ئایا گۆڕانی رژێمە دیکتاتۆریی‌و خۆسەپێنەکان لەناوەوە یان لەدەرەوە روئەدەن؟

د. رزگار ئاغا
  2020-10-27     577
بەشی چوارەم (کۆتایی):

١. رەوشی دەسەڵاتە دیکتاتۆریی و خۆسەپێنەکان
هەنگاونان بەرەو راماڵیینی رژێمە دیکتاتۆریی و خۆسەپێنەکان, بە هەر رێگەیەک چەکداریی, توندوتییژ یان نا- توندوتییژ, پێویستیی بە وردبوونەوە و بەهەند وەرگرتنێکی دانایانەی زۆرێک لە دۆخ و هەڵکەوتە و ستراتییج و مەودای دەسەڵاتەکەیە. شرۆڤە سیاسییەکان, هێڵە پانەکانی رەوشی حوکومڕانیی ئەم دەسەڵاتانەیان کێشاوە و, لە هەڵسەنگاندنەکانیان دا پێداگییریی ئەکەن لەسەر ئەوەی کە ئەم سیستەمانە لە خۆیاندا بەهێز نیین, بەڵکو سیاسەتێکی خۆپارێزیی و نائاسایی بەردەوامیان هەیە, بۆ مانەوە و درێژەدان بە فەرمانڕەوایەتییەکانیان(٢٩-٣٤), لەوانە:
- شەرعیەتێکی درۆیان بە باڵای خۆیان دا بڕییوە؛ بنەماڵەیی, ئایینیی, نیشتمانپەروەریی و شۆڕشگێڕیی, سرووشتی خێڵەکیی, نەخوێندەواریی, کەمتریینی ئاستی مەدەنیی هتد. ئەمانە ئاسان داناماڵرێن و رەهەندەکانیان لەناو کۆمەڵگەدا بنج داکوتراون, بۆیە رێگریی گەورەن لە بەردەم جووڵەی گۆڕانکاری و پاراستنی دەستەکەوتەکانی.
- تۆکمەکردنی دام و دەستگا فەرمی و نافەرمیەکانی تایبەت بە خۆیان بە سەربازیی و هەواڵگییریی و داراییەوە, بۆ زیاتر خۆسەپاندن و شکستپێهێنانی هەوڵی نەیارەکانیان. داپڵۆسیین و گرتن و کوشتن, ساز و ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەیار و ناڕازییەکان.
- هەبوونی ماشێنێکی راگەیاندنی زەبەلاح, لە رۆژنامە, تەلەفیزۆن  و, رادیۆ و, پەیجی ئەلیکترۆنیی, بۆ درۆهۆنیینەوە و چەواشەکردنی خەڵک و پێدانی وێنەی ناڕاست بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی. ئیشکردن لەسەر چالاکیی و ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگە, بە هەوڵدان بۆ پەرش و بڵاوکردنەوە و بێ متمانەکردنیان بە یەکتریی, کڕیینی دڵسۆزیی و خۆتەرخانکردنیان, بێ ئەرزشکردنیان لە چاوی جەماوەر و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی. 
- زۆر لە شرۆڤەکارە سیاسییەکان ئەوەیان دووپات کردۆتەوە, کە نادامەزراوەیی یان شڵەژانی دامەزراوەیی هەر دەسەڵاتێک,ئەستەمی گەورەن لە بەردەم رووخاندیان دا. چونکە نازانرێـت سەری داوەکە لە کوێوەیە. سیستەمەکە لە دەسەڵاتی چەند تاک و لایەنێکی سەربازیی یان چەکداریی دایە, دەسەڵاتەکە خۆی لە خۆیدا دابەشبووە, لایەنگییریی خەڵکەکەی دوو بەش و چەند بەشی تر بووە, هەڵسووڕاندنی دادگا و دەستگاکانی پۆلیس, بۆ شوێنکەوتن و لێپرسیینەوەی نەیار و ناڕازییەکان, بە پاساوی ئاژاوەگێڕیی و پەشێویی هەتا ئەگاتە دانەپاڵی خیانەتی نیشتمان و بەکرێگیراویی. 
- بە دەستهێنان یان مسۆگەریی پشتییوانیی نێودەوڵەتیی بە هەردوو رەهەندی سیاسیی و ئابوورییەوە, ملکەچیی و دەست لە ناو دەستکردن لەتەک هەندێک وڵاتی بەرژەوەندیخواز و, وڵاتی زلهێز یان دراوسێ و گرێدانی بەرژەوەندیی هاوبەش. هەبوونی پاساوێک کە هەموویان کۆبکاتەوە لەسەر پاراستنی هاوسەنگیی هێز و قەوارە لەو ناوچەیە و, لەو دۆخەدا. بە نموونە, بەرەنگارییکردنی رێکخراوی قاعیدە و داعش و بۆکۆی حەرام و جوڵانەوە کۆمۆنیستییەکان لە ئەوروپای رۆژهەڵات و لە ئەمەریکای لایتیین و هی تریش. بۆیە, ئەم خۆقاییمکردنە هەرێمیی و نێودەوڵەتییانە ئەوپەڕی ئاستەنگن لەبەردەم هەر جوڵانەوەیەکی ئۆپۆزسیۆنیی بۆ راماڵیینی ئەم دەسەڵاتانە. چونکە, هەمیشە پشتییوانییەکی ئامادەی هەیە, کە دێنە فریایان لە هەر پەشێوییەکی ناوەخت و مەترسییداردا, کە خۆیان لە توانایان دا نەبێت. 

٢. دۆخەکانی دوای رووخان:
رووخاندنی رژێمە دیکتاتۆر و خۆسەپێنەکان, دۆخێک دێتە ئاراوە: یان ئەوەتا ئەو رژێمە وەک خۆی بەردەوام بووەتەوە بەڵام بە دیکتاتۆر یان خۆسەپێنێکی تر, یان بووە بە دیموکراسیی (یان دیموکراسیی دراوەتە پاڵ), یان رژێمە خۆسەپێنەکە گۆڕاوە بە رژێمێکی خۆسەپێنی تر. توێژیینەوەی زۆر و داتای زۆر هەیە بۆ ئەو دۆخانەی دروستبوون لە دوای هەر گۆڕانکارییەک کە روویان داوە لە مێژوودا. بە کورتییەکەی, لە ماوەی ٦٥ ساڵی دوای جەنگی دووەمی جیهانیی تەنها ٤٥%ی رووخانەکان بوون بە مایەی گۆڕیینی سیستەمەکە, نییوە زیاتریش لەو گۆڕاوانە دەستاودەستی دەسەڵاتێکی خۆسەپێن بۆ دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی تر بوون؛ واتە کەمتر لە چارەکێکی رووخانی دکیتاتۆر و خۆسەپێنەکان, سیستەمێکی دیموکراسییان لێ کەوتۆتەوە. ئەگەر سەیرێکی هەموو رووخاندنی رژێمە خۆسەپێنە کۆمۆنیستییەکانی ئەوروپای رۆژهەڵات و ئاسیا بکەین, هەموویان دیموکراسییان بە دوای خۆیان دا نەهێنا. بەڵکو, لە وڵاتەکانی بیلارۆسیا و ئازربایجان و ئۆزبەکستان و وڵاتەکانی تردا رژێمی خۆسەپێنی نوێییان پێکهێنایەوە. بە گوێرەی وڵاتە عەرەبییەکانیشەوە, کە بەهاری عەرەبیی تیا روویدا وەک میسر و تونس, جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە لەتەک ئەو وڵاتانەی کە هێشتا شۆڕشەکانیان لە چاوەڕوانییدان, بەڵام سەرگرتنی ئەو شۆرشە جەماوەریانە مانای گۆڕیینی سیستەمە سیاسییەکانیان نەبووە, چونکە دامەزراندنی دەوڵەت لەسەر بنەما نوێکان, هێشتا ونن لە زۆربەی ولاتە عەرەبییەکان دا, کە زیاتر لە خەمی روخاندن و راماڵیینی دەسەڵاتەکانن لە رێی شۆڕشە جەماوەرییەکانەوە. لە هەمووی ئاڵۆزتریش, زۆریی پارتی سیاسییە لەم وڵاتانە, کە مانای ئەوە نیین لە فەزایەکی دیموکراسیی تەندرووستدان, ئەم زۆرییە مانای پەرش بوونەوە و دابەشبوونی کۆمەڵگە و رێکنەکەوتنی توێژە سیاسیی و خێڵەکی و مەزهەبییەکانن, کە هەریەک بۆ خۆی هەوڵی دەسەڵات ئەدات, یان بە لایەنی کەمەوە, هەبوونی پشکی گەورەی مادیی و دەسەڵاتی قۆرخکاریی و چەکداریی و دزیین و لێ نەپرسیینەوەیە. ئەم فرە پارتییە بۆ خۆی ئاستەنگیی هەرە گەورەن لە دامەزراندنی دەوڵەت و حوکوومەت لەسەر بنەمایەکی نوێ و تۆکمە. شەست پارتی سیاسیی لە تونس, دەیان پارت لە میسر و سودان و لوبنان و عێراق, چەندین پارتی نهێنییش لە سوریا و عێراق و شوێنی تر.(٣٥)

٣.ئایا رۆژئاوا, رۆڵی چیی دەبێـت لە سەقامگییرکردنی وڵاتە شکتخواردوو یان گەڕەلاوژەکاندا
 لە دوای جەنگی دووهەمی جیهانیی و بە تایبەت دوای کەوتنی یەکێتیی سۆڤییەت, ئەمەریکا پێگەیەکی بێ وێنەی لە سیستەمی نێودەوڵەتیی پەیداکرد کە هییچ ئیمپراتۆریەتێک لە مێژوودا نەیبووە, لە هەموو بوارە ئابووریی و سەربازیی و تەکنۆلۆجیایی و سیاسیی دا. سەرمایەداری لیبراڵیی هاتە ئاراوە  و, بانگەشەی سەردەمی ئاشتیی ئەمەریکایی باڵی کێشا بەسەر جیهان دا. بە پێی وتەی کیسنجەر, ئەم پێگەیەی ئەمەریکا سەرکەوتووتریینە بەجۆرێک ناتوانرێت جیهان دەستبەرداری ببێت بۆ مەرامی هێنانەدیی سەقامگیریی نێودەوڵەتیی. ئەمەریکا تەنها هێزی باڵا بوو لەسەر شانۆی نێودەوڵەتیی بۆ بریاری یەک لایەنەی جەنگ و ئاشتیی. رۆڵی ئەمەریکا هەر دەستتێوەردان و ناوبژیی و یەکلاییکردنەوەی ململانێکان نەبوو, بەو رۆڵەی کە دابووی بەخۆی کە پارێزەر و پشتییوانکاری ئازادیی و دیموکراسیی و مافی مرۆڤە لە جیهان دا. بەڵکو, چووە ناو کاروباری ناوخۆیی دەوڵەتەکانەوە و گرتنەبەر و سەپاندنی هەر بریارێک, لە بەرژەوەندی خۆی, بە هێزی سەربازیی بوو بێت یان بە ئابووریی یان بە رۆشنبیریی و دیبلۆماسیی.(٣٦) نموونەکان وەک, کێشەی هیند و پاکستان لەبارەی کشمییرەوە لە ١٩٩٩. دەستتێوەردان لە بەڵقان لە ژێر درووشمی وەستاندنی جەنگی تایەفی و رەگەزیی لە نێوان ناوچە دیمۆگرافییە جیاوازەکان. سەیری ئەو گاڵتجاڕییەی کە هات  بەسەر وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات و ئەوانەی لە یەکێتیی سۆڤییەت جیابوونەوە, بوڵگاریا, چییک, ئیستۆنیا, هەنگاریا, لاتڤیا, لیتوانیا, پۆڵەندا, رۆمانیا و سلۆڤاکیا و سلۆڤیینا, هەموویان گلێنرانە کێشە ناوخۆیی و دەرەکییانەوە. بوارێکیان بۆ نەرەخساندن بەرەو پرۆژەیەکی دیموکراسیی بەهێز. بۆیە بەو ناکامڵیی و شپرزەیی ئابووریی و سیاسییەوە هێڵراونەتەوە, هەتا نەبنە کێشەی گەورە لە ناو سیستەمی نوێی نێودەوڵەتی. ئێستاش لە ئاوابوونی تاک جەمسەریی دیموکراسیی, بۆ جەمسەرێکی دیموکراسی ئەمەریکایی و جەمسەرەکەی تر بۆ کۆمۆنیستی دەسەڵاتسەپێنی چیین و رووسیا, ئەم وڵاتانە جارێکی تر بۆ ژێر دەسەڵاتی نێودەوڵەتیی رووسیا روو لە باوان ئەکرێنەوە, بە بێ ئەوەی هییچ خێرێکیان لە دیموکراسیی لیبراڵیی دیبێت و نایبیینن.
 هێرشەکانی ١١ی سێپتێمبەری ٢٠٠١ ی بەرپاکردنی دوو جەنگی گەورە  لە ژێر درووشمی جەنگی دژ بە تیرۆر (لە ئەفغانستان) و جارێکی تر بە درووشمی پاراستنی ئاشتیی نێودەوڵەتیی دژ بە هەبوونی چەکی وێرانکەری سەراپایی (لە عێراق) و لە نەدۆزیینەوەیشیی دا درووشمەکەی کرد بە قوتاربوون لە سەدام حوسەین و, رزگارکردنی گەلی عێراق لە خراپتریین دیکتاتۆر و, ئامادەسازیی بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراسیی و, پێکهێنانی عێراقێکی بوژاوە بە رابەرایەتی ئەمەریکا. 

 ئەم قسانە, یان ئەم واقیعە, رەنگە بە بارێک دا هەتا رۆژگارێک راست بوو بن, مایەی خۆشنوودیی و هیوای میللەتەکانی ناوچەکە بوو بن, بەڵام هەر ئەم دوورەپەرێزگرتنە بوو لە ئاستی رووداوەکانی بەهاری عەرەبیی و, پاشەکشە لە بانگەشەکانی گوێزانەوەی دیموکراسیی بۆ ناوچەکە و, خاوەخاو لە جەنگی دژ بە داعش و, لەباربردنی دمیوکراسیی لە عێراق دا لەسەردەستی دەیان پارتی سیاسیی و مەزهەبیی و تائیفیی ونەتەوەیی و میلیشیایی چەکدارەکان.

ئەم, هەڵوێستانەی ئەمەریکا نوێ نیین بۆ گەلانی ناوچەکە و, ستراتییجی ئەمەریکا روونتر دەرکەوتووە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش, لەسەر زمانی سیاستەکار و کاربەدەست باڵاکانی خۆیشیانەوە.

   لە دوای جەنگی ساردەوە, زۆرینەی  کەسێتییە بڕیاردەرە سیاسییە دەرەکییەکان لە ئەوروپا و لە ئەمەریکا, رێککەوتن لەسەر ئەوەی, لە ترسی گۆرانکاریی لە جیوپۆلەتیکی هەر وڵاتێک, یان رێگرتن لە لاوازبوونی ئەو سیستەمە حوکمرانییانەی لەو وڵاتانەدا بەڕێوە ئەچن؛ گوێ نەدرێ بە گەندەڵیی و ئەو دەستدرێژیانەی کە ئەکرێنە سەر مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان کە لەناوخۆیان دا ئەگوزەرێـت. ئەوەی خەمێکی گەورەیە پاراستن و مسۆگەرکردنی سەقامگییریی ئەو وڵاتانەیە. بۆیە وڵاتانی رۆژئاوا, زۆرجار کۆمەکی دارایی و هاوکارییە گەشپێدانەکان, لە رێی کەناڵی جیاجیاوە ئەگەیەنن بەو وڵاتە دیکتاتۆر یان خۆسەپێنانە, لە رێی دامەزراوە داراییەکانیانەوە, وەک سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتیی و بانکی نێودەوڵەتیی. هەروەکو سەرۆکی ئەمەریکایی رۆناڵد ریگان لە ساڵی ١٩٨٦ دا, بە ئاشکرا لەو بارەیەوە وتی: ئایا پێویستە لەسەر ئەمەریکا, رێگە بدات بەو سیاسەتە ستەمکارییە رێپێنەدراوانەی مارکۆس؟ هەرخۆی وڵامی دایەوە و وتی: "جگە لە بنکە سەربازییەکانی فلیپیین, هیچ شتێکی تر بە گرنگ نازانم"
  لە دوای کۆتاییپێهێنانی داگیرکاریی فەرەنسایی فەرمیی, لە ئەفەریقای فەرەنسایی دا لەساڵی ١٩٦٠دا, بۆ پاراستنی کۆمپانیا فەرەنساییەکان و, بەرژەوەندیی ستراتیجیی وڵاتەکەیان, دەستەبژێرە فەرەنساییەکان, سیستەمێکی وردی کارامەیان دامەزراند, بۆ توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ئەفەریقادا و, ناویان نا " فەرەنسا – ئەفەریقا ". ئەم مشتومڕانە, بەردەوام بوون بەدرێژایی سێ دەیە, ئەوەی مسۆگەر کرد, کە ئۆتۆکراتە ستەمکارە ئەفەریقاییەکان بەرژەوەندییە فەرەنساییەکانیان لە وڵاتەکانیان دا پاراست, لە بەرامبەریش دا پاریس ڕێگەی دان ئەو بڕە پارە قەبانەی کە لە رێگەی نایاساییەوە بەدەستیان ئەهێنا, لە رێی بانکە فەرەنساییەکان و, کۆمپانیای وزە و, کۆمپانیای کانزاکردنەوە بگوێزنەوە ناو فەرەنسا, بۆ ئەژماری بانکیی خۆیان.(٣٧)

  ریچارد بیسترۆنگ, راوێژکار و دامەزرێنەری نووسیینگەی راوێژکاریی رێکخراوی               (هێڵی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی بەرتییلخۆریی  -  A Front-Line Perspective on FCPA, Anti-Bribery and Compliance ), چاوپێکەوتنی لەتەک  سارا چاییز دا کردووە و, بە دیارییکراوی لێی پرسییوە: بۆچیی ئەمەریکییەکان پێوەندیییان باش بووە, لەتەک بەرپرسە ئەفغانییەکان دا, سەرباری ئەو تێبیینیانەی تۆ و کەسانی تر هەیانە لەسەر ئەفغانستان؟ وەڵامی چاییز ئەوەبووە: بێگومان,  گرۆیەکی ئەفغانیی هەبوون, کە زۆربەی ئەمەریکاییەکان مامەڵەیان لە تەکدا کردوون – بەرپرسە حکوومیی و بزنسمانەکان بوون-. بۆیە بەرژەوەندییان لەوەدا بوو, کە  نەرمیی بنێوێن لەتەک ئەفغانییەکان دا بەو بیرۆکەیەی "ئەی کاروبارەکان لەم دەوروبەرەدا چۆن بەرن بەڕێوە؟"
   سارا چاییز,لە کتێبەکەی دا "دزەکانی دەوڵەت", رای لەسەر خەمخۆریی ئەمەریکا نەرێنییە, کە بە بۆچوونی ئەو بە مەبەستانە خەمساردە,لە دژە گەندەڵیی و وەستاندنی کۆمەکی دارایی و پشتییوانی سیاسیی وڵاتە دیکتاتۆر و خۆسەپێنەکان. خەمساردە لە بایەخدان بە کاروبار و ژیاریی خەڵکی ئەو وڵاتانەش, بە هۆی ناکۆکیی و شڵەژانە چەکدارییەکانەوە چووەتە وڵاتەکانیانانەوە.
  سارا چاییز ئەڵێ: دواتریش, ئەوەی لە ئایدۆلۆجیای ئێمەی رۆژئاواییدا هەیە, مەزنکردنی پارەیە, بیرۆکەی ئەوەی, کە کەڵەکەبوونی سامان, بەجۆرێک لە جۆرەکان, نیشانەی بەتوانایی و لێهاتووییە و, لێرەوە دەست پێدەکات.ئەمە روویداوە, ئەم جارەیان, لە لای رۆناڵد رییگان و, مارگرێـت تاتشەر, ئەو گیانی زاڵبوونی راستەوخۆیە هەبووە, لە ماوەی تەنگژەی دارایی ٢٠٠٨ دا, تەنانەت دوای ئەوەش. لە زۆر لایەنی تریشەوە, ئەو گەندەڵییەی کە لە شوێنەکانی وەک نایجیریا و ئۆزبەکستان لێکۆڵیینەوەم لەسەر کرد, هییچ پێوەندیی بەو بەزاندنانەوە نەبوو, کە بوو بووە مایەی نانەوەی تەنگژە داراییەکەی ئەو رۆژگارە. هیچ پێوەندیشی نەبوو بە سەرلێشێوانێک لە تێگەیشتن لە مانای گەندەڵیی و, کەمبوونەوەی رۆڵی گۆنجاوی پارە لە سیاسەت, لە ئەمریکادا.(٣٨)

لاری دایەمۆند هەندێ سەرنج و بۆچوونی کتێبەکەی " Ill Winds: Saving Democracy From Russian Rage, Chinese Ambition, and American Complacency.", گوێزاوەتەوە ناو نووسێنێکیەوە بە ناونیشانی " America‌s Silence Helps Autocrats Triumph ": "بە فرانکڵیین رۆزیڤێڵت یان وت, بۆچیی ئەوەندە پشتییوانی سومۆزای سەرۆکی نیکاراگوا ئەکەیت ئەوەی کوری سۆزانییە! ئەویش لە وەڵام دا وتوویەتی :رەنگە کوڕی سۆزانیی بێـت, ئەو کوڕی سۆزانییەش هینی خۆمانە, ئەو لەتەک دڵنیایی بەرژەوەندیی نیشتمانیمان دایە" ئەوەبوو سۆمۆزا لە راپەڕیینی خەڵکی نیکەراگوا دژ بە ئەمەریکا کەوت. شای ئێرانیش, ئەوپەڕیی پشتییوانیی ئەمەریکای هەبوو هەمان شتی بەسەرهات. (لاری) پێی وایە کە واشنتۆن بە کوێرانە پشتییوانی ئەم رژێمە خۆسەپێنانە ئەکات و لای وایە ئەتوانێت هەتا سەر هینی خۆیەتی (!), لە راستیی دا کۆتاییەکی زۆر خراپیان هەیە بۆ ئەو گەلانە و بۆ گەلی ئەمەریکاییش.(٣٩)

پرۆفیسۆر ستییڤ مان ئەڵێ: چیی بکەین کاتێک رووبەرووی دۆخ و ژینگەیەگی دژوار ئەبیینەوە؟, ئەم هییچ پێی نەنگیی نییە ئەگەر متمانەیان لەسەر هەر میکانیزمێکی بەردەست و شیاو بێت کاتێک دۆخەکە لەتەک بەهاکانی ئەمەریکادا نەیەتەوە. ستتیڤ پێی وا نییە گەڕەڵاوژێ هەموو کاتێک خراپ و زیانبەخش بێت. بۆیە, پاساو بۆ دەستێوەردان و هاتنە ناوەوەی سەربازیانەی ئەمەریکا ئەهێنێتەوە بۆ گۆڕیینی بارودۆخی عێراق و, گەڕەڵاوژێ و ناسەقامگییریی پاساودارە هەتا ئەو دۆخە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بێت: "مەسەلەی بنەرەتیی هێنانەدیی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمەریکایە, نەک سەقامگیریی نێودەوڵەتیی". بۆیە "پەنامان بردە بەر "بییردۆزەی گەڕەڵاوژەێ" لە رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو ئاڵۆزییانەی کە لە رووی سیاسەتی ئەمەریکادا وەستاونەتەوە لە عێراق یان لە باسی نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا.(٤٠)

بۆیە, کۆندۆلیزا رایس, بە روونی پشتییوانی دەربڕیی بۆ هێنانە ئارای گەڕەڵاوژێ لە دوای رووخاندنی هەر حوکوومەتێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست, بەڵام ناوی لێنا "گەڕەڵاوژێی بونیادنەر!!", بە پاساوی ئەوەی کە هەر گەڕەڵاوژەیەک بەدوای رووخانی حوکوومەت دا بێت ناسەقامگیریی ئەخاتەوە, کە رێ بە دیموکراسیی نادات دابمەزرێت. بۆیە ناوچەکە لەبەردەم دوو بژاردەی گەڕەڵاوژێ یان دەستبەسەراگرتنی حوکوومەتە لە لایەن ئیسلامییە نەیارەکانی ئەمەریکاوەیە. رایس, پێێ وابووە, ئەم گەڕەڵاوژەیە لەجۆرە بەسوودەکەیە (!!) کە بونیادنەرە و بێ چەندوچوون دواڕۆژێکی باشی لێ ئەکەوێـتەوە.(٤١)

نووسیینێک لە لایەن هاس ”سەردەمی گەڕەلاوژێ- “The Era of Disorder(٤٢) باس لە پەشێویەکانی ئەم دۆخە و تێوەچوونی ئەمەریکا ئەکات لە گەڕەڵاوژەی جیهانییەوە و, توێژیینەوەیەکیش هەیە لە لایەن دەستەیەک توێژەری بانکی ئەڵمانی بە ناونیشانی "سەردەمی گەڕەڵاوژێ: سەردەمی نوێی ئابووریی و سیاسەت و چۆنییەتی ژیانمان- The Age of Disorder – the new era for economics, politics and our way of life"(٤٣)؛ دەستی ئەمەریکا ئەبیینن لە بارەی تێکچوونی سەقامگییریی جیهان و باڵکێشانی گەڕەڵاوژێی سیاسیی و ئابوورییەوە. هاس رای وایە کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو گرێ نەکراوەیەی گەڕەڵاوژەی جیهانییە, کە زۆر دەرگای شرۆڤە و لێکدانەوەی دەقە دۆگماییەکانی کرۆدۆتەوە. ئەو تێکڕژانە ئالۆزانەی لە ناوچەکەدا روویان داوە, هەر لە سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبییەوە هەتا ئەم ساتە و, پەلکێشانی بۆ دوادوایی جیهان. هاس ئەڵێ: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە فۆناغەکانی یەکەمی سی ساڵ جەنگی نوێدا تێپەر ئەبێـت, بەو پێیەی کە باوەشکردنەوە بە سیاسەت و دیین, بوون بە مایەی ململانێی دوورودرێژ و دڕندانە و هەندێکجار لەناو سنووری یەک وڵات دا. توێژیینەوەکەی بانکی ئەڵمانیی قسە لەسەر لایەنی جیۆپۆلەتیکیی دوای کۆڤیید -١٩ ئەکات, پێی وایە چیین هەوڵی گێڕانەوەی رۆڵی سیاسیی خۆی ئەدات وەک هێزێکی ئابووریی جیهانیی بەڵام بە سیاسەتێکی لێبرالییانەی رۆژئاواییەوە, ئەمە لە بەرامبەر ئەمەریکا دا سەردەمێکی گەڕەڵاوژێی هێناوەتە ئاراوە. توێژیینەوەکە پێداگیریی ئەکات لەسەر "لێرەوە بەیەکدادانی رۆشنبییریی و بەرژەوەندییەکان دەرئەکەون, سەردەمی شڵەژانەکان – بەتایبەتی دە ساڵی داهاتوو- رەنگە دەیەیەکی سەرکەوتوو یان دابڕان بێت بۆ ئەوروپا".

ئەمەریکا و رۆژئاوا, کەوتوونەتە ناو گەڕەڵاوژەیەکی جیهانییەوە, کە بە قسەی خۆیان جڵەوەکەی بەدەست خۆیانەوەیە وبەڵام بە گەرەڵاوژەی بونیادنەری دائەنێن, کە وەک ستراتییجێک دژ بە سەقامگییربوونی هێزی نەیارەکانیان لە هەر شوێنێک مەترسییدار بن. پرسیارەکە ئەوەیە هەتا کەی "گەڕەڵاوژێی بونیادنەر" بە یەکێک لە بنەماباوەڕەکانی (المبادی‌و) هاوکێشەی متمانەپێکراوی بەڕێوبردنی کاروباری نێودەوڵەتیی پێڕەو ئەکرێت لە ژێر سایەی سیستەمی نێودەوڵەتییەوە؟

٤. ئایا رووخاندنی دیکتاتۆریی بە رێگەی ناتوندوتییژیی, لەبارە؟
مێژوو وەک نووسیینەوەیەکی لێبڕاو بۆ هەواڵ و رووداوەکان, پێمان ئەڵێت بەڵێ لەبارە و روویداوە. چەند نموونەیەک هەن لە مێژووی نزییک دا, کە بە کەمتریین بەیەکدادان و, بە وازهێنانی سەرۆک یان پاشا خۆسەپێنە ستەمکارەکان, ئاڵوگۆڕی دەسەڵات روویداوە, لەوانە:
- رووخاندنی سلۆبۆدان میلۆسۆفییچ لە ساڵی ٢٠٠ لە سربیا, ئەویش بە رێگەیەک بە ناوی "ئۆتبۆر" کە جوڵانەوەیەکی خوێندکاران بوو کە ستراتییجێتیان گرتنەبەری کۆششی ئاشتییانە بوو بە بێ توندوتییژیی, بە وەرگرتنی بییرۆکەی "جیین شارپ" ئەکایمیستی ئەمەریکایی لە کتێبی "بەرەنگاربوونەوەی نا توندوتییژانە"- لە دواتردا دێیینە سەر گرنگیی ئەو کتێبە-, وەک تەکنیکێکی سەرکەوتوو بۆ خەبات دژ بە دەسەڵاتی خۆسەپێن و ریشەکێشکردنی دیکتاتۆریی بێ پەنابردنە بەر توندوتییژیی.
- رووخانی رژێمی پاشایەتی محمەد رەزا شای ئێران, وەک لە شرۆڤە سیاسییەکان دا هاتووە, شای ئێران لەوجۆرە خوێنڕێژانەی دنیا نەبووە بەرامبەر میللەتەکەی, راستە نەیارەکانی پاکتاوکردووە بە هەر شێوازێک گونجاو بووبێت, بەڵام هەمیشە لە بوژانەوەی پیشەسازیی و کشتۆوکاڵیی ئێران و بەرزکردنەوەی بژێویی تاک و داهاتیان دا لە برەودا بووە. بەڵام, کۆتاهێنان بە سیستەمی پاشایەتی ئێران بە بڕیارێکی فرە قۆڵیی رۆژئاوایی و ئەمەریکا بووە, بە دەرچوونی شا لە ئێران بە بێ چەن و چوون. ئەم بڕیارە, دوای ئەوەی شای ئێران بوو بە مایەی نائومێدبوونی رۆژئاوا لە گوێڕایەڵیی و پابەندبوونی شای ئێرانەوە, وەک: هاوبەشی وڵاتە عەرەبییەکانی هەناردەی نەوتی کرد لە جەنگی ئۆکتۆبەری ١٩٧٣, هاوسۆزیی بۆ مەسەلەی فەلەستیینیی و, رێکەوتن لەتەک سەدام حسێن بۆ شکستپێهێانی شۆڕشی ١٩٧٥و چوونە ناو کۆخواستی بەرهەمهێنانی ئەتۆمیی و, بەرزکردنەوەی نرخی نەوت و, کڕیینی چەک لە سەرچاوەی نادیار, لە تەک نیگەرانییەکانی رۆژئاوا بەرامبەر پارتی تودەی کۆمۆنیستی ئیرانیی کە سنووربۆدانانیان لە ئاستی پێویست نەبووە لە لایەن رژێمی لیبراڵیی شای ئێرانەوە, بەڵکو پلانەکە بریتیی بووە لە رووبەڕووبوونەوەیەکی ئایدۆلۆجیایی تۆکمە, کە بژاردەکە حوکوومەتێکی ئایینی شییعە بووە بە رابەرایەتیی خومەینیی.
- بێنوچێ لە چیلێ, لە سالی ١٩٧٣, جەنەراڵ بێنوچێ کودەتای بەسەر سیڵفادۆر ئەڵێندیی هەڵبژێرراوی خەلک دا کرد کە دەسەلاتێکی دیموکراسیی بوو لە ولاتی چیلێ دا. بە هەزاران کەسی بێ سەروشوێن کرد, بۆ ماوەی حەڤدە ساڵ  بە ئاگر و ئاسن فەرمانڕەوایی کردن, بە جۆرێک بوو بە ستەمکارتریین فەرمانڕوای سەردەمەکەی. بەلام لە لە ساڵی ١٩٨٠ لە پێناوی ئەوەی بەرگێکی شەرعیی بدات بە دەسەلاتەکەی, راپرسییەکی خەڵکیی کردو خۆی هێشتەوە هەتا ساڵی ١٩٨٨, هەرچەند هاوپەیمانی ئەمەریکاش بوو, بەلام لەبەر ئەو هەموو ناڕەزاییە ناوخۆیی و جیهانییەی کە لە دژی هەبوون, ئەمەریکای خستە بارێکی شەرمهاوەرەوە, ناچار هەرەشەی گرتنەوەی کۆمەکە سەربازییەکانی لێکرد. لە پاەنا ئەمەشدا, رێکخراوی لیبووردنی نێودەوڵەتیی, وەک فشاری دەرەکیی, هاریکارێکی راستەنیی (جدی) بوون بۆ ئاشکراکردنی ئەو داتایانەی کە باسی لە کوشتنی سی هەزار کەس و, ئاوارەکردنی زیاتر لە نییو ملیۆن کەس بۆ دەرەوەی وڵات و, ونکردنی خەلکانی ئۆپۆزسیۆن. ئەم زانیاریانە بە هەند وەرگییران لە زیاترکردنی فشاری نێودەوڵەتیی دژ بە سیستەمی سەربازیی لە ولاتە. ئەمانە, هاندەر بوون بۆ بوێربوون و دەرەکەوتنی کارییگەریی پارتە چەپ و راستە ئۆپۆزسیۆنەکان, هەتا لە راپرسییەکی تری ساڵی ١٩٩٠, بینۆچێ دەستبەرداری دەسەڵات بوو.


٥. خەباتی نـــا – توندوتییــژ
بۆ گرتنەبەری خەباتی سیاسیی ناتوندوتییژ, ناکرێت کتێبەکەی شارپ " "(٤٤) لە بییربکرێت, کە مایەی بییرکردنەوە و رێکاری قۆناغی خەباتی هەندێک لە میللەتان بووە. شارپ بە میکاڤیللیی ناتوندوتییژی ناسراوە.
شارپ, ئاماژەی داوە بە چەند رێگەیەکی تری بەرەورووبوونەوەی دەسەلاتە ستەمکارەکان بە مەبەستی لابردنیان, وەک یاخییبوونی سەربازیی بە شۆڕشی چەکدارییەوە و, کودەتای سەربازیی و, یارمەتیی دەرەکییە. بەڵام, پێی وا نییە هییچ لەم سێ  رێگەیە مسۆگەر و شیاو بێت, بەو پێیەی هەرکات ئەم هەوڵانە شکست بخۆن, دەرئەنجامەکەی بەهێزکردنی سیستەمە دیکتاتۆرییەکەیە و, ئەگەر سەریش بکەوێـت, ئەوا سیستەمێکی دکتاتۆری نوێ ئەکات بە شوێنگرەوەی, سوپاو هێزە سەربازییەکەی ئەکاتە چەقی دەسەڵات و لەوێوە خۆی قاییم ئەکات, بەم پێیە لاوازکردنی کۆمەڵگەی مەدەنیی وەک بنەمایەکی دیموکراسیی بەرەو لاوازیی و بێ بایەخ ئەبێت. لە حاڵەتی دانوستانیش دا, سیستەمی دیکتاتۆریی ئەگەر لە بەهێزیی دا بوو, ئەوا هەموو دەنگی ئۆپۆزسیۆنێک بە پێی بەرنامە و بەرژەوەندیی خۆی کۆت و بەند ئەکات و بە لاوازیی ئەیانژیەنێت, ئەگەر رووی لە لاوازییش بێت, ئەوا هەر دانوستانێک بووبدات هەر لە بەرژەوەندی خۆیەتی بۆ بەهێزکردن و مانەوەیەتی لەسەر دەسەڵات. کتێبەکە, پاشکۆیەکی هەیە بە ناونیشانی "ئامڕازەکانی ئییشکردنی ناتوندوتییژ", کە ١٩٨ ئامڕاز یان شێوەڕێگەی ناتوندوتییژی تیایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیستەمی خۆسەپێن, هەر لە شێوەڕێگەی ناڕەزایی و رازییکردن, بۆ هاوکاریی نەکردنی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی و شێوەڕێگەی تری ناتوندوتییژ.

شارپ, کتێبەکەی لە (دە) بەند داڕشتووە, بە شیکردنەوەی چەمکی دەسەڵات و دیکتاتۆرییەوە چووەتە ناو کتێبەکەیەوە, خاڵە لاوازەکانیی دەستنیشان کردوون. لەوێوە, چووتە سەر ئەو ئامڕاز و ستراتییجانەی کە ئەشێت بگییرێنە بەر کە ئامڕازی واقیعیی ناتوندن, لە چوارچێوەیەکی ئازادبوون دا بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنانە و لابردنییان لەسەر فەرامڕەوایی؛ واتە گوێزانەوە لەم قۆناغەوە بۆ قۆناغێکی دیموکراسیی کە شەرعیەتیی دەستووریی و سەقامگییریی بهێنێتە جێگەی. شارپ, بییرۆکەی کتێبەکەی لەو گریمانە سەرەکییەوە سەرچاوە ئەگرێت: سیستەمی دیموکراسیی تەنها لەبریی (بدیل) راستەقیینەیە بۆ گەلانی ژێر دەسەڵاتی خۆسەپێن و دیکتاتۆریی, رێگای ناتوندوتییژیش تە نها رێگەچارەیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.

 ئەم کتێبە, کەمتریین پەراوێزی بەکارهێناوە, زیاتر متمانەی بە هزری خۆی بەستووە, بەوەی کە شارپ یەکێکە لە بییرمەندە ئمەریکایی و تەنانەت نێودەوڵەتییەکان لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی ناتوندوتییژیی. بۆیە ئەم کتێبە بە سەرچاوەیەکی بنەڕەتیی دائەنرێت. هەروەها, کەمتر ئاماژە بە سەرچاوەی تر ئەدات, مەگەر بایەخێکی تایبەت لە سەرچاوەی تردا ببینێتەوە, بە تایبەت کتێبی "میر" ی میکیاڤیللی و هەندێ وەرگرتنی بەسوود لە دانراوەکانی ئەرستۆ و دۆن ئۆستۆم و کارل دیچ و پاتریک سارسفییڵد و کرشانا شێردهاوانی و رۆمانی ئەفسانەی گەوەری مەیموونەکان ی رۆماننوسی چیینیی لیۆجیی, هەندێک لە داتا ئەژمارەکانی رێکخراوی فریدەم هاوز.

شارپ پێداگیرییەکانی زۆرن لەم رێگەچارەی خەباتی نا-توندوتییژدا, لە یەکێک لەوانەدا ئەڵێ:   "ئەوەمان لە پێش چاو بێت, لە رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆریی دا, ستراتییجی گەورە ئەوە نییە تەنها دکیتاتۆرەکان رابماڵرێن, بەڵکو رەگداکوتاندنی سیستەمی دیموکراسییە و, ئیشکردن و هەتربوونە لە هاتنەوەئارای دکتاتۆریی و خۆسەپاندنی نوێ لە هییچ ئەگەرێک دا. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە, ئامڕاز و رێ و شوێنگەلێکی هەڵبژاردە پێویستن بۆ بەشدارییکردنی هەموو هێزە چالاک و کاریگەرەکانی کۆمەڵگە. لە سایەی دیکتاتۆریی دا, دانیشتوان و دەستگا مەدەنییەکان لە کۆمەڵگەدا لەوپەڕی لاوازییدان, بەلام حوکوومەت لەوپەڕی بەهێزییدایە, بە بێ گۆڕانکاریی لە کۆمەڵگە, کەم و کورتیی (خلل) رووئەدات, و لە نزیکتریین هەل دا گرۆیەکی تری دەسەڵاتداری نوێ جڵەو ئەگرنەوە دەست و, وەک پێشووەکانیان ئەبنەوە بە دیکتاتۆر و دەسەڵاتی خۆسەپێن."

٦. ئەم رووبەڕووبوونەوە نــا- توندوتییژە, کێ بیکات؟
دیارە, وەڵامە خێراکە, ئەوەیە کە بە ئۆپۆزسیۆنێکی راستەقیینە ئەکرێت. راستەقیینە, هەر ئەوە نییە کە دەستبەرداریی رژێمی دەسەلات بێت و بەشێک نەبێـت لەو. پێش ئەوەی گرنگ بێـت کە سەرکردە و گرۆیەکی دیاری ئەو ئۆپۆزسیۆنە لەبار بن و لە ئاستی ئەو ئەرکە سەختەدا بن, خەڵک بنەی گرنگی ئەو گۆڕانکارییەیە.
چونکە گرنگە ئەوە فێربووبیین کە رزگاربوون لە سیستەمی دیکتاتۆریی (حوکومڕانی خۆسەپێن), هەرگییز نایەتە دیی مەگەر بە هەڵوەشاندنی ئەو سیستەمە حوکومڕانییە, ئەمەش بە رووکەشیی و قسەکاریی  نابێـت. چونکە ئەم سیستەمانە دوای روخاندنی رژێمە بەدەکانی پێش خۆیان, زۆر بە ئاسانی ئەتوانن خۆیان بە میرات وەربگرنەوە. ئەم سیستەمانە لە جەنگێکی هەمیشەیی دان لەگەڵ میللەت دا, نەک تەنها بەوەی ئیرادەی لێ زەوت بکەن و تەسلییم بن, بەڵکو ئییش لەسەر درووستکردنی جۆرێک لە هاوڵاتیی ئەکەن کە ئەتوانیین ناوی بنێین "هاوڵاتیی سەقامگییر". ئەمەش ئەو دۆخەیە, کە هاوڵاتیی لە سایەی هەر رژێمێکی دیکتاتۆریی یان خۆسەپێن دا, شوناسی خۆی ون ئەکات و شوناسێکی نوێی پێ ئەدرێت, کە هەموو جۆرە ستەم و چەوسانەوە و گەوجاندن و کۆیلەیەتیی پەسەند بێـت, وەک تەرزێکی ژیان لە ناو بازنەی ویست و فەرمانەکانی حوکومرانییە خۆسەپێنەکەدا. ئەم هاوڵاتییە سەقامگییرە لە خەمی پێداویستییە بایۆلۆدجییەکانیی دایە, هەموو جۆرە سیفاتێکی بەد ئەکات  خوو, دووروویی و درۆ و گەندەڵیی و ملکەچیی. بۆ مانەوەی بە سەلامەتی و خۆ رازییکردن بەو بەشمەینەتییە و, خۆ رازییکردن بە کەمتوانایی ئەو لە ئاستی بەگژاچوونەوەی ستەمکانی سەری. تەنانەت ئەگاتە ئەوەی کە لە کزیی و بێدەنگییەک دا خۆی بکوژێت بەڵام بوێریی ئەوەی نییە, قسەیەکی جێ بگرێـت لە دوای ئەوەی ئەم دنیایە جێ ئەهێڵێت, نەک ئەوە, بوێری ئەوەی نییە لە خۆپیشاندانێک دژ بە دەسەڵات بە قسەیەک بەشدار بێت, یان لە دووریشەوە سەیری رێپێوانی نارەزاییەکان بدات.

بەڵام ئەوەش هەیە, هاوڵاتی سەقامگییر, هەرچەند تەسلیمبووەیەکی ترسێنەرە, بەڵام مەرج نییە بە قەناعەت, یان دەستەوسانیی, یان بێ چارەیی بێـت. بەڵام دیوێکی تری ئەم تەسلیمبوونە ترسە لە رووبەرووبوونەوە. ئەم ترسەش بە تەنیا نییە و بەڵکو بە هەموویان کۆترسییەکییان درووستکردووە, بە جۆرێک هەر بەخۆیان قەبارەیەکی زەبەلاحییان داوە بەو ترسە و, هەر خۆشییان لە دوورەوە لێی بترسن. ئەوەی گۆڕانکارییەکان درووست ئەکەن, یان بە لایەنی کەمەوە, نمایشێکی بوێرانە ئەنوێن, دەستەبژێکی کەمی کۆمەڵگەن, کە زۆرجار ئەوانن پزیسکی شۆڕشەکان دائەگرسێنن. ئەوان, ئەم ترسەیان لا رەوییوەتەوە و باوەڕیان بە رووبەڕووبوونەوە هەیە, کاتێک دەڕژێنە سەر شەقامەکان و هاوارکردنی داواکارییەکان و سەرکۆنەکردنی حوکوکڕان و سیستەم و داوای روخاندنیان, چەند دە هەزار کەسێکن کە رێژەیەکی کەمی کۆمەڵگەن, کە لە پشت تیڤیەکانەوە تێیان ئەڕوانن. بێگومان, ئەمە نەک بەس نییە, بەڵکو ئەمە ئەو هێزی فشارە نییە بۆ سەر هییچ حوکوومەتێک کە بچووکتریین گۆرانکاریی لە بڕیارێکی ساکاری دا بکات. بەڵکو, هەندێکجار مایەی پاڵدانەوەی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکەشە, کە میللەت بە خۆ خاڵییکردنەوەیە سەقامگییر بووە و زیاتری لێ ناوەشێـەوە.بەڵام, لە دوادوایی هەلسەنگاندنەکەدا, تەنها خوێندنەوە بۆ ئەم حاڵەتە, کورتهێنانی ئەو دەستەبژێرەیە لە وەرچەخاندنی راستەقیینە لە کۆمەڵگەدا, قەناعەتپێکردنی زۆریینەی کۆمەڵگەیە بۆ رووبەرووبوونەوە.
بێگومان, جارجارە خۆپیشاندانی تەنک تەنک ئەبیینرێت لە شەقام و بەردەم دەستگا حوکوومی یان قۆنسوڵخانەکان دا, لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتە دیکتاتۆرییەکان دا. بەڵام ئەو خەلکانەی بەم ئەرکە هەڵدەستن, کەمیینەیەکی کۆمەڵگەن کە ترس تیایان دا رەویوەتەوە, کە داخوازییەکانیان بووە بە ئامانجیان, نەسرەوتن لەبەرامبەر مافەکانیان دا, ئەمانە پێیان ناوترێت جەماوەر یان کۆمەڵگە, ئەگەرچیی بەم ناوەوە لە راگەیاندنەکان ناویان ئەبرێت, کە ئەمەش چەواشەکارییەکی تێدایە بۆ خۆی, بەو مانایەی کە هێشتا, ئەم هاوڵاتییە نەسرەوتانە نەیانتوانییوە ترس لە گیانی دوا دوایی کۆمەڵگەدا بسرنەوە, نەیانتوانییوە بەهاکانی هاوڵاتیبوون و مافەکانی بکەن بە خەمی هاوڵاتیانی کۆمەڵگەکەیان. بەم پێیە, نە داواکارییەکان ئەگەنە جێی خۆی, نە بەردەوامیی ئەبێت, نە ئەتوانێـت خۆیشانی پێ بپارێزن. دەستەکانی داپڵۆسیین و گرتن و راونان و کوشتن ئەکەونە کار و ئەوەندەی ترس دێو و درنجەکانی ترس ئەبەنە کونی ژوورەوە بۆ ناودڵی هەموو تاکێکی کۆمەڵگە. لێرەوە, بێ دەنگیی و دوورەپەڕێزیی کۆمەڵگەی مەدەنیی سەقامگییر و پارتی سیاسیی ئۆپۆزسیۆنی سەقامگییر ئەوەندەی تر ئەم هەوڵانە تەنکتر ئەکات.

٧.ئەی چۆن میللەتان لە رژێمە ستەمکارە خۆسەپێنەکانیان رزگاریان ئەبێت؟
 لە بەشی (٣) دا , هەڵوێستی ئەمەریکا بە تایبەت و رۆژئاوا بە گشتیی خریە روو, لە پشوو درێژیی و خەمساردییان بەرامبەر رەوشی ولاتانی ناوچەکە. بەدەر لە راستیی و درووستی ئەو جوڵانەوە ئۆپۆزسیۆنیانە بۆ تەنگپێهەلچنیین و سنووردارکردن یان لە باشتریین حاڵەت دا راماڵیینی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و خۆسەپێنەکان, جوڵانەوە ئۆپۆزسیۆنەکان لە هەوڵەکانیان نەکەوتوون و بەردەوام لە خۆکۆکردنەوە و رکابەریی سیاسییانەی خۆیاندان. ئەگەر هەڵوەستەیەک بکەین لە ئاستی بەردەوامی ئەو دەسەڵاتانە لەسەر حوکومڕانیی و کەم هەژموونی ئۆپۆزسیۆن لە بەرامبەریان دا, ئەوا زۆر رەوایە کە لە سەرچاوە هەژموونکارییەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە خوێندنەوەیەکی درشت بکەین.
سیستەمێ نێودەوڵەتیی نوێ بە فەلسەفەی لیبراڵیی نوێ ئەچێت بەڕێوە, کە وەستاوە لەسەر ئازادییەکان و مافی مرۆڤ و مافی گشتیی و ئازادیی ئابووری. بۆیە, هەموو وڵاتان لەسەریانە بۆ ئەم تەرزە سیاسەتە بگۆڕێن, هەتا رۆڵ و شکۆیان هەبێت لە چوارچێوەی سیستەمی نێودەوڵەتیی دا, بەڵام لە ساڵی  ٢٠٠٣ وە دەرکەوتنی دکتاتۆرەکان لە پێشیینەی سیستەمی جیهانییە. ئەمەریکای سەدەی بیست و یەک زۆر جیاوازترە لە پێشووی, بەو واقعە پراگماتیکییەی گرتوویەتییە بەر لە ئاستی ئاڵۆزبوونە تایەفی و نەتەوەییەکانەوە, بۆیە هەموو جیهان لێیان روونە کە ئەمەریکا زۆر فشارهێنە و دیموکراسیی لە کارە پێشبێنەکانی (اولویات) نییە. چیین گەورەتریین وڵاتی دیکتاتۆرییە, سەرۆکەکەی بۆ هەتا هەتا لەسەر دەسەڵاتە, رووسیا سەرباری ئەوەی خۆی سەرپێچیی مافەکانی مرۆڤ ئەکات و ماوەی سەرۆکایەتیی پۆتیین بۆ دوو درێژکراوەتەوە, پشتییوانی چەندین وڵات و رێکخراو ئەکات کە دژ بە مافەکانی مرۆڤن و تاوانی مرۆفایەتی ئەنجام ئەدەن وەک ئێران  و سووریا. وڵاتە ئەوروپاییەکانی تریش بە دژی خواستی میللەتەکانیانەوە پشتییوانیی ئەم دەوڵەتە دکیتاتۆرانە ئەکەن و لایەندارن لە  کێشەکانی ناوچەکەدا.   بۆیە, لێرەوە چارەنووس و دواڕۆژی ئۆپۆزسیۆنەکان لە دۆخێکێ خراپ دان و, ناتوانن بە دڵنیاییەوە ئامانجەکانیان بهێننە دیی بەبێ چاودێریی و کۆمەک و هاندانی ئەمەریکا بەو پێگەیەی کە تیایەتی.

ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە فەرمیی و نافەرمییانەی کە دەربەستن بە رەوشی مافی مرۆڤ و دادپەروەریی لە جیهان دا, مایەی ئۆمێدی فشار و هەڵدانە لەسەر هەموو پێشێلکاریی و ستەمکارییەکان کە لەم وڵاتانەدا ئەکرێن. وەک:
 رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هەموو بەشەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش, مفەوەزیەتی سامیی مافی مرۆف: ئەمڕۆ, نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر لاوازبوون لە بەجێهێنانی ئەرکەکانیی دا, هەموو کاریان بووە بە کۆکردنەوەی داتا و توێژیینەوەی دوورودرێژ و کۆنفرانس و هتد. بۆیە ئەو دەوڵەتە گەورانەی ئەم رێکخراوە نێودەوڵەتییانە ئەبەن بەڕێوە, خۆریان ئاوابووە و,  یەک دوو وڵاتی زلهێز و گرۆی گەورە گەورەی مافیا ئەیبەن بەڕێوە. لێرەدا پرۆژەی لیبراڵیی رۆژئاوایی شکستی هێناوە لە جێبەجێکردنی بنەما و پلانەکانی. هۆکارەکەش ئەوەیە, مییچی داواکارییەکانی لیبراڵییەکان رواڵەتیی و هییچن, بەجۆرێک کارە گرنگە سەرەکییەکانیان خستۆتە لاوە و خۆیان سەرقاڵی ئەو شتانە کردووە کە مایەی بێزاریی خەڵک و دەستبەرداربوونی دیموکراسییە. 

 رێکخراوە نافەرمییەکان و رۆشنبییرکان:  وەک مانگی سوور و خاچی سوور و رێکخراوی تر, کە بە ئێن جی ئۆ کان ناسراون, بۆ هاریکاریی مرۆیی تەنگانە و کارەساتەکان تەرخانن. هییچ پۆیەکیان بە سیاسەت و ململانێ نێودەوڵەتییەکانەوە نییە. هەرچی چالاکوان و رۆژنامەنووسانە, زیاتر ئەنووسن و وێنە ئەگرن و راپۆرت ئامادە ئەکەن. نووسەر و بییرمەندانیش زیاتر لە کونجی ئەکادیمیی و تێزە بییردۆزەییەکان دا تەها پەی بە رابردووی نهێینییەکان و دیارەکان ئەبەن و شرۆڤەی درووست و نادرووست ئەکەن. ئەمانە هەر هەموویان لە هییچ کاتێک دا ئامڕازی کارییگەریان لە دەست دا نەبووە, کە سیاسەتی ئەمەریکا یان رای نێودەوڵەتیی بگۆڕن. کامە لەمانە توانای وەستاندنی تۆپبارانی ناوچەیەکی سڤییڵ و بێ گوناهی جەنگ هەبووە, کەی توانییویانە دەستدرێژیی و تاوانی سەربازیی سەر وڵاتێکی لاواز رابگرن؟

 بایەخی وڵاتانی دیموکراسیی: مامەڵەی ئەو ولاتە دیموکراسییانەی رۆژئاوا زەق دیارن کە دوو کێشانەیین. لە لایەک بانگەشەی لایەنگییریی و داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانیان ئەکەن لە جیهان دا, بەڵام هەرئەوانن بەرژەوەندییەکانیان زۆر خراپتر ئەشکێتەوە لەسەر خەڵکی ئەو ولاتانەی کە ژیانیان لە هەژاری و شەڕ دا بەسەر ئەبەن.
 ئاستی تێگەیشتنی کۆمەڵایەتیی: کۆمەڵگەکانی ژێر دەسەلاتە دیکتاتۆریی و خۆسەپێنەکان, زیاتر پشووکورتن, چەوسانەوە و زەبروزەنگ لەپاڵ کەمێی رۆشنبیریی و مێژوویەکی زۆر چەکداریی وەک شۆڕشی بەرەنگاریی, پەرژانی نەداون بۆ شۆڕشی رۆشنبییریی و خەباتی سیاسیی. هەرچی پارتایەتی سیاسییشە لەم تەنگەجیقڵدانەییەوە سەری گرتبوو. بۆیە, هەمیشە بەدوای چارەسەری خێرا و سەرکردەی سیاسیی بەهێزەوە بوون. ئەمە خۆی لە خۆی دا ئاستەنگێگن کە بەزاندینی ئاسان نییە, میللەت بخرێتە سەر گرتنەبەری شۆڕشێکی نا- توندوتییژ کە هەمیشە درێژخایەنە, جگە لەوەی کە پەروەردەییە, پشتییوانییەکی نێودەوڵەتیی بەردەوام و راستگۆ ئەوێت. ئەمەش لەتەک ستراتییجی رێکخراوە فەرمیی و نا فەرمییە نێودەولەتییەکانەوە نەئەهاتەوە کە خۆیان لەژێر کاریگەریی ولاتە زلهێزوەکان دا بوون بۆ هەر پرۆگرامێک کە دەستیان بدایەتێ.

بۆیە, نە ستراتییجەکانی "شارپ" و نە رۆڵی هییچ لە رێکخراوە فەرمیی و نافەرمییە نێودەوڵەتییانە,  میکانییزم و رێگەچارەیەیەکی ئومێدبەخشیان تێدا نەبووە, کە مایە پشتپێبەستن و رێنوومایەکی رۆشنکەرەوە بن بۆ هەر میللەتێک, بە تایبەتیی کە دیکتاتۆریی یان سیستەمە خۆسەپێنەکە دەمێک بوو بێت لە دەسەڵات دا بووبێت و, دەستی گەیشتبێتە هەموو جومگەکانی کۆمەڵگە و, هەموو پێوەر و بەها رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی شێواندبێت. پارتی ئۆپۆزسیۆن, کە متمانەی لەسەر تاکە کەسێکی کاریزما, یان گرۆیەک لە سیاسەتکار یان شۆڕشگێڕی دێریین ناتوانێـت بگاتە هییچ ئاستێکی بەرچاو لە کەمکردنەوەی دەسەڵاتی خۆسەپێن یان راماڵیینی. چونکە دامەزراوەی بەهێز و کۆمەڵگەی بەهێزی نییە, چونکە ناتوانێت تەنانەت سوود لەو رۆلە کەمەی رێکخراوەکانی جیهان ببینێت کە پشت و پەنا بن بۆ جولانەوەکەیان. پارتی ئۆپۆزسیۆن, پێویستی بە گۆڕیینی سەر لەنوێی هاوڵاتی سەقامگییرە بۆ هاوڵاتیی بەرەنگار, نەسرەوتە, پێداگییر لەسەر مافەکانی. بۆیە, ئەستەمە خەباتی ناتوندوتییژ, لە کۆمەڵگەیەک دا بەو تەرزە سەقامگییرەیەوە بتوانێـت ببێتە بەرنامەی رووبەڕووبوونەوەی راستەقیینە و ئەنجامی گەورە بەدەستبهێنێت. یەکێک لە کێشەکانی تری ئەم هاوڵاتییە سەقامگییرە, ئەوەیە پڕکراوە لە ترس. ترس لە مردن, لە بژێوی, لە زیندان, لە سێبەرەکەی خۆی! بۆیە, ئەوەی سیستەمی ستەمکاریی بنج داکوتراوتر ئەکات, پەسەندبوونی نییە لە لای هاوڵاتیی, , دەستەوسانیی نییە, بێ ئامڕازییش نییە, بەڵکو ئەو ترسەیە کە بەرەبەرە لە خودی تاک و پاشان لە جەستەی کۆمەڵگەدا تەنییوەتەوە. بۆیە, دەرکێشانی ئەم ترسە یەکەمیین رووبەڕووبوونەوەیە بۆ هەڵوەشاندنی ئەو سیستەمە ستەمکارانە.

ئەشێت, ئەم ترسە لە قۆناغێک دا شکا بێت یان رەویبێتەوە بە شێوەیەکی بەرچاو, بە هۆی سەرکردەیەکەوە کە بە هەر رێکارێک یان نمایشێکی سیاسیی, میللەتی خستبێتە سەربارێکی دەروونی بوێرییەوە, کە بە جورمی ئەوەوە هەندێک نمایشی نەترسانە بکات, بەڵام لەگەڵ شکستی ئەو سەرکردەیە یان مردنی, چییتر ئەو بزوێنەرە دەستکردەی ئەم کاریزمایە نامێنێت, کە پاڵ بە جووڵەی تەنێکی سەقامگییرەوە بنێت. بۆیە, کۆمەڵگە ئەچێتەوە دۆخە سەقامگییرەکەی پێشووی و هەرچییەک وەک بوێریی و ئازایەتیی نمایشکرا, هەمووی لەتەک  ئەو سەرکردەیەدا رۆیشتووە. ئەم دۆخە, مانای ئەوەیە هاوڵاتی سەقامگییر, نەیتوانییوە خۆی داخوازییەکانی بکاتە جووڵەیەک, یان پارتێکی سیاسیی, یان جووڵانەوەیەکی دیموکراسیی بکاتە ئامڕاز بۆ گۆڕیینی هاوڵاتییەکی سەقامگییریی نێگەتیڤ بۆ هاوڵاتییەکی نەسرەوتی پۆزەتیڤ. ئەم دۆخە دینامیکییە, چییتر پابەند نابێت بە هاتنی ئەم کاریزما و ئەو پارتی سیاسییەوە, بەڵکو سیاسەتی دەسەڵاتی خۆسەپێن ئەوەندەی لەبارە, بە ئەزموون و ستراتییجی خۆی و بە پشتییوانی زلهێز و وڵاتە هەرێمایەتییەکان, سەرکردە و کەسەکانی بەر مایکرۆفۆن و پێگە دەوڵەتییەکانی ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنانە جڵەوگییر ئەکات, نەک بە پێچەوانەوە.
   
دوو دەیە زیاترە, بییرمەند و نووسەر و رێکخراوە نێودەوڵەتییە فەرمیی و نافەرمییەکان, ئۆپۆزسیۆن لە هەموو وڵاتە ژێردەستەکانی دکتاتۆریی و خۆسەپێن, چاودێرانی سیاسیی و چالاکوانەکان, بە هەموو شێوازێک و بە ئاشکرا, نیگەرانییەکانیان دەربڕییوە دەربارەی پاشەکشەی ئەمەریکا و ئەوروپا لە پشتییوانی راماڵییننی رژێمە خۆسەپێنەکان و خۆ دزیینەوە لە گوێزانەوە و دامەزراندنی حوکوومەتە دیموکراسییەکان لە جێگایان. سەدان نووسیین و راپۆرت و کۆنفرانس و دیبەیت و چالاکیی بەردەوام و دۆکیومێنتارییەکی فراوان هەیە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ هاتنەپێشەوە و هەڵوێست و پشتییوانییکردن. رووی دەمی نووسەر و بییرمەند و دامەزراوەکانی دژە گەندەڵیی و, دژە تاڵانکاریی و, رۆشنکاریی لە ئەمەریکا بە تایبەت و ئەوروپا بە گشتیی, بۆ گرتنەبەری رێگەچارە و کارابوونەوەیانە لە پابەندبوونیان بە بنەماکانی سیاسەتییان لە جیهان و, هێنانەدیی ئەو پەیمانانەی بە میللەتەکانی خۆیان داوە, لە پشتییوانیی گوێزانەوەی دیموکراسیی. ئەمەش, بە مەبەستی نانەوەی ئاشتیی لە جیهان دا و, پاراستنی وڵاتەکانی خۆیان لە هەڕەشەکانی تیرۆر, وەستاندنی کۆچی پەنابەرانی وڵاتە ستەمدییدەکان, تەرخانبوونی بووجەکانیان بۆ هەلی کار و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکانیان, نەک وەک خەرجیی لە شەڕی زەمیین و دەریا و ئاسمان لە میللەتەکانیان بگرنەوە.
 ناکرێت لێرەدا ئاماژە بە زۆرێک لەو هەوڵانە بدرێت, کە رەنگە توێژیینەوەیەکی بۆ تەرخان بکرێت زیاتر بەبایەخ بێت. بەڵام, پێم باشە بۆچوونەکانی (لاری دایەمۆند)  لە کتیبەکەی دا(٤٦) – لەسەرووتر ئاماژەی پێدرا- لەم چەند دەستەواژەیەدا کورت بکەمەوە کە پێی وایە: پشتییوانیی دیموکراسیی لە سەرانسەری دونیادا, باشتریین ئامڕازی زیندووە بۆ بەرهەڵستییکردنی دەسەڵاتە دکتاتۆریی و خۆسەپێنەکان. هەرچۆن چیین و رووسیا و ئێران هەوڵی ملبادانی دیموکراسییەکان ئەدەن بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆیان. بۆیە, ئەمەریکا لەسەریەتی ئەم ئاراستە دژە دیموکراسییەی ئەو زلهێزانە سنوورداربکات, بە کۆمەککردنی دەوڵەتە بچووکەکان بۆ پێڕەوکردنی دیموکراسییەتێکی چالاک و کشهاتوو (مرنه‌). بەڵام, لە ئاستە بەرپرسیارێتییەکانی ئەمەریکادا هەن پێیان وایە, بە دیموکراسییکردن یان گوێزانەوەی دیموکراسیی ئیشی ئەمەریکا نییە و, تەنانەت لە دواجاریش دا هییچ جیاوازییەکیش درووست ناکات! (لاری) پێی وایە؛ ئەم بۆچوونە هەڵەیە, چونکە مەرج نییە ئەمەریکا دیموکراسێتێکی تایبەت بەخۆی بگوێزێتەوە بۆ ئەو ولاتانە, پاشان مێژوو پێچەوانەی ئەم بۆچوونەیە. لە پورتوگاڵ بۆ باشووری ئەفەریقا و بۆ شیللێ. ناچێتە ئەقڵەوە بوترێت خەڵکی فلیپین و تونس و ئۆکرانیا حالیان باشترە –یان خەڵکی ئەمەریکا لە دڵنیاییەکی زیاتردا ئەژیین – ئەگەر حوکوومەتەکانیان بەرەو خۆسەپێنی لێژ ببنەوە. زۆر زەحمەتە ئەوە بە خەیاڵمانا بێت کە ژیان لە سایەی دەسەڵاتێکی خۆسەپێن لە وڵاتانی وەک فەنزوێلا و جەزائییر و سۆدان یان هۆنگ کۆنگی تێکشکاو و پڕ تەنگژە, خراپترە وەک لەوەی لە ژێر سایەەی سیستەمێکی دیموکراسیی راستەقیینەدا بن.
لە لایەکی ترەوە, دژ وەستانەوەی کۆمەککردنی دیموکراسیی- لە کاتێک دا کۆمەکی نێودەوڵەتیی دەستی هەبووە لە گوێزانەی دیموکراسیی بۆ زۆرێک لە وڵاتان- لە لایەن هەندێ لە کۆمپانیاکانی فێرستەر (American Firsters), کە پێیان وایە ئەم ئەرکە گەورەیە و تێچوونی زۆر زۆرە. بەڵام بە گوێرەی تێچوونیشەوە, هەموو کۆمەکییە دەرەکییەکانی ئەمەریکا بە هەموو جۆرەکانییەوە ناگاتە لە سەدا یەکی بووجەی ساڵانەی فیدراڵیی ئەمەریکایی و, ئەو بڕە پارەیەی خەرجکراوە بۆ تۆکمەکردنی دیموکراسیی و سەربەستی و یەکسانیی لە هەموو جیهان دا, ئەکاتە ٠.١%ی بووجەی فیدراڵیی.
لاری, پێی وایە کە شتێک نییە پڕاوپڕ بێت بۆ مسۆگەرکردنی هەوڵدان بۆ بەرکەماڵکردنی دیموکراسیی. بەڵام ئەوە ئیشی ئەمەریکاش نییە, کە بەو میللەتانەی کە خەبات بۆ دیموکراسیی ئەکەنو بڵێت ئەوە رێگایەکی پڕ لە چەڵەمە و مەترسییە بۆیان و , نەگونجاوە بۆ ئەمەریکاییەکان. بەڵام یارمەتییدانیان بۆ بەرگرییکردن لە ئازادییەکانیان مەسەلەیەکی گرنگە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا و گەلی ئەمەریکایی.

سەرچاوەکان
------------
(١)هەڤاڵ احمد رشید و اخرون, دراسات موجزه‌ عن مفهوم الدوله‌ و انواعها و انواع السلگات العامه‌, دهۆک, 
    ٢٠٠٦.
(٢) ساجد محمد الزاملی‌, مبادئ القانون الدستوری و النڤام الدستوری فی العراق, بغداد, ٢٠١٣
(٣) احمد محمد سالم, دوله‌ السلگان: جژور التسلگ والاستبداد فی التجربه‌ الإسلامیه‌, الهیئه‌ العامه‌ لقصور
    الپقافه‌ بالقاهره‌, ٢٠١١.
(٤) خلدون النقیب, صراع القبیله‌ والدیموقراگیه‌: حاله‌ الكویت, دار الساقی, ١٩٩٨
(٥) غوستاف لوبون, السنن النفسیه‌ لتگور اڵ‌مم, ترجمه‌ عادل زعیتر, الهنداوی, ٢٠١٤.
(٦) جان جاک رۆسو, فی العقد الاجتماعی او مبادئ القانون السیاسی, ترجمه‌ عبدالعزیز لبیب, المنڤمه‌ العربیه‌
      للترجمه‌, ٢٠١١
(٧) مصدر (٦).
(٨) محمد غیاش,  تصحیح العلاقە بین السلگه‌ و المجتمع, نحو اصلاح جژری فی اقگار مجلس التعاون لدول
     الخلیج العربیه‌, الگبعه‌ الاولی, الکویت, ٢٠٠٤.
(٩) وائل محمود, الدوله‌ الفاشله‌ بین المفهوم والمعیار, مجله‌ الدفاع الوگنی‌ اللبنانی‌, العدد 99 - كانون الپانی
     ٢٠١٧.
(١٠) نعوم جومسکی, الدوله‌ الفاشله‌ إسا‌وه‌ استعمال القوه‌ والتعدی علی‌ الدیمقراگیه‌, دار المتاب العربی,
        بیروت, ٢٠١١
(١١) "لماژا تفشل الامم – اصول السلگه‌ و الازدهار و الفقر -. دار ئسیمونجینو و جیمس روبنسۆن, ترجمه‌:
        بدران حامد, دار الدولی للاستپمارات الپقافیه‌- القاهره‌, گ ١, ٢٠١٥.
(١٢) مایکل جۆنستۆن, متلازمات الفساد, الپروه‌, السلگه‌, الدیمقراگیه‌, ترجمه‌ د. نایف الیاسین, مکتبه‌ العبیکان,
       گ ١, ٢٠٠٨
(13) Renad Mansour, Between Order and Chaos: A New Approach to Stalled State
       Transformations in Iraq and Yemen, Chatham House, 9 September 2019.
        https://www.chathamhouse.org/publication/between-order-and-chaos-new-
         approach-stalled-state-transformations-iraq-and-yemen
چاتام هاوز (Chatham House)، پیەمانگای شاهانەی کاروباری نێودەوڵەتیی, پەیمانگایەکی بێ لایەن و سەر بە هییچ حوکوومەت و رێکخراوێکی سیاسیی نییە لە جیهان دا. هەڵوێستی دامەزراوەیشی نییە بە گوێرەی هییچ بابەتێکی سیاسییەوە.
لە ساڵی ١٩١٩, لە پاریس: دیلۆماتکاری بەریتانیی لیۆنێل کۆرتییس لە کۆنگرەی پاریس بۆ ئاشتی, لە بەردەم نوێنەرە بەریتانیایی و ئەمەریکاییەکان دا, وتارێکی ئیستهلالی دا, داکۆکی لە دیدێک کرد بە ئامانجی گۆڕیینی رەوتی سیاسەتی نێودەوڵەتیی. بییرۆکەکەی کۆرتییس دامەزراندنی رێکخراوێک بوو بە مەبەستی لێک تێگەیشتنی ئاڵوگۆڕدارانەی نێوان دەوڵەتان لە رێی مشت و مڕ و دیبەیت و گفتۆگۆ و شرۆڤەکاری داهاتوویانەوە. هەر چۆن رێکخراو و دەستە هەن لە خەمی گەشەی زانستی و پزیشکیی و هونەرەوەن, بۆچیی نەبێت, لە پای ئەو شل و شێواوییەی ئەوروپای دوای جەنگ, یەکێتییەک بۆ پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش نەیەتە ئاراوە؟
ئەم بییرۆکە بوو بە مایەی لە دایکبوونی دوو رێکخراو, پەیمانگای بەریتانیی بۆ کاروباری نێودەوڵەتیی ج ە دواتر ناوی چاتام هاوزی لێنرا, لە نیۆیۆرک یش ناوی نرا ئەنجوومەنی پێوەندیی دەرەوە بە سەرۆکایەتی رۆبەرت سیسییڵ, سیاسەتمەداری پارێزگارانی بەریتانیی و ئەندازیاری عوسبەت ول ئومەم. یەکەمیین دانیشتنی کردانەوەی لە ئێوارەی رۆژی ٥ی حوزەیرانی ١٩٢٠ لە کۆمەڵەی شانهانەی هونەر لە زی ستراند لە شاری لەندەن بوو.
(١٤)هشام البستانی، الدّین والعلمانیّه‌ كوجهین لعُمله‌ واحده‌:عن المصگلحات الفارغه‌، والتّكفیر المُتبادل،و استجدا‌و
       السلگه‌، حبر، 20 تشرین الپانی 2017.
(١٥-١٨) کۆمەڵە کتێبێکن, ئەتوانرێت لە ئینتەرنێت داونلۆد بکرێن.
(19)By Rachel Nuwer, ”Will dictators disappear?”, 1st June 2015
https://www.bbc.com/future/article/2015
(20) اسباب صعود الدیتاتۆریات فی النڤام العالمی, الملتقی‌ النبأ الاسبوعی, ركز المستقبل للدراسات الستراتیجیه‌,
        2018.
https://annabaa.org/arabic/reports/14589
(21) B. Geddes, J. Wright and E. Frantz, “Autocratic Breakdown and Regime
        Transitions: A New Data Set”, American Political Science Association, June
         2014, Vol. 12, No. 2, PP. 313-331
(22) Natasha Ezrow, “Authoritarian Br authoritarian Breakdown in the Ar down in the
        Arab World: Linkages, Le orld: Linkages, Leverage and Regime Type”
 (23) Joseph Wright1 and Daehee Bak, “Measuring autocratic regime stability”,
        Research and Politics January-March 2016.
(24) د. رزگار ئاغا, "بەشی دووەم: فشۆڵبوونی دەوڵەت بەرەو شکستخواردن", ئاوێنە, ٧ ئۆکتۆبەر ٢٠٢٠.
 (25) R. Mansour and P.Salisbury ,“Between Order and Chaos: A New Approach to
         Stalled State Transformations in Iraq and Yemen”, Cahtam House,  9th  Sep.
         2019.
(26) Mathieu von Rohr, “Dictatorships and Chaos Go Hand in Hand”, Spiegel
        International, 9 Oct.2014.
         https://www.spiegel.de/international/world/stable-dictatorships-are-not-the-lesser-
         evil-a-996278.html
(27) R. Haass, “The Era of Disorder”, Project Syndicate, 27th Oct. 2014
        https://www.project-syndicate.org/commentary/new-era-of-global-instability-by-
        richard-n--haass-2014-10
(28) J. Reid, L. Templeman, H. Allen, N. Burns and K. Nagalingam, “The Age of
        Disorder – the new era for economics, politics and our way of life”, Deutsche
        Bank, 9th Sept 2020, 
 (29) S. Chayes,” Thieves of State: Why Corruption Threatens Global Security”,
       Griffith University, New York, W. W. Norton & Company, 2015.
(30) O. Bullough, Four reasons why corruption matters, Al-Jazeera, 9 Jan 2018
          https://www.aljazeera.com/indepth/opinion/reasons-corruption-matters-
          171220083147134.html
(31) CPJ, Attacks on Press, Bloomberg Press, 2nd edition, 2015
(32) E. Peraldi, Kleptocracy – a global phenomenon, with local consequences, Global
       Integrity, June 13, 2019
(33) Golden, Miriam & Chang, Eric. (2010). Sources of Corruption in Authoritarian
        Regimes. Social Science Quarterly. 91. 1-20. 
 (34) د.رزگار ئاغا," لێکەوتەکانی حوکومڕانیی تاڵانکاریی (کلیپتۆکراسیی) لە ناوەوە و لەدەرەوە, ئاوێنە,٢٦ی 
        تەمووز , ٢٠٢٠.
 (35) د. یوسف نور, " لماژا لم تسقگ الانڤمه‌ الدكتاتوریه‌ بعد الپورات العربیه‌", القدس, ٥ اوکتوبر ٢٠١١.
(36) د. رزگار ئاغا, "دەرەقەتهاتن بە چۆکپێدادان: بەگژا چوونەوەی دوژمن بە بێ جەنگ", کوردستان, ٢٠٢٠.
(37) د. رزگار ئاغا, " پشتقایمیی دەوڵەتانی کلیپتۆکراسیی بەرۆژئاوا", ئاوێنە,  ٦ی تەمووزی ٢٠٢٠.
(٣٨) سەرچاوەی (37)
(39) Larry Duamond, “America‌s Silence Helps Autocrats Triumph” FP,6 Sept.  2019
(40) Steven RM. mann , “The reaction to chaos: complexity, global palitics and
        national security”, institute for National strategic studies , national defense 
        university. pp.135-1498
(٤١) نزار عبدالقادر,"دور (الفوچی‌) والتعقیدات السیاسیه‌ فی الاستراتیجیه‌ اڵ‌میركیه‌ الجدیده‌: أفغانستان،
       و العراق، الإرهاب، ونشر الدیمقراگیه‌", مجله‌ الجیش, عدد ٥٣, تموز ٢٠٠٥.
(42) Ref. (28)
(43) Ref. (27)
(44) J.- P. Flintoff “Gene Sharp: The Machiavelli of non-violence”, New Statesman,
        7th Jan. 2013.
شارپ (٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٢٨ – ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨) زیاتر لە سی ساڵ, وەک توێژەرەوە لە ناوەنجی کاروباری نێودەوڵەتیی لە زانکۆی هارڤەرد کاری کردووە, دواتر یش لە پەیمانگای ئەلبێرت ئەنیشتایین وەک توێژەورەوە کار ئەکات و چەند ساڵێک سەرۆکی ئەم پەیمانگایەش بووە, کە لە بواری ناتوندوتییژیی لە ململانێکانی ناو ئەمەریکا چالاکە. چارپ کەسێکی رەخنەگر و هەڵوێست وەرگر بووە لە گەنجییەوە؛ لە ساڵی ١٩٩٣ دا, عەقیدێکی خانەنشیین بە ناوی رۆبەرت هیڵڤی توانی شارپ رازیی بکات کە سەردانێکی بۆرما بکات, کە ئەوێی دیی, نامێلکەیەکی نووسیی بە ناونیشانی "لە دیکتاتۆرییەوە بۆ دیموکراسیی", ئەم نامێلکەیە لە ١٩٧٣ دا نووسییویەتی و, لە هەناوی تێزی دکتۆراکەیەوە - زانکۆی ئۆکسفۆرد ١٩٦٨- سەرچاوە ئەگرێت, بە ناونیشانی " سیاسەتەکانی کاری ناتوندوتییژیی - The Politics of Non-violent Action" و تیایدا وتی: "بە بەباشی شارەزای (بۆرما) نەبووم. بۆیە ئەبێت بە شێوەیەکی گشتی بنووسم لەسەری: ئەگەر هەر جوڵانەوەیەک ویستی دیکتاتۆرکەی بڕوخێنێت, ئەبێت چیی بکات؟". ئەم نامێلکەیە, بە زمانی ئینگلییزیی و بۆرمایی بڵاو بووەوە, بەڵام  دواتر بەنهێنیی لە ٤٠ وڵات دا بە زمانەکانی تریش بڵاوبووەوە و لە جیهان دا ناسرا.(٤٥)
(٤٥) سەرچاوەی (٤١).
(45) https://www.newstatesman.com/politics/your-democracy/2013/01/gene-sharp-
        machiavelli-non-violence.
(46) Ref.(39).
----------------------------------------------
*بەشی چوارەم و کۆتایی لە زنجییرە نووسیینی: حوکومڕانیی شکستخواردوو لەنێوان گەڕانەوە بۆ دیکتاتۆریی ‌و پاشگەردانیی دا، کامیان چارەسەرە؟
* پرۆفیسۆری یارییدەدەر لە ئەندازیاریی ستراکچەر لە دەستەی کوردستانیی بۆ دیراساتی ستراتییجیی و توێژیینەوەی زانستیی/ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیینەوەی زانستیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×