاعیدە جەماوەرییەکی دمەزەرد بکاتەوە بۆسەر سندوق. نەکشانەوەشی، پێمان دەڵیت کارنامەی چاکسازی و هەڵەباشی لەماوەی شەش مانگ‌و ساڵدا، بڵقی سەرئاوە.  بۆیە شکانەوەی گۆڕان‌و لە کورتیدانی دەنگەکانی لەهەردوو دۆخەکەدا بەرهەستە.
لەونێوەدا گۆڕان دەگاتە مەعادەلەی "وەی لە هەناوی‌و وەی لەدۆشاوی". بکشێتەوە هەر دەشکێت‌و نەکشێتەوە هەر دەشکێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×